سوپای ئيسرائيل و لوبنان داوای ئارامگرتن لە هاوڵاتیانی لوبنان دەكەن
کۆچی پێچەوانە بەرەو لوبنان دەستیپێکرد
3 كاتژمێر لەمەوپێش
- له دوای رێككهوتنی ئاگربهست له نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان كۆچی پێچهوانه بهرهو لوبنان دهستیپێكرد.
- سوپای ئهو وڵاته و سوپای ئيسرائيل داوايان لە هاوڵاتیانی وڵاتهكه کرد ئارامبگرن لە گەڕانەوەیان.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
له دوای رێككهوتنی ئاگربهست له نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان كۆچی پێچهوانه بهرهو لوبنان دهستیپێكرد، سوپای ئهو وڵاته و سوپای ئيسرائيل داوايان لە هاوڵاتیانی وڵاتهكه کرد ئارامبگرن لە گەڕانەوەیان بۆ ئەو گوند و شارۆچکە و ناوچانهی کە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل هاتونەتە ناویەوە، چاوەڕوانی کشانەوەی خۆیان بن بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست.
سوپای لوبنان ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەگەڵ چونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەست، سوپا کاردەکات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ تەواوکردنی جێگیرکردن لە باشور بەگوێرەی ئەرکی حکومەتی لوبنان، هەروەها بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە لوبنان (یونیفیل) لە چوارچێوەی بڕیارنامەی 1701.
سوپای لوبنان جەختیكردهوه لە گرنگی پابەندبونی گەلی لوبنان بە ڕێنماییەکانی ئەو یەکە سەربازییانەی کە لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی خۆیان، داوای لەو خێزانانە کرد کە دەگەڕێنەوە ناوچەکانی دیکە، وریابن لە بۆمبی و تەقەمەنی نەتەقێنراو و کەلوپەلی گوماناوی کە لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە بەجێماوە.
کاتژمێر 4:00ی بهرهبەیانی ئهمڕۆ چوارشەممە بە کاتی لوبنان، ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای زیاتر لە ساڵێک شەڕی نێوان هەردولا، سوپای ئیسرائیلیش لە بەیاننامەیەكدا داوای لە هاوڵاتیانی لوبنان كرد كە ئاوارەبوون ئارام بگرن و پەلە نەكەن لەگەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان.