27 کەس لە دوورگەیەکی تونس گیانیان لەدەستدا
4 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- لە نزیک کەناراوەکانی تونس لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە، بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەران ژێرئاو کەوت.
- تیمەکانیان توانیوویانە زۆربەی کۆچبەرەکانی نێو بەلەمەکە رزگار بکەن.
- لە ئەنجامی رووداوەکە 27 کۆچبەر خنکاون و لەنێویاندا ژن و منداڵی تێدایە.
تیمی فریاگوزاری تونس رایگەیاند، لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، 27 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 83ـی دیکەش رزگار کران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، تیمی بەرگریی شارستانی تونس رایگەیاند لە نزیک کەناراوەکانی تونس لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە، بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەران ژێرئاو کەوت و تیمەکانیان توانیوویانە زۆربەی کۆچبەرەکانی نێو بەلەمەکە رزگار بکەن.
ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی رووداوەکە 27 کۆچبەر خنکاون و لەنێویاندا ژن و منداڵی تێدایە.
تیمە فریاگوزارییەکان رایانگەیاندووە، رووداوەکە لەنزیک کەناراوەکانی زنیجیرە دوورگەکانی قرقنە لە رۆژئاوای توونس روویداوە و کۆچبەرەکان ویستوویانە لەرێگەی ئەو بەلەمەوە و بە قاچاخ خۆیان بگەیێننە ئەورووپا.
لە 20ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، لانیکەم 20 کۆچبەری ئەفریقی لەنزیک کەناراوەکانی شاری سەفاقس لەباشووری رۆژئاوای تونس، گیانیان لەدەستدا دوای ئەوەی بەلەمەکەیان تێکشکا و ژێرئاو کەوت.
بەگوێرەی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی کۆچبەران لە تونس، لەسەرەتایی ساڵی رابردووەوە، نزیکەی 700 کۆچبەر لەنزیک کەناراوەکانی تونس خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.