هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری تایوان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند دوای کۆتایهاتنی مانۆڕە سەربازییە سێ ڕۆژییەکەی فڕۆکە جەنگییەکان و کەشتییە دەریاییەکانی چین هێشتا لە ئاوەکانی دەوروبەری تایواندان وسەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن ڕەخنەی لە چین گرت و بە "هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسیارانە" وەسفی کرد. چین مانۆڕەسەربازییەکەی  لە ڕۆژی شەممە دەستپێکرد وەک وڵامدانەوەیەک بۆ گەشتێکی سەرۆکی تایوان بۆ ئەمریکا و کۆبونەوەی لەگەڵ  کێڤن ماککارثی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا. جێگەیباسە چین هۆشداری دا بە ئەمەریکا کە ڕێگە نەدات تسای سەردانی مەککارسی بکات یان چاوی پێبکەوێت، و دەشڵێت "هەرگیز واز لە بەکارهێنانی هێز ناهێنێت بۆ ئەوەی ئەو دوورگەیە لەژێر کۆنترۆڵی چیندا بێت". حکومەتی تایوانیش بە توندی دژایەتی داواکارییەکانی چین وەستاوەتەوە. هەرچەندە چین  شەوی دووشەممە ڕایگەیاند مانۆڕە سەربازییەکەیان کۆتایهاتووە،  وەزارەتی بەرگری تایوان گوتی نۆ کەشتی چینی و 26 فڕۆکەی بینیووە، کە لە ناویاندا فڕۆکەی جەنگی  جەی-16 و سو-30یان تێدابووە ، لە درەنگانی بەیانی ڕۆژی سێشەممەدا لە دەوروبەری دوورگەکە سوڕاونەتەوەو لەوێ ماون. وتیشی هێزی ئاسمانی تایوان و هێزە دەریاییەکان و تیمە موشەکییەکانی کەنار دەریا لە نزیکەوە چاودێری جموجۆڵی کەشتییەکان دەکەن و ئامادەن بۆ وەڵامدانەوە. هاوکات درەنگانی شەوی دوشەممە سەرۆکی تایوان  لە لاپەڕەی فەیسبووکەکەی نووسیویەتی " " نوێنەرایەتی هەرێمەکەم دەکەم بۆ جیهان و سەردانەکانم بۆ دەرەوەی وڵات، لەوانە وەستان لە ئەمەریکا، شتێکی نوێ نییە". وتیشی "بەڵام چین ئەمەی بەکارهێنا وەک هۆکارێک بۆ دەستپێکردنی مانۆڕی سەربازی، کە بووە هۆی ناسەقامگیری لە تایوان و ناوچەکەدا. ئەمە هەڵوێستێکی بەرپرسیار نییە بۆ وڵاتێکی گەورەی ناوچەکە." وەزارەتی بەرگری تایوان ڕاشیگەیاند ڕۆژی دووشەممە 91 فڕۆکەی سەربازی چین لە دەوروبەری دوورگەکەدا فڕیوە و نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە دەریدەخات فڕۆکەکانی چین ڕۆژی دووشەممە هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوانیان تێپەڕاندووە کە بە شێوەیەکی نافەڕمی وەک هێڵێکی جیاکەرەوە لە نێوان ئەو دوو ناوچەیە سەیردەکرێت. لە بەرامبەر هەڕەشەکانی چین،  باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تایوان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا لە نزیکەوە چاودێری مانۆڕەکانی چین دەکات لە دەوروبەری تایوان و " ئاسوودە و دڵنیایە چونکە سەرچاوە و توانای تەواوی هەیە بۆ دڵنیابوون لە دەستەبەرکردنی  ئاشتی و سەقامگیری لە دورگەکە." هاوکات ، مایکڵ مککۆل، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کردووە و لە یەکەم پەیامیدا گوتی، "سەردانی تایوان؛ ناردنی پەیامێکە بۆ پارتی کۆمیۆنیستی چین، بەوەی ئەمریکا تایوان بەهێز دەکات و پێویستە پەکین بەرلەوەی هێرش بکاتە سەر تایوان بە باشی بیر بکاتەوە."

هاوڵاتی بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسانی ئەمەریکا هەوڵی زۆر دەدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنی بەڵگەنامە سەربازی و هەواڵگرییە نهێنییەکان بەهۆی کاریگەرییان لەسەر ئاڵوگۆڕی زانیاری هەستیار لەناو حکومەتدا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پێداچوونەوەی بۆ زیاتر لە 50 لەو دۆکیومێنتانە کردووە کە بە "نهێنی" و "زۆر نهێنی" ناونراون، کە بۆ یەکەم جار لە سەرەتای مانگی سێدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و وردەکاری لاوازییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا و زانیاری دەربارەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکای ئاشکرا کرد لەوانە ئیسرائیل و کۆریای باشوور و تورکیا. کاردانەوەی حکومەتە جیاوازەکان لە بەرامبەر بڵاوبونەوەی ئەو بڵگەنامانە : لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو یەکێک لە بڵگەنامەکانی  بە  " بێ بنەما " ناوی برد کە تیایدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مۆساد، یەکێک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکە، هانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی داوە دژی پلانەکەی ناتانیاهو بۆ توندکردنەوەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی دادوەری. کۆریای باشور؛ کاربەدەستێکی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند وڵاتەکەیان ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتانەیە سەبارەت بە بەڵگەنامە دزەکراوەکان و پلانی هەیە لەگەڵ واشنتن تاوتوێی ئەو بابەتانە بکات . یەکێک لە بەڵگەنامەکان وردەکاری گفتوگۆ ناوخۆییەکانی بەرپرسانی باڵای کۆریای باشووری تێدایە سەبارەت بە فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سیئۆل بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا . تورکیا؛ یەکێک لە بەڵگەنامەکان بە ناوی "زۆر نهێنی" بە وردی باس لەوە دەکات کە چۆن بەڵێندەرە سەربازییە تایبەتەکانی ڕوسیا لەگەڵ تورکیا کۆبوونە تەوە بۆ کڕینی چەک لە ئەنقەرە. لەو بارەیەوە باڵیۆزخانەی تورکیا لە واشنتۆن ڕەتی کردەوە لێدوان بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بدات. هاوکات ژمارەیەکی زۆر لەو بڵگەنامانە باس لە توانای سەربازی ئۆکرانیا دەکان بەرامبەر ڕوسیا ویەکێک لە بەڵگەنامەکان کە بەرواری 23ی شوبات و نیشانەی "نهێنی"ی لەسەرە، وردەکارییەکانی کەمبوونەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس300ی ئۆکرانیا دەخاتەروو، کە بەو رێژەیەی ئێستای بەکاریدەهێنن. ئەو جۆرە زانیارییە وردە پارێزراوانە دەتوانن سوودێکی زۆریان بۆ هێزەکانی رووسیا هەبێت و ئۆکرانیاش رایگەیاندووە کە سەرۆک و بەرپرسانی باڵای ئەمنی ڕلە رۆژی هەینی کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی رێگریکردن لە دزەپێکردنەکان. بڵاوبونەوەی ئەم دۆکۆمێنتانە بە تەواوی پنتاگۆنی توڕەکردووە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی بڵگەنامەکان دەستی پێکردووەو بابەتەکە ڕەوانەی وەزارەتی داد کراوە.  وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند دەزگاکان هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانی ئەو دۆکیومێنتانە دەکەن لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و هەروەها کاریگەرلەسەر هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمەریکا، کە ئەمەش پرۆسەیەکی ستانداردە و بە " هەڵسەنگاندنی زیانەکان " ناسراوە بۆ دزەکردنی زانیاری نهێنی. هاوکات مایکل مۆڵرۆیی، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: "لە ئێستادا گرنگی بەو بابەتە دەدرێت، چونکە زۆرێک لەو بەڵگەنامانە تەنها لە دەستی ئەمریکادا بوون". هەروەها دانیێل هۆفمان، ئەفسەرێکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (سی ئای ئەی) وتی بەهۆی چالاکییەکانی پێشووی دەزگا هەواڵگرییەکانی مۆسکۆوە، ئەگەری زۆرە کاربەدەستانی ڕوسیا بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە ئۆکرانیاوە بڵاو بکەنەوە. وتیشی ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە "بە مەبەستی چاندنی سەرلێشێواوی،ودروستکردنی  ناکۆکییە  لەنێوان دوژمنەکانی ڕوسیادا، کردارێکی "کلاسیک"ی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕوسیایە بۆ دزەکردنی بەڵگەنامەی ڕاستەقینە کە تیایدا زانیاری هەڵەیان تێدایە." بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە قۆناغی سەرەتاییدایە و ئەوانەی بەرپرسی ئیدارەکەن، بەدووری نازانن ئەو کەسانە لایەنگری رووسیابن لەپشت دزەپێکردنی بەڵگەنامەکان، ئەمەش وەک یەکێک لە پێشێلکارییە ئەمنییە جددیەکان سەیر دەکرێت لەدوای دزەپێکردنی ویکیلیکسەوە لە ساڵی 2013 کە زیاتر لە 700 هەزار بەڵگەنامە و ڤیدیۆی لەخۆگرتبوو.    

هاوڵاتی هەزاران کەس بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کرد کە لە 70 شاری ئەڵمانیا ئەنجامدرا و دابینکردنی چەکیان بۆ کیێڤ ڕەتکردەوە و داوای کۆتاییهێنان بە هەڵکشانی چەک و دەستپێکردنی دانوستانی بەپەلەیان لەگەڵ ڕوسیا کرد. ئاژانسی DPA بڵاویکردەوە، خۆپیشاندانەکان لە چوارچێوەی ڕێپێوانەکانی ئاشتیدا ڕێکخرابوو، کە ساڵانە لە سەروبەندی جەژنی ئیستەردا لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، لە شارەکانی بەرلین، بۆن، برێمن، دویسبورگ، هانۆڤەر، لایپزیگ، میونشن و شتوتگارت گەورەترین خۆپیشاندان ئەنجامدرا. ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکە ئاماژەیان بەوەکرد، زیاتر لە دوو هەزار کەس بەشداری ڕێپێوانەکەی بەرلینیان کردوە و نزیکەی هەزار و 200 کەسیش کەسیش لە شاری هانۆڤەر کۆبونەوە. لە شاری بۆن، ڕێپێوانی ئاشتی بەو دروشمە ڕێکخرا کە ئەگەر ئۆکرانیا مافی بەرگری لە خۆی هەبێت، چەکی قورستر چارەسەر نییە، بەڵکو ناردنی چەک سوتەمەنی شەڕە. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئەڵمانیا، لە سەرەتای جەنگی ئۆکرایناوە، بەرلین بە بەهای دوو ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی ئۆکراینای کردووە و پلانیشی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵ زیاتر لە دوو ملیار و دوو سەد ملیۆن دۆلاری دیکە هاوکاریی سەربازی ئۆکراینییەکان بکات.  گرنگترین هاوکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ سوپای ئۆکراینا بریتی بوون لە پێدانی 18 تانکی لیۆپارد، 34 درۆنی چاودێری، 500 سیستمی بەرگریی ستینگەر، 14،900 مینی دژە تانک، پێنج سیستمی رۆکێتی مارس - دوو و 14 تۆپهاوێژی هاوتزەر. لە سەرەتای جەنگی ئۆکرایناوە 46 وڵات هاوکاریی سەربازیی ئۆکراینایان کردووە. خۆپێشاندەرانیش دەڵێن ئەو هاوکارییانە جیهان رووبەڕووی جەنگێکی گەورە دەکەنەوە.  

هاوڵاتی جووڵەکانی ئەم دواییەی تایوان چینی توڕەکردووەو ئەو وڵاتە لە ئێستادا بۆ دووەم ڕۆژ بە 42 فڕۆکەی جەنگیی جۆراوجۆر؛ هەشت کەشتیی سەربازیی بە قەبارەی گەورە و مامناوەند و دەیان یەکەی دەریایی مانۆڕێكی چڕی سەربازیی لە نزیک دوورگەکە ئەنجام دەدەن. چین کە  تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت، ڕۆژی شەممە دەستی بە مانۆڕی سەربازی کرد لە دەوروبەری دوورگەکەدا، ئەمەش ڕۆژێک پاش ئەوەی سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن لە سەردانێکی کورتدا بۆ ئەمەریکا گەڕایەوە. وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایگەیاند تا نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە 58 فڕۆکەی چینییان بینیوە، لەنێویاندا فڕۆکەی شەڕکەری سو-30 و فڕۆکەی بۆمبارانی H-6 و نۆ کەشتی لە دەوروبەری تایوان. ئەوەشی ڕونکردەوە کە" ئەوان گرنگییەکی تایبەت بە هێزی موشەکی سوپای ئازادی گەلی چین دەدەن کە بەرپرسیارە لە سیستمی موشەکی چین." لە بەرامبەر هەڕەشەکانی چین،  باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تایوان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا لە نزیکەوە چاودێری مانۆڕەکانی چین دەکات لە دەوروبەری تایوان و " ئاسوودە و دڵنیایە چونکە سەرچاوە و توانای تەواوی هەیە بۆ دڵنیابوون لە دەستەبەرکردنی  ئاشتی و سەقامگیری لە دورگەکە." هاوکات ، مایکڵ مککۆل، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کردووە و لە یەکەم پەیامیدا گوتی، "سەردانی تایوان؛ ناردنی پەیامێکە بۆ پارتی کۆمیۆنیستی چین، بەوەی ئەمریکا تایوان بەهێز دەکات و پێویستە پەکین بەرلەوەی هێرش بکاتە سەر تایوان بە باشی بیر بکاتەوە." ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە ڕایگەیاند" چین هێرشی ئاسمانی و دەریایی ئەنجام دەدات بۆ سەر " ئامانجە سەربازییە بیانییەکان " لە ئاوەکانی کەناری باشوری ڕۆژئاوای تایوان." سەرچاوەکە وتیشی " تایوان تاکە ئامانجی ئەوان نییە" .  ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردووە، نزیکەی 20 کەشتی سەربازی، کە نیوەیان کەشتی تایوانن و نیوەیان کەشتی چینن، لە نزیک هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوان وەستاون، کە چەندین ساڵە بەربەستێکی نافەرمییە لەنێوان هەردوولادا، بەڵام بە شێوەیەکی هاندەرانە هەڵسوکەوتیان نەکردووە. سەرچاوەکە ئەوەشیڕونکردەوە کەشتی فڕۆکە هەڵگری چین شاندۆنگ کە تایوان لە هەفتەی ڕابردووەوە چاودێری دەکات، ئێستا زیاتر لە 400 میل دەریایی لە کەناراوەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی تایوانەوە دوورە و مەشقەکان ئەنجام دەدات. جێگەیباسە چین هەرگیز وازی لە بەکارهێنانی هێز نەهێناوە بۆ ئەوەی دوورگەکە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت، دەڵێت تایوان گرنگترین و هەستیارترین بابەتە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا و ئەم بابەتە سەرچاوەی گرژییە.

هاوڵاتی ئەمریکا، کۆریای باشور و ژاپۆن ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانییەکی قوڵیان دەربڕی سەبارەت بە چالاکییە ئەلیکترۆنییەکانی کۆریای باکور بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرنامەکانی چەکسازیی وڵاته‌كه‌. بەرپرسان و شارەزایانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەڵێن، ئەو دراوە دیجیتاڵیانەی کە لەلایەن هاککەرەکانی کۆریای باکورەوە دزراون، سەرچاوەیەکی سەرەکی بوە بۆ دابینکردنی بودجە بۆ بەرنامەکانی چەکی ئەو وڵاتە كه‌ گەمارۆدراوە. لە بەیاننامەکەدا هاتوە، "بە نیگەرانییەوە پشتڕاستی دەکەینەوە کە کارمەندانی ئایتی دەرەوەی وڵات لە کۆریاوە بەردەوامن لە بەکارهێنانی ناسنامە و نەتەوەی ساختە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆکردنەوەی پارە بۆ بەرنامە موشەکییەکانی كۆریای باكور". لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "نیگەرانییەکی قوڵمان هەیە لەوەی کە چۆن وڵاتان پشتگیری ئەم بەرنامانە ده‌كه‌ن، لەڕێگەی دزی و سپیکردنەوەی پارە، هەروەها کۆکردنەوەی زانیاری لەڕێگەی چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەکانەوە". نوێنەری کۆریای باشور بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکور لەم هەفتەیەدا لەگەڵ هاوتا ئەمریکی و ژاپۆنییەکانی لە سیئۆل وتوێژی ئەنجامدا و تاقیکردنەوەکانی پیۆنگیانگی بۆ چەک شەرمەزار کرد. ئەمە لەکاتێکدایە چەندین ساڵە بەهۆی هەوڵەکانی کۆریای باکور بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان سزای قورس بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن.   سەرچاوە: Voice of America

هاوڵاتی ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پوختەی ڕاپۆرتە نهێنییەکانی بڵاوکردەوە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێش خۆی بە هۆکاری کشانەوەی ئاژاوەگێڕانەی سوپای ئەمریکا لە مانگی ئابی 2021 لە ئەفغانستان تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێت، شكستیهێناوه‌ لە پلاندانان بۆ کشانەوە و راده‌ستكردنی وڵاته‌كه‌ به‌ بزوتنەوەی تاڵیبان. رۆژی پێنجشەممە 6ـی نیسانی 2023، کۆشكی سپی چەند بەڵگەنامەیەکی هەستیار و نهێنی لەبارەی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ئابی 2021دا، خستەڕوو، دواتر بۆ کۆنگرێس نێردرا کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی زۆرینە کۆماری لێکۆڵینەوە لە "شکستی جۆ بایدن" لە کاتی کشانەوەکەدا دەکرێت و بایدن ئۆباڵی کشانەوەکە دەخاتە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ و زانیاریی هەڵەی هەواڵگرییەوە. ترەمپیش دەڵێت: "هەمووی هەڵەی بایدنە."  راپۆرتەکە کە پێکهاتووە لە 12 لاپەڕە ئاماژەی بەوەشداوە، ئیدارەی ترەمپ بەبێ ئامادەکاریی پرسی کشانەوەی رادەستی ئیدارەی جۆ بایدن کردووە. لەکاتی راگەیاندنی کورتەیەک لە بەڵگەنامەکان، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە لەکاتی چۆڵکردنی ئەفغانستان "هەڵە روویداوە".  کێربی گوتی: "کۆتاییهێنانی جەنگ، هەر جەنگێک کارێکی ئاسان نییە. بەتایبەتیش لەدوای 20 ساڵ. ئەوەش مانای ئەوە نییە کە کۆتاییهێنانی ئەو جەنگە لە ئەفغانستان شایەنی ئەوە نەبووە بکرێت."  کۆشکی سپی بەشێوەیەکی گشتیی لۆمەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای کرد بەوەی کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەودا، دۆخێکی هێناوەتە ئاراوە کە سەری ناوەتە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان.  لە پوختەی پێداچونەوەکاندا هاتوەکە "هەڵبژاردەکانی سەرۆک بایدن سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی کشانەوەی لە ئەفغانستان بە توندی سنوردار بوە بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە سەرۆکەکەی پێش خۆی دروستی کردوە"، ئیدارەی پێشو هیچ پلانێکی بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی کشانەوە یان چۆڵکردنی کۆتایی ئەمریکییەکان یان هاوپەیمانەکانی ئەفغانستان نەخستەڕو. هاوکات، دانی بەوەشدا نا کە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا شکستی هێناوە لەوەی لە ئاستی "بەهێزی تاڵیبان و لاوازی هێزەکانی حکومەت تێبگات" لەکاتێکدا وڵاتانی رۆژئاوا دوو دەیەیان لە بەهێزکردنی سوپاکەدا خەرجکردبوو. کێربی گوتی: "بە راشکاوی، ئێمە لەبارەی هەواڵگرییەوە شتەکانمان نەپێکا."   هەر لە راپۆرتەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپیدا هاتووە، پاش 20 ساڵ و خەرجکردنی 2 ترلیۆن دۆلار لە ئەفغانستان، ئیدارەی بایدن لەبەردەم دوو ئەگەردابووە، یان شەڕ دژی تاڵیبان دەستپێبکاتەوە یان پاشەکشەبکات، کە بڕیار لەسەر پاشەکشەکردن لەو وڵاتە درا. هاوکات لە راپۆرتەکەیدا، کۆشکی سپی ئۆباڵی هەڵەکان دەخاتە ئەستۆی رێککەوتنێکی شوباتی 2020ـی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان و دەڵێت، ئەو رێککەوتنە حکومەتەکەی بایدنی خستووەتە دۆخێکی ئەستەمەوە.   ئەمریکا رێککەوتنێکی لەگەڵ تاڵیبان ئەنجامدابو، لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئه‌مریكا بۆ کشانەوەی هەمو هێزەکانی وڵاته‌كه‌ له‌ ئه‌فغانستان، به‌هۆیه‌وه‌ ئیداره‌ی ئه‌و وڵاته‌ كه‌وته‌وه‌ ده‌ست تاڵیبان و حكومه‌تی كابوڵ روخا و ئه‌شره‌ف غه‌نی، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌فغانستان وڵاتی به‌ره‌و تاجیكستان به‌جێهێشت. کۆشکی سپی دەشڵێت، ترەمپ لە 11 مانگی کۆتایی ئیدارەکەیدا بەشێوەیەکی بەردەوام ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان کەمکردبووەوە، بەجۆرێک لە کاتی دەستبەکاربوونی ئیدارەی بایدن لە کانوونی دووەمی 2021دا، تەنیا دوو هەزار و 500 سەربازی هێشتبوویەوە.  لەمبارەیەوە،مایکل مەککۆل، سەرۆکی کۆمارییەکانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بە توندی ڕەخنەی لە ئیدارەی ئەمریکا گرت، ئه‌و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە بایدن فەرمانی کشانەوەکەی داوە و "بەرپرسە لە شکستە گەورەکان لە پلاندانان و جێبەجێکردندا نەک ترەمپ". لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ رۆژی پێنجشەممە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی کشانەوەی ئەمریکای لە ئەفغانستان بە "خۆ بەدەستەوەدان" ناوبرد و گوتی کە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا لێی بەرپرسە. ترەمپ نووسی:" بایدن بەرپرسە، هیچ کەسێکی دیکە بەرپرس نییە."  لە راپۆرتەکەیدا، کۆشکی سپی باس لەوە دەکات لە ماوەی 20 ساڵدا، ئەمریکا 2 ترلیۆن دۆلاری لە ئەفغانستان خەرجکردووە و 300 هەزار سەربازی پێگەیاندووە. بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، دەزگای هەواڵگرییەکەیان شکستیهێناوە لەوەی پێشبینی ئەوەیان نەکردبوو کە "بەو خێراییە سوپای ئەفغانستان هەرەس دێنێت" و تاڵیبان دەست بەسەر وڵاتدا دەگرێت.  بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ 1996دا ده‌ركه‌وت و زیاتر له‌ سه‌دا 80ی خاكی ئه‌فغانستانی كۆنترۆڵ كرد و ئیماره‌تێكی ئیسلامی له‌ ئه‌فغانستان راگه‌یاند و ته‌واوی هێز و گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كانی ئه‌فغانستانی له‌ دۆڵی بانشیر گه‌مارۆ دابوو. به‌ هۆی ته‌قاندنه‌وه‌ی تاوه‌ره‌ بازرگانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، واشنتن رێكخراوی قاعیده‌ و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی به‌ ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كان تۆمه‌تبار كرد و داوایكرد، تاڵیبان ئوسامه‌ بن لادن راده‌ستی ئه‌مه‌ریكا بكات، به‌ڵام مه‌لا عومه‌ری ئه‌میری پێشووتری بزووتنه‌وه‌كه‌ ره‌تیكرده‌وه‌، بن لادن راده‌ست بكات  و رایگه‌یاند، بن لادن میوانی خۆشه‌ویستی ئه‌فغانستانه‌. به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی بۆ سه‌ر ئه‌فغانستان ده‌ستپێكرد و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان له‌ كابوڵ هێنا. ئەو کشانەوەیەی کە کۆتایی بە درێژترین شەڕی ئەمریکا هێنا، شاهێدی هەڵاتنی دەیان هەزار ئەفغانی بو كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌دا بێهیوا بون به‌هۆی گەڕانەوەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیبانی توندڕەو، ته‌نانه‌ت هەندێکیان منداڵه‌كانیان رادەستی هێزەکانی ئەمریکا یان كرد و خۆشیان له‌ پڕۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز و پڕ له‌ ئاژاوه‌دا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی كابوڵ هه‌وڵی خۆ رزگاركردنیاندا.      

ئازەربایجان مانۆڕێکی سەربازیی لە سنوری وڵاتەکەی لەگەل ئێران دەست پێکرد و سوپای وڵاتەکەش رایگەیاند ئامادەکاریی دەکات بۆ بەرەنگاربونەوەی هێرشی کتوپڕ. وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئازەربایجان لە راگەیەنراوێکدا دەستپێکردنی مانۆڕ و مەشقی سەربازیی لە هەرێمی نەخجەوان و لە نزیک سنورەکانی ئێران-ی بڵاو کردەوە. وەزارەتی بەرگریی  ئاماژەی بەوە کردوە؛ هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان و قەڵغانی موشەکی و ئاسمانیی سوپا بە ئامانجی بەرنگاربونەوەی هێرشی نەخوازراو، مەشق و راهێنانیان لە چوارچێوەی مانۆڕێکی سەربازیی دەست پێکردوە. لە مانۆڕەکەدا سەرجەم قەڵغانە دژە ئاسمانییەکان و تۆپخانەکان لەو سنورانە تاقی دەکرێنەوە و ئاستی ئامادەیی بەرگریی ئاسمانی و پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان تاقی کراونەتەوە. لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەمە دووەم مانۆڕی سەربازیی ئازەربایجانە کە لە سنورەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران ئەنجامی داوە و مانۆڕەکەی پێشویی وڵاتەکە لە سنورە ئاوییەکانی دەریای قەزوێن بوە. کۆماریی ئیسلامی ئێران، وڵاتی ئازەبایجان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ تەلئەبیب هەیە و ئیسرائیل لە رێگەی خاکی ئازەربایجانەوە چەند جارێک هێرشی کردوەتە سەر وێستگە ئەتۆمییەکان و پلانی هێرشی دیکەشی لە خاکی ئەو وڵاتەوە هەیە.  

هاوڵاتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەلبانیا و ماڵتا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چونە دەرەوە و پەخشی ئینتەرنێتی کۆبونەوەکەیان ڕاگرت  دوای ئەوەی نوێنەری ڕوسیا سەبارەت بە گواستنەوەی منداڵان لە ناوچەکانی جەنگ  دەستی کرد بە قسەکردن . ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەڕیتانیا و ئەمەریکا ڕێگەیان لەوکۆبوونەوە نافەڕمییە  گرت کە  پەخشبکرێت ودیپلۆماتکارەکانی ئەو چوار وڵاتە  ژووری کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بەجێهێشت کە گفتوگۆکەی تێدا بەڕێوەچوو دوای ئەوەی کۆمیسیاری ڕوسیا ماریا لۆڤا-بێلۆڤا دەستی کرد بە قسەکردن لەسەر "دەرکردنی منداڵان لە ناوچەکانی شەڕ". سەبارەت بە هەڵوێستەکەیان،باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا لەگەڵ بەڕیتانیادا بووە بۆ ڕاگرتنی پەخشی ئینتەرنێتو گواستنەوەی ئەو کۆبونەوەیە  "بۆ ئەوەی لۆڤا-بێلۆڤا نەتوانێن لە پەخشێکی  نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە  زانیاری هەڵە بڵاوبکاتەوە و بەرگری لە کردەوە ترسناکەکانی بکات لە ئۆکرانیا." جێگەیباسە مۆسکۆ نایشارێتەوە کە  هەزاران منداڵی ئۆکرانی هێناوەتە ڕوسیا، بەڵام وەک هەڵمەتێکی مرۆیی بۆ پاراستنی هەتیوان و منداڵانی جێهێڵراو لە ناوچەی جەنگدا باسی دەکات. لۆڤا بێلۆڤا لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان باسیلەوەشکرد، لە شوباتی 2022 ەوە نزیکەی 5 ملیۆن ئۆکرانی، لەنێویاندا 700 هەزار منداڵ، گەشتیان کردووە بۆ ڕوسیا. وتیشی نزیکەی 2 هەزار منداڵ لە هەتیوخانەکان بوون و سەربازەکان گواستویانەتەوە، هاوکات  نزیکەی 1300 لەو منداڵانە لەو کاتەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئۆکرانیا، لە کاتێکدا 400 منداڵ ئێستا لە هەتیوخانەکانی ڕوسیان و 358 منداڵیش لە ماڵە بەخێوکەرەکانی ڕوسیا دانراون. دوای ئەوەی لۆڤا-بێلۆڤا قسەکانی تەواو کرد دیپلۆماتی بەریتانی ئەسیما غازی-بویلۆن گەڕایەوە ژوری کۆبونەوەکان و ڕایگەیاند، "ڕوسیا ده ڵێت ئه و منداڵانه ده پارێزێت ، بەڵام ئەمە سیاسەتێکی ترسناکە کە لە ڕێگەیەوە  هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و دەوڵەتی ئۆکرانیا دەدات."  هاوکات  مانگی ڕابردوو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی دژی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و لڤۆڤا بێلۆڤا دەرکرد کە تۆمەتباریان دەکەن بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی منداڵان لە ئۆکرانیاوە دەگوازنەوە بۆ ڕوسیا لەو کاتەوەی ڕوسیا لە 24 ی مانگی دووی ساڵی 2022 داگیرکاری دژی ئۆکرانیا دەستپێکرد و مۆسکۆش لەو بارەیەوە گوتی  فەرمانەکان لە ڕووی یاساییەوە پووچەڵن چونکە ڕوسیا واژۆی ئەو پەیماننامەیە ناکات کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەسەر دامەزراوە. هەر سەبارەت بە کۆبونەوەکە باڵیۆزی ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان  بە ڕۆژنامەنووسانی وت کۆبوونەوە نافەرمییەکە زۆر پێش ڕاگەیاندنی دادگای نێودەوڵەتی پلانی بۆ دانراوە و مەبەست لێی ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانە نییە کە لە دژی پوتن و لڤۆڤا-بێلۆڤا ئەنجام دراوە. دیپلۆماتکاران دەڵێن زۆر دەگمەنە کە پەخشی ئینتەرنێتی نەتەوە یەکگرتووەکان بلۆک بکرێت. بەڵام مانگی ڕابردوش چین ڕێگەی لە کۆبوونەوەی نافەرمی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کۆریای باکوور.

هاوڵاتی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕەخنەی توندی لە داواکاری گشتی نیویۆرک ئەلڤین براگ گرت بەهۆی ئەوەی برایە بەردەم دادگا و لە ئێستادا بە  34 تاوان تۆمەتبار کراوە و خۆی بە قوربانی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی پێشکەش بکات. ترەمپ لە ماڵەکەی خۆی لە شاری پالم بیچ لە فلۆریدا لە گەڵ لایەنگرانی کۆبونەوەو ڕایگەیاند ،"هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە شتێکی لەو شێوەیە لە ئەمەریکا ڕووبدات، تاکە تاوان کە ئەنجامم داوە ئەوەیە کە بە بێ ترس بەرگری لە گەلەکەمان بکەم لە دژی ئەوانەی هەوڵی لەناوبردنی دەدەن." ئەمەشدوای ئەوەهات کە رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە دادگەی مانهاتن لە نیویۆرکی ئەمریکا خرایە ژێر چاودێری پۆلیسەوە و پەنجەمۆری پێکرا و وێنەشی گیرا، بەوەش بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لە تەواوی مێژووی وڵاتەکەدا دەستگیربکرێت. ئالڤین براگ، داواکاری گشتیی دادگەی مانهاتنی نیویۆرک بە تۆمەتی ساختەکردنی تۆماری بازرگانی بۆ شاردنەوەی زانیاریی زیانبەخش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016دا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەرکرد. ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ دۆناڵد ترەمپ بریتین لە پێدانی 130 هەزار دۆلار بە ستۆرمی دانیێڵس، ئەکتەری پێشووی فیلمە رووتەکان و پێدانی 150 هەزار دۆلار بە کارن مەکدۆگاڵ، ئەکتەری پلەی بۆی تاوەکو زانیاری لەبارەی ئەو پەیوەندییە سێکسییەوە بڵاونەکەنەوە لەگەڵ ترەمپدا هەیانبووە. سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا گوتیشی، ڕکابەرەکانی هەوڵدەدەن سیستەمی یاسایی دژی بەکار بهێنن بۆ ئەوەی ڕێگری لێبکەن  لە بردنەوەی کۆشکی سپی لە ساڵی 2024 دا و ئەو دادوەرەی کەیسەکەی بەڕێوەدەبات تاوانبار کرد بەوەی کە "دادوەرێکی ڕق لە ترەمپە."  هاوکات ترەمپ باسی لە هەموو دۆسیە یاساییە جۆراوجۆرەکانی دژیکراوە کرد و وتی  ئەو کەیسانە هەوڵێکە بۆ شکستپێهێنانی سێیەمین هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکایەتی و بە " دەستێوەردانێکی گەورەی هەڵبژاردن بە ئاستێک کە هەرگیز نەبینراو." ناوی برد بە شێک لەو کەیسانەی ترەمپ لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت:لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکان کە لە سەرەتای ساڵی 2021 دا لە کۆشکی سپی گواستراونەتەوە، لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە هێرشەکەی 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2021 بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا و کەیسی دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکان لە جۆرجیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 . دۆناڵد ترەمپ لە گوتارەکەیدا بە تووندی رەخنەی لە سیاسەتی ئیدارەی بایدن گرت و لە بەشێکی قسەکانیدا، کشانەوەی سوپای ئەمریکای لە ئەفغانستان بە "شەرمەزارترین کات لە مێژووی ئەمریکا" ناوبرد.  سیاسەتی ئیدارەی بایدن، وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، "خەریکە سەر بۆ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم دەکێشێت، ئەویش بەهۆی ئەو ژمارەی زۆرەی وڵات ئێستا مامەڵە لەگەڵ چەکی ئەتۆمیدا دەکەن." ترەمپ گوتی، "ئێمە زۆر لە [جەنگی جیهانیی سێیەمەوە] دوور نین، بڕوا دەکەن یان نا."  لە کۆتایی گوتارەکەیدا دۆناڵد ترەمپ گوتی، "لەگەڵ هەموو ئەوەی گوتم و لەگەڵ ئەو هەورە رەشەی بەسەر وڵاتە خۆشەویستەکەمانەوە هەیە، هیچ گومانێکم نییە کە دووبارە ئەمریکا گەورە دەکەینەوە."  

وڵاتی فینلەندا بە شێوەیەکی فەرمی بووە ئەندامی رێکخراوی ئەتلەنتیکی باکور (ناتۆ). پرۆسەی ئەندامێتی فینلەندا لە ناتۆدا بە دوایین واژۆی پیکا هاڤیستون وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆتایی هات و فینلەندا بووە ٣١مین وڵاتی ئەنجامی ناتۆ و بەڵگەی یاسایی ئەندامێتیەکە رادەستی ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرا. ساولی نینیستۆ سەرۆککۆماری فینلەندا لە تویتەردا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەتاند، لە مێژووی وڵاتەکەیدا سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات و سەردەمی بێلایەنی سەربازی کۆتایی هات. وڵاتانی سوید و فینلەندا، دوای شەڕی روسیا – ئوکراین، بێلایەنی خۆیان لە رووی سەربازیەوە گۆڕی و داوایان لە ناتۆ کرد، ئەندامێتیان لە رێکخراوەکەدا پەسەند بکات. دوابەدوای داواکاریەکە، دەوڵەتی تورکیا کە لە رووی زۆری سەربازەوە، دووەم هێزی ناتۆیە، مافی ڤیتۆی بەکارهێنا و رایگەیاند، کاتێک ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە پەسەند دەکات کە  بە هەموو شێوەیەک رێگری لە کار و چالاکییەکانی پارت و رێکخراوەکانی دژی تورکیا وەکو “پەکەکە، فەتحوڵلاچیەکان و چەند پارتێکی چەپی تورکیا’ بکرێت و ژمارەیەک کەسایەتیش رادەست بکرێنەوە. لە 28ى حوزەیرانى ساڵی ٢٠٢٢، لە میانی کۆبوونەوەى لوتکەی ناتۆ لە مەدریدى پایتەختى ئیسپانیا، تورکیا و سوید و فینلەندا رێککەوتنێکى سێ قۆڵیان واژۆکرد و گەیشتنە رێککەوتن کە داواکاریەکانی تورکیا جێبەجێ بکرێن. دانوستانەکانی تورکیا لەگەڵ سوید و فینلەندا بە باشی بەڕێوەدەچوون تاوەکو 11ى کانوونى دووەمى 2023 کە لە ستۆکهۆڵم لەلایەن چالاکانى کوردەوە خۆپیشاندانێک رێکخرابوو و تێیدا بوکەڵەیەک هاوشێوەی ئەردۆغان بە قاچ هەڵواسرا. ئەو پێشهاتە تورکیای زۆر تووڕە کرد و بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاند کە پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو خۆپیشاندانە دەستگیر و رادەستی تورکیا بکرێنەوە، بەڵام سوید هیچ هەنگاوێکی بە دڵی تورکیا نەنا. دواتر، راسمۆس پالودان، چالاکی سویدی-دانیمارکی بە بەرچاوى پۆلیسەوە لەبەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لە ستوکهۆڵم قورئانی سوتاند و ئەوەش بووە هۆی تێکچوونی زیاتری پەیوەندیەکانی نێوان سوید و تورکیا و لە ئیستادا پرسی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە. هەرچەندە فینلەندایە، رایگەیاند کە ئەوان پرۆسەکە لە سوید جیادەکەنەوە و سەربەخۆ لەگەڵ تورکیا دەست بە دانوستان دەکەن. هەرچەندە فینلەندا بووە ئەندامی ناتۆ، بەڵام تاوەکو ئێستاش روون نییە، بە چی شێوازێک تورکیای رازی کردووە کە ئەندامێتیەکەی واژۆ بکات، لە کاتێکدا کە هیچ هەنگاوێکی فەرمی لەبەرامبەر ئەو رێکخراو و پارتانە نەناوە کە دژی دەوڵەتی تورکیا دەوەستنەوە.

پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند لە پشوەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا گەشت و هاتوچۆ بەراورد بە ساڵی رابردو زۆرتر بوە و روداوەکانی هاتوچۆش زیاتر لە 16 هەزار قوربانیی لێکەوتوەتەوە. کەمال هادیانفەر، بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند؛ لە 18ی مانگی ئازار تا سێی مانگی نیسان 821 کەس بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و 16 هەزار کەسیش برینداربون. هادیانفەر، ئاماژەی بەوە کردوە رێژەی هاتوچۆ و گەشتەکانی تایبەت بە نەورۆز لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردو 40% بەرزبوەتەوە بەڵام رێژەی ئەو کەسانەی بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە بۆ 22% کەم بوەتەوە. بە پێی ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ لە ماوەی 18 رۆژی پشوەکانی نەورۆز لە ئێران رۆژانە زیاتر لە 45 کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە. لە ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ دەرکەوتوە زیاترین گەشت بۆ پارێزگاکانی گیلان و مازەندەران لە باکوری ئێران کراوە و دانیشتوانی تاران زیاترین گەشتیان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە کردوە.

هاوڵاتی کەناڵی هەواڵی ئێن بی سی ئەمریکی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە ئەو باڵۆنە چینیەی لە لایەن ئەمریکاوە خرایە خوارەوە زانیاری هەواڵگری بنکەکانی سەربازی ئەمەریکای بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ پەیکین گواستۆتەوە.  کەناڵی ئێن بی سی بە ئاماژەدان بە گوتەی  دوو بەرپرسی باڵای ئێستای ئەمەریکا و بەرپرسێکی باڵای پێشووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بایدن  رایگەیاند، باڵۆنەکە چەند جارێک بەسەر ئەو ناوچانەدا تێپەڕیوە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکای لێبووە زانیاری گواستۆتەوە پێش ئەوەی لە چواری مانگی دوودا بە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا  بخرێتە خوارەوە . ئەو بەرپرسانە بە کەناڵەکەشیان گوتووە، زانیارییەکانی چین کۆیکردووەتەوە لە ڕێگەی ئەو باڵۆنەوە لە زانیاری نێردراوی ئەلکترۆنییەوە بووە لە ڕێگەی ئاماژە ئەلیکترۆنییەکانەوە ، کە دەتوانرێت لە سیستەمی چەکەوە یان ئەو پەیوەندییە تایبەتییانەی کارمەندەکان لە بنکەکاندا ئەنجامیان داوە وەربگیرێن ، دەشڵێن بە شێوەی وێنەی ڕاستەوخۆی بنکەکان نەبووە. هەروەها ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش ڕایگەیاند بەرپرسانی ئەمەریکا بەردەست نەبوون بۆ لێدواندان لەسەر بابەتەکەو وەزارەتی دەرەوەی چین لە پەکین و باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن وەڵامی داواکاری ئەو ئاژانسەیان نەداوەتەوە بۆ پێدانی هیچ لێدوانێک. ئەو باڵۆنە کە چین نکۆڵی لێدەکات بۆ کاری  سیخوڕی بەکارهێنرابێت، هەفتەیەکی بەسەر ئەمەریکا و کەنەدا مایەوەو لە سەرەتای مانگی شوباتدا سوپای ئەمەریکا لەسەر فەرمانی  جۆو بایدن لە کەناراوەکانی ئەتڵەسی خستیانە خوارەوە ،هاوکات ئەم ڕوداوەش وایلە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کرد سەردانەکەی بۆ پەکین دوابخات و پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین گرژی زیاتر بکات.  

هاوڵاتی نووسینگەی سەرۆکی فینلاند ڕایگەیاند، کە فینلاند ڕۆژی سێشەممە بەفەرمی دەبێتە ئەندامی ناتۆ و هەروەها سکرتێری گشتی ناتۆ جێنس ستۆلتنبێرگ ئەم ڕاگەیاندنەی پشتڕاستکردەوە و وتی ئەم هەنگاوە فینلەندا سەلامەتتر دەکات. ئاژانسی هەواڵی سکاینیوز ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە ،ڕۆژی سێشەممە فینلاند ئەو وڵاتەی کە سنووری هاوبەشی لەگەڵ ڕوسیادا هەیە، دوای داگیرکارییەکەی ساڵی ڕابردووی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دوای ئەندامبونی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کرد بە ڕەسمی دەبێتە سی و یەکەمین ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە. هاوکات ئەمە یەکەم گەورەبوونی ناتۆیە لەو کاتەوەی مەقدوونیای باکوور لە ساڵی 2020 پەیوەندی بە هاوپەیمانیەوە کردووە. هەروەها تورکیا کۆتا ئەندامی ناتۆ بوو کە مانگی ڕابردوو داواکارییەکەی فینلاندی بۆ ئەندام بوون  قبوڵ کرد وتورکیا هێشتا ڕێگرە و ڕازینییە لە بە ئەندام بوونی سوید لەو هاوپەیمانێتییەکە. ناتۆ ،ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی کە بە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناودەبرێت، هاوپەیمانیەکی سەربازی نێوان حکومەتەکانی 30 وڵاتی ئەندامە-  کە 28 وڵاتی  ئەوروپی و دوو وڵاتی  ئەمریکای باکوور دەگرێتەوە.  

هاوڵاتی سەرۆکی هێزی بەکرێگیراوی ڕوسی واگنەر لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا یەکشەممە  ڕایگەیاند هێزەکانی ئاڵای ڕوسیایان لەسەر باڵەخانەی ئیداری شاری باخموتی ئۆکرانیادا بەرزکردۆتەوەو دەستیانگرتووە بەسەریدا ، بەڵام سوپای ئۆکرانیا دەڵێت سەربازەکانی هێشتا لە شەقامە وێرانەکاندا شەڕ دەکەن. ئاژانسی هەوەڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە،سەرۆکی ڤاگنەر ئێڤگینی پریگۆژین لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ڕۆژی یەکشەممە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە وتی هێزەکانی کە سەرکردایەتی هەڵمەتی کرێملینیان کردووە بۆ گەمارۆدان و گرتنی باخموت ئاڵای ڕوسیایان بەرزکردەوە لەسەر بینای ئیداری لە ناوەندی شارەکە و دەڵێت " لە ڕوانگەی یاساییەوە، باخموت دەستیبەسەردا گیراوە" باخموت شوێنی یەکێک لە خوێناویترین شەڕەکانی جەنگەکە بووە، ئێستا لە ساڵی دووەمیدایە، لەگەڵ قوربانییەکی گەورە لە هەردوو لا و بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی شارەکە  بەهۆی بۆردومانەکانەوە وێران بووە. بەڵام سوپای ئۆکرانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هێشتا شەڕ لە باخموت و چەند شارۆچکەیەکی دیکە بەردەوامە و ڕایانگەیاند "هێرش بۆ سەر شاری باخموت  بەردەوامە" لەگەڵ ئەوەشدا، بەرگریکارەکانمان بوێرانە شارەکە دەپارێزن." هاوکات شیکەرەوەی سەربازی ئۆکرانیا ئۆلێ ژدانۆڤ وتی شەڕ لە  ناوەندی باخموتی بەردەوامە و هێزەکانی ئۆکرانیا 25 هێرشی ڕوسیایان  بەرپەرچداوەتەوە بەڵام هێزەکانی ڕوسیا وێستگەی کانزای AZOMیان گرتووە.  

هاوڵاتی ڕوسیا کە سەرکردەکەی بە تاوانی جەنگ تۆمەتبارکراوە ڕۆژی شەممە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە دەست کە بووە هۆی توڕەیی ئۆکرانیا و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی بە هەنگاوێکی بێمانا و وێرانکەر ناوی برد. دواین جار کە ڕوسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە دەست کە بە بەرپرسیاری هێشتنەوەی ئاشتی و بەرەنگاربونەوەی کردەوەی دەستدرێژییە نێودەوڵەتییەکانە لە مانگی شوباتی 2022 بوو کە سوپای مۆسکۆ هێرشێکی داگیرکارییان بۆ ئۆکرانیا دەستپێکرد. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ،  رۆژی شەممە (1ـی نیسانی 2023) رووسیا بۆ ماوەی مانگێک و تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرت، و لەلایەن ئۆکرانیاوە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە. هاوکات لەلای خۆیەوە جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیاوە لە توویتێکدا رایگەیاندووە، رووبەڕووی هەر پێشێلکارییەک دەبینەوە کە لەلایەن رووسیاوە ئەنجام بدرێت لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.  بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا نووسیویەتی: وەرگرتنی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیاوە، شیاوی ئەوەیە ببێتە درۆی نیسان. هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیاش لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا سەبارەت وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن ڕوسیاوە وتی "بەداخەوە، ئێمە هەندێک هەواڵی بێمانا و وێرانکەرمان پێیە....." هەروەها ڕاشیگەیان لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ڕوسیا ڕۆژی هەینی منداڵێکی پێنج مانگ کوژراوە. سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی، "ڕوسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات زۆر ئەستەمە شتێکی دیکە  وێنا بکەین کە زیاتر مایەپووچبوونی ئەو جۆرە دامەزراوانە بسەلمێنێت". سەرۆکایەتیەکە هەر مانگێک بە ئەلف و بێ لە نێوان 15 ئەندامی ئەنجومەنەکەدا هەڵدەبژێردرێت و دەسوڕێتەوە. هەرچەندە ئەمە بە زۆری ڕووکارییە. رووسیا لە دوێنێ شەممەوە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات. بڕیار وایە سبەی دووشەممە (3ـی نیسانی 2023) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی رووسیا ببەستێت و کۆبوونەوەکە داخراو دەبێت و تەنیا گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەی کاری ئەم مانگەی ئەنجوومەنەکە دەکرێت.