هاوڵاتی سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون داوای کردووە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای وڵاتەکەی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی ئەتۆمیی گونجاو زیاد بکرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی "Yonhap" لە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی کۆریای باکوور کە ئاژانسی ناوەندی کۆریا (KCNA)یە وەری گرتوون، کیم زانیاری وەرگرتووە لەبارەی توانای ئەتۆمی وڵاتەکەی لە دامەزراوەی چەکە ئەتۆمییەکان. کیم داوای کردووە بە "بێ کەموکوڕی" ئامادەکاری بکرێت بۆ بەکارهێنانی چەکە ئەتۆمییەکان "لە هەموو کات و هەموو شوێنێک" و گوتوویەتی: "نابێت هەرگیز بوەستین لە بەهێزکردنی توانای ئەتۆمیمان بۆ بەرپەرچدانەوە و دەبێت بەشێوەیەکی جێگیر توانای ئەتۆمیمان بەهێزتر بکەین". سەرکردەی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون داوایشی کردووە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای وڵاتەکەی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی ئەتۆمیی گونجاو زیاد بکرێت. هاوکات بەگوێرەی راپۆرتی ئەسۆشێتد پرێس، تاقیکردنەوەکانی چەک لە کۆریای باکوور چڕتر بوونەتەوە و گرژیەکانیش زیاتر بوون، ئەمەش بەهۆی مانۆڕە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور.

بەریتانیا رایگەیاند بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە لایەن روسیاوە دژی ئۆکرانیا بەردەوامە و تەنها لە نزیکەی یەک مانگەدا 71 فڕۆکەی بێفڕۆکەونی ئێرانی لەو جەنگەدا بەکارهاتوە. وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە 25 رۆژی ئەم مانگەدا 71 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە دژی ئۆکرانیا بەکار هاتوە و لە مانگی رابردوشدا بۆ ماوەی 15 رۆژ هێرشی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە راگیراوە. وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بەوە کردوە؛ روسیا بە بەردەوامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (شاهید) لە ئێران وەردەگرێت کە زۆربەیان درۆنی خۆکوژن و توانای وێرانکارییان زۆرە. پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندبو زیاتر لە هەزار و 700 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران رادەستی روسیا کراوە و بڕیاربوە موشەکی ئێرانی رادەستی روسیا بکرێت بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بڕیاری رادەستکردنی موشەک بە مۆسکۆ-یان راگرتوە.

هاوڵاتی شەمەندەفەر و فڕۆکە و سیستەمی گواستنەوەی گشتی ئەمڕۆ دووشەممە لە زۆربەی ناوچەو شارەکانی ئەڵمانیا وەستاون و کار ناکەن دوای ئەوەی  یەکێتی کرێکاران داوای مانگرتنێکی سەرتاسەری یەک ڕۆژەی کرد بەهۆی ئەو کاریگەرییەی هەڵئاوسانی دارای لەو وڵاتە لەسەر موچەی ئەندامەکانی دروستی کردووە. ئاژانسی هەواڵی ڕیوتەرز بڵاویکردەوە مانگرتنە 24کاتژمێرییەکەی ئەمڕۆ لە لایەن  یەکێتی بازرگانی ڤێردی و یەکێتی هێڵی شەمەندەفەر و گواستنەوە EVG و یەکێتی کرێکارانی ئەو وڵاتەوە داواکرا بە شێوەیەک کاریگەری هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ناچار بوون بە پێ چەند کاتژمێرێک بڕۆن بۆ گەیشتنە سەر شوێنی کارەکانیان. ڤێردی بە ناوی نزیکەی 2.5 ملیۆن کارمەند لە کەرتی گشتی و لە گواستنەوەی گشتی و فڕۆکەخانەکاندا گفتوگۆ دەکات، لە کاتێکدا EVG بە ناوی نزیکەی 230,000 کارمەند لە کۆمپانیای دێوچە بان و پاس داواکاری پێشکەشدەکەن. هەریەک لە ڤێردی داوای زیادکردنی 10.5٪ کرێ دەکات، کە بەلایەنی کەمەوە 500 یۆرۆ (538 دۆلار) لە مانگێکدا بەرزدەبێتەوە، لە کاتێکدا EVG داوای 12٪ زیادکردن دەکات یان بەلایەنی کەمەوە 650 یۆرۆ لە مانگێکدا دەکات. بەهۆی مانگرتنەکەوە تێرمینالەکان بە زۆری چۆڵ بوون بە هەمانشێوە فڕۆکەخانەکانیش ، بە شێوەیەک دوو لە گەورەترین فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا لە میونخ و فرانکفۆرت، گەشتە ئاسمانییەکانی ڕاگرت، لە کاتێکدا خزمەتگوزاری شەمەندەفەرەکان لە لایەن کارپێکەری هێڵی شەمەندەفەر دویچە باهن (DBN.UL). هەڵوەشێنرایەوە. بە گوێرەی مەزندەکانی کۆمەڵەی فڕۆکەخانەکان ئەی دی ڤی تەنها بە هۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان  380هەزار گەشتیار کاریگەربوون و تەنها لە فرانکفۆرت نزیکەی 1200 گەشتی ئاسمانی بۆ 160  هەزار گەشتیار هەڵوەشایەوە وژمارەیەکی زۆر گەشتیار ناچاربوون لە ناو فڕۆکەخانە بمێننەوە. کارمەندەکان فشار دەکەن بۆئەوەی موچەکانیان زیاد بکرێت  بۆ کەم کردنەوەی کاریگەری هەڵئاوسان لەسەریان کە لە کە لە مانگی شوباتدا گەیشتە 9.3٪ ئەمیش بەهۆی ئەوەی کە پێش جەنگی ئۆکرانیا ئەڵمانیا بە ڕادەیەکی زۆر پشتی بە ڕوسیا بەستبوو بۆ بەدەستهێنانی گاز و لە ئێستادا لە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەکدایە و دەبێت بە نرخێکی گران لە وڵاتانی دیکە بیکڕن. هاوکات وتەبێژی دوێچە بان (بەرپرسی  کۆمپانیای خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە) ڕۆژی دووشەممە وتی" ملیۆنەها سەرنشین کە پشت بە پاس و شەمەندەفەر دەبەستن بۆ چونە سەر کار و هاتوچۆکردن بەم مانگرتنە کاریگەربوون".

هاوڵاتی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا دوێنێ  شەممە  ڕایگەیاند، ڕووسیا چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاڕوس جێگیر دەکات. ئاژانسی هەواڵی ڕیوتەرز بڵاویکردەوە سەرۆکی ڕوسیا بڕیاری جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی لە بیلاروس داوە وەک ناردنی ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ناتۆ لەسەر بەردەوامی  پشتگیری سەربازیان بۆ ئۆکرانیا و پشتگیریکردنی بەردەوامی  ڕۆژئاوا. پوتین ئاماژەی بەوەشکردوە ، ئەو هەنگاوە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەکانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی نابێت و بەراوردی کردووە بە جێگیرکردنی چەکەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا. ویلایەتە یەکگرتووەکان  زلهێزەکەی دیکەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا  بە وریایی کاردانەوەی پیشانداوە بەرامبەر بە لێدوانەکەی پوتین، بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتەکە  دەڵێت هیچ نیشانەیەک نییە کە مۆسکۆ پلانی دانابێت چەکە ناوکییەکانی بەکاربهێنێت.  پوتین لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ تەلەفیزیۆنێکی وڵاتەکەی باسی لەوەشکرد، ڕووسیا کۆنترۆڵ بۆ بیلاروس ناگوێزێتەوە ،بەڵام ئەمە لەوانەیە یەکەم جار بێت لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە کە ڕووسیا لە دەرەوەی وڵات ئەو جۆرە چەکانە جێگیردەکات . وتیشی "لێرەش هیچ شتێکی نائاسایی نییە، یەکەم، ئەمریکا بۆ دەیان ساڵە ئەم کارە دەکات "، دەشڵێت  کە ئەمریکا  ماوەیەکی زۆرە چەکی ئەتۆمی تاکتیکی خۆیان لە خاکی وڵاتە هاوپەیمانەکانیان بڵاوکردۆتەوە. هەروەها ڕووسیا لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە مەشق و ڕاهێنان بە تیمەکانی کارپێکردنی ئەو چەکانە دەکات. هاوکات لە وڵامی ئەم بڕیارەدا ئۆلیکسی دانیلۆڤ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگری ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە ئەمەی بە بە "هەنگاوێک بۆ ناسەقامگیری ناوخۆیی" بیلاروسی ناوبرد و گوتی" پلانی ڕوسیا بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بیلارۆس ئەو وڵاتە ناسەقامگیر دەکات کە لەلایەن مۆسکۆوە بارمتە گیراوە." هاوکات شیکەرەوەکان لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوە لە جەنگ (ISW) وتیان کە مەترسی دروستبونی  جەنگی ئەتۆمی تا ئێستا  "زۆر نزم ماوەتەوە". بەڵام  کەمپینی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەکی ناوکی، ڕایگەیاند، بڕیارەکەی پوتن مەترسی دروستبونی جەنگی ئەتۆمی بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەبات . لە 24ی شوباتی 2022دا ڕوسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و دوای 13مانگ تا ئێستا بەردەوامە .

هاوڵاتی جیراڵد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فڕەنسا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، لە میانی نۆیەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان دژی چاکسازی لە خانەنشینی، 457 کەس لە خۆپیشاندەرانی ناوچە جیاجیاکانی فڕەنسا دەستگیرکراون و 441 ئەفسەر و کارمەندی پۆلیسیش بەهۆی توندوتیژیەکانەوە برینداربون. جیراڵد دارمانان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە لە پاریس لە کاتی خۆپیشاندانی سەندیکاکاندا 903 جار ئاگر لە موڵکی گشتی و کۆنتێنەرەکانی خۆڵ و خاشاک کەوتوەتەوە.  وتیشی پۆلیس پارێزگاری لە زیاتر لە ملیۆنێک کەس کردووە کە لەسەرتاسەری فەرەنسا بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردووە. وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، داواکاری خۆپیشاندەرانی رەتکردەوە بۆ دەستبەرداربوونی حکومەت لە سیستەمی نوێی خانەنشینی کە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ھەفتەی رابردوو پەسەندیکرد. لە یاسای نوێی خانەنشینی فەرەنسادا، تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ بەرزکراوەتەوە، ئەوەش شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەندیکاکان و فەرمانبەرانی لەو وڵاتە بەدوای خۆیدا ھێناوە و بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی رەتدەکەنەوە. بەپێی ئاژانسەکان، خۆپیشاندانەکە زیاتر لە 300 شار و بەبەشداری نزیکەی سێ ملیۆن و500 هەزار کەس بەردەوامی هەیە و سوریشن لەسەرئەوەی، تا داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێت بەردەوام دەبن لەناڕەزایەتیەکان.

ئیلاهە تەوەکۆلیان، ئەو کچەی چوار رۆژ دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەشهد لە ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا چاوی بە گوللـەی ساچمەی نابینا کرا دەڵێت: ناچارم بەهۆی هەوکردنی ئەو چاوەم و سەرم کە گوللـەی ساچمەی بەرکەوتوە و بوەتە هێمای ستەم و زۆرداریی و خەیانەت، بە نەشتەرگەریی هەستیار گوللـەکان دەربهێنن. ئیلاهە کە لە وڵاتی ئیتاڵیا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ دەرهێنانی گوللـەی ساچمەی لە چاوی و ناوسەر، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت: ئەوانەی بێدەنگن لە ئاست ئەو ستەمەی لە لە رۆڵەکانیان دەکرێت خەیانەت دەکەن و منیش ئەمڕۆ ناچارم بە قبوڵکردنی مەترسیی گیانلەدەستانم هێمای سەتمکار و هێمای خەیانەتی لە سەرم و چاوم دەرهێنم. ئەو خانمە دەڵێت؛ من بۆیە زیندوم و ئامادەم بە ئەنجامدان ئەو نەشتەرگرییە چونکە دەمەوێت هێما و ئاماژەکانی خەیانەت و ستەمکاریی ئاشکرا بێت. بە وتەی پزیشکان دوای ئەوەی یەکێک لە چاوەکانی ئیلاهە بەهۆی گوللـەی ساچمەیی بریندارکراوە چەند نەشتەرگەرییەکی هەستیار کراوە و سەرەڕای ئەوەی چاوی نابینا بوە گوللـەکان بە تەواوەتیی دەرنەهاتون و بوەتە هۆی هەوکردنی و تەنانەت مەترسیی ئەوە هەیە کە هەوکردنەکە بۆ مێشک بگوازرێتەوە و بۆیە بڕیاردراوە لە چەند نەشتەرگرییەکی هەستیاردا ئەو گوللانە دەربهێنرین. بە پێی ئامارەکان لانیکەم 570 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی گوللـەی ساچمەیی هێزە ئەمنییەکان، چاوێک یان هەر دوو چاویان لەدەستداوە و پزیشکان لە قۆناغی یەکەمدا هەوڵ ئەدەن سەرەڕای نابینابون ئەو چاوانە دەرنەهێنن بەڵام دەرکەوتوە ئەو گوللـە ساچمەییانە بوەتە هۆی هەوکردن لە جەستەی زۆربەی بریندارەکاندا.  

ئەوروپا رایگەیاند بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران هێرش کراوەتە سەر ناوەندێکی فێرکاریی و بینایەکی نیشتەجێبون لە شاری زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا. جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە تویتەر رایگەیاند؛ هێرشەکانی روسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆسەر ئۆکرانیا بەردەوامە و لە نوێترین روداویشدا ناوەندێکی فێرکاری و یەکەیەکی نیشتەجێبون لە شاری زاپۆریژیا لەو وڵاتە کراوەتە ئامانج. بۆڕێل وتویەتی: لە کاتێکدا ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا بۆ چارەسەریی کێشەی ئاشتیانەی ئۆکرانیا بە ناچاری پەنای بۆ سەرۆکی چین بردوە ئەو تاوانەی ئەنجام داوە کە بە فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ئێران جێبەجێ کراوە. پێشتر حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەزیری دەرەوەی وڵاتی نەمسا-ی راگەیاندبو کە ئۆکرانیا هیچ بەڵگەیەکی نییەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کۆماری ئیسلامی بەشداریی جەنگیی ئەو وڵاتەی کردوە و لێدوانی بەرپرسانی ئۆکرانیای سەبارەت بە بەشداریی وڵاتەکەی لەو جەنگەدا رەت کردەوە. لە لایەکی دیکە پێشتر ئیسرائیل ئاشکرای کردبو کە ئێران نزیکەی هەزار و 700 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رادەستی سوپای روسیا کردوە کە دوای دەستکاریکردنی و بەهێزکردنی توانای تەقینەوەیان لە جەنگی دژی بە ئۆکرانیا بەکارهێنراون.  

هاوڵاتی خەرجی بەرگریی ناتۆ لە ساڵی ٢٠٢٢ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١.١٧ تریلیۆن دۆلار. بەپێی راپۆرتی ساڵانە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ کە لەلایەن سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ بڵاوکراوەتەوە، خەرجی بەرگریی ناتۆ کە لە ساڵی ٢٠٢١دا ١.٢٥ تریلیۆن دۆلار بووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١.١٧ تریلیۆن دۆلار. هەریەک لە یۆنان، ئەمریکا، لیتوانیا، پۆڵەندا، بەریتانیا، ئیستۆنیا و لیتوانیا، لانیکەم لە سەدا دووی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان بۆ خەرجییەکانی بەرگریی تەرخان کردووە. یۆنان لە سەدا ٣.٥٤، ئەمریکا لە سەدا ٣.٤٦، لیتوانیا لە سەدا ٢.٤٧ی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ خەرجییەکانی بەرگریی خەرجکردووە، لە کاتێکدا تورکیا خەرجییەکانی لە سەدا ١.٣٧ بووە. ئەمریکا ڕیزبەندی یەکەمی بەدەستهێناوە لە ڕووی بەهای خەرجییەکانی بەرگریی لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا کە ٨٢١ ملیار دۆلار بووە، بەریتانیا بە ٦٧.٧ ملیار دۆلار لە ڕیزبەندی دووەم و ئەڵمانیا بە ٦٠.٩ ملیار دۆلار لە ریزبەندی سێیەم دێت. ئەمریکا بە تەنها لە سەدا ٧٠ی کۆی خەرجییەکانی بەرگریی ناتۆی پێکهێناوە.

هاوڵاتی ئیلۆن ماسک ملیاردێری ئەمریکی رایگەیاند، "ئەگەر لەسەر بڕیاری داواکاری گشتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دەستگیربکرێت، ئەمە یارمەتی دەدات بۆ بەدەستهێنانی (سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە) لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی سەرۆکایەتی ئەمریکادا. ئیلۆن ماسک لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر نوسیویەتی، "ئەگەری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بەکەلەپچەوە ببینین و ئەگەر ئەمە ڕوبدات، ترەمپ بەدڵنیاییەوە هەڵدەبژێردرێتەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا". ئەمە لە کاتێکدایە ،ئەمڕۆ شەممە، ترەمپ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی، لە پۆستێکدا باسی لەوە کرد، چاوەڕێ دەکرێت دەستگیر بکرێت لە کاتێکدا کە داواکاری گشتیی ناوچەی مانهاتن چاوەی لەوەیە هەندێ تۆمەت بە فەرمی ئاراستەی ترەمپ بکا، ئەگەر ئەوە بکرێت، ترەمپ دەبێتە یەکەمین سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە فەرمی تۆمەتبارکرابێت.  ترەمپ لە پۆستەکەدا نووسیویەتی: "زانیاریی نایاسایی دزەپێکراو" لە نووسینگەی ئەلڤن براگ، داواکاری گشتی پێشانیدەدات کە "بەربژێری هەرە لەپێشی کۆمارییەکان و سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە دەستگیردەکرێت." ئەگەر بڕیاری تۆمەتبارکردنی ترەمپ درا، ئەوا تەنیا لە ئەگەری خۆبەدەستەوەنەدان دەستگیر دەکرێت، بەڵام پارێزەرانی ترەمپ پێشتر گوتوویانە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە گوێرەی رێوشوێنە ئاساییەکان هەنگاودەنێت، بە واتەی ئەوەی کە رازی دەبێت خۆی بەدەست بنکەی پۆلیسی نیویۆرک یانیش نووسینگەی داواکاری گشتیی مانهاتنەوە بدات.  لەلایەکی دیکەشەوە، وتەبێژێک بەناوی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە، "تا ئێستا لە هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی لەلایەن داواکاری گشتی سەبارەت بە دەستگیرکردنی ترەمپ ئاگادار نەکراونەتەوە". هاوکات، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەسەر سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، هیچ وادەیەکی دیاریکراو نییە بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی ترەمپ.

کۆشکی سپی رایگەیاند کە رووسیا تاوانی جەنگی لە ئۆکراینا ئەنجامداوە و پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن. گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، ئادرین واتسۆن دەربارەی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، رایگەیاندووه: "هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە رووسیا ستەم و تاوانی جەنگی لە ئۆکراینا ئەنجامداوە. ئێمەش سوورین لەسەر ئەوەی کە پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن باجی ئەم کارانەیان بدەن. داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان کەسێکی سەربەخۆیە و بەگوێرەی بەڵگەکان بڕیار دەدات. دەمانەوێت ئەوانەی تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە باجی کارەکانیان بدەن". دوێنێ هەینی، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان رایگەیاندبوو لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیدا سەبارەت بەو تاوانانەی کە لە ئۆکراینا ئەنجامدراون، بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکراینا، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و کۆمیسیاری رووسیا بۆ مافەکانی منداڵان، ماریا ئەلێکسیڤنا لڤۆڤا-بێلۆڤا، دەرکردووە.

ئەمریکا ئاشکرای دەکات دوای کشانەوەی لە ئەفغانسان، کۆماری ئیسلامی چەک و کەرەستەی سەربازیی رادەستی تاڵیبان کردوە و لە عێراقیش هێرشە ناڕاستەوخۆکانی دژی ئەمریکا زۆر کردوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی تایبەت بە تیرۆر لە ساڵی 2021 بڵاو دەکاتەوە و ئاماژە بە رۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات لە هێرشەکانی عێراق و هاندانی چەکدار و میلیشیاکان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لەو راپۆرتەدا هاتوە: دوای ئەوەی جۆ بایدن بوە بە سەرۆکی ئەمریکا، جموجۆڵە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی زیادی کردوە و تەنانەت لە روی داراییەوە پشتیوانیی لە جوڵە تیرۆریستییەکانی ناو ئەفەریقا، ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریکای باکور و باشور کردوە . ئاماژە بەوەکراوە و لەو ساڵەدا سوپای پاسدارانی ئێران پشتیوانیی لە هەشت گروپی تیرۆریستیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە کە سەرجەمیان لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا بون و هاوکات پشتیوانیی دارایی لە گروپە تیرۆریستییەکانی پێنج کیشوەری جیهان کردوە. بە پێی زانیارییەکانی واشنتۆن ؛هێز و میلیشیاکانی عێراق بە هاندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 2021 زیاتر لە 100 هێرشیان بە بۆمب کردوەتە سەر هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەو وڵاتەکە و هاوکات هەر ئەو هێزانە 40 هێرشی ناڕاستەوخۆیان دژی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە عێراق ئەنجام داوە. هەر لەو راپۆرتەدا ئاماژە بە زیادبونی رۆڵی سوپای پاسدارن لە سوریا و عێراق کراوە و ئەوەش خراوەتە رو کە کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانیی دارایی و مەشقی سەربازیی زیاترین رۆڵی لە هاندانی گروپە چەکدارییە تیرۆریستییەکان دژی ئەمریکا هەبوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردوەتەوە لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانسان، کۆماری ئیسلامی چەک و کەرەستەی سەربازیی رادەستی رێکخراوی تاڵیبان کردوە و لە روی داراییەوە پشتیوانیی لەو رێکخراوە کردوە.  

هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتـی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، لە دوای هێرشکردنە سەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا لە دەریای رەش لەلایەن فڕۆکەی جەنگیی رووسیاوە، باڵیۆزی رووسیا لە واشنتۆن بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە دەکات. نێد پرایز، گوتەبێژی وەزارەتـی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمەریکا بۆ گەیاندنی "ناڕەزایەتیی توند لە بەرامبەر ئەو رێگریکردنە نائەمنی و ناپیشەییە" راستوخۆ پەیوەندی بە بەرپرسە باڵاکانی رووسیاوە کردووە. پرایز گوتی: "باڵیۆزی رووسیا بانگهێشتی ئەو یەکەیەمان دەکەین کە ئەو پەیامەی پێدەگەێنین" و رایگەیاند پرۆسەی بانگهێشتکردنەکە بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت چاوپێکەوتنەکە ئەمڕۆ پاش نیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت. ئەم بانگێشتە دوای ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری (su-27) ی ڕووسیایی لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایی جۆری (MQ-9 Reaper) لە ئاسمانی دەریای ڕەشدا بەریەک کەوتن. لەو بارەیەوە فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا ڕایگەیاند "ئەم ڕووداوە بەهۆی ئەو ڕفتارە مەترسیدارانەوە ڕویداوە کە لەلایەن فڕۆکەوانە ڕووسیەکانەوە ئەنجام دراوە لە نزیک فڕۆکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە بە سەر دەریای ڕەشەوە دەفڕن." دەریای ڕەش دەکەوێتە نێوان ئەوروپا و ئاسیا و هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکە ،هاوکات لەم بارەیەوە مۆسکۆ هیچ وڵامێکی نەبووە تا ئێستا.

هاوڵاتی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری (su-27) ی ڕووسیایی لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایی جۆری (MQ-9 Reaper) لە ئاسمانی دەریای ڕەشدا بەریەک کەوتوون. ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەمەریکییە راشیگەیاند،  درۆنە ئەمەریکییەکە لە جۆری (MQ9) بوو، لەسەر دەریای رەش پێکییانداداوە. روونیشیکردەوە، دوای ئەوەی دوو فڕۆکەی جەنگیی رووسیی بە شێوەیەکی نا پیشەیی چاودێری درۆنە ئەمەریکییەکە دەکەن، بە هۆیەوە ئەو رووداوە درووست دەبێت. ئەو گوتیشی ئەم ڕووداوە بەهۆی ئەو ڕفتارە مەترسیدارانەوە ڕویداوە کە لەلایەن فڕۆکەوانە ڕووسیەکانەوە ئەنجام دراوە لە نزیک فڕۆکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە بە سەر دەریای ڕەشەوە دەفڕن. دەریای ڕەش دەکەوێتە نێوان ئەوروپا و ئاسیا و هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکە ،هاوکات لەم بارەیەوە مۆسکۆ هیچ وڵامێکی نەبوو.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، "شەڕی داگیرکاریەکانی روسیا بۆ ئۆکرانیا و هەروەها هەڕەشەکانی چین لەسەر تایوان، جیهانی خستۆتەبەردەم مەترسیەکی گەورەوە، بۆیە هۆشداریدەدەین لەوەی دەیەیەکی پڕمەترسی چاوەڕوانی جیهان دەکات". بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز، ریشی سوناک سەرۆک وەزیران رایگەیاندوە، "جەنگی روسیا دژ بە ئۆکرانیا و هەروەها هەڕەشەکانی چین بۆسەر تایوان بون بەهەڕەشەی جیهانی و لەئێستادا مەترسی راستەقینەن لەسەر ئاسایشی جیهان، سەرەڕای پەکخستن، جیهانیان بۆ چەند بەرەیەک دابەشکردوە". لەبەڵگەنامەیەکی 63 پەڕەییدا، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئاشکرایکردوە، "جیهان لەبەردەم گەورەترین دەیەی مەترسیداردایە لەسەر ئاستی سەلامەتی و هەڕەشەکان، جیهان بەرەو ئاقارێک هەنگاو دەنێت کە گرفتەکانی کۆنتڕۆڵ نەکراو بن، لەهەموشیان مەترسیدارتر جەنگی ئەتۆمیە". لەبەڵگەنامەکەدا سەرۆک وەزیرانی بریتانیا رونیکردۆتەوە کە چۆن ژینگەی ئەمنی و ئاسایش گۆڕانکاریان بەسەرداهاتوە لەماوەی دو ساڵی رابردودا، هەروەها ئەو هەڕەشە و ئاڵنگاریانەی هاتونەتەبەردەم رۆژئاوا و جیهان و ئۆکرانیا رونکردۆتەوە. هەر لەو بەڵگەنامەیەدا ریشی سوناک دەڵێت، "شەڕی روسیا، داگیرکاری نایاساییە بۆسەر ئۆکرانیا و جۆرێکە لەشەڕی چەکسازی و بۆتە هۆکاری ئەوەی قەیرانی خواردن و وزە لەسەر ئاستی بریتانیا و ئەوروپا و جیهان دروستببێت و ببنە کێشەی جیهانی، بەهەمانشێوە هەڕەشەکانی چین بۆسەر تایوان ئەم قەیرانانە زیاتر قوڵدەکەنەوە، لەم پێناوەدا بودجەیەکی سێ ملیار پاوەندی بۆ گەشەپێدانی سەربازی و چەکدارکردنی وڵاتەکەی پێشنیازکردوە". ئەم بەڵگەنامەیە لەچوارچێوەی بودجەی حکومەتدایە کە سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ئاڕاستەی کابینەکەی کردوە کە پێشنیازیکردوە، بودجەی بەرگری 2.5% زیادبکرێت، بەڵام بڕی زیادکردنە و ماوەکەی دیارینەکردوە.  

هاوڵاتی بەرپرسانی سوپای بەریتانیا ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند، هێزەکانی ڕوسیا لەهەڵمەتەکەیاندا بۆ گرتنی شاری باخمووت لەڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا  پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێرشەکەیان قورس دەبێت بۆ بەردەوام بوون بەوپێیەی ژمارەیەکی زۆر سەرباز لەدەست دەدەن بۆ گرتنی ناوچەکە و زیانەکان زۆر زیاتر دەبن. وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە نوێترین هەڵسەنگاندنیدا بۆ ئەو شەڕەی لە ئۆکرانیا بەتایبەت ناوچەی باخموت بەردەوامە لە تویتەرڕایگەیاند، یەکەکانی گروپی واگنە کە لە ژێر کۆنترۆڵی کرێملیندایە، زۆربەی ڕۆژهەڵاتی بەخموتیان گرتووە، ئێستا ڕووبارێک کە بە ناوەندی شارەکەدا دەڕوات، هێڵی پێشەوەی بەخموتی دیاریکردووە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، "ئاڵانگارییەکی قورس " دەبێت بۆ هێزەکانی واگنەر بەرەوپێشبچن، چونکە ئۆکرانیا پردە سەرەکییەکانی بەسەر ڕووبارەکەدا لەناوبردووە. پارێزگای دۆنتسک، یەکێک لەو چوار هەرێمەی ئۆکرانیا کە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا ساڵی ڕابردوو بە نایاسایی بە بەشێک لە سوریای ڕاگەیاند و لە لە مانگی ئابدا سوپای ڕووسیا کەمپەینی کۆنترۆڵکردنەوەی باخمووتی دەستپێکردووە  و هەردوولاش تووشی زیانێکی گیانی زۆر بوون لە ململانێکانیاندا لەسەر ئەم ناوچەیە. هاوکات لە سەرانسەری ئۆکرانیا، ڕۆژی شەممە کارەکانی چاککردنەوە بەردەوام بوو، دوای هێرشێکی بەرفراوانی ڕووسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو ڕۆژ پێشتر کە شەش کەسی کوشت و سەدان هەزار کەسیش بێ ئامێرەکانی گەرماکەرەوە و بێ کارەبا مانەوە.