پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند لە پشوەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا گەشت و هاتوچۆ بەراورد بە ساڵی رابردو زۆرتر بوە و روداوەکانی هاتوچۆش زیاتر لە 16 هەزار قوربانیی لێکەوتوەتەوە. کەمال هادیانفەر، بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند؛ لە 18ی مانگی ئازار تا سێی مانگی نیسان 821 کەس بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و 16 هەزار کەسیش برینداربون. هادیانفەر، ئاماژەی بەوە کردوە رێژەی هاتوچۆ و گەشتەکانی تایبەت بە نەورۆز لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردو 40% بەرزبوەتەوە بەڵام رێژەی ئەو کەسانەی بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە بۆ 22% کەم بوەتەوە. بە پێی ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ لە ماوەی 18 رۆژی پشوەکانی نەورۆز لە ئێران رۆژانە زیاتر لە 45 کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە. لە ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ دەرکەوتوە زیاترین گەشت بۆ پارێزگاکانی گیلان و مازەندەران لە باکوری ئێران کراوە و دانیشتوانی تاران زیاترین گەشتیان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە کردوە.

هاوڵاتی کەناڵی هەواڵی ئێن بی سی ئەمریکی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە ئەو باڵۆنە چینیەی لە لایەن ئەمریکاوە خرایە خوارەوە زانیاری هەواڵگری بنکەکانی سەربازی ئەمەریکای بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ پەیکین گواستۆتەوە.  کەناڵی ئێن بی سی بە ئاماژەدان بە گوتەی  دوو بەرپرسی باڵای ئێستای ئەمەریکا و بەرپرسێکی باڵای پێشووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بایدن  رایگەیاند، باڵۆنەکە چەند جارێک بەسەر ئەو ناوچانەدا تێپەڕیوە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکای لێبووە زانیاری گواستۆتەوە پێش ئەوەی لە چواری مانگی دوودا بە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا  بخرێتە خوارەوە . ئەو بەرپرسانە بە کەناڵەکەشیان گوتووە، زانیارییەکانی چین کۆیکردووەتەوە لە ڕێگەی ئەو باڵۆنەوە لە زانیاری نێردراوی ئەلکترۆنییەوە بووە لە ڕێگەی ئاماژە ئەلیکترۆنییەکانەوە ، کە دەتوانرێت لە سیستەمی چەکەوە یان ئەو پەیوەندییە تایبەتییانەی کارمەندەکان لە بنکەکاندا ئەنجامیان داوە وەربگیرێن ، دەشڵێن بە شێوەی وێنەی ڕاستەوخۆی بنکەکان نەبووە. هەروەها ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش ڕایگەیاند بەرپرسانی ئەمەریکا بەردەست نەبوون بۆ لێدواندان لەسەر بابەتەکەو وەزارەتی دەرەوەی چین لە پەکین و باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن وەڵامی داواکاری ئەو ئاژانسەیان نەداوەتەوە بۆ پێدانی هیچ لێدوانێک. ئەو باڵۆنە کە چین نکۆڵی لێدەکات بۆ کاری  سیخوڕی بەکارهێنرابێت، هەفتەیەکی بەسەر ئەمەریکا و کەنەدا مایەوەو لە سەرەتای مانگی شوباتدا سوپای ئەمەریکا لەسەر فەرمانی  جۆو بایدن لە کەناراوەکانی ئەتڵەسی خستیانە خوارەوە ،هاوکات ئەم ڕوداوەش وایلە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کرد سەردانەکەی بۆ پەکین دوابخات و پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پەکین گرژی زیاتر بکات.  

هاوڵاتی نووسینگەی سەرۆکی فینلاند ڕایگەیاند، کە فینلاند ڕۆژی سێشەممە بەفەرمی دەبێتە ئەندامی ناتۆ و هەروەها سکرتێری گشتی ناتۆ جێنس ستۆلتنبێرگ ئەم ڕاگەیاندنەی پشتڕاستکردەوە و وتی ئەم هەنگاوە فینلەندا سەلامەتتر دەکات. ئاژانسی هەواڵی سکاینیوز ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە ،ڕۆژی سێشەممە فینلاند ئەو وڵاتەی کە سنووری هاوبەشی لەگەڵ ڕوسیادا هەیە، دوای داگیرکارییەکەی ساڵی ڕابردووی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دوای ئەندامبونی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کرد بە ڕەسمی دەبێتە سی و یەکەمین ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە. هاوکات ئەمە یەکەم گەورەبوونی ناتۆیە لەو کاتەوەی مەقدوونیای باکوور لە ساڵی 2020 پەیوەندی بە هاوپەیمانیەوە کردووە. هەروەها تورکیا کۆتا ئەندامی ناتۆ بوو کە مانگی ڕابردوو داواکارییەکەی فینلاندی بۆ ئەندام بوون  قبوڵ کرد وتورکیا هێشتا ڕێگرە و ڕازینییە لە بە ئەندام بوونی سوید لەو هاوپەیمانێتییەکە. ناتۆ ،ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی کە بە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناودەبرێت، هاوپەیمانیەکی سەربازی نێوان حکومەتەکانی 30 وڵاتی ئەندامە-  کە 28 وڵاتی  ئەوروپی و دوو وڵاتی  ئەمریکای باکوور دەگرێتەوە.  

هاوڵاتی سەرۆکی هێزی بەکرێگیراوی ڕوسی واگنەر لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا یەکشەممە  ڕایگەیاند هێزەکانی ئاڵای ڕوسیایان لەسەر باڵەخانەی ئیداری شاری باخموتی ئۆکرانیادا بەرزکردۆتەوەو دەستیانگرتووە بەسەریدا ، بەڵام سوپای ئۆکرانیا دەڵێت سەربازەکانی هێشتا لە شەقامە وێرانەکاندا شەڕ دەکەن. ئاژانسی هەوەڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە،سەرۆکی ڤاگنەر ئێڤگینی پریگۆژین لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ڕۆژی یەکشەممە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە وتی هێزەکانی کە سەرکردایەتی هەڵمەتی کرێملینیان کردووە بۆ گەمارۆدان و گرتنی باخموت ئاڵای ڕوسیایان بەرزکردەوە لەسەر بینای ئیداری لە ناوەندی شارەکە و دەڵێت " لە ڕوانگەی یاساییەوە، باخموت دەستیبەسەردا گیراوە" باخموت شوێنی یەکێک لە خوێناویترین شەڕەکانی جەنگەکە بووە، ئێستا لە ساڵی دووەمیدایە، لەگەڵ قوربانییەکی گەورە لە هەردوو لا و بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی شارەکە  بەهۆی بۆردومانەکانەوە وێران بووە. بەڵام سوپای ئۆکرانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هێشتا شەڕ لە باخموت و چەند شارۆچکەیەکی دیکە بەردەوامە و ڕایانگەیاند "هێرش بۆ سەر شاری باخموت  بەردەوامە" لەگەڵ ئەوەشدا، بەرگریکارەکانمان بوێرانە شارەکە دەپارێزن." هاوکات شیکەرەوەی سەربازی ئۆکرانیا ئۆلێ ژدانۆڤ وتی شەڕ لە  ناوەندی باخموتی بەردەوامە و هێزەکانی ئۆکرانیا 25 هێرشی ڕوسیایان  بەرپەرچداوەتەوە بەڵام هێزەکانی ڕوسیا وێستگەی کانزای AZOMیان گرتووە.  

هاوڵاتی ڕوسیا کە سەرکردەکەی بە تاوانی جەنگ تۆمەتبارکراوە ڕۆژی شەممە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە دەست کە بووە هۆی توڕەیی ئۆکرانیا و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی بە هەنگاوێکی بێمانا و وێرانکەر ناوی برد. دواین جار کە ڕوسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە دەست کە بە بەرپرسیاری هێشتنەوەی ئاشتی و بەرەنگاربونەوەی کردەوەی دەستدرێژییە نێودەوڵەتییەکانە لە مانگی شوباتی 2022 بوو کە سوپای مۆسکۆ هێرشێکی داگیرکارییان بۆ ئۆکرانیا دەستپێکرد. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ،  رۆژی شەممە (1ـی نیسانی 2023) رووسیا بۆ ماوەی مانگێک و تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرت، و لەلایەن ئۆکرانیاوە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە. هاوکات لەلای خۆیەوە جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیاوە لە توویتێکدا رایگەیاندووە، رووبەڕووی هەر پێشێلکارییەک دەبینەوە کە لەلایەن رووسیاوە ئەنجام بدرێت لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.  بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا نووسیویەتی: وەرگرتنی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیاوە، شیاوی ئەوەیە ببێتە درۆی نیسان. هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیاش لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا سەبارەت وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن ڕوسیاوە وتی "بەداخەوە، ئێمە هەندێک هەواڵی بێمانا و وێرانکەرمان پێیە....." هەروەها ڕاشیگەیان لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ڕوسیا ڕۆژی هەینی منداڵێکی پێنج مانگ کوژراوە. سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی، "ڕوسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات زۆر ئەستەمە شتێکی دیکە  وێنا بکەین کە زیاتر مایەپووچبوونی ئەو جۆرە دامەزراوانە بسەلمێنێت". سەرۆکایەتیەکە هەر مانگێک بە ئەلف و بێ لە نێوان 15 ئەندامی ئەنجومەنەکەدا هەڵدەبژێردرێت و دەسوڕێتەوە. هەرچەندە ئەمە بە زۆری ڕووکارییە. رووسیا لە دوێنێ شەممەوە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات. بڕیار وایە سبەی دووشەممە (3ـی نیسانی 2023) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی رووسیا ببەستێت و کۆبوونەوەکە داخراو دەبێت و تەنیا گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەی کاری ئەم مانگەی ئەنجوومەنەکە دەکرێت.

ناوەندێکی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای دەکات رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد نزیکەی سێ هێندە زیادی کردوە و لە سێ مانگدا نزیکەی 50 کەس لەسێدارە دراون کە سێ کەسیان بەندکراوی سیاسیی بون. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 48 بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون کە بەراورد بە ساڵی رابردو رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد 270% زیادی کردوە. ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردوە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لانیکەم 141 کەس لە سەرتاسەری ئێران لەسێدارەدراون و 34% سەرجەم لەسێدارەدراوانی زیندانەکانی ئێران کورد بون. بە پێی ئامارەکان لە سێ مانگی ساڵی رابردو 13 کورد لە ئێران لەسێدراەدراون بۆیە رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد لە سێ مانگی ئەمساڵدا 270% واتە نزیکەی سێ هێندە بەرزبوەتەوە. هەنگاو ناوی سێ بەندکراوی سیاسیی بڵاو کردوەتەوە کە لەو سێ مانگەدا لە زیندانەکانی کەرەج و کرماشان و ورمێ لەسێدارەدراون. لە زیندانی ورمێ 19 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون و لە زیندانی سنە سێ بەندکراو و لە زیندانی ئیلام دوو بەندکراو و لە کەرەج و بەندەرعەباس و ئەراک و چەند شارێکی دیکە 16 بەندکراوی کورد لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لەسێدارە دراوە.

هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برێڤەرمان دەڵێت باوەڕی بەوە هەیە ڕواندا وڵاتێکی سەلامەتە بۆ نیشتەجێکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، بەڵام ڕەتی کردەوە هیچ کاتێکی دیاریکراو دانرابێت بۆ ناردنی یەکەم وەجبەی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە. حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت هەزارەها پەنابەر بۆ دوری زیاتر لە 6500کم (4000 میل) دوور بخاتەوە بۆ  ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا وەک بەشێک لە مامەڵەیەکی 120 ملیۆن پاوەندی (148 ملیۆن دۆلار) ،وەک چارەسەرێک بۆ ڕێگریکردن لەو پەنابەرانەی  کە لە فەرەنسا بە بەلەمی بچووکەوە لە کەناڵی ئینگلیزی دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا. براڤێرمان لەلایەن لۆرا کوێنسبێرگ، پەیامنێری بی بی سی پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکی توندوتیژی لەسەر بەشەخۆراک لە کەمپێکی ڕواندا لە ساڵی 2018دا، کە پۆلیسی ڕواندا ڕایگەیاندبوو کە لانیکەم پێنج پەنابەر گیانیان لەدەستداوە. لەو وەڵامدا گوتی ئاشنای ئەو کەیسە نییە بەڵام "لەسەر بنچینەیەکی بەهێز" کە دەڵێت ڕواندا وڵاتێکی سەلامەتە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە چارەسەرێکی دروستە بۆ کێشەی گەیشتنی پەنابەران بە بەلەمی بچووک بۆ بەریتانیا. لە وڵامێکی پرسیاری بێژەرێکی سکای نیوسیشدا گوتی  "ئێمە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو سەبارەت بە پرسی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا سەرکەوتنێکی زۆر بەهێزمان لە دادگای باڵا هەبوو. ئێمە ئێستا یاسادانانمان ناساندووە ئێمە دەمانەوێت بە خێرایی بجوڵێین بۆ گواستنەوەی خەڵک لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا. پلانەکە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، بەڵام یەکەم گەشتی فڕۆکەوانی ناردنی یەکەم کۆمەڵەی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە بە فەرمانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ڕاگیرا. هاوکات  دادگای باڵای لەندەن لە مانگی دوازدە بڕیاریدا کە پلانەکە یاساییە، بەڵام بەرهەڵستانی بڕیارەکە هەوڵدەدەن پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت.

سوپای ئێران رایگەیاند؛ فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکا سنوری ئاسمانی وڵاتەکەی بەزاندوە و دوای هۆشداریی پێدان لە ناوچەکە دروکەوتوەتەوە. سوپای ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ فڕۆکەیەکی جۆری(EP-3E) هێزی دەریاوانی ئەمریکا لە سنوری دەریای عومان هاوتوەتە سنوری ئاسمانی ئێران. سوپا ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەو فڕۆکەیە دوای پێدانی هۆشداریی لە لایەن هێزی دەریاوانی سوپای ئێرانەوە، گەڕاوەتەوە بۆ سنوری نێودەوڵەتیی ئاوەکانی ئەو ناوچەیە. فڕۆکەی جۆری(EP-3E) ئەمریکی تایبەتە بە جەنگی ئەلیکترۆنی و چاودێریی سەربازییە کە تەنها لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا و ژاپۆن بەکاردەهێنرێن.  

شەوی هەینی 31-03-2023 پۆلیسی یۆنان رایگەیاند، "زیاتر لە 40 قاچاخچیی کۆچبەران لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراون، کە بەرپرسن لە بەقاچاخبردنی زیاتر لە دوو هەزار و 300 کۆچبەر بۆ نێو یۆنان." پۆلیسی یۆنان رایگەیاند، هێزەکانیان توانییان 55 کەسی دیکە دەستگیر بکەن، کە پەیوەندییان بەو 40  قاچاخچییەوە هەیە، ئەو باندە بەرپرسی دابینکردنی ناسنامە و بەڵگەنامەی ساختە بوون بۆ کۆچبەرەکان. گوتیشی، لە ماوەی رابردوودا باندەکە توانیویانە زیاتر لە دوو هەزار و 500 ناسنامە و بەڵگەی ساختە دروست بکەن. بە گوتەی پۆلیسی یۆنان، تۆڕی قاچاخچییەکان لەسەر ئاستێكی گەورە کاریان کردووە، بە جۆرێك کە ژێرخانێكی تەواو پیشەییان بۆ بەقاچاخبردنی کۆچبەران دروستکردووە. پۆلیسی یۆنان راشیگەیاند، تۆڕەکە چەندین نووسینگە و شوێنێكی تایبەتیان لە ئەسینای پایتەخت و شاری تیسالۆنیکی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات لەنزیک دەریای ئیجەی بەرامبەر تورکیادا هەبووە. کاری ساختەکاری و دروستکردنی بەڵگە و ناسنامە ساختەکانیان لە 5 تاقیگەی تایبەت لەو دوو شارەدا کردووە. هەر بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی یۆنان، تۆڕەکە 12 یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ شاردنەوەی کۆچبەران هەبووە. لە کاتی هەڵکوتانە سەر ئەو یەکانە، هێزەکانی پۆلیس 80 کۆچبەریان بە بەڵگەی ساختەوە دەستگیر کردووە، کە ئامادە کرابوون بۆ گواستنەوەیان بۆ وڵاتێکی دیکە. پۆلیسی یۆنان دەڵێت، تۆڕەکە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی 2022ەوە دەستی بە کارەکانی کردووە و لەو کاتەوە تاوەکو ساتی دەستگیرکردنیان زیاتر لە نۆ ملیۆن یۆرۆیان دەستکەوتووە؛ دادگەی تاوانەکانی یۆنان هەریەک لە ئەندامانی تۆڕەکەی بە 10 هەزار یۆرۆ سزاداوە. بە گوتەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران، لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 18 هەزار کۆچبەر بە قاچاخ چوونەتە یۆنان، لە کاتێكدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2021دا کەمتر لە نۆ هەزار بووە.

کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورک ئاماژەی بەوە کرد کە پشتڕاستکراوە بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە کە هێشتا درێژەی هەیە هەشت هەزار و ٤٠٠ کەسی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ١٤ هەزاری دیکەش برینداربوون. لە چوارچێوەی ٥٢مین دانیشتنی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئۆکراینا، تورک گوتارێکی پێشکەش کرد. تورک باسی لەوە کرد کە ئەنجامدانی پێشێلکاری دژ بە مرۆڤ و پێشێلکاری یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی رووسیاوە لە جەنگی دژ بە ئۆکراینادا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بووەتە کارێکی رۆتینی و داتاکانی جەنگەکەی هەر لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا خستەڕوو. گوتیشی: ''لە کاتێکدا تا ئێستا کوژرانی هەشت هەزار و ٤٠٠ مەدەنی پشتڕاستکراوەتەوە، هاوکات پشتڕاستی برینداربوونی زیاتر لە ١٤ هەزار کەسیش کراوەتەوە. ئەم ژمارانە تەنیا بەشی بینراوی شاخە سەهۆڵین''. تورک ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە تا ئێستا، نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ بەڵگەیەکی زۆری لە بارەی رووداوی کوشتنی بێ دادگایی و هێرشی بە ئامانجگرتن کۆکردووەتەوە کە لە ناوچەکانی ئۆکراینا لەلایەن هێزە سەربازییەکانی رووسیا کە گرووپە چەکدارەکانی وەک واگنەریشیان تێدایە دژ هاووڵاتیانی ئەنجامدراوە و گوتی: ''لەو ماوەیەشدا، ٦٢١ دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێنبوون روویداوە''. هەروەها تورک رایگەیاند: ''بەپێی دیمانەیەک کە لەگەڵ ٨٩ کەسی مەدەنی ئەنجامدراوە، سەدا ٩١ی ئەوانەی دەستگیرکراون لەلایەن سەربازانی رووسیەوە رووبەڕووی ئەشکەنجە یان مامەڵەی خراپ بوونەتەوە''. تورک باسی لەوە کرد کە بەڵگەیان لەسەر ١٠٩ رووداوی توندوتیژی سێکسی کۆکردووەتەوە کە سەربازانی رووسی تێدا تێوەگلاون، زۆربەی رووداوەکانیش لە شوێنی دەستگیرکردنەکان روویداوە و سێ کەس لەوانە رووبەڕووی ئەمە بوونەتەوە کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون. کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان تورک، ئەوەشی خستەڕوو کە بەڵگە لەسەر ٩١ رووداوی بێسەروشوێن بوون و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی کۆکراوەتەوە کە لەلایەن ئۆکراینییەکانەوە ئەنجامدراوە. گوتیشی: ''لە کۆی ٧٣ قوربانیی سەدا ٥٣یان لەلایەن سەربازانی ئکراینییەوە ئەشکەنجە دراون یان رووبەڕووی مامەڵەی خراپ بوونەتەوە، هەروەها ئۆکراینییەکان تێوەگلاون لە ٢٤ رووداوی توندوتیژی سێکسی''. تورک باسی لەوەیش کرد کە نووسینگەکانی مافەکانی مرۆڤ چاوپێکەوتن لە چاوپێکەوتنیان لەگەال زیاتر لە ٤٠٠ دیلی جەنگ کردووە، سەدا ٩٠ی دیلە ئۆکراینییەکان ئەشکەنجەدراون یان رووبەڕووی مامەڵەی خراپ بوونەتەوە، بەڵام ئەم رێژەیە لە ناو دیلە رووسەکاندا سەدا ٥٠ ە.

سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، سەرکردایەتی ئەوروپا گفتوگۆ لەسەر ناردنی هێزی پارێزەری ئاشتی دەکەن بۆ ئۆکرانیا و ئەوانیش لەو پرۆسەیەوە نزیکن و پێشتر هەنگاریا بڕیاریداوە چەک نەنێرێت بۆ ئەو وڵاتە و لە ئێستاشدا بەردەوامی بەو بڕیارە دەدات. ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، سەرکردەکانی ئەوروپا گفتوگۆیان لەسەر ئەوە کردووە کە ئایا بڕیارێکی باشە ئەگەر هێزی سەربازی بەشێوەی ئاشتی پارێز بنێرن بۆ ئۆکرانیایاخود باشترە هیچ هێزێک نەنێرن ئاماژەی بەوەشدا، ساڵێک لەمەوبەر ناکۆکی لەسەر ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا هەبوو، لەو کاتەدا هەنگاریا بەو پرۆسەیە ناڕازی بوو ئێستاش ناڕازییە و وڵاتەکانی رۆژئاواش نیگەرانن ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە هەنگاریا رەتیکردەوە سزا بەسەر سەرچاوەی وزەی روسیا بسپێنێت و ئۆکرانیا پڕ چەک بکات   

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ئابوریی ژاپۆن، ئەو وڵاتە بڕیاریداوە بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کەرەستەی بیناسازی  بۆڕوسیا،هەروەها بزوێنەری فڕۆکە و کەشتی، ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ گەشتکردن، فڕۆکە، کەشتی ئاسمانی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رێگەیان پێنادرێت چیتر رەوانەی روسیا بکرێن. بڕیارەکەی ژاپۆن قەدەغەکردنی هەناردەکردن بەرهەمی پۆڵا، بەرهەمی ئەلەمنیۆم، کەرەستەیڕێگاوبان، مۆلیدە، ئۆتۆمبێلی گواستنەوە و پارچەییەدەگەکانیان دەگرێتەوە، هەروەها هەناردەکردنییاری و پایسکیلەکانی منداڵانیش بۆڕوسیا قەدەغەکرا. ژاپۆن درێژە بە هەڵمەتی دژ بەڕوسیا دەدات، بەو پێیەی پێشتر زنجیرەیەک سزای سەپاندوە کە زۆرێک لە بەرپرسانی سەرکردایەتیڕوسیا و خەڵک و دامەزراوە و بانکەکان و ئەوانی دیکەی لەخۆگرتبوو.

هاوڵاتی بەرهەمی نەوتی ئۆپیک لە مانگی ئازاردا بەهۆی چاکسازی لە  کێڵگەی نەوتی لە ئەنگۆلا و وەستانی هەندێک لە هەناردەکانی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەر ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لەم مانگەدا 28.90 ملیۆن بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێناوە ، بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕێژەی بەرهەمهێنان بە بڕی  70 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەچاو مانگی شوباتدا  دابەزیوەهاوکات بەرهەمهێنان لەچاو مانگی ئەیلولەوە زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە. ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی ناسراو بە ئۆپێک+، ڕازی بوون لە کۆتایی ساڵی 2022دا بڕی بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە  بۆ پشتگیریکردنی بازاڕ بەو پێیەی کە ئابووری خراپتر دەبوو و نرخەکان بەرەولاوازبوون دەچوو. ئۆپیک پڵەس بڕی بەرهەمهێنانی بە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردەوە کە بڕیاربوو نزیکەی 1.27 ملیۆنی لە 10 وڵاتی بەشداربووی ئۆپیکەوە بێت . لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەنگۆلا و عێراق لەم مانگەدا پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە زیادی کردووە بۆ 173٪ ی بەڵێندراوی کەمکردنەوەکان بەپێی ڕاپرسییەکە لە بەرامبەر 169٪ لە مانگی شوباتدا. ئەو بڕەی کە بەرهەمدەهێنرێت لە ئێستادا بە بڕی  930  هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمترە لەوەی کە دانراوە  چونکە زۆرێک لە بەرهەمهێنەرەکان - بە شێوەیەکی بەرچاو نایجیریا و ئەنگۆلا - توانای بەرهەمهێنانیان لەو ئاستەدا نییە  . ئەنگۆلا، عێراق: یەکەم هۆکار بۆ کەمبونەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی 100هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ئەنگۆلا بوو بەهۆی چاکسازی لە کێڵگەی دالیادا. دووەم گەورەترین دابەزین لەعێراقەوە هات کەکۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوتیان لەڕۆژی شەممەوە لە هەرێمی کوردستان کەمکردۆتەوە و بەشێکیان تەواو وەستاندویانە بەڵام زیادکردنی ڕێژەی هەناردەکردن لە باشوری عێراقەوە کاریگەری ئەو کەمبونەوەیەی سنوردار کردووە. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕۆیتەرز بەرهەمهێنەرانی کەنداوی ئۆپیک سعودیە و کوێت و ئیمارات پابەندی باڵایان هەبووە بەو بڕەی کە ئامانجبووە بەرهەمیبهێنن .

هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا  جۆ بایدن ئەمڕۆ هەینی داوای لە ڕوسیا کرد کە ڕۆژنامەنوسی ئەمریکی ئیڤان گێرشکۆڤیچ کە پەیامنێری ڕۆژنامەی واڵ ستریتە ئازاد بکات دوای ئەوەی ڕوسیا بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیری کرد هاوکات ئیدارەی بایدن داوا لە هاوڵاتیانی دەکات دەستبەجی ئەو وڵاتە جێبهێڵن . جۆ بایدن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم کۆشکی سپی لە وڵامی پرسیارێکدا لەسەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسەکە داوای دەستبەچی ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسەی لە ڕوسیا کرد. ئیدارەی بایدن هۆشداری داوەتە هاوڵاتیانی ئەمریکا کە گەشت نەکەن بۆ ڕوسیا و داوا دەکات  ئەو ئەمەریکییانەی لەو وڵاتە دەمێننەوە دەستبەچی کۆچ بکەن. خزمەتگوزاری ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیا گێرشکۆڤیچ، کە هاوڵاتییەکی ئەمەریکیە بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری نهێنی تۆمەتبار کرد و دەستگیریکرد ،ئەمە یەکەمجارە ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی لە کاتی جەنگی ساردەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر بکرێت هاوکات ڕۆژنامەکە وتی کە "بە شێوەیەکی ئاشکرا تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە". هەروەها پێشتریش بەڕێوبەرایەتی بایدن ڕۆژی پێنجشەممە وتی کە کاردەکات بۆ دابینکردنی  چوونە ژورەوەی قونسولی بۆ گێرشکۆڤیچ.و لەمبارەیەوە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی هەینی لە وڵامی پرسیاری  کە ئایا بایدن لە پلانیایەتی وەک وەڵامێک بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسەکەیان دیپلۆماتکارە ڕووسیەکان  یان ڕۆژنامەنووسەکانیان لە ئەمریکا دەربکات، بایدن وەڵامی دایەوە: "ئەوە لە ئێستادا پلانەکە نیە". هاوکات کارین جین پیەر، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی، بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی ئەمریکای لە ڕوسیای بە "قبوڵنەکراو" ناوبرد وڕایگەیاند  بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن  ئیدانەی دەستبەسەرکردنی گێرشکۆڤیچ دەکات.    

و. ئەكرەم ئەمین   بەباشكردن و رێكخستنی بەردەوامی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا لەچین، بووژانەوەی ئابووری چین بەشێوەیەكی بەهێز پێشكەوتووەو متمانەی زۆر بەگەشەی ئابووری جیهانی زیادكردووە. لەم دواییانەدا مۆرگان ستانلی، گۆڵدمان ساكس، جەی پی مۆرگان و زۆرێك لەدامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكەی وەبەرهێنان پێشبینییەكانیان سەبارەت بەگەشەی ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا زیادكردووە.  زۆرێك لەژوورە بازرگانییە بیانییەكان لەچین، وەك ژووری بازرگانی ئەمریكی لەچین، ژووری بازرگانی بەریتانیاو ژووری بازرگانی ئەڵمانیا لەچین، پێیان وایە گۆڕانكاری لەڕێوشوێنەكانی كۆرۆنا لەچین یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی چین بەئاڵوگۆڕو گەشتە بازرگانییەكان.  بەگوێرەی شیكاریی پسپۆڕان، لەساڵی ٢٠٢٣دا، لەگەڵ باشتربوونی وردە وردەی خواست و پاڵپشتی سیاسەت، زیندوویی ئابووری و كۆمەڵایەتی چین زیاتر ئازاد دەبێت و بەردەوام دەبێت لەبوون بە "سەقامگیركەرێك" بۆ بوژانەوەی ئابووری جیهانی و "بزوێنەرێك" بۆ گەشەی ئابووری جیهانی. شارە جیاوازەكان گرێبەستیان واژۆ كردووە بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی گەورە، گەشتە چارتەرەكان ئامادەیی خۆیان بۆ "چوونە دەرەوەی وڵات" راگەیاندووە بۆ وەرگرتنی داواكاری بازرگانی، هەروەها بازاڕی میوانداری و گەشتیاری وردە وردە بەرەو باشتر دەچێت، وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی دەرفەتی نوێ دەبینن، میدیا بیانییەكان ئاماژەی ئەرێنیی بەگەشەسەندنی ئابووری چین دەدەن. گۆڤاری (InstitutionalInvestor)ی ئەمریكی لەوتارێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كەڕەنگە لەچوارچێوەی ئەگەری خاوبوونەوەی ئابووریی جیهانیدا تیشك بخرێتەسەر بووژانەوەی ئابووری چین. چین بەدەستكاریكردنی سیاسەتە پەیوەندیدارەكان، رەنگە ببێتە "پەناگەیەكی سەلامەت" بۆ وەبەرهێنەران. بەگوێرەی راپۆرتێك كە لەماڵپەڕی سەنگافورەی (Zaobao) بڵاوكراوەتەوە، ژمارەیەك بانكی وەبەرهێنان یەك لەدوای یەك پێشبینییەكانیان بۆ گەشەی ئابووری چین لەمساڵدا بەرزكردووەتەوە.  كۆمپانیای (JPMorganChase) لە 4% بۆ 4.3% و گۆڵدمان ساكس لە 4.8% بۆ 5.2% و مۆرگان ستانلی كە گەشبینترینیان هەیە پێشبینی دەكات ئابووری چین لەم ساڵدا 5.7% گەشە بكات. هاوكات بەپێی راپرسییەكی ئاژانسی رۆیتەرز كە لەنێوان 49 ئابووریناسدا ئەنجامدراوە، رەنگە رێژەی گەشەی ئابووری چین لەساڵی 2023 بگاتە 4.9%.  راپۆرتەكە لەزاری وانگ تاو، سەرۆكی ئابووریی كۆمپانیای یو بی ئێس لەچین رایگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت لەدوای مانگی ئازارو نیسانی ئەمساڵ چالاكی ئابووری و بەكارهێنانی چین بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەوپێش بچێت. رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی لەزاری شرۆڤەكارانەوە پێشبینی دەكات كەكۆی فرۆشی تاكەكەسی چین بۆ كاڵا بەكاربەرەكان لەساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ٥٠ ترلیۆن یوان بەزیادبوونی ١١%.  بۆیە وەبەرهێنەران و شرۆڤەكاران پێشبینیان كردووە "ساڵێكی گەشاوەتر لەپێشەوەیە".  بەگوێرەی بابەتێكی گۆڤاری "فۆرچۆن"ی ئەمریكی، كۆمپانیای بلاك رۆك كەكۆمپانیایەكی ناسراوی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی سەرمایەو سەروەت و سامانە، هەروەها راپۆرتێكی توێژینەوەی بڵاوكردووەتەوە كەپێشبینی دەكات گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی چین لەساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ٦%، ئەمەش دەبێتە هۆی یاریدەدەر بۆ گەشەی ئابووری جیهان. بەپێی راپۆرتێكی ئەم دواییەی كەناڵی سی ئێن ئێن، چەند پارێزگایەك لەچین ئامانجی گەشەكردنیان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێشنیار كردووە، كەزۆربەیان لەسەرووی ٥% دانراون، بەمەش یەكەم ئاماژە بۆ ئاراستەی گەشەسەندنی ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا دابینكراوە.  بەپێی راپۆرتەكە، داڕێژەرانی سیاسەتی چین رێوشوێنیان بۆ پیشەسازی تەكنەلۆژیاو پیشەسازی خانووبەرە داناوە.  ئەم ئاماژانە متمانەی وەبەرهێنەران و شرۆڤەكارانیان زیادكردووە كەپێیان وایە ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەوپێش دەچێت. بەپێی دوایین نوێكردنەوەی ئابووری چین لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە، لەگەڵ خراپبوونی گەشەی خواستی جیهانی، پێشبینی دەكرێت پێكهاتەی داواكاری گشتی ئابووری چین وردە وردە بەرەو خواستی ناوخۆیی بگۆڕێت. لەگەڵ باشتربوونی متمانەی بەكاربەران و ئازادكردنی خواستی بەكاربەران، بەكارهێنانی چین وردە وردە باشتر دەبێت؛  هەروەها بەردەوامی گەشەی وەبەرهێنانی ژێرخانی و ئامادەیی وەبەرهێنەران دەبێتە هۆی باشتركردنی گەشەی وەبەرهێنان. سەرچاوە: persian.cri.cn