مەسرور بارزانی: هانی وەبەرهێنەرانی بیانی دەدەین لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن
مەسرور بارزانی
3 كاتژمێر لەمەوپێش
- دەبینین کە پارە بۆ مووچە درەنگ دەنێردرێت، داهات بەشێوەیەکی گشتی کەمبووەتەوە.
- راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان کاریگەریی لەسەر هەموو عێراق هەبووە.
- نامانەوێت عێراق ببێتە بەشێک لەو جەنگەی لە ناوچەکە هەیە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
مەسرور بارزانی سەرۆکى حکومەتی هەرێمى كوردستان ڕایگەیاند پێویستە ڕێگەی جیاواز هەبن بۆ چارەسەری قەیرانەکانى مووچە وهەناردەی نەوتى هەرێم.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیدارێکی تایبەتدا لە دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە شاری دهۆک، ڕایگەیاند، هەر هەنگاوێک بۆ ئاشتی پێویستە پشتگیری بکرێت و پێویستە ڕێگەی جیاواز هەبن بۆ چارەسەری قەیرانەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، نامانەوێت عێراق ببێتە بەشێک لەو جەنگەی لە ناوچەکە هەیە، هەر هەنگاوێکیش بۆ ئاشتی هەبێت پێویستە پشتگیری بکرێت.
باسی لەوە شکرد، هانی هەموو وەبەرهێنەرانی بیانی دەدەین لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، لە ماوەی ڕابردووشدا چەندين وڵات ڕێژەی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان زیاد کردووە.
وتيشى: راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان کاریگەریی لەسەر هەموو عێراق هەبووە، بەڵام بێگومان گەورەترین زەرەرمەند بریتییە لە کوردستان، هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، بەڵام کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە بەرهەمدەهێنرێت.
رونیشیكردەوە دەبینین کە پارە بۆ مووچە درەنگ دەنێردرێت، داهات بەشێوەیەکی گشتی کەمبووەتەوە، ئەمە بەشێوەیەکی گشتی لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دا نییە.