سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، سەرکردایەتی ئەوروپا گفتوگۆ لەسەر ناردنی هێزی پارێزەری ئاشتی دەکەن بۆ ئۆکرانیا و ئەوانیش لەو پرۆسەیەوە نزیکن و پێشتر هەنگاریا بڕیاریداوە چەک نەنێرێت بۆ ئەو وڵاتە و لە ئێستاشدا بەردەوامی بەو بڕیارە دەدات. ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، سەرکردەکانی ئەوروپا گفتوگۆیان لەسەر ئەوە کردووە کە ئایا بڕیارێکی باشە ئەگەر هێزی سەربازی بەشێوەی ئاشتی پارێز بنێرن بۆ ئۆکرانیایاخود باشترە هیچ هێزێک نەنێرن ئاماژەی بەوەشدا، ساڵێک لەمەوبەر ناکۆکی لەسەر ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا هەبوو، لەو کاتەدا هەنگاریا بەو پرۆسەیە ناڕازی بوو ئێستاش ناڕازییە و وڵاتەکانی رۆژئاواش نیگەرانن ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە هەنگاریا رەتیکردەوە سزا بەسەر سەرچاوەی وزەی روسیا بسپێنێت و ئۆکرانیا پڕ چەک بکات
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ئابوریی ژاپۆن، ئەو وڵاتە بڕیاریداوە بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کەرەستەی بیناسازی بۆڕوسیا،هەروەها بزوێنەری فڕۆکە و کەشتی، ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ گەشتکردن، فڕۆکە، کەشتی ئاسمانی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رێگەیان پێنادرێت چیتر رەوانەی روسیا بکرێن. بڕیارەکەی ژاپۆن قەدەغەکردنی هەناردەکردن بەرهەمی پۆڵا، بەرهەمی ئەلەمنیۆم، کەرەستەیڕێگاوبان، مۆلیدە، ئۆتۆمبێلی گواستنەوە و پارچەییەدەگەکانیان دەگرێتەوە، هەروەها هەناردەکردنییاری و پایسکیلەکانی منداڵانیش بۆڕوسیا قەدەغەکرا. ژاپۆن درێژە بە هەڵمەتی دژ بەڕوسیا دەدات، بەو پێیەی پێشتر زنجیرەیەک سزای سەپاندوە کە زۆرێک لە بەرپرسانی سەرکردایەتیڕوسیا و خەڵک و دامەزراوە و بانکەکان و ئەوانی دیکەی لەخۆگرتبوو.
هاوڵاتی بەرهەمی نەوتی ئۆپیک لە مانگی ئازاردا بەهۆی چاکسازی لە کێڵگەی نەوتی لە ئەنگۆلا و وەستانی هەندێک لە هەناردەکانی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەر ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لەم مانگەدا 28.90 ملیۆن بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێناوە ، بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕێژەی بەرهەمهێنان بە بڕی 70 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەچاو مانگی شوباتدا دابەزیوەهاوکات بەرهەمهێنان لەچاو مانگی ئەیلولەوە زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە. ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی ناسراو بە ئۆپێک+، ڕازی بوون لە کۆتایی ساڵی 2022دا بڕی بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە بۆ پشتگیریکردنی بازاڕ بەو پێیەی کە ئابووری خراپتر دەبوو و نرخەکان بەرەولاوازبوون دەچوو. ئۆپیک پڵەس بڕی بەرهەمهێنانی بە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردەوە کە بڕیاربوو نزیکەی 1.27 ملیۆنی لە 10 وڵاتی بەشداربووی ئۆپیکەوە بێت . لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەنگۆلا و عێراق لەم مانگەدا پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە زیادی کردووە بۆ 173٪ ی بەڵێندراوی کەمکردنەوەکان بەپێی ڕاپرسییەکە لە بەرامبەر 169٪ لە مانگی شوباتدا. ئەو بڕەی کە بەرهەمدەهێنرێت لە ئێستادا بە بڕی 930 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمترە لەوەی کە دانراوە چونکە زۆرێک لە بەرهەمهێنەرەکان - بە شێوەیەکی بەرچاو نایجیریا و ئەنگۆلا - توانای بەرهەمهێنانیان لەو ئاستەدا نییە . ئەنگۆلا، عێراق: یەکەم هۆکار بۆ کەمبونەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی 100هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ئەنگۆلا بوو بەهۆی چاکسازی لە کێڵگەی دالیادا. دووەم گەورەترین دابەزین لەعێراقەوە هات کەکۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوتیان لەڕۆژی شەممەوە لە هەرێمی کوردستان کەمکردۆتەوە و بەشێکیان تەواو وەستاندویانە بەڵام زیادکردنی ڕێژەی هەناردەکردن لە باشوری عێراقەوە کاریگەری ئەو کەمبونەوەیەی سنوردار کردووە. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕۆیتەرز بەرهەمهێنەرانی کەنداوی ئۆپیک سعودیە و کوێت و ئیمارات پابەندی باڵایان هەبووە بەو بڕەی کە ئامانجبووە بەرهەمیبهێنن .
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن ئەمڕۆ هەینی داوای لە ڕوسیا کرد کە ڕۆژنامەنوسی ئەمریکی ئیڤان گێرشکۆڤیچ کە پەیامنێری ڕۆژنامەی واڵ ستریتە ئازاد بکات دوای ئەوەی ڕوسیا بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیری کرد هاوکات ئیدارەی بایدن داوا لە هاوڵاتیانی دەکات دەستبەجی ئەو وڵاتە جێبهێڵن . جۆ بایدن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم کۆشکی سپی لە وڵامی پرسیارێکدا لەسەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسەکە داوای دەستبەچی ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسەی لە ڕوسیا کرد. ئیدارەی بایدن هۆشداری داوەتە هاوڵاتیانی ئەمریکا کە گەشت نەکەن بۆ ڕوسیا و داوا دەکات ئەو ئەمەریکییانەی لەو وڵاتە دەمێننەوە دەستبەچی کۆچ بکەن. خزمەتگوزاری ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیا گێرشکۆڤیچ، کە هاوڵاتییەکی ئەمەریکیە بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری نهێنی تۆمەتبار کرد و دەستگیریکرد ،ئەمە یەکەمجارە ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی لە کاتی جەنگی ساردەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر بکرێت هاوکات ڕۆژنامەکە وتی کە "بە شێوەیەکی ئاشکرا تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە". هەروەها پێشتریش بەڕێوبەرایەتی بایدن ڕۆژی پێنجشەممە وتی کە کاردەکات بۆ دابینکردنی چوونە ژورەوەی قونسولی بۆ گێرشکۆڤیچ.و لەمبارەیەوە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی هەینی لە وڵامی پرسیاری کە ئایا بایدن لە پلانیایەتی وەک وەڵامێک بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسەکەیان دیپلۆماتکارە ڕووسیەکان یان ڕۆژنامەنووسەکانیان لە ئەمریکا دەربکات، بایدن وەڵامی دایەوە: "ئەوە لە ئێستادا پلانەکە نیە". هاوکات کارین جین پیەر، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی، بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی ئەمریکای لە ڕوسیای بە "قبوڵنەکراو" ناوبرد وڕایگەیاند بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن ئیدانەی دەستبەسەرکردنی گێرشکۆڤیچ دەکات.
و. ئەكرەم ئەمین بەباشكردن و رێكخستنی بەردەوامی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا لەچین، بووژانەوەی ئابووری چین بەشێوەیەكی بەهێز پێشكەوتووەو متمانەی زۆر بەگەشەی ئابووری جیهانی زیادكردووە. لەم دواییانەدا مۆرگان ستانلی، گۆڵدمان ساكس، جەی پی مۆرگان و زۆرێك لەدامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكەی وەبەرهێنان پێشبینییەكانیان سەبارەت بەگەشەی ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا زیادكردووە. زۆرێك لەژوورە بازرگانییە بیانییەكان لەچین، وەك ژووری بازرگانی ئەمریكی لەچین، ژووری بازرگانی بەریتانیاو ژووری بازرگانی ئەڵمانیا لەچین، پێیان وایە گۆڕانكاری لەڕێوشوێنەكانی كۆرۆنا لەچین یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی چین بەئاڵوگۆڕو گەشتە بازرگانییەكان. بەگوێرەی شیكاریی پسپۆڕان، لەساڵی ٢٠٢٣دا، لەگەڵ باشتربوونی وردە وردەی خواست و پاڵپشتی سیاسەت، زیندوویی ئابووری و كۆمەڵایەتی چین زیاتر ئازاد دەبێت و بەردەوام دەبێت لەبوون بە "سەقامگیركەرێك" بۆ بوژانەوەی ئابووری جیهانی و "بزوێنەرێك" بۆ گەشەی ئابووری جیهانی. شارە جیاوازەكان گرێبەستیان واژۆ كردووە بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی گەورە، گەشتە چارتەرەكان ئامادەیی خۆیان بۆ "چوونە دەرەوەی وڵات" راگەیاندووە بۆ وەرگرتنی داواكاری بازرگانی، هەروەها بازاڕی میوانداری و گەشتیاری وردە وردە بەرەو باشتر دەچێت، وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی دەرفەتی نوێ دەبینن، میدیا بیانییەكان ئاماژەی ئەرێنیی بەگەشەسەندنی ئابووری چین دەدەن. گۆڤاری (InstitutionalInvestor)ی ئەمریكی لەوتارێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كەڕەنگە لەچوارچێوەی ئەگەری خاوبوونەوەی ئابووریی جیهانیدا تیشك بخرێتەسەر بووژانەوەی ئابووری چین. چین بەدەستكاریكردنی سیاسەتە پەیوەندیدارەكان، رەنگە ببێتە "پەناگەیەكی سەلامەت" بۆ وەبەرهێنەران. بەگوێرەی راپۆرتێك كە لەماڵپەڕی سەنگافورەی (Zaobao) بڵاوكراوەتەوە، ژمارەیەك بانكی وەبەرهێنان یەك لەدوای یەك پێشبینییەكانیان بۆ گەشەی ئابووری چین لەمساڵدا بەرزكردووەتەوە. كۆمپانیای (JPMorganChase) لە 4% بۆ 4.3% و گۆڵدمان ساكس لە 4.8% بۆ 5.2% و مۆرگان ستانلی كە گەشبینترینیان هەیە پێشبینی دەكات ئابووری چین لەم ساڵدا 5.7% گەشە بكات. هاوكات بەپێی راپرسییەكی ئاژانسی رۆیتەرز كە لەنێوان 49 ئابووریناسدا ئەنجامدراوە، رەنگە رێژەی گەشەی ئابووری چین لەساڵی 2023 بگاتە 4.9%. راپۆرتەكە لەزاری وانگ تاو، سەرۆكی ئابووریی كۆمپانیای یو بی ئێس لەچین رایگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت لەدوای مانگی ئازارو نیسانی ئەمساڵ چالاكی ئابووری و بەكارهێنانی چین بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەوپێش بچێت. رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی لەزاری شرۆڤەكارانەوە پێشبینی دەكات كەكۆی فرۆشی تاكەكەسی چین بۆ كاڵا بەكاربەرەكان لەساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ٥٠ ترلیۆن یوان بەزیادبوونی ١١%. بۆیە وەبەرهێنەران و شرۆڤەكاران پێشبینیان كردووە "ساڵێكی گەشاوەتر لەپێشەوەیە". بەگوێرەی بابەتێكی گۆڤاری "فۆرچۆن"ی ئەمریكی، كۆمپانیای بلاك رۆك كەكۆمپانیایەكی ناسراوی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی سەرمایەو سەروەت و سامانە، هەروەها راپۆرتێكی توێژینەوەی بڵاوكردووەتەوە كەپێشبینی دەكات گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی چین لەساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ٦%، ئەمەش دەبێتە هۆی یاریدەدەر بۆ گەشەی ئابووری جیهان. بەپێی راپۆرتێكی ئەم دواییەی كەناڵی سی ئێن ئێن، چەند پارێزگایەك لەچین ئامانجی گەشەكردنیان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێشنیار كردووە، كەزۆربەیان لەسەرووی ٥% دانراون، بەمەش یەكەم ئاماژە بۆ ئاراستەی گەشەسەندنی ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا دابینكراوە. بەپێی راپۆرتەكە، داڕێژەرانی سیاسەتی چین رێوشوێنیان بۆ پیشەسازی تەكنەلۆژیاو پیشەسازی خانووبەرە داناوە. ئەم ئاماژانە متمانەی وەبەرهێنەران و شرۆڤەكارانیان زیادكردووە كەپێیان وایە ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەوپێش دەچێت. بەپێی دوایین نوێكردنەوەی ئابووری چین لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە، لەگەڵ خراپبوونی گەشەی خواستی جیهانی، پێشبینی دەكرێت پێكهاتەی داواكاری گشتی ئابووری چین وردە وردە بەرەو خواستی ناوخۆیی بگۆڕێت. لەگەڵ باشتربوونی متمانەی بەكاربەران و ئازادكردنی خواستی بەكاربەران، بەكارهێنانی چین وردە وردە باشتر دەبێت؛ هەروەها بەردەوامی گەشەی وەبەرهێنانی ژێرخانی و ئامادەیی وەبەرهێنەران دەبێتە هۆی باشتركردنی گەشەی وەبەرهێنان. سەرچاوە: persian.cri.cn
زانکۆی هارڤارد خەڵاتی وێژدان دەبەخشێتە تە ئەو دوو رۆژنامەنوسەی کە بێهۆشبون و مەرگی ژینا ئەمینیان ئاشکرا کرد و هەر بەو هۆیەوە تا ئێستاش لە زیندانن. دامەزراوەی نەیمەن بۆ رۆژنامەگەری کە سەر بە زانکۆی (هارڤارد) ئەمریکایە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ خەڵاتی ویژدان دەبەخشرێتە ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی کە سەرەڕای ئەوەی ئاگاداربون کە ژیانی و ئازادیی خۆیان دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵام بە ئەمانەتەوە روداوەکانی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵیان روماڵ کرد و گواستەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: دامەزراوەی نەیمەن خەڵاتی ویژدان دەبەخشێت بە ئەو دوو خانمە رۆژنامەنوسە بەهۆی پابەندبون بە راستگۆیی و ویژدان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێهۆشبون و مەرگی ژینا ئەمینی. ئاماژە بەوەکراوە تەنها چەند رۆژێک دوای مەرگی ژینا ئەمینی هەردوو رۆژنانوس ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و لە ئێستادا لە زیندانی قەرچەک لە وەرامین بەند کراون. پێشتر ساڵح نیکبەخت، پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی لە بابەتێکدا لە رۆژنامەی (شەرق) لە ئێران ئاماژەی بەوە کردوە؛ بە پێی یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران، زۆرترین ماوەی دەستبەسەرکردن تەنها شەش رۆژە بەڵام ئەو دوو خانمە رۆژنامەنوسە نزیکەی شەش مانگە لە زیندانەکاندا دەستبەسەرن. ئیلاهە محەمەدی بەهۆی روماڵکردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە سەقز و نوسینی بابەتێک بە ناونیشانی (نیشتیمانێک لە خەم) لە رۆژنامەی (هەم میهەن) تەنها رۆژێک دوای بەخاکسپاردنی ژینا دەستگیر کرا و تا ئێستاش لە زیندانە. نیلوفەر حامیدی کە روماڵی روداوی بێهۆشبونی ژینا ئەمینی و مانەوەی لە نەخۆشخانەی کەسرا لە شاری تاران کردبو و دواتر باسی مامەڵەی خراپی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەگەل سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە بەردەم ئەو نەخۆشخانە ئاشکرا کرد، ئەویش پێنج رۆژ دوای مەرگی ژینا دەستگیرکرا. ئەو دوو خانمە رۆژنامەنوسەی رۆڵی بەرچاویان لە ئاشکراکردنی دەستگیرکردن و مەرگی ژینا ئەمینی هەبو و پێشتر لە لایەن وڵاتی کەنەدا-وە خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازادیی رۆژنامەگەریان پێبەخشرا. ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی تا ئێستاش کە نزیکەی شەش مانگە لە زیندان بەندکراون و سوپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکان تۆمەتباریان کردون بە تێکدانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ ئەوەی تۆمەتەکەیان لە لایەن هیچ دادگایەکەوە یەکلایی کرابێتەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی تایوان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند فشاری دەرەکی تایوان ناوەستێنێت کە لەگەڵ جیهان تێوەگلێت، لە وڵامی هەڕەشەکانی چین بۆ سەر وڵاتەکەی دوای بڕیاری سەردانکردنی بۆ ئەمریکاو بینینی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە. چین کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە تایوان بە شێکە لە وڵاتەکەی، چەندین جار بەرپرسانی ئەمەریکای ئاگادار کردەوە کە چاویان بە تسای نە بکەوێت و وەک پشتگیرییەک بۆ خواستی دوورگەکە بۆ ئەوەی وەک وڵاتێکی جیا تەماشا بکرێت. رۆژی چوارشەممە 29-3-2023، ژوو فێنجڵیان، گوتەبێژی فەرمانگەی کاروباری تایوان لە چین رایگەیاند،ئەگەر سای ئینگ وینگ، سەرۆکی تایوان چاوی بە کێڤن مەککارتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بکەوێت، بەگوتەی ئەو بەرپرسە چینییە، ئەوە وەکو "پێشێلکارییەکی فراوان بۆ سەر بنەماکانی چین، سەربەخۆیی و یەکگرتوویی خاکەکەی لێکدەدرێتەوە و سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە لەنێودەبات." سەرۆکی تایوان لە وڵامی هەڕەشەکانی چین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەرەکی تایوان وتی: "فشاری دەرەکی ڕێگر نابێت لە سووربوونی ئێمە بۆ چوون بۆ جیهان". وتیشی، "ئێمەئارامین و دڵنیاین، تایوان لەسەر ڕێگای ئازادی و دێموکراسیدا دەڕوات و دەچێتە جیهانەوە هەرچەندە ئەم ڕێگایە دژوارە، بەڵام تایوان بەتەنیا نییە" ئەوەشی زیاد کرد، کە پێشنیوەڕۆی چوارشەممە دەگاتە نیۆیۆرک. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز سەرۆکی تایوان ئەچێت بۆ گواتیمالا و بێلیز،و نیو یۆرک و لۆس ئەنجلۆس دەڕوات . لە کاتێکدا کە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت کە چاوی بە ماککارثی بکەوێت لە کالیفۆرنیا. تایوان هەستیارترین کێشەی خاکی چینە و هۆکارێکی سەرەکی ناکۆکیە لەگەڵ واشنتن ، بە شێوەیەک چین لە مانگی ئابی ڕابردوو گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە گەرووی تایواندا کرد کاتێک ئەمریکا نانسی پێلۆسی، وتەبێژی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی تایپی کرد ،هاوکات هێزە چەکدارەکانی تایوان ڕایانگەیاندووە کە چاودێری هەر جوڵەیەکی چینی دەکەن کاتێک تسای لەدەرەوەی وڵات بێت.
ئۆکرانیا رایگەیاند ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران تێکشکێنراون کە لە هێرشە نوێیەکانی روسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان بەکارهێنراون. ئەمڕۆ سێشەممە سێرگی پۆپکۆ، فەرماندەیی سەربازیی ئۆکرانیا لە کیێڤ-ی پایتەختی ئەو وڵاتە رایگەیاند؛ هێزەکانی قەڵغانی ئاسمانیی ئۆکرانیا 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان پێش ئەوەی بگە ئامانجەکانیان تێکشاندوە. ئەو وتوی: روسیا لە هێرشە نوێیەکانی بۆسەر ئۆکرانیا جارێکی دیکە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی دژی کێیڤ بەکارهێنراوە و ئەو 12 فڕۆکە بێفڕۆکەوانەشی تێکشکێنراون هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتوەتەوە. پۆپکۆ ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە رۆژئاوای پایتەختی ئۆکرانیا کەوتوەتە خوارەوە وبوەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە. روسیا لە هێرشەکانی دژی ئۆکرانیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی جۆری شاهید بەکاردەهێنیت کە لە لایەن ئێرانەوە دروست دەکرێت و بەرپرسانی تاران رەتی دەکەنەوە دەستیان لە جەنگی ئۆکرانیا هەبێت. رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکا ئاشکرای کردوە کە زۆربەی ئە درۆنە خۆکوژیانەی دروستکراوی ئێران لە لایەن سوپای روسیاوە گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت لە لایەن چ شوێنێکەوە دروست کراوە.
كاوە ڕەش دوابەدوای دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكی پارتی نیشتمانی سكۆتلانداو سەرۆكوەزیران; خانمە نیكۆڵا ستۆرجۆن و كێبڕكێ بۆ جێگرتنەوەی سەرۆكی پارتەكەوەو سەرۆكوەزیرانی هەرێمی سكۆتلەندا دوای دەنگدانی ئەندامانی پارتەکە، هەمزە یوسف، توانی بەدەنگی زیاتر لەسەدا پەنجاو دووی ئەندامانی پارتەكەی لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردن و دەنگداندا سەركەوێت و بڕیارە لەشوێنی نیکۆلا ستۆرجۆن ببێتە سەرۆکی (پارتی سۆسیالیستی)پارتی نیشتیمان سكۆتلەنداو سەرۆك وەزیری هەرێمی سکۆتلەندا. هەمزە یوسف، توانی لەکێبڕکێ بۆ پۆستی سەرکردایەتی پارتەكەی و سەرۆكوەزیران، لەهەردوو ڕکابەرەکانی (کەیت فۆربێس) و (ئاش ڕیگان) بەرێتەوە ئەویش دوای ئەو دابەشبوونە قووڵەی لەناو پارتەکەی بەرپا بوو بەهۆی مل ملانێكردنەوە بۆ ئەو پۆستە. هەمزە یوسف، وەك گەنجێكی تەمەن 37 ساڵە، دەبێتە یەکەم موسڵمان لەمێژووی بەریتانیادا، کەسەرکردایەتی پارتێکی گەورە بكات لەووڵاتە، كەسێیەم پارتە لەسەر ئاستی شانشینی یەكگرتوی بەریتانیایە. هەمزە یوسف، بەڕەچەڵەك پاكستانییەو باب و باپیرانی لەساڵانی شەستەكان وەك كۆچبەرو ئیشكەر ڕوویان لەبەریتانیا كردووەو دەڵێ، هەرگیز باوانی ئەوایان بەخەیاڵیدا نەهاتووە كەڕۆژێك نەوەكەیان بگاتە ئەو پۆستە پلە باڵایە. لەكاتێكدا كەئەوان هاتوون بۆ سكۆتلەندا، بەزەحمەت زمانی ئینگلیزیان زانیوە. ئەو ئێستا خێزاندارەو باوكی دووكچە. لەدوای پشتڕاستکردنەوەی كەوەک سەرۆكێكی نوێ، هەڵبژاردنی بردۆتەوە، لەووتەیەكدا لەیاریگای مۆرایفیڵد، لەشاری ئەدینبۆرۆ هەمزە یوسف گووتی; كەگەورەترین شەرەف و دەستكەوتی ژیانم ئەوەیە، کەدەبێتە سەرۆك وەزیرانی یەکەمی داهاتوو لەسكۆتلەندا.. هەربەو بۆنەیەشەوە داوای لەحزبەکەی کرد، كەلەپشتیەوە بەیەكگرتووی بوەستن، دوای ئەو ماوەیەی كێبڕكێكردنی سەخت بۆ پۆستی سەرکردایەتی كردنی حزب و حوكمەت هاوكات ئاماژەی بەوەشکردووە، بەیەكگرتووی دەتوانن سەربەخۆیی "لەبەر دەرگا” بەدەستدەهێنرێت و بەڵێنیدا هەڵمەتێکی جدی دەستپێبکات بۆ بەدەست هێنانی مافی ڕیفراندۆمێكی دیكەو دەڵێ; ئێمە دەبینە ئەو نەوەیەی سەربەخۆیی بۆ سکۆتلەندا بەدەست بهێنین. بەگرتنە دەستی ئەو پۆستە ئەو گەنجە موسڵمانە دەبێت ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی و بەربەستی سیاسی و یاسای و قەیرانی هەڵاوسانی ئابووری ببێتەوە، كەئێستا هەرێمی سكۆتلەنداو بەریتانیا پێیدا تێدەپەڕن. لەوانە هەوڵدان بۆ تئپەڕاندنی یاسای گۆڕینی جێندەر و ڕێگادان بەڕیفراندۆمێكی دیكە كەهەردووكیان لەلایەن پارلەمانی بەریتانیاوە بلۆك كراون و ڕێیان پێنادرێت. لەلایەكی دیكەشەوە قەیرانی داڕمانی كەرتی تەندروستی سكۆتلەندا، كەئەو وەزیری تەندروستی بووە، تاكاتی وەرگرتنی پۆستەتازەكەیی و قەیرانی هەڵاوسانی ئابووری هەرێمەكەی. هەمزە یوسف، بەرلەگەیشتنی بەو پۆستە باڵایە، پێشتر پلەی وەیری دادو وەزیری گواستنەوەو وەزیری تەندروستی هەرێمی سكۆتلەندا هەبووە. لەكاتی دیبەتی كێبڕكێكردنی بۆ سەركردایەتی پارتی نیشتیمانی سكۆتلەندا و كەسی یەكەمی سەرۆك وەزیران، ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنەی ڕكابەرەكانی بووە. لەیەكێك لەدیبەتەكاندا تۆمەتبەریان دەكرد كە كاتێك ئەو پۆستی وەزیری گواسنەوەی هەبووە، هەرگیز شەمەندۆفێرەكان لەكاتی خۆیاندا نەگەیشتون، وەكاتێكیش وەزیری تەندروستیە گەورەترین دەڕمان لەكەرتی تەندروستی دروست بووە، بۆیە بەگوتەی ڕكابەرەكانی، ئەو شیاوی پۆستی سەركردایەتی پارتی نیشتیمانی سكۆتلەنداو كەسی یەكەمی سەرۆكوەزیرانی هەرێمەكەی نیە .
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئەو 18 تانکی جەنگی لیۆپارد 2 وەی کە لەلایەن ئەڵمانیاوە بەڵێن دراوبوو بۆ پشتگیری ئۆکرانیا لە شەڕی دژی ڕووسیا گەیشتوونەتە ئۆکرانیا ئەڵمانیا لە مانگی کانوونی دووەم ڕازی بوو کە ئەو جۆرە تانکە بۆ ئۆکرانیا دابین بکات کە بە باشترینەکانی جبەخانەی ڕۆژئاوا دادەنرێت و کیڤ دەڵێت زۆر گرنگە بۆ شکستهێنان بە داگیرکاری ڕوسیا بەڵام مۆسکۆ ڕایگەیاند دابینکردنی ئەو جۆرە تانکە ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات. سەبارەت بە گەیشتنی تانکەکان بۆریس پیستوریوس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە تویتەرێکدا وتی: "دڵنیام کە تانکەکان دەتوانن کاریگەرییەکی ئەوتۆیان هەبێت لە ڕیزەکانی پێشەوەی جەنگەکەدا". سەرچاوەیەکی ئەمنیش ڕایگەیاند جگە لە 18 تانک و 40 ئۆتۆمبێلی پیادەی ماردەری ئەڵمانی و دوو ئۆتۆمبێلی چاککردنەوەی زرێپۆشیش گەیشتوونەتە ئۆکرانیا. هاوکات سوپای ئەڵمانیا مەشقی بە ژمارەیەک سەربازی ئۆکرانی کردووە بۆ ئەوەی بتوانن کار بە تانکەکان بکەن .و جگە لە ئۆتۆمبیلە ئەڵمانییەکان سێ تانکی لیۆپارد کە لەلایەن پرتوگالەوە بەخشرابوون گەیشتنە ئۆکرانیا.
هاوڵاتی سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون داوای کردووە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای وڵاتەکەی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی ئەتۆمیی گونجاو زیاد بکرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی "Yonhap" لە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی کۆریای باکوور کە ئاژانسی ناوەندی کۆریا (KCNA)یە وەری گرتوون، کیم زانیاری وەرگرتووە لەبارەی توانای ئەتۆمی وڵاتەکەی لە دامەزراوەی چەکە ئەتۆمییەکان. کیم داوای کردووە بە "بێ کەموکوڕی" ئامادەکاری بکرێت بۆ بەکارهێنانی چەکە ئەتۆمییەکان "لە هەموو کات و هەموو شوێنێک" و گوتوویەتی: "نابێت هەرگیز بوەستین لە بەهێزکردنی توانای ئەتۆمیمان بۆ بەرپەرچدانەوە و دەبێت بەشێوەیەکی جێگیر توانای ئەتۆمیمان بەهێزتر بکەین". سەرکردەی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون داوایشی کردووە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای وڵاتەکەی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی ئەتۆمیی گونجاو زیاد بکرێت. هاوکات بەگوێرەی راپۆرتی ئەسۆشێتد پرێس، تاقیکردنەوەکانی چەک لە کۆریای باکوور چڕتر بوونەتەوە و گرژیەکانیش زیاتر بوون، ئەمەش بەهۆی مانۆڕە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور.
بەریتانیا رایگەیاند بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە لایەن روسیاوە دژی ئۆکرانیا بەردەوامە و تەنها لە نزیکەی یەک مانگەدا 71 فڕۆکەی بێفڕۆکەونی ئێرانی لەو جەنگەدا بەکارهاتوە. وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە 25 رۆژی ئەم مانگەدا 71 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە دژی ئۆکرانیا بەکار هاتوە و لە مانگی رابردوشدا بۆ ماوەی 15 رۆژ هێرشی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە راگیراوە. وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بەوە کردوە؛ روسیا بە بەردەوامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (شاهید) لە ئێران وەردەگرێت کە زۆربەیان درۆنی خۆکوژن و توانای وێرانکارییان زۆرە. پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندبو زیاتر لە هەزار و 700 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران رادەستی روسیا کراوە و بڕیاربوە موشەکی ئێرانی رادەستی روسیا بکرێت بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بڕیاری رادەستکردنی موشەک بە مۆسکۆ-یان راگرتوە.
هاوڵاتی شەمەندەفەر و فڕۆکە و سیستەمی گواستنەوەی گشتی ئەمڕۆ دووشەممە لە زۆربەی ناوچەو شارەکانی ئەڵمانیا وەستاون و کار ناکەن دوای ئەوەی یەکێتی کرێکاران داوای مانگرتنێکی سەرتاسەری یەک ڕۆژەی کرد بەهۆی ئەو کاریگەرییەی هەڵئاوسانی دارای لەو وڵاتە لەسەر موچەی ئەندامەکانی دروستی کردووە. ئاژانسی هەواڵی ڕیوتەرز بڵاویکردەوە مانگرتنە 24کاتژمێرییەکەی ئەمڕۆ لە لایەن یەکێتی بازرگانی ڤێردی و یەکێتی هێڵی شەمەندەفەر و گواستنەوە EVG و یەکێتی کرێکارانی ئەو وڵاتەوە داواکرا بە شێوەیەک کاریگەری هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ناچار بوون بە پێ چەند کاتژمێرێک بڕۆن بۆ گەیشتنە سەر شوێنی کارەکانیان. ڤێردی بە ناوی نزیکەی 2.5 ملیۆن کارمەند لە کەرتی گشتی و لە گواستنەوەی گشتی و فڕۆکەخانەکاندا گفتوگۆ دەکات، لە کاتێکدا EVG بە ناوی نزیکەی 230,000 کارمەند لە کۆمپانیای دێوچە بان و پاس داواکاری پێشکەشدەکەن. هەریەک لە ڤێردی داوای زیادکردنی 10.5٪ کرێ دەکات، کە بەلایەنی کەمەوە 500 یۆرۆ (538 دۆلار) لە مانگێکدا بەرزدەبێتەوە، لە کاتێکدا EVG داوای 12٪ زیادکردن دەکات یان بەلایەنی کەمەوە 650 یۆرۆ لە مانگێکدا دەکات. بەهۆی مانگرتنەکەوە تێرمینالەکان بە زۆری چۆڵ بوون بە هەمانشێوە فڕۆکەخانەکانیش ، بە شێوەیەک دوو لە گەورەترین فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا لە میونخ و فرانکفۆرت، گەشتە ئاسمانییەکانی ڕاگرت، لە کاتێکدا خزمەتگوزاری شەمەندەفەرەکان لە لایەن کارپێکەری هێڵی شەمەندەفەر دویچە باهن (DBN.UL). هەڵوەشێنرایەوە. بە گوێرەی مەزندەکانی کۆمەڵەی فڕۆکەخانەکان ئەی دی ڤی تەنها بە هۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان 380هەزار گەشتیار کاریگەربوون و تەنها لە فرانکفۆرت نزیکەی 1200 گەشتی ئاسمانی بۆ 160 هەزار گەشتیار هەڵوەشایەوە وژمارەیەکی زۆر گەشتیار ناچاربوون لە ناو فڕۆکەخانە بمێننەوە. کارمەندەکان فشار دەکەن بۆئەوەی موچەکانیان زیاد بکرێت بۆ کەم کردنەوەی کاریگەری هەڵئاوسان لەسەریان کە لە کە لە مانگی شوباتدا گەیشتە 9.3٪ ئەمیش بەهۆی ئەوەی کە پێش جەنگی ئۆکرانیا ئەڵمانیا بە ڕادەیەکی زۆر پشتی بە ڕوسیا بەستبوو بۆ بەدەستهێنانی گاز و لە ئێستادا لە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەکدایە و دەبێت بە نرخێکی گران لە وڵاتانی دیکە بیکڕن. هاوکات وتەبێژی دوێچە بان (بەرپرسی کۆمپانیای خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە) ڕۆژی دووشەممە وتی" ملیۆنەها سەرنشین کە پشت بە پاس و شەمەندەفەر دەبەستن بۆ چونە سەر کار و هاتوچۆکردن بەم مانگرتنە کاریگەربوون".
هاوڵاتی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا دوێنێ شەممە ڕایگەیاند، ڕووسیا چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاڕوس جێگیر دەکات. ئاژانسی هەواڵی ڕیوتەرز بڵاویکردەوە سەرۆکی ڕوسیا بڕیاری جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی لە بیلاروس داوە وەک ناردنی ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ناتۆ لەسەر بەردەوامی پشتگیری سەربازیان بۆ ئۆکرانیا و پشتگیریکردنی بەردەوامی ڕۆژئاوا. پوتین ئاماژەی بەوەشکردوە ، ئەو هەنگاوە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەکانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی نابێت و بەراوردی کردووە بە جێگیرکردنی چەکەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا. ویلایەتە یەکگرتووەکان زلهێزەکەی دیکەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا بە وریایی کاردانەوەی پیشانداوە بەرامبەر بە لێدوانەکەی پوتین، بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتەکە دەڵێت هیچ نیشانەیەک نییە کە مۆسکۆ پلانی دانابێت چەکە ناوکییەکانی بەکاربهێنێت. پوتین لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ تەلەفیزیۆنێکی وڵاتەکەی باسی لەوەشکرد، ڕووسیا کۆنترۆڵ بۆ بیلاروس ناگوێزێتەوە ،بەڵام ئەمە لەوانەیە یەکەم جار بێت لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە کە ڕووسیا لە دەرەوەی وڵات ئەو جۆرە چەکانە جێگیردەکات . وتیشی "لێرەش هیچ شتێکی نائاسایی نییە، یەکەم، ئەمریکا بۆ دەیان ساڵە ئەم کارە دەکات "، دەشڵێت کە ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە چەکی ئەتۆمی تاکتیکی خۆیان لە خاکی وڵاتە هاوپەیمانەکانیان بڵاوکردۆتەوە. هەروەها ڕووسیا لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە مەشق و ڕاهێنان بە تیمەکانی کارپێکردنی ئەو چەکانە دەکات. هاوکات لە وڵامی ئەم بڕیارەدا ئۆلیکسی دانیلۆڤ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگری ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە ئەمەی بە بە "هەنگاوێک بۆ ناسەقامگیری ناوخۆیی" بیلاروسی ناوبرد و گوتی" پلانی ڕوسیا بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بیلارۆس ئەو وڵاتە ناسەقامگیر دەکات کە لەلایەن مۆسکۆوە بارمتە گیراوە." هاوکات شیکەرەوەکان لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوە لە جەنگ (ISW) وتیان کە مەترسی دروستبونی جەنگی ئەتۆمی تا ئێستا "زۆر نزم ماوەتەوە". بەڵام کەمپینی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەکی ناوکی، ڕایگەیاند، بڕیارەکەی پوتن مەترسی دروستبونی جەنگی ئەتۆمی بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەبات . لە 24ی شوباتی 2022دا ڕوسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و دوای 13مانگ تا ئێستا بەردەوامە .
هاوڵاتی جیراڵد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فڕەنسا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، لە میانی نۆیەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان دژی چاکسازی لە خانەنشینی، 457 کەس لە خۆپیشاندەرانی ناوچە جیاجیاکانی فڕەنسا دەستگیرکراون و 441 ئەفسەر و کارمەندی پۆلیسیش بەهۆی توندوتیژیەکانەوە برینداربون. جیراڵد دارمانان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە لە پاریس لە کاتی خۆپیشاندانی سەندیکاکاندا 903 جار ئاگر لە موڵکی گشتی و کۆنتێنەرەکانی خۆڵ و خاشاک کەوتوەتەوە. وتیشی پۆلیس پارێزگاری لە زیاتر لە ملیۆنێک کەس کردووە کە لەسەرتاسەری فەرەنسا بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردووە. وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، داواکاری خۆپیشاندەرانی رەتکردەوە بۆ دەستبەرداربوونی حکومەت لە سیستەمی نوێی خانەنشینی کە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ھەفتەی رابردوو پەسەندیکرد. لە یاسای نوێی خانەنشینی فەرەنسادا، تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ بەرزکراوەتەوە، ئەوەش شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەندیکاکان و فەرمانبەرانی لەو وڵاتە بەدوای خۆیدا ھێناوە و بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی رەتدەکەنەوە. بەپێی ئاژانسەکان، خۆپیشاندانەکە زیاتر لە 300 شار و بەبەشداری نزیکەی سێ ملیۆن و500 هەزار کەس بەردەوامی هەیە و سوریشن لەسەرئەوەی، تا داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێت بەردەوام دەبن لەناڕەزایەتیەکان.