هاوڵاتی بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی دەدات و دەشڵێت: سەرۆکی رووسیا بە هیچ شێوەیەک سیاسەتەکانی ناگۆڕێت. بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی Welt ی ئەڵمانی کە سەرچاوەکەی بۆ رۆژنامەی La Repubblicaی ئیتاڵی گەڕاندووەتەوە زێلێنسکی گوتوویەتی: "ئەگەر چین رێککەوتن لەگەڵ رووسیا ئەنجامبدات ئەوە جەنگێکی جیهانی دروستدەبێت و پێموایە چین ئاگاداری ئەوە هەیە". ئەم قسانەی زیلینسکی لە کاتێکدایە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن  لە چاوپێکەوتنێکدا  دیپلۆماتی باڵای چینی وانگ یی ئاگادار کردەوە لە دەرئەنجامەکان ئەگەر چین پشتگیری ڕوسیا بکات  داگیرکردنی ئۆکرانیادا و، واشنتۆن نیگەرانە لەوەی کە پەکین بیر لە دابینکردنی چەک بۆ مۆسکۆ دەکاتەوە. زێلێنسکی، جەختی لەوە کردەوە کە پرسی چین زۆر ئاڵۆزە و گوتی: "بۆ ئێمە پاڵپشتی نەکردنی رووسیا لەلایەن چینەوە لەم جەنگە زۆر گرنگە. لە راستیدا دەمەوێت لاینگری ئێمە بێت، بەڵام پێموایە لە ئێستادا ئەمە ناکرێت. بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی پراگماتیکی هەڵسەنگاند بۆ ئەمە بکرێت ئەوە وەکو دەرفەتێک بۆ چینی دەبینم". باسی لەوەش کرد کە "ئەمڕۆ یان سبەی رۆژئاوا لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا ماندوو دەبێت و لە وەڵامی پرسیاری "ئایا دەترسن لە بە تەنها رووبەڕووبوونەوەی رووسیا؟" گوتی: "کەس حەز ناکات بە تەنها شەڕ بکات، ئەمە شتێکی ئاساییە. ئەگەر کەسانێک بیر لەوە بکاتەوە کە ئۆکراینا رۆژێک دێت بە تەنها دەمێنێتەوە، ئەو کات مانای ئەوە دەدات کە لەوە تێنەگەیشتووە کە بۆ کێ و لە پێناو کێ دەجەنگین. ئەگەر رۆژئاوا واز لە پاڵپشتیکردنمان بهێنێت، وڵاتەکەمان لەناو دەچێت و چیتر نامێنێت". لەلایەکی دیکە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بەشداریکردنی وڵاته‌كه‌ی لە ڕێککەوتنی ستارت هەڵپەسارد، کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئاڵۆزتر بوونی پەیوەندی نێوان وڵاتانی زلهێز و هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکەی جیهانی. رێککەوتنی نیو ستارت، لە 2010 لە نێوان باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمه‌ریکا و دمیرتی مێدڤیدێڤ سەرۆکی پێشووی رووسیا واژووکرا.  ئامانج لێی سنووردارکردنی کەمکردنەوەی ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی رووسیا و ئەمه‌ریکایە، هەریەکە لەو دوو وڵاتە نابێت زیاتر لە هەزار و 550 کڵاوەی ئەتۆمی و 700 موشەکی دوور مەودا و بۆمب هاوێژیان هەبێت. لە 1967 ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەمه‌ریکا لە لووتکەدا بوو و خاوەنی 31 هەزار و 255 کڵاوە بووە، ئێستاش خاوەنی سێ هەزار و 750 کڵاوەی ئەتۆمییە.

هاوڵاتی  بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە ، هەرێم ویلایەتەکانی چین و ئەمریکا لە پلەکانی یەکەمدان لەناو  ئەو ناوچانەی کە مەترسی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە.  بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن پسپۆڕانی کەشوهەوای " ئێکس دی ئای" بڵاوکراوەتەوە ، پارێزگاکانی چین لە پلەی یەکەمی ئەو ناوچانەن کە مەترسی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، لەوانەش جیانگسو، شاندۆنگ و هێبی لە ڕیزبەندی ئەو ناوچانەدان کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و کەشوهەوای توند. لە راپۆرتەکەی " ئێکس دی ئای" دا هاتووە، چین لە ٢٠ ناوچەی مەترسیداری جیهانیدا کە زۆرترین کاریگەریەکانی گۆڕانی کەشوهەوای  جیهانیان لەسەر دەرئەکەوێت ، ١٦ ناوچەی  بەردەکەوێت، دوای چین، ئەمریکا شوێنی زۆرترین ناوچە مەترسیدارە لە جیهاندا و لە ناویاندا ویلایەتی کالیفۆرنیا کە دەیەم ناوچەی مەترسیدارە و بەدوای ئەویشدا تەکساس. هەروەها  سەبارەت بەناوچەکانی دیکەی جیهان  نۆ ناوچەی هیندستان بوونەتە ٥٠ ناوچەی سەرەکی مەترسیدار و ناوەندە ئابوورییە سەرەکییەکانی دیکەی ناو ١٠٠ شوێنی دیکە کە لەبەردەم هەڕەشەی گۆڕانی کەشوهەوادان بریتین لە بوینس ئایرێسی ئەرجەنتین، شاری هۆشی مینی ڤێتنام و جاکارتای ئەندەنوسیا. هاوکات لەبارەی وڵاتانی ئەوروپاوە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئەوروپا ناوچەی ساکسۆنی خوارووی ئەڵمانیا زۆرترین زیانی بەردەکەوێت  بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها  ناوچەی ڤێنێتۆی ئیتاڵیا کە شاری ڤێنیز لەخۆدەگرێت، لە پلەی چوارەمی ئەو ناوچەیەدایە کە زۆرترین مەترسی لەسەرە لە ئەوروپا. شیکاریەکانی ڕاپۆرتەکەی پسپۆڕانی کەشوهەوای " ئێکس دی ئای" هەڵسەنگاندنی بۆ ٢٦٠٠ ناوچەی جیهان کردووە بە تۆمارکردنی داتا و زانیاری و درووستکردنی  مۆدێلی زیانەکانی ئەو ناوچانە لە ساڵی ١٩٩٠ تاوەکوو ٢٠٥٠، ئەوەش بە پشت بەستن بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە خراپترین سیناریۆدا بۆ  ٣ پلەی سەدی کە لە لایەن پانێڵی حکومەتەکانی نێوان نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەواوە دانراوە.    

هاوڵاتی  تاڵیبان  ڕۆژی یەکشەممە بڕیاریدا بنکە بیانییە سەربازیەکانی پێش دەسەڵاتی خۆی لە ئەفغانستان بکاتە ناوەندێکی ئابوری، ئەمەش لەپێناو بوژاندنەوەی وڵاتەکەی.  عەبدولغەنی بەرادار، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری حکومەتی تاڵیبان ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بڕیاردراوە کە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی وردە وردە کۆنتڕۆڵی ئەو بنکە سەربازییانەی کە ماونەتەوە لە هێزە بیانییەکاندا  بگۆڕن  بۆ ناوچەی ئابوری تایبەت. ئەفغانستان لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی لە لایەن تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١، ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ئابووری و مرۆیی بووەتەوە، هەر بەوهۆیەوەش سەرەتای ئەمساڵ تاڵیبان پلانی واژۆکردنی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی بۆ هەڵکەندنی نەوت لە باکووری ئەفغانستان ڕاگەیاند. لەبارەی گۆڕینی بنکە سەربازیەکانەوە بەناوچەیەکی ئابوری، عەبدول غەنی بەرادار جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری حکومەتی تاڵیبان ئاماژەی بەوەش دا کە پڕۆژەکە بە شوێنە سەربازییەکان لە سەنتەری کابول و پارێزگای بەلخی باکور دەستپێدەکات، بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو.   ئەم بڕیارەی تاڵیبان لەکاتێکدایە کە بە بەهای زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار  سەرچاوەی سروشتی ئەفغانستان، لەوانە گازی سروشتی و مس و زەوییە دەگمەنەکان هەیە ، بەڵام بەهۆی دۆخە ئاڵۆزەی لە وڵاتەکە هەیە نەتوانراوە سودی لێوەربگیرێت.  لە لایەکی دیکەشەوە لەدوای کشانەوەی هێزە سەربازییە بیانییەکانەوە، باری دارایی ئەفغانستان بەهۆی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی دیکەوە کەوتۆتە دۆخیکی سەختەوە، سزاکان بەسەر ئەندامانی حکومەتی تاڵیباندا سەپێندراون، سەروەت و سامانی بانکی ناوەندی ئەفغانستانیش لە دەرەوەی وڵات بلۆک کراون و زۆربەی ئەو هاوکارییە دەرەکیانەی کە پێشتر پاڵپشتی ئابوورییەکەی دەکرد، ڕاگیراون.

هاوڵاتی بەپێی راگەیەندراوێکی وەزیری بەرگریی ژاپۆن، کۆریای باکوور کاتژمێر ٠٦:٥٩ بۆ ٠٧:١٠ بەکاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن دوو مووشەکی بالیستی تاقی کردووەتەوە. مووشەکە بالیستییە کورت مەوداکە (SRBM) کە لە دەرەوەی ناوچەی تایبەتی ئابووریی ژاپۆن کەوتووەتەخوارەوە، زیانی بە ناوچەکە نەگەیاند. سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، کیشیدا فومیۆ باسی لەوە کرد کە داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کردووە کۆبوونەوەیەک لەسەر تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور ئەنجام بدات. لە دوای تاقیکردنەوە مووشەکەکە، حکوومەتی ژاپۆن لە رێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیەوە لە پەکین، نامەی ناڕەزایەتی ئاراستەی کۆریای باکوور کرد. لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور بڵاوی کردەوە کە مووشەکەکان لە ناوچەی سوکجۆن هەڵدراون و یەکەمیان ٣٩٠ و دووەمیشیان ٣٤٠ کیلۆمەتر مەودای ئاسمانیی بڕیوە. کۆریای باکوور کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٣٧ تاقیکردنەوەی مووشەکی جۆراوجۆری ئەنجام داوە و نزیکەی ٩٠ مووشەکی هەڵداوە لە سەرەتای ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، ئەمە سێیەمین تاقیکردنەوەیە ئەنجامی دەدات

هاوڵاتی بەرپرسانی بەڕازیل ڕایانگەیاند بەهۆی  شەپۆلێکی باران بارین و دروستبونی لافاو کە بۆتە هۆی ڕۆچونی زەوی لە چەند ناوچەیەک 36کەس گیانیان لەدەستدا. سەرۆکی شارەوانی ساو سباستیان فلیپی ئۆگۆستۆ گوتی 50 خانوو لەناو شارەکەدا ڕووخاون بەهۆی ڕۆچونی زەوییەوە، هاوکات حکومەتی ویلایەتی ساو پاوڵۆ ڕایگەیاند باران لە هەرێمەکە لە ڕۆژێکدا بۆ 600 ملم بەرزبووەتەوە. لە ئێستادا زۆربەی شەقامەکان داخراون و ژمارەیەک گەشتیار گیریان خواردووە کە چوبونە ئەو وڵاتە بۆ بەشداری لەو فیستیڤاڵانەی ئەنجام دەدران. بە گوێرەی پێشبینیەکانی کەش و هەوا باران بارین بەردەوام دەبێت بەتایبەت   لە ناوچەکەناراوییەکانی ساو پاولۆ، کە ئەمەش بۆتە جێی نیگەرانی تیمەکانی فریاکەوتن و چاوەڕێی بەرزبونەوەی ژمارەی قوربانییەکان دەکەن.   لە ئێستادا ساو پاوڵۆ 180 ڕۆژ باری نائاسای بۆ شەش شار ڕاگەیاند دوای ئەوەی شارەزایان ئەمەیان بە ڕووداوێکی بێوێنە و سەختی کەش و هەوا وەسف کرد.  

هاوڵاتی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی یارمەتی سەربازی نوێی بە بەهای 500 ملیۆن دۆلاربە ئۆکرانیا دا لە سەردانێکی ڕانەگەیندراودا بۆ کیڤ ئەمڕۆ دووشەممە کە یەکەم سەردانی جۆ بایدنە دوای ساڵێک لە دەستپێکردنی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا. بایدن لە گوتارێکدا ڕایگەیاند لەگەڵ پێدانی یارمەتی سەربازی زیاتر  ئەم هەفتەیە سزای زیاتر دەسەپێنن بەسەر ڕوسیا و ئەو کۆمپانیایانەی کە هەوڵ دەدەن لە سزاکان دەربازبن. لە وتەکانیدا سەبارەت بەو پاکێجی یارمەتییە نوێیە سەرۆکی ئەمریکا باسی فڕۆکەی جەنگی نەکرد کە ئۆکرانیا چەند مانگێکە لە دوای وەرگرتنی تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی داوای دەکات بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕوسیادا. بە گوتەی بایدن ئەو پاکێجەی هاوکارییە سەربازییەکە چەک و تەقەمەنی و سیستەمی دژە جبەخانە و ڕادارەکانی چاودێری ئاسمانی دەگرێتەوە" بۆ ئەوەی یارمەتی پاراستنی خەڵکی ئۆکرانیا بدات لە بۆردومانە ئاسمانییەکان". لە سەردانەکەی بایدن بۆ کیێڤ، زه‌نگی ئاگادار كردنه‌وه‌  لە ته‌واوی پایتەختی ئۆکرانیادا لێدرا، بەڵام بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، هیچ هەواڵێک لەبارەی هێرشی مووشەکی و ئاسمانی لە رووسیاوە نەبووە. لە وتەیەکدا سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی لەشکرکێشی دڕندانەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەمڕۆ لە کیێڤم بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆک زیلێنسکی و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی بێوچانمان بە دیموکراسی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا". لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ستایشی سەردانەکەی بایدنی کرد و بە ئاماژەیەکی زۆر گرنگی وه‌سفكرد بۆ پشتیوانیکردنیان لەو جەنگە. زێلێنسکی لە چەناڵی خۆی لە تێلێگرام بە زمانی ئینگلیزی گوتی: "جۆو بایدن، بەخێر بێیت بۆ کیێڤ! سەردانەکەت نیشانەیەکی زۆر گرنگی پشتیوانییە بۆ هەموو ئۆکراینییەکان". بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بڕیارە هه‌ر ئه‌مڕۆ بایدن سەردانی پۆڵەندا بکات.

پاپایڤاتیکان داوای هاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکەی سوریا و تورکیا دەکات   پاپا فرانسیس، پاپایڤاتیکان رایگەیاند، لەکاتێکدا بیری لای هاوڵاتیانی ئۆکرانیا و زیانلێکەوتوانی زریانەکەی نیوزلاند و بەشێک لە گەلانی دیکەی جیهانە کە بەهۆی شەڕ و برسییەتییەوەڕووبەڕووی مەترسی گەورە بوونەتەوە، لە هەمانکاتیشدا داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات هاوکاری پێویست پێشکەش بە زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکەی سوریا و تورکیا بکەن. پاپا فرانسیس، لەڤاتیکانەوە پەیامێکی پێشکەش بە کاسۆلیکەکانی جیهان کرد و باسی لەوەکرد، هاوسۆزە بۆ قوربانیانی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا و لە هەمانکاتیشدا بیری لای گەلی ئۆکرانیایە کە رۆژانە روبەڕوی چەندین نەهامەتی و ململانێ دەبنەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە نابێت ئازارەکانی گەلان لەبیر بکەین، داواکارییەکەشم بۆ هاوکارییەکتر لەو روانگەوەیە کە دەبێت میهرەبانی ئێمە هەمیشە زیندو و بەرجەستە بێت. پاپایڤاتیکان داوای هاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکەی سوریا و تورکیا دەکات   پاپا فرانسیس، پاپایڤاتیکان رایگەیاند، لەکاتێکدا بیری لای هاوڵاتیانی ئۆکرانیا و زیانلێکەوتوانی زریانەکەی نیوزلاند و بەشێک لە گەلانی دیکەی جیهانە کە بەهۆی شەڕ و برسییەتییەوەڕووبەڕووی مەترسی گەورە بوونەتەوە، لە هەمانکاتیشدا داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات هاوکاری پێویست پێشکەش بە زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکەی سوریا و تورکیا بکەن. پاپا فرانسیس، لەڤاتیکانەوە پەیامێکی پێشکەش بە کاسۆلیکەکانی جیهان کرد و باسی لەوەکرد، هاوسۆزە بۆ قوربانیانی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا و لە هەمانکاتیشدا بیری لای گەلی ئۆکرانیایە کە رۆژانە روبەڕوی چەندین نەهامەتی و ململانێ دەبنەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە نابێت ئازارەکانی گەلان لەبیر بکەین، داواکارییەکەشم بۆ هاوکارییەکتر لەو روانگەوەیە کە دەبێت میهرەبانی ئێمە هەمیشە زیندو و بەرجەستە بێت.

هاوڵاتی کۆماپانیای میتا کە خاوەندارێتی هەردوو فەیسبوک و ئینستگرام دەکات، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، بەشێک لە بەکارهێنەرانی پلاتفۆڕمەکانی فەیسبوک و ئینستاگرام دەتوانن بەپارە سەحە شینەکە بکڕن و بەوەش ئەکاونتەکانیان پشتڕاست دەکرێتەوە. مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا ڕایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی باشترکردنی ئاسایش و ڕاستەقینەی ئەپەکانی سۆشیال میدیا، لەم هەفتەیەدا لە ئوسترالیا و نیوزلەندا بەردەست دەبێت، هاوکات نرخی بەدەستهێنانی ئەو تیکە شینە مانگانە ١١.٩٩ دۆلار لە وێبدا و١٤.٩٩ دۆلار بۆ بەکارهێنەرانی ئایفۆن.   ئەم بڕیارەی کۆمپانیای مێتا دوای  چەند مانگێک  لەو هەنگاوە  دێت کە ئیلۆن ماسک خاوەنی کۆمپانیای تویتەر لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ سیستەمی پشتڕاستکردنەوەی پارەی جێبەجێکرد. هەروەها کۆمپانیای مێتا ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوی بەکارهێنەرانی ئینستاگرام و فەیسبووک دەبێت لەگەڵ بەڵگەنامەیەکی ناسنامەی  حکومەتدا بگونجێت بۆ ئەوەی پشتڕاستکردنەوەیان پێبدرێت، بەکارهێنەرانیش دەبێت وێنەی پڕۆفایلیان هەبێت کە دەموچاویان دیاربێت. لەبارەی کاریگەری و شێوازی بەردەستبوونی ئەو تایبەتمەندیەوە کۆماپانیای مێتا لە پۆستێکدا لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە، ئەو خزمەتگوزاریە  نیشانەیەکی شین دەدات بەو بەکارهێنەرانەی پارە ئەدەن  و زیادکردنی بینینی پۆستەکانیان و پاراستن لە کەسانێک کە خۆیان دەشارنەوە لە سۆشیاڵ میدیادا و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری کڕیاران بە ئاسانی. هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە گۆڕانکارییەکە کاریگەری لەسەر ئەو ئەکاونتانە نابێت کە پێشتر پشتڕاستکراونەتەوە، بەڵام  زیادبوونی بینین بۆ هەندێک بەکارهێنەری بچووکتر دەبێت کە بەهۆی تایبەتمەندییە پارەدارەکەوە پشتڕاستکراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا مێتا تا ئێستا دیاری نەکردووە کەی ئەو تایبەتمەندییە بۆ وڵاتانی دیکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچەندە مارک  زوکەربێرگ لە پۆستێکدا ڕایگەیاندووە کە "بەم زووانە" بڵاودەکرێتەوە. نیشانە شینەکان  وەک وەک ئامرازی پشتڕاستکردنەوە بۆ ئەکاونتی کەسایەتیە ناسراوەکان و دیارەکانی جیهان  بەکارهێنراون بۆ ئەوەی ڕەسەنایەتی خۆیان نیشان بدەن و دووربن لە ئەکاونتی ساختە، بەڵام ڕێگەدان بە بەکارهێنەرانی پارەدان بۆ دەستگەیشتن بە سەحە شینەکان یان نیشانە شینەکان  پێشتر کێشەی بۆ پلاتفۆرمەکانی تری سۆشیال میدیا دروستکردووە.

هاوڵاتی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی لۆ جۆرناڵ دو دیمانش وتی، " لەگەڵ ئەوەدا نیم روسیا بەشکستێک لە ڕوسیا تێکبشکێنرێت لە ئۆکرانیا وهێرش بکرێتە سەری لەسەر خاکەکەی خۆی". لە لێدوانیکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەی لۆ جۆرناڵ دو دیمانش، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا لەبارەی هاوکاریە سەربازیەکان ودریژبوونەوەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیاوە وتی، دەمەوێت ڕووسیا لە ئۆکرانیا شکست بهێنێت، هەروەها دەمەوێت ئۆکرانیا بتوانێت بەرگری لە پێگەی خۆی بکات، بەڵام پێموانییە وەک هەندێک کەس، کە دەبێت ئامانجمان شکستی تەواوەتی ڕووسیا بێت، هێرشکردنە سەر ڕووسیا لەسەر خاکی خۆی". ئەم لیدوانانەی سەرۆکی فەڕەنسا لەکاتێکدایە کە سەرکردەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا کۆبوونەوەتەوە ولە گفتوگۆدان بۆ دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی زیاتر بۆ ئۆکرانیا وسەپاندنی سزای قورستر و زۆرتر بەسەر ڕوسیا.   سەرۆکی فەڕەنسا هەر لە میانەی لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکانی فەڕەنسا داوای لە گەلانی ڕۆژئاوا کرد کە پشتیوانی سەربازی بۆ کیێڤ زیاد بکەن و وتی کە ئامادەیە بۆ شەڕێکی درێژخایەن. لەبارەی بەدیهێنانی ئاشتی لە جەنگی ڕوسیا وئۆکرانیاوە، ماکرۆن وتی، "ئێستا کاتی گفتوگۆ لەگەڵ مۆسکۆ نیە" بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆی بەدورنەگرت لە باسکردنی ڕێگاچارەی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و پێشنیاری ئەوەی کرد  کە هەوڵە سەربازییەکانی ئۆکرانیا بە پشتیوانی هاوپەیمانان تاکە ڕێگایە بۆ "گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ سەر مێز و بنیاتنانی ئاشتییەکی بەردەوام". لەگەڵ ئەوەی کە ئیمانوێل ماکرۆن داوای پاڵپشتی سەربازی زیاتری ڕۆژئاوای کرد بۆ ئۆکرانیا بەڵام  لەبارەی دریژکردنەوەی جەنگەکەوە و هەوڵدان بۆ تێکشکانی یەکجاری ڕوسیا و گۆڕینی ڕژیمەکەوە ماکرۆن ڕایگەیاند، "ئەو چاودێرانە دەیانەوێت لە سەرووی هەموو شتێکەوە ڕووسیا تێکبشکێنن. ئەوە هەرگیز هەڵوێستی فەرەنسا نەبووە و هەرگیز هەڵوێستی ئێمەش نابێت"،  هەروەها ئاسۆی گۆڕینی ڕژێمی لە ڕووسیا ڕەتکردەوە و هەوڵە هاوشێوەکانی لە سەرانسەری جیهان بە "شکستێکی تەواو" وەسف کرد.   ئەم لێدوانانەی سەرۆکی فەڕەنسا لەکاتێکدایە کە لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی وتارەکانی و تێڕوانینەکانیەوە چەندین جار کەوتۆتە بەر ڕەخنەی بەرپرسانی ئۆکرانیا و ڕۆژئاواش، لەناویاندا هاوپەیمانانی ناتۆ چەندین جار ڕەخنەیان لە ماکرۆن گرتووە بەوەی پەیامی نارونی هەیە لەسەر ڕوسیا و جەنگەکەی لە ئۆکرانیا. هەروەها لە ساڵی ڕابردوو لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیاوە ڕەخنەی لێگیرا لەسەر ئەو لێدوانەی کە وتبووی " نابێت ڕوسیا بە تەواوی زەلیل بکرێت" بەوەش دیمیترۆ کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند" ڕوسیا خۆی زەلیل دەکات، پێویستە بخرێتەوە شوێنی خۆی".

هاوڵاتی ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا و دواتر بە هەلیکۆپتەر بەسەر ئاسمانی ناوچە زیانلێکەتووانی بومەلەرزەی باکوری کوردستان گەڕا. بلینکن لە رێگەی فڕۆکەخانەی ئینجیرلیکی ئەدەنە سەردانەکەی ئەمجامدا و مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشوازی لێکرد. بلینکن و چاوشئۆغلۆ بەسەر ئاسمانی پارێزگای هاتای باکوری کوردستان گەڕان کە بومەلەرزەکە زیانێکی زۆری بەو پارێزگایە گەیاندووە. ئاژانسی رویتەرز رایگەیاند، بلینکن لەسەردانەکەیدا لەگەل رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاش کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسەکە، جگە لە گفتوگۆکردن لەبارەی بومەلەرزەکە و هاوکاریەکانی ئەمریکا بۆ زیانلێکەوتووان، بلینکن و بەرپرسانی تورکیا باسی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا دەکەن. لە ماوەی دوو ساڵی دەستبەکاربوونیدا، یەکەم جارە بلینکن سەردانی تورکیا دەکات. ڤیدیۆی گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئەمرکا بۆ فڕۆکەخانەی ئینجیرلیکی ئەدەنە  

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا دوای ئەوەی کە ئەو دوو کەسە کۆبوونەوە دیپلۆماتی باڵای چینی وانگ یی ئاگادار کردەوە لە دەرئەنجامەکان ئەگەر چین پشتگیری ڕوسیا بکات  داگیرکردنی ئۆکرانیادا و، واشنتۆن نیگەرانە لەوەی کە پەکین بیر لە دابینکردنی چەک بۆ مۆسکۆ دەکاتەوە. بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزئەو دوو دیپلۆماتکارە لە شوێنێکی نادیار کۆبوونەوە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونخ، تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی وانگ واشنتۆنی بە "هیستریکال" ناوبرد لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو باڵۆنە چینییەی لە ئاسمانی ئەمریکا خرایە خوارەوە. پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە دوای خستنەخوارەوەی باڵۆنە چینییەکەی بە فەرمانی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا خرایە خوارەوە ئاڵۆزە ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژئاوا بە وردی چاودێری وڵام و کاردانەوەکانی چین دەکات بەرامبەر جەنگی ئۆکرانیا . بلینکن لە چاوپێکەوتنێکدا کە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە کەناڵی ئێن بی سی نیوزەوە پەخش دەکرێت وتی کە ئەمریکا زۆر نیگەرانە لەوەی کە چین ڕەچاوی دابینکردنی پاڵپشتی کوشندە دەکات بۆ ڕووسیا و دەشڵێت  ئەوەی بۆ وانگ ڕوون کردەۆتەوە کە ئەو کارە دەرئەنجامی جدی دەبێت لەسەر  پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەیژین". ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە جۆری یارمەتییە کوشندەکان و کاریگەرەکان زۆرن بۆ نمونە دابین کردنی چەک و باسی لەوەشکرد واشنتن بەم زووانە ڕونکردنەوە و زانیاری زیاتری دەبێت. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، وانگ بە بلینکنی وتووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێت "ڕووبەڕووی زیانەکان ببێتەوە و چارەسەریان بکات" بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە تایبەت لە دوای بەکارهێنانی هێزکە مەبەستی لەمەش خستنە خوارەوەی باڵۆنە چینییەکەیە. ڕووسیا و چین لە مانگی شوباتی ڕابردوودا هاوبەشییەکی "بێ سنوور" یان واژۆ کرد، کەمێک پێش ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا ئۆکراینا داگیر بکەن و پەیوەندیە ئابوورییەکانیان لە کاتێکدا لە گەشەسەندندایە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ ڕۆژئاوادا تا دێت خراپتر دەبێت. ڕۆژئاوا بەردەوام چاویان لە جوڵانەوەکانی چینە بەرامبەر جەنگی ئۆکرانیا چونکە پێیان وایە لە ئەگەری بردنەوەی ڕوسیا لە ئۆکرانیا ،ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی چینیش هێرشبکاتە سەر تایوان.

پۆلیسی بەریتانیا هەوڵەکانی ئێران بۆ کوشتن و رفاندن لە وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات و کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی فارسیی بەهۆی هەڕەشەکانی سوپای پاسداران نوسینگەی سەرەکیی لە لەندەنەوە دەگوازێتەوە بۆ واشنتۆن. مەت جوکس، یاریدەدەری بەڕێوبەری پۆلیسی دژەتیرۆر لە بەریتانیا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند؛ هێزەکانی پۆلیس بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی وڵاتەکە 15 پلان و هەوڵی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بۆ رفاندن و کوشتنی دانیشتوان و هاوڵاتییانی بەریتانیا پوچەڵ کردوەتەوە. دژە تیرۆری بەریتانیا رونی کردوەتەوە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی رابردودا زیاترین هەوڵی داوە بۆ کوشتن و رفاندنی ئەو کەسانەی ئامانجی بوە یان نەیاری دەسەڵاتی ئەو وڵاتەکە بون. پۆلیس ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەمساڵ هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بوە و لە شاری لەندەن پۆلیس ناچار بوە هێزەکانی بۆ بەرگریی تەلەڤیزیۆنێکی فارسی زمان بخاتە ئەرکەوە و لە شوێنی نوسیگەی سەرەکیی جێگیر بکرێن. جوکس وتویەتی هەفتەی رابردو کەسێک دەستگیرکراوە کە سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بوە و هەوڵی هێرشکردنە سەر نوسینگە و کارمەندانی ئەو تەلەڤیزیۆنەی داوە. لێدوانی ئەو بەرپرسەی پۆلیسی دژە تیرۆر لە کاتێکدایە ئەمڕۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی فارسی (ئیران ئینتەرنەشناڵ) رایگەیاند؛ بەهۆی هەڕەشەکانی سەریان نوسینگەی سەرەکی و پەخشی کەناڵەکەیان لە لەندەنەوە بۆ واشنتۆن لە ئەمریکا گواستوەتەوە. بەرپرسانی سوپای پاسدارن و کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەنداریی ئەو کەناڵە دەگەڕێننەوە بۆ سعودیە و چەندجارێک هەڕەشەی هێرشکردنە سەریان کردوە.    

هاوڵاتی کامالا هەریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بە فەرمی ئەوەی دەستنیشان کردوە کە ڕووسیا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە. جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا لە میونشن کە لە سەروبەندی ساڵڕۆژی دەستدرێژی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێشکەشکرا، بە ئاماژەدان بە ئەزموونی خۆی لە بواری پاڕێزەری و کارکردنی وەک داواکاری گشتی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، ڕایگەیاند ه "لە حاڵەتی کردەوەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەڵگەکانمان پشکنیوە، ئێمە پێوەرە یاساییەکان دەزانین و گومانی تێدا نییە: ئەمانە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین". جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەو کارانەی بە "بەربەری و نامرۆڤانە" ناوبرد و گوتی "ئەمەریکا بە فەرمی ئەوەی دەستنیشان کردوە کە ڕووسیا تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە". لە ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وێڕای پاڵپشتی و پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی و سەربازی بۆ ئۆکرانیا، سزای توندیان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە. هاریس ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، سەبارەت بە ناردنی چەک لەلایەن کۆریای باکوور و ئێرانەوە بۆ رووسیا و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و بەیژینگ، نیگەرانن و لە هاوکارییەکانیشیان بۆ ئۆکرانیا بەردەوام دەبن. جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکا هه‌روه‌ها گوتی: "نابێت بە هێز سنووری وڵاتان بگۆردرێت، دەبێت هەموو وڵاتان رێز لە سەروەری یاسا بگرن، ئێمە هەمیشە بەهێز بووین و دەبێت هەمیشە بە بەهێزی بمێنینەوە، بەڵام ئەگەر پوتن ئەم جەنگە ببباتەوە ئەوا دەبێتە سەرمەشق و نموونەیەک بۆ هەموو دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی دیکە و هاوشێوەی رووسیا مامەڵە دەکەن". لە کۆتایدا  ڕایگەیاند کە ناتۆ لە ئیستادا لە هەموو کاتێک بەهێزترە.  

محەمەد شیاع سودانی ، سەرۆک وەزیرانی عێرق جەخت لە گرنگی پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و وەرگرتنەوەی کەسانی داواکراو و پارە دزراوەکان دەکاتەوه.   لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هاتووە "سەرۆک وەزیران لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی له موینشینی ئەڵمانیا، لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئورسال فۆندرەلێن، لە پەراوێزی بەشداریکردنی 59مین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە  کۆبووە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوەیان بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا کرد.  سودانی دووپاتی کردەوە، " لەویستی عێراق بۆ دامەزراندنی هاوبەشی گەشەپێدان و پێشکەوتوو لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی لە بوارە جیاجیاکاندا"، ئاماژەی بەوەدا کە "کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا لەسەر ڕێگای هاریکاری ئابووری، و بنیاتنانی پەیوەندییەکانی هاوکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و بنیاتنانی سەقامگیری کاریگەربون".   ناوبراو ئاماژەی بە "ڕێککەوتنی چوارچێوەی نێوان وەزارەتی دارایی و بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا و کرانەوە بەڕووی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەوروپییەکان و بەشداریکردنیان لە کەرتی خزمەتگوزاری لە عێراق" کرد، جەختیشیکردەوە "لە گرنگی یەکێتی ئەوروپا بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوە". گەندەڵی و وەرگرتنەوەی کەسانی داواکراو و پارە دزراوەکان”.  لای خۆیەوە ڤۆندرالن "پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران و بڕیارە چاکسازییەکانی دەربڕی، هەروەها ئامادەیی هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ هاوکاری و ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ عێراق".   ئاماژەی بە "جددی وڵاتانی ئەوروپا کرد لە دۆزینەوەی هاوبەشی ڕاستەقینە لە بوارەکانی وزە و وزەی نوێبووەوە".

هاوڵاتی بەرپرسانی  بولگاریا ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند 18 کۆچبەریان بە مردوویی لە بارهەڵگرێکی چۆڵکراودا دۆزیوەتەوە کە کۆچبەری نایاسای گواستۆتەوە. وەزارەتی ناوخۆی بولگاریا ڕایگەیاند دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە کە 40پەنابەری نایاسای گواستۆتەوە کە لە ژێر دارێکدا خۆیان شاردۆتەوە و 18یان گیانیان لەدەستداوە. هاوکات بە یەکێک لە لە کوشندەترین ڕووداوەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە تا ئێستا لەو وڵاتەدا ناوبرا. ئەم ڕوداوە لە کاتێکدایە ئەو وڵاتە ڕێوشوێنێکی توندی گرتۆتە بەر بۆ وەستاندنی کۆچی نایاسای و بەزاندنی سنورەکانی بە شێوەیەک  بە درێژایی 234 کیلۆمەتر سیاجی تەلی داناوە کە نزیکەی هەموو سنوورەکەی لەگەڵ تورکیا دەکات . دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ، بارهەڵگرەکەیان لە نزیک گوندی لۆکۆرسکۆ دۆزییەوە کە 20 کیلۆمەتر (12 میل) باکووری ڕۆژهەڵاتی سۆفیای پایتەختی بولگاریا بووە. سەبارەت بە هۆکاری مردنیان ئەسین مێدجیڤ وەزیری تەندروستی بەڕۆژنامەنووسانی وت: "ناتوانم بە دڵنیای بڵێم کە چیڕویداوە بەڵام ڕێژەی ئۆکسجین لەناو بارهەڵگرەکەدا کەمبووە و شوێنەکەیان سارد بووە هاوکات تەڕ بوون و دڵنیاشم چەند ڕۆژێکە نانیان نەخواردووە" . هەربۆیە هۆکاری مردنی کۆچبەرەکان تائێستا نادیارە و بە ڕەسمی ڕانەگەیەندراوە. وتیشی،  14 کەسیان  لە بارهەڵگرەکەدا بە زیندوویی دۆزراونەتەوە، کە هەشتیان لە حاڵەتی سەختدان، گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە و 10کەسی دیکەیان لە شوێنێکی نزیک ڕوداوەکە دۆزراونەتەوە بۆ پشکنین گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. بە پێی رادیۆی گشتی  بی ئێن ئاڕ، باوەڕ دەکرێت هەموو ئەو کەسانەی لە بارهەڵگرەکەدا بوون پیاو بوون و خەڵکی  ئەفغانستان بوون. وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاند لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی قاچاخچێکان دەستی پێکردووە. بە پێی ئەو ئامارانەی پۆلیسی سنووری ئەو وڵاتە بڵاویکردۆتەوە  لە ساڵی 2022دا 164 هەزار هەوڵی "پەڕینەوەی نایاسای" ی پوچەڵکراوەتەوە، ئەمەش بە بەراورد بە 55 هەزار لە ساڵی 2021دا.