هاوڵاتی ڕافائێل گروسی، سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕۆژی شەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێران بەڵێنی داوە بە ڕێگەدان بۆ دووبارە داناناوەی کامێرا وئامێرەکانی چاودێریکردن لە بنکە ئەتۆمیەکانیدا وپشکنینە نێودەوڵەتیەکان لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم. سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕۆژی شەممە دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کە پێکهاتبوون لە ئیبراهیم ڕەئیسی و سەرۆکۆماری ئێران و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئێران ڕایگەیاند، ئێران ڕەزامەندە لەسەر فراوانکردنی هاوکاریەکانی بۆ پشکنینی بنکە ئەتۆمیەکانی. سەردانەکەی ڕافئێل گروسی  دوای دۆزینەوەی گەردیلەکانی یۆرانیۆم بوو کە تا ئاستێک پیتێنراوە  کە ٨٣.٧٪ و نزیکە لەو پلەیەی کە وەک" چەک" بەکاربێت  لە دامەزراوەیەکی ژێرزەمینیی ئێراندا، هەروەها تەنها دوو ڕۆژ پێش کۆبوونەوەی  دەستەی بەڕێوەبەری ٣٥  وڵاتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش دێت. لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی نەتوەیەکگرتوەکان لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ڤیەنای پایتەختی نەمسا، کە ئاژانسەکە بارەگا سەرەکییەکەی لێیە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، "لە چەند مانگی ڕابردوودا، کەمبوونەوەی هەندێک لە چالاکییەکانی چاودێریکردن هەبووە" کە پەیوەندییان بە کامێرا و ئامێرەکانی دیکەوە هەبووە کە کاریان نەدەکرد، وتیشی " ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەستنەوەی کامێرا و کەرەستەی دیکەی چاودێری لە شوێنە ئەتۆمییەکانی و زیادکردنی خێرایی پشکنینەکان ... ئێمە ڕێککەوتووین کە ئەوانە جارێکی دیکە کار بکەنەوە".  ڕافائێل گروسی  لەبارەی ڕێکەوتنەکەوە  وردەکارییەکانی نەخستەڕوو کە کام ئامێرە نۆژەن دەکرێتەوە و لەماوەی چەندێکدا، بەڵام وتی، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێویستی بە پشکنینی زیاتری ئەو دامەزراوەیە هەیە و ئێران ڕازی بووە بە "لەسەدا ٥٠ی زیاتر پشکنین" لەوێدا ، هەروەها ڕاشیگەیاندووە کە  ڕێکەوتنەکان " تەنها قسە نین، ئەمە زۆر کۆنکرێتیە".   هاوکات ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ئێران دوای سەردانەکەی گرۆسی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند تاران "ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ  پێشکەشکردنی زانیاری زیاتر و دەستڕاگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پارێزبەندی". بەپێی ڕیکەوتنەکە ئێران ڕێگە بە دانانی ئامێری چاودێری زیاتر دەدات کە بەپێی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ دانرابوو، بەڵام دواتر ساڵی ڕابردوو لابرا، چونکە ڕێککەوتنەکە لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە لە ساڵی ٢٠١٨ لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکادا هەڵوەشایەوە. ڕاپۆرتێکی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ وڵاتانی ئەندام کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە لیکۆڵینەوەی لەسەرکراوە ، ڕایگەیاندووە، گرۆسی بەوپەڕی دڵنیاییەوە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی خێرای  تەواوی بەیاننامە هاوبەشەکەیە.   ئەمەش لەکاتێکدایە کە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی هەینی گەیشتە ئێران و دانوستانەکان لە بنبەستدا بوو سەبارەت بە زیندووکردنەوەی پەیماننامەی ساڵی ٢٠١٥ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کە بەڵێنی ڕزگاربوونی تاران لە سزا ئابوورییە توندەکانی پێدابوو کە لەلایەن ڕۆژئاوا وئەمریکاوە بەسەریدا سەپێنرابوو  لە بەرامبەر سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی . هاوکات ئێرانیش لەبارەی دەستڕاگەێستنی بە یۆڕانیۆمی پوخت کە بەڕێژەیەک زیاتر بێت لە سەدا ٦٠ ئێران،  ڕەتیدەکاتەوە بیەوێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و دەڵێت هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە دەرەوەی ئەو ڕێژەیە،  دەشڵێت، " کە رەنگە هەڵاوسانی نەخوازراو ڕویدابێت لە کاتی پڕۆسەی پیتاندندا"        

هاوڵاتی شەش وڵاتی ئەورووپی ڕۆژی شەممە" نیگەرانییەکی زۆر"یان دەربڕی سەبارەت بە زیادبوونی ناکۆکیو پەرەسەندنی گرژییەکانی کە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا هەیە. فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و پۆڵەندا و ئیسپانیا و بەریتانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییەی سەر هاوڵاتیانی ئیسرائیل و توندوتیژی ئیسرائلیان بۆ سەر هاوڵاتیانی فەلەستینی شەرمەزارکرد . لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم جۆرە کارانە تەنها بۆ توندوتیژی زیاتر ڕێگە خۆش دەکات و ئاماژە بەوە کراوە: "دەبێت ئەو بەرپرسانە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی تەواو و یاسایی ببنەوە پێویستە هەموو ئەو کارانەی کە هەڕەشە لە ئاشتی و هاندانی توندوتیژی دەکەن بوەستێت" جەختیشیان کردەوە کە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ هەمووان تاکە چارەسەرێکی گونجاوە بۆ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین. دەشڵێن،" دژایەتیی خۆمان  دووپات دەکەینەوە لەبەرامبەر هەموو ڕێوشوێنە یەکلایەنەکان کە بێ گفتوگۆو لە لایەن یەکلایەنەوە ئەنجامدەدرێت، لەوانەش فراوانبوونی ئەو ڕێکەوتنانەی کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی نایاسایین" ئەو وڵاتانە  داوایان لە حکومەتی ئیسرائیل کرد کە  لە بڕیاری ئەم دواییەی پاشگەزبێتەوە کە بڕیارە زیاتر لە 7,000 یەکەی نیشتەجێبوون  لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو دروستبکات .

هاوڵاتی  پڕۆژەی یەک ڕۆژ گۆڕانکاری پڕۆژەیەکی دیکۆمێنتەری ڕۆژنامەوانییەو لەلایەن دوو ڕۆژنامەوانی کوردەوە کاری لەسەر کراوە و زانکۆی دورهامی بەریتانی بڕیاری کڕینی دەدات و بۆ لەمەودوا پرۆژەکە دەبێتە بەشێک لەسەرچاوەی زانستی بۆ خویندکاران لە زانکۆکە. ئاکۆ ئیسماعیل و شاهۆ عەبدولقادر دوو ڕۆژنامەوانی کوردن و لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێن. ساڵی ٢٠٢٢ بە هاوبەسی لەگەڵ ڕێکخراوی سکیسمستۆن پێشانگایەکی فۆتۆگرافیان لەبارەی جەنگ و لێکەوتەکانی کردەوە بەناوی یەک رۆژ گۆرانکاری کە فۆتۆکان لە کوردستان و عێراق و سوریا تۆمارکرابوون، هەروەها کورتە فیلمێکیان لەبارەی ڕزگاربوویەکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە بەرهەمهێنا بەناوی بۆنی سێو، کە لە زیاد لە پێنج جار لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا و زانکۆکاندا نمایشکراوە.   یەکێک لە گرنگترین گەشتەکانی ئەم پرۆژەیە لە زانکۆی دورهام بوو کە یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی بەریتانیاو دوای نمایشکردنی لە زانکۆکە بەفەرمی بڕیاری کڕینی تەواوی پڕۆژەکەدرا.   ئەم پڕۆژەیە دەبێتە بەشێک لە سەرچاوەی زانستی بۆ خوێندکاران و بۆ هەمیشە و بەردەست دەبێت، هەروەها زانکۆکە خاوەنی مۆزەخانەی گەورەی شارەکەیە و لە داهاتوو ئەم پڕۆژەیە نمایشی دەبێ لە نێو مۆزەخانەکە.   ئاکۆ ئیسماعیل کە رۆژنامەنووسێکی کوردە و پێشتر پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوڵاتی بووە لە کوردستان و ئێستا لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە و وتی، ئەم پڕۆژەیە بەشێک لەو کارانەمە کە کاتێک کاری رۆژنامەوانیم دەکرد و ئەو رووداوانەی کاریگەری لەسەرم دروستدەکردن بەتایبەت دیمەنی ئەو پەنابەرانەی کە لەدەستی داعش هەڵهاتبوون تۆمارم دەکردن، کە کارەکە بەگشتی باس لەوەدەکات چۆن جەنگ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی دادەنێت و چۆن ژیانیان دەگۆڕێ. هەروەها چۆن گرنگە رۆژئاوا لەسەر ئەم تاوانانە بێنە دەنگ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات، چونکە ئەم رووداوانە پەیوەندیان بە هەموو مرۆڤایەتییەوە هەیە.     هەروەها ئاکۆ ئاماژە بەوەدەکا، لە فۆتۆکاندا بە وردی هەست بەوە دەکەیت کە چۆن ژیانی منداڵان گۆراوە. هەروەها لە فۆتۆکاندا چەندین چیرۆکی قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەمان گێڕاوەتەوە بەتایبەت وێنەی عەلی کە یەکێک بووە لە ڕزگاربووەکانی هەڵەبجە و کاتێک گەڕایەوە بۆ هەڵەبجە وێنەیم لە تەنیشت گۆڕەکەیەوە گرت. ئەم پرۆژەیە لە میدیاکانی بەریتانیا بە گرنگییەوە ڕووماڵی کراو هەریەکە لە کەناڵی ئای تی ڤی بەریتانی لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات ئەم پرۆژەیە چۆن سەرنجی زانکۆی دورهامی ڕاکێشاوە و بڕیاری کڕینیان داوە و هەروەها کەناڵەکە دەڵێ ئەم پرۆژەیە دەبیتە بەشێک لەو بەرهەمانەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەردەست دەبێ بۆ خوێندکاران.   هەروەها رۆژنامەی زە جۆرنەلیست مەگەزین کە ڕۆژنامەی فەرمی یەکێتی نەتەوەی ڕۆژنامەنووسانی بەریتانیایە و راپۆرتیکی بڵاوکردۆتەوە بەناوی پیشاندانی راستی جەنگ کە باس لەو پرۆژە فۆتۆگرافییە دەکا.   شاهۆ عەبدولقادر، ڕۆژنامەنووس و ڤیدیۆگرافەرێکی خەڵکی کەرکوکە و باسی لە پڕۆژەکەی دەکات و دەڵێ لە مەیدانی جەنگا ھەمیشە لێڵی و ناڕوونی ھەیە، ھەمیشە کاتێک جەنگ دەناسین و لێی تێدەگەین کە تەواودەبێت! من بڕوام بەو چیرۆکانەیە کە دوای جەنگ روودەدەن ، چونکە تارمایی جەنگ ، ھەمیشە لەبوونی قوربانیانی جەنگدا وەک تراوما دەمێننەوە.   هەروەها شاهۆ دەڵێ، بەحوکمی ئەوەی وەک زۆرینەی مرۆڤی رۆژھەلاتی ناوەڕاست و تایبەتتت کورد قوربانی جەنگیین. منداڵیم لەکەمپ و ساتی جەنگدا بووە.   شاهۆ باسی لە فۆتۆکانی دەکا و دەڵێ، من ھاتووم فیگەری منداڵم لەفۆتۆکانم زەق کردووەتەوە وەک یەکەمین و گەورەترین قوربانی جەنگ لەھەمان کاتیش منداڵ ھیمایەبۆ ھیوا . منداڵانی فۆتۆکانم منداڵانێکی خاوەن خەون و ژیاندۆستن، لەھەمان کاتیش گرنگیم بەبابەتی ژینگەی جەنگ داوە ، چۆن کاتێک جەنگ دێت، باڵندەکان ئاسمان جێ دەھێڵن، ماسییەکان دەمرن...   بەپێی ستەیتمێنتی فەرمی زانکۆکە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە بەشێکی هەمیشەیی لە بەشی هونەری ئامادەیی زانکۆکە و لەوێ بەردەست دەبن بۆ نەوەکانی داهاتوو و خوێندکاران و ستافی زانکۆکە هەروەها و ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی زانکۆکەن دەتوانن کارەکان ببینن. لە ڕێگەی بەرنامەی پێشوەختەوە لەگەڵ زانکۆکە.   هەروەها زانکۆکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەم کارە ناوازەیە پاڵپشتی وانەوتنەوە و بەشداریکردنی نوێ لەبواری هونەری پراکتیکی هونەری هاوچەرخ و دەکا و بیری ڕەخنەی بەهێزکر دەکات . هەروەها پڕۆژەکە بەشێوەی ئۆنلاین بۆفیستیڤاڵی هونەری لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەردەست دەبێ.   ئەلێکس کۆڵین ود، سەرپرشتیاری هونەری هاوچەرخ لە زانکۆی دورهام لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند، زانکۆکەمان بەرنامەی پێشانگای کورت خایەنی هەیە کە بەشێکە لە پرۆسەی فێرکردن و گەشەپێدانی خوێندکاران، هەروەها ئەم پێشانگایەمان کڕیوەتەوە پڕۆژەکەمان بەلاوە گرنگ بووە بۆ زانکۆکەمان بۆ ئەوەی هەمیشە لەبەر دەست بێ بۆ خوێندکاران بە مەبەستی فێرکردن و بەدواداچوونیان لەبارەی جەنگ و لێکەوتەکانی کە ئاسانکاری دەکات بۆ خوێندکاران.     دورهام یەکێکە لە گرنگترین زانکۆکانی بەریتانیا و کە گرنگی بە هونەری هاوچەرخ و بەڵگەنامەیی دەدات، نزیکەی پێنج هەزار کاری کڕیوەتەوە لە ماوەی نێوان سەدەی بیست و بیست و یەکدا. لەناو ئەم پڕۆژەیەدا کورتە فیلمێکیشی تێدایە کە کاری ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە کوردەیە و لەلایەن کلێر وێبستەرەوە کاری دەرهێنەری بۆ کراوە، لەلایەن ڕێکخراوی سکیمستۆنەوە بەرهەمهێنراوە کاری میوزیکیشی لەلایەن رزگار حەمە ڕەوفەوە بۆکراوە.   لەو بارەیە کلێر وێبستەر کە دەرهێنەرە لە ڕێکخراوی سکیمستۆن وتی، ئێمە خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین کە زانکۆی دورهام ئەم پڕۆژەی کڕیوە ئێمە شانازی دەکەین کە زانکۆکە لە ئاستی بەرزی ئەم کارانە تێگەیشتوە و بڕیاری کڕینیداوە. ئەم پڕۆژەیە دەچێتە خوێندنگاکان و بەردەست دەبێ بۆ هەموان تاکو خەڵک تێبگەن کە چی روودەدا. ئەمە سودی زۆری بۆ خوێندکاران و هەموو ئەوانە دەبێ کە لەداهاتوودا ئەم کارە دەبینین. چۆن ژیانی خەڵکی گۆڕاوە لە ماوەیەکی کەمدا. ئەم کارە گرنگییەکەی لەوەدایە کە چۆن ئەم وێنانە زانیاری دەدات بەوانەی دەیبینن و چۆن دەتوانێ بیرکردنەوەی خەڵک بگۆڕێ.  

هاوڵاتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا داوای لەسەرجەم دەزگاکانی هەواڵگری جیهانی کرد کە زانیاریەکانیان لەسەر سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا بکەن، چونکە گریمانەکانی سەرچاوەی ڤایرۆسەکە لەسەر مێزی لیکۆڵینەوە ماونەتەوە" تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی هەینی وتی: “ئەگەر هەر وڵاتێک زانیاری لەسەر سەرچاوەی پەتاکە هەبێت، زۆر گرنگە ئەو زانیاریانە لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و کۆمەڵگەی زانستی نێودەوڵەتیدا هاوبەش بکرێت" ئەم داوایەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دوای ئەو ئەو بانگەشەیەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری " ئێف بی ئای" لە هەفتەی ڕابردوو  دێت کە  دەڵێت پێدەچێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی چینەوە دزەی پیکرابێت کە ئەمەش  بووەتە هۆی ئەوەی   پەکین بە توڕەییەوە ئەو بانەگەشەیە ڕەتبکاتەوە. هەروەها تیدرۆس ئەدهانۆم وتیشی، "نەک بۆ ئەوەی تاوانەکان دابەش بکەین بەڵکو بۆ پێشخستنی تێگەیشتنمان لە چۆنیەتی دەستپێکردنی ئەم پەتایە، بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لە پەتا و پەتایەکانی داهاتوو بکەین و خۆمان ئامادە بکەین و وەڵامیان بدەینەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد  ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی پەتاکە نەبووە و ئێمە بەردەوامین لەوەی کە داوا لە چین بکەین زانیاریەکانی بە شەفافانە بخاتە ڕوو لەسەر ئەو پرسە و لەچەندین بۆنەشدا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی چین ئەو بابەتمان باسکردووە. لەبارەی تۆمەتەکان و بانگەشەکانی ئەمریکاوە ماو نینگ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، پەکین شەفاف بووە لە گەڕان بەدوای سەرچاوەی ڤایرۆسەکەدا ، هەروەها وتیشی  ئەمریکا پێویستە چاوی لە تاقیگە بایۆلۆژییەکانی خۆی بێت کە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە کاتێک بەدوای سەرچاوەی ڤایرۆسەکەدا دەگەڕێت.   هەر لەسەر ئەو پرسە وتەبێژی وەزارەتی چین وتی، ئەوە ئەمریکایە کە پێویستە وەڵامی پرسیار و نیگەرانییەکانی جیهان بداتەوە سەبارەت  بە تاقیگە سەربازی و بایۆلۆژییەکانی لە سەرانسەری جیهان، جەختیشی لەوەکردەوە بە سیاسیکردنی ئەو پرسە، ئەمریکا سەرکەوتوو نابێت لە ناوزڕاندنی چین،  بەڵکو تەنها زیان بە متمانەی ئەمریکا خۆی دەگەیەنێت. هاوکات لەبارەی بانگەشەکانی " دەزگای هەواڵگری ئێف بی ئای" ماریا ڤان کێرخۆڤ، سەرۆکی تەکنیکی کۆڤید-١٩ی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکە دەستی گەیشتووە بە  نوێنەرایەتی ئەمریکا لە جنێڤ بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە بانگەشەکانی سەرۆکی ئێف بی ئای کە گوایە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی چینەوە دزەی کردووە و بووەتە هۆی پەتاکە،  هەروەها وتیشی بەڵام تا ئێستا دەستیان بەو داتایانە نەگەیشتووە کە ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا باسی لێوەدەکات، ئاماژەی بەوەشکرد "هێشتا زۆر گرنگە کە ئەو زانیاریانە هاوبەش بکرێن،  بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە پێشخستنی توێژینەوە زانستییەکان". بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە بەدواداچوون بۆ کۆڤید-١٩ دەکات،   تا ٢١ی شوبات زیاتر لە ٧٥٧ ملیۆن تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ٦.٨٥ ملیۆن مردنی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە،  هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دان بەوەدا دەنێت کە ژمارەی ڕاستەقینەی مردن زۆر زیاترە.    

هاوڵاتی دەزگای ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوە وئاماری گشتی" کامپەس" دەڵێت،  هەناردەی میسر بۆ ڕووسیا لە ماوەی مانگی یەک تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٢١% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٥٤٤.١ ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا ٤٤٩.٤ ملیۆن دۆلار بووە. لەدوای دەستپیکردنی جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیاوە وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایەکی زۆریان بەسەر سەرجەم دامودەزگاکانی ڕوسیادا سەپاند، ئەمەش بووە هۆکار کە ڕوسیا پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات کە ناکەونە ناو لیستی سزاکانی ڕۆژئاواوە ویەکێک لەوانەش میسرە کە ڕوسیا دەیەوێت وەک دەروازەیەک بۆ وڵاتانی ئەفریقا بەکاری بهێنیت، هەر لەو میانەشدا میسر مانگی ڕابردوو مۆڵەتی بە ٣٤ کۆمپانیای ڕووسی دا بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە دەریاییەکان بۆ وڵاتەکەی.   لەبارەی زیادبوونی ئاستی هاوردەی نێوان هەردوو وڵاتی روسیا ومیسرەوە، سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر لە ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، هاوردەکردنی گەنم بەردێکی بناغەی پەیوەندییەکانی نێوان قاهیرە و مۆسکۆیە و پڕ دانیشتووترین وڵاتی عەرەبی یەکەم هاوردەکاری دانەوێڵەیە لە جیهاندا، هەروەها وتیشی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە شەش ملیار دۆلار.   هاوکات هەر بەپێی زانیاریەکانی" کامپاس"  ڕووسیا پێنجەم گەورەترین هەناردەکارە کە لە میسرەوە شتومەک هاوردە دەکات لە ماوەی مانگی یەک تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بە بڕی ٣.٧ ملیار دۆلار،  جگە لە دانەوێڵەش ، هاوردەکردنی میسر لە ڕووسیا بریتییە لە ئاسن، پۆڵا، مس، دار، سووتەمەنی کانزایی، ئامێر و ئامێرە کارەباییەکان، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ئامێری شەمەندەفەر؛ لەبەرامبەریشدا ڕوسیا  لە میسرەوە چەندین بەرهەمی ڕووەکی وەک  میوە، سەوزە، پلاستیک، سابوون، خوێ، گۆگرد و چیمەنتۆی هاوردەکردووە. هەر لەمەڕ پرسی زیادکردنی ئاستی هەناردە و گەورەبوونی قەبارەی بازرگانی نێوان ڕوسیا و میسرەوە، ئەندرێ سومین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بنکەکەی لە ڕووسیایە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەلمۆنیتەر دەڵێت ، بازرگانی نێوان ڕووسیا و میسر بە دراوە نیشتمانییەکان کاریگەریەکی باش و توانایەکی زۆری  هەیە بەڵام پێویستی بە ژێرخانی دروست و گەشەپێدان هەیە بۆ پشتگیریکردنی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوەش دەکات کە "بازرگانی نێوان ڕووسیا و میسر هاوسەنگ نییە ، چونکە ٥ ملیار دۆلار بۆ ڕووسیا لە بەرامبەر یەک ملیار دۆلار بۆ میسر بووە  لە  ساڵی ٢٠٢٢ "  هەروەها ڕوونیشیکردۆتەوە  کە ناهاوسەنگی کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی ڕوبڵ پاوەند و ئاستی نەختینەیی لە بازاڕدا هەیە. حەنان ڕامسێش لە بنکەیەکی ئابوری لە قاهیرە ئابوریناسە ودەڵیت، ڕووسیا لەژێر فشاری سزاکانی ڕۆژئاوادا هەوڵدەدات بازرگانیی دەرەکی لەگەڵ چین و وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقا زیاد بکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڕەنگە لە ماوەی درێژخایەندا میسر ببێتە دەروازەی ڕووسیا بۆ بازاڕەکانی ئەفریقا".      

هاوڵاتی لە شاری ڕۆزاریۆی ئەرجەنتین ڕۆژی پێنجشەممە گروپێکی مافیایی تەقە لە سوپەرمارکێتی خەزووری لیۆنیل میسی، یاریزانی تۆپی پێ دەکەن و نامەی هەڕەشە ئامێزی کوشتن بەجێدەهێڵن  و بۆی دەنوسن" میسی چاوەڕێی تۆین". پۆلیسی ئەرجەنتین ڕایگەیاند، چەکدارەکان لە پەیامێکی نووسراودا هەڕەشەیان لە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی تۆپی پێ کردووە کە لەکاتی تەقەکردن لە مارکێتێکی خەزووری لە ئەرجەنتین بەجێیان هێشتووە، هاوکات وتیشی لە ڕووداوەکەدا هیچ کەسیک بریندار نەبووە، هەروەها باسی لەوەشکردووە  دوو پیاو بە ماتۆڕسکیلێکەوە لە کاتژمێرەکانی سەرەتاوە لانیکەم دەیان تەقەیان لە لقێکی یونیکۆ کردووە، پەیامێکیان لەسەر کارتۆن بەجێهێشتووە کە نووسراوە، “مێسی، چاوەڕێی تۆین" میسی کە ئەم هەفتەیە خەڵاتی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهانی بەدەستهێنا" فیفا"، بڕیاربوو لەکۆتای ئەم مانگەدا گەشت بکات بۆ ئەرجەنتین ودوو یاری دۆستانە ئەنجام بدات. لەبارەی ڕووداوەکەوە تاوەکو ئێستا لیۆنێل میسی هیچ لێدوانێکی نەداوە، پۆلیسیش دەڵێت یەکەم جارە ئەو یاریزانە ڕوبەڕووی هەڕەشەیەکی لەوجۆرە ببێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیس لەبارەی هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەمەوە دەڵێت، کەس بریندار نەبووە و ڕوون نەبووەتەوە کە بۆچی هێرشبەران مێسی یان مارکێتی یونیکۆ لە سێیەم گەورەترین شاری ڕۆزاریۆ لە وڵاتەکەدا دەکەنە ئامانج کە خاوەنەکەی خێزانی ئەنتۆنێلا ڕۆکۆزۆی هاوسەرەکەیە. لە شاری ڕۆزاریۆش، داواکاری گشتی فێدریکۆ ڕێبۆلا ڕایگەیاندووە ،  کە دەسەڵاتداران پێداچوونەوە بە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای ئەمنی دەکەن و لێکۆڵینەوەکە "سەرەتاییە"،  ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە یەکەمجارە خەزووری مێسی ئەم جۆرە هەڕەشەیەیان لێدەکرێت.   سیلیا ئارێنا، وەزیری دادی پارێزگای سانتافیش ، وتی هێرشەکە یەکسانە بە "تیرۆر" لەلایەن گروپێکی "مافیا" کە مەبەست لێی ترساندنی دانیشتوانی فراوانترە وهێرشەکە تەواو تیرۆریستیە ولەلایەن مافیاکانی ماددەی هۆشبەرەوە ئەنجام دراوە.      

هاوڵاتی بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ لە ساڵی ٢٠٣٥ دا نزیکەی پەنجا لەسەدی دانیشتوان کێشیان لەسەروو ئاستی ئاساییەوە دەبێت و قەڵەو دەبن. فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە لە نوێترین ڕاپۆرتیدا کە ڕایگەیاند دەڵێت، لەماوەی ١٢ ساڵی داهاتوودا ٥١٪ دانیشتوان قەڵەودەبن کە دەگاتە نزیکەی چوار ملیار کەس، بەوەش واتە لە هەر چوار کەسێک یەکێکیان قەڵەو دەبن. ئەمەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی پێوەری بارستەی تەندروستی جیهانی " بی ئێم ئای" ئەگەر کێشی کەسەکە بەو پێوەرە لەسەروو ٢٥ بێت ئەوا بەوە حساب دەکرێت کە کێشی زیادە، هاوکات ئەگەر لە سەروو ٣٠ بێت ئەوا بە قەڵەو حساب دەکرێت، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش لەساڵی ٢٠٢٠ دا ٣٨٪ دانیشتوانی زەوی لەناو ئەو گروپانەدا بوون کە بە قەڵەو یاخود کێش زیاد لە قەڵەم ئەدرێن. لویس باوەڕ،  سەرۆکی فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە لە لێدوانێکیدا وتی، جێگای نیگەرانییە کە قەڵەوی بەخێرایی زیاد دەکات لەناو گەنجان وهەرزەکاراندا، هاوکات هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە ڕێژەی قەڵەوی لەناو منداڵان و وڵاتانی هەژارنشیندا زۆر زیاترە. هەروەها سەرۆکی فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانی وتیشی، " پێویستە سیاسەتمەداران و حکومەتەکانی جیهان لەسەرانسەری دونیا هەنگاو بنێن بۆ ڕووبەڕونەوەی دۆخەکە تاوەکو ناچار نەبن هەموو داهات وئابوری وڵاتەکەیان لەو کێشەیەدا خەرج بکەن" لەگەڵ ئەوەشدا لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە وڵاتانی کەم دەرامەت وهەژارنشین لەوانەش وڵاتانی ئاسیا وئەفریقا و وڵاتانی مامناوەند لەبەردەم مەترسیەکی گەورەتردان بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ژمارەی ئەو کەسانەی قەڵەون لەناویاندا. هاوکات بەگوێرەی توێژەران وئەندامانی فیدراسیۆنی قەڵەوی جیهانی هەفتەی داهاتوو زانیاریەکان و داتاکان دەخرێتە بەردەم سیاستەمەداران وحکومەتی وڵاتانی ئەندام لەنەتەوە یەکگرتوەکان.    

هاوڵاتی ئەمریکا بەبەھای ٤٠٠ ملیۆن دۆلار،ھاوکاری سەربازیی نوێ پێشکەشی ئۆکراین دەکات. ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز، لەزاری چەند لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا بڵاویکردەوە، پێشبینیدەکرێت بەمنزیکانە واشنتۆن پاکیجێکی تری ھاوکاری سەربازیی بۆ کیێڤ رابگەیەنێت، بە بەھای ٤٠٠ ملیۆن دۆلار، بڕیاریشە لە کۆبوونەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ئۆلاف شۆڵتر راوێژکاری ئەڵمانیا، تاوتوێی ئەو پرسە بکرێت کە لە چەند سەعاتی داھاتوودا لە واشنتۆن ئەنجامدەدرێت. جۆن کیربی، وتەبێژی کۆشکی سپیلە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی ژمارەیەکی خستە سەر ئەو پاکێجە نوێیەی هاوکارییەو  وتی وردەکاری زیاتر بڵاو دەکرێتەوە. هاوکات رۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، ئەمەریکا بیر لە سەپاندنی سزای نوێ دەکاتەوە بۆ سەر چین  لە ئەگەری ئەوەی کە پەکین پشتگیری سەربازی بۆ ڕووسیا بنێرێت لە شەڕی ئۆکرانیادا . کیربی لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا سەپاندنی سزا بەسەر چین بەشێک دەبێت لەو بابەتانەی لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ئۆلاف شۆڵتر راوێژکاری ئەڵمانیا  ئەو وەڵامی دایەوە و وتی: بە دڵنیاییەوە لە چوارچێوەی باسکردنی ئەوەی لە ئۆکرانیا دەگوزەرێت پێشبینی دەکەم کە پرسی پشتگیری لایەنی سێیەم بۆ ڕووسیا بێتە پێش. هەروەها سەبارەت بەو پاکێجە نوێیەی هاوکارییە ئاماژە بەوەشکراوە، ھاوکارییەکان کۆمەڵێک چەک و کەولوپەلی سەربازیی پێشکەوتوو لە خۆ دەگرێت، لەوانەش سیستمی مووشەکی ھیمارس. جێگەیباسە بە مەبەستی پشتیوانیکردنی ئۆکراین، لە شەڕی دژ بە روسیا، تا ئێستا ئەمریکا بەبەھای نزیکەی ٣٢ ملیار دۆلا، ھاوکاری سەربازیی داوەتە کێیڤ.

هاوڵاتی رۆژی پێنجشەممە لە پەرواێزی کۆبوونەوەی دیپلۆماتە باڵاکانی کۆمەڵەی 20G دا، لە هیندستان، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا چاویان بە یەکدی کەوت. سەبارەت بەو دیدارە کورتەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتەکە، کاربەدەستێکی پلەبەرزی واشنتن لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەری ئاسۆشیەتێد پرێس ئاشکرای کردووە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەو دەرفەتەی قۆستووەتەوە تاکو سێ خاڵ بەبیر هاوتا رووسیەکەی بهێنێتەوە کە بریتیین لە: - تا کۆتاییهاتنی شەڕەکە، هەر چەندە پێویست بێت واشنتن درێژە بە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا دەدات. - پێویستە رووسیا لە بڕیارەکەی بۆ هەڵپەساردنی بەشداریکردن لە پەیماننامەی ئەتۆمی نوێی (START) پاشگەز بێتەوە. - لەلایەن ئەمەریکاوە پێداگری کراوە کە پێویستە رووسیا هاووڵاتی ئەمەریکی (پۆڵ ویلەنی) ئازاد بکات. ئەم ڕووبەڕووبوونەوە کورتە لە کاتێکدا بوو کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ لە ئێستادا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە بەهۆی گرژییەکان لەسەر شەڕی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا،دواین جار بلینکن و لاڤرۆڤ لە هەمان ژووردا بوون ، لە کۆبوونەوەی جی 20 دا بوو لە بالی لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو. ئەو بەرپرسە کە بە مەرجی ئەوەی ناوی نەهێنرێت قسەی بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس کردووە دەشڵێت بلینکن بە تەواوەتی ئەوەی بۆ لاڤرۆڤ خستە ڕوو کە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کەم نابێتەوە. ئەو بەرپرسە ڕەتیکردەوە لێکدانەوە بۆ وەڵامەکەی لاڤرۆڤ بکات، بەڵام وتی بلینکن ئەو بڕوایەی بەدەست نەهێناوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕەفتاری ڕوسیادا ڕووبدات. تا ئێستا سەبارەت بە وەڵام و کاردانەوەی رووسیا سەبارەت بەو داوایانەی ئەمەریکا هیچ زانیاریەک بەردەست نیە، بەڵام ئەوەندە ئاشکرایە، کە دواین جار بلینکن و لاڤرۆڤ چاویان بەیەکدی کەوتبووکۆببونەوە ، لە کانوونی دووەمی 2022 لە جنێف بوو. ئەو دوو هاوتایە  لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە پێکەوە بەشدارییان لە چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیدا کردووە، بەتایبەتی دوایین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی 20 لە ساڵی ڕابردوو لە بالی لە ئەندەنوسیا، بەڵام تا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕووبەڕوو پێکەوە قسەیان نەکردبوو.  

هاوڵاتی بەپێی سکاڵایەکی تاوانکاری، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ''لیهای ڤالی'' لە ویلایەتی پێنسیلڤێنیا، ئامێرێکی تەقەمەنی لەنێو جانتایەکدا دۆزراوەتەوە. بەپێی سکاڵای تاوانکاری، مارک مافلی تەمەن 40 ساڵ، تۆمەتبارە بە هەڵگرتنی تەقەمەنی لە فڕۆکەخانە و هەوڵدان بۆ دانانی تەقەمەنی یان ئامێری سووتێنەر لەناو فڕۆکەیەک. لەم بارەوە داواکارانی گشتیی ئاشکرایان کردووە، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گواستنەوە، داوایان لە ''مارک مافلی'' کردوە پەیوەندی بە بەشی ئاسیشی فڕۆکەخانەکەوە بکات بەڵام نابراو ئەو کارەی نەکردووە. سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە نابراو نەک هەر نەچۆتە بەشی ئاسایشی فرۆکەخانەکە بەڵکوو کامێراکانی چاوەدێری دەریدەخەن کە ''مارک'' هەوڵی داوە لە فرۆکەخانە بچێتە دەرەوە. هاوکات شارەزایەکی  تەقەمەنی و بۆمب سەر بە پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI)  کاتێک لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو ماددە و کەلوپەلانە کردووە کە لە ناو جانتاکەدا دۆزراوەتەوە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە پاودەرێکی تێدایە کە لەگەڵ "یارییە ئاگرینەکان"دا یەکدەگرێتەوە و "گومان دەکرێت تێکەڵەیەک بێت لە تۆزی تەقەمەنی و ئەو مەتریاڵە سەختانەی لە یارییە ئاگرینەکاندا بەکاردێت. کاربەدەستان دەڵێن هەردوو مادەکە دەکرێت لە کەشێکی گەرمدا بتەقنەوە و سەرنشینەکانی نێو فڕۆکەکە دەخەنە مەترسییەوە. داواکاری گشتی شێری ستیفان ئاماژەی بەوەدا کە گرنگ نییە ئامێرەکە یاری ئاگرین بێت، چونکە پێناسەی فیدراڵی بۆ تەقەمەنی دەگونجێت و مەترسییەکی بەرچاوی بۆ سەر فڕۆکەکە و سەرنشینەکان دروستکردووە.  

هاوڵاتی تاڵیبان ئەمڕۆ بڕیاری  کردنەوەی زانکۆکانی  بەڕووی " خوێندکارانی پیاودا" بۆ ئاستی خوێندنی باڵا لە کابول و چەند پارێزگایەکی دیکە ڕاگەیاند ، بڕیارەکە تەنها بۆ خوێندکارە پیاوەکانە و"هیچ "ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر خوێندنی ژنان نەداوە. وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان لە ڕاگەیەندراوێکی کورتدا ئەمڕۆ پێنجشەممە  ڕایگەیاند، "بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی باڵای خوێندنی باڵا،  خوێندنی خوێندکارە نێرەکان لە دامودەزگا باڵاکانی حکومی لە پارێزگا ساردەکان بە فەرمی  لە ٦ی ئازارەوە دەست پێدەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی  ساڵانە قوتابخانە و زانکۆکان لە نزیکەی ٢٤ پارێزگای ئەفغانستان لە کۆی ٣٤ پارێزگا  پشووی زستانە وەردەگرن. ساڵی ڕابردوو تاڵیبان خوێندنی زانکۆکانی قەدەغەکرد، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی گوایە ژنان و پیاوان بەپێی ڕێکارە دینیەکان لەیەک جیانەکراونەتەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی پێشووی ئەفغانستاندا لەکاتێکدا کە ئەمریکا لەوێ باڵا دەست بووە.   هەروەها تاڵیبان لەبارەی خوێندنی ژنانەوە دەڵێت، " کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی قەدەغەی خوێندنی ژنان"، هاوکات لە دواین راگەێندراویشیدا کە وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردۆتەوە هیچ زانیاریەکی لەبارەی مافی خوێندنی ژنانەوە نەداوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١ وە تەواوی مافەکانی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا زەوتکراوە و تاڵیبان بەتەواوی ژنانی ئەفغانستانی سەرکوت کردووە، هاوکات لەژێر چەندین فشاری نێودەوڵەتی و قەیرانێکی ئابوری توندیشدا هێشتا تاڵیبان سورە لەسەر بڕیارەکانی و تەنها  بەشێکی کەمی سەرکوتکاریەکانی سەر ژنانی کەمکردۆتەوە لەوانەش کارکردنی ژنان لە بوارەکانی تەندروستی بەچەندین مەرجی توند لە ڕێکخراوە ناحکومییە مرۆییەکاندا.

هاوڵاتی ژمارەی ئەو پەنابەرە ئۆکراینیانەی لە دەستپێکی جەنگەوە تا ٢٨ی شوباتی ئەمساڵ چوونەتە ناو خاکی پۆڵەندا، ١٠ ملیۆنی تێپەڕاند. هێزەکانی پاسەوانی سنووری پۆڵەندا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە لە دەستپێکی جەنگی رووسیا-ئۆکرایناوە لێشاوێکی گەورەی کۆچ دەستی پێ کردووە. ئاماژەی بەوەش داوە کە تەنها دوێنێ ٢٠ هەزار و ٢٠٠ کەس لە ئۆکرایناوە هاتوونەتە ناو سنووری پۆڵەندا و لە تویتەکەدا هاتووە: "لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئۆکرایناوە چوونەتە پۆڵەندا، ١٠ ملیۆن و ١٣٧ هەزار کەس بووە". هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئۆکراینییانەی پۆڵەندایان جێهێشتووە هەشت ملیۆن و ٢٣٢ هەزار کەس بووە. بارتۆز مارسزوک، سەرۆکی سندوقی گەشەپێدانی پۆڵەندی، کە دامەزراوەیەکی دەوڵەتی پشتگیری بازرگانییە، مەزەندە دەکات کە لەسەدا 60-70ی پەنابەرانی ئۆکرانی لە پۆڵەندا کار دەکەن وە بەپێی خەمڵاندنەکانی پەیمانگای ئابووری پۆڵەندی، ئۆکراینییەکان لە ماوەی ساڵی 2022دا 20 هەزار کۆمپانیایان لە پۆڵەندا تۆمار کردووە. هاوکات بەپێی داتاکانی  ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD)، پۆڵەندا 8.36 ملیار یۆرۆ (8.98 ملیار دۆلار) خەرجکردووە بۆ دابینکردنی خانوو و چاودێری تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی تر بۆ پەنابەرە ئۆکرانییەکان لەساڵی 2022دا .  

هێمن مەحموود وادەردەكەوێت سەردانەكەی وەفدی عێراق بەسەرۆكایەتی وەزیری دەرەوە بۆ ئەمریكا لەماوەكانی رابووردوودا بەستەڵكی ساردو سڕی پەیوەندییەكانی واشنتۆن و كابینەكەی محەممەد شیاع سودانی تواندبێتەوەو دەوڵەتی یاساش بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی رایدەگەیەنێت سودانی تا ئەم ساتە سەركەوتووبووە لەبەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپادا، هاوكات راوێژكارێكی سودانی دەڵێت: پەیوەندی ئەمریكا و عێراق بە شەرت و مەرج بەڕێوەناچێت، بەڵكو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوانمانە، باڵوێزی پێشووی ئەمریكاش لەعێراق بڕوای وایە ئیدارەی ئەمریكا بانگهێشتنامە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەنێرێت تا سەردانی واشنتۆن بكات. دوای رووخانی رژێمەكەی پێشوو لەساڵی 2003 بەسەرۆكایەتی ئەمریكا و درووستكردنی سیستەمی نوێی سیاسی عێراق، پەیوەندییەكانی واشنتۆن و بەغداد  زۆرجار بەئاستی بەرزونزمیدا تێپەڕیوون كە هۆكاری سەرەكی ئەمەش بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمریكا دەستوەردانەكانی ئێران بوون لەكاروبارەكانی عێراق و چەكداركردنی گرووپە شیعە توندڕەوەكان بووە، لەدوای زنجیرەك گۆڕانكاریش، دواجار محەممەد شیاع سوودانی كاندیدی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیك لەئێران لەئۆكتۆبەری 2022 بووبە سەرۆك وەزیران و كۆتایی بەململانێكان هێنا، بەڵام سودانی جیاواز لەوانەی پێشووتر هەر لەسەرەتاوە رایگەیاند كە ئەو سەر بەهیچ بەرەیەك نییەو دەیەوێت لەگەڵ هەموو وڵاتان پەیوەندییەكانی یەكسان بن بەتایبەت لەگەڵ ئەمریكا، بۆ ئەم مەبەستەش لەماوەكانی رابووردوودا شاندێكی بەسەرۆكایەتی وەزیری دەرەوە ناردە واشنتۆن تاگفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا سەبارەت بەچەندین پرسی گرنگ بكات كە گرنگترینیان گەندەڵی و سەربەخۆیی وزە و رێژەی ئاڵوگۆڕی دراو و رێوشوێنەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سەبارەت بە ناردنی دۆلار بۆ عێراق. رەنگە ئەوەی زیاتر پرسەكەی تاڕادەیەك ئاڵۆزكردبێت لەو سەروبەندەدا دابەزینی بەهای دیناربێت لەبەرامبەر دۆلاردا ئەویش بەهۆی گوشاری ئەمریكییەكان بۆ جێبەجێكردنی چەندین رێوشوێنن سەبارەت بەرێگەگرتن لە ناردە دەرەوەی دۆلار لەعێراقەوە بۆ ئێران  وڵاتانی دژە ئەمریكایی دیكە، كە حكومەتەكەی سودانی خستە بەردەم هەڵوێستێكی شەرمهێنەرەوە لەبەرامبەر خەڵكیداو ناچاریكرد جارێكی دیكە بەهای دینار لە 1470بۆ هەر دۆلارێك دابەزێنێت بۆ 1300 دینار، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی كێشەكەی كۆنترۆڵ نەكردووە. دۆگلاس سلێمان باڵوێزی پێشوی ئەمریكا لەعێراق رایدەگەیەنێت: یەكێك لەو بابەتە ئیجابییانەی كە لەسەردانەكەی وەفدی عێراق كەوتۆتەوە ئەوەیە چاوەڕواندەكرێت ئیدارەی ئەمریكا بانگهێشتنامە بۆ سودانی بنێرێت تا سەردانی واشنتۆن بكات و چاوی بەسەرۆكی ئەمریكا بكەوێـت. سلێمان باس لەوەدەكات هەرچەندە سەردانی وەفدەكەی عێراق لەكاتێكی زۆر باشدا نەبوو بەتاییەت جەنگی ئۆكرانیا و فشارەكانی وەزارەتی گەنجینەو نامەی چەند كۆنگرێسمانێك لەدژی پەیوەندییەكانی ئیدارەی سودانی و ئێران و فشارەكانی بەغدا بۆ سەر هەرێم، بەڵام سەردانەكە توانی ئامانجەكانی خۆی تاڕادەیەك بپێكێت بەتایبەت وەفدەكە ئەو هەنگاوانەیان خستەروو كە سوودانی لەدژی هەژموونی ئێران گرتویەتیەبەر و لە وتارێكیشدا پشتگیری خۆی بۆ مانەوەی سوپای ئەمریكا لەعێراق رایگەیاندبوو، هەر بۆیە چاوەڕواندەكرێت ئیدارەی ئەمریكی لەواشنتۆن پێشوازی لە سوودانی بكات. سەبارەت بە بڵاوبونەوەی هەواڵی مەرجی ئەمریكاش بۆ سودانی، هیشام ركابی، راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند: پەیوەندی ئەمریكا و عێراق بە شەرت و مەرج بەڕێوەناچێت، بەڵكو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوانمانە، و هەر قسەكردنێك لەسەر هەبوونی مەرجی پێشوەخت بۆ سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن تەنها بۆ سەرقاڵكردنی رای گشتییە،  لەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی حكومەتی خزمەتی نیشتمانی لە بوارە جیاجیاكاندا دەیدات. هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاساش  بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی لەراگەیەندراوێكدا دەڵێت: سوودانی تا ئەم ساتە سەركەوتووبووە لەبەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا و ئەورووپادا، و هەوڵەكانی سودانی رووەو ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتە عەرەبییەكان هاوسەنگانەیە و تائێستا سەركەوتوبوە كە لەبەرژەوەندی عێراقییەكان تەواودەبێت، جەختیش لەوەكراوەتەوە سودانی دەیەوێت لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ناوچەكەو جیهان پەیوەندییەكی سەركەوتووی باشی هەبێت. هاوكات لەكۆبوونەوەیەكشدا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لەبەغداد پشتگیری وڵاتەكەی بۆ حكومەتەكەی سودانی و بەرنامە وەزارییەكەی دووپاتكردۆتەوەو باسیان لە چالاككردنەوەی رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات كردووە. هەوڵەكانی كابینەكەی سودانی بۆ بەستنی پەیوەندییەكی باش هەر بەتەنیا بە ئەمریكاوە نەوەستاوە، بەڵكو هەر بەتەنیا لەمانگی شوباتدا جگە لەپەیوەندیی تەلەفونی نێوان جۆ بایدن و سودانی و ناردنی وەفدێك بۆ ئەمریكا و رۆیشتی سوودانی بۆ كۆنگرەی میونیخ و چاوپێكەوتنی لەگەڵ زۆرێك لەسەركردەو سیاسیەكانی جیهان، لەسعودیە هەردوو وەزیری ناوخۆی عێراق و سعودیە  پرۆتۆكۆڵی هاوكاریی ئاسایشی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆكرد سەبارەت بە ژمارەیەك پرۆژەی هاوبەش كە جێگەی بایەخی هاوبەشن لە بوارەكانی ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر، هاوكات وەزیری بەرگری عێراقیش سەردانی ئێرانی كرد و كۆنگرەی یەكێتی پەرلەمانتارانی عەرەبیش لەبەغدا بەسترا. وادەردەكەوێت حكومەتەكەی سودانی هەر بەوەندەشەوە نەوەستێت بەڵكو هەوڵی رێككەوتنی نێوان سعودیەو ئێرانیش بدات، هەر لەو چوارچێوەیەشدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقیش سەردانی ئێرانی كردو لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەو بەرپرسانی دیكەدا كۆبوویەوەو بەپێی زانیارییە میدیاییەكان عێراق دەیەوێت گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوەكانی ئێران-سعودیە لەبەغدا بەڕێوەبچێت. وادەرناكەوێت كە هەموو ئەوانەی لەواشنۆتنن پشتگیری لەسودانی و كابینەكەی بكەن، هاوكاتی سەردانەكەی وەفدی عێراق بۆ ئەمریكا، سێ ئەندامی كۆنگرێس لە نامەیەكی هاوبەشدا داوا لە سەرۆكی ئەمریكا دەكەن، سیاسەتەكەی بەرامبەر عێراق تووندتر بكات، چونكە پێیانوایە حكومەتەكەی محەممەد شیاع سودانی هێشتا لەسەر هێڵی ئێران دەڕوات. نیكی هیلی كاندیدی كۆمارییەكانیش بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا رایگەیاند ئەگەر ببێت بەسەرۆكی ئەمریكا هەموو هاوكارییەك لەعێراق دەبڕێت، راشیگەیاندووە دەبێت باجدەرە ئەمریكییەكان بزانن پارەكانیان بۆ كوێ دەڕوات، گەلی ئەمریكا توشی شۆك دەبن كاتێك دەزانن پارەكانیان بۆ ئەو وڵات و لایەنانە دەڕوات كە دوژمنی ئەمریكان. بەبروای بەشێك لەچاودێرانی دۆخی عێراقیش پێناچێت مانگی هەنگوینی نێوان كابینەكەی سودانی و ئیدارەی ئەمریكا زۆر بخایەنێت ئەویش بەهۆی ئەوەی دواجار هاوشێوەی كابینە حكومییەكانی نزیك لەئێران، چارەنوسی ئەم كابینەی سودانیش لایەنگریكردنی ئێرانە ئەویش بەهۆی هەژموونی گرووپە شیعە چەكدارییەكانەوە لەزۆربەی پۆستە باڵاكانی وڵاتداو رۆڵیانە لەگۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی كاركردنی حكومەتدا بەرەو رووی ئێران و بەرژەوەندییەكانی ئێران.

هاوڵاتی بەهۆی هەبوونی گومان لە دزەپێکردنی داتاکان و مەترسیی سیخوڕیکردن، حکومەتی کەنەدا تیکتۆکی لەسەر هەموو مۆبایل و ئامێرەکانی دام و دەزگا رەسمییەکانی حکومەت قەدەخەکرد.  حکومەتی کەنەدا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە رۆژی سێشەممەوە ئەپلیکەیشنی تیکتۆکی لەسەر هەموو مۆبایلەکانی حکومەت لابردووە. بەکارهێنەرانی ئەو ئامێرانە لە داهاتوویشدا رێگەی داونلۆدکردنی ئەپلیکەیشنەکەیان پێ نادرێت.  لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپرسانی تەکنەلۆژیای زانیاریی کەنەدا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە تیکتۆک "ئاستێکی مەترسیی قبووڵنەکراوی لەسەر تایبەتمەندی و ئاساییش هەیە."   ئەمە لەکاتێکدایە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا هەفتەی رابردوو ئەپەکەی لە ئامێرەکانی خۆی قەدەخەکرد، دوای ئەوەی کە ئەمریکاش هەمان هەنگاوی نا. گوتەبێژێکی تیکتۆک رایگەیاند، بڕیارەکەی کەنەدا بۆ قەدەخەکردنی تیکتۆک "جێگەی سەرنجە"، چونکە "بێ دەستنیشانکردنی هیچ نیگەرانییەکی ئەمنیی دیاریکراو" یان بێ راوێژکردن بە کۆمپانیاکە دراوە.  پەیوەندییەکانی نێوان کەنەدا و چین لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو روویان لە خراپی کردووە، بە دیاریکراویش دوای ئەوەی کە لەسەر داوای ئەمریکا، کەنەدا بەڕێوەبەرێکی باڵای کۆمپانیای هواوەی لە ساڵی 2018 دەستگیرکرد، کە چین لە تۆڵەیدا دوو هاووڵاتیی کەنەدیی دەستگیرکرد

ئەمریکا گەشت لە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران سنوردار دەکات و تاران وەک کاردانەوەیەک بە ئەڵمانیا دوو دیپلۆماتکار دەردەکات. بە پێی ئەو لیستەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رادەستی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە (کۆنگرێس)ی کردوە 43 بەرپرسی باڵا کە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی و  سەرۆک کۆماری ئێستا و پێشو و ژمارەیەک وەزیری و بەرپرسی حکومەتی وڵاتەکەی تێدایە  کە گەشتکردن لە خۆیان و خێزانەکانیان بۆ ئەمریکا لێ قەدەغە دەکرێت. لە لیستەکەدا جگە لە خامنەیی ناوی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری و حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشو و محەمەد جواد زەریف وەزیری دەرەوەی پێشو و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سەر بە سوپای پاسداران و بەرپرسانی دەزگای داد و پۆلیس هێنراوە کە دەبێت لە لایەن کۆنگرێسەوە بڕیار لە قەدەغەکردنی گەشتیان بۆ ئەمریکا بدریت. گۆنگرێس بە پێی یاسای پەسندکراوی ساڵی 2012 بۆ "کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران و پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سوریا" داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کردوە لیستی ناوی ئەو بەرپرس و کەسانە ئاشکرا بکات کە هۆکارن بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتەکە یان دەستیان لە تاوان و پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤدا هەیە. ئیدارەی ئەمریکا ساڵی رابردوگەشتی لە 61 بەپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران قەدەغە کردبو و ئەمساڵ لە لیسیتی نوێدا ناوی موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لابراوە. لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە رێگەی ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتەکەوە ئاشکرای کرد وەک کاردانەوەیەک بە ئەڵمانیا و لە بەرامبەر دەرکردنی دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە بەرلین، دوو دیپلۆماتکاری ئەڵمانیا لە تاران دەرکراون. ئانالێنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممەی رابردو رایگەیاند؛ ئەرکداری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادار کراوەتەوە کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەی قبوڵ ناکەین بەڵام دەسەڵاتی وڵاتەکە سزای سێدارەی بەسەر کەسێکدا سەپاندوە کە هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانیایە.