ترەمپ بە شەخسی دەستوەردان لە دانوستانی بارمتەکاندا دەکات

دوێنێ



سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئەمرۆ شەممە ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەستی کردووە بە دەستوەردانی شەخسی لە پرسی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە کەرتی غەززە ڕاگیراون.
کەناڵی 12 ئیسرائیل لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ترەمپ دەستیکردووە بەدەستوەردانی شەخسی لە پرسی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکاندا، و ئەویش "پێویستە بە زووترین کات ڕێککەوتنەکە تەواو بکات پێش ئەوەی دەستبەکاربێت لە ٢٠ى ئەم مانگە".

ڕوونیشیکردەوە، ئەو پێشنیازەی ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بریتییە لە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕێڕەوی فیلادلفیا و دەروازەی نیتساریم لە دوا ڕۆژی قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە کشانەوەی بەشێکی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەخۆدەگرێت، لە قۆناغی دووەمیشدا خاڵەکانی چاودێری ئیسرائیل، لە کۆتا ڕۆژی قۆناغی سێیەمیشدا کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەبێت.
بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس بە میدیاکانی ڕاگەیاند: دیدگای کۆتایی ڕێککەوتنەکە تەواو بووە، ڕێککەوتن لەنێوان ناوبژیوانەکاندا هەیە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە.
بەپێی سەرچاوەکان، هەردوولا لەسەر هێڵکارییە گشتییەکانی قۆناغی دووەم ڕێککەوتوون، خاڵە ناکۆکییەکانیش لە کاتی جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمدا دواخران بۆ گفتوگۆکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاری و ژمارەی بارهەڵگرەکان وردە وردە لە ڕێگەی دەروازەی سەڵاح الدین و دەروازەی کەرەم شالوم لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە زیاد دەکات.
هەروەها دەروازەی ڕەفعەت وردە وردە دەکرێتەوە، سەرەتا لە حاڵەتە فریاگوزاریەکانی وەک نەخۆش و بریندارەکانەوە دەست پێدەکات و دواتر ژمارە و پۆلەکانی زیاد دەکرێت.
هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە، کە لە سەردانێکی لەناکاودا گەیشتە ئیسرائیل.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار