دەم پارتی: هێرشەکەی سەر گەڕەکەکانی حەلەب، کودەتایە لە دژی پڕۆسەکە
6 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان ڕایانگەیاند، هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و تورکیا کرد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن.
هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان سەبارەت بە هێرشەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا لە دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب لە ناوەندی خۆیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست. هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلیچگون ئوچار، کەسکین بایندەر، سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، سەزای تەمەلی، وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگول دۆغان و پەرلەمانتارانی دەم پارتی ئامادە بوون.
'تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارەکانیان لەسەر پێشهاتەکانی ئەم دواییە و هێرشەکان لەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب کۆبوونەوە و گوتی: "حکومەتی دیمەشق بە شێوەیەکی ئاشکرا، بەپێی ڕێککەوتن مامەڵە ناکات. بە ئاڵای داعشەوە هێرش دەکەنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان. ئەوانەی ئەم کارە دەکەن گرووپێک دڕندەن. لە هیچ باوەڕی و فکرێکدا قبوڵ ناکرێت".
'وتیشی: "بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و ئەم هێرشانە دەستبەجێ ڕابگرن. هێرشەکانی هەتەشە و چەتەکان لە دژی مرۆڤایەتیین. ئامانجیان بێکورد کردنی حەلەبە. وەک دەم پارتی بۆ سووریا سیستەمێکی یەکسان و ئازادەمان دەوێت کە مافەکانی کورد دەستەبەر بکات. ئەگەر کورد لە سووریا لە سەلامەتییدا نەبێت، ئەوا ئارامی بەدی نایەت. تا هەموو گەلان و باوەڕییەکان ئازاد نەبن، ئاشتی لە سووریا بەدی نایەت".
'تونجەر باقرخان سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست و گوتی: "بە ئامانجگرتنی منداڵان و ژنان بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. ڕژێم هەموو ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکات. لێرەدا دەڵێین دەست لە بێڕێزیکردن لە بەرانبەر ژنانی کورد هەڵبگرن. بانگەواز لەو کەسانە دەکەین کە شەڕ بە گوڕ دەکەن، ڕێگە بۆ دیالۆگ خۆش بکەن. قسەکانی هاکان فیدان شەڕ و قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە. دەپرسین؛ دیپلۆماسیت یان سەرباز؟ ئەم قسانە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکە هەیە".
'ە کۆتایی قسەکانییدا تونجەر باقرخان گوتی: "ئەگەر لە حەلەب شەڕ و قەیرانەکان قووڵببنەوە لێرەدا چارەسەریی بەدی نایەت. چونکە کودەتایە لەدژی پرۆسەکە. چارەسەرەکە ڕوونە. دەبێت قەسەدە و تورکیا لەسەر مێزێک دابنیشن و پرسەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن. کەس ناتوانێت کورد لە حەلەب کۆچبەر بکات. کورد سەد ساڵە لە حەلەبدایە و هەمیشە لە حەلەب دەبێت".
