ئیحسان شممەری بۆ هاوڵاتی: ئەگەر ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر عێراق حكومەتەكەی سودانی هەرەس دەهێنێت
هێرشی ئیسرائیل بۆسەر عێراق هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
-هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، بارودۆخی سیاسی لە عێراقدا دەشەڵەژێنێت.
- ڕەنگە ڕووبەڕووبونەوە لە نێوان گرووپە چەكدارەكان و حكومەتەكەی سودانی بێتەئاراوە.
- هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
ئیحسان شممەری بەرپرسی ناوەندی بیرکردنەوەی سیاسی عێراق و مامۆستای سیاسەتی گشتی لە زانكۆی بەغدا رایگەیاند: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، بارودۆخی سیاسی لە عێراقدا دەشەڵەژێنێت.
شممەری لە لێدوانێكی تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند ئەگەر ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر عێراق، ڕەنگە ڕووبەڕووبونەوە لە نێوان گرووپە چەكدارەكان و حكومەتەكەی سودانی بێتەئاراوە، چونكە ناوی ئەم حكومەتەیان ناوە مقاوەمە و سودانی دەكەوێتە دۆخێكی زۆر هەستیارەوە، لەلایەك نوێنەرایەتی گرووپە چەكدارەكان دەكات لە بەرامبەریشدا لەلایەن ئەو چەكدارانەوه پەسەند ناكرێت چونكە نایانپارێزێت.
وتيشى: هێرشەكەی ئیسرائیل بارسەنگی هێزە سیاسیەكان تێكدەدات چونكە لێدانی گرووپە چەكدارەكان لە ڕووی سیاسیەوە لاوازیان دەكات، ئەمەش پاڵنەر دەبێت بۆ دروستبونی نەخشەیەكی سیاسی نوێ لەعێراقدا و هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق دەبێتە هۆی تێكچونی دۆخی ئەمنی و ئابوری ئەمەش دەبێتە بارگرانیەكی زیاتر بەسەر شانی حكومەتی عێراقەوە، رەنگە لەژێر فشاری ئابوریدا ئەم حكومەتە هەرەس بهێنێت و هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق رەنگدانەوەیەكی گەورەی دەبێت لەسەر پاشەڕۆژی حكومەتی عێراق.
رونیشیكردەوە پێناچێت هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، بەتایبەتی هەرێم هیچ بونێكیان نیە لە گرووپە چەكدارەكاندا كە هاوپەیمانی ئێرانن و هیچ بنكەیەكی ئەو گرووپانەش لە هەرێمی كوردستان بونی نیە و كوردستان زۆر دوورە لەم بابەتەوە.