بۆ ماوەى سێ مانگ خۆراکی یەک ملیۆن کەس لە غەززە دابین دەکرێت
2 ڕۆژ لەمەوپێش
بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە هەوڵ دەدەن خۆراک بۆ زۆرترین کەس لە کەرتی غەززە دابین بکەن، دوای ئەوەی دەروازەکان کرانەوە بە پێی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە ڕۆژی یەکشەممە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کارل سکاو، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "هەوڵدەدەین بە زووترین کات خۆرام بگەیەنینە یەک ملیۆن کەس".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە ئارد و ژەمە ئامادەکراوەکان دابین دەکەین و لە هەموو ناوچەکان کاردەکەین بۆ دووبارە دابینکردنەوەی نانەواخانەکان و تەواوکەری خۆراکی بۆ ئەو منداڵانە دابین دەکەین کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی بەدخۆراکییەوە.
ڕێککەوتنی ئاگربەست، لە قۆناغی یەکەمیدا، بە تایبەتی زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی کەرتی دیاریکردووە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی ١٥ مانگ لەژێر بۆردومانی توندی ئیسرائیل بووە، لەوەتەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هێرشێکی بێوێنەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.
سکاو هەروەها ڕوونی کردەوە کە "لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە ڕۆژانە 600 بارهەڵگر دەچنە ژوورەوە، منیش پێموایە بەشی یەکەمی ئەم هاوکارییە مرۆیی دەبێت، هەموو دەروازەکان کراوە دەبن".
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی بەرنامەکە، یەکەم بارهەڵگرەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕۆژی یەکشەممە، لە ڕێگەی دەروازەی کەرەم شالوم لە باشووری کەرتی غەززە و دەروازەی زیکیم لە باکوور چوونەتە ناو غەززە.
سکاو زیادی کرد: پلانمان هەیە ڕۆژانە ١٥٠ بارهەڵگر بنێرین بۆ ماوەی لانیکەم ٢٠ ڕۆژ، دەتوانین زیاتریش دابین بکەین.
وتیشی: "یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئێمە" دابینکردنی نانە "بۆ دەیان هەزار کەس ڕۆژانە، بەرنامەی خۆراکی جیهانیش دەیەوێت بە زووترین کات کەرتی تایبەت بەشداری بکات.
بەرنامەکە پشتڕاستی کردەوە کە خۆراکی ئەوتۆی لە نزیک کەرتی غەززە هەڵگرتووە کە بتوانێت زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بۆ ماوەی سێ مانگ خۆراکیان بۆ دابین بکات.