كتێبێكی "بەختیار عەلی" له لیستی باشترین ١٠٠ كتێبی سەدەی ٢١دایە، لە ئەڵمانیا
بەختیار عەلی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
- كتێبی (دواهەمین هەناری دونیا)ى نووسەری بەناوبانگی كورد بەختیار عەلی لە لیستی باشترین سەد کتێبی سەدەی بیست و یەکدایە.
- زۆربەی کتێب و نوسەرەکانی دیکەی ئەم لیستە، هەڵگرانی نۆبڵ و پسپۆڕانی باڵای بوارە فیکرییەکان و ناوە هەرە گەورەکانی جیهانی مەعریفەی ئەمڕۆن.
-(دواهەمین هەناری دونیا) لە ناو سەدان هەزار کتێب و دەیان هەزار نووسەری دونیادا، شوێنی خۆی لە ناو سەد باشترین کتێبی سەدەی بیست و یەکی دونیادا کردۆتەوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
كتێبی (دواهەمین هەناری دونیا)ى نووسەری ناوداری كورد "بەختیار عەلی"بە پێی هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانی ئەڵمانی، لە لیستی باشترین سەد کتێبی سەدەی بیست و یەکدایە لە ئەڵمانیا.
بەختیار عەلی لەپەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە؛ ئەمڕۆ ڕۆژنامەی نیو زیورخیشەر تزایتونگ NZZ، بە بۆنەی نزیکبوونەوەیان لە تێپەڕاندنی چارەکە سەدەیەک لە سەدەی بیست و یەک، لیستی باشترین 100 سەد کتێبی سەدەی 21 ی لە بوارەکانی ئەدەبیات و مەعریفەدا بڵاوکردەوە، کە چەندین لیژنەی پسپۆڕ و ڕەخنەگری ناسراو دوای ماوەیەکی درێژی کارکردن ئەم لیستەیان ئامادەکردوە.
شایەنی باسە، زۆربەی کتێب و نوسەرەکانی دیکەی ئەم لیستە، هەڵگرانی نۆبڵ و پسپۆڕانی باڵای بوارە فیکرییەکان و ناوە هەرە گەورەکانی جیهانی مەعریفەی ئەمڕۆن، بوونی دواهەمین هەناری نووسەرێکی ئێمەی کورد لەم لیستەدا شانازییەکی مێژوویی بێوێنەیە بۆ ئێستای ئێمە و بۆ مێژووی ئەدەبەکەمان.
هەڵبەت ئامادەکردنی ئەم لیستە، هەڵبژاردنە بۆ سەد باشترین کتێب، نەوەک سەد باشترین ڕۆمان، واتە کێبڕکێکە دەیان جار فراوانتر و سەختترە لەوەی تەنیا کێبڕکێی ڕۆمانەکان بێت لەگەڵ یەکدا، بەڵکو پابەندی سەرجەم چالاکییە مەعریفی و فیکرییەکانی مرۆڤە.
ئەم لیستەی (نیو زیورخیشەر تزایتونگ) لە دەڤەری زمانی ئەڵمانی و لە ئەوروپادا بە گشتی، وەک لیستی تەریبی نیۆرک تایمزی ئەمریکی سەیردەکرێت و هەردووکیان بایەخێکی جیهانیان هەیە، نیو زیورخیشەر تزایتونگ، گەورەترین ڕۆژنامەی سویسرایە و هاوشان لەگەڵ فرانکفۆرتە ئەڵگەماینەدا بە دوو گەورەترین و گرنگترین ڕۆژنامەی ڕۆژانەی ئەڵمانی زمان حیسابدەکرێن، نیو زیورخیشەر تزایتونگ هەر کۆنترین ڕۆژنامەی سویسرا نییە، بەڵکو یەکێکە لە کۆنترین ڕۆژنامەکانی دونیاش، لە ساڵی 1780 وە (واتە 244 ساڵە) تا ئێستا بەردەوام دەردەچێت، لە ماوەی چوار سەدەدا، لاپەڕە ئەدەبییەکانی شوێنی گەشە و گەورەبوونی ناوە ئەدەبییە هەرە گەورەکانی ئەوروپابوون.
لێرەدا بەم بۆنە زۆر تایبەتەوە، پیرۆزبایی لە خۆمان و لە عاشقانی ڕاستگۆی ئەدەبیاتی میللەتەکەمان دەکەین.
دواهەمین هەناری دونیا تا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی (ئەڵمانی، فارسی، عەرەبی، تورکی، ئیتالی، فەرەنسی، ئینگلیزی)، ئەمە جگە لە نوێ نوسینەوە"گۆڕین"ە کوردییەکانی بۆ (کرمانجی و بادینی).
دیارە لیستەکە لە فایلێکی تایبەتدا (50 لاپەڕەی گەورە) لە ژمارەی ئەمڕۆدا بڵاوکراوەتەوە، لێرەدا لە بەر مافی خاوەندارێتی کە پارێزراوە بۆ ڕۆژنامەکە، ناتوانین پدف ی تەواوی فایلەکە بڵاوبکەینەوە.