هاوڵاتی بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی باجی ئەمریکا، سەرۆکی ئەمریکا و هاوژینەکەی لە ساڵی 2022دا داهاتیان 579 هەزار و 514 دۆلار بووە و بەمەش داهاتی ساڵی رابردوویان کەمتر بووە بە بەراورد لەگەڵ داهاتی ساڵی 2021دا. رۆژی سێشەممە 18ی نیسانی 2023، کۆشکی سپی، نوێترین راپۆرتی باجدانەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و جێگری سەرۆکی ئەمریکایان بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئەو راپۆرتانە، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و دۆگ ئیمهۆفی، هاوژینی، ساڵی رابردوو 456 هەزار و 918 دۆلاریان بەدەستهێناوە، کە ئەمەش دابەزینی بەرچاوی لە داهاتەکانیان بەراورد بە ساڵی 2021، هەبوو کە ئەو ساڵە یەکێک لە خانووەکانیان فرۆشتبوو. بەگوێرەی زانیارییەکان داهاتی هاوبەشی سەرۆکی ئەمریکا و هاوژینەکەی پێکهاتووە لە مووچەی ساڵانەی سەرۆکایەتی کە 400 هەزار دۆلار بووە. جۆ و جیڵ بایدن زیاتر لە 5 هەزار دۆلاریان لە دوو کۆمپانیا بەدەستهێناوە، کە پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، ئەو دوو کۆمپانیایە دامەزرێنراون تایبەت بە کۆکردنەوەی داهاتی بایدن و خێزاکەی لە بەرامبەر بە نووسین و گوتارەکانیان، بەڵام داهاتی ساڵی رابردوویان لەو دوو کۆمپانیایانە زۆر کەمتر بووە لە داهاتی ساڵی 2021یان کە 62 هەزار دۆلار بووە. لە راپۆرتی باجدانی سەرۆکی ئەمریکادا هاتووە، لە ساڵی 2022، بایدن و هاوژینەکەی بڕی 20 هەزار و 180 دۆلاریان داوە بە کاری خێرخوازی و بەسەر 20 رێکخراوی خێرخوازی جیاوازدا دابەشیان کردووە، لەنێویشیان 5 هەزار دۆلاریان داوە بە دەزگەی (بەو بایدن) کە ئەو رێکخراوە بەناوی کوڕە کۆچکردووەکەی بایدنەوە ناونراوە و ئامانجی کارەکانیان پاراستنی منداڵانە لە دەستدرێژیکردن.
هاوڵاتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند کە لەو شەڕ و پێکدادانەی لە ١٥ی نیساندا لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان سەریهەڵداوە، تا ئێستا نزیکەی ٣٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش بریندار بوون. بهڕێوهبهری گشتیی رێكخراوی تهندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوە داوە کە دۆخی سوودان زیاتر بووەتە جێگەی نیگەرانی و رایگەیاندووە "(بەهۆی پێکدادانەکانەوە) تا ئێستا نزیکەی ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش برینداربوون. وتیشی ،"سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەکەم". تێدرۆس سەبارەت بە هەواڵی داگیرکردنی دامەزراوە تەندروستییەکانی سوودان لەلایەن هێزەکانەوە ڕایگەیاند، "هێرشکردنە سەر خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانە. پێویستە ئەمانە بوەستێنرێن". بهڕێوهبهری گشتیی رێكخراوی تهندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس بە ئاماژەدان بە کێشەی دەستڕاگەیشتن بە کارەبا و خۆراک و ئاو و کارمەندان و کەمبوونەوەی پێداویستییە پزیشکییەکان، رایگەیاندووە کە ئەم دۆخە وا دەکات کە دامەزراوە تەندروستییەکان نەتوانن کار بکەن لە کاتێکدا هەزاران بریندار هەن کە پێویستییان بە چاودێریی تەندروستی هەیە. بەیانی رۆژی ١٥ی نیسان لە خەرتوم پایتەختی سوودان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا. ناکۆکییەکان بەهۆی چاکسازیی سەربازیی کە داوا دەکات هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە هێزێکی نیمچەسەربازییە بخرێتە سەر سوپای سوودان، بە جۆرێک تەشەنەیان سەند گەیشتە ئەوەی ١٥ی نیسان هێز بەرامبەر یەکتر بەکار بهێنن.
نەتەوە یەکگرتووەکان: تا ناوەڕاستی ساڵ ژمارەی دانیشتوانی هیندستان بە جیاوازی سێ ملیۆن پێش چین دەکەوێت
هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات ژمارەی دانیشتوانی هیندستان لە چین زیاتر بێت بە بڕی 2.9 ملیۆن کەس تا ناوەڕاستی ساڵی 2023. سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان "UNFPA"، پێشبینی دەکات تا ناوەڕاستی ساڵ ژمارەی دانیشتوانی هیندستان بە جیاوازی سێ ملیۆن پێش چین بکەوێت و ببێتە جەنجاڵترین وڵاتی جیهان. سندوقەکە بە ناونیشانی ''هەشت ملیار ژیان، ئەگەرە بێ کۆتاکان: بابەتی ماف و هەڵبژاردن'' راپۆرتی رەوشی ژمارەی دانیشتوانی جیهانی لە ٢٠٢٣دا بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێشبینی دەکرێت هیندستان لە ناوەڕاستی ساڵدا بە جیاوازی نزیکەی سێ ملیۆن پێش چین بکەوێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی بگاتە یەک ملیار و ٤٢٨ ملیۆن کەس. راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ هەشت وڵاتی جیهان لەوانە؛ کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، میسر، ئەسیوپیا، هیندستان، نێجیریا، پاکستان، فلیپین و تانزانیا تێکڕای نیوەی گەشەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان پێکبهێنن. باس لەوەیشکراوە لە ساڵی ١٩٥٠ەوە تا ئێستا کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی کردووە بە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی داتاکانی پەیوەست بە ژمارەی دانیشتوان، ئەوە یەکەمجارە ژمارەی دانیشتوانی هیندستان پێش چین دەکەوێت. لە ساڵی ١٩٦١ەوە تا ئێستا، ئەمە جاری یەکەمە ژمارەی دانیشتوانی چین پاشەکشە بکات ژمارەی دانیشتوانی چین لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٨٠٠ هەزار کەسی کەمی کرد کە ئەوەیش یەکەمجارە لە ساڵی ١٩٦١ەوە تا ئێستا پاشەکشە بکات. بەپێی داتاکانی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی چین لە ٢٠٢١دا، یەک ملیار و ٤١٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بووە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، یەک ملیار و ٤١١ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بووە. لە راپۆرتی ''چاوەڕوانییەکان لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ٢٠٢٢دا'' کە لە فەرمانگەی ئابووریی و کاروباری کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی چین لە سەرەتای ٢٠٢٣ەوە بچێتە قۆناغی کەمبوونەوەی رەها و ژمارەی دانیشتوانی هیندستانیش بەردەوام بێت لە هەڵکشان و وەک جەنجاڵترین وڵاتی جیهان پێش چین بکەوێت.
هاوڵاتی کۆمپانیای زەبەلاحی تەکنەلۆژیای چاودێریی چینی هیکڤیژن ڕەتیکردەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی زانیارییەکان بە حکومەتی ئەمریکا بفرۆشێت بۆ ئەوەی بتوانێت سیخوڕی بەسەر چینەوە بکات. کۆمپانیاکە گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی کامێرای چاودێرییە لە جیهاندا و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دەوڵەتی چین هەیە. ئەمریکا پێشتر بەرهەمەکانی هیکڤیزیۆنی لە زنجیرە دابینکردنی حکومەتەکەی قەدەغە کردبوو، بەڵام لە مانگی نۆڤەمبەردا ڕێکخەرانی ئەم کارە هەنگاوێکی زیاتریان برد و قەدەغەکردنی سەرتاسەرییان خستە بواری جێبەجێکردنەوە، بە ئاماژەدان بە نیگەرانییەکان لە ئاسایشی نیشتمانی. لە بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراوی حکومەتی ئەمریکادا کە بی بی سی بینیویەتی، هیکڤیژن بە "هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە هەواڵگرییەکانی چین" وەسف دەکرێت و "پەیوەندی لەگەڵ فرۆشیاران بەکاردەهێنێت بۆ پۆشینی بەرهەمەکانی بۆ فرۆشتن بە دابینکەرانی حکومەت". کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا کاردەکەن بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لە زنجیرەی دابینکردنیان دوور بخەنەوە و "دڵنیابن لەوەی کامێراکەکانمان هەرگیز بە شێوەیەکی نادروست نەفرۆشرێن" بە حکومەتی ئەمریکا.. لە بەریتانیا، لە مانگی نۆڤەمبەردا بە وەزارەتەکانی حکومەت ڕاگەیەندرا کە دانانی کامێرای چاودێری کە لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە دروستکراون لەسەر "شوێنە هەستیارەکان" ڕابگرن، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە. بە بەرپرسان وتراوە بیر لە لابردنی ئامێرە هەبووەکان بکەنەوە بە تەواوی.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کاروانێکی دیپلۆماسی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە سودان کەوتۆتە ژێرمەترسییەوە لە هێرشێکی ئاشکرادا لەلایەن چەکدارانی پەیوەندیدار بە هێزەکانی پشتیوانی خێرای سودانەوە، بلینکن ئەم ڕوداوەی بە " بێڕەوشتی" و " بێ بەرپرسیار " ناوبرد. بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شارۆچکەی کارویزاوای ژاپۆن کە لەوێ ئامادەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی حەوت بوو ڕیگەیاند،"دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە دوێنێ کاروانێکی دیپلۆماسی ئەمەریکا تەقەی لێکرا". وتیشی،"من زۆر بە ڕوونی گوتم هەر هێرشێک، هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر دیپلۆماتکارەکانمان بە تەواوی قبوڵ ناکرێت." بلینکن لە بارەی تەندروستی هاوڵاتییەکانیانەوە گوتی، "هەموان سەلامەتن و بەدڵنیاییەوە نیگەرانییەکی قووڵمان هەیە سەبارەت بە ژینگەی ئاسایشی ناوچەکە بە گشتی چونکە کاریگەری لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی و دیپلۆماتکاران هەیە، هەروەک چۆن کاریگەری لەسەر کارمەندانی فریاگوزاری دەبێت." هاوکات ڕووداوەکە بووە هۆی ئاگادارکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن بلینکنەوە، کە بە جیا تەلەفۆنی لەگەڵ ژەنەڕاڵ محەمەد حەمدان داگالۆ ناسراو بە هێمێدتی و سەرۆکی سوپای سودان ژەنەڕاڵ عەبدول فەتاح بورهان کرد بۆ ئەوەی پێیان بڵێت هەر مەترسییەک بۆ سەر دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا دروست بکرێت قبوڵ ناکرێت. بلینکن ئاماژەی بەوەشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەماهەنگیی و گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کە کاریگەرییان لەسەر سودان هەیە، لەوانە ئیمارات و سعودیە و بەریتانیا و هەروەها یەکێتی ئەفریقا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە. جێگەیباسە شەڕو پێکدادانەکان لە سودان تا ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی بەلایەنی کەمەوە 185 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 1800 کەسی دیکە و پێکدادانەکان بەردەوامن سەرەڕای چەندین داواکاری ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و هەروەها هەوڵەکانی میسر و ئیمارات بۆ ئەوەی ئاگربەست ڕابگەیەندرێت.
هاوڵاتی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ڕووبەڕووی هەر هەوڵێکی چین دەبنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی تایوان، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکان لە دەوروبەری تایوان زیادیان کردووە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ڕۆژنامەنووسانی وتوە " پەیامەکە هەمان پەیامە لە کۆمەڵەی حەوتدا: ئێمە ئامادەین ودەمانەوێت لەگەڵ چیندا کار بکەین لەو ناوچانەدا کە چین ئامادەیە لەگەڵماندا کار بکات." وتیشی وتیشی " بەدڵنیاییەوە ئێمە دژی هەر هەوڵێکی داگیرکاری یان دەستکاریکردن بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستای گەرووی تایوان دەوەستین." ئەمەشلەکاتێکدایە وەزیرانی کۆمەڵەی حەوت بە پەرۆشن بۆ نیشاندانی بەرەیەکی یەکگرتوو، بەتایبەتی دوای لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کە لە هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بە لاواز دادەنرا بەرامبەر چین و بووە هۆی کاردانەوەیەکی پێچەوانە. دوای سەردانەکەی بۆ چین لەم مانگەدا، ماکرۆن هۆشداری دا لەوەی کە ئەوروپا لە ئەگەری توشبوون بە قەیرانێکە سەبارەت بە تایوان بەهۆی " سیاسەتی ئەمەریکا و کاردانەوەکانی چینەوە." هاوکات وەک تاکە ئەندامی ئاسیایی لە کۆمەڵەی حەوت، ژاپۆن زۆر نیگەرانە لە هەر کردەوەیەکی داگیرکاری چین دژی تایوان. وەزیری دەرەوەی ژاپۆن یۆشیماسا هایاشی دوای کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی " کاریگەری ئاشتی و سەقامگیری گەرووی تایوان لەسەر وڵاتەکەمان زۆر گرنگە، بەڵام ئەمە فاکتەرێکی گرنگە لە سەلامەتی و ئاسایشی فراوانتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا." هایاشی بە ڕۆژنامەنووسانیش وت وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاترین کۆلۆنا پێیڕاگەیاندووە فەڕەنسا " هەستێکی قووڵی هەیە " سەبارەت بە ڕێزگرتن لە دۆخی ئێستا و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە تەنگەی تایوان وەک وڵامێک بۆ قسەکانی ماکرۆن. چین تایوان وەک خاکی چین دەبینێت و ڕەتی نەکردۆتەوە هێز بەکاربهێنێت بۆ گرتنی دوورگەکە کە بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوە دەبرێت. سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن دەڵێت تەنها خەڵکی تایوان دەتوانن بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن. کۆمەڵەی حەوت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و کەنەدا پێکدێت.
هاوڵاتی لە ئاکامی پێکدادانەکانی دوێنێی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە هێزێکی نیمچەسەربازییە لە سوودان، ٥٦ مەدەنی کوژران. لیژنەی ناوەندی پزیشکانی سوودان بەیانیی رۆژی یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی لە ئاکامی پێکدادانەکانی دوێنێی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتومی پایتەخت و شارەکانی دیکەی سوودان، ٥٦ مەدەنی کوژران و ٥٩٥ کەسیش برینداربوون. لیژنەی ناوەندی پزیشکانی سوودان داوای کردووە، دەستبەجێ ژیرانە کێشەکان چارەسەر بکرێن و پێکدادانەکان رابگیرێن، هەروەها رێڕەوی ئاسایشپارێزراو بکرێتەوە بۆ گواستنەوەی گیرخواردن بۆ ناوچەی پارێزراو و گەیاندنی فریاگوزاری سەرەتایی بە برینداران و دەستبەسەرکراوانیش ئازاد بکرێن. ئەوەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە یەكێتیی پزیشکانی سوودان رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 27 کەس و بریندارانیشی بە 170 کەس هەژمارکردبوو. بە درێژایی شەوی رابردوو لە خەرتوومی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکە دەنگی تەقە بیستراوە و تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆش دووکەڵ لە ژمارەیەک بنکەی سەربازی و باڵەخانە بەرز دەبووەوە. ناکۆکییەکان بەهۆی چاکسازیی سەربازیی کە داوا دەکات هێزەکانی پشتیوانی خێرا بخرێتە سەر سوپا، ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو هێزەی بەدوای خۆیدا هێنا و دوێنێ ناکۆکییەکان گەیشتنە ئەوەی هێز بەرامبەر یەکتر بهێنن. هاوکات، بە درێژایی رۆژی شەممە، داوای ڕاگرتنی شەڕەکان بهردهوامبو كه لە لایهن نەتەوە یەکگرتووەکان، واشنتن، مۆسکۆ، پاریس، ڕۆما، ڕیاز، یەکێتی ئەفریقا، کۆمکاری عەرەبی، یەکێتی ئەوروپا و تەنانەت عەبدوڵڵا حەمدۆک، سەرۆک وەزیرانی پێشوی مەدەنی سودان دهكرا، بەڵام شهڕو پێكدادانهكان ههر بهردهوامبون. کۆمکاری عەرەبی ئەمڕۆ ئهنجامدانی کۆبونەوەیەکی بەپەلەی لەسەر سودان راگەیاند، لەسەر داوای قاهیرە، کە بارەگاکانی له ڕیازه و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانیش داوای "دەستبەجێ ڕاگرتنی توندوتیژی" کرد. لایخۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای "دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان" کرد، لە تویتێکدا لە تویتەر نوسیویەتی، پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان)و هێزەکانی پشتیوانی خێرا هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی سودان دەکات.
نرخی دەرمان لە ئێران بەرز دەبێتەوە و هەندێک دەرمانیش کە زیاتر لە 60 ساڵە لە ناوخۆی وڵاتەکە دروست دەکرێت دەست ناکەوێت و داوا دەکرێت لە دەرە هاوردە بکرێن. عەلی فاتمی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران، رایگەیاند؛ کەمبونەوەی سەرمایە و لاوازبونی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی دەرمان بوەتەوە هۆی کەمبونەوەی دەرمان لە وڵاتەکە بە جۆرێک کە تەنانت دەرزی و دەرمانی هەڵامەت لە دەرەوە هاوردە دەکرێت. فاتمی ئاماژەی بەوە کردوە کەمیی دەرمان نیگەرانیی پزیشکانی لێکەوتوەتەوە و دەرمانی خەمۆکی و دەرونی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەمبون و لە هەندیک حاڵەتدا دابینکردنیان ئاستەمە. نرخی دەرمان لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردو لە نێوان 300 تا 700% هێندە بەرزبوەنەوەی بەخۆیەوە بینیوە و کە ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بوە. ساڵانی رابردو حکومەت لە ئێران زیاتر لە سێ ملیارد دۆلاری بۆ هاوردەی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی تەرخان کردوە کە ئەو بڕە لە ئەمساڵدا بۆ یەک ملیارد و 400 ملیۆن دۆلار کەمی کردوە.
هاوڵاتی لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ڕۆژی هەینی سوپای رووسیا بۆ سەر شاری سلۆڤیانسکی ئۆکراینا، 9 کەس کوژران و 21ی دیکەش بریندار بوون. بەرپرسی ئیدارەی سەربازییی ناوچەی دۆنێتسک، پاڤێل کیریلەنکۆ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە کە نزیکەی کاتژمێر ١٦:٠٠ بە کاتی ناوخۆ رووسیا بە مووشەکی S-٣٠٠ ھێرشی کراوەتە سەر شاری سلۆڤیانسک. کیریلەنکۆ ئاماژەی بەوە داوە کە لە هێرشەکاندا پێنج باڵەخانە و پێنج خانوو زیانیان بەرکەوتووە و رایگەیاندووە: "زانراوە تا کاتژمێر ١٨.٠٠ 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21ی دیکەش برینداربوون". پاڤێل کیریلەنکۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە رەنگە حەوت کەس لەناو داروپەردووی باڵەخانەکاندا بن کە پێشبینی دەکرێت یەکێکیان منداڵێک بێت و رایگەیاندووە، تیمەکانی تەندروستی و گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن لە کارەکانیان لە شوێنی رووداوەکە. لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە که رووسەکان "بە شێوەیەکی دڕندانە" شاری سلۆڤیانسکیان بۆردومان کردووە و رایگەیاندووە: "ئەوان ماڵەکانیان کردووەتە ئامانج. بەداخەوە بریندار و کوژراویش هەن".
هاوڵاتی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕێژەی نەوت لە جیهاندا کەمببێتەوە. ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لەڕاگەیەندراوێکدتا بڵاویکردەوە، ، لە مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵەوە زیادکردنی بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەلایەن وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێک + دەستیپێکردوە، لەهەمانکاتیشدا یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن وڵاتانی ئەندامی گروپەکەش کەمکراوەتەوە. ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئەوەشیخستۆتەڕو، ڕەنگە بەرزبونەوەی پشکی نەوتی جیهانی کاریگەری لەسەر بڕیاری “ئۆپیک پڵەس هەبوبێت، لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵ، بەراورد بە دو ساڵ و شەش مانگ لەمەوبەر پشکەکانی ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابوری گەیشتوەتە بەرزترین ئاست ٢،٨٣ ملیار بەرمیل بوە. راگەیەندراوەکەی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی چاوەڕواندەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان کە لەئێستادا بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 86.33 دۆلار، بەرمیلێک نەوتی جۆری تەکساسی ئەمریکاش بە 82.40 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
هاوڵاتی نزیکەی 18 هەزار مانگا بەهۆی تەقینەوەیەک لە کێڵگەیەکی ئاژەڵداری لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا لەنێوچوون و کرێکارێکی کێڵگەکەش بریندار بوو. کۆمیسیاری کشتوکاڵی ویلایەتی تێکساس سید میڵەررۆژی هەینی ، لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە لەدوای تەقینەوەکە، ئاگر لە کێڵگەکانی ساوس فۆرک لە نزیک شارۆچکەی دیمیتی تێکساس کەوتووەتەوە، رووداوەکەشی بە "خوێناویترین لە مێژووی تێکساس" ناوبرد. دەسەڵاتدارانی ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە، بەهۆی تەقینەوەی کارگەیەکی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە شارۆچکەی دیمیتی ویلایەتەکە، 18 هەزار مانگا مرداربوونەوە و جوتیارێکیش برینداربووە و زیانێکی زۆریش بەر ناوچەکە کەوت. سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکە دەسەڵاتدارانی ویلایەتی تێکساس باسیان لەوەکردووە، هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە ئاشکرانەکراوە، بەڵام ئەگەری هەیە یەکێک لە ئامێرەکانی لابردنی پەین لە کارگەکەدا گەرمبوبێت و دواتر بووبێتەوە هۆی تەقینەوەکە. پۆلیسی ناوچەکەش سەبارەت بە داخستنی رێگاکانی نزیک کارگەکە رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و سەلامەتی هەموو لایەک، گشت رێگاکانی چوونە نێو کێڵگەکە داخراون. لای خۆیەوە، پەیمانگەی چاودێریکردنی ئاژەڵان لە ئەمریکا لە تویتێکدا لەبارەی رووداوەکەی تێکساسەوە نووسی، "دەبێت ئەوانەی چاودێریی کێڵگەکان دەکەن کاری زیاتر بۆ پاراستنی ئاژەڵان بکەن، ئەویش لە رێگەی فەراهەمکردنی رێکاری سەلامەتیی پەیوەست بە ئاگر کەوتنەوەوە."
هاوڵاتی یەکێتی ئەورووپا هەریەک لە کۆمپانیای ئەمنیی گرووپی ڤاکنەری رووسی و دەزگای مێدیایی "RIA FAN"ی رووسی خستە لیستی سزاکانییەوە. یەکێتی ئەورووپا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەریەک لە گرووپی ڤاگنەر و "RIA FAN" بەهۆی هەڕەشەیان بۆسەر یەکپارچەیی، سەروەریی و سەربەخۆیی خاکی ئۆکراینا خراونەتە لیستی سزاکانی یەکێتییەکەوە. هەر لە راگەیەندراوەکەدا باسلەوەکراوە کە پێشتر یەکێتی ئەورووپا لە ٢٥ی شوباتدا ١١ کەس و حەوت دەزگای پەیوەندیدار بە گرووپی ڤاگنەری خستووەتە لیستی سزاکانییەوە، ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەو گرووپە بە شێوەیەکی چالاک بەشداریی هێرشەکانی رووسیای بۆسەر ئۆکراینا کردووە و سەرکردایەتی پەلامارەکانی سەر سۆلێدار و باخموتی کردووە. ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرمەیاداری رووس، "یەڤگێنی پریگۆجین لەپاڵ دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ گرووپی ڤاکنەر، هاوکات سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردی دەزگای مێدیایی "RIA FAN"شە، ئەم دەزگایەش ئاژانسێکی هەواڵە کە لە بەرژەوەندی حکوومەتی رووسیا پڕوپاگەندە و زانیاری ناڕاست بڵاودەکاتەوە." بەم شێوەیەش ژمارەی ئەو کەسانەی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە خستوویەتییە لیستی سزادانی رووسیاوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٧٣ کەس و ژمارەی دەزگاکانیش گەیشتووەتە ٢٠٧ دەزگا. سزاکانی یەکێتی ئەورووپا هەریەک لە قەدەغەی گەشتکردن بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە، بلۆککردنی سامان و قەدەغەکردنی پێدانی سندووقی هاوکاری، لەخۆدەگرێت.
هاوڵاتی عەبدوڵلا دەمیرباش سەرۆکی پێشووی ناوچەی سوری ئامەدی باکوری کوردستان کتێبی مەم و زینی پیشکەش بە پاپا فرانجیس پاپای ڤاتیکان کرد و داوای لێکرد نزا بکات کە کێشەی کورد لە تورکیا لە رێگەی ئاشتیانەوە چارەسەر بکرێت. عەبدوڵلا دەمیرباش کە لە ساڵەکانی ٢٠٠٤ تاوەکو ٢٠٠٩ سەرۆکی شارەوانی ناوچەی سوری ئامەدی باکوری کوردستان بووە و بەهۆی ئەوەی لە ئیستادا لە تورکیا سکاڵای لەسەرە و داواکراوە، لە ئەوروپا دەژی، سەردانی پاپا فرانجیس پاپای ڤاتیکان کرد. عەبدوڵلا دەمیرباش لە سەردانەکەیدا، کتێبی مەم و زینی ئەحمەدی خانی پێشکەش بە پاپای ڤاتیکان کرد کە لەلایەن نووسەری کورد محەمەد ئەمین بۆزئارسلانەوە لە ساڵی ١٩٩٠دا وەرگێڕدراوەتە سەر پیتی لاتینی. دەمیرتاباش هەروەها تابلویەکی چێنراوی پێشکەش بە پاپای ڤاتیکان کرد کە وێنەی ژنێکی کوردی لەسەرە و لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ دەمیرباش نێردراوە. عەبدوڵلا دەمیرباش لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەسی داوچە وێللای ئەڵمانی (فەلات بۆزئارسالان) رایگەیاند، پاپای ڤاتیکان رایگەیاندووە کە نزا دەکات کە کێشەکی کورد چارەسەر بکرێت و بە تامەزرووە نزا دەکەم." دەمیرباش دەشڵێت، نامەیەکی سێ لاپەڕەییان لەبارەی کێشەی کورد و چارەسەری کێشەکە رادەستی پاپای ڤاتیکان کردووە.
هاوڵاتی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی لە پشت دزەپێکردنی بەڵگەنامە سەربازییە نهێنییەکانی ئەمریکاوە بوە، لە بنکەیەکی سەربازیدا کاردەکات و نهێنییە هەستیارەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە گروپێکی ئۆنلاین بڵاوکردوەتەوە وتەمەنی تەنها بیست ساڵە. ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوکردەوە، دزەپێکردنی بهڵگهنامهكان لەسەر گروپی چات بوە لەسەر پلاتفۆرمی دیسکۆرد، کە تێیدا بەڵگەنامەکان دەرکەوتون و ئەو پلاتفۆرمە لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بۆ دابینکردنی هەر زانیارییەک. رۆژنامەکە قسەی لەگەڵ ئەندامێکی گروپەکە کردوەو ئەوەی بڵاوکردۆتەوە کە "یەکێک لە بەشداربوان کە بە "ئۆ جی" ناسراوە، لە کۆبونەوەیەکی نزیکەی بیست کەسیدا لەسەر پلاتفۆرمی دیسکۆرد پەیامێکی بڵاوکردەوە کە کورتکراوە و زاراوەی سەیر و سەمەرەی تێدابو". وەزارەتی دادی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لەسەر ئەو بڵگەنامانە دەستپێکرد دوای ئەوەی پنتاگۆن ئاماژەی بەو بابەتە کرد کە بە یەکێک لە زیانبەخشترین بڵاوکردنەوەی زانیاری نهێنی ئەمەریکا بێت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا. هاوکات لە ڕاپۆرتەکەدا باسلەوەشکراوە کە وێنەی بەڵگەنامە هەستیارەکان لەسەر دیسکۆرد و پلاتفۆرمەکانی دیکە بڵاوبونەتەوە لەوانە بۆردی نامەگۆڕی ئینتەرنێتی 4Chan، ئەپی تەلەگرام و تویتەر. لە ئێستادا دەزگاکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و وەزارەتی داد لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی ئەو بڵگەنامانە دەکەن لە ئاسایشی نیشتمانی و پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانی دیکە بە ئۆکرانیاشەوە.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پاپ فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کۆبوونەوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-4-2023 لە ئیتاڵیایە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیکە دەبێت. پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە، لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکەش نێچیرڤان بارزانی لە تویتێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، گوتی: شەرەفمەندم کە ئەمڕۆ لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆبوومەتەوە و خۆشحاڵم کە بە تەندروستییەکی باشەوە دەیبینم. نێچیرڤان بارزانی نووسیویەتی، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە پارێزگاریکردن لە ئاشتی و برایەتی نێوان پێکهاتەکانی عێراق کردووەتەوە و پابەندبوونی خۆشی بە بەردەوامبوونی پتەوکردنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووەتەوە. هاوکات سەرۆکایەتی هەرێم سەبارەت بە کۆبونەوەکە ڕایگەیاند، له كۆبوونهوهكهدا نێچيرڤان بارزانى خۆشحاڵيى خۆى به ديدار و بينينى قهداسهتى پاپا له تهندروستييهكى باشدا دهربڕى و هيواى سهلامهتى و تهمهندرێژى بۆ خواست، ههروهها پوختهيهكى دهربارهى دۆخى ههرێمى كوردستان و عێراق و ڕهوشى پێكهاته ئايينى و نهتهوهييهكان پێشكهش كرد. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، " ئاماژهى به گرنگى و كاريگهريى سهردانى قهداسهتى پاپا بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان كرد و دووپاتى كردهوه كه ههرێمى كوردستان وهك ههميشه پارێزهرى ماف و ئازاديى پێكهاته ئايينى و نهتهوهييهكانه و بۆ ههمووان به نيشتمانى پێكهوهژيان و لێبوردهيى دهمێنيتهوه. " هەروەها "لاى خۆيهوه قهداسهتى پاپا وێڕاى دهربڕينى خۆشحاڵى به سهردانهكه و بينينهوهى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى، ستايشى كولتوورى پێكهوهژيانى ئاشتيانه و يهكترقبووڵكردنى لهنێو پێكهاته ئايينى و نهتهوهييهكان كرد و جهختى كردهوه كه دهبێ ئهو كولتووره له ههرێمى كوردستان و عێراق پارێزراو بێت، ههروهها سهردانهكهى بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان به يادێكى خۆش ناوهزهد كرد. " له كۆتاييدا نێچيرڤان بارزانى تابلۆى هونهرمهندێكى شێوهكارى كوردى پێشكهش به قهداسهتى پاپا كرد كه دهربڕى پێكهوهژيان بوو لهنێو پێكهاته ئايينى و نهتهوهييهكانى ههرێمى كوردستاندا.