هەنگاریا بەدەیان دەرفەتی خوێندن بۆ هەرێمی کوردستان ڕادهگهێنێت
دەرفەتی خوێندن لە هەنگاریا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
-(30) زەمالەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتی هەنگاریا بۆ فێرخوازانى هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ خوێندن پێشکەش بکات.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمى كوردستان (30) زەمالەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتی هەنگاریا ڕادەگەیەنێت.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا رونیكردەوە وەزارەتی خوێندنی باڵاو زەمالەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتی هەنگاریا بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026) ڕادەگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو وڵاتە (30) دەرفەتی خوێندن (10 ماستەر و 20 دکتۆرا) بۆ فێرخوازان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕادهگهێنێت.
مەرج و ڕێنماییەکان و پێشکەشکردن:
-پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
-پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگهکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت بە لایەنی کەمەوە دوو ساڵ خزمەتی کرداری هەبێت تاکوو (1/9/2025) لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
-بۆ کاندیدانی دکتۆرا، سەبارەت بە دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی، دەبێت پابەندی ئەو گرێبەستە بن کە پێشتر لەگەڵ وەزارەت ئیمزایان کردووە.
-خوێندن لەم زەمالەیە بە زمانی ئینگلیزییە، دەبێت پێشکەشکار بە لایەنی کەمەوە ئاستی زمانی ئینگلیزی (5) IELTS یان هاوتاکەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانی دیکەی توانستی زمان هەبێت کە بریتین لە (TOEFL IBT, PTE ).
-لە کاتی پێشکەشکردن بەڵگەنامە رەسەنەکان بۆ وەزارەتەکەمان پێویستە و تێستی زمان بەسەرنەچوو بێت.
-ئەو پێشکەشکارانەی دوایین بڕوانامەیان بە زمانی ئینگلیزی خوێندووە، لە کاتی پێشکەشکردنی بەڵگەنامە ڕەسەنەکان ئەگەر تاقیکردنەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزی نەبوو، داواکارییەکەی وەردەگیرێت.
-داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ خوێندن پێشکەش بکات، واتا (بۆ خوێندنی ماستەر؛ بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت، هەروەها بۆ خوێندنی دکتۆرا؛ دەبێت ماستەر و دکتۆراکەی هەمان بوار بێت).
-ئەم زەمالەیە پشتگیريی مۆڵەتی هاوڕێیەتيی هاوسەری ناکات، هەروەها پرۆسێسی وەرگرتنی ڤیزای هاوسەر و منداڵ ناکرێت.
-کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت؛ واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
-لە کاتی داواکردنی بەڵگەنامە ڕەسەنەکان، ئەگەر داواکار فەرمانبەر یان مامۆستا بوو، دەبێت نووسراوی لارینەبوون لە فەرمانگەکەی خۆیەوە پێشکەش بە وەزارەتمان بکات.
-کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی هەنگاریا، بۆ خوێندنی ماستەر مانگانە بری نزیکەی (110) یۆرۆ و بۆ خوێندنی دکتۆرا مانگانە نزیکەی (365 - 470) یۆرۆی وەک دەرماڵەی مانگانە پێ دەدرێت، هەروەها بیمەی تەندروستی و کرێی خوێندن و بەشی ناوخۆی لە زانکۆ بۆ دابین دەکرێت، بەڵام کرێی فڕۆکەی بۆ دابین ناکرێت. (بۆ وردەکاريی زياتر تکایە سەردانی مالپەری زەمالەکە بکەن).
-دوای دەرچوونی ئەنجامی بەرایی لە لایەن هەنگاریاوە، وەزارەتەکەمان لەسەر بنەمای ڕێنمايیی ژمارە (٥) ی سالی ٢٠٢١ کاندیدەکان هەڵدەبژێرێت.
-ئەگەر کاندیدی سەرکەوتوو پاشگەز بووەوە، یان داوای دواخستنی خوێندنەکەی بکات یا بەردەوام نەبوو لە خوێندن، ئەوا ناوی دەخرێتە لیستی ڕەش، جارێکی دیکە بۆی نییە داواکاری پێشکەش بە هیچ بەرنامەیەکی خوێندنی باڵا لە ناوخۆ و دەرەوە بکات.
-گەر کاندید پاشگەزبووەوە یان وازی لە خوێندنەکەی هێنا، ئەوا بڕی ئەو کەفالەیەی بەرانبەر خوێندنەکەی لە کاتی مامەڵەی مۆڵەتی خوێندن بۆ ئەوانەی فەرمانبەرن یان دەرکردنی فەرمانی وەزاريی پەیوەندیکردن بە خوێندن بۆ ئەوانەی فەرمانبەرنین پێشکەش دەکرێت، لێیان وەردەگیرێت.
-هەرکاتێک کاندید بەڵگەنامەی نادروست پێشکەش بە لایەنی هەنگاریا یان وەزارەتەکەمان بکات، ئەوا دەخرێتە لیستی ڕەش و زەمالەکەی هەڵدەوەشێندرێتەوە.
-دوامۆڵەت بۆ پێشکەشکردن بریتییە لە( 15/1/2025).
-پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ تەنیا لە رێگەی ماڵپەڕی سەرەکيی زەمالەکە (هەنگاریا) دەبێت.
-لەبەرئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ماڵپەری زەمالەکەیە، تا دەرچوونی ئەنجامی بەرایی، وەزارەتمان هیچ فایلی لەبەردەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە لە ڕێگەی ماڵپەڕی وەزارەتەکەمان، بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.