وەزیری دارایی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ تیمی پڕۆژەی ''هەژماری من'' ئەنجام دا

7 كاتژمێر لەمەوپێش



نزیکەی ٧٠٠ هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە ڕێگەی هەشت بانکەوە خۆیان تۆمار کردووە.

بە پێی ئەنجامە ڕاگەیەنراوەکانی کۆبوونەوەکەی وەزیری دارایی و ئابووری "ئاوات شێخ جەناب" لەگەڵ تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" لە داهاتوویەکی نزیکدا فەرمانبەران چیتر مووچە بە دەستی وەرناگرن.

 

ئامادەکردنی هاوڵاتی:

ئەمڕۆ ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب، لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من ئەنجام دا.

 

بەپێی دوایین ئامارەکان، نزیکەی ٧٠٠ هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە ڕێگەی هەشت بانکەوە خۆیان تۆمار کردووە. هەروەها زیاتر لە ٣١٨ هەزار کارتی بانکی دابەش کراوە و ٣٠٦ ئامێری ڕاکێشانی پارە دابین کراوە. لە مانگی تشرینی دووەمدا ٢٢١ هەزار مووچەخۆر بە شێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پلانی داهاتووی پڕۆژەکە کرا، کە بەپێی ئەو پلانە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە پارێزگای هەولێر بە شێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن.

 

هەروەها باس لە بەڵگەنامەی گشتاندنی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرا، کە تێیدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ بانکە ئەهلییەکان کراوەتەوە.

 

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر دەربارەی پڕۆژەکە، هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە (١٩٩١) بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار