هاوڵاتی رووداوێکی تەقەکردن لە زانکۆی ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا روویداو و لانیکەم سێ کەس کوژران و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون. پۆلیس دەڵێت تەقەکەرەکە کە تەمەنی 43ساڵە خۆیشی کوشتووە. رۆژی سێشەممە، 14ـی شوباتی 2023، کریس رۆزمان، جێگری فەرماندەی پۆلیس لە زانکۆی ویلایەتی میشیگن رایگەیاند، گومانلێکراوەکە کاژێر 8:00ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە بەکاتی نێوخۆ تەقەی لەنێو کامپەسی زانکۆکەدا کردووە. دوای ئەوە، بەگوێرەی پۆلیس تەقەکارەکە بەپێ چووەتە بەردەم باڵەخانەیەکی دیکە و لەوێش دەنگی تەقە بیستراوە. دواتر، لە کۆنفڕانسێکی دیکەی رۆژنامەڤانیدا وەک رۆزمان رایگەیاند: "تەقەکەرەکە دوای ئەوەی خۆی بریندارکردووە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە". کاربەدەستێکی نەخۆشخانەکەی خوێندکارەکانی لێیە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەو پێنج خوێندکارەی لە تەقەکردنەکەدا بریندار بوون، هەموویان لە دۆخێکی سەختدا ماونەتەوە. تەقەکردنەکان نزیکەی 30 میل لە باشوری ئۆکسفۆرد لە میشیگان ڕوویدا، لەو شوێنەی کە چەکدارێکی هەرزەکار لە ساڵی 2021 تفەنگێکی بەکار هێنا کە باوکی وەک جەژنێکی کریسمەس کڕیبوو بۆ کوشتنی چوار قوتابی لە قوتابخانەی ئامادەیی لەو ناوچەیە. رۆزمان لەو بارەیەوە گوتی سەدان پۆلیسیان راسپاردووە بۆ ئەوەی ئاسایشی زانکۆکە بپارێزن. گوتیشی تائێستا پاڵنەری پشت رووداوەکە دیار نییە. بەرپرسانی میشیگن رایانگەیاندووە لەدوای رووداوەکە بۆ ماوەی 48 کاژێر هەموو چالاکییەکی زانکۆی ویلایەتی میشیگن رادەگرن.
هاوڵاتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووشەممە ڕایگەیاند، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی ڕێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات بە شێوەیەکی کاتی دوو دەروازەی سنووری زیادە لە تورکیاوە بەکاربهێنێت بۆ وەرگرتنی یارمەتی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە لە ناوخۆی سوریا. ئاژانسی هەواڵی فەڕمی سوریا سانا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە وتی: سەرۆک ئەسەد پێویستی هێنانی هاوکاری بەپەلەی بۆ هەموو ناوچەکانی سوریا دووپاتکردەوە، لەوانە ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە ژێر داگیرکاری و هەژموونی گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکانەوە. ئەم ڕاگەیاندنە دوای چەند کاتژمێرێک دوای کۆبوونەوەی مارتن گریفیتس، بەرپرسی مرۆیی ناوبراو لەگەڵ ئەسەد و بەرپرسانی باڵای سوریا لە دیمەشق هات، گریفیتس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوای کردووە ڕژێمی سوریا ڕێگەی زیاتر بۆ مرۆڤدۆستان بکاتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە زۆر لایەنەوە کەوتۆتە بەر ڕەخنە بەهۆی لاوازی و هێواشی وەڵامدانەوەی خەڵک لە ناوخۆی سوریا و بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپەچەکدارەکان و ئۆپۆزسیۆنی سوریادان. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ڕووسیا چوار خاڵی هاتوچۆی کەمکردووەتەوە بۆ تەنها یەک خاڵ کە یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات مانگانە بگاتە ٢.٤ ملیۆن سوری لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا. هاوکات لە دوای بوومەلەرزەکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بە گشتی "٥٨" بارهەڵگر لە ناوەندەکەی تورکیاوە، لە ڕێگەی دەروازەی سنووری" باب ئەلهاوە" چوونە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، کە بە شێوەیەکی سەرەکی خێمە و کەلوپەلی ناخۆراکییان هەڵگرتووە..
هاوڵاتی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکۆماری ئێران ڕۆژی سێ شەممە لەسەر داواکاری سەرۆکۆماری چین بەسەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە پەکین و و لەمیانەی کۆبوونەوەکانیاندا " ٢٠ گرێبەستی هاوکاری" لەنێوان هەردوولادا واژۆکرا. ئاژانسی هەواڵی ئیرنا ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی شاندەکانی هەردوولا بیست بەڵگەنامەی هاوکاری لە نێوان ئێران و چیندا واژۆکراوە، هەروەها سەرچاوە هەواڵییەکانی ئێرانیش ڕایانگەیاندووە سەرۆک کۆماری چین لە کۆنگرەی نەتەوەیی گەلی چین بە فەرمی بەخێرهاتنی شاندی ئێرانی کرد و ڕاستەوخۆ دوای ئەم مەراسیمەکەش دانوستانی شاندەکانی هەردوولا دەستی پێکردووە. لەم سەفەرەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەوان پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیرانی بازرگانی، ئابووری و نەوت، یاوەری ئیبراهیم ڕەئیسین، لەوبارەیەشەوە بە گوتەی تەسنیم، بە ئاماژەدان بەوەی کە پێکهاتەی سەرەکیی شاندی یاوەری سەرۆک کۆمار تیمی ئابوورییە، وتی کە "چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێرانە، بۆیە کردەوەیەکی ستراتیژی لەم سەفەرەدا لە بواری گەشەپێدان و خێراکردنی دەبێت". هەروەها بە گوێرەی ئاژانسی تەسنیم ڕێکەوتنە ئابوورییەکان ئەوە نیشان دەدات کە ئێران لەسەر ڕێگایە بۆ گەشەکردن و گەشەسەندنی کارلێکە بازرگانییەکانی لەگەڵ چیندا. ئیبراهیم ڕەئیسی و شی جینپینگ بۆ یەکەمجار لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە ئۆزبەکستان دیداریان کرد و دوای ئەوە سەرۆک کۆماری ئێران خوازیاری فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتە بوو. لەبارەی کۆبوونەوەکەشەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند،" پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بنیاتنەرانە و "دژی هیچ وڵاتێکی تر نییە". ئەم بانگهێشتەی سەررۆکۆماری ئێران لەسەر خواستی سەرۆکی چین لەکاتێکدایە، کە سەرۆکی چین لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا سەردانی سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد و زنجیرەیەک ڕێککەوتنی گەورەی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا، بەبێ ئەوەی سەردانی ئێران بکات، ئەمەش وەک هەڵوێستی چین دژی ئێران لێکدرایەوە. ئێران و چین پەیوەندییەکی بەهێزی ئابوورییان بە تایبەتی لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە، کشتوکاڵ، بازرگانی و وەبەرهێنان واژۆ کردووە، هەروەها ساڵی ٢٠٢١ هەردوو وڵات ڕێککەوتنی هاوکاری " ستراتیژیان" بۆماوەی ٢٥ ساڵ واژۆکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی هه ڵوێسته کانیان له باره ی ڕووسیا و هێرشه که ی بۆ سه ڕ ئۆکرانیا که ساڵێک له مه وبه ڕ ده ستیپێکرد، له ژێر گوشاری ڕۆژئاوادان. .
هاوڵاتی کۆمیسیۆنێک لە پورتوگال ئاشکرایکرد کە لە ساڵی ١٨٩٦ەوە نزیکەی پێنج هەزار منداڵ لە کەنیسەی کاسۆلیکی پورتوگال دەستدرێژییان کراوەتە سەر سەرەڕای ئەوەی بەشێکی ئەندامەکانی دەڵێن ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان زۆر زیاترە. کۆمسیۆنیک لیکۆڵینەوەکانی خۆی ئاشکراکردووە لەسەر دەست درێژیکردنە سەرمنداڵان لە کەنیسەی کاسۆلیکی پورتوگالدا لە دوای سەدان قوربانی کە لە کەنیسەکەدا دەستدرێژییان کراوەتەوە سەر، سەرۆکی کۆمسیۆنەکە دەڵێت" ئەو بەڵگانەی خراوەتەڕوو، قەناعەت پێکەرن و لە هەندێک شوێندا خراپەکاری بەربڵاوە". هاوکات پێشتر کەنیسەی کاسۆلیکی پورتوگال ڕایگەیاندبوو کە ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر، هەرچەندە دانانی کات و سنوردارکردنی کاتێکی تایبەت بۆ ئەو پڕۆسەیە بەو مانایەیە کە قەرەبووی یاسایی بۆ زۆربەی قوربانییەکان کاتەکەی بەسەرچووە. هاوکات پاپا فرانسیسیش بەڵێنی داوە کە کڵێساکە لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان ڕزگار بکات، هەروەها بڕیارە لە مانگی ئابدا سەردانی لیسبۆن بکات و چاوی بە قوربانییەکان بکەوێت.
بە بڕیارێکی فەرمی حکومەت لە ئێران لە (20/2/2023) نابێت رێگە بە مۆبایلی (ئایفۆن 14) و مۆدێلەکانی دواتری ئایفۆن بدرێت بچێتە ناو وڵاتەکە. بە پێی بڕیارەکە تەنانەت گەشتیارانیش ناتوانن (ئایفۆن 14) لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ ئێران و چالاکی بکەنەوە چونکە سیستمی تۆڕەکانی مۆبایلی ئەو وڵاتە رێگا بە کارکردنی ئەو جۆرە لە مۆبایلانە نادات. لە بڕیارەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە تەنانەت بە پۆست یان رەوانەکردنی لە وڵاتێکی دیکەوە نابێت ئەو مۆبایلە بگاتە ناو خاکی ئێران. پێشتر حکومەتی ئێران بڕیاری دابو ئەو جۆرە مۆبایلانەی کە نرخیان لە 600 دۆلار زیاترە نابێت بەشێوەی رەسمی لە رێگەی گومرگەوە بێتە ناو وڵاتەکەوە. بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، ئێران روبەڕوی قەیرانی قوڵی ئابوریی بوەتەوە و داهاتی کرێکارێک کە سەرجەم 30 رۆژی مانگێک کاربکات ناگاتە 150 دۆلار و ئەوەش وای کردوە توانای کڕین بەشێوەی بەرچاو دابەزێت بۆیە حکومەت بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی ئەو کاڵا و کەلوپەل و ئامێرانە دەدات کە بە ناپێویست ناویان دەهێنێت.
ئێران بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمیی و دژایەتیی ئیسرائیل، بانگهێشت کۆنفڕانسی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ناکرێت و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی رایدەگەیەنێت؛ رۆڵی وڵاتەکەی لە ئاسایشی جیهان و ناوچەکەدا گرنگە. دوای ئەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند ئێران و چین و کۆریای باکور بۆ کۆنفڕانسی ئاسایشیی میونخ (Munich Security Conference) بانگهێشت ناکرێن و وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە رەخنەی لە بەرلین گرت کە تاکلایەنە بڕیاری لەو شێوەی دژی تاران داوە. ئەمڕۆ دوشەممە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەگەر ئامانجی کۆنفڕانسی میونخ بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە و جیهانە ئەوا بانگهێشت نەکردنی ئێران هەڵەیەکی گەورەیە لە لایەن ئەڵمانیاوە. ئامادەکارانی کۆنفڕانسی میونخ ئاماژەیان بەوە کردوە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران وەک نوێنەری ئەو وڵاتە بەشداریی دەکەن چونکە رێگە بە دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان نادرێت بەشداریی لە کۆنفڕانسەکەدا بکەن. کریستۆفەر هویزگن، بەڕێوبەڕی کۆنفڕانسی میونخ رایگەیاندوە؛ بەهۆی دژایەتی ئیسرائیل و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بانگهێشت کردنی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنفڕانسەکە رەت کراوەتەوە جگە لەو وڵاتەش چین و کۆریای باکور بانگهێشت نەکراون. بڕیارە (59)یەمین کۆنفڕانسی ئاسایشیی میونخ بە بەشداریی نوێنەرانی زیاتر لە 90 وڵاتی جیهان لە (17/2/2023) لە شاری میونخ لە ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت کە بە یەکێک گرنگرترین کۆربەندەکانی جیهان بۆ پرسی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لەقەڵەم دەدرێت کە لە ساڵی (1963) دامەزراوە.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕوسیا بەرزترین ڕێژەی قوربانی هەبووە لە بەرەکانی جەنگدا . ئەم قسەیەی وەزیری بەرگری بەریتانیا لەسەر بنەمای ئەو داتایانەیە کە بەرپرسانی سەربازی ئۆکرانیا خستویانەتە ڕوو،کە تیایدا لە هەفتەی ڕابردوتا ڕوسیا بە نزیکەی ڕۆژانە 824 قوربانی هەبووە. ئەو وەزارەتە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە زیادبوونی قوربانییەکانی ڕووسیا بە هۆی چەند هۆکارێکەوە کە بریتین لە نەبوونی سەربازی ڕاهێنراو و هەماهەنگی و سەرچاوەکان لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ. هاوکات، لە پەیامە ڤیدیۆییەکەی شەوی یەکشەممەیدا ، ڤۆلۆدیمەر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ستایشی هەوڵەکانی کرێکارانی کرد بۆ گەڕاندنەوە و چاککردنی وێزدگەکانی کارەبا و وزەی وڵاتەکەی کە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکییەوە لە لایەن ڕووسیاوە لە ڕۆژی هەینیدا تێکشکێنران. وتیشی،" ئەو ڕاستییەی دوای هێرشێکی موشەکی بەوشێوەیە گەورە لەم هەفتەیەدا، بتوانین ڕۆژێکی ئاوا ئاشتییانە پڕوزەمان هەبێت، پرۆفیشناڵبوونی کرێکارانی وزەمان دەسەلمێنێت". هاوکات ڕوسیا لە کۆتایی هەفتەدا بەردەوام بوو لە تۆپبارانەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا و لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی زەوی زیاتر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، شارەکان تۆپباران دەکات. سیرهی لیساک، پارێزگاری هەرێمی دنیپرۆپتۆڤسک، ڕایگەیاند، کە لە هێرشەکەی سەر نیکۆپۆلی شاریک لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ناوچەکە، کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە هێرشه که ی ڕوسیا چوار بینای نیشتەجێبوون و قوتابخانەیەکی پیشەیی و ئاسانکاری چارەسەری ئاویان تێکداوە. سوپای ئۆکرانیاش ڕایگەیاند کە شەوی شەممە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیایان لە ناوچەی زاپۆریزهژیا و دۆنتسک تێکشکانووە. ئۆلیکسی دانیلۆڤ سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگری ئۆکرانیا شەوی شەممە بە تەلەڤزیۆنی ئۆکرانی گوت: "ڕوسیا کێشەی گەورەیان هەیە لە تەکنیکەکانیاندا بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان". له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه، لە یادی یەک ساڵەی دەستپێکی شەڕەکە نزیک دەبێتەوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دوای سەردانەکەی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بومەلەرزەکەی 6ی شوبات داوای 43 ملیۆن دۆلار دەکات بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە. تێدرۆس ئەدهانۆم گابرەیسوس، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، "ئەمڕۆ داوایەکمان بۆ تەرخانکردنی 43 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ پاڵپشتیکردنی هاوکاری بۆ تەندروستیی جیهانی کردووە." گوتیشی، ئەو بڕە بەگوێرەی زیادبوونی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە زیاد دەکات. ئەدهانۆم سەبارەت بە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریا بەهۆی ئەو بەربەستانەی کە هەبوون لە بەرامبەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان رۆژی شەممە سەردانی حەلەبی کرد و گوتی، بەرپرسانی سووریا ئامادەییان دەربڕیوە دەروازەی زیاتر لەنێوان وڵاتەکەیان و وڵاتانی دیکە بکرێنەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان هاوکات تائێستا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوبەشەکانی 110 تۆن پێداویستیی پزیشکییان بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکانی رۆژئاوی کوردستان و سووریادا دابەشکردووە. ئەمەشلەکاتێکدایە،ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆژی یەکشەممە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە "دەستبەجێ دەنگ بدات" بۆ ڕێگەپێدان وداواکردنی گەیاندنی یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆئەو ناوچانەی سوریا کە لەژێر دەستی یاخیبوواندایە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی تورکیاوە پاش بومەلەرزەی کوشندەی هەفتەی ڕابردوو. بەگوێرەی نووسینگەی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 4,300 کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و سەرووی 7600 کەسیش بریندار بوون. هەروەها بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستانەوە 29 هەزار و 605 کەسیش لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆژی یەکشەممە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە "دەستبەجێ دەنگ بدات" بۆ ڕێگەپێدان وداواکردنی گەیاندنی یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆئەو ناوچانەی سوریا کە لەژێر دەستی یاخیبوواندایە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی تورکیاوە پاش بومەلەرزەی کوشندەی هەفتەی ڕابردوو. لە ساڵی 2014ەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێر فەرمانی ئەنجومەنی ئاسایشدا توانیویەتی یارمەتیی بگەیەنێت بە ملیۆنەها کەس لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای سووریای بەڵام لە ئێستادا سنوردارکراوە بۆ بەکارهێنانی تەنها یەک دەروازەی سنووری، هەربۆیە ولایەتەیەکگرتووەکان داوای کردنەوەی سنورەکان دەکەن بۆ گەیاندنی هاوکاری. لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆیتەرز گوتی: "لە ئێستادا، هەموو کاتژمێرێک بۆ ئێمە گرنگی هەیە" "خەڵکی ناوچە زیان لێکەوتووەکان پشتیان بە ئێمە بەستووە". ئەو وتی: "ناتوانین وازیان لێ بهێنین - پێویستە دەستبەجێ دەنگ بدەین بە بڕیارێک بۆ ئەوەی دەرگای سنوری زیاتر بکرێتەوە بۆ گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەکان" "کاتی ئەوە هاتووە بە پەلە و مەبەست بجوڵێین". هاوکات ڕۆژی یەکشەممە کاروانێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە سوریا بۆ گەیاندنی یارمەتییە نێودەوڵەتیەکان لە ئێستادا ژمارەی قوربانیانی بەهۆی بومەلەرزەی کارەساتبارەوە کە لە تورکیا و سوریا کەوتبووە نزیکەی 33 هەزارکەسی تێپەڕاندووەو بەردەوامە لە بەرزبونەوە .
هاوڵاتی حکومەتی ئەرجەنتین بەهۆی گەرماوە باری نائاسایی لە 9 هەرێمی باشوور و نێوەڕاستی ئەو وڵاتە راگەیاندووە. هاوکات داوای لە هاووڵاتیان کردووە، خۆیان لەخۆدانە بەر تیشکی خۆر بەدووربگرن. بە گوێرەی ئاژانسی کەشناسیی ئەو وڵاتە، دیاردەی نیوەبازنەیی باشووری، هۆکاری گەرماکەیە و لە بەشێک لە ناوچەکانی ئەو وڵاتە 42 پلەی سلیزی تۆمارکراوە ئەوەش بە بڕی 1.7 پلە لە بەرزترین پلەی گەرمی زیاترە، کە لە دوای ساڵی 1961ـەوە تۆمارکراوە. هاوکات ئەمڕۆ لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین، پلەی گەرما 38 پلەی سلیزییە و خەڵک بۆ خۆفێنکردنەوە پەنایان بۆ کەناراوەکان بردووە. ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە ئەرجەنتین کردووە، پلەی گەرمای بۆ بەرزترین بەراورد بە 60 ساڵی رابردوو، بەرزکردووەتەوە. زانای کەشناسی ئینزۆ کامپێتێلا بە ئاگینس پرێسی گوت لە کاتێکدا کە شەپۆلی گەرمی ناوبەناو ئاساییە، گۆڕانی کەش و هەوا وای لێکردوون لە هەموو کیشوەرێکدا "بەردەوامتر و چڕتر" بن، تەنانەت لە هەرێمی پاتاگۆنیای شاخاوی ئەرجەنتینیش. جێگەیباسە ئەمساڵ بۆ جاری پێنجەمە شەپۆلی گەرمای بەهێز روو لە ئەرجەنتین دەکات و حکومەت هۆشداری دەدات لەوەی گەرماکە زیانی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵی دەگەیێنێت. ساڵی رابردووش، دیاردەی لانینا پلەی گەرمای لە تەواوی ئەرجەنتین بەرزکردەوە و بە بڕی 10 ملیار دۆلار، زیانی بە دانەوێڵەی وڵاتەکە گەیاند.
هاوڵاتی وتەبێژێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتییەکە یانس ستۆڵتنبێرگ ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە مانگی 10 تەواو دەبێت، وەکو چۆن پلانی بۆ داندراوە. ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژنامەیەک بڵاویکردەوە هەوڵی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی دەدرێت. وتەبێژی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئۆوانا لونگیسکو وتی " ئەرکەکەی سکرتێری گشتی یانس ستۆڵتنبێرگ سێ جار درێژکراوەتەوە، بۆ ماوەی نزیکەی 9 ساڵ خزمەتی کردووە." وتیشی،"ماوەی سکرتێری گشتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کۆتایی دێت و نیازی نییە داوای درێژکردنەوەیەکی دیکەی ڕاسپاردەکەی بکات". ئەمەشلەکاتێکدایە،لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژنامەی وێڵت ئەم سۆنتاگی ئەڵمانی بڵاویکردەوە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ستۆڵتنبێرگ جارێکی دیکەش درێژ دەکرێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانێتییەکە دەیەوێت جێگیریی ناو ناتۆ لە ماوەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا بپارێزێت. ستۆڵتنبێرگ لە ساڵی 2000 بۆ 2001 و دواتریش لە ساڵی 2005 ەوە بۆ ساڵی 2013 وەکو سەرۆک وەزیری نەرویج کاری کردووە، ساڵێک دوای ئەوە وەکو سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەستنیشانکرا. وەکو وەزیری دارایی و وەزیری وزەش کاری کردووە. هاوکات،تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە سەبارەت بەوەی کێ شوێنی ستۆڵتنبێرگ دەگرێتەوە، بەڵام سەرۆک وەزیری ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز و وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس لە نێو ئەو کەسانەدان کە کاندید کراون بۆ پۆستەکە.
هاوڵاتی رێکخەری فریاگوزاری خێرای نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ژمارەی قوربانیەکانی بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیا – رۆژئاوای کوردستان و سوریا دوو ئەوەندە زیاد دەبێت. مارتن گریفیتس رێکخەری فریاگوزاری خێزای نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت دەیان هەزار کەسی دیکە لە بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریادا گیانیان لەدەست بدەن و وتی، " ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە. ئەم دۆخە بە راستی وڵامێکی توندی سروشتیە. تاوەکو ئێستاش زۆر کەس لەژیر باڵەخانە داڕماوەکاندان. بۆیەش تاوەک ئێستا ئاماری راستەقینەمان رانەگەیاندووە. مارتن گریفیتس دەشڵێت، ٧٢ کاتژمێر دوای بومەلەرزەکە وەک 'کاتی زێڕین' دەزانرێت، بەڵام ئەو کاتە تیپەڕیوە و تاوەکو ئێستا هەندێک مرۆڤ هەیە کە زیندوون و دەرنەهێنراون. زەحمەتە بڕیار بدرێت، کەی کۆتایی بە هەڵمەتی رزگارکردن دەهێندرێت. ستیفان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە بەرنامەی تۆدەی رادیۆی چواری بی بی سی وتی، بۆ ئەوەی تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەنە هەندێک ناوچەی سوریا، دانوستان بەردەوامە و داوای لە وڵاتان کرد پشتیوانی و هاوکاری لەم رووەوە بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی دوایین ئامار، لە باکوری کوردستان و تورکیا، ٢٤ هەزار و ٦١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٨٠ هەزار و ٢٧٨ کەسیش بریندارن.
هاوڵاتی بەهۆی بومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا وسوریاوە، ئەرمینیا وتورکیا دوای ٣٥ ساڵ دەروازە سنوریەکانیان کردەوە، ئەو دەروازەیەش دەکەوێتە سنوری ئالیجان و ئەرمینیا لەڕیگەیەوە هاوکاریە مرۆیەکان دەگەێنێتە تورکیا. سەردار کلێچ، نێردەی تایبەتی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا وئەرمینیا لە تویتێکدا رایگەیاند، " هەمیشە ئەم هاوکاریی و بەخشندەییەی خەڵکی ئەرمینیام لەبیر دەمێنێتەوە کە خەڵکی ئەرمینیا بۆ کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتیەکانی گەلەکەمان لە ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکانی تورکیا ناردویانە". هاوکات سەردار کلێچ لە تویتەکەیدا چەند وینەیەکی بارهەڵگرەکانی ئەرمینیای بڵاوکردۆتەوە کە بە دەروازەی سنوری ئالیجاندا تێدەپەڕن و هاوکاریەکان دەگەێننە تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا ساڵی ٢٠٢١ لەڕێگەی نێردەی تایبەتیەوە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەرمینیادا داوە. دواین جار کە ئەو دەروازانە بەکارهاتبن لەلایەن تورکیا و ئەرمینیاوە، ساڵی ١٩٨٨ بوو کە بومەلەرزەیەکی وێنرانکەر بەپلەی ٦.٨ پلەی ڕێختەر باکوری ئەرمینیای هەژاند و زیاتر لە ٢٥ هەزار قوربانی لێکەوتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە تورکیا وئەرمینیا هەمیشە پەیوەندیەکانیان گرژی وئاڵۆزی تیدابووە ئەوەش بەهۆی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لەسەردەمی عوسمانیەکاندا.
جەلا هۆرێنی فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئەمریکی لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی کەنەدا و ئەمریکا، لە ئاسمانی کەنەدا، شتێکی نەناسراوی خستە خوارەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هەفتەیەک لەمەوبەر ئەمریکا باڵۆنێکی سیخوڕی چینی گومانلێکراوی خستە خوارەوە. جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا کە ڕایگەیاندووە، فەرمانی دابەزاندنی تەنەکە داوە، لە تویتێکدا نووسیویەتی، "فڕۆکەی کەنەدا و ئەمریکا بەهاوبەشی، فڕۆکەیەکی جۆری F-22ی ئەمریکیش بە سەرکەوتوویی تەقەی لە تەنەکە کردووە". هێزەکانی کەنەدا لە یوکۆن (Yukon)ئێستا پاشماوەی ئەو تەنە وەرئەگرنەوە و شیکاری دەکەن"، ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن قسەی کردووە لەسەر دوایین تەنی نەناسراو. ئانیتا ئاناند وەزیری بەرگری کەنەدا لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە لەگەڵ لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا قسەی کردووە و ئەو دووانە "دووپاتیان کردەوە کە هەمیشە پێکەوە بەرگری لە سەروەری وڵاتی خۆیان دەکەین". لێرەدا خاڵە سەرەکییەکانی ئەم چیرۆکە دەخەینەڕوو: هەفتەی ڕابردوو ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، باڵۆنە سیخوڕییە گومانلێکراوەکانی چینی خستۆتە خوارەوە کە بەشێکن لە "بەلەمێک" کە پێنج کیشوەری گرتووەتەوە. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی ئەمریکا و کەنەدا پێکەوە فڕیون بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو تەنە ببنەوە. پات ڕایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند، "سەرۆک بایدن ڕێگەی بە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا داوە کە ڕاسپێردراون بۆ فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی ئەمریکای باکوور (NORAD) بۆ ئەوەی لەگەڵ کەنەدا کاربکەن بۆ دابەزاندنی تەنێکی ئاسمانی لە بەرزایی بەرز بەسەر باکووری کەنەدا ئەمڕۆ". ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە دوو فڕۆکەی جەنگی ئێف ٢٢ مووشەکێکی جۆری AIM 9Xی تەقاندووە کە کەوتۆتە خوارەوە. کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، جۆ بایدن و جەستن ترودۆ "دەستخۆشییان لە هاوبەشی بەهێز و کاریگەری نۆراد و فەرماندەیی باکووری ئەمریکا کردووە و ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوون لە هەماهەنگییە نزیکەکانیان بۆ دۆزینەوە و بەدواداچوون و بەرگریکردن لە ئاسمانەکەمان". تەنەکە لە ئاسمانی یوکۆن (Yukon)کە هاوسنوورە لەگەڵ ئەلاسکا خراوەتە خوارەوە و هەفتەی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانیش تەنێکی دیکەیان خستە خوارەوە. سەرچاوە: 1-BBC 2-CTV News 3-Hindustan Times 4-CBC News جەلال هۆرێنی/ کەنەدا
هاوڵاتی دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا لە چواری شوبات "بالۆنی سیخوڕی" لە ئاسمانی وڵاتەکەی خستەخوارەوە، ئیدارەی واشنتۆن شەش کۆمپانیای چینی خستە لیستی رەشی هەناردەکردنەوە بە پاساوی ئەوەی کە پشتگیریان لە بەرنامەکانی باڵۆنە چاودێرییەکەی حکوومەتی پەکین کردووە. وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەو شەش کۆمپانیا چینییە بڕیاریان داوە بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی یان سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا مامەڵە بکەن. ئاماژە بەوەش کراوە لەو چوارچێوەیەدا، ئەو کۆمپانیا چینییانە زیادکراون بۆ لیستی رەشی هەناردەکردن، هەروەها باس لەوە کراوە ئەم کۆمپانیایانە پاڵپشتیی هەوڵەکانی بەرنامە ئاسمانییەکانی سوپای رزگاری گەل و بەتایبەت کەشتی ئاسمانی و باڵۆنەکانی چینیان کردووە. هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانیی نانجیانگ-ی پەکین، کۆمپانیای گرووپی تەکنەلۆجیای ئەلیکترۆنی پەیمانگای توێژینەوەی چین، ٤٨هەمین پەیمانگای توێژینەوەی چین، تەکنەلۆجیای دۆنگوان لینگکۆنگ، گرووپی زانست و تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی Eagles Men، تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی گوانگژۆ تیان-های-شیانگ و زانست و تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی Shanxi Eagles Men خراونەتە لیستی رەشەوە.