وەزیری بازرگانیی توركیا سەردانی عێراق دەكات

وەزیری بازرگانیی توركیا سەردانی عێراق دەكات

4 ڕۆژ لەمەوپێش



ئامادەکردنی: هاوڵاتی


بڕیارە سبەی عومەر بۆڵات وەزیری بازرگانی تورکیا بە یاوەری شاندێكی بازرگانی توركیا سەردانی عێراق بكات لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكان "سەردانی هەریەکە لە بەغدای پایتەخت و هەروەها پارێزگای بەسڕە دەکات و بەشداری لە چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکدا دەکات".
میدیاكانی توركیا ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویانكردەوە، عومەر بۆڵات وەزیری بازرگانی تورکیا  بە یاوەری شاندێک لە کۆمەڵەی هەناردەکارانی تورکیا (TİM) و یەکێتی بەڵێندەرانی تورکیا (TMB) بە سەردانێکی دو ڕۆژە دەگاتە عێراق و پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا لەگەڵ یەکێک لە گرنگترین دراوسێکانی کە عێراقە، لە ماوەی ڕابردودا بەهێزتر بوە.
بەشداری لە چەند دیدار و کۆبونەوەیەکدا دەکات 
ئاماژەی بەوەشكرد، شاندەكەی توركیا لە ڕۆژانی 18 و 19ی مانگ سەردانی هەریەکە لە بەغدای پایتەخت و هەروەها سەردانی پارێزگای بەسڕە دەکات و بەشداری لە چەند دیدار و کۆبونەوەیەکدا دەکات کە بە دەستپێشخەری کۆمەڵەی هەناردەکارانی تورکیا (TİM) و یەکێتیی بەڵێندەرانی تورکیا (TMB) ڕێکخراوە.
لە سەردانەکەیدا بڕیارە هەناردەکاران و بەڵێندەرانی تورکیا لەگەڵ خاوەنکارە عێراقییەکان کۆببنەوە و لە چوارچێوەی کۆڕ و کۆبونەوەکاندا پەرەدان بە کاری هاوبەش
 تاوتوێ بکەن.
تورکیا هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی هەردو وڵات لە بواری بازرگانیدا بەهێز بکات بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، وەزیری بازرگانی تورکیا لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا هەوڵدەدات کە پەیوەندییەکانی هەردو وڵات لە بواری بازرگانیدا بەهێز بکات و پەرە بە ڕۆڵی کۆمپانیا تورکەکان لە عێراق بدات.
ئەوەشی خستەڕو، "وەزیری بازرگانی تورکیا لایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و، ئەسیر غرێری وەزیری بازرگانی و ڕەزاق محێبس سەعداوی وەزیری گواستنەوە پێشوازی لێ دەکرێت، هەروەها لەگەڵ ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە  کۆدەبێتەوە.
بازرگانی و وەبەرهێنان و لە نێوان دو وڵات گفتوگۆی لەسەر دەکرێت لە میانی سەردانەکەی بۆلات بۆ عێراق کە بە بەشداری بەرفراوانی خاوەنکار و بازرگانانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، ڕەهەندەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و لە نێوان دو وڵات گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بەڵێندەرانی تورکیاش بەشداری کارا دەبن لە بونیادنانەوەی ژێرخانی عێراق و لەسەرووی هەموویانەوە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کە بەندەری بەسڕە بە ڕێگەی تورکیا بە ئەورووپا دەبەستێتەوە.
ئەوە لەكاتێكدایە قەبارەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە مانگی (كانونی دوەم/1)ی ئەمساڵەوە هەتا (تشرینی دوەم/11) بەراورد بە ساڵی ڕابردو 5,3% زیادی کردوە و گەیشتووەتە 10 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار، ئاستی قەبارەی بازرگانیش بە گشتی 14 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار