دواین وتەى شەهید زیاد حەلەبی: کوڕی ئەم خاکەین تا دوا هەناسە شەڕ دەکەین

6 كاتژمێر لەمەوپێش



فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، "شەهیدبوونی زیاد حەلەب، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی لە شاری حەلەب" راگەیاند، کە لە کاتی بەرگریکردن لەو دوو گەڕەکەدا گیانی سپاردووە.

بەپێی راگەیێندراوی ئاسایش، زیاد حەلەب لە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتی "بەرگرییە مێژووییەکەی" گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی،" گەیشتووەتە پلەی شەهادەت." ئاسایش سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و گەلی کورد دەکات و بەڵێنی درێژەپێدانی رێگەکەی دەدات.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە 6ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا بە پاڵپشتیی راستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا، هێرشێکی بەرفراوانیان بە هەموو جۆرە چەکێک کردووەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە." ئاسایش دەڵێت، هێزەکانیان و خەڵکی گەڕەکەکە بەرگرییەکی سەختیان کردووە و گورزی کەمەرشکێنیان لە هێرشکاران وەشاندووە، کە تێیدا چەندین تانک و ئۆتۆمبێلی زریپۆشیان تێکشکاندوون.

زیاد حەلەب وەک فەرماندەی گشتی، "لە یەکەم ساتەوە لە ناو سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕدا بووە و سەرپەرشتیی بەرگریی کۆڵان بە کۆڵانی کردووە." ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو فەرماندەیە لەگەڵ هاوسەنگەرەکانی "رێگەی شەهادەتیان هەڵبژارد نەک خۆبەدەستەوەدان."
 
بەگوێرەی ئاسایشی خۆسەر، زیاد قەدوور، ناسراو بە (زیاد حەلەب)، لە ساڵی 1988 لە عەفرین لەدایکبووە و لە ناو خێزانێکی نیشتمانپەروەردا گەورە بووە. لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، پەیوەندی بە ریزی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG)ـەوە کردووە بۆ بەرگریکردن لە شاری حەلەب.

ئاسایش هەروەها دەڵێت، لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2015، رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رژێمی بەعس و گرووپە چەکدارە جیاوازەکان بۆ سەر حەلەب. خاوەنی ئەزموونێکی زۆر بووە لە "شەڕی ناو شار و گەڕەکەکاندا،" ئەمەش وای لێکرد ببێتە فەرماندەیەکی جێگەی متمانە و خۆشەویستی خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.

پێش گیان لەدەستدانی، زیاد حەلەب لە پەیامێکدا گوتبووی: "ئێمە کوڕی ئەم خاکەین؛ لێرە لەدایکبووین و لێرەش دەمێنینەوە. هیچ کات نەبووینەتە کێشە بۆ کەس، بەڵام ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، دەستەوەستان نابین. سوێند دەخۆین بەرگری لە گەلی خۆمان بکەین و تاوەکو دوایین هەناسە شەڕ دەکەین. بڕیاری شەهادەتمان داوە و هیچ بژارەیەکی دیکەمان نییە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار