هاوڵاتی ژنە کوردێک بەناوی هێرۆ مستەفا گارگ وەک باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە قاهیرە دەستبەکاربوو دوای ئەوەی سوێندی یاسایی خوارد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە هێرۆ مستەفا گارگ سوێندنی یاسایی خوارد لەکاتی وەرگرتنی پۆسە نوێیەکەی کە باڵیۆزی ئەمریکایە لە میسر. هێرپ مستەفا گارگ لە وێنەکەدا دەردەکەوێت کە لەگەڵ دوو کچەکەی سوێندی یاسایی دەخوات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، "باڵیۆزی نوێ سەرکردایەتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکات لە قاهیرە لەکاتێکی گرنگیی پەیوەندییە ستراتیجیی و هاوبەشەکانی نیوان میسر و ئەمریکا." هاوکات ئەوەش هاتووە کە باڵیۆز گارگ کار دەکات بۆ "بەرەوپێشبردنی هەوڵە هاوبەشەکانمان بۆ سەقامگیری، ئاسایش و گەشەی ناوچەکە." هێرۆ مستەفا لە مانگی ئازاری ئەمساڵ لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەستنیشاکرا بۆ ئەرکە نوێیەکەی. پێشتر لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019 بۆ مانگی شوباتی 2023، باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە بولگاریا. هێرۆ مستەفا لەساڵی 1973 لە شاری هەولێر لەدایکبووە و لەساڵی 1976 باوکی سەرجەم خێزانەکەی بردووە بۆ ئەمریکا و داوای مافی پەنابەرێتی کردووە لە وڵاتەکە بەهۆی ئەوەی لەترسی رژێمی بەعس رایکردووە. هێرۆ مستەفا بە دیپلۆماتکارێکی دیاری ئەمریکا ناسراوە و شەش زمان دەزانێت، لەوانە ئینگلیزی، کوردی، تورکی، عەرەبی، ئیسپانی و یۆنانی. پێشتریش چەند پۆستێکی باڵای هەبووە لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە پورتوگال و هندستان، لەسەر پرسی ئەفغانستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراستیش بە گشتی لە حکومەتی ئەمریکا کاریکردووە.
هاوڵاتی فەرماندەیەکی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاندوە، هێزەکانیان پێشڕەوییان بەرەو ناوجەرگەی غەززە دەستپێکردوە، دانیشتوانی غەززەش دەڵێن، "تانکەکانی غەززە لەناو شاردا جێگیرکراون و ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر سەنتەری کەرتی غەززە دەکەن." ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردۆتەوە ، یارۆن فینکڵمان فەرماندەی هێزەکانی باشوری پاراستنی ئیسرائیل بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاندوە، دوای دەیان ساڵ، بۆ یەکەمین جار سوپای ئیسرائیلی لە ناوجەرگەی شاری غەززە شەڕ دەکات ئاماژەی بەوەشکرد، گووشارەکان زیادیانکردووە بۆ راگیرانی شەڕ، بەڵام بەردەوام دەبن تا لەنێوبردنی حەماس ودەشڵێت، یەحیا سنوار سەرکردەی حەماس لە غەززە لەشوێنێکدا دابڕێندراوە. جەنگی حەماس-ئیسرائیل مانگێکی تێپەڕاندو هیچ ئاسۆیەکی روون نییە بۆ وەستانی شەڕ لەکاتێکدا نەتەوەیەکگرتووەکان جەنگەکە بە«گۆڕستان بۆ منداڵانی غەززە» وەسف دەکات و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس کوژراون کەزیاد لەچوار هەزاریان منداڵن. ئیدرەی جۆ بایدن داوای راگرتنی شەڕ دەکات بەشێوەیەکی کاتی تاهاوکاری زیاتری مرۆیی بنێردرێت بۆ غەززە، بەڵام بەنهێنی لەهەوڵی ئەوەدایە بەبەهای زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆمب بۆ ئیسرائیل بنێرێت. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندووە بەهیچ شێوەیەک ئاگربەست راناگەیەنێت و دەڵێت، دەیەوێت کۆنتڕۆڵی غەززە بکات تاکاتێکی نادیار.
هاوڵاتی بومەلەرزەیەکی بەهێز لە شارێکی نیپاڵ رویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا. درەنگانی شەوی رابردوو بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر لە شاری جاجارکۆت لە پارێزگای کارنالی نیپاڵ روویداو و بەهۆیەوە 128 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدەها کەسی تریش برینداربوون. بەشێک لە بریندارەکان هێشتا لەژێر داروپەردووی بۆمەلەرزەکەدا ماون و بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن چاوەڕێ دەکرێت قوربانیانی روداوەکە بەرز ببێتەوە. ئەمە کوشندەدترین بومەلەرزەیە کە لە نیپاڵ رویداىیت لە ساڵی 2015ەوە کاتێک لە روداوێکی هاوشێوەدا نۆ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
هاوڵاتی سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەسەر بانگێشتی سەرۆکی فەرەنسا دەچێتە وڵاتەکە و لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2023، سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند نێچیرڤان بارزانی لهسهر بانگهێشتى فهرميى ئيمانیۆل ماكرۆن، سهرۆكى فهرهنسا سهردانى پاريس دهكات و بڕیارە باس لە پهيوهندييهكانى فهرهنسا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان و برهودان به هاوكاريى هاوبهش و دۆخى عێراق و ناوچهكه بهگشتى بکەن. هاوکات سەرۆکایەتی فەرەنسا بڵاویکردەوە کە رۆژی هەیینی کاتژمێر 1ی دوانیوەڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان ئیمانیۆل ماکرۆن لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازی لە سەرۆکی هەرێم دەکات. تا ئێستا چەند جارێک نێچیرڤان بارزانی سەردانی فەرەنسای کردووە و دواین جاریش لە مانگی تەمموزی 2019 بوو کاتێک سەردانی کۆشکی ئیلیزێی کرد و لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆبوویەوە. ئیمانیۆل ماکرۆنیش تا ئیستا جارێک سەردانی عێراق و هەرێمی وکردستانی کردووە کە لە ئابی 2021دا بوو.
هاوڵاتی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لەبارەی بارودۆخی منداڵان لە کەرتی غەززە لێدا و وەزارەتی تەندروستی غەززەش دەڵێت ژمارەی کوژراوان بۆ هەشت هەزارو 500 بەرزبۆتەوە . وهزارهتی تهندروستی له غهززه ئهمڕۆ سێشهممه ڕایگهیاند ژمارهی كوژراوانی غهززه بۆ ههشت ههزار و 525 كهس بهرزبوهتهوه و دو ههزار و 187 كهسیان ژنن. تەندروستی غەززە دەشڵێت لەناو ژمارەی کوژراواندا سێ ههزار و 542 كهسیان منداڵن هاوکات یونسێف ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند "غەززە دەگۆڕێت بۆ گۆڕستانی منداڵان، ئێمەش نیگەرانین لە زیادبوونی مردن لە نێوانیاندا لە شارەکەدا". هاوکات بە گوێرەی داتاکانی ئەو ڕێکخراوە، تائێستا 940 منداڵ لە غەززە بێسەروشوێنن و ڕۆژانە بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی غەزە، زیاتر لە 480 منداڵ دەبنە قوربانی. بەگوێرەی یونسێف منداڵان لە ئیسرائیلیش زەرەرمەندی ئەم جەنگەن و دەڵێن زیاتر لە 30 منداڵی ئیسرائیلی کوژراون، و بەلایەنی کەمەوە 20 منداڵ لە کەرتی غەزە بە بارمتە ماونەتەوە،و چارەنووسیان نەزانراوە. یەونسێف دەشڵێت، غەزە یەکێکە لەو ناوچانەی کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بە شێوەیەکی چڕ لە ناوچەیەکی ڕوبەر بچوکدا دەژین کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی تێدایە و نزیکەی نیوەیان منداڵن و لەگەڵ نەمانی ئاوی خواردنەوە هاوڵآتییان ناچار دەبن پەنا بۆ سەرچاوەی ئاوی پیس بەرن ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان یانیش خەڵک بەهۆی وشکبوونەوە و نەخۆشییەوە دەمرن، لەگەڵ ئەوەی منداڵان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت. هاوکات بە گوێرەی ئەو ڕێکخراوە توندوتیژی و شڵەژان دەتوانێت فشاری ژەهراوی دروست بکات لەسەر منداڵآن ، کە دەتوانێت دەستێوەردان بکات لە گەشەی جەستەیی و زانستی و ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی دەروونی لە هەردوو ماوەی کورت و درێژدا. تەنانەت پێش ئەم دوایین بەرزبوونەوەیە، زیاتر لە 812000 منداڵ لە غەزە، کە سێ چارەکی تەواوی دانیشتوانی ئەو وڵاتەیە، بەوە دەستنیشان کرابوون کە پێویستیان بە چارەسەر و پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە.
هاوڵاتی سەرۆکی روسیا رایگەیاند ئەمریکا بەرپرسیارە لە ناهەمواری بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆی و شوێنکەوتەکانی سودی لێدەبینن. ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەمریکا بەرپرسیارە لەو "وێرانکاری و کوشتارگەیەی" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، تاکە لایەنیش کە سود لە تێکچونی سەقامگیری جیهان دەبینن ئەمریکا و شوێنکەوتەکانین. سەرۆکی ڕوسیا لە بەیاننامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش و حکومەت و سەرۆکی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسای وڵآتەکەی وتی،" کێ ئەو ئاژاوە کوشندەیەی ڕێکدەخستووە و کێ سوودمەند دەبێت لێی، بە بۆچوونی من، ئێستا ئاشکرا بووە... ئەوە دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەمەریکا و مانگی دەستکردەکانیانن کە سوودمەندی سەرەکی ناسەقامگیری جیهان و کوشتنی فەلەستینییەکانی غەزە و پشت ڕووداوەکانی ئۆکرانیا و عێراق و سوریا بوون.." ئەوەش لە کاتێکدایە لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی روسی بە دروشمی "دژە جولەکە" هەڵیان کوتایە سەر فڕۆکەخانەی مەخاچکالای لە داغستان و بە دوای ئەو کەسانە دەگەڕان کە لە تەلئەبیبەوە سەردانی روسیایان کردبو.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگی لاڤرۆڤ وتی بۆردومانکردنی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە و مەترسی دروستکردنی کارەساتێک دروست دەکات کە لەوانەیە دەیان ساڵ بخایەنێت. وهزارهتی دهرهوهی رووسیا له چوارچێوهی راگهیهندراوێكدا داوا دهكات، ههوڵهكان بۆ درێژهدان به گفتوگۆكانی نێوان لایهنه ناكۆكهكان له رۆژههڵاتی ناوهڕاست، یهكبخرێن و هاوکات هۆشداری له ههوڵی ههڵگیرساندنی جهنگێكی دیكهی گهوره له رۆژههڵاتی ناوهڕاست دا. وهزارهتی دهرهوهی رووسیا ئامادهیی مۆسكۆی نیشاندا، بۆ بهشداریكردن له دۆزینهوهی چارهسهرێكی گونجاو بۆ ناكۆكییهكانی نێوان ئیسرائیل و فهڵهستین. ئەم لێدوانانەی ڕوسیا لە کاتێکدا دێت کە حەماس هەوڵدەدات هەشت هاوڵاتی ڕووسی-ئیسرائیلی لەنێو ئەو بارمتەیانە بدۆزێتەوە کە لە کاتی هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل گرتویانن. سێرگی لاڤارۆف باسی لەوەشکرد، " لە کاتێکدا ئێمە ئیدانەی تیرۆریزم دەکەین، بەڵام بە تەواوی ناڕازیین لەوەی بتوانن وەڵامی تیرۆریزم بدەنەوە بە پێشێلکردنی یاساکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، لەوانە بەکارهێنانی هێز بەبێ جیاوازی دژی ئەو ئامانجانەی کە خەڵکی مەدەنی لەوێن، لەوانە بارمتە گیراوەکان." لەبەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە بەگوتەی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، به گوێرهی دوایین ئاماری تهندروستی غەززە، حەوت هەزار و 326 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون . لە ریزی کوژراوە فەڵەستینییەکانشدا، دوو هەزار و 913 منداڵ و هەزار و 709 ئافرەت هەیە و هەزار و 650 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن. دوێنێ ههینی 28ـی ئۆكتۆبهری 2023، ئیسرائیل له رێگهی هێرشی سهربازی فراوان بۆسهر غهززه، دۆخی جهنگی لهگهڵ حهماسی گهیانده قۆناغێكی پڕ له ئاڵۆزی ئەمەشلە کاتێکدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای ئاگربەستێکی مرۆیی دەکات بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی.
هاوڵاتی لە نەتەوە ئەگرتووەکان پرۆژەیاسایەک بەزۆرینەی دەنگ تێپەڕی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە کە تێیدا عێراق دەنگی نەدا. لە پرۆژەیاساکەدا ١٢٠ وڵات دەنگیاندا بە بەڵێ و ١٤ وڵاتیش دژی بوون کە بریتی بوون لە ئەمریکا، ئیسرائیل، نەمسا، کرواتیا، هەنگاریا، تۆنگۆ، پاراگوای و چەند وڵاتێکی تر. هاوکات ٤٥ وڵاتیش هیچ دەنگێکی بەڵێ یان نەخێریان نەدا کە ئەمانە بەشێکی بوون: ئەڵمانیا، ئوستورالیا، فینلەندا، هندستان، عێراق، یۆنان، ئیتاڵیا، یابان، هۆڵەندا، پۆڵەندا، کۆریای باشور، سوید، تونس، ئۆکرانیا و بەریتانیا. پرۆژەیاساکە داوای بەپەلە راگەیاندنی ئاگربەست دەکات لە غەززە لەگەڵ ئازادکردنی تەواوی خەڵکی مەدەنی و پارێزگاریکردن لە دامەزراوە مەدەنی و نێودەوڵەتییەکان و کردنەوەی رێڕەوی سەلامەت بۆ هاوکاری مرۆیی. هەرچەندە پرۆژەیاساکە دەستپێشخەرییەکی سیمبولییە بەڵام پشتگیری زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەردەخات بۆ فەڵەستین لەسەروبەندی هێرشی ئیسرائیلدا.
هاوڵاتی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند دوو پێگەی هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە سوریا کردووەتە ئامانج وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی کردوویانەتە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی سوریا. لە راگەیاندراوێکدا لۆید ئۆستن دەڵێت، دوو کۆگای چەک و تەقەمەنی لە رۆژهەڵاتی سوریا کرایە ئامانج کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەکارهاتوون. بەپێی هەواڵێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا چوار هێرشی کردووەتە سەر دوو پێگە لە پارێزگای دێرەزوو و ئەو پێگانە یەکێکیان بنکەیەکی میلیشیا ئێرانییەکانە لە ناوچەی مەیادین و ئەوی تریش پێگەیەکی میلیشیاکانی سوپای پاسدارانە لە بیابانی حەلعەشارا. لۆید ئۆستن لەسەر ئەنجامدانی هێرشەکان باسی لەوە کردووە کە وەڵامی ئەو زنجیرە هێرشە سەرنەکەوتووانەی گروپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بووە کە لە عێراق و سووریا، هێزەکانی ئەمریکای لە 17ی تشیرینی یەکەمەوە کردووەتە ئامانج کە لەو هێرشانەدا بەڵیندەرێکی سەربازیی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و 21 سەربازی تریش بە سووکی برینداربوون. لەدوای 7ی ئەم مانگەوە کە حەماس هێرشی کردەسەر ئیسرائیل، هێرشەکان بۆ سەر بنەکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیکردووە و چەندین جار بە ئامانج گیراون. تەنانەت لە سەرەتایی ئەم هەفتەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا بە هاوڵاتییانی کە سەردانی عێراق نەکەن بەهۆی ناسەلامەتی وڵاتەکەوە بۆ هاوڵاتییانی ئەمریکی لەم کاتەدا.
هاوڵاتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ساتەوەختی بڕیاردان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا لەنێو چەند ئەندامێکی کۆنگرێسدا باسی لە کوردی سوریا کردووە و وتوویەتی چارەنووسیان "بە من چی؟" رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا بەشێکی لە کتێبیكی نوێ بڵاوکردووەتەوە کە ئەندامێکی پێشووی کۆنگرێس نوسیویەتی و باس لە کۆبوونەوەیەک دەکات کە جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا، رێکیخستبوو بۆ بەرگریکردن و رازیکردنی ترەمپ تا تەرکیز بخاتە سەر کوردانی سوریا کە لەو کاتەدا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی تورکیایان لەسەر بوو. کتێبەکە ئادەم کیزینجەر، ئەندامی خانەنشینی کۆنگرێس نوسیویەتی بەناوی "خیانەتکار: بەرگریکردن لە دیموکراسی و ئازادی لە وڵاتە پەرتەوازەکەماندا." ئادەم کیزینجەر لە کتێبەکەیدا دەڵێت لەگەڵ چەند ئەندامێکی تری کۆنگرێسدا بانگێشتکرابوو بۆ کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی تا پشتگیری هەوڵی جۆن بۆڵتن بکەن سەبارەت بەوەی ترەمپ تەرکیزی بخاتەسەر کوردانی سوریا و باس لەوە دەکات کە "هەر گەشتینە ژووری سەرۆک هەستم پێکرد کە ترەمپ نائارام بوو و بۆڵتنیش بەداماوییەوە چاوەرێی کەسێک بوو قسە لەگەڵ ترەمپ بکات." کیزینجەر لەسەر کۆبونەوەکە زیاتر دەنوسێت و دەڵێت، "بۆڵتن دەیویست بە ڕێزەوە بەردەوام بێت هەرچەندە وادیاربوو ترەمپ گوێی نەدەدا و دواتر بۆلتن لە کۆبونەوەکەدا وتی، 'کوردەکان لەپێناوی ئێمە شەڕیان کرد و مردن لە عێراق.'" دواتر کیزینجەر خۆی بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "ئەوان [کوردەکان] بەردەوام بوون لە پێدانی زانیاریی ورد لەسەر سیاسەتی ناوچەکە، هەرچییەکمان بوتایە بە کەڵک نەدەهات." لەسەروبەندی ئەم قسانەدا ترەمپ قسەکان دەبڕێت و بەپێی وتەی کیزینجەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سەبارەت بە بەرگریکردن لە کوردانی سوریا دەڵێت، "جا بە من چی؟" ئەندامەکەی پێشووی کۆنگرێس لە بەشێکی تردا باس لەوە دەکات کە دوای کۆبوونەوەکە دوو رووداو زۆر کاریگەری لێکردووە کە یەکێکیان "دەموچاوی بێهیوایی بۆڵتن بوو کاتێک ترەمپ نەیدەتوانی تەرکیز بکات و دووەمیشیان وەڵامەکەی ترەمپ بوو کە لەسەر کوردانی سوریا وتی 'جا بە من چی؟'" دواجار ترەمپ فرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای دەرکرد و لە 7ی تشرینی یەکەمی 2019 بەشێکی زۆری سەربازانی وڵاتەکە لە باکوری سوریا کشانەوە ئەمەش رێیخۆشکرد بۆ ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" تورکیا کە دوای دوو رۆژ رایگەیاند و ماوەی دوو هەفتەی پێچوو. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تورکیا بەشێکی زۆری خاکی رۆژئاوای کوردستانی داگیرکرد و دەستیگرت بەسەر سەرێکانی و گرێسپی و چەندین ناوچەی تر. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کاردانەوەی جیهانی بەدوایخۆیدا هێنا و رەخنەیەکی زۆر لە دۆناڵد ترەمپ گیرا کە ئەوکات سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە جیهاندا ئەو هەڵویستە وا لیکدرایەوە کە خیانەت لە کورد کرابێت جارێکی تر و دەوترا "خەنجەرێک لە پشتەوە لە کورد" دراوە. هیزەکانی سوریای دیموکرات لەساڵی (هەسەدە) لە ساڵی 2015 لەسەر دەستی ئەمریکا دروستبوون و بوونە بەشێکی گرنگ لە تێکشکانی داعش و دواتریس وەک هاوپەیمانێکی گرنگی واشنتن لێ دەرواندرا و تا ئێستاش بە هەمان شێوەیە. لەدوای کشانەوەی هێزەکانی و لەسەروبەندی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە تەنها چەند سەربازێکی کەمیان هێشتووەتەوە و تەنها "پارێزگاری لە نەوتەکە" دەکەن و "کاتی ئەوەیە کۆتایی بهێنین بەو جەنگە کۆتاینەهاتووە گاڵتەجاڕانە." لە چەند لێدوانێکی تریشدا کە زۆر شۆکهێنەر بوو بەلای چەدین سیاسەتەمەدار و شیکەرەوەی سیاسییەوە ئەوە بوو کە وتی، کوردەکان "لە جەنگی دووەمی جیهانی یارتمەتییان نەداین." جۆن بۆڵتن لە ئازاری 2018 وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەستبەکاربوو و دواتر بەهۆی ناکۆکییەکانییانەوە، ترەمپ لە ئەیلولی 2019 دوورغخستەوە. جۆن بۆڵتن لە کتێبەکەی خۆیدا باس لەوە دەکات ترەمپ گرنگی زۆری نەداوە بە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست و لەو مەترسییث تێنگەشتووە کە تورکیا یان ئێران دروستی دەکەن لە ناوچەکەدا.
لە شارێکی ویلایەتی مەینی ئەمریکا پیاوێک تەقەی هەڕەمەکی بەناوی خەڵکدا دەکات و لەئەنجامدا 15 بۆ 20 کەس دەکوژێت و 50 کەسی تریش بریندار دەکات. لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە پیاوێک دەچێتە ناوچەیەکی حەوانەوە لە شاری لوسیتن لە ویلایەتی مەینی ئەمریکا کە رێستۆرانت وسەنتەری یاری بۆڵینگ و چەندین لایەنی تەرفیهی تر لەخۆدەگرێت، دەست دەکات بە تەقە کردن و لە ئەنجامدا 15 بۆ 20 کەس دەکوژێت و 50ی تریش بریندار دەکات. میدیاکانی ئەمریکا ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە لەسەر ژمارەی قوربانییان و بەشێکیان ژمارەی کوژراوەکان بە 15 کەس و بەشێکی تریان بە 20 کەس دەخەمڵێنن و هەندێکی تریش دەڵێن نزیکەی 22 کەس کوژراون. پۆلیسی شاری لویستن کەسێکی دەستنیشانکردووە کە گومان دەکرێت تۆمەتباری رووداوەکە بێت بەناوی رۆبەرت کارد کە تەمەنی 40 ساڵە. لە بەڵگەنامەیەکی پۆلیسدا هاتووە کە رۆبەرت کارد لە هاوینی ئەمساڵ بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی ماوەتەوە. تا ئێستا رۆبەرت کارد نەدۆزراوەتەوە و پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت. بەهۆی رووداوەکەوە پۆلیس داوای لە خەڵکی شارەکە کردووە لەماڵەوە نەیەنە دەرەوە و لە سەرجەم قوتابخانەکانیش بەهۆی رووداوەکەوە پشوو راگەیاندرا. ئەمریکا بەدەست دیاردەی چەک هەڵگرتن و کوشتنی هەڕەمەکییەوە دەناڵینێت و ساڵانە خەڵکێکی زۆر لەو جۆرە رووداوانەدا دەکوژرێن. بەپێی ئامارێکی سکای نیوز، بەشێوەیەکی تێکراێی لەساڵی 2014ەوە ساڵانە زیاتر لە 39 هەزار کەس لە ئەمریکا لە رووداوی تەقەکەکردندا کوژراون.
هاوڵاتی بزووتنەوەی حەماس دوو بارمتەی دیکەی ئازادکرد کە لە غەززە لە فەلەستین دەست بەسەر کرابوون. خاچی سووری نێودەوڵەتیی پشتڕاستیکردەوە بزووتنەوەی حەماس دوو ژنی بارمتەی دیکەی ئازادکرد کە لە غەززە لە فەلەستین دەست بەسەر کرابوون و ئەو ڕێکخراوە بەشداربوون لە پرۆسەی ڕزگارکردنیان و ئەمشەو لە غەزەوە گواستراونەتەوە. هەر لەو بارەیەوە وتەبێژی لیواکانی قەسامی سەر بە بزتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئەو دو بارمتەیەی لە ماوەی رابردو لەلایەن ئیرسائیلەوە رەتکرایەوە وەریبگرنەوە بە ناوەکانی نوریت ئیزحاک و یۆهید لیفشیتەزمان ،ئەمڕۆ ئازادکران و وەرگیرانەوە. ئەو وتەبێژە وتیشی" ئیسرائیل لە ڕۆژی هەینیەوە ڕەتی دەکاتەوە پێشوازییان لەو بارمتانە بکاتەوە بەڵام ئێمە بڕیارماندا ئازادیان بکەین لەسەر بنەمای مرۆیی و تەندروستی." بەمەش ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان تا ئێستا دەگاتە چوار لە کۆی گشتی 222 کەس، پێشتریش دایک و کچێکی بە ڕەگەز ئەمریکی-ئیسرائیلی جودیث و ناتالی ڕەنان ڕۆژی هەینی لە لایەن حەماسەوە ئازادکران. هاوکات بە پێی ئەو زانیارییانەی میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردۆتەوە نزیکەی 50 هاوڵاتی بیانی و دوو ڕەگەز کە لەناو بارمتەکاندان ئەگەری ئازادکردنیان هەیە بە نێوەندگیری قەتەر، سەرچاوەکان باسلەوەشدەکەن گفتوگۆکان بەردەوامن سەبارەت بە ئازادکردنی تەواوی هاوڵاتییە مەدەنییەکانی ناو بارمتەکانی لای حەماس بەڵام هێشتا هیچ پێشکەوتنێکیان نییە. هێرشەکانی ئیسرائیل لەدوای ئەو هێرشەی حەماس دەستیپێکرد کە لە 7ی ئەم مانگە ئەنجامیدا بۆ سەر ئیسرائیل و تێیدا چەکدارانی حەماس چوونە نێو وڵاتەکەو نزیکەی 222 بارمتەیان دەستگیرکرد هاوکات حەماس باس لە ئازادکردنی بارمتەی زیاتر دەکات لە بەرامبەر ئاگربەست و هاتنی هاوکاری زیاتر بۆ غەزە و ئیسرائیل ڕەتی دەکاتەوە هەر ئاگربەستێک هەبێت لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی چڕتر دەکاتەوە.
هاوڵاتی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پرۆتۆکۆڵی بەشداری سویدی لە ناتۆ واژوو کرد. سەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی بڵاویکردەوە: "پرۆتۆکۆڵی بەشداری سوید لە ناتۆ، لە بەرواری ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لەلایەن سەرککۆمار، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان واژوو کرا و ڕەوانەی پەرلەمان کرا". دوای ئەوەی یاداشتنامەکە گەشتە دەست سەرۆکایەتی پەرلەمان دواتردەننێررێتە لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایش و بەرگری. دوای پەسندکردنی لەلایەن لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایش و بەرگری رۆژێک بۆ دەنگدان لەسەر یاداشتنامەکە لەلایەن ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا دیاریدەکرێت و دەخرێتە دەنگدان. لە ماوەی رابردو بەهۆی رێکخستنی چالاکییەک و سوتاندنی قورئان تێیدا و پشتیوانیکردنی پۆلیس لە چالاکییەکە، ناکۆکی لەسەر بە ئەندامبونی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ دروستبو، تورکیا کە یەکێکە لە ئەندامانی ئەو هاوپەیمانێتییە رازی نەبو واژۆ لەسەر پەیوەندیکردنی ئەو وڵاتە بکات. هاوپەیمانێتی باکوری ئەتلەسی "ناتۆ" لە 31 ئەندام پێکدێت و زۆربەیان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپان، بۆ پەیوەندیکردنی وڵاتێکی نوێ بەو هاوپەیمانێتییە پێویستە هەر 31 ئەندامەکە رازی ببن، لە ئێستادا تەنها تورکیا و هەنگاری ماون واژۆ لەسەر پەیوەندیکردنی سوید بە هاوپەیمانێتی ناتۆوە بکەن.
هاوڵاتی باڵی سەربازی سەر بە بزووتنەوەی حەماس ناسراو بە کەتائیبی قەسام رایگەیاند، بە هۆکاری مرۆیی، دوو بارمتەی ئەمەریکی کە دایک و کچێکن ئازادکردووە. رۆژی هەینی (20ـی تشرینی یەکەمی 2023) بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بە نێوەندگیری قەتەر، دوو بارمتەی ئەمەریکییان ئازاد کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستی و هۆکاری مرۆیی. حەماس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئازادکردنی ئەو دوو بارمتە ئەمەریکییە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ هەوڵەکانی قەتەر، کە نێوەندگیری دەکات لە نێوان حەماس و ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییان لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون. ئەوەشی خستەڕوو، بە ئازادکردنی ئەو دیلانە دیانەوێت وەڵامی سەرجەم ئەو دەنگۆ ناڕاست و چەواشەکارییانە بدەنەوە کە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لەبارەی بزووتنەوەی حەماسەوە بڵاویدەکەنەوە. وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس راشیگەیاند، نزیکەی ٢٥٠ دیلیان لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی کەرتی غەززە دەستبەسەرکردووە و لەو ژمارەیەش ٢٢ دیلیان بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیانلەدەستداوە، لەئێستاشدا ١٩٩ دیل لەلایان دەستەبەسەرە. رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی. لەو هێرشەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل لەکاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێکی موزیک بوو، لەو رۆژە و لە هێرشەکانی رۆژانی دواتر، ژمارەیەک زۆر هاوڵآتی لە هەڵگری رەگەزنامەی جیاواز بە بارمتە گرت، لە نێویاندا، هاووڵاتی و سەربازی ئیسرائیلیش هەیە. لەم پەیوەندەدا بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 13 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، سێ هەزار و 785 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 13 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، پێوستە لایەنگرانی حەماس لە وڵاتەکەی دیپۆرتبکرێنەوە و دەشڵێت، لە نزیکەوە چاودێری ھەڕەشەکان دەکەن لە وڵاتەکەیاندا. نانسی فایسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر توانایان ھەبێت پێویستە بە زووترین کات لایەنگرانی حەماس لە ئەڵمانیا دیپۆرت بکەنەوە. ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لەئێستادا لە نزیکەوە چاودێری ھەڕەشەکان دەکەن، بە تایبەتی دوای ھێرشە تیرۆریستییەکەی برۆکسل، کە پەیوەندیی بە شەڕ و پێکدادانەکانی کەرتی غەززە ھەبوو. وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی لایەنگری نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینیەکان ئەگەری دروستبوونی گرژی و ئالۆزی هەیە لەلایەن لایەنگرانی بزووتنەوەی حەماسەوە و چاودێری جموجۆڵەکانیان دەکرێت و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانیش خراونەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە لەئەگەری دروست بوونی پشێوەی بتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت . پێشتریش ئاژانسی رۆیتەز لە زاری بەرپرسێکی ئەڵمانییەوە بڵاویکردەوە، لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەیە بە تایبەتی دیمەنە ئیسلامییەکان، چونکە ئەو هێرشەی لەم دواییانەدا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ئەنجامدرا ئەگەری هەیە پەیوەندی بە نیگەرانییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبێت. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردو یاری تۆپی پێی نێوان بەلجیکا و سوید بەهۆی روداوێکی تەقەکردن و کوژرانی دو هاوڵاتی سویدی راگیرا، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکاش لە بارەی روداوەکەوە وتی، "ئەوە کردەوەیەکی تیرۆرستی ترسنۆکانەبوە." ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ی راگەیاند.