هاوسەرۆکی پەژاک: ئێران لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە چیاکانی زاگرۆس و لە چاوپێکەوتنێکدا دەلێت: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی کرداری هەرەسی هێناوە و وتی: "ئەوەی ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر پێ ڕادەگرێت، توندوتیژی و فشارە."
ئەمیر کەریمی لە چیاکانی زاگرۆس و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئەندامی دەستەی وەشانی"The Amargi ڕێباز مەجید خۆپێشاندانەکانی ئێران، ئاییندەی سیاسەتی کورد و دۆخی ناوچەکەی هەڵسەنگاند.
ئەمیر کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژێم هێشتا خاوەنی دەوڵەتە، بەڵام شەرعییەتی کۆمەڵایەتیی خۆی لەدەستداوە و وتی: "بە کردەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوەشاوەتەوە."
ئەمیر کەریمی کۆماری ئیسلامیی چواند بە مرۆڤێک کە تووشی مردنی مێشک بووە، بەڵام دڵی لێ دەدات، و ڕایگەیاند کە بە بڕوای ئەو، ڕژێم تەنها بە ڕێگە و شێوازی سەرکوتکردن خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە.
'سیستەمە توندەکەی سەدەی ٢٠ـەم تێکدەچێت'
ئەمیر کەریمی قەیرانەکانی ئێران بە شکستی مۆدێلی "دەوڵەت-نەتەوە"ی کلاسیک لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گرێ دەدات. ئەمیر کەریمی، ئەم مۆدێلە بە ڕێبازی "یەکڕەنگ، یەکدەسەڵات، یەکزمان و یەکڕەهەند" پێناسە دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە گەلی کورد لە ناو ئەم سیستەمەدا بە شێوەیەکی سیستماتیک پەراوێز خراوە.
کەریمی لە قسەکانیدا دەڵێت کە گەلی کورد لە ماف، سیاسەت و هەموو شتێک دوور خراوەتەوە و دەڵێت: "وا چاوەڕوان دەکرا کە یان بتوێنرێنەوە یان لەناو بچن."
کەریمی ئاماژە بەوە دەکات کە لاوازبوونی پێکهاتەی دەوڵەتە ناوەندییەکان دەکرێت ببێتە دەرفەتێک بۆ گەلی کورد، و دەڵێت ئەمەش تەنها لە ڕێگەی گۆڕانکارییەکی دیموکراتییەوە پێکدێت.
کەریمی لە درێژەدا دەڵێت: "هەرەسهێنانی پێکهاتەی دەوڵەت-نەتەوە... ئەمە بێگومان بۆ گەلی کورد دەرفەتێکە. بەڵام ئەگەر گۆڕانکارییەکە بەرەو دیموکراسی نەچێت... ئەمە بە دڵنیاییەوە بۆ گەلی کورد مەترسییە."
ئێران وەک کۆریای باکوورێکی داخراوە
کەریمی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایدەگەیەنێت کە بڕینی هێڵەکانی پەیوەندی لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا، ستراتیژێکی بە ئەنقەستە و دەڵێت: "کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی لەسەر پێ بمێنێتەوە، هەموو ڕێگاکانی گەیاندنی بڕی. بۆچی؟ بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسان مرۆڤەکان کۆمەڵکوژ بکات."
کەریمی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەری هەیە کۆمەڵکوژییەکی گەورە ڕوویدابێت و وتی: "ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی وەک کۆریای باکوورێکی داخراوە و نازانرێت لە ناوەوە چی ڕوودەدات."
کەریمی دەڵێت ئەو ئامرازانەی شەرعییەت وەک ئایین و ناسیۆنالیزم کە پێشتر ڕژێم پشتی پێ دەبەستن، کۆتاییان هاتووە و نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە سەردەمی دوای ڕژێم دەربڕی.
ئەمیر کەریمی دواتر وتی: "ئێمە ئەزموونی ساڵی ١٩٧٩مان هەیە. شا ڕۆیشت، هەمووان دڵخۆش بوون. بەڵام دواتر دیکتاتۆرییەتێکی مەترسیدارتر هات. ڕەنگە ئەمجارەش هەمان شت ڕووبداتەوە."
یەکێتیی کوردان
کەریمی ڕایگەیاند کە ئەو چوارچێوە سیاسییە هاوبەشەی لایەنە کوردییەکان لە ئێران دیارییان کردووە، بەهۆی پێویستییەوە هاتووەتە کایەوە. کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمجارە ڕێگەیەکی جیاوازیان تاقی کردووەتەوە و وتی: "زەمینەیەکی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنمان دروست کرد."
کەریمی ئاشکرای کرد کە پێویستە لە سیاسەتی کوردیدا دەست لە کێبڕکێی هەژموونخوازی هەڵبگیرێت و نابێت هیچ هێزێک خۆی بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنێت، و وتی: "کورد خاوەنی ئەو هێزەیە کە کێشەکانی خۆی بخاتە ڕۆژەڤ و چارەسەریان بکات."
ئێمە هێزێکی ڕێکخستنی سیاسیین
کەریمی وتی کە پەژاک لە زۆرێک لە ناوچە کوردییەکانی ئێراندا چالاکە. لە بەرامبەر ئەو تێڕوانینەی کە پەژاک تەنها وەک ڕێکخراوێکی چەکداری دەبینێت ناڕەزایەتی دەربڕی و وتی: "زیاتر لە هێزێکی چەکداری، ئێمە خۆمان وەک هێزێکی ڕێکخستنی سیاسی دەبینین. خەباتی چەکداری بۆ ئێمە ڕێگەی چارەسەری نییە؛ ئامرازێکی خۆپاراستنە. کۆمەڵگە مافێکی شەرعیی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات."
ڕێگەی سێیەم
کەریمی ڕایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ ئەکتەرە نێونەتەوەییەکان و ئەمریکا لە پەیوەندیدان، بەڵام چارەسەرێک لەسەر بنەمای دەستوەردانی دەرەکی قبوڵ ناکەن. کەریمی وتی: "ئێمە دژی دیکتاتۆریی دەوڵەتین. بەڵام باوەڕمان بەوە نییە کە هێزێکی دەرەکی بێت و ڕزگارمان بکات."
مەترسیی پەهلەوی
کەریمی ڕایگەیاند کە هیچ هاوکارییەکی ئاشکرا لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، بەڵام مەترسیی دروستبوونی ڕژێمێکی دیکتاتۆری نوێ لە ڕێگەی ڕەزا پەهلەوییەوە هەیە. کەریمی وتی: "گەل دیکتاتۆرییەکی نوێی ناوێت."
کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی پەژاک جیابوونەوە نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئێرانێکی دیموکراتیک و ناناوەندییە و وتی: "بەرنامەیەکیان هەیە بە ناوی کۆماری دیموکراتیکی ئێران." کەریمی وتی ئەوان سیستەمێک لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریی گەل پەسەند دەکەن.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە قەیرانی ئێران تەنها بە ڕژێمی ئێستاوە سنووردار نییە، بەڵکو ئەنجامی بنبەستبوونی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندیی سەد ساڵەیە، و گەورەترین مەترسی ئەوەیە ئەم پرۆسەیە بگۆڕێت بۆ دیکتاتۆرییەکی نوێ. کەریمی ڕایگەیاند کە تەنها گەرەنتی لە دژی ئەمە، دیموکراسی، یەکێتیی کورد و ڕێکخستنی سیاسییە لەسەر بنەمای کۆمەڵگە.
