هاوپەیمانەکانی ڕوسیا ڕاستەوخۆ بەشدارن لەشەڕی ئۆكرانیا
3 كاتژمێر لەمەوپێش
باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیا
-سەربازانی کۆریای باکور و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و پێکهاتەکانی چینیش لەهێرشەکانی سەر ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن.
-بەشداریی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانەکانی ڕوسیا لەشەڕی ئۆکرانیا، ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی سێیەم جەنگی جیهانی.
ڤالێری زالۆژنی باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیا ڕایگهیاند، سێیەم جەنگی جیهانی بەکرداریی دەستی پێکردوە و بەشداریی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانەکانی ڕوسیا لەشەڕی ئۆکرانیا، ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی ئهو جەنگه.
باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیاو فەرماندەی باڵای پێشوی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئۆکرانیا لەساڵی 2024دا هەر بەتەنها ڕوبەڕوی ڕوسیا نەبوهتەوە، بەوپێیەی سەربازانی کۆریای باکور بەشداریی شەڕەکە دەکەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و موشەکی کۆریای باکورو پێکهاتەکانی چینیش لەهێرشەکانی سەر ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن.
جەختیشی لەوەشکردوهتەوە، ئەم پێشهاتانە هۆکاری ڕون دەخەنەڕوو بۆ ئەوەی بڵێین جیهان چوەتە سەردەمێکی جەنگی جیهانیی نوێ.
هۆشداریشیدا لەوەی، ئێستا جیهان دەرفەتی ئەوەی هەیە وانە فێربێتو ئەم هەڵچونە لەسەر خاکی ئۆکرانیا ڕابگرێت، بەڵام هاوبەشەکانی ئۆکرانیا نەیانتوانی درک بەمەترسیداریی دۆخەکە بکەن.
ئهوهشى وت:"وڵاتەکە ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە بوەتەوەو پێویستی بەپاڵپشتی تەکنیکییو سەربازیی هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، جەنگی سێیهمى جیهانیی لەئێستاوە دەستیپێکردوە.