کێ گفتوکۆکانی هەسەدە و دیمەشقی تێکدا و بووە هۆی دروستبوونی شەڕ؟
4 كاتژمێر لەمەوپێش
شەیبانی لە کاتی کۆبوونەوەکە چی گوتووە؟
ئامادەکردنی هاوڵاتی.
لە دوای هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە شەشی ئەم مانگە، قسە و باسی زۆر کرا لە بارەی کۆبوونەوەکەی دوو رۆژ پێشتری هەسەدە و حکومەتی دیمەشق، بەڵام زانیارییەکان لەو بارەیەوە کەمبوون.
پێگەی ئەلمۆنیتەر چەندین زانیاریی نێو کۆبوونەوەکەی بڵاویکردووەتەوە، کە لەلایەن هەسەدە و حکومەتی دیمەشقەوە پشتڕاشتکراوەتەوە.
پێگەی ئەلمۆینتەر دەڵێت، سەرەتا گفتوگۆکان بە ئاسایی بەڕێوەچووە، وەزیری بەرگری سوریا، مورهەف ئەبوو قەسرە سەرۆکایەتی شاندەکەی کردووە. فەوزا یوسف، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە کۆبوونەوەکەدا بووە و دەڵێت: رەفتاری شاندی سوریا لە کۆبوونەوەکەدا نامۆ بوو کە تێیدا باسمان لە وردەکارییەکانی تێکەڵکردنی هەدەسە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سوریا دەکرد، دواتر رازی بوون کە سێ لیوا بۆ هێزەکانی هەسەد پێکبێت، کە بریتین لە لیواکانی ژنان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سنوور.
فەوزا یوسف دەڵێت، لامان سەیر بوو چونکە نەرمییەکی زۆری تێدا نوێنرا بوو، لەبەرئەوەی پێشتر ئەحمەد شەرع داوای هەڵوەشاندەوەی بێ مەرجی هەسەدەی دەکرد.
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر، وەزیری بەرگریی سوریا داوای لە شاندی هەسەدە کردووە رێگەیان پێبدەن بێنە ناو سنوورەکانیان بۆ پشکین و بەدواداچوون بە بیانوی ئەو ناوچانە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریان، بەڵام شاندی هەسەدە بە توندی رەتیانکردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون، هەر کاتێک لە پێنج ئۆتۆمبێل زیاتر بوون پێویستە مۆڵەت لە ئێمە وەربگرن.
کەشی کۆبوونەوەکە چۆن تێکچوو؟
لە کۆبوونەوەکەدا کێڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سوریا وەک نێوەندگیر و پشتیگریکاری رێککەوتنی 10ـی ئازار بەشداری کۆبوونەوەکە بووە، بەڵام لەناکاو ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا خۆی دەکات بە ژووردا و داوا لە لامبێرت دەکات چەند خولەکێک بەجێیان بهێڵێت.
بە گوتەی ئەلمۆنیتەر، دوای هاتنەوە ژوورەوەی شەیبانی کەشی کۆبوونەوەکە تێکچووە، دوای چەند خولەکێک گوتوویەتی، کۆبوونەوەکەمان بۆ هەشتی ئەم مانگە دواخستووە.
شاندی هەسەدە دەڵێت: ئێمە ویستوومانە راگەیەندراوێکی هاوبەشی هەردوولامان هەبێت بۆ خەڵک بۆ ئەوەی رێژەی بەرەپێشچوونەکان بزانرێت، بەڵام لایەنی سوریا رەتی کردووەتەوە.
پێگەی مۆنیتەر دەڵێت: تێکدان یان راگرتنی ئەم رێککەوتنە پلانێکی پێشوەختەی تورکیا بووە، چونکە ماوەیەکە گروپەکانی سەر بەخۆی و هێزەکانی سەر بە دیمەشق لە نزیک حەلەب کۆدەکاتەوە و چاوەڕێی کاتێکی گونجاوی دەکرد. دوای ئەوەی ئیسرائیل و سوریا رێککەوتینێکان واژۆکرد، تورکیا دەرفەتەکەی بەدەستهێنا.
ئیتر دوای ئەمە خۆتان دەزانن چی روویدا، گروپەکانی سەر بە دیمەشق هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و زیاتر لە 155 هەزار دانیشتووی هەردوو گەڕەکەکە ئاوارەبوون و 28 کەسیش شەهیدبوون. هەرچەندە ماوەی پێنج رۆژ شەڕڤانان بەرخۆدانێکی مەزنیان کرد، بەڵام مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە رایگەیاند، بۆ رێگری لە هێرشی زیاتر لەگەڵ نێوەندیگیرانی نێودەوڵەتی رێککەوتوون بگەن بە ئاگربەست تاوەکو شەڕڤانان و خەڵکی سڤیل بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگوازنەوە.
