باندێکی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کرا
3 ڕۆژ لەمەوپێش
بەنیازبوون بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر بهێننە ناو خاکی عێراقەوە
تیمێکی تایبەتمەندیان پێکهێناوە بۆ چاودێری و ئاشکراکردنی ناسنامەی قاچاغچییەکان
دەستیش بەسەر بڕی ٤٨ کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گیرا
ئامادەکردنی هاوڵاتی:
دەزگای هەواڵگریی عێراق باندێکی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەکانی دەستگیر کرد و دەستیشی بەسەر بڕی ٤٨ کیلۆگرام کریستاڵدا گرت
لە بەیاننامەیەکدا دەزگای هەواڵگریی عێراق ڕایگەیاند: مەفرەزەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق توانیویانە باندێکی نێودەڵەتی دەستگیر بکەن، کە بە نیازبوون بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر بهێننە ناو خاکی عێراقەوە و بەشێکی لە عێراقدا دابەش بکەن و برێکیشی بۆ وڵاتانی دراوسێ بگوازنەوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە بەپێی زانیاریی هەواڵگریی ورد، تیمێکی تایبەتمەندیان پێکهێناوە بۆ چاودێری و ئاشکراکردنی ناسنامەی قاچاغچییەکان و شێوەی جوڵە و ئەو ماددەیەی بەنیازن بیهێنن.
دەزگای هەواڵگریی عێراق دەشڵێت: دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی کارپێکراو سەرجەم قاچاخچییەکانی باندەکە دەستگیرکرا و دەستیش بەسەر بڕی ٤٨ کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گیرا و تۆمەتبارانیش ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران تا بە سزای خۆیان بگەن.