ئاو دەبێتە رەگەزێک بۆ یەکلاکردنەوەى جەنگى ئەمریکا و ئێران
کاتژمێرێک لەمەوپێش
ئه‌گه‌رچى له جه‌نگى ئه‌مریكا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران زیاتر دامه‌زراوه سه‌ربازى و ئابورییه‌كان چاویان له‌سه‌ره، به‌ڵام به‌پێى ئاژانسه‌كان ئاو دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەکلاکردنەوەى ئەم جەنگە، به‌وپێیه‌ى وڵاتانى كه‌نداو بۆ ئاوى خواردنه‌وه به‌ڕێژه‌ى 40% پشت به ئاوى ده‌ریاكان ده‌به‌ستن و هه‌ر گۆڕانێكى ژینگه‌یی له ئاكامى شه‌ڕ له ده‌ریاكاندا لێكه‌وته‌ى كاریگه‌رى ده‌بێت.
راپۆرتێکى دەزگاى هەواڵگرى ئەمریکا (سى ئای ئەى) هۆشدارى دەدات، لەوەى ئاوى خواردنەوەى وڵاتانى کەنداو زۆر گرنگترە لە نەوتەکەیان و، ئاو کاڵایەکى ستراتیژییە لە تەواوى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، نەک نەوت و گازى سرووشتى.
به‌پێى ئاژانسى بلومبێرگ، وڵاتانى کەنداو زیاتر لە 450 وێستگەى شیرینکردنى ئاویان لەسەر ئاوەکانى کەنداو دامەزراندووە، ئەم وێستگانە نزیکەى 100 ملیۆن کەس لە وڵاتانى سعودیە، کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات و عوممان بۆ خواردنەوە پشتیان پێدهبەستن، ژێرخانى پاراستنى ئەو وێستگانەش زۆر لاوازن، بۆیە لە ئەگەرى هەر هێرشێک بۆ سەریان کارەسات روودەدات.
ئاژانسه‌كه دەشڵێت، هەر بەتەنها وێستگەکانى شیرینکردنى ئاو مەترسییان لەسەر نییە، بەڵکو مەترسیى جدیش لەسەر بۆرییەکانى گواستنەوەى ئەو ئاوانە هەیە، بە نمونە بۆریى ئاوى سعودیە درێژییەکەى تا ده‌گاته ریازى پایته‌خت 500 کیلۆمەترە و رێژەى 90%ى دانیشتوانى ئەو شارە بۆ خواردنەوە پشت به‌و پڕۆژه‌یه ده‌به‌ستن.
وێستگه‌كه و درێژیی بۆرییه‌كه بۆ مووشه‌ك و درۆنه‌كانى ئێران روون و ئاسانن، بۆیه لە ئەگەرى هەر جۆرە زیان گەیاندنێک پێیان کارەساتى مرۆیی و قەیرانی بێ ئاوى رووبەڕووى سعودییە دەبێتەوە.
ئه‌و مه‌ترسییه له خۆڕا نییه، چونكه رۆژى 8ى ئازار وێستگەیەکى شیرینکردنى ئاوى بەحرەین بە درۆنى ئێرانى هێرشی کرایەسەر، دواتریش تاران رایگەیاند، وێستگەى شیرینکردنى ئاوى دوورگەى قیشم کراوەتە ئامانج. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتى، بە یارمەتیى وڵاتێکى دراوسێ ئەو هێرشە ئەنجامدراوە و هەڕەشەى ئەوەى کرد، وهڵامدانەوەى هاوشێوەیان دەبێت.
بلومبێرگ رونیکردووەتەوە، یەکێک لە بژاردەکانى ئێران، بە ئامانجگرتنى ئەو وێستگانەیە تا وەک ئامڕازێک بۆ دروستکردنى فشار بەکاری بهێنێت. ئەو بژاردەیەش به نزیكه‌یى لە مێژووى ناوچەکەدا روویداوە، وەک ئەوەى لە جەنگى کەنداوی ساڵى 1991دا سوپاى عێراق بۆرى نەوتى کوەیتى لە دەریادا شکاند و زیانێکى زۆری بە وێستگەكانى شیرینکردنى ئاوى وڵاتانى کەنداو گه‌یاند.
