هاوڵاتی دوای ئەوەی لە هندستان لە کاتی دروستکردنی تونێلێکدا کۆنکریت و داروبەردی شوێنەکە بەسەریاندا رووخا و 41 کەس لە ژێرەوە گیریان خوارد، دوای ١٧ ڕۆژ توانرا ڕزگاربکرێن. چەند رۆژێک بوو تیمێکی ئەندازیاری خەریکی هەڵکەندنی تونێلی سیلکیارا لە ویلایەتی ئوترەخان لە هیندستان بوون، بەڵام لە 12-11-2023 کاتێک ویستیان بۆرییەکی ستیل لە قووڵایی 57 مەتر جێگیربکەن، کۆنکریت و داروبەردی شوێنەکە بەسەریاندا رووخا و 41 کەس لە ژێرەوە گیریان خوارد. ئەو 41 کەسە لە شوێنێکی کراوەدا گیریان خواردبوو؛ خواردن، ئاو، ئۆکسجین و دەرمانیان لە رێگەی بۆرییەکەوە پێدەدرا. رۆژی سێشەممە 21-11-2023، هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە رێگەی بۆرییەکەوە کامێرایەکیان ناردە ژوورەوە و توانییان ئەو 41 کەسە ببینن. لە ڤیدیۆکە دەرکەوت کە هەموویان زیندوون و لە شوێنێکی کراوەدا گیریان خواردووە کە 8.5 مەتر بەرزە و نزیکەی دوو کیلۆمەتر درێژە. دوای بەردەوام کارکردنی تیمەکانی رزگارکردن بۆ ماوەی 17 رۆژ بە بەردەوامی ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، دواجار توانییان یەک بە یەک رزگاریان بکەن. ئەندازیارانی پرۆژەکە دەڵێن، کێشەی سەرەکی خاویی پرۆسەکە ئەوەبوو، بەهۆی سەختیی شوێنەکە ئامێرە گەورەکانی هەڵکەندن لەکاردەکەوتن. هەندێکجاریش لە ئەنجامی هەڵکەندن، داروبەردی زیاتر بەردەبوونەوە و کارەکەی قورستر دەکرد. پرۆژەی ئەو تونێلە یەکێکە لە پلانەکانی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بۆ کەمکردنەوەی ماوەی نێوان هەندێک ناوچەی گەشتیاری و زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە هەندێک ناوچەی ستراتیژیی سنووری نێوان هیندستان و چین.
هاوڵاتی وهزارهتی دهرهوهی قهتهر رایگهیاند لایهنه ناكۆكهكانی ناو شهڕی غهززه گهیشتونهته رێككهوتن بۆ درێژكردنهوهی ئاگربهستی مرۆیی. ماجد بن محهمهد ئهنساری، وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی قهتهر ئێوارهی ئهمڕۆ دووشهممه له بهیاننامهیهكدا رایگهیاند: لهچوارچێوهی نێوهندگیریی بهردهوام لهنێوان ئیسرائیل و بزوتنهوهی حهماس، گهیشتینه رێككهوتن بۆ درێژكردنهوهی ئاگربهستی بۆ دوو رۆژی دیكه له كهرتی غهززه. هاوكات بزوتنهوهی حهماس درێژكردنهوهی ئاگربهستهكهی پشتڕاستكردهوهو رایگهیاند دوای گفتوگۆكردنیان لهگهڵ بهرپرسانی میسر و قهتهر، رێككهوتون به ههمان مهرجهكانی ئاگربهستی پێشوو، دوو رۆژی دیكه ئاگربهستهكه درێژ بكهنهوه. تاوەکو ئێستا ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بڵاونەکراوەتەوە و نازاندرێت لەبەرامبەر راگەیاندنی ئاگربەستەکە چەند بارمتەی ئیسرائیلی و چەند بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن. رۆژی ٢٤ب ئەم مانگە بەنێوەندگیری قەتەرو میسر و ئەمریکا ڕێککەوتنی چوار رۆژە کرا لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆئەوەى دیلەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن و هاوکاری مرۆیی بچێتە غەزە. لە گرووپی یەکەمدا حەماس ٢٥ دیلی ئازادکرد و ئیسرائیلیش ٤٢ بەندکراوی ئازاد کرد، شەوی ٢٥ تشرینی دووەم بزووتنەوەی حەماس دووەم گرووپی دیلە ئیسرائیلی و بیانییەکانیان ئازادکرد کە ١٢ کەس بوون، ئیسرائیلیش لەگرووپی دووەمدا دووبارە ٤٠ بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازادکرد. دوێنێش ٢٦ تشرینی دووەم هەردوولا کۆمەڵەی سێیەمی دیلەکان ئاڵوگۆڕکران. بە گشتی لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەوە، تاوەکو ئێستا حەماس ٥٨ دیلی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردوون و لە بەرامبەردا ئیسرائیل ١٥٠ بەندکراوی فەلەستینی ئازادکردووە.
هاوڵاتی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لیستی ناوی سێهەمین گرووپ لەو بارمتانەی کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی تشرینی دووهەم ئازاد بکرێن گەیشتۆتە دەستمان. نووسینگەی بێنیامین نتانیاهۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ( تویتەر) رایگەیاند: " بەرپرسە ئەمنییەکان خەریکی تاوتوێکردنی ئەو لیستەن و بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە بڕیارە ئازیزەکانیان ئازاد بکرێن، ئاگادار کراونەتەوە". سی ئێن ئێن و تایمزی ئیسرائیل لە زمانی بەرپرسانی ئیسرائیلیەوە رایانگەیاند ، دەوڵەتی ئیسرائیل ئەم لیستەی لە رێگای دەوڵەتی قەتەرەوە کە نێوانگیرە لەم ناکۆکییەدا، گەیشتۆتە دەست. ئەمڕۆ یەکشەممە سێهەمین رۆژە لەو ئاگربەستە کاتییە ٤ رۆژەییەی کە بە نێوانگیری ئەمریکا و قەتەر جێبەجێکرا لە نێوان ئیسرائیل و حاماسدا. لەم پەیوەندەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هیوای خواست لەگەڵ ئازادبوونی ژمارەیەکی زۆرتر لە بارمتەکان، ماوەی راگرتنی جەنگ درێژ بکرێتەوە. تا ئێستا ٢٦ بارمتەی ئیسرائیلی و ٧٨ زیندانی فەلەستینی ئازاد کراون. تەواوی رێککەوتنەکە ئاگربەستێکی چوار رۆژییە لەگەڵ رێدان بە چوونە ناوەوەی بارهەڵگری هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی 50 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 150 زیندانی فەڵەستینی.
هاوڵاتی بزوتنەوەی حەماس 24 بارمتەیان ئازادکرد و لە ناویاندا 10 کرێکاری تایلەندی تێدایە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 39 بارمتەی فەڵەستینی ئازادکرد، ئازادکردنی 10 کرێکارە تایلەندییەکەش بە رێککەوتنێکی جیاواز کراوە. لە چوارچێوەی ئاگربەستی چوار رۆژەی نێوانیان، ئەمڕۆ حەماس 13 ژن و منداڵی بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد. لە بەرامبەردا، ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد کرد. بارمتەکان لە لایەن حەماسەوە رادەستی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کران بۆ ئەوەی لە دەروازەی رەفەحی نێوان غەززە و میسرەوە بگوازرێنەوە بۆ دەروازەی عەوجەی نێوان میسر و ئیسرائیل و لەوێوە بە هێلیکۆپتەر بگوازرێنەوە نەخۆشخانەی شەمیر لە تەلئەڤیڤ. 39 بەندکراوەکانی فەلەستینیش لە کەرتی خۆرئاواوە ئیسرائیل ئازادی کردن. هاوکات، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لەو 24 بارمتە ئازادکراوە، 13یان ئیسرائیلین، 10یان تایلاندین و یەکێکیان فلیپینیە. لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئازادکردنی کرێکارە تایلەندییەکان بە رێککەوتنی جیاواز لە نێوان بزوتنەوەی حەماس و قەتەر و میسر کراوە. هاوکات، دەروازەی رەفەح بە رووی بارهەڵگری یارمەتیی مرۆییدا کرایەوە و چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ 200 بارهەڵگر بچنە نێو غەززە. ئەمەشلەکاتێکدایە ههر ئهمڕۆ یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "شەڕ بۆ ماوەیەکی کورت دەوەستێت و دواتر بە هەموو هێزی سەربازیمانەوە دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکەینەوە." وتیشی، "تا ئامانجەکانمان بەدەستنەهێنین، ناوەستین." ەپێی دوایین ئامارەکان، لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تا ئێستا 14 هەزار و 854 کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە شەش هەزار و 150 کەسیان منداڵن و نزیکەی چوار هەزاریشیان ژنن.
هاوڵاتی ئهڤیچای ئهدرایی، وتهبێژی سوپای ئیسرائیل ئهمڕۆ ههینی پهیامێكی ئاڕاستهی دانیشتوانی كهرتی غهززه كرد و ڕایگهیاند، هێشتا شهڕ كۆتایی نههاتوه، جێبهجێكردنی ئاگربهست بۆ مهبهستی مرۆیی به شێوهیهكی كاتی دێت. دەشڵێت، ناوچهی باكوری كهرتی غهززه ناوچهیهكی شهڕی مهترسیداره و جوڵه بهدهوریدا قهدهغهیه، بۆ سهلامهتیتان دهبێت له ناوچهی مرۆیی له باشوری ستریپ بمێننهوه. سەبارەت بە گەڕانەوەی بەشێکی ئاوارەکان بۆ کەرتی باکوری غەززە وتهبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "تهنیا هاتووچۆ بۆ چوونه باشووری غهززه رێگهپێدراوه، بههیچ شێوهیهك گهڕانهوه بۆ باكوور رێگهپێدراو نییه. ئهمڕۆ (ههینی 24ـی تشرینی دووهمی 2023) ئاگربهستی نێوان ئیسرائیل و حهماس دهستیپێكرد و بڕیاره چوار رۆژ بخایهنێت. ئەم ئاگربەستە کاتییە رۆژی چوارشهممه له كهرتی غهززه به نێوهندگیری میسر و قهتهر و ئهمریكا، بهمهبهستی ئاڵوگۆڕی دیل و دهستبهسهركراوان له نێوان ههردولا و هاتنه ناوهوهی یارمهتییه مرۆییهكان بۆ ناو كهرتی غهززه ئهنجامدرا، هاوکات چونەژورەوەی بارهەڵگرەکانی هاوکارییە مرۆییەکان دەستیان بە چوونە ژورەوە کردووە بۆ ناو ئە کەرتە. دوێنێ پێنجشەممەش نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاشکراشی كرد، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە، بههۆی هێرشهكانی ئیسرائیل گەیشتە 14 هەزار و 854 کەس، هەروەها لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن. نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاماژەی بهوهش كردبوو، ژمارەی بریندارەکان بۆ زیاتر لە 36 هەزار کەس بەرزبووەوە، کە سێ بەشیان ژن و منداڵن و، زیاتر لە حەوت هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بێ سەروشوێنن
هاوڵاتی بۆتۆكس، كە زیاتر خانمان بەكاری دەهێنن، دەرزییەكی نوێ بەناوی «داكسیڤای» خەریكە جێگەی پێ لێژ دەكات. ئەو دەرزییە لەلایەن ئیدارەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا ڕەزامەندی لەسەر دراوە، كار بۆ ئەوەش دەكرێت بخرێتە بازاڕەوە وەك جێگرەوەی بۆتۆكس، تایبەتمەندی داكسیڤای ئەوەیە زیاتر لە بۆتۆكس كاریگەرییەكەی دەمێنێتەوە و لەشەش مانگەوە تا نۆ مانگ دەمێنێتەوە، لەكاتێكدا بۆتۆكس بۆ سێ مانگ كاریگەری دەمێنێتەوە. ئەم داهێنانە نوێیە پێشبینی دەكرێت بنەماكانی یارییەكە بگۆڕێت، چونكە بۆتۆكس هەر چارەكە ساڵێك نۆژەنكردنەوەی دەوێت جگە لەوەی كە نرخەكەشی گرانە. ئەوەی بۆتۆكسی بەكارهێنابێت پێشتر قورسە دەستبەرداری بێت، چونكە دەبێت سێ مانگ جارێك لەكاتی خۆیدا نۆژەنی بكەیتەوە، بەڵام لەڕاستیدا هەمووانیش بەدوای بەدیلەوەن تا چارەسەرێك بدۆزنەوە كە ئیتر پێویست نەكات سێ مانگ جارێك دووبارەی بكەنەوە، ئەو چارەسەرەش داكسیڤایە كە لەساڵێكدا تەنها دووجار دووبارە كردنەوەی دەوێت. داكسیڤای كورتكراوەكەی «داكسی» یە، ژەهرێكی دەمارییە حاڵی حازر لەلایەن ئیدارەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكاوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە و بەكاردەهێنرێت بۆ هێڵەكانی ڕووخسار و دیستۆنیای ملی ڕەحم، بەڵام ئێستا لەژێر تاقیكردنەوەدایە و لەسەر دەموچاو و پێی كەروێشك بەكاردەهێنرێت. پەسەندكردنی ئەو دەرمانە نوێیەش لەخۆیەوە نەبووە، بەڵكو سێ دەیەیە تاقیكردنەوەی لەسەر دەكرێت ئەوجا پەسەندكراوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی 2024 ەوە بەجیهاندا بڵاوببێتەوە. بیرۆكەی بەكارهێنانی مادەیەكی ژەهراوی بۆ نەرمكردنی چرچ و لۆچی دەموچاوت شتێكی نوێ نییە، بەڵام كۆمپانیای داكسیفای بانگەشەی ئەوە دەكات كە لانیكەم دوو هێندە زیاتر لە بۆتۆكس دەمێنێتەوە. پرۆسەی وەرگرتنی Daxxify لە بنەڕەتدا هەمان پرۆسەی وەرگرتنی بۆتۆكسە. پێكهاتەكە دەتوانرێت لە پێشەوە و پێی كەروێشك و هێڵەكانی ڕوخساری نێوان چاوەكاندا بەكاربهێنرێت و نزیكەی ١٥ خولەكی دەوێت. سەبارەت بە ئەنجامەكانیش، لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە دوای دەرزی لێدانەكە، هەست بە باشتربوونی درەوشاوەیی پێستت دەكەیت بە شێوەیەك كە پێست پتەوتر و درەوشاوەتر دەردەكەوێت و پێستێكی شووشەیی و دوور لە كونیلەكانی پێستت دەست دەكەوێت. ئەم درەوشانەوەیە نزیكەی مانگێك دەمێنێتەوە. وەك بۆتۆكس نزیكەی دوو هەفتەی دەوێت تا بەڕاستی بەستنەكە كاریگەری هەبێت. كاتێك مادەكە جێگیر بوو دەتوانیت بیر لە ئەنجامدانی تاچ ئاپ بكەیتەوە ئەگەر پێویستت پێی بوو. بەوتەی پسپۆڕان، هیچ كاردانەوەیەكی نەرێنی جددی پەیوەست بە چارەسەرەكەوە لە تاقیكردنەوە كلینیكیەكەدا ڕاپۆرت نەكراوە. مەترسییەكانی پەیوەست بە بەكارهێنانی Daxxify هەمان مەترسییەكانی تری دەمارەگۆڕەكانن، لەوانە كێشكردن، ئاوسانی، سەرئێشەی دەگمەن، دابەزینی پێڵوی چاو و ناهاوسەنگی، بەڵام كاتییە. لەوانەیە تووشی هیچ كاریگەریەكی لاوەكی نەبیت، ئەمەش بەپێی سروشتی جەستەت.
هاوڵاتی دوای ٤٥ رۆژ لەشەڕو بۆردومانی بەردەوام، ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل نزیکەو دەیانەوێت کۆتایی بەجەنگ بهێنن. چەند رۆژێکە هەواڵی ئاگربەست لەمیدیا جیهانییەکاندا باسی لێوەدەکرێت و بەرپرسانی هەردوولا دەڵێن «نزیکین» لەگەیشتن بەڕێککەوتن. رۆژی سێشەممە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس رایانگەیاند نزیکبوونەتەوە لەڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەزیندانییانی فەڵەستینی. ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس، بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە نزیکن «لەگەیشتن بەڕێککەوتنێکی ئاگربەست» لەڕێی نێوەندگیری قەتەرەوە. ئیسماعیل هەنییە هیچ وردەکارییەکی باس نەکردووە، بەڵام بەرپرسێکی تری حەماس بەناوی عیزەت ئەلریشق بەکەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە دانوستانەکان لەسەر ئەوەن کە ئاگربەستکە بۆ ماوەی چەنێک بێت و هاوکاری مرۆیی بنێردرێت بۆ غەززە لەگەڵ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەزیندانییانی فەڵەستینی. هاوکات رۆژی دووشەممە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەیشتن بەڕێککەوتنی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لەلایەن هێزەکانی سەر بەبزوتنەوەی حەماسەوە گیراون نزیکبووەتەوە. لەڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ حەماس زیاتر لە 240 کەسی بەبارمتە گرت و لەهێرشەکەشیدا بۆ سەر کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیل هەزارو 200 کەس کوژران. ماوەی ٤٥ رۆژە جەنگ بەردەوامەو بەهۆی بۆردومانە چڕەکانی ئیسرائیلەوە تائێستا زیاتر لە 14 هەزار کەس لەفەڵەستین کوژراون. ئۆفیسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئێوارەی رۆژی سێشەمە رایگەیاند، سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی لەگەڵ کابینەی جەنگ ئەنجامداوە «بەپشتبەستن بەو بەرەوپێشچوونانەی پەیوەستن بەئازادکردنی بارمتەکانەوە». ناتانیاهۆ جگە لەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل و کابینەی حکومەتیش کۆبووەوە. پێش کۆبوونەوەکان، ناتانیاهۆ رایگەیاند هەواڵی «خۆش» بەڕێوەیە سەبارەت بەئەگەری رێککەوتن لەگەڵ حەماس لەسەر بارمتە ئیسرائیلییەکان. «ئێمە لەبەرەوپێشچوونداین لەسەر گەڕانەوە بارمەتەکان و هیوام وایە بەمزووانە هەواڵی خۆش هەبێت»، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وای وت. هەر رێککەوتنێک لەگەڵ حەماس بکرێت پێویستە لەلایەن هەرسێ دامەزراوەکەی ئیسرائیلەوە پەسەندبکرێت کە ناتانیاهۆ لەگەڵیان کۆبووەوە. رێککەوتنەکە چۆنە؟ بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، رێککەوتنەکە ئازادکردنی ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی لەخۆدەگرێت کە لەلای حەماسن لەبەرامبەر ئازادکردنی کۆمەڵێک ژن و منداڵی فەڵەستینی کە لای ئیسرائیل دەستبەسەرن. رۆیەترز لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەدانوستانەکان کە بەنێوەندگیری قەتەر دەکرێت، رایگەیاندووە کە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ دەبێت و هەماهەنگیش لەگەڵ ئەمریکا کراوە لەسەر رێککەوتنەکە. لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی لەزاری چەند بەرپرسێکی نزیک لەدانوستانەکەوە رایگەیاندووە کە رێککەوتنەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ یان زیاترەو حەماس ٥٠ بارمتە رزگار دەکات لەبەرامبەر ئازادکردنی ١٥٠ زیندانی فەلەستینی و راگرنتی شەڕ کەئەمەش قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکەیە. رۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە لەقۆناغی دووەمی رێککەوتەنەکە بارمتەی تری ئیسرائیلی ئازاد دەکرێت. بەپێی راپۆرتی میدیا ئەمریکییەکە، رێککەوتنەکە بەنێوەندگیری میسرو قەتەرو چەند بەرپرسێکی میسری، کە بەپێی رۆژنامەکە رۆڵی سەرەکییان هەبووە لەنێوەندگیرییەکەدا، باسیان لەوە کردووە سەرکردایەتی سیاسی ئیسرائیل حەماسیس کە لەدەرەوەن رێککەوتنەکەیان پەسەند کردووەو تەنها رەزامەندی یەحیا سینوار، سەرکردەی حەماس لەغەززە ماوە کەپێشتر لە ٢٠١١دا خۆی زیندانی ئیسرائیل بوو و لەئاڵوگۆڕێکی دیل بەدیلدا ئازاد بوو. بەڵام میدیاکانی ئیسرائیل باس لەڕێککەوتنیکی تر دەکەن کە بەشێوازێکی ترە. وێبسایتی واڵا نیوزی ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە کە یەحیا سینوار، سەرکردەی حەماس، دەیەوێت کۆتایی بەفڕینی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی غەززەوە بهێنرێت. هاوکات میدیای یەدیعوت ئەحرونوتی ئیسرائیلی باس لەوە دەکات حەماس دەیەوێت رێککەوتنەکە بەجۆرێک بێت کەتەنها رۆژانە فڕۆکەکەانی ئیسرائیل بۆیان هەبێت شەش کاتژمیر بەسەر ئاسمانی باکوری غەززەوە بن. ئەم هەوڵەی حەماس بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی زۆری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل پشتی بەهێرشی ئاسمانی بەستووەو لەوکاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە بۆردومانی بەشێکی زۆری کەرتی غەززەیان کردووە، بەتایبەتی باکوری کەرتەکە کە لەئێستادا وەک وێرانەیەک دەردەکەوێت. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، زیاتر لە 14 هەزار کەس کە لەماوەی جەنگدا کوژراون، پێنج هەزاریان منداڵن. کەناڵی بی بی سی لەسەر کەمکردنەوەی ئەرکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئسیرائیل لەجەنگەکەدا دەڵێت، جگە لەفڕۆکەی جەنگی، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆری درۆن کە نازاندرێت چەندن لەئاسمانی غەززەدا بەکاردەهێنرێت بۆ مەبەستی ناسینەوەی ئامانج و هەڕەشەکانی بۆ سەر سەربازەکانی و وەستانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەجەنگەکەدا بەربەست بۆ هەواڵگری ئسیرائیل دروستدەکات لەکۆکردنەوەی زانیاری، بەتایبەتی زانیاری لەسەر بارمتەکان. لە راپۆرتەکەی واڵ ستریت جێرناڵ باسی هەمان شت کراوەو دەڵێت، رێککەوتنەکە بەکارهێنانی درۆن لەلایەن ئیسرائیلەوە رادەگرێت، ئەمە جگەلەوە بارهەڵگری مرۆیی زیاتر لەمیسرەوە رێی پێدەدرێت بچێتە نیو غەززەوە. راوژکارێکی باڵای سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە ئەگەر رێککەوتن لەسەر بارمەتەکان ئەنجامبدرێت ئەوا لەچەند کاتژمێرێکدا لەلایەن ئیسرائیلەوە پەسەنددەکرێت. مارک ریگیڤ، راوێژکارێکی باڵای بنیامین ناتانیاهۆ بە رادیۆی بی بی سی راگەیاندووە، «ئەگەر رێککەوتنێک بکرێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، پیویستی بەبڕیاری حکومەتی ئیسرائیلە، پێموایە بەشێوەیەکی خێرا بکرێت. پێموایە چەند کاتژمێرێکی دەوێت. مارک ریگیڤ دەشڵێت رەنگە پرۆسەکە زۆرتری پێبچێت ئەگەر ئەو کەسە فەڵەستینیانەی ئازاددەکرێن سکاڵای هاووڵاتی ئیسرائیلییان لەسەر بێت، چونکە «هاووڵاتییە ئیسرائیلییەکان رەنگە تانە بدەن لەبڕیارەکە لەدادگای باڵای ئیسرائیل و دواتریش دادگای باڵا دادگاییەک رێکدەخات بۆ بابەتەکە و ئەمەش چەند کاتژمێرێکی پێویستە». ئێرانیش لەسەر رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس هاتەدەنگ و رایگەیاند کە ئیسرائیل دەیەوێت ئاگربەست بکات بەڵام «ئەمریکا ناهێڵێت». حوسەین سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە بەرپرسانی ئیسرائیل «بەپەرۆشن بۆ راگرتنی شەڕو کۆتایهێنان بەکوژرانی سەربازەکانیان لەکەرتی غەززە بەڵام کۆشکی سپی هاوڕا نییەو ناهێڵێت». «زایۆنییەکان بەپەرۆشن بۆ ئاگربەست چونکە لەقەیراندان، بەڵام ئەمریکییەکان ناهێڵن ئەوە رووبدات، قەلەقی و پەرێشانی زایۆنییەکان زۆر لەوە کوشندەترە کە لەنێو غەززە روودەدات و دانیشتوانی غەززە سڵ لەهیچ ناکەنەوە»، فەرماندەی سوپای پاسداران وای وت.
هاوڵاتی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتنی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لەلایەن هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماسەوە گیراون نزیکبوەتەوە. سەرەڕای بەردەوامی جەنگی نێوان هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل، بەرپرسە ئەمریکی وئیسرائیلییەکان دەڵێن، "نزیکن لە گەشتن بە رێککەوتنی ئازادکردنی چەند بارمتەیەک." لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و لەپەراوێزی ئاهەنگی جەژنی سوپاسگوزاری کە لە کۆشکی سپی ئەمریکا بەڕێوەچو، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنوساندا رایگەیاند: گەیشتن بەرێکەوتن بۆ ئازادکردنی بارمەتەکان کە لەلایەن حەماسەوە لەغەززە دەستبەسەرکراون، نزیکە. هاوکات بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن بزوتنەوەی حەماس وەک بارمەتە دەستگیرکراون، ژمارەیان نزیکەی 160 کەس دەبێت. لەو بارەیەوە مایکڵ هێرسۆگ باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، ئیسرائیل چاوەڕوانی ئەوەیە لە ماوەی چەند رۆژێکی دیکە حەماس ژمارەیەکی زۆر لە بارمتەکان ئازاد بکات.
هاوڵاتی رۆژنامەیەکى ئەمەریکى نوێترین پێشهاتى پەیوەندییەکانى نێوان ئیسرائیل و حەمماس ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت؛ نزیکن لەوەى رێک بکەون. رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس گەیشتون بە رێککەوتنێکی سەرەتایی لە بارەی ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگر بەست، بەڵام کۆشکی سپی ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە. لە رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەشکراوە، لە رێگەی نێوەندگیری ئەمریکاوە ئیسرائیل و بزوتنەوەی ئەماس گەیشتون بە رێککەوتنێک کە ئازادکردنی دەیان ژنان و منداڵی بارمتە لە خۆدەگرێت، لە بەرامبە ئازدکردنیشیان بۆ ماوەی پێنج رۆژ ئاگربەست رادەگەیەنرێت. ئەو رۆژنامەیە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە ئازادکردنى دیلەکان بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتو دەستپێبکات و ئەگەرى هەیە لەمڕێیەوە گرژییەکانى غەززە تا رادەیەک کەم ببێتەوە، ئەگەر بێتو ئیسرائیل و حەمماس بەپێى رێککەوتنە شەش لاپەڕەییەکەى نێوانیان هەڵسوکەوت بکەن. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، رێککەوتنەکە لە ماوەی چەند رۆژێکی دیکە ئەنجامدەررێت. بەڵام وتەبێژانی کۆشکی سپی دەڵێن، "ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس هێستا نەگەیشتون بە رێککەوتنی راگرتنی ململانێ چەکدارییەکان بە شێوەیەکی کاتی، بەڵام ئەمریکا لە نێوەندگیری تایبەت بەو پرسە بەردەوامە." ئەمڕۆ 43 رۆژە، شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حەمماس بەردەوامە بەوهۆیەوە تا ئێستا 12 هەزار و 300 کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە پێنج هەزاریان منداڵن و سێ هەزار و 300 ژن، جگە لەوەش 30 هەزار کەسیش بریندارن.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند لەماوەی مانگێکدا 61 هێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا. بەپێی هەواڵی چەند میدیایەکی ئەمریکا، پنتاگۆن رایگەیاندووە لە 17ی مانگی رابردووەوە 61 هێرش کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و 60 کارمەندی ئەو بنکانە بە سووکی برینداربوون، لەو هیرشانەش 29 هێرشیان لە عێراق بووەو 32 هێرشیان لە سوریا بووە. لە راپۆررتێکی دەنگی ئەمریکادا هاتووە کە بەشێکی زۆری ئەو هێرشانە لەلایە سوپای ئەمریکاوە بەرپەرچدراونەتەوە یاخود شکستیانهێناوە لەوەی بگەن بە ئامانجەکانیان. تا ئێستا چەندین جار ئەمریکا وەڵامی ئەم هێرشانەی داوەتەوە و هێرشی کردووەتەسەر سەربازگەی هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا. دەنگی ئەمریکا لە زاری دوو بەرپرسی پنتاگۆنەوە باس لەوەش دەکات کە لەو کاتەوەی بایدن بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، هێزەکانی نزیک لە ئێران 150 جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا.
هاوڵاتی لەنزیك بارەگای "كۆنگرێس" لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا، ژمارەیەك لەچالاكوانانی بزوتنەوەی IfNotNow خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای ڕاگرتنی شەڕیان لەغەززەی فەڵەستین كرد، بەلاًم پۆلیس ڕووبەڕوویان بوویەوە و بەهۆیەوە 90 كەس برینداربوون. ئەو بزوتنەوەیە ڕایگەیاندووە خۆپیشاندەران، یەكێك لەدەروازەكانی پارتی دیموكراتی ئەمریكایان داخستووە و ویستوویانە بچنە ناو بیناكەوە، بەڵام پۆلیسی ئەمریكا هێرشی كردووەتە سەریان. لەلایەن خۆشیەوە پۆلیسی كۆنگرێس ئەوەی ئاشكراكردووە خۆپیشاندەران ژمارەیان نزیكەی 200 كەس بووە و بەنایاسایی چالاكیەكەیان ڕێكخستووە. پۆلیسی كۆنگرێس ئەوەشی خستوەتەڕوو بەهۆی ئاڵۆزیەكانەوە شەش پۆلیسیان برینداربوون و یەكێكیش لەخۆپیشاندەران بەهۆی ئەوەی هێرشیكردووەتە سەر پۆلیس دەستگیركراوە.
هەناو بابە رەسوڵ رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیا بڵاویكردەوە، حكومەتی بەریتانیا پلانی هەیە هەر پەنابەرێكی كورد بەنایاسایی روو لەبەریتانیا بكات راستەوخۆ رەوانەی عێراقی بكاتەوە بەهۆی ئەوەی بەنیازە عێراق بخاتە لسیتی ئەو وڵاتانەی كە «سەلامەتن، فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراقیش پشتڕاستیدەكاتەوە كەحكومەتی عێراق و هەرێم رێككەوتنیان كردووە لەوبارەیەوە. رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لەڕاپۆرتێكیدا باس لەوەدەكات كەحكومەتی بەریتانیا بەنیازە هەریەك لەوڵاتانی توركیا، میسر، عێراق بخاتە لیستی ئەو وڵاتانەوە كە «سەلامەتن» بەمەش رێكارەكان بۆ وەزارەتی كۆچی بەریتانیا ئاسان دەكات تاهەر پەنابەرێك روو لەبەریتانیا بكات دەستبەجێ دیپۆرتی بكەنەوە، ئەم پلانەش وەك بژاردەی دووەم سەیر دەكرێت لەحاڵەتی سەرنەگرتنی پلانی ناردنی كۆچبەران بۆ رواندا كەبڕیارە ئەم هەفتەیە دادگای باڵای بەریتانیا كۆبوونەوەی لەسەر بكات. بەپێی ئاماری ئەنجومەنی پەنابەران، ژمارەی كۆچبەرانی ئەو سێ وڵاتە لەمساڵدا تا كۆتایی ئابی، چوار هەزار كەس بوون كە روویان لەبەریتانیا كردووە. لەئامارەكەدا هاتووە كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاكۆتایی مانگی ئاب، هەزارو 774 كۆچبەری بە نایاسایی لەڕێگەی نۆكەندی ئینگلیزەوە چوونەتە نێو بەریتانیا. رۆژنامەی تەلەگراف دەشڵێت، وەزارەتی كۆچ (هۆم ئۆفیس) لەلایەن حكومەتی بەریتانیاوە داوای لێكراوە لێكۆڵێنەوە لەئاسانی ئەو كارە بكات كەناردنەوەی كۆچبەرانی عێراقییە بە رەچاوكردنی ئەوەی كە 80%ی ئەو عێراقییانەی داوای مافی پەنابەرێتییان كردووەو داواكانیان رەتكراوەتەوە كوردن. رۆژنامەكە باس لەوەش دەكات، رۆبێرت یەنریك، وەزیری كۆچبەرانی بەریتانیا، لەكۆبوونەوەیەكدا لەبارەی ئەو پرسەوە گفتوگۆی لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كردووە. لەلایەن خۆشیەوە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا رۆژی 11-8-2023 بڵاویكردەوە: لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمی حكومەتی بەریتانیا، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەریتانیاو لەسێ رۆژی سەردانەكەیەدا بەیاوەری كاروان جمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا ژمارەیەك دیداری لەگەڵ كاربەدەستانی ئەو وڵاتەو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لەحكومەتی بەریتانیا ئەنجامدا. نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو: هەر لەوەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەلایەن رۆبەرت جێنریك وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی بەریتانیا پێشوازی لێكرا، لەدیدارەكەدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییە دولایەنەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا جەختی لێكرایەوە كە دەبێت بەهێزتربكرێن و تیشك خرایەسەر ئاستەنگییەكانی كەهۆكارن بۆ دروستبوونی ناسەقامگیری ئەمنی و ئابووری و هەردوولا كۆكبوون لەسەر ئەوەی كەدەبێت هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ چارەسەركردنی هۆكارە ریشەییەكانی گرفتەكان و لەسەرچاوەوە چارەسەربكرێن. هاوڵاتی پەیوەندی بەچەند بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە كرد سەبارەت بەپرسی ناردنەوەی پەنابەرانی كورد لەبەریتانیا، بەڵام ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن. لەلایەن خۆیەوە دەشتی جەمال، سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو رێككەوتننامەیەی نێوان حكومەتی عێراق و بەریتانیا شتێكی نوێ نییە، بەڵكو لەچەندساڵی رابردوودا واژۆ كراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەدوای سەردانی بۆ بەریتانیا و دانیشتنی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی پێشووی بەریتانیا ئامادەسازییان كرد بۆ بەڕێوەچوونی رێككەوتنەكە». وتیشی:»لە2022 دا توانیمان بەر بەو رێككەوتنە بگرین لەمانگی شەشی ئەو ساڵەدا ویستیان زیاتر لە 35 پەنابەر بنێرنەوە بۆ هەرێم بەڵام رێگریمان لێكرد بەپشتیوانی چەند پەرلەمانتارێك، دواتریش توانیمان ژمارەیەكیان لەزیندان بهێنینە دەرەوە، وەكو فیدراسیۆنی پەنابەران لەنزیكەوە ئاگاداری دۆخیانین لەئێستادا هیچ پەنابەرێك نەگیراوە بۆ دیپۆرتكردنەوەو حاڵەتێكی واش هەبێت ئێمە دەست بەكاری خۆمان دەكەین». سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق دەشڵێـت:»بەهۆی ئەو فشارو ناڕەزایەتیانەی بەهۆی جەنگی غەززەوە دروستبووە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەكارەكەی دوورخرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ دادگای باڵای شاهانەی بەریتانیا ئەو بڕیارەی پێشتر رەتكرایەوە بۆ ناردنی پەنابەران بۆ رواندا جارێكی دیكە پێیدا دەچێتەوە، لەوبارەیەوە خۆپیشاندانمان دەستپێكردووە، تا فشار بكەین ئەو هەوڵانەی بەبەردەوامی دەدرێن بۆ دیپۆرتی پەنابەران شكستی پێبهێنین». سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق، بۆ رێككەوتنی نێوان بەریتانیاو عێراق بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە، كە لە 6-4-2022 تۆم پیرس وەزیری دادو كاروباری كۆچ و پەنابەری نایاسایی نامەیەكی ئاڕاستەی نزار خەیروڵا جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق كردووەو سوپاسی كردووە لەگەیشتن بەڕێككەوتن سەبارەت بەناردنەوەی پەنابەران. لەنامەكەدا هاتووە:» سوپاس بۆ رێككەوتن لەسەر پێدانی دۆكیومێنت و ناسنامە كەیارمەتی دەدات لەزاڵبوون بەسەر هەر كۆسپ و تەگەرەیەكی ترانزێت (پەڕینەوە) لەبەغدا». دەشتی جەمال لەوبارەیەوە دەڵێت:»ئەمە كارێكی نایاسایی و هاوكات تاوانێكی گەورەیە بەرامبەر چارەنووسی دەیان پەنابەر كەبەرهەمی داسەپاندنی هەلومەرجێكی ئەوپەڕی نامرۆڤانەیە لەسەركوت و بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێ مافی و لەدەرەوەش دەست لەیەخەی پەنابەران ناكەنەوەو كردوویانن بەوەرەقەیەكی سیاسی و ئابووری لەپێناو قازانج و بەرژەوەندیەكانیان».
هاوڵاتی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین هۆشداری دهدات له وهستانی خزمهتگوزارییه مرۆییهكان له ماوهی ٤٨ كاتژمێری داهاتوو بههۆی ڕێگهنهدان به گهیشتنی سووتهمهنی بۆ غهزه، دەشڵێت: ملیۆنێك و شهش سهد ههزار كهس ئاواره بوون و ئهو ٨٠٠ ههزارهی له كهرتهكه ماونهتهوه، سهرجهمیان به تهواوهتی پشت به هاوكارییه مرۆییهكان دهبهستن بۆ بهردهوامیدان به ژیان. ئهمڕۆ دوشەممە تۆماس وایت، بهڕێوهبهری ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (ئۆنروا) هۆشداری دا له وهستانی خزمهتگوزارییه مرۆییهكان له ماوهی ٤٨ كاتژمێری داهاتوو بههۆی رێگهنهدان به گهیشتنی سووتهمهنی بۆ غهزه. وتیشی، بهیانی ئهمڕۆ دوو كۆنتراكتهری سهرهكی كه كار بۆ ئۆنروا دهكهن، كارهكانیان راگرتووه و سووتهمهنیان نهماوه، ئهمهش وا دهكات ٢٠٠ ههزار كهس له كهرتی غهزه له ئاوی خواردنهوه بێبهش بن. ڕوونیشیکردەوە، له كۆی دوو ملیۆن و ٤٠٠ ههزار هاوڵاتیی كهرتی غهزه، ملیۆنێك و شهش سهد ههزار كهس ئاواره بوون و ئهو ٨٠٠ ههزارهی له كهرتهكه ماونهتهوه، سهرجهمیان به تهواوهتی پشت به هاوكارییه مرۆییهكان دهبهستن بۆ بهردهوامیدان به ژیان. هاوکات وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاویكردهوه، ژمارەی کوژراوان بههۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسهر كهرتی غهززه، گەیشته ١١ هەزار و ٢٤٠ کەس، كه ٤٦٣٠ منداڵ و ٣١٣٠ ئافرەتن هاوکات بە گوێرەی ئامارەکانی کاربەدەستانی غەززە بڵاویانکردۆتەوە تاكو ئێستا ٥١ رۆژنامەنووس و٢١ کارمەندی بەرگری شارستانی کوژراون. هەروەها له بۆردومانەکانی ئیسرائیل ١٩٨ کارمەندی تەندروستی کوژراون، وێڕای ئهوهی كه ٩٤ باڵهخانهی حکومی، ٢٥٣ قوتابخانه، ٧١ مزگەوت و ٣ كڵێسا وێران بوونه. لە٧ی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژران، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، کە تاكو ئێستا زیاتر لە ١١ هەزار کەس کوژراون و نزیکەی ٢٨ هەزار کەسیش بریندار بوون.
هاوڵاتی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیا بڵاویکردەوە، حکومەتی بەریتانیا پلانی هەیە هەر پەنابەرێکی کورد بە نایاسایی روو لە بەریتانیا بکات راستەوخۆ رەوانەی عێراقی بکاتەوە بەهۆی ئەوەی بەنیازە عێراق بخاتە لسیتی ئەو وڵاتانەی کە "سەلامەتن." رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات کە حکومەتی بەریتانیا بەنیازە هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا، میسر، عێراق بخاتە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە "سەلامەتن" بەمەش رێکارەکان بۆ وەزارەتی کۆچی بەریتانیا ئاسان دەکات تا هەر پەنابەرێک روو لە بەریتانیا بکات دەستبەجێ دیپۆرتی بکەنەوە. بەپێی رۆژنامەکە، ئەم پلانە وەک بژاردەی دووەم سەیر دەکرێت لە حاڵەتی سەرنەگرتنی پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا کە بڕیارە ئەم هەفتەیە دادگای باڵای بەریتانیا کۆبوونەوەی لەسەر بکات. بەپێی ئاماری ئەنجومەنی پەنابەران، ژمارەی کۆچبەرانی ئەو سێ وڵاتە لەمساڵدا تا کۆتایی ئابی، چوار هەزار کەس بوون کە روویان لە بەریتانیا کردووە. لە ئامارەکەدا هاتووە کە لە سەرەتایی ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئاب، هەزار و 774 کۆچبەری بە نایاسایی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە نێو بەریتانیا. رۆژنامەی تەلەگراف دەڵێت، وەزارەتی کۆچ (هۆم ئۆفیس) لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە داوای لێکراوە لێکۆڵێنەوە لە ئاسانی ئەو کارە بکات کە ناردنەوەی کۆچبەرانی عێراقییە بە رەچاوکردنی ئەوەی کە 80%ی ئەو عێراقییانەی داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە و داواکانیان رەتکراوەتەوە کوردن. رۆژنامەکە باس لەوەش دەکات، رۆبێرت یەنریک، وەزیری کۆچبەرانی بەریتانیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەبارەی ئەو پرسەوە گفتوگۆی لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کردووە.
هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە بڕیارێکدا وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە بەهۆی ئەوەی رەخنەی لە پۆلیسی بەریتانیا گرتبوو لەسەر خۆپیشاندانەکانی لەندەن کە بۆ پشتگیریکردن لە فەڵەستین رێکخرابوون. ئەمڕۆ میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە کە ریشی سوناک داوای لە سوێلا برەیڤەرمان، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی کردووە لە پۆستەکەی دووربکەوێتەوە و ئەو بڕیارەی لەدوای ئەو فشارانە داوە کە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن و پارتەکەی خۆیەوە دەکرایە سەری بۆ دوورخستنەوەی برەیڤەرمان. هاوکات برەیڤەرمان هەواڵەکەی بۆ کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "گەورەترین شەرەف بووە کە توانیومە وەک وەزیری ناوخۆ خزمەتی وڵاتەکەم بکەم." فشارەکانی سەر سوێلا برەیڤەرمان دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو نوسینێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دژی ریشی سوناک لەسەر بابەتی فەڵەستین نوسیبوی و رەخنەی توندی لە پۆلیسی بەریتانیا گرت و بەوە تۆمەتباری کرد کە لایەنداری دەکات لەو خۆپیشاندانانەی بۆ پشتگیریرکردن لە فەڵەستین بەرێوەدەچێت. لەدوای دروستبوونی جەنگ و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە بووەتە هۆی کوژرانی 11 هەزار کەس لە غەززە، هەموو رۆژانێکی شەممە لە لەندەن خۆپیشاندانی فراوان بەرێوە دەچێت و دواین خۆپیشاندان لەم هەفتەیەدا فراوانترین خۆپیشاندان بوو لە وڵاتەکەدا کە نزیکەی ملیۆنێک کەس بەشدارییان تێدا کرد.