رەنگە کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتا رۆژەکانی بەڕێبکات

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ئامادەکردنی هاوڵاتی

دۆخی ئێران بەتەواوی تێکچووە، ئێستا ئیتر خۆپیشاندانەکان هەر  31 پاڕێزگاکەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، ترسی ئەوەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرش بکات، بەرپرسانی ئێرانی تەواو خستووەتە دۆخێکی ناهەموارەوە کە رەنگە دەرچوون لێی سەخت بێت.

ماوەی دوو هەفتەیە خۆپیشاندانەکانی ئێران بەردەوامە، بەڵام لە پێنجشەممەی رابردووەوە بەرپرسانی ئێران دەستیانکردووە بە هەڵمەتێکی چڕ بۆ سەرکەوتکردنی خۆپیشاندەران، بەجۆرێک لەو رۆژەوە قوربانییەکی زۆر هەیە. بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، تائێستا 490 خۆپیشاندەر و 48 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، زیاتر لە 10 هەزار 600 کەسیش دەستگیرکراون.

بەرپرسانی ئێران لە رۆژی پێنجشەممەوە بەهەموو شێوەیەک دەیانەوێت کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن، بەجۆرێک هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەنانەت هێڵی پەیوەندی تەلەفونیشیان بڕیوە. ئێستا ئیتر بەرپرسانی وڵاتەکە خۆپیشاندەران بە "گێرەشێوێن" و "تیرۆریست" ناودەبەن و دەڵێن، هێرشان کردووەتە سەر دامەزراوەی حکومی، زیادبوونی خۆپیشاندانەکانیش بەدەستی ئەمریکا و ئیسرائیل دەزانن.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەڵگەی بەهێزمان هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستوەردانیان لە "کردە تیرۆریستییەکانی ئەم چەند رۆژەی ئێران هەبووە" و لەو کاتەوەی ترەمپ هەڕەشەی دەستوەردانی کردوە، ناڕەزایەتییەکانی ئێران گۆڕاون بۆ تووندوتیژی.

باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەش، هەڕەشەی جیدی کرد و گوتی، لە ئەگەری هەر هیرشێک بۆ سەر ئێران، ئیسرائیل و بنکە و کەشتیگەلەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەبنە ئامانجی شەرعیمان، بەپێی قەبارەی هەڕەشە و هێرشەکانیش وەڵام دەدەینەوە.

لەدوای ئەم قسانەی قالیباف، ترەمپ تووندترین هەڕەشەی کرد و گوتی، ئێران ئەو هێڵە سوورەی بەزاندووە کە بۆم دیارکردبوو، مەبەست لەو هێڵە سوورەش کوشتنی خۆپیشاندەرانە و پێشتر سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری لەو بارەیەوە دابوو.

پێشتر رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ترەمپ لەگەڵ تیمەکەی لە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا هەڵسەنگاندن بۆ کۆمەڵێک هێرش دەکەن کە بۆ سەر ئێران ئەنجامی بدەن، لەوانە هێرشی راستەوخۆی ئاسمانی یان هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ژێرخانی وڵاتەکە.

ترەمپ خۆی دانی بەمەدا نا و گوتی، سوپا هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەکان دەکات و ئێمەش هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەی زۆر بەهێز دەکەین.

لەبارەی ئەوەی بۆچوونی چییە لەسەر قسەی بەرپرسانی ئێران کە دەڵێن وەڵامی تووندیان بۆ هەر هێرشێک دەبێت، ترەمپ گوتی، ئەگەر وابکەن بەجۆرێک لێیان دەدەین هەرگیز پێشتر شتی وایان نەدیبێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیلیش خۆی مەڵاس داوە و چاودێریی وردی دۆخەکە دەکات، چونکە بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئیسرائیل خۆی خستووەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە بۆ ئەگەری دەستوەردانی ئەمریکا لە ئێران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار