مەسرور بارزانی بەشدارى کۆڕبەندی ئابووریی جیهان دەکات

2 ڕۆژ لەمەوپێش



بڕیارە ئەمرۆ دووشەممە، کارو چالاکیەکانى 55ـەمین کۆڕبەند ئابووریی جیهان لە داڤۆس دەستپێبکات، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بەشدارى دەکات.
کۆڕبەند ئابووریی جیهان، ئەم ساڵ لە ژێر دروشمی هەماهەنگی لە سەردەمی ژیریدا بەڕێوەدەچێت و بڕیارە لە کاتژمێر 6:30 خولەک بە کاتی داڤۆس، واتە کاتژمێر 8:30 بە کاتی هەولێر ڕێوڕەسمی کردنەوەی لوتکەکە دەست پێ بکات، بە گوێرەی کارنامەی بڵاوکراوەی کۆڕبەندەکە، لە ڕۆژی یەکەمدا سێ چالاکوانی بواری کولتوور و مافەکانی مرۆڤ خەڵات دەکرێن.

لەکۆڕبەندەکەدا ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتان و دوو هەزار و 500 کەسایەتیی لە بەرپرسان و شاندی وڵاتان، 55ـەمین کۆڕبەند ئابووریی جیهان لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا دەکەن.
ئەمە چوارەم ساڵی لەسەر یەکە، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بەشداری کۆڕبەندی داڤۆس دەکات.
د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆماری عیراقی ئەمرۆ بەڕێدەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس.
کۆڕبەندی داڤۆس لە ساڵی 1971 لەلایەن ئابووریناسێکی ئەڵمانی کلاوس شوابەوە دامەزراوە، وەک کۆڕبەندی بازرگانی ئەوروپی دەستیپێکرد، کە سەکۆیەک بوو بۆ گفتوگۆ لەنێوان سەرکردە سیاسی و بازرگانی و ئەکادیمییەکان.
کارەکانى کۆڕبەندەکە ماوەى پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە ئەمڕۆ دووشەممەوە تا هەینی 20-24ی کانوونی دووەمی 2025، دەخایەنێت، زیاتر لە 200 مێدیا و کەناڵی جیهانی ڕووماڵی کۆڕ و پانێڵەکانی 55ـەمین کۆڕبەند داڤۆس دەکەن.
ساڵی ڕابردوو لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، بۆ یەکەمینجار هاوشانی وڵاتانی دیکەی بەشدار لە کۆڕبەندەکە ماڵی کوردی کرایەوە.
ماڵی کوردی لە داڤۆس لە پاڵ هەریەکە لە ماڵی وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات، یۆنان، بەلجیکا، هیندستان، ئۆکرانیا، پۆڵەندا و وڵاتانی دیکە کرایەوە و لە ماوەی هەفتەی کۆڕبەندەکەدا پێشوازی لە میوانان و بەشداربووانی کۆڕبەندەکە کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار