نرخی تمەن زیاتر دادەبەزێت و ئاستی مێژوویی تۆمارکرد
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ناڕەزایەتی و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەهای تمەن دروست کردووە و تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا 10%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە؛ شارەزایانیش هۆشداری دەدەن کە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت.
ئابووریی ئێران لەبەردەم فشارێکی دووقۆڵیدایە؛ لە لایەک سزا نێودەوڵەتییەکان و لە لایەکی دیکەش پەککەوتنی جووڵەی بازاڕ بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە. ناجێگیریی سیاسی متمانەی بە دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە لاواز کردووە، ئەمەش وای کردووە بەهای دۆلار بە خێرایی لە بازاڕەکانی تاران و دەرەوەش بەرز ببێتەوە.
ژمارەکان وادەڵێن: نرخی ئێستای دراوەکە لە بازاڕەکاندا بەم شێوەیەیە:
1 دۆلار (کاش): 115 هەزار تمەن.
1 دۆلار (حەواڵە): 140 هەزار تمەن.
100 دۆلار (حەواڵە): 14 ملیۆن تمەن.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی بە ئاڤای ڕاگەیاند: "لەگەڵ دەستپێکی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئێران، تمەن 10%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە. ئەگەر ئەم ئاڵۆزییانە بەردەوام بن، بێگومان بەهای تمەن زیاتر دەشکێت و داڕمانی گەورەتر ڕوو دەدات."
دابەزینی بەهای تمەن ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەت لە بواری هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک لە ئێرانەوە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی زیاتر لە نرخەکاندا.
