هاوڵاتی بەرپرسانی کۆریای باشوور دەڵێن کە کۆریای باکوور 200 گوللە تۆپی ئاراستەی دوو دوورگەی کۆریای باشوور کردووە و داوا لە دانیشتووانی ئەو دوورگانەش دەکەن کە ناوچەکانیان بەجێبهێڵن. ئه‌مڕۆ به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری كۆریای باشور له‌ میانی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند كه‌ "بەرەبەیانی هەینی سوپای کۆریای باکوور زیاتر لە 200 گولە تۆپی ئاراستەی ناوچەکانی دوورگەی بانینیۆگ و دوورگەی یەنپیۆگ کردووە"، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتداران داوایان له‌ هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی كرد كه‌ دورگه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن وه‌ك ڕێكارێكی خۆپارێزی. دورگه‌ی یۆنپیۆنگ له‌ كۆریای باشور زیاتر لە دوو هەزار کەسی تێیدا دەژی  ده‌كه‌وێته‌ ده‌ریای زه‌رد و به‌ دوری 80 كیلۆمه‌تر له‌ ڕۆژئاوای شاری ئینچۆن و 12 كیلۆمه‌تر له‌ باشوری كه‌ناراوه‌كانی پارێزگای هوانگهای كۆریای باكوره‌وه‌ دوره‌. دوورگەی بانینیۆگـیش نزیکەی پێنج هەزار کەسی تێدا دەژی و دەکەوێتە دووری 209 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای سیۆل.  سەبارەت بە زیانەکانی بۆردوومانەکە، وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی مادی و گیانی لێنەکەوتووەتەوە.  ئەم بۆردومان و گرژییانەى نێوان باکور و باشور لەکاتێکدایە، پەیوەندی نێوان هەردو وڵات لە ئاستێکى خراپدایە و پێشتریش ئاژانسەکانى هەواڵى کۆریاى باکور ئاماژەیان بۆ ئەوەکردبو کە کیم جۆنگ ئون، رێبەرى کۆریاى باکور سەردانى شوێنى تایبەت بە دروستکردنى موشەکى بالیستى کیشوەربڕى کردوە و جەخت لە ئامادەکارییەکان کردوەتەوە بۆ روبەڕوبونەوەى "دوژمنان".

هاوڵاتی  ماوەی چەند هەفتەیەكە دادگای باڵای ویلایەتی كولۆرادۆی ئەمریكا هەوڵی دوورخستنەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەدات لەهەڵبژاردنی ئامادەسازی پارتی كۆماری . دادگاكە بە پشتبەستن بە یاسای 14ی دەستكاریكراوی دەستووری ئەمریكا  لەمانگی تەموزی 1868، پێیوایە كە دۆناڵد ترامپ شایەنی دووبارە خۆ كاندیدكردنەوە نییەو دەبێت لە هەڵبژاردنەكان دوور بخرێتەوە. یاسای ژمارە 14ی دەستووری ئەمریكی لەدوای جەنگی ناوخۆی ئەمریكاو كوژرانی 600 هەزار كەس لەو جەنگەدا، دەسەڵاتدارانی ئەمریكا دەستییان بەچەند چاكسازی و گۆڕانكارییەك كرد لە دەستووری ئەمریكی و یاسای ژمارە چواردەش بەدەر نەبوو لەو چاكسازییانە، بەواتایەكی تر بەهۆی چاكسازی لە مادەكانی ئەم یاسایە كۆیلەكان مافی ئازادی و یەكسانیان لەبەرامبەر یاسا و ژیانییان بە دەستهێنا، چاكسازییەكەش لەلایەن ویلایەتەكانی باشوورەوە بەتوندی رەتكرایەوە، بەڵام دواجار ناچار بوون رازی بن بەچاكسازییەكان. بەندی سێیەمی یاساكە بەپێی بەندی سێیەمی یاسای چواردە لە دەستووری ئەمریكیدا، دەتوانرێت گشت ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پیران و نوێنەران كە لە فەرمانەكان یاخی بوون و دەسەڵاتەكانیان بەخراپ بەكار هێناوەو بەشێوەیەك لەشێوەكان زیانیان بەژیانی گشتی گەیاندووە . هەر بەپێی بەندی سێیەمی یاساكە هەموو ئەو كەسانە دووردەخرێنەوە كە تۆمەتی بەرەنگاربوونەوەو یاخی بوون لەدەوڵەتی بەسەردا ساخ بێتەوە یان خود یارمەتی لایەنێكی دەرەكییان لە دژی بەرژەوەندییەكانی ووڵات دابێت. هەر بە پێی ئەو بەندەش دادگاكە بەتۆمەتی پشێوی نانەوەكانی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاو هاندانی لایەنگرەكانی بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكان لەلایەن دۆناڵدترامپەوە، هەوڵی دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردنەكان و سڕكردنی دەدات.  

هاوڵاتی بوومەلەرزەکەی تورکیا: ٧.٨ پلە و  ٥٥ هەزار گیان لەدەستدان بوومەلەرزەکەی ژاپۆن: بە گوڕی ٧.٦ پلە، گیان لەدەستدان تەنها ٥٠ کەس مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو بەهۆی ڕوودانی دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە تورکیا کە سوریاشی گرتەوە کە بەگوڕیی  ٧.٥ و ٧.٨ بوون زیاتر لە ٥٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام دوێنێ ڕۆژی دووشەممە لە ژاپۆن بوومە لەرزەیەک بەهەمان گوڕ تەنها بووە هۆی مردنی ٥٠ کەس. دوێنێ بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر بوومەلەرزەیەک ژاپۆنی هەژاند کە چەقەکەی شاری ناناو-ی پارێزگای ئیشیکاوا بوو، بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵ کردووە و هەزاران باڵەخانە و هێلێ شەمەندەفەر و میترۆ دارماون، بەڵام تاوەکو ئێستا گیان لەدەستدان بەهۆیەوە تەنها ٥٠ کەسە، ئەوەش بەهۆی ئەو سیستەمە ئاڵۆز و پێشکەوتووەی کە بۆ دیاریکردن و هۆشداریدانی بوومەلەرزە لە ژاپۆن پەرەی پێدراوە وبیناکانیشی بە بەرزترین تایبەتمەندی ستاندارد دروستکراوون بۆ بەرگری لە بومەلەرزەی بەهێز. ئەوەی جێگای باسە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ دا بەهۆی روودانی دوو بەمەلەرزەی بەهێز لە تورکیا و سوریا، زیاتر لە چل و پینج هەزار کەس گیانیان لەدەست دا لە تورکیا، ئەمەش توڕەیی و ناڕەزایی خەڵکی شەقامی تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا و حکومەتەکەی ئەردۆگانیان بەوە تاوانبارکرد لە کەمتەرخەمیکردن بۆ پەرەدان بەشێوازێکی سەرکەوتووی بیناسازی بۆ دروستکردنی باڵەخانەکان  کە بەرگەی ڕودانی بومەلەرزە بگرن. هاوکات خراپ بەڕێوەبردنی دەیان ساڵەی حکومەتەکەی پارتی داد و گەشەپێدانی ئاشکراکرد و خستیە ژێر گوشارێکی گەورەوە. بوومەلەرزە بەهێزەکەی ژاپۆنیش لەکاتێکدایە کە لەدوای ساڵی ٢٠١١ ئەمە بەهێزترین بوومەلەرزەیە روویدابێت، کە ئەوکات بە گوڕی ٩ پلە بوو و بووە هۆکاری مردنی زیاتر لە حەڤدە هەزار کەس و ڕوودانی تسۆنامیش، بەڵام هێشتا ئاماری گیانلەدەستدانی تەنها نیوەی گیان لەدەستدانی بوومەلەرزەکەی تورکیا بوو.

هاوڵاتی لەگەڵ کۆتایی هاتنی ساڵی 2023دا ، بەرپرسانی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی. ئەوەیان خستە ڕوو ، پێویستە جیهان بە باشی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایانە ئامادە بکەن  کە لە داهاتوودا یەخەیان دەگرێت. بە پێی پێشبینی زانایانی بواری تەندرووستی  ڕەنگە ساڵی 2024 ،ساڵی بڵاوبوونەوەی پەتای جۆراوجۆر بێت ،هەر لەبەر ئەمەش پێویستە ووڵاتانی جیهان و کەرتی تەندرووستی چاوکراوە و ووشیار بن و بتوانن بە زووترین کات،  بەرەنگاری ئەو جۆرە نەخۆشی و پەتا مەترسیدارانە ببەنەوە. هاوڵاتی لەم ڕاپۆرتەدا ئەو پەتا مەترسیدارانەی  واچاوەروان دەکرێت لە ساڵی تازەدا بڵاو ببنەوە دەخاتە ڕوو.یەكەمیان، كۆڤید 19 ی گۆڕاو  كە "جەی ئێن وەن" یشی پێدەوترێت. لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید19 ی گۆڕاو بە جیهاندا ، وادیارە ئەم پەتایە لەساڵی تازەدا دەبێتە سەرەکیترین مەترسی بۆ سەر ژینگە و مرۆڤ.هەرچەندە تا ئێستا رێکخراوی تەندرووستی جیهانی پێیوایە مەترسی ئەم جۆرە پەتایە، نەگەیشتۆتە ئاستێکی نەخوازراو،  بەڵام گەر بێتوو دۆخەکە لەدەست دەربچێت، ئەوە دەبێتە هەرەشەیەکی ڕاستەقینە. دووەم ئاوڵەی مەیمون : واپێدەچێت لە ساڵی تازەدا ئاوڵەی مەمیموونیش مەترسییەکی دیکە بێت بۆ سەر تەندرووستی مرۆڤ، بە تایبەتیش لە دوای بڵاوبوونەوەی جۆرێکی تازەی ئەو نەخۆشییە کە لە هەر 10کەسێکی تووشبوو کەسێک دەکوژێت.ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییەش بە "كلاد یەك" و "كلاد دوو " ناسراوە جۆری یەکەمیان مەترسیدارترە ،بە جۆرێ ڕێژەی مردنی کەسە تووشبووەکان دەگاتە ٪10. سێیەم تای مێشوولە: لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 دا  زانایان هۆشدارییەکی بەپەلەیان لەبارەی تای مێشوولە بڵاوکردەوە و بە مەترسییەکی راستەقینەیان بۆ سەر تەندرووستی مرۆڤ لە قەڵەمدا ، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەر یەک لە وڵاتەکانی فەرەنسا و ئیتاڵیا و قوبرس بڵاوبووەوە. بە گشتی مێشوولەی هەڵگری ئەم جۆرە ڤایرۆسە، لە ناوچەگەرمەکانی زەمین بڵاون ، بەڵام زانایان پێیان وایە بە هۆی تێکچوونی کەشی زەوی و ئەو شەپۆلە گەرمییەی رووی لەناوچەکانی ئەوروپا کردووە و ژینگەیەکی لەباری بۆ ئەم مێشوولەیە خووڵقاندووە . چوارەم سوورێژە : لەساڵی 2022دا نەخۆشی سورێژە کە یەکێکە لە نەخۆشییە درمەکان لە جیهاندا بە تەنها لەئەوروپا بە ڕێژەی ٪3000 زیادی کردووە.بە پێی ڕاپۆرتێکی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە مانگی یەک تا مانگی دەی ساڵی 2023 ، سی هەزار کەس ئەم نەخۆشییەیان گرتووە ، لە کاتێکدا بە درێژایی ساڵی 2022 ، 941 کەس ئەم نەخۆشییەیان گرتبوو ، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە و مەترسییەکی دیکەیە بۆ سەر تەندرووستی مرۆڤ

هاوڵاتی بەپێی ئامارێكی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لەھەرێمی کوردستان، له‌ساڵی 2023دا 21 هەزار هاوڵاتی لەهەرێمی کوردستانەوە کۆچیان كردووه‌ بۆ ئەوروپا،  37 كۆچبه‌ری كوردیش لەو ڕێگەیه‌ گیانیان لەدەستداوە. بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لەھەرێمی کوردستان،  ئه‌مڕۆ لەکۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری كۆچكردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی‌ بۆ ئه‌وروپا ئاشكراكرد، ڕایگه‌یاند: له‌ساڵی 2023دا، 21 هەزار كه‌س له‌هەرێمی کوردستانه‌وه‌ به‌ره‌و ئەوروپا کۆچیان كردووه‌. بەكر عەلی وتیشی: له‌و 21 هەزار كۆچبه‌ره‌ی ئه‌مساڵ له‌هەرێمی کوردستانه‌وه‌ ڕوویان له‌ئەوروپا كردووه‌، سێ هه‌زارو 400 کەسیان خەڵکی سنوری ئیداره‌ی ڕاپەڕین بوون. سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لەھەرێمی کوردستان له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ڕێگه‌ی گه‌یشتنیان به‌هه‌نده‌ران بونه‌ته‌ قوربانی دەلێت: ئه‌مساڵ 37 كۆچبه‌ری كورد لەڕێگەی هه‌نده‌ران گیانیان لەدەستداوە.، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەریش لەسنوری بیلاڕوسیاو چەند وڵاتێکی تر لەزینداندان.  

هاوڵاتی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو ڕۆژی چوارشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێکس سەرکۆنەی ئەو لێدوانەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی کرد کە تیایدا بە " هاوشێوەی هیتلەر " ناوی برد کاتێک بیر لە کردەوەکانی دەکاتەوە لە جەنگی غەزەدا. ئه‌مڕۆ لە میانی به‌شداریكردنی بۆنەیەکدا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا رایگه‌یاند: نەتەنیاهۆی سه‌رۆكی ئیسرائیل جیاوازییەکی ئه‌وتۆی لەگەڵ ئەدۆلف هیتلەردا نییە و ئه‌و هێرشه‌ی كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌ فەڵەستین هه‌مان مامه‌ڵه‌ی نازییەکانە كه‌ به‌رامبه‌ر به‌جوله‌كه ده‌كرا. لە وڵامی قسەکانی ئەردۆغاندا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕۆ کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی قسەکانی ئەردۆغانی دایەوەو دەڵێت،" ئه‌ردۆغان کە زۆرترین ژمارەی رۆژنامەنوسانی زیندانی کردووە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ شێوازی حکومڕانییدا نین و جینۆساید دژی گه‌لی کورد ده‌كات،  دوا کەسە باسی ئەخلاق لەگەڵ ئێمه بکات." ڕەخنەکانی ئەردۆغان بۆ  ئیسرائیل لە  ئێستادا چڕتر بوونەتەوە و ئەردۆغان لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند کە  حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە لە وڵامی ئەمەشدا، وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل  بێنی گانتز لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە ڕایگەیاند، "من سەرکۆنەی لێدوانەکانی سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان دەکەم. ئەو قسانەی کە بە ئاشکرا شێواندنی واقیع و وێرانکردنی یادەوەری هۆلۆکۆستن. حەماس ئەو ڕێکخراوەیە کە کۆمەڵکوژییەکی قێزەونی ئەنجامدا. لابردنی هەڕەشەی حەماس لە هاوڵاتیانی ئیسرائیل  پێویستییەکی ئەخلاقی بێهاوتایە." هاوکات ئیسرائیل بڕیاری گەڕاندنەوەی نوێنەران و دیپلۆماسییه‌ ئیسرائیلییه‌كانی لە تورکیا داوەو له‌به‌رامبه‌ریشدا تورکیا دەڵێت  باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل بۆ ڕاوێژکاری بانگهێشت دەکاتەوە، بەڵام پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ناپچڕێنێت. زیاتر لە دوو مانگ و نیوە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە دوای ئەوەی لە  رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند و کەرتی غەززە چووە نێو دۆخی جەنگەوە هاوکات  تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە. بە گوێرەی نوێترین زانیارییەکانی  تەندروستیی غەززەشەوە،تائێستا 21 هەزار و 110 کەس کوژراون  هەروەها 55 هەزار و 243 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون.  

هاوڵاتی لە رووداوێکی دەگمەن و سەیر رۆبۆتێکی کۆمپانیای تسێلا  پەلاماری ئەندازیارێکی کۆمپانیاکەی دا. پەلامارەکەش لە کاتێکدا بووە کە بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە کۆمپانیای (گێگا تەکساس) ی سەر بە کۆمپانیای تسێلا بانگهێشتی کۆمپانیاکە کرا بوو . هەر بە پێی وتەی شایەتحاڵەکانی ناو کۆمپانیاکە لە دوای پەلاماری  رۆبۆتەکە کە تایبەتە بە گواستنەوە و وەرگرتنی پارچەی ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراو لە ئەلەمنیۆم ، ئەندازیارەکە لە پشت و قۆڵییەوە بریندار بووە . شایەتحاڵەکان ئەوەشیان خستە ڕوو کە سەرەتا ڕۆبۆتەکە ئەندازیارەکەی کە  خەریکی پرۆگرامکردنی دوو ڕۆبۆتی دیکەی نزیک لە ڕۆبۆتی پەلاماردەر بوو گرتووە و دوای ئەوە بە چنگ، پشت و دەستی بریندار کردووە و خوێنێکی زۆر لە ئەندازیارەکە ڕۆیشتووە. زانیارییەکانی ئەم ڕووداوەش بە پێی رۆژنامەی دیلی مەیل لە دوای ڕاپۆرتێکدا هاتووە کە بەرز کراوەتەوە بۆ ویلایەتی ترافیس و ڕێکخەرە فیدڕاڵییەکان . جێی ئاماژەیە زاناکانی بواری تەکنەلۆژیا ماوەیەکە بەردەوام هۆشداری لەو پێشکەوتنە بەرچاوەی زیرەکی دەستکرد دەدەن و بە هەرەشەیەکی ڕاستەقینەی بۆ سەر داهاتووی مرۆڤ دەزانن.

هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەوە ڕایگەیاند سووپای ئیسرائیل خەریکی کێوماڵکردنی چەند حەشارگەیەکی ژێرزەمینن لە خان یونس، کە گومان دەکرێت یەحیا سنواری سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس خۆی تێدا حەشاردابێت. سەرچاوە ئەمنییەکە ئەوەشی وتووە کە یەکەی 98 ی سووپا بە تەواوی کۆنترۆلی خان یونسی کردووە و بە چڕی خەریکی چاودێری و گەڕانن لە ناو تونێل و دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی بزووتنەوەکە. بە بۆچوونی ئیسرائیلییەکان سنواری سەرۆکی بزووتنەوەکە لە بەرامبەر دوو بژاردەدایە کە یەکێکیان بریتییە لەوەی چاوەڕێی ئەوە دەکات تا ئەو کاتەی سووپای ئیسرائیل گەمارۆی خۆی و بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەکەی دەدەن لە حەشارگەکەی و دوای ئەوە داوای دانووستان و بەکارهێنانی بارمتە ئیسرائیلییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بكات، تا ئەو کاتەی رێگەیەکی ئەمنی بۆ دەکرێتەوە بۆ چوونە ئەو ووڵاتەی کە ڕازی دەبێت داڵدەیان بدات. بەوتەی سەرچاوەكە بژاردەیەكی دیكە ئەوەیە دوای گەمارۆدان و کۆنترۆڵکردنی تەواوی خان یونس و نەمانی ڕێگەی دەرباز بوون، سنوار خۆی ڕادەستی هێزەکانی ئیسرائیل دەکات. مانگێك لەمەوبەر بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تۆری فۆکس نیۆزی وتبوو : سەرکردەکانی حەماس و لەناویاندا یەحیا سنوار هێشتا لە کەرتی غەزەن یاخود لەناو یەکێک لە تونێلەکانی ئەو شارەن و چ زوو چ درەنگ دەستمان پێیان دەگات.

هاوڵاتی بەرپرسانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكییان وتووە حكومەتی جەنگ لە ئیسرائیل لەدواین كۆبوونەوەیاندا تاوتوێی پێشنیارێكی میسریان كردووە بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی غەززە. وەك ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی پێكردووە پێشنیارەكەی میسر پلانێكی ئاشتی لەخۆدەگرێت بۆ كۆتایی هێنان بەو جەنگەی 11 هەفتەیە بەردەوامە، بەشێك لەپێشنیارەكە ئەوەیە ڕێگا بدرێت ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەی لەغەززەن ئازاد بكرێن، لەبەرامبەریشدا 140 زیندانی فەلەستینی ئازاد بكرێن. بەوتەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پێشنیارەكە پێكهێنانی حكومەتێكی ڕاگوزەری لەكەرتی غەززە و كەناری ڕۆژئاوا لەخۆدەگرێت كە سەرجەم لایەنە فەلەستینیەكان لەخۆ بگرێت.  كۆبوونەوەی حكومەتی جەنگ لەئیسرائیل پاش ئەو فشارانە دێت بۆ ئازادكردنی 129 بارمتەی ئیسرائیلی لەحكومەت دەكرێت هاوكات بەرزبوونەوەی بەردەوامیی ڕێژەی كوژراوانی سوپا لەو ئۆپەراسیۆنە وشكانییەدا كە نزیك دەبێتەوە لە 160 ڕۆژ. هەوڵەكەی میسر و گفتوگۆی پێشنیارەكەی لەلایەن حكومەتی جەنگ لەئیسرائیل لەكاتێكدایە، لەمیانی سەردانیدا بۆ بەرەكانی جەنگ لەباكوری غەززە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند جەنگ ناوەستێت و تا كۆتایی بەردەوام دەبێت. لەوتارێكدا لەڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بنیامین ناتانیاهۆ سێ مەرجی پێشوەختی بۆ وەستاندنی شەڕ لەغەززە پێشنیار كردوووە، ئەوانیش لەناوبردنی تەواوەتی حەماس و چەكداماڵینی ئەو حزبە، هاوكات لەناوبردنی توندڕەوی لەناو فەلەستینەكاندا. لەبەرامبەردا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی لەكۆشكی سپی ئەمریكا پێشنیارەكەی میسری ڕەتكردووەتەوە ، بەپاساوی ئەوەی بوونی حەماس لەهەر حكومەتێكی كاربەڕێكەردا لەفەلەستین پێچەوانەی ئامانجی ئیسرائیلە بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو حزبەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا هۆشداریشیداوە لەوەی ئازادكردنی زیندانییە زیندانییە بەتەمەنەكانی فەلەستین ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی حكومەتە ڕاستڕەوەكەی ئیسرائیل دەبێتەوە. ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا جەختیشیكردووەتەوە پێكهێنانی حكومەتی كاربەڕێكەر لەفەلەستین لەلایەن فەتح و حەماسەوە پێویستی بە ئاشتبوونەوە و كاركردنی پێكەوەییە.  

هاوڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دەستپێشەخری زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکانی غەززەی پەسەندکرد، هەروەها داوا دەکەن هەنگاوی بەپەلە بۆ هێورکردنەوەی دۆخ و هەڵوێستە جەنگییەکان لە کەرتی غەززە بگیرێتە بەر. ئەمڕۆهەینی، 22-12-2023، پانزە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسایەک، بڕیاردرا بۆ ناردنی هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە. پڕۆژەیاساکە دەنگی 13 ئەندامی بەدەستهێنا، ئەمریکا و رووسیا دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە نەدا، بەڵام ڤیتۆشیان نەکرد.  ئەنجومەنی ئاسایش داوا دەکات ھەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ گەرەنتیکردنی گەیشتنی ھاوکاریی مرۆیی بە شێوەیەکی سەلامەت و بەبێ گرفت بۆ کەرتی غەززە. ھەر بەپێی پڕۆژەبڕیارەکە ئەنجومەنی ئاسایش، داوا لە سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە دەکات، رێکخەرێک بۆ کاروباری مرۆیی و ئاوەدانکردنەوە دابمەزرێت، لەپێناو پەلەکردن لە گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی بە مەدەنییەکانی کەرتی غەززە. بڕیاری ناردنی هاوکاریی زیاتر لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، رێکخراوی پۆلێنەکانی قۆناخی ئاسایشی خۆراک راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نێوەڕۆکەکەی پشڕاستکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، لەو کاتەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، دۆخی مرۆیی کەرتەکە بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت.  لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو خۆراک، ئاو و پێداویستییە پزیشکیانەی لە میسرەوە دەگەیێندرێنە غەززە 10٪ـی پێداویستییەکانی کەرتەکە پڕدەکەنەوە". ئاماژە بەوەش کراوە، 577 هەزار کەس رووبەڕووی "قەیرانی برسێتی کارەساتبار" بوونەتەوە و بەدەست نەبوونی خۆراک و ئاوەوە دەناڵێنن.

هاوڵاتی گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵ لە چیک دوای ئەوەی باوکی خۆی دەکوژێت ١٥ خوێندکاری زانکۆکەشی بەر دەسڕێژی گولەدەدات و دەیان کوژێت. پۆلیسی  چێک، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢١ی کانوونی یەکەم رایگەیاند،  بە هۆی دەستڕێژەوە لە کۆلێجی فەلسەفەی زانکۆی چالز، لە ناوەندی شاری پراگ، ١٥ کەس کوژراون و دەیان کەس بریندار بوون. بە پێی راپۆرتی میدیاکانی چیک، هێزەکانی پۆلیس لە ناو زانکۆکە و گۆڕەپانی نزیک زانکۆ و سەرجەم ئەو رێگایانەی ئەگەنە زانکۆکە بڵاوەیان پێکراوە. مارتین ڤووندراسک، بەڕیوەبەری پۆلیسی چێک، رایگەیاند زیاتر لە ١٥ کەس لە رووداوەکەدا مردوون و لانیکەم ٢٤ کەس بریندار بوون. بە پێی زانیارییەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە، هێرشبەرەکە خوێندکارێکی تەمەن ٢٤ ساڵی بەشی مێژوو بووە و باری دەروونی ناجێگیر بووە. ناسنامەی تەقەکەرەکە لە لایەن پۆلیسەوە ئاشکرا کراوەو ئەو کەسە ناوی دەیڤید کازاک بووە. ڤیت راکۆسان، وەزیری ناوخۆی کۆماری چێک رایگەیاند ئەم کردەوەیە پەیوەندی بە تیرۆریسمی نیودەوڵەتییەوە نییە و تەنها کاری سەرەڕۆیانەی ئەو گەنجە ٢٤ ساڵە بووە کە باری دەروونی جێگیر نەبووەو تەقەکەرەکە لە رووداوەکەدا لە لایەن پۆلیسەوە کوژراوە هەروەها بە پێی زانیارییەکانی پۆلیس، تەرمی باوکی تەقەکەرەکە پێش رووداوەکە دۆزراوەتەوە.

هاوڵاتی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا تادێت فشارەکانیان زیاددەکەن بۆ سەر ئیسرائیل کە کۆتایی بەبۆردومانە فراوانەکانی بهێنێت و قۆناغی جەنگ تەواو ببێت، ئیدارەی بایدن پەیامێکی بەگوێی بەرپرسانی ئسیرائیلدا داوە کە «دەبێت لەسەرەتاکانی ٢٠٢٤ کۆتایی بەجەنگ بێت». رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، ئیدارەی بایدن و چەند وڵاتێکی ئەوروپی دەستیان کردووە بەفشار خستنەسەر ئیسرائیل کە لەچەند هەفتەی داهاتوودا ئیسرائیل پێگەی خۆی لە «ئۆپراسیۆنی سەربازی چڕ»ەوە بگۆڕێت بۆ هێرشی دیاریکراوو بۆردومانی وردو کوشتنی سەرکردەکانی حەماس. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەکە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا کە رۆژی دووشەممە گەیشتە ئیسرائیل و جەیک سەڵیڤان، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی کەهەفتەی رابردوو سەردانی ئیسرائیلی کرد، هەردووکیان پەیامێکی روونیان بە بەرپرسانی ئیسرائیل داوە لەسەر ئەو بابەتە. بەشێوەیەکی ئاشکرا، واشنتن بەردەوامە لەپشتگیریکردنی ئامانجەکانی ئیسرائیل. دوای سەردانەکەی سەڵیڤان، جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند ئیدارەی بایدن پێیوایە «ئەم ململانێیە رەنگە چەندین مانگ بخایەنێت.» کێربی باسی لەوەشکرد ئیسرائیل و ئەمریکا تاووتوێی گۆڕانکاری جەنگیان کردووە لەئۆپەراسیۆنی چڕەوە بۆ ئۆپراسیۆنی ناچڕ. دوای کۆبونەوەی لەگەڵ یۆڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئۆستن وتەیەکی کورتی لەسەر کۆبونەوەکەیان بڵاوکردەوەو وتی کە باسیان لەئامانجەکانی جەنگ، قۆناغەکانی داهاتوو و هەروەها پارێزگاریکردن لەخەڵکانی مەدەنی کردووە. رۆژنامەی هائارتز لەزاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیل کە لەسەر کۆبوونەوەکە زانیاری پێدراوە دەڵێت کەوەزیری بەرگری ئەمریکا ئەوەی بەڕاشکاوی گەیاندووە کە قۆناغی ئێستای جەنگ، کەتێیدا هێزەکانی ئیسرائیل لەقوڵایی غەززە خەریکی ئۆپەراسیۆنی چڕن و زیانێکی زۆریان گەیاندووە، دەبێت تاسەرەتاکانی ٢٠٢٤ کۆتایی بێت. پێش ئەوەی بگاتە ئیسرائیل، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوایدا وتی لەئەزمونی وەزیری بەرگری لەئەفغانستان و عێراق پەیوەندیدارە بەو گرێکوێرەیەی ئێستا ئیسرائیل تێیکەوتووە. پێشتر لۆید ئۆستن فەرماندەی جەنگ بووە. «ئەو دەتوانیت روانگەی گرنگ لەسەر ئەو پرسانە بخاتەڕوو و هەر ئەوەش دەکات. ئەو دەیەوێت قسە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بکات سەربارەت بە رێگەشێوازی گۆڕینی قۆناغە جیاوازەکانی جەنگ»، بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وای وت. هاوکات بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی ئەمریکی، بەرپرسانی ئەمریکا بەنهێنی ئەوەیان راگەیاندووە کەدەیانەوێت قەبارەی جەنگ لەماوەی چەند هەفتەیەکدا کەم ببێتەوە. چەند بەرپرسێکی ئەمریکی ئەوەیان بۆ رۆژنامەکە ئاشکرا کردووە کە جەیک سەڵیڤان فشاری لەسەرکردەکانی ئیسرائیل کردووە کەئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی کەمبکاتەوەو لەغەززەو بەرەو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئامانج بۆدانراو هەنگاو بنێت. بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانە، سەڵیڤان هۆشداری ئەوەشیداوە کە جەنگی درێژخایەن دەبێتە هۆی ئەوەی لەداهاتوودا بەڕێوەبردنی ناوچەکانی فەڵەستین قورس بێت. بەرپرسێکی ئەمریکی کە لەدانیشتەنەکاندا ئامادەیی هەبووە ئەوەی بە رۆژنامەکە وتووە کەئیسرائیل بێچەندوچوون ئەوەی خستووەتەڕوو کە دەیەوێت لە «ئامانجەکەی» سەرکەوتن بەدەستبهێنێت کەگرتنی غەززەو لەناوبردنی حەماسە. تەنها ئیدارەی بایدن نییە کە ئەم پەیامەی بەئیسرائیل گەیاندووە لە چەندرۆژی رابردوودا بەریتانیاو ئەڵمانیا، کە بەدوو وڵاتی بەرگریکاری سەرسەختی ئیسرائیل دادەنرێن، داوای «ئاگربەستێکی جێگر»یان کرد، بەڵام ئیسرائیل وەڵامی داواکاری ئەو دوو وڵاتەی نەداوەتەوە. هاوکات واشنتن تاکە وڵاتەکە کەدژی ئاگربەستەو ئەمەش لەدەنگدانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرکەوت کە لەهەفتەی رابردوودا ئەنجامدراو ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر ئاگربەست دا. بەپێی وتەی ئەو سەرچاوە ئیسرائیلییەی کەقسەی بۆ رۆژنامەی هائارتز کردووە، داوای ئاگربەست لەلایەن وڵاتە ئەوروپییەکان و رەخنە زۆرەکانی ناو کۆنگرێس لەسەر ئیسرائیل بەئاگاداری ئیدارەی بایدنە. «بایدن بیر لەم شتانە دەکاتەوەو جارێ بەڕاستەوخۆ نایانڵێت، بەڵام قسە بۆ خەڵکانی تر دەکات و ئەوانیش بەدڵنیاییەوە پەیامەکە دەگەیەنن»، سەرچاوە ئیسرائیلییەکە کە ناوی نەهاتووە وای وت. هاوکات سیناتۆر کریس کوونس، کەیەکێک لەنزیکترین هاوپەیمانی بایدن لەکۆنگرێس، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرکوەزیرانی ئیسرائیلی بە «هاوبشیکی سەخت» ناوزەند کرد بەهۆی ئەوەی ناتانیاهۆ دژایەتی کۆنترۆڵکردنی غەززە دەکات لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوەو روانگەی بایدن لەسەر چارەسەر دوو دەوڵەتە. لەهەفتەی رابردوو، کریس کوونس بەکەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی راگەیاند، ناتانیاهۆ «هەموو شتێک دەکات کە لەدەسەڵاتیدا بێت بۆ لەباربردنی روانگەیەکی ئەرێنی سەبارەت بەپرسی ئاشتی بۆ ئیسرائیل». کریس کوونس کەسیناتۆرێکی دیموکراتی جولەکەیە باسی لەوەکرد کە بایدن «بێزاربووە لەجەنگە بێسنورەکەی بیبی [ناتانیاهۆ]» و هۆشداری ئەوەیدا کەدەبێت «بۆردومانەکان بەشێوەیەکی فراوان سنورداربکرێن ئەگەر نا ئیسرائیل هاوڕێ راستەقینەکەی لەدەستدەدات». شیکەرەوان گومانیان هەیە لەوەی ئیسرائیل بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لەوکاتەی ئەمریکا بۆی دیاریکردووە، بەتایبەتی ئەگەر ناچاربکرێت ئۆپەراسیۆنەکەی تاکۆتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو سنوردار بکات. «ئەگەر ئێستا جەنگ کۆتایی پێ بهێنین، ئەوا دەبێتە شکستێکی خراپ بۆ ئیسرائیل»، جیۆرا ئیلاند، جەنەڕاڵێکی پێشووی سوپای ئیسرائیل ئەمەی بە رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ وتووە. ئیلاند دەشڵێت کەپێیوانییە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و پشتبەستن بەهێرشە ئاسمانی و پەلاماری کۆماندۆیی سەرکەوتوو بێت لەڕیشەکێشکردنی حەماس. رۆژی سێشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند «هێرشی بەئامانجگیراو»ی لە خان یونس ئەنجامداوەو بنکەیەکی عەمبارکردنی چەک و تەقەمەنی حەماسی دۆزیوەتەوە. حاتم سالم، کە لەگەڕەکی ئەلدەراج لەغەززە دەژی بەرۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵی راگەیاندووە کە چەندرۆژی رابردوو زۆر سەخت بووە بۆ ئەو دانیشتوانانەی غەززە کە ماونەتەوەو نەڕۆیشتوون. «گولـلەتۆپی تانکەکان نە بەڕۆژ نە بەشەو نەوەستاون، ئێمە لیرە دەژین بچین بۆ کوێ؟ سوپای ئیسرائیل پەیام دەنێرێت بۆ خەڵک کە بچن بۆ پەناگەکان، کام پەناگانە؟»، سالم وای وت. بەپێچەوانەی ئەوکاتەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیلی داناوە بۆ کۆتایهێنان بەجەنگ، جەنەڕاڵەکەی پێشووی سوپای ئیسرائیل پێیوایە جەنگ درێژە دەخایەنێت. «لەئێستادا، پێموانییە نزیک بین لەسەرکەوتن لە خان یونس، رەنگە چەند هەفتە یان زیاتری پێبچێت»، جیۆرا ئیلاند وای وت.

هاوڵاتی به‌ تۆمه‌تی یاخیبوون و هه‌وڵدان بۆ هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، دادگای باڵای فیدراڵی ویلایه‌تی كۆلۆرادۆی‌ ئه‌مریكا بڕیاری‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا، شایسته‌ی‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خۆی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌ت ئه‌مریكا كاندید بكات و له‌ مافی‌ خۆكاندیدكردن بێبه‌شی‌ كرد. ستیڤن چونگ وته‌بێژی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی تره‌مپ ڕایگه‌یاند، "ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دادگای باڵای ویلایه‌تی كۆلۆرادۆ بڕیارێكی ته‌واو كه‌موكوڕی ده‌ركرد، ئێمه‌ش به‌ خێرایی ڕو له‌ دادگای باڵای ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی داوای ڕاگرتنی ته‌واوه‌تی ئه‌م بڕیاره‌ دژه‌ دیموكراسییه‌ بكه‌ین". دادوه‌رانی‌ دادگای باڵای كۆلۆرادۆ پشتیان به‌ هه‌مواری 13ـه‌مینی ده‌ستوور به‌ستووه‌، كه‌ ئاماژه‌وه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌سێك هه‌وڵی یاخیبوون و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ بدات به‌ واتای ناپاكی به‌رامبه‌ر وڵات دێت، هه‌مواره‌كه‌ مافی ئازادی راده‌ربڕینیش گه‌ره‌نتی ده‌كات، له‌كاتێكدا دادگاكه‌ پێیوایه‌ دۆناڵد تره‌مپ له‌ رووداوی 6ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2021 و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر بینای‌ كاپیتۆڵ‌ "كۆنگرێس" له‌ واشنتن دی سی هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی داوه‌. جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی دادگاكه‌ تا 4ی مانگی‌ داهاتوو، كه‌ واده‌ی كۆتاییهاتنی واده‌ی تانه‌دانه‌ لێی له‌به‌رده‌م دادگای باڵای ئه‌مریكا، ڕاده‌گیرێت. هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا بڕیاره‌ له‌ مانگی (تشرینی دوه‌م/11)ی 2024 به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تره‌مپ و بایدن و ژماره‌یه‌ك كاندیدی دیكه‌ له‌ كێبڕكێدان و له‌ئێستاشه‌وه‌ به‌نافه‌رمی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیان ده‌ستپێكرده‌وه‌.

هاوڵاتی کاترین لۆکۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی ئیسرائیلی کرد و خوازیاری ئاگربەستی نوێ و جێگێر بوو لە کەرتی غەزە. لە وەڵامدا ئێلی کۆهن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەرجۆرە داواکارییەک بۆ راگرتنی جەنگی بە هەڵە ناوبرد. کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رۆژی یەکشەممە ١٧ی کانوونی یەکەم، دوای دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ئێلی کۆهن و لە تێل ئەڤیڤ، لەگەڵ ئەوەی داوای راگرتنی جەنگی کرد وتی، پاریس نیگەرانە لەوەی کە ژمارەیەکی زۆر کەسانی مەدەنی و سڤیل لە غەزە دەکوژرێن و خوازیاری ئاگربەستی نوێ و جێگیرە لە ئێستادا. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جارێکیتر هەڵوێستی دەوڵەتی ئیسرائیلی لەمەڕ ئاگربەست دووپات کردووەو ئاگربەستی بە هەڵە ناوبرد و وەک دیارییەک بۆ حەماس باسی لە ئاگربەست کرد. لە داوا کارییەکی هاوشێوەدا، وەزیری دەرەوەی دوو وڵاتی بەریتانیا و ئەڵمانیا داوایان لە ئیسرائیل کرد قایل بێت بە ئاگربەستی نوێ و جێگیر لە ئێستادا. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و ئەڵمانیا رایانگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئەو مافە بۆ ئیسرائیل بە رەوا ئەزانین کە مەترسییەکانی حەماس کەم بکاتەوە، بەڵام نیگەرانین لە ژمارەی زۆری کوژراوانی مەدەنی و سڤیل لەم جەنگەدا. دەیڤید کامێرن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە هەڵوێستێکی نوێدا، لە وتارێکی هاوبەشیدا لەگەڵ ئانالنا بائیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، نووسی :" ئامانجی ئێمە ئەوە نییە کە تەنها کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت لە ئێستادا. بەڵکوو دەخوازین ئاشتییەک سەقامگیر بێت کە ئەو ئاشتییە بۆ رۆژان و ساڵان و جیلەکانی داهاتوو بمێنێتەوە، کەوایە ئێە پشتیوانی لەئاگر بەست ئەکەین، بەڵام بەو مەرجەی جێگیر و بەردەوام بێت.

هاوڵاتی  ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ئێزیدی دانیشتووی ئەمریکا بە سەرکردایەتی نادیا موراد، کچە کوردی ئێزیدی براوەی نۆبڵی ئاشتی، سکاڵایەکیان دژی کۆمپانیای لافارجی فەرەنسی تۆمارکرد بەتۆمەتی "هاوکاریکردن"ی داعش لە کردەوە توندوتیژییەکانیدا لە عێراق و سوریا. ئێمێل کلۆنی، پارێزەری مافی مرۆڤ، لی ڤلۆسکی، دیپلۆماتێکی پێشتری ئەمریکا، پارێزەری ئەم دۆسیەیان گرتووەتە دەست. سکاڵاکەرەکان و بنەماڵەکانیان، لەو کەسانەن کە لە دەست داعش رزگاریان بووە. لە سکاڵاکەدا کە ئێزیدییەکان پێشکەش بە دادگای فێدراڵی نیۆیۆرکیان کردووە هاتووە، "لافارج یارمەتی کردەوە تیرۆریستیەکانی داعشی کردووە و بەشداربووە لە پیلانگێڕییەکانی داعش و پێویستە ئەم کۆمپانیایە قەرەبووی ئەو کەسانە بکاتەوە کە لە دەست داعش رزگاریان بووە." لەدوای سکاڵاکە، نادیە موراد لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، خانەوادەکەم کوژران و منیش وەک کۆیلە گیرام. هەتا ئەو رۆژەی رزگارم بوو، هەموو رۆژێک ئیستیفزاز دەرکرام و هێرش دەکرایە سەرم." نادیە موراد کە ساڵی 2018 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا دەشڵێت، "بەداخەوە لەنێو ئێزیدییەکاندا چیرۆکی من تاک نییە بەڵکو واقعی هەزارەها ژنە ئێزیدییە و لەوەش دڵتەزێنتر ئەوەیە ئەو کارەساتەی بەسەرماندا هات بە ئاگایی و پاڵپشتی کۆمپانیای بەهێزی وەک لافارج روویدا." لە مانگی ئابی 2014 رێکخراوی داعش چووە نێو شەنگالەوە و لە ئەنجامدا توندوتیژییەکی گەورەی بەرامبەر ئێزیدییەکان کرد و تێیدا پێنج هەزار کەس کوژران، ئەمە جگە لەوەی کە داعش زیاتر لە شەش هەزار ئێزیدی رفاند کە زیاتر لە نیوەیان ژنان و کچانی ئێزیدی بوون. تا ئیستا لەو شەش هەزار کەسە، زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەسیان رزگارکراون. کۆمپانیای چیمەنتۆی لافارج، لە تشرینی یەکەمی 2022 لە دادگایەکی فێدراڵی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە هاوکاری داعش و گروپە هاوشێوەکانی کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت لە سوریا درێژە بە کارەکانی بدات. وەک بەشێک لەو سکاڵایە، کۆمپانیاکە رازیبوو بەوەی 778 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە زیانلێکەوتووەکان. لافارج یەکەم کۆمپانیا بوو کە لەلایەن دادگای فێدراڵی ئەمریکاوە بەوە تاوانبار کرا کە پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان کردووە لە سوریا.