یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە
7 كاتژمێر لەمەوپێش
پرۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
ئەم هەنگاوە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بونیادنانی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو
ئامادەکردنی هاوڵاتی:
لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا بە سەرپەرشتی وەزیری پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای وەزارەت و نوێنەری هاوپەیمانان، بڕیاری دامەزراندنی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی نوێ درا.
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەم دوو ناوچە سەرکردایەتییە کە لە ١١ فیرقەی سەربازی پێکدێن، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە دەست بەکار دەبن. پرۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، کە بەشێکی زۆری هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ لەم دوو ناوچە سەرکردایەتییەدا رێکبخرێنەوە. هاوکات، ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی یەکەیەکی یەکگرتووی ژمێریاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە.
وەزیری پێشمەرگە جەختی کردەوە، کە ئەم هەنگاوە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بونیادنانی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، کە توانای پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستانی هەبێت.