ئاڵدار خەلیل: سوپای عەرەبی سووریا بە هاوكاری وڵاتێكی ئیقلیمی هێرشەكانی ئەنجامدا
4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ڕاگەیاند، ئەوەی لە شێخ مەقسود ڕوویدا زوڵمێکی ئاشكرای دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق بوو.، وتیشی، حكومەتی نوێی دیمەشق بە هاوكاری وڵاتێكی ئیقلیمی هێرشەكانی ئەنجامدەدا.
ئاڵدار خەلیل بە ئاڤای وت، كوردی حەلەب دانیشتووی ڕەسەنی سووریان، لایەنی كوردی هیچ ئامادەكارییەكی بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە نەكردبوو، دۆخی ئەو دوو گەڕەكە بەمجۆرە ناهەموار نەبوو كە بگاتە ئاستی بەكارهێنانی چەكی قورس، بۆیە پێویستە لێپرسینەوە لەو دەستدرێژییەی دەسەڵاتدارانی سووریا بكرێت.
لەبارەی مافەکانی کورد لە سووریای نوێ، ئاڵدار پێیوایە مافەكانی كورد لە دەستوور نەچەسپاوە و پێویستە گەرەنتییەك هەبێت بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێ، گرنگە هێزێكی نێودەوڵەتی وەك لایەنی سێیەم بێتە نێو ڕێككەوتنەكانی كورد و دیمەشق، ئەمریكا و ئیسرائیل چاوپۆشییان لە دەستدرێژییەكانی سوپای عەرەبی سووریا كرد.
ئاڵدار خەلیل ئەمانەشی وت:
٠ ئەو هێرشانەی ڕوویدا چوار مانگ پێش ئێستا پلانی بۆ داڕێژرابوو.
٠ سەرەڕای هەبوونی ڕێككەوتن بۆ دانووستان، هێرشكرایە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.
٠ لایەنی كوردی هیچ ئامادەكارییەكی بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە نەكردبوو.
٠ مافەكانی كورد لە دەستوور نەچەسپاوە و هیچ مسۆگەرییەك بۆ كورد نییە.
٠ پێویستە زەمانەتێك هەبێت بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێدا.
٠ ئیسرائیل و ئەمریكا چاوپۆشییان لە دەستدرێژییەكانی سوپای عەرەبی سووریا كرد.
٠ ڕۆڵی ئەمریكا لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كورد و دیمەشق سەرەكییە.
٠ پێویستە ئاسایشی گەڕەكە كوردییەكان بە هاوبەشی بپارێزرێت.
٠ پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەكان خێرا نێوەندگیری بكەن.
٠ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە قبووڵكراو نییە.
٠ سووریا بە زۆرداری و تاڵانكردن و سڕینەوە بەڕێوەناچێت.
٠ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەدەستی خۆیان ئایندەی سووریا لەناودەبەن.
