هێزى پێشمەرگە یەکنەخرێت، هاوپەیمانان هاوکاریە داراییەکان دەبڕن
13 كاتژمێر لەمەوپێش
ــ تا نیوەى نیوەی یەکەمی ئەمساڵ مۆڵەت دراوە بۆ یەکخستنەوەى هێزی پێشمەرگە
ــ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مانگانە نزیکەی 24 ملیۆن دۆلار هاوکارى پێشمەرگە دەکات
ــ هاوکات چەک و تۆپى قورسیان دەداتێ، مەشق و ڕاهێنان دەکات بە پێشمەرگە
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە ماڵپەرى ئەلعالەم الجدید-ی ڕاگەیاندوە، پارتە کوردییەکان بەتایبەتی لایەنە دەسەڵاتدارەکان، بە سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانى، هەڕەشەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان پێگەیشتوە، ئەو بڕە پارەیە دەبڕن کەوەک هاوکارى دەدرێتە هێزى پێشمەرگە، ئەگەر لە ژێر یەک سەرکردایەتیدا هێزەکانیان یەکنەگرێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەو سەرچاوەیە کە ئامادەنەبوو ناوی خۆی ئاشکرا بکات، باس لەبڕى ئەو پارەیە دەکات کە وەردەگیرێت، دەڵێت: ئەو پارەیەى لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەریدەگرێت، دەگاتە نزیکەی 24 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا، ئەمە جگە لەوەی پاڵپشتی لە شێوەی چەک و تۆپخانەی قورس و مەشق و ڕاهێنان لە ڕاوێژکارانەوە دەکرێت.
لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا بۆ ئەو مألپەرە، سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی خۆی گەیاندە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها وتیشى: ئەگەر تانیوەى نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، یەکنەخرێت، یارمەتیە داراییەکان دەوەستێنرێت.
هێزەکانى پێشمەرگە ژمارەیان 125 هەزار چەکدارن و بەسەر دوو بەشدا دابەشبوون: هێزی یەکەى 70، سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەروەها هێزی 80 سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
هەروەها هەزاران چەکدار لەژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتى و حزیەکانى دیکەدان و سەر بە دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانى هەرێمى کوردستان نین، لەنێویاندا هێزەکانی (کۆماندۆ)ی سەر بە یەکێتی و هێزەکانی (زێرەڤانی) پارتی.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە فشاری ئەمریکی و نێودەوڵەتی بۆ سەر گروپە چەکدارەکان لە عێراق زیاتر دەبێت بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان و هەڵوەشاندنەوەیان، ئەمەش پرسیار دروست دەکات کە ئایا ئەم فشارە هێزی پێشمەرگەی کوردیش دەگرێتەوە؟.
لەوبارەیەوە شێرزاد مستەفا، لێکۆڵەری سیاسی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “العالم الجدید”، ڕایگەیاند، “گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر هێزی پێشمەرگە زیاتر دەبێت بۆ یەکخستنی ڕیزەکانیان و کۆتاییهێنان بە سروشتی حزبایەتی ئەو هێزانە، هاوتەریب لەگە ئەو فشارانەی کە دەخرێنە سەر گروپە شیعەکان”.
مستەفا زیاتر وتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمە، ناتوانێت هێزێکی سەربازیی سەر بە هێزەکانی 70 بجوڵێنێت، یان فەرماندەیەک یان ئەفسەرێک لەو یەکانە بگوازێتەوە سەر بە یەکێتی نیشتمانین.
ئاماژە بەوەش دەکات کە “بابەتەکە هاوشێوەیە و هاوکێشەکەش وەک یەکە، بەو پێیەی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، بەڵام ناتوانێت هێزێکی سەربازیی سەر بە گروپێکى دیاریکراو بجوڵێنێت.