هاووڵاتی، هەوراز حوسێن  کۆمپانیای ئەپڵ هەردوو ئەپلیکەیشنی سرێدس و وەتسئاپی لە نێو ئەپ ستۆر لە چین سڕییەوە؛ دوای ئەوەی بەرپرسانی پەکین بە هۆکاری مەترسیی ئاسایش ئەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەیان قەدەخەکرد. رۆژی یەکشەممە 21-4-2024، کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند، لە رۆژی هەینییەوە هەردوو ئەپلیکەیشنی وەتسئاپ و سرێدسی لە خزمەتگوزاری ئەپ ستۆر لە نێو ئامێرەکانی ئەپڵ سڕیوەتەوە. سڕینەوەی ئەو ئەپلیکەیشنانە نیگەرانییان لەسەر ئاڕاستەی حکومەتی چین بەرامبەر ئازادی رادەربڕین دروستکردووە. هەروەها پێشبینی دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر فرۆشی بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ لە چین دروستبکات کە دووەم گەورەترین بازاڕی ئەو کۆمپانیایەیە لە دوای ئەمریکاوە. کۆمپانیای ئەپڵ ئاماژەی بەوەکردووە، "دەزگای بۆشایی ئەلیکترۆنیی چین فەرمانیان کردووە لەبەر مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی چین، ئەپلیکەیشنەکان بسڕینەوە". ئەپڵ دەشڵێت، "ناچارین شوێن یاساکانی ئەو وڵاتە بکەوین کە کاری تێدا دەکەین، هەرچەندە نەشمانەوێت." هەردوو ئەپلیکەیشنی وەتسئاپ و سرێد لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە خاوەنداری دەکرێن کە فەیسبووکیش بەشێکە لەو خێزانە. بڕیاری قەدەخەکردنی ئەو دوو تۆڕە ئەمریکییە دوای هەوڵی بەرپرسانی ئەمریکا دێت بۆ قەدەخەکردنی تیکتۆک لەو وڵاتە، کە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی باوە و لەلایەن کۆمپانیای بایت دانسەوە خاوەنداری دەکرێت و بنکەی سەرەکی لە پەکینی پایتەختی چینە.

هاوڵاتی/ هەوراز حوسێن لە کۆریای باکوور گۆرانییەک لەسەر کیم جۆن ئون، سەرۆکی ئەو وڵاتەدا دەرکراوە کە بە "باوکی میهرەبان" پێیدا هەڵدەدات. ڤیدیۆ کلیپەکە رۆژی چوارشەممە 17ی ئەم مانگە لە تەلەفزیۆنی ناوەندیی کۆریاوە پەخشکراوە. چەند چینێکی جیاواز لە منداڵ و گەنج و پیر لە کلیپەکە و گوتنەوەی گۆرانییەکەدا بەشدارن. بەشێکی دیکەی گۆرانییەکە دەڵێت، "با گۆرانی بڵێین بۆ کیم جۆن ئون، سەرکردە گەورەکە"؛ لە بەشێکی دیکەدا دەڵێت، "با شانازی بە کیم جۆن ئونەوە بکەین، باوکە میهرەبانەکە'. تیمێکی ئۆرکێسترا و گۆرانیبێژیش راستەوخۆ گۆرانییەکەیان گوتەوە کە کیم جۆن ئون خۆی لە تەماشاکەرانیان بوو. گۆرانییەکە لە ئاهەنگێکدا گوترایەوە کە بەبۆنەی دروستکردنی 10 هەزار خانووی نوێ بۆ هاووڵاتیان گێڕدرابوو. بنەماڵەی کیم لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە حکومڕانی کۆریای باکوورن و بەردەوام هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆیانداوە. لە کۆریای باکووردا دیموکراسی نییە و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێو بنەماڵەی کیم نەوە دوای نەوەیە.

هاوڵاتی/هەوراز حوسێن شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل بۆردومانی کەمپی رەفحەی لە باشووری غەززە کردووە و بەهۆیەوە 18 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 14یان منداڵبوون. رۆژی یەکشەممە 21-4-2024، بەرپرسانی تەندروستیی غەززە رایانگەیاند، سوپای ئیسرائیل لەکاتی شەودا بۆردومانی کەمپی رەفحەی لە غەززە کردووە کە نزیکەی 2 ملیۆن و 300 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی تێیدا ئاوارەن. پزیشکانی نەخۆشخانەی کوەیتی رایانگەیاندووە، بۆردوومانەکە بە دوو جار روویداوە؛ لە جاری یەکەمدا پیاوێک و هاوژینەکەی و منداڵێکی 3 ساڵانیان کوژراون. ژنەکە دووگیان بووە و توانراوە منداڵەکە بە زینوویی لە سکی دایکە مردووەکەی دەربهێنن. لە بۆردوومانی دووەمدا 13 منداڵ و 2 ژن کوژراون کە هەموویان سەر بە یەک خێزان بوون. بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە شەوی رابردوودا بۆ سەر کەمپی رەفحە لەکاتێکدایە، شەوێک بەر لەم بۆردومانانەش، لە هێرشێکی دیکەی هاوشێوەدا 9 کەس لەو کەمپە کوژراون کە 6یان منداڵ بوون. بە گوێرەی ئاماری نەخۆشخانەکانی غەززە، شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 34 هەزار فەڵەستینی و برینداربوونی زیاتر 76 هەزار و 901 کەسی دیکە. ئەمە جگە لەوەی 80٪ی خەڵکی غەززە ئاوارەی نێوخۆی کەرتەکە بوون. شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دوای ئەوە هات، 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو چەکدارانی حەماس هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل کرد و 1200 هاووڵاتی ئیسرائیلییان کوشت و 250ی دیکەشیان بە بارمتە گرت.

هاوڵاتی رۆژی شەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٤ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا چەند یاسایەکی دژ بە کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد، لەوانە یاسای "ژینا" (مەهسا) و ئەمە بۆ دووەەمجارە لە چوارچێوەی "یاسای ئاشتی سەدەی ٢١" لەگەڵ کۆمەڵێک رەشنووسی دیکە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە  پەسەند دەکرێت. یاسای مەهسا لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا دەکەوێتە دەنگدانەوە، لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم رەشنووسە لە ئەنجومەنی پیران و واژۆکردنی لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکاوە کۆمەڵێک گەمارۆی نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێت. پێشتر و لە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٣  ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە ٤١٠ دەنگی بەڵێ و ٣ دەنگی دژ، رەشنووسی "یاسای ژینا (مەهسا)"ی پەسەند کرد، ئەم ڕەشنووسە لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمەریکا هەندێ ئاڵوگۆڕی تێداکرا.  ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، رۆژی شەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٤ هەمان ڕەشنووسی پێشتری "یاسای ژینا"ی پەیوەست کرد بە پاکێجی یارمەتییە دەرەکییەکانەوە. ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هیوادارن رەشنووسی پێشنیارکراو بۆ سزادانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پاکێجی یارمەتیدان بە ئۆکراین و ئیسرائیل، پێکەوە لە ئەنجومەنی پیران پەسەند بکرێت. لەئەگەری پەسەندکردنی "یاسای ژینا " لە ئەنجومەنی پیران، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێویستە سەرجەم ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی پێشێلکاری مافی مرۆڤن لەوانە، عەلی خامنەیی ، رێبەری کۆماری ئیسلامی، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، بخاتە لیستی گەمارۆکانەوە. ئەم یاسایە هەروەها ئەمریکا ناچار ئەکات بەوەی هەر ٩٠ رۆژ جارێک راپۆرتێک دەربارەی ئەو کەسانەی پێشێلکاری مافی مرۆڤن لە ئێران، عەلی خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی و نووسینە و دامەزراوەکانی سەر بە ئەوان، بخاتە بەردەست کۆنگرە.

هاوڵاتی راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا رەخنە لە هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل دەگرێت بۆسەر شاری ئەسفەهانی ئێران و بە هێرشێکی هەڵە ناوی دەبات. جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" رەخنەی لە هێرشەکەی ئیسرائیل کرد بۆ سەر ئەسفەهان و رایگەیاند "هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر بۆ سەر شاری ئەسفەهانی ئێران هەڵە بوو، چونکە پێموایە ئیسرائیل لەژێر فشارێکی گەورەدا بوو لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە بۆ کەمکردنەوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران تاوەکو گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر نەبن، بەڵام ئەگەر مەبەستەکە نیشاندانی هێزی ئیسرائیل بووبێت بۆ راگرتنی هێرشەکانی داهاتووی ئێران، دڵنیام ئەو ئەرکەیان بە ئەنجام گەیاندووە". راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا  رەخنەی لە نەبوونی هیچ ستراتیژێکی ئەمەریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرت و جەختی لەسەر پێویستی رووبەڕووبوونەوەی “بازنە ئاگرین" کرد کە ئێران لەگەڵ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا دامەزراندووە. هەروەها بۆڵتن بە دووری نەزانی لە ئایندەدا ئیسرائیل هێرشی دیکە بکاتە سەر ئێران، بەڵام داوای کرد هێرشەکان بەهێز بێت و وتی “پێدەچێت وەڵامدانی لاواز ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە".

هەوراز حوسێن/ هاووڵاتی رووسیا باس لەوە دەکات، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی درۆنی ئۆکراینا بۆ سەریان، 50 درۆنیان خستووەتە خوارەوە. لە هێرشەکەدا دوو هاووڵاتی و ژنێکی دووگیان کوژراون. رۆژی هەینی 20-4-2024، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو 50 درۆنی ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە. باسیش لەوە دەکات، ئەمە یەکێک لە بەربڵاوترین هێرشەکانی ئۆکراینایە بۆ سەر خاکی رووسیا لە دوای دەستپێکی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە شووباتی 2022. وەزارەتی بەرگری رووسیا ئاماژەی بەوەکردووە، 26 لە درۆنەکان لە هەرێمی بێلگۆرۆد، 10 دانە لە بریانسک، 8 لە کورسک، 2 لە توولا خراونەتە خوارەوە و ئەوانی دیکەش لە هەریەک لە هەرێمەکانی سمۆلێنسک، ریازان، کالوگا و مۆسکۆ تێکشکێنراون. ڤیاچیشڵاف گلادکۆڤ، سەرۆکشارەوانی هەرێمی بێلگۆرۆد کە هاوسنووری ئۆکراینایە رایگەیاندووە، دوو هاووڵاتی سڤیل لە هێرشە درۆنییەکەدا لەو هەرێمە گیانیانلەدەستداوە. لە دواتریشدا رایگەیاندووە، ژنێکی دووگیان و کۆرپەکەی سکی کە لەگوندێکی هەرێمی شێبێکینۆ بەهۆی هێرشێکی ئۆکرایناوە برینداربوون، هەردووکیان گیانیانلەدەستداوە. بەرپرسێکی ئۆکرایناش هێرشەکەی بۆ میدیای بەریتانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک بنکەی پیشەسازی گرنگی رووسیا کە هاوکاری سوپای رووسیا بوون. رووسیا هێرشەکانی ئۆکراینا بە تیرۆر ناودەبات. سەرۆکشارەوانی هەرێمی سمۆلێنسکی رووسیا رایگەیاندووە، درۆنێکی ئۆکراینی کۆگایەکی سووتەمەنی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئاگری گرتووە. هەروەها کاژمێر 2:00ی سەرلەبەیانی، ڤاسیلی ئانۆخین، سەرۆکشارەوانی هەرێمی کاردیم رایگەیاندووە، یەکێک لە درۆنەکان بنکەیەکی سووتەمەنییان لەو هەرێمە کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگری گرتووە. جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە 24ی شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە، رووسیا لەو کاتەوە 119 هەزار کیلۆمەتر دووجا خاکی ئۆکراینای لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە داگیرکردووە و ئەوە ساڵێکیشە ئۆکراینا جگە لە بەرگریکردن جارووبار هێرشی ئاسمانی و مووشەکی بۆ ناو خاکی رووسیا دەکات.

هەوراز حوسێن /هاوڵاتی  هەڵبژاردنی پەرلەمانی هیندستان دەستیپێکرد و پارتی بهاراتیا جاناتای سەرۆکوەزیران و هاوپەیمانییەکی 25 پارتی رکابەریی بۆ بردنەوەی زۆرتین کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەکەن. رۆژی هەینی 19-4-2023، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان دەستیپێکرد و نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەوڵدەدات بۆ سێیەم جار لەسەریەک حکومەتی ئەو وڵاتە لە ژێر دەسەڵاتی پارتەکەیدا بهێڵێتەوە. نزیکەی 969 ملیۆن خەڵک لە هیندستان مافی دەنگدانیان هەیە و ئەم هەڵبژاردنە بە گەورەترین پرۆسەی دیموکراسی لەسەر زەوی دەناسرێت. لەبەر زۆری ژمارەی دەنگدەر و دانیشتوانی هیندستان، هەڵبژاردنەکە بە 7 قۆناخی جیاواز بەڕێوەدەچێت و 6 هەفتەی پێدەچێت؛ ئەنجامی کۆتاییش لە 4ی حوزەیرانی ئەمساڵ رادەگەیێنرێت. ئەنجوومەنی نوێنەرانی هیندستان کە بە لۆک سەبا ناسراوە لە 543 ئەندام پێکدێت. ئەو رۆژانەی بۆ هەڵبژاردن دیاریکراون بریتین لە 19ی نیسان، 26ی نیسان، 7ی ئایار، 13ی ئایار، 20ی ئایار، 25ی ئایار و 1ی حوزەیرانی 2024. بۆ ئەوەی پارتێک بتوانێت ببێتە حوکمڕانی هیندستان، پێویستە 272 کورسیی لۆک سەبا بەدەستبێنێت، لە هەڵبژاردنی رابردوو کە لە 2019 بەڕێوەچوو، پارتەکەی نارێندرا مۆدی 303 کورسی بردەوە. ئاڕاستەی پارتەکەی مۆدی وایە، هەژموونی هیندوویی نیشتمانپەروەری بەسەر دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت و ئۆپۆزسیۆنیش ئەمە بە داماڵینی هیندستان لە دیموکراسی و رەوتە سێکیولارییەکەی پێشووی لێکدەداتەوە. هاووپەیمانێتییە 25 پارتەکە، کە گەورەترینیان پارتی کۆنگرێسی نیشتمانی هیندییە بانگەشە بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی و رێگریکردن لە، وەک خۆیان دەڵێن بنبڕکردنی دیموکراسی لە نێو دامەزراوەکانی حکومەتی هیندستان دەکەن. لە ماوەی ئەو 10 ساڵەی مۆدی لە دەسەڵاتدا بووە، لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە رەخنەی ئەوەی لێگیراوە هەژموونی هیندوویی نیشتمانپەروەری دەسەپێنێت و هەوڵی کەمکردنەوەی ئازادییە دیموکراسییەکان لەو وڵاتە دەدات. کەچی دوایین راپرسیی ئاژانسی پیوی ئەمریکی ئەوە نیشاندەدات، هەشتیەکی هیندییە پێگەیشتووەکان ئاڕاستەی سیاسیی سەرۆکوەزیرانیان بە دڵە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی لە 2014، مۆدی دەستی لە تەرخانکردنی خەرجییەکی زۆردا بۆ ژێرخانی ئەو وڵاتە هەیە. لەوانە دروستکردنی شاڕێ، وێستگەی کارەبا، پرۆژەی ئاوی و دروستکردنی ملیۆنان خانوو بۆ هاووڵاتیان. لە ژێر دەسەڵاتی مۆدیدا، هیندستان ریکۆردی خێراترین گەشەی ئابووری لە جیهان شکاندووە و بووەتە یەکێک لە زلهێزەکانی جیهان. ئەو رەخنانەشی لێیدەگیرێن، بەرزبوونەوەی رێژەی بێکارییە لە نێو گەنجان، نایەکسانی و دروستکردنی ئیسلامۆفۆبیایە لە نێو خەڵکدا کە ناسەقامگیری بۆ سەر ژیانی 230 ملیۆن موسڵمان دروستکردووە.

هەوراز حوسێن/ هاووڵاتی ئەمریکا دەڵێت بەرنامەی خۆراکیی نەتەوەیەکگرتووەکان قایلبووە لە رێگەی دەریاوە هاوکاری مرۆیی و خۆراک بگەیێنێتە دەست ئاوارەکانی غەزە؛ بەو مەرجەی پنتاگۆن بەندەرێکی لە غەزە بۆ دروستبکات. رۆژی هەینی 20-4-2024، ئاژانسی ئەمریکا بۆ بەرەوپێشچوونی نێودەوڵەتی بە میدیای ئەو وڵاتەی راگەیاند، ئەمریکا و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی کار لەسەر ئەوە دەکەن هاریکاریی مرۆیی بە شێوازێکی "سەربەخۆ، بێلایەن و یەکسان" بگەیێننە دەست ئاوارەکانی کەرتی غەزە, جێگەیباسە تاوەکو ئێستا پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لێدوانی لەو بارەیەوە نەداوە. لە دوای 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 هاووڵاتی سڤیلی کوشت و 250ی دیکەشی بە بارمتە گرت، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە. رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن، لەو کاتەوەی شەڕەکە دەستیپێکردووە، 70٪ی دانیشتووانی کەرتی غەزە دووچاری برسێتی و قات و قڕی بوونەتەوە. هێزی ئەمریکا کە ئێستا کەشتی و سەربازیان لە دەریای نێوەڕاست هەیە، بەندەرێکی کاتی لە کەناراوەکانی کەرتی غەزە دروستدەکەن. درێژی بەندەرەکە 550 مەترە و پنتاگۆن دەڵێت، توانای گەیاندنی 2 ملیۆن ژەم خۆراکی رۆژانەی بۆ خەڵکی غەزە دەبێت. لە دروستکردنی بەندەرەکەدا 1000 سەربازی ئەمریکی بەشداردەبن و ئەمریکاش داوای لە ئیسرائیل کردووە ئاسایشی کەناراوەکان بپارێزێت. دوای دەستپێکی هێرشەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە کە ئامانج لێی لەناوبردنی حەماسە، نزیکەی لە 33 هەزار و 800 هاووڵاتی و سەرباز کوژراون و لەنێویاندا سەدان کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکان هەبوون کە کاریان گەیاندنی هاریکاریی مرۆیی بووە. نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، یەک ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی لەنێوخۆی غەزەدا ئاوارەبوون.

هاوڵاتی لەسەر هەسارەکانی وەک نەپتون و ئۆرانۆس، زاناکان پێیان وایە ئەڵماس دەبارێت بەهۆی ئەو پەستان و پلەی گەرمی زۆرەی هەسارەکە کە وادەکات  کاربۆن بگۆڕێت بۆ  ئەڵماس. کێڤن بەینز لە زانکۆی ویسکۆنسن-مەدیسۆن و تاقیگەی جێت پڕۆپوڵژنی ناسا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو داتا نوێیانەی لەسەر بەرگەهەوای ئەو دوو هەسارەیە دەستیان کەوتووە پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەڵماس بە شێوەی باران ببارێت لەو دوو هەسارەیەدا. بە گوێرەی قسەکانی ئەو زانایە بۆ ئاژانسی هەواڵی بی بی سی، بە پێ دوایین پێشبینییەکانی پلەی گەرمی و پەستان کە بۆ بەرگەهەوای ئەو دوو هەسارەیە دەستیان کەوتووە و بە پشتبەستن بە ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان لەسەر چۆنییەتی ڕەفتاری کاربۆن لە پلەی گەرمییە جیاوازەکاندا گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە کە کریستاڵە جێگیرەکانی ئەڵماس دەکرێت  بە شێوەی باران ببارێن لەو دوو هەسارەیەدا. ئەو زانایە دەڵێت لە بەشی سەرەوەی بەرگە هەوای هەسارەکاندا ، هەورەتریشقە گازی میسان دەگۆڕێت بۆ سووتو (وردیلەی کاربۆنی پەیدابوو لە سوتاندنی هەندێ ماددەی ئەندامی کە لەسەر ڕووە کانزاییەکان دەنیشێت) دواتر لەگەڵ هاتنە خوارەوەی بە بەرگە هەوای هەسارەکەدا پەستانێکی زۆر دەچێتە سەری دوای نزیکەی ١٦٠٩ کیلۆمەتر ، دەگۆڕێت بۆ گرافایت (ئەو جۆرە کاربۆنەی کە لە پێنووسەکاندا دەیدۆزیتەوە) و دوای بڕینی ٦٠٠٠ کیلۆمەتر ئەو پارچە گرافایتانە خەستتر دەبنەوەو دەگۆڕێن بۆ ئەڵماس. ئەوەشی روونکردەوە لەگەڵ زیاتر نزیکبوونەوەی ئەڵماسە دروستبووەکە  لە ناوکی هەسارەکە بەهۆی ئەو پلە گەرمییە زۆرەی کە هەیەتی ئەڵماسەکە شیدەبێتەوەو دەچێتە دۆخی شلییەوە و پێشبینی دەکرێت دەریایەک لە کاربۆنی شلی دروست کردبێت. یۆرانیۆم و نیپتۆن دوو هەسارەی گەورەی کۆمەڵەی خۆرن  و ئێستا هەردووکیان بە زەبەلاحی سەهۆڵ دادەنرێن هاوکات توێژینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەرگە هەوای ئەم دوو هەسارەیە بەشێکی زۆری لە گازی میسان پێکهاتووە کە ئەمەش پشتگیری لەو لێکۆڵینەوە و پێشبینییانە دەکات کە دەڵێت دەکرێت لەم دوو هەسارەیە بارانی ئەڵماس ببارێت.

هاوڵاتی بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی نیوز، تاقیکردنەوە پزیشکییەکان لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لەسەر منداڵان لە بەریتانیا ئەنجامدراون، کە تێیدا خوێنی کەسانی ئالودە بەکارهێنراون. کەناڵی بی بی سی نیوز بەڵگەنامەکانی بڵاوکردووەتەوە، ئەو بەڵگەنامانە جیهانێکی نهێنی پشکنینی کلینیکی ناپارێزراو ئاشکرادەکەن کە منداڵان لە بەریتانیا بەشدارن، کە پزیشکەکان ئامانجەکانی توێژینەوەیان لا گرنگتر بووە نەک سەلامەتی نەخۆشەکان. بەپێی راپۆرتەکەی بی بی سی نیوز بێت، ئەم پشکنینانە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵ بەردەوام بوون، سەدان کەسیش بەشداریان کرد، کە زۆربەیان تووشی هەوکردنی جگەری جۆری سی و ئایدز بوون. یەکێک لە منداڵە رزگاربووەکان رایگەیاندووە "زۆر بە خراپی مامەڵەمان لەگەڵدا کراوە بە جۆرێک کە مامەڵە لەگەڵ (بەرازێکی گینیایی)دا بکرێت". تاقیکردنەوەکان لەسەر منداڵانی تووشبوو بە تێکچوونی خوێن مەین بوون و زۆرجار خێزانەکانیان ڕەزامەندییان لەسەر بەشداریکردنیان نەبوو، زۆرینەی ئەو منداڵانەی کە لەم تاقیکردنەوانەدا بەکارهێنراون گیانیان لەدەستداوە. هەروەها بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن کە پزیشکانی سەنتەرەکانی هیمۆفیلیا لە سەرانسەری وڵاتدا ئەو خوێنەیان بەکارهێناوە کە هی کەسانی ئالودە بوون و بەخشەرەکانیان بەدەست نەخۆشی و ڤایرۆسەوە دەناڵێنن. کەمی خوێن لە بەریتانیا لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بووە هۆی ئەوەی لە ئەمریکاوە هاوردە بکرێن، ئەو خێرخوازانەی سەر بەو گروپانەن کە زیاتر تووشی نەخۆشی دەبن، وەک زیندانییەکان و ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان، پلازمایان لە خوێنیان دابین دەکرد بۆ پشکنین کە ئەمەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی ئەو کەسانە تووشی چەندەها نەخۆشی ببن بەهۆی ئەو خوێنەی کە تێیان دەکرا. لێکۆڵینەوەیەکی گشتی لەسەر ئەو فەزیحەیە بەردەوامە. بڕیارە لە مانگی ئایاردا راپۆرتی کۆتایی دەربکرێت.  

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت قسه‌ له‌باره‌ی ئه‌و رووداوانه ناكات كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ روویاندا، ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا ئامادە نییە لەهیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەری ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەشداربێت. ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند "قسه‌ له‌باره‌ی ئه‌و رووداوانه ناكه‌م كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ روویاندا، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت، جه‌خت له‌ كۆتاییهێنان به‌ ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ینه‌وه‌". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمەریکا ئامادە نییە لەهیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەری ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەشداربێت"، هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 19ی نیسانی 2024 ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی شاری ئەسفەهانی ئێران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند "تەقینەوەکانی ئەسفەهان هیچ زیانێکیان نەبووە".  

هاوڵاتی  بە پێی راپۆرتێک کە بەشی لێکۆڵینەوەی BBC بڵاوی کردۆتەوە، لە سەرەتای جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە ٥٠ هەزار سەربازی رووسی کوژراون. ئاژانسی هەواڵی بی بی سی لە ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بە ژمارەی ئەو سەربازە ڕوسییانەی لە جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیادا کوژراون بڵاویکردۆتەوە،  لە ساڵی دووە می جەنگی رووسیا- ئۆکرایندا و دوای ئەوەی رووسیا رێکاری ناسراو بە " مەکینەی گۆشت"ی گرتە بەر ژمارەی سەربازە  کوژراوەکانی رووسیا ٪٢٥ زیادی کردووە. جەنگی رووسیا- ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ و دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێکرد و سەرەڕای ئەوەی رووسیا بانگەشەی ئەوەی ئەکرد لە ماوەیەکی کورتدا دەتوانێت ئەو وڵاتە  داگیر بکات بەڵآم ، تا ئێستا نەیتوانیوە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵی و شیکەرەوانیش شکستی ڕوسیا بۆ ئەو هاوکارییە سەربازییە دەگەڕێتەوە کە وڵاتانی  رۆژئاواو و بەتایبەت ئەمریکا دەیداتە ئۆکرانیا. بەگوێرەی ئامارەکانی لە میدیا جیهانییەکان بڵآوکراوەتەوە  وڵاتانی رۆژئاوا بایی زیاتر لە 240 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکرانیایان کردووە. هاوکات مانگی رابردووش، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند لە سەرەتای جەنگی وڵاتەکەی دژی رووسیا لە شوباتی 2022یەوە، 31 هەزار سەربازیان کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدا ئەمریکا رایگەیاندووە نزیکەی 100 هەزار سەربازی رووسی لەو جەنگەدا کوژراون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنیی ئۆکرانی کوژراون.

هاوڵاتی هەوڵبدە لە بەیانیاندا باڵات بپێویت پاشان لە ئێوارەدا ، توشی سەرسوڕمان دەبیت کە بۆت دەرەکەوێت لە بەیانیاندا یەک سانتیمەتر درێژتریت وەک لە ئێواران. هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە لە باڵاماندا بۆ هێزی کێشکردنی زەوی دەگەڕێتەوە. لە ڕۆژدا بەهۆی ئەوەی مرۆڤەکان چالاکن و بەشێکی زۆری کاتەکان بە پێوەن بۆیە کڕکڕاگەی ئەژنۆو دەست و شوێنەکانی دیکەی جەستەمان لەگەڵ کاتدا پەستان دەچێتە سەری و دەچێتەوە یەک  هاوکات ئەو ژێیانەی کە دەوری جومگەکانیان داوە دەگوشرێن بەهۆی ئەو فشارەی هێزی ڕاکێشانی زەوی دەیخاتە سەریان بەم شێوەیەش باڵات لە ئێواراندا یەک سانتیمەتر کەمترە وەک لە بەیانیان. هاوکات لەبەر ئەوەی درکەپەتەکانی پشتیشمان لە 33 بڕبڕە پێک هاتووە و بەم جۆرە یارمەتی دانیشتن و ڕاوستان و ڕۆیشتنمان دەدەن ، ئەوا پشتیشمان ڕۆڵێکی کارا دەگێرێت لەم بابەتەدا. لەنێوان بڕبڕەکانی دڕکەپەتکیشدا ڕ ماددەیەکی  نەرم هەیە بەهۆی جووڵەی بەردەوام و کێشی جەستەی خۆمان، ئەم ماددانە پەستان دەچێتە سەریان و کەپس دەبن لەبەر ئەمەش باڵامان کەمتر دەبێتەوە . هاوکات هۆکارێکی دیکەی ئەوەی لە بەیانیاندا باڵامان بەرزترە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاتێک دەخەوین، بە ئاسۆیی دەخەوین و چیتر بربرەکانمان لە ژێر فشاری هێزی کێشکردندا نین هەر بۆیە ئەو پەستانەی کە دەچێتە سەریان کەمدەبێتەوەو  شلەی نێوان بڕبڕەکان دەچنەوە باری ئاسایی خۆیان. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ناساش ئەو کەسانەی گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان دەکەن لەکاتی ڕزگاربونیان لە هێزی کێشکردنی زەوی باڵایان نزیکەی دوو ئینج بەرز دەبێتەوە !  سەرسوڕهێنەرە، وانییە؟

هاوڵاتی لە چوارچێوەی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ واشنتۆن، حکومەتی عێراق بۆ برەودان بە کەرتەکانی کارەبا و غاز و بەرھەمھێنانی نەوت، 18 یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا واژۆکرد. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بە چاودێری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران وەزارەتەکانی کارەبا و نەوت و سندوقی عێراقی بۆ گەشەپێدان چوار یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەبوارەکانی پەرەپێدانی کەرتی وزە، بەرھەمھێنانی غاز و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و پیشەسازی بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێل لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا واژۆکردووە. ئاماژە بەوەکراوە، کۆمپانیاکانی عێراقیش 14 یاداشتیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا واژوو کردووە، کە بوارەکانی کەرتی بانکی، کەمکردنەوەی سوتان و بەھەدەردانی غاز، پیشەسازی نەوت و تەکنەلۆژیای زیرەک بۆ بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان دەگرێتەوە.

هاوڵاتی دوابەدوای هێرشی مووشەکی و درۆنی بێ وێنەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، رووسیا دوای چەند کاتژمیر بێدەنگبوون، بە شێوەی فەرمای و لە راگەیاندنێکدا بۆچوونی فەرمی خۆی راگەیاند و وتی "وەزارەتی دەرەوەی بە تەواوەتی نیگەرانە لە پەرەسەندنی نوێ و مەترسیداری ناکۆکییەکان لە ناوچەکە". رەنگە ناوەرۆکی ئەم راگەیاندنە زۆر لە راستیشەوە دوور نەبێت لەبەر ئەوەی شارەزایان لەسەر ئەو باوەڕەن دەستپێکی جەنگێکی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆککۆماری رووسیادا نابێت، بەڵام وا دیارە کرێملین لە ئێستادا خوازیاری جۆرێک ئاڵووگۆڕە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە بەرژەوەندی پۆتیندا تەواو بێت، بە تایبەت بەلەبەرچاو گرتنی ئەو جەنگەی ئێستا لە ئۆکراین هەیە. هانا نۆتێ، یەکێک لە هاوکارانی باڵای بەرنامەی ئەوروپا، رووسیا و ئۆراسیا لە ناوەندی خوێندنەوە ستراتیژیی  و نێونەتەوەییەکان کە بنکەکەی لە واشنگتۆنە لە تۆڕی کۆمەڵاتی X نووسی "جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەی کە ئەم ناوچەیە بکەوێتە دۆخێکی نەزانراوەوە، بێ ئەوەی جەنگێکی تەواو و گشتگیر روو بدات، باشترین رووداوە کە لە ئێستادا ئەکرێت بۆ پۆتین رووبدات". هۆکارەکانیشی ئەمانەوەی خوارەوەیە: یەکەم: ئەم جەنگە نوێیە ئەکرێت سەرنجەکان لە جەنگی ئۆکراین دوور بخاتەوە، بەتایبەت لە سەردەمێکدا کیێڤ کێشەی گەورەی هەیە لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ و ئەم کێشانە رەنگە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا زیاتر بێت. دووەم: رووسیا لەم دواییانەدا هێرشەکانی خۆی بۆ ژێرخانەکانی وزەی ئۆکراینیا دەست پێکردۆتەوەو شارەکانی خارکیێڤ و ئۆداسا بۆمباران دەکات. سێیەم: بەر لەم رووداوانە، دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ گرووپی توندڕەوەی حەماس لە تشرینی یەکەم، سەرنجی دونیای لە جەنگی ئۆکراین دوور خستەوەو هەوڵەکانی دونیای رۆژئاوای بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکراین بۆ بەرگری کردن دژواتر کردەوە. چوارەم: دەستپێکی جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جا بە شێوەی یەکەم هێرشی ئاشکرا و راستەوخۆی ئێران بۆ دوژمنە کۆنەکەی خۆی، ئیسرائیل بێت یان بە پێچەوانەوە، ئەکرێت کێشەکانی ئۆکراین قووڵتر بکاتەوەو کێشەی زیاتر بۆ ئۆکراین دروست بکات. دەرفەتێک بۆ بردنە ژێر پرسیارەوە بۆ کرێملین هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بەرژەوەندییەکی زۆری هەیە و بەرژەوەندییەکن فرەچەشنن و روون ئاشکران. لە دەستپێکی هێرشی بەربڵاوی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینەوە، پۆتین لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، وای خستۆتەڕوو کە ئەم جەنگە بەشێکە لە ململانێیەکی بەربڵاوتر. جەنگێکە کە لەو جەنگەدا رووسیا دەیهەوێت بەرگری لە خۆی و شوێنەکانیتری دونیا بکات لە بەرامبەر رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکادا. لەم گەمەی بردنەوەو دۆڕاندنەدا، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەکرێت لە ئاراستەی پڕووپاگەندەکانی کرێملیندا بێت و هەلێک بۆ رووسیا بڕەخسێنێت بۆ بەهێزکردنی ئەو حیکایەتەی دەرباری جەنگی ئۆکراین و رووبەڕووبوونەوەی دونیای رۆژئاوا دروستکردووە. ئیهوور سێمی ڤووڵس، بەرپرسی ناوەندەی لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کیێڤ، بە "کارێنت تایم" کەناڵی رووسی زمان کە لە لایەن رادیۆ ئەورووپای ئازاد/ رادیۆ ئازادی و بە هاوکاری دەنگی ئەمریکا بەڕێوە ئەبرێت، ئەڵێت:" وڵاتانی ناسراو بە بەرەی بەرگری واتە رووسیا، ئێران، کۆریای باکوور و چین، لایوان وایە رۆژئاوا لاواز بووەو سیاسەتەکانی ئەمریکا ئیتر ناتوانێت ئاسایشی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بپارێزێت و گەرەنتی بکات". کەوایە، ئەوان لایان وایە، هێرشی  ئێران ئەو دەرفەتە ئەدات بە رووسیا و ئەو وڵاتانەی وەک ئەو بیرئەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو دونیا تاک جەمسەریەی کە پۆتین، شی جین پینگ و عەلی خامنەیی زۆر باسی لێوە ئەکەن، ببەنە ژێر پرسیارەوە. هانا نۆتێ، لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێوەنەتەوەییەکانی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژی ١٥ی نیسان لە وەڵامی پرسیاری رادیۆ ئەورووپای ئازاد دا نووسی "ئەم نائارامییە نوێیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرنجەکان و سەرچاوەکانی رۆژئاوا لەسەر ئۆکران و باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ بەلاڕێدا ئەبات . وا ئەکات هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هەست بەوە بکەن ئاسایشیان نییە، ئەو روانگەیە بەهێز ئەکات کە رۆژئاوا ناتوانێت ناوچەکە ئارام رابگرێت، واتە هەمان ئەو جۆرە روانینەی کە دوای جەنگی غەزە دروست بووە". "بە کورتی سەرهەڵدانی ئەم نائارامی و ناسەقامگیریانە، ئەم جۆرە روانینە لە دونیا بەهێز ئەکات کە جەنگی ئۆکراین یەکێکە لە جەنگە فرەجۆرەکان و کێشەیەکە لە ناو ئەو هەموو کێشەدا کە بوونیان هەیە؛ جۆرە روانینێک کە لە بەختی کرێملین دایە و ئەوان پەرەی پێ دەدەن". لە راستییدا زۆربوونی کێشەکان و خودی ئەم هێرشە ئەکرێت ببێت بە هۆکاری لاوازبوونی پشتیوانییەکان لە ئۆکراین و ئەو جۆرە روانینە لاواز ئەکات کە لای وایە چارەنووسی رۆژئاواو دونیا بەندە بە جەنگی ئۆکراینەوە. هەورە رەشەکان بەسەر کۆنگرەوە؟ بە شیوەیەکی تایبەت، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دەبێت بە هۆی ئەوەی گومانەکان لەسەر داهاتووی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئۆکراین زیاتر بکات و ناڕوونییەکی زیاتر ئەخولقێنێت. تەنانەت لە سەردەمێکیشدا کە ئەگەری ئەوە هەیە کە یاسایەک لە کۆنگرەدا پەسەند بکرێت لەسەر یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین. نزیک بە ٦ مانگ دوای ئەوەی جۆبایدن سەرککۆماری ئەمریکا، بۆ یەکەمجار پاکێجێکی پێشنیاری خستە بەردەم کۆنگرە کە تێیدا باس لەوە کراوە زیاتر لە ٦٠ میلیارد دۆلار یارمەتی بدرێت بە ئۆکراین و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیتر و یارمەتییەکەی بەشی هەرەزۆری سەربازی بێت، مایک جانسۆن، سەرۆکی پەرلەمانی نوێنەرانی ئەمریکا لە حیزبی کۆماریخواز، لە دوایین رۆژەکانی مانگی ئازاردا رایگەیاند دەیهەوێت لە رۆژ یان حەوتووەکانی داهاتوودا پرسی بەردەوامی پشتیوانیکردن لە ئۆکراین بکات بە یاسا و پێویستییەکانی بەردەوامی یارمەتیدانی ئۆکراینی لەم جەنگەدا هێنایە بەرباس. بەڵام هێشتا نەدەزانرا جانسۆن چ پێشنیارێکی هەیە بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەم پەرلەمان. چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ پەسەندکراوکدا کە مانگی شوبات و بە پشتیوانی هەردوو حیزبی کۆماری خواز و دیمۆکرات لە سێنا پەسەند کرابوو. ئاخۆ ئەو ئەیتوانی بەربەستی دژایەتی توندی ژمارەیەک لە هاوحیزبییەکانی بۆ پشیتوانی سەربازی و چەک و چۆڵ بۆ ئۆکراین تێپەڕێنێت یان نا. مایک جانسۆن رۆژی ١٥ی نیسان وردەکاری زیاتری خستەڕوو و وتی دەیهەوێت بۆ هەرکام لە سێ بەشی پەسەندکراوی سێنا ( یارمەتی بۆ ئیسرائیل، ئۆکراین و تایوان و هاوپەیمانەکانتر) پەسەندکراوی جیاواز پێشنیار بکات. ئەو هەروەها بۆ ئەوەی سەرنجی کۆماریخوازەکانی دژی پشتیوانی چەک و چۆل بۆ ئۆکراین بۆ لای خۆی رابکێشێت، پشنیاری چوارەم ئەخاتە بەردەم کۆنگرە کە لە لایەن زۆرینەی زۆری ئەندامانی حیزبەکەیەوە پشتیوانی لێ ئەکرێت. هێشتا نازانرێت ئەم پاکێجی یارمەتیدانە چی بەسەردێت. خوازیاری نارامییە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ناکۆکی لەسەر چۆنییەتی یارمەتی گەیاندنی ئەمریکا، رەنگە پۆتین هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بکات بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی بتوانیت زیاتر جێی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوەو جێ پێی خۆی پتەوبکات. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو ناوچەیە کە وا دەرئەکەوێت هەر لەو کاتەوەی پۆتین بە دەسەڵات گەیشتووە لە دوو دەیەی رابردوودا، دەیهەوێت جارێکیتر جێگەی خۆی لەو ناوچەیە پتەو بکاتەوە، لەبەر ئەوەی دوای رووخانی یەکیەتی سۆڤییەت رووسیا پێگەی خۆی لەم ناوچەیە لە دەستدا و ئێستا پۆتین دەیهەوێت جارێکیتر شوێن پێی خۆی لەم ناوچەیە پتەوتر بکات. جەنگی رووسیا لەگەڵ ئۆکراین، پەیوەندی رووسیا و ئێرانی بەهێزتر کردو و ئێران بە گەیاندنی درۆنی هێرشبەر و هەروەها ئەوەی کە تەکنۆلۆژیای دروستکردنی ئەم درۆنانەی خستە بەردەم رووسیا، یارمەتی زۆری رووسیای داوە لەم هێرشەدا بۆ سەر ئۆکراین. بەمەشەوە پۆتین لە مێژساڵە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی زیاتر جێگەی مۆسکۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات و هێز و پێگەی ئەمریکا بباتە ژێر پرسیارەوە، هەوڵیداوە لەگەڵ دوژمنەکانی ئێران لە ناوچەکە وەک ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو وەک سعوودیە پەیوەندی باشی هەبێت. پەیوەندی رووسیا لەگەڵ ئیسرائیل، لەم دواییانەدا لەبەر ئەوەی مۆسکۆ زیاتر بەرەو تاران چووەو هەروەها جۆری هەڵوێستەکانی کرێملین بەرامبەر جەنگی ئیسرائیل و حەماس زیانی بەرکەوتووەو وەک جاران نەماوە. بەڵام رەنگە کرێملین هیوادار بێت سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکانیان وەک جاران نەماوە، پەیوەندییە چەند لایەنەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگ یان ساڵەکانی داهاتوودا کاریگەری گرینگی هەبێت بۆ مۆسکۆ لە ناوچەکە و ئەوەی بتوانێت پێگەی خۆی لەو ناوچەکە پتەوتر بکات. هانا نۆتێ لە وتووێژ لەگەڵ رادیۆ ئەورووپای ئازاد/ رادیۆ ئازادی ئەڵیت:" بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی رووسیا و ئێران تا دێ پەیوەندییەکانیان پتەوتر ئەبێتەوە، رەنگە کرێملین بەو ئەنجامە بگات ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی زیاترناکۆکی ئەنێتەوە، ببێت بە هۆی ئەوەی وڵاتانی کەنداو بە گرینگییەکی زیاترەوە لە رووسیا بڕوانن و وا بکات رووسیا زیاتر شوێن پێی خۆی لەو ناوچەیە بکاتەوە، لەبەر ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە مۆسکۆ و پێکەن وەک دوو وڵات ئەبینین کە کاریگەریان لەسەر ئێران هەیە و ئەوەی بیانهەوێت ئەو دوو وڵاتە بەکار بهێنن بۆ ئەوەی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات". ئەمە جۆرێک ستراتێژییە کە لە سەردەمی دەسەڵاتداری پۆتین لە رووسیا بەردەوام دووبارە ئەبێتەوە:" خولقاندنی ناکۆکی و دواتر دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆی بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی رووسیادا بێت. بەمەشەوە، وەک چۆن لێکۆڵەران لە سەردەمی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو جەنگەی کە دواتر لە غەزە سەری هەڵدا بەراوردیان کردبوو، مۆسکۆ نایهەوێت جەنگی راستەوخۆ و تەواو لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا رووبدات. هانا نۆتێ هەروەها ئەڵێت ئەم جەنگە کۆمەڵێک مەترسی هەیە بۆ سەر رووسیا: کێشە دروست ئەکات مانەوەی سەربازی رووسیا لە سووریا  و هەروەها لێدان لە ئێران تا رادیەک ئەبێ بە هۆی لاوازی مۆسکۆ بەرامبەر بە ئۆکراین. جگەلەمەش،"  ئەوەی کە جەنگێکی تەواو رووبدات ئەبێ بە هۆی ئەوەی کۆتایی بە سیاسەتی پاراستنی هاوسەنگی رووسیا لە ناوچەکە بهێنێت ( هەرچەن لە ئێستاشدا لاواز بووە). ئەم بابەتە وا ئەکات مۆسکۆ تای ترازووەکە بەلایەکیاندا قورستر بکات و زیاتر لایەنگری یەکێک لە لایەنەکان بکات." خاتوو هانا نۆتێ لە درێژەدا ئەڵێت:" هەرچەند مۆسکۆ لەو کاتەوەی هێرشی کردۆتە سەر ئۆکراین، زۆر زیاتر لە ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێران نزیک بۆتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە نایهەوێت بە تەواوتی بچێتە بەرەی ئێرانەوە. نووسینی بابەت/ ستیڤ گاتێرمەن