سوریا ڕێگە نادات ئیسرائیلى و ئێرانییەکان بچنە وڵاتەکەى 

دوێنێ



ــ بە هێڵە ئاسمانییەکان ڕاگەیاندراوە گواستنەوەی ئێرانی یان ئیسرائیلی بۆ ئەو وڵاتە قەدەغەکراوە

ــ سوریا ئەو کاڵایانەیانەش قەدەغەکات کە لە ئیسرائیل و ئێران و ڕووسیا بەرهەم دەهێنرێن

سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی دیمەشقى پایتەخى سوریا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە، بە بێ ئەوەی هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی ڕابگەیەنرێت، بە هێڵە ئاسمانییەکان کە لە سوریا کاردەکەن، پێیان ڕاگەیاندراوە کە گواستنەوەی ئێرانی یان ئیسرائیلی بۆ ئەو وڵاتە قەدەغەکراون.
سەرچاوەیەکی فڕۆکەخانە ڕایگەیاند، "هێڵە ئاسمانیەکان لە ئێستادا کە گەشتەکانیان بۆ دیمەشق ئەنجام دەدەن، ئاگادار کراونەتەوە کە نابێت هاووڵاتییانی ئیسرائیلی و ئێرانی بگوازنەوە بۆ سوریا".

سەرچاوەیەک لەکۆمپانیایەکى گەشتیارى لەدیمشق، ڕایگەیاند، “ڕێنمایمان له هێڵی ئاسمانی قەتەرەوە پێ گەیشتووه که له ئێستادا ناتوانرێت تکت ببڕین بۆ ئه و گەشتیارە ئێرانییانەی که خوازیاری هاتنه دیمه شقن، بەڵام تا ئێستا ڕێنمایی فەرمیمان لەوەزارەتی گواستنەوەوە پێنەگەیشتووه سەبارەت بەوە”.
هاوکات سەرچاوەیەک بەهەمان ئاژانسى وتوە دەروازە سنوریەکانی سوریا، لە ئەمرۆوە بڕیاری قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی ئیسرائیلی و ئێرانییەکانیان بۆ ناو سوریا داوە، ئەمەش هەنگاوێکە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاسایشی ناوخۆ و چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی ئەودیوی سنوورەکان. 
سەرچاوەکە وتیشى: جگە لەوەش دەسەڵاتدارانی سوریا قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەی ئەو کاڵایانەیان ڕاگەیاند کە لە ئیسرائیل و ئێران و ڕووسیا بەرهەم دەهێنرێن.

هێڵی ئاسمانی قەتەر یەکەمین هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتییە کە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بۆ دیمەشق ڕاگەیاند.
هەروەها هێڵی ئاسمانی تورکیا، ڕۆژی چوارشەممەى ڕابردوو ڕایگەیاند کە لە ٢٣ی مانگی یەکەوە دەست بە گەشتەکانی بۆ دیمەشق دەکاتەوە، ئەمەش دوای پچڕانێک کە بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ بەردەوام بوو.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی کۆمپانیاکەدا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "بەپێی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دەسەڵاتدارانی نوێ لە سوریا، هەندێک ڕێسا بەسەر ئەو سەرنشینانەدا سەپێنراوە کە دەگەنە دیمەشق".

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "هاوڵاتیانی هەموو وڵاتان جگە لە ئیسرائیل دەتوانن بچنە ناو وڵاتەکەوە"، بەڵام لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هاووڵاتیانی ئێرانی "ناتوانن بچنە ناو وڵاتەکەوە مەگەر بە مۆڵەتی پێشوەختە نەبێت"، لەبری ئەوەی ئاماژە بەوە بکەن کە چوونە ژوورەوەیان قەدەغەکراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار