عەلی حەمە ساڵح هەڵوێستی بەرەكەی لەگەڵ یەكێتی و پارتی خستەڕوو
3 هەفتە لەمەوپێش
- لەگەڵ یەكێتی و پارتی هیچ ڕێككەوتنێكی سیاسی ئەنجام نادين.
- ساختەكاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كراوە.
- بەداخەوە سیناریۆیەكی سیاسی دروستكرا.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
عەلی حەمە ساڵح بڕیاردەری بەرەی هەڵوێست ڕایگەیاند، ئەوان ناچنە هیچ ڕێككەوتێنكەوە لەگەڵ یەكێتی و پارتی و ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك دەبن لە پەرلەمانی كوردستان.
عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ دووشەممە لە دوای كۆتاییهاتنی یەكەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوان لەگەڵ یەكێتی و پارتی هیچ ڕێككەوتنێكی سیاسی ئەنجام نادەن و بەشداری لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت ناكەن.
لەبارەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە، وتى: بەداخەوە سیناریۆیەكی سیاسی دروستكرا بۆ ئەوەی بڵێن؛ پێشێلی پەیڕوەی ناوخۆی پەرلەمان ناكەین، بەڵام هەر خۆیان بەمەبەست نیسابیان تێكدا، لە هیچ كوێ دنیا نەبووه حزبێك دوو كاندیدی بۆ پۆستێك هەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئۆپۆزسیۆنێكی جدی دەبن و دژی ئەو زوڵم و ستەمەی حوكمڕانی دەوەستێتەوە، بۆ ئەم دۆخەی كورستان ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستگۆ پێویستە، كە نەچێتە ڕێككەوتنی ژێبەژێرەوە و لەگەڵ یەكێتی و پارتی یاری بكات.
باسی لەوەشكرد، "ساختەكاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كراوە، دوای ڕاوێژ لەگەڵ هاوڕێكانمان لە هەموو ناوچەكانی كوردستان، زۆرینەیان پێیان باشبو بەشداری پەرلەمان بكەین و ئۆپۆزسۆنێكی جدی بین و ساحە چۆڵ نەكەین، ئەوەش باشترین بژاردە بوو، بەڵێنەدەین نوێنەری خەڵكی كوردستان و ئەوانەدەبین كە زوڵم و ستەمیان لێكراوە".