هاوڵاتی ئاژانسی کۆچی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، لە نێوەی یەکەمی ئەمساڵدا 519 هەزار داواکاری پەنابەرێتی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێشکەشکراون و زۆرترینیان لە سویسرا و نەرویج بون، پێشبینیدەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی داواکارییەکان بگاتە یەک ملیۆن. ئاژانسی کۆچ لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، دواکاری پەنابەرێتی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە تایبەتی لە نەرویج و سویسرا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردو بە رێژەی 28٪ بەرزبوەتەوە. راشیگەیاند، ئەگەر داوای مافی پەنابەرێتی بەو شێوەی ئێستا بەردەوامبێت، ئەوا چاوەڕواندەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ملیۆنێک تێپەڕێنێت. ئەوەشیخستوەتەڕو، ژمارەی ئەو داواکاری پەنابەرێتیانەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا پێسکەش کراون بەرزترین رێژەیە لە ساڵی 2015 و 2016ەوە. لە ساڵەکانی 2015 و 2016 بەهۆی چەند بارودۆخێکەوە بە تایبەتی شەڕی سوریا شەپۆلێکی کۆچبەران رویان لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد و ژمارەی داواکاری پەنابەرێتی گەیشتە 1.3 ملیۆن داواکاری، لە ساڵی 2022ش ژمارەی داواکاری پەنابەرێتی 994 هەزار بوە. ھەروەھا ئاژانسی پەنابەرانی یەکێتی ئەوروپا روونیشکردووەتەوە، زۆرینەی پێشکەشکردنی داوای مافی پەنابەریەتی لەئەمساڵدا لە وڵاتانی نەرویج و سویسرا بووە لە دوای ئەوانیش ئەڵمانیان و فەڕەنسا بوون.
هاوڵاتی نرخی نەوت لەماوەی حەوت مانگی رابردوودا بۆ بەرزترین ئاستی بەرزبوویەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە رەنگە بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکرێتەوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوویەوە و کۆتایی بە پاشکەشەی دوو هەفتەی پێشووی خۆی هێنا. نرخی نەوتی خاوی برێنت یەک دۆلار و 72 سەنت بەرزبوویەوە و گەیشتە 88 دۆلار و 50 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، لەکاتێکدا نرخی نەوتی خاوی تەکساس گەیشتە 85 دۆلار و دوو سەنت دوای ئەوەی نرخەکەی یەک دۆلار و 39 سەنت زیادیکرد. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە کە پیشبینی دەکرێت سعودیە یەک ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە مانگی داهاتوودا کەمبکاتەوە و هاوکات روسیاش رازیبووە کە لەگەڵ هاوبەشانیدا لە رێکخراوی ئۆپیک بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە.
هاوڵاتی یەڤگینی پریگۆژین نزیکەی ١٠ ساڵی پێچوو تا گروپی چەکداری ڤاگنەر دروست بکات. گروپەکی ئەڤگینی بووە سەرەکیترین گروپ لەجەنگی روسیا دژی ئۆکرانیاو سەربازەکانی پریگۆژین یارمەتیدەربوون بۆ زیادکردنی هەژمونی روسیا لەئاستی جیهانیدا، لەڕێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، لەئەفریقاو سوریا. ئێستا کە یەڤگینی لەمەیدانەکە نەماوە، مردنەکەی بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین گومان لەسەر داهاتووی ڤاگنەر. شارەزایانی سەربازی و بەرپرسانی سەربازی رۆژئاوا بیر لەوەدەکەنەوە کەکێ جێگەی دەگرێتەوە و چی بەسەر ئەو چەکدارە بەکرێگیراوانەدا دێت کە پریگۆژین سەرکردایەتی دەکردن. چۆن کوژراو بۆچی کوژرا؟ یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، لەچوارشەممەی رابردوو لە کەوتنەخوارەوەی فرۆکەیەک لەهەرێمی تڤیر لەنزیک مۆسکۆ لەگەڵ نۆ سەرنشینی تر گیانی لەدەستدا. بەشێک لەسەرنشینەکان فەرماندەی باڵاو نزیکی پریگۆژین بوون. سەرەتا روسیا نکۆڵی دەکرد کە فڕۆکەکە پریگۆژینی تێدا بووبێت بەڵام دوای چەند رۆژێک لیژنەی لێکۆڵینەوەی روسیا رایگەیاند، لەڕێی پشکنینی جیناتییەوە مردنی یەڤگینی پریگۆژین لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکەی رۆژی هەیینی پشتڕاستکراوەتەوە. لەلێکۆڵینەوەی لیژنەکەدا هاتووە کە یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، مردووە ئەویش دوای ئەوەی کە «پشکنینە جیناتییەکان کۆتاییان هاتووەو ئەنجەماکەی دەریدەخات جیناتی ئەو 10 سەرنشینەی لەفرۆکەکەدا بوون هاوتان لەگەڵ لیستی ناوی ئەو کەسانەی کە لەفرۆکەکەدا پێشتر بڵاوکراونەتەوە.» ئاژانسی فرۆکەوانی روسیا پێشتر لیستی سەرنشینەکانی بڵاوکردەوە کە یەکێک لەوانە پریگۆژین بوو. مردنی پریگۆژین چەندین سیناریۆی جیاوازی دروستکردووەو دەوترێت کە دەستی روسیا خۆی تێدا بووە. تەنانەت سەرۆکی ئەمریکاو ئۆکرانیا بڕوایان وایە کە کاری روسیا خۆی بێت. یەڤگینی یەکیک بوو لەنزیکەکانی ڤلادمیر پوتن، بەڵام ئەو نزیکایەتی و هاوڕێیەتیە لەمانگی حوزەیراندا کۆتایی هات کاتێک پریگۆژین دژی فەرماندە باڵاکانی سەربازی روسیا جوڵایەوە و چەکدارەکانی لەئۆکرانیاوە بەرەو مۆسکۆ بەڕێکرد کەوەک هەڵمەتێکی «کودەتا» لیکدرایەوە و تەنانەت پوتین خۆشی رایگەیاند کە کارێکی خیانەت بوو. تەنها دوای چەند رۆژیک لەکودەتا شکستخواردووەکە، کە دواتر پوتن رێککەوتنی لەگەڵ پریگۆژیندا کردو رەوانەی بیلاڕوس کرا، سەرۆکی روسیا بەڕوونی وتی کە کارەکەی گروپی ڤاگنەر جۆرێک بوو لەخیانەت. هەرچەندە ناوی پریگۆژینی نەبرد بەڵام «رێکخەرانی یاخیبونەکەی» بە خیانەت کردن لە روسیا ناوبرد. میدیاکانی رۆژئاوا سوورن لەسەر ئەوەی کە کوشتنی پریگۆژین تۆڵەکردنەوەی پوتنە، بەڵام کۆشکی کریملن دەڵێت، کە ئەوەی رۆژائاوا دەیڵێت «گوایە پریگۆژین بە فەرمانی ئێمە کوژراوە درۆیەکی بێ چەندوچونە». هیچ بەڵگەیەک نییە کە دەستتێوەردانی کریملن و هیزە ئەمنییەکانی روسیا ببەستێەوە بەکەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە و هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکەش تائیستا نەزانراوە. چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کە قسەیان بۆ سی ئێن ئێن کردووە هۆشداری ئەوەیان داوە کەهێشتا زووە بگەیتە ئەنجام دەربارەی هۆکاری روودانی رووداوەکە، بەڵام ژمارەیەک ئەگەر رەچاو کراوەو لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت، لەوانەش دانانی بۆمبێک لەناو فڕۆکەکە کەبووەتە هۆی تێکشکانی. هاوکات سی ئێن ئێن دەڵێت، لەهەمانکاتدا هەندێک کەس کە ناویان نەهاتووەو ئاشنان بەکاری هەواڵگری بڕوایان وایە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بە ئەنقەست بووبێت و ئامانجی سەرەکی ئەوە بووبێت کە پریگۆژین بکوژرێت. پاتریک رایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن، رایگەیاندووە ئەوان زانیارییان نییە کە فڕۆکەکەی پریگۆژین بەموشەکی هێزی بەرگری ئاسمانی تێکشکابێت، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە کە بڕوایان وایە پریگۆژین کوژرابێت نەک رووداوێکی رێکەوت بێت. تەنانەت جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاو بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بەوە کردووە پوتن لەپشت تێکشکانی فڕۆکەکە بووبێت. بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن کە لەگەڵ چەند کەسێکی روسیا قسەی کردووە، بەبێ ئەوەی پلەو پۆستیان ئاشکرا بکات بەهۆی ترسیان لەئاشکرابوونیان، هەندێکیان بەڕاشکاوانە قسەیان لەسەر بابەتەکە کردووەو دەڵێن، «پریگۆژین لەلایەن پوتنەوە کوژراوە کە لەخیانەت خۆش نابێت، پوتن لەپشتی ئەم کارە بووە، رەنگە دارودەستەکەی بووبن بەڵام ئەو زانیویەتی و رەزامەند بووە لەسەری». پشتڕاستکردنەوەی گومانەکان لەلایەن میدیای رۆژئاواوە لەوە دێت کەهەندێک مدیای روسیا بڵاویانکردەوە کە ئۆکرانیا لەپشت کوشتنی پریگۆژینەوە بێت، بەڵام لەو بارەیەوە ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، «ئێمە پەیوەندیمان بەدۆخەکەوە نییە، بەڵام هەموو کەس ئەزانێت کێ پەیوەندی هەیە بەو بابەتەوە». پریگۆژین «هەندێک هەڵەی جددی کردووە لەژیانیدا» دوای رۆژێک لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە پوتن قسەی بۆ رایگشتی کردو وتی سەرکردەکەی ڤاگنەر کەسێکی «بەهرەمەند بوو» بەڵام «هەندێک هەڵەی جددی کردووە لەژیانیدا». سەرۆکی روسیا لەدەمی رابردوو دەربارەی پریگۆژین قسەی کردو وتی کە «ماوەیەکی زۆر بوو» سەرکردەکەی ڤاگنەری دەناسی. «ئەو پیاوێک بوو کە دیار بوو چارەنووسی سەخت دەبێت، هەروەها هەندێک هەڵەی جددی لە ژیانیدا کردووە و ئەوەی بەدەستهێناوە کە پێویست بووە خۆی و کە منیش داوامکردووە بۆ ئامانجێکی هاوبەش»، پوتن وای وت. دوای مردنی پریگۆژین، ڤلادمیر پوتن فەرمانێکی دەرکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕکەرانی ڤاگنەر. لەچەند رۆژی رابردوودا ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڤلادمیر پوتن فەرمانێکی نوێی دەرکردو لە رۆژی هەینیدا واژۆی کردووە کە دەبێت دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی فەرمانەکە دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی کار بۆ سوپا دەکەن سوێندی یاسایی بخۆن وەک دەربڕینی دڵسۆزی بۆ روسیاو لانەدان لەفەرمانی سەرۆکی وڵات. لەبەشێکی فەرمانەکەدا هاتووە کە ئەوانەی سوێندی یاسایی دەخۆن نابێت لەفەرمانی فەرماندەو سەرکردە باڵاکان دەربچن و پێویستە لەسەریان پەیڕەوی لەبڕیارەکانیان بکەن. بەپێی وتەی شارەزایانی بواری سەربازی، دەرکردنی ئەو فەرمانە لەلایەن پوتنەوە بۆ گروپی ڤاگنەرو گروپە میلیشیاکانی تر هەنگاوێکی روونە کە سەرۆکی روسیا دەیەوێت بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی وڵاتەوە کودەتاکەی مانگی حوزەیران کە ترسی دروست کردووە دووبارە ببنە هۆی مەترسی و جارێکی تر ترس بۆ دەسەڵاتی وڵات دروست بکەن. ڤاگنەر دوای پریگۆژین چی لێدێت؟ مردنی پریگۆژین دوای دوو مانگ لەکودەتاکە گومانی لای شارەزایان دروستکردووەو دەڵێن پوتن پێویستی بەو ماوەیە هەبووە تاجێگرەوەیەک بۆ پریگۆژین دابنێت. بینۆیت برینگەر، رۆژنامەنوس کە بەڵگەفیلمێکی لەسەر گروپی ڤاگنەر کردووە بۆ بی بی سی قسەی کردووەو دەڵێت، یەکێک لە بەربژیرە هەرە سەرەکییەکانی بۆ شوێنگرتنەوەی پریگۆژین ئەندرێی ئەڤریانۆڤە کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی هەواڵگری روسیایە. برینگەر دەڵێت، «وادیارە پوتن کاتی پێویست بووە بۆ ئەوەی بەنهێنی ئەم گۆڕانکارییە رێکبخات، ئەمەش ئەو هۆکارە رووندەکاتەوە کە بۆچی دوو مانگ وەستا تا پریگۆژین لەکۆڵ بکاتەوە». تەنانەت عەباس گالیامۆڤ، وتارنووسی پێشووی پوتن لەگەڵ ئەم قسەیەدا هاوڕایەو بۆ ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت، رەنگە بۆیە پریگۆژین رێیدرا دوای کودەتاکە لەکارەکەی بەردەوام بێت چونکە بەرپرسانی روسیا دەبوو چەند کەسێک بدۆزنەوە بۆ جێگرتنەوەی. گالیامۆڤ دەڵێت،»کات پێویست بوو بۆ دروستکردنی رێگای نوێ و میکانیزمی نوێی دەستبەسەرداگرنتی ئەو پرۆژانەی» یەڤگینی هەیەتی لەسوریا و ئەفریقاو ئۆکرانیا. شارەازیان پێیانوایە کە رەنگە ڤاگنەر دوای پریگۆژین وەک خۆی نەمێنێت و گۆڕانکاری بەسەردا بێت. ئەوان دەڵێن، رەنگە لەدۆخی مامناوەند مەودادا ئۆپەراسیۆنەکانی ڤاگنەر زۆر گۆڕانکارییان بەسەردا نەیەت، بەڵام لەدۆخی دوورمەودادا شیوازی تر وەردەگرێت. «ئەگەری بەهێز ئەوەیە ڤاگنەر جیاببێتەوە بۆ دوو گروپ، کە ئەو لایەی لە بیلاڕوسیایە و بێ سەرکردە ماوەتەوە هەڵبوەشێتەوە، پارچەکانی تر ئەوانەی کە لەدەرەوەی روسیا کاران ببنە یەک گروپ و ئامراز کە سیاسیەتی دەرەوەی روسی بتوانێت سوودیان لێوەربگرێت،» ئێمڵی فێریس توێژەر لەبواری سەربازی ئەمەی بە بی بی سی وت. رۆژنامەنوس برینگەر لەسەر نەمانی پریگۆژین و ئەو کەلەپورەی بەجێیهێشتووە دەڵێت: ڤاگنەر ئەوەی بەکریملن نیشانداوە کەچۆن سوپایەکی شاراوەی تایبەت لەدەرەوەی یاسا دەکرێت سوودبەخش بێت بۆ جەنگ و زیادکردنی هەژموونی روسیا لەدەرەوە، رەنگە ناوی ڤاگنەر نەمێنێت بەڵام چەکدارە بەکرێگیراوەکانی مەیدان و ئەو رێبازەی پریگۆژین دروستی کرد وەک خۆیان دەمێنێتەوە».
هاوڵاتی چوار ئەندامی خێزانێکی کورد لە ویلایەتی تەکساس بە مردوویی لە ماڵی خۆیاندا دۆزرانەوە کە هێشتا نازانرێت کردارەکە خۆکوژی بێت یان تاوانی کوشتن بووە. پۆلیسی شاری ئاڵنی ویلایەتی تەکساس رایگەیاند لە رۆژی دوشەممە 28ی ئابی 2023 چوار ئەندامی خێزانێکیان بە مردوویی لە ماڵەکەی خۆیاندا دۆزیوەتەوە کە دایک و باوکێک و دوو منداڵن. پۆلیس ئەوەی ئاشکرا کردووە کە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە نەیتوانیووە بۆ ماوەی دوو کاتژمیر بڕواتەوە ماڵەکەوە چونکە دەرگاکان داخرابوون بۆیە پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە و دواتر پۆلیس چوونەتە ماڵەکەوە و چوار کەسەکەیان بە مردوویی دۆزیەوەتەوە. هەندێک لە میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن ئەو کەسەی لە دەرەوە بووە نەنکی منداڵەکان بووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوی ئیسلامی شاری ئاڵن بڵاویکردووەتەوە ناوی ئەندامانی خێزانەکە بەمجۆرەیە: فەرمان شێروانی، لەیلا شێروانی، مەتین شێروانی تەمەن دوو ساڵ و شاهین شێروانی تەمەن 12 ساڵ. رێکخراوەکە دەشڵێت، سێ هەفتە لەمەوبەر خێزانەکە کچێکی تەمەن چوار ساڵیان بەناوی لیان لەدەستدا دوای ئەوەی لە مەلەوانگەیەکدا خنکا. پۆلیسی شاری ئاڵن هێشتا هۆکاری روداوەکەی نەخستووەتەڕوو بەڵام دەڵێت، رەنگە خنکانی کچەکەیان "هۆکارێک بێت" بۆ رودانی روداوەکە. عەبدولرەحمان بەشیر، سەرۆکی رێکخراوەکە کە لە هەمان کاتیشدا مزگەوتە، رایگەیاندووە کە خانەوادەی بەشیر بەدۆخێکی سەختدا تیدەپەڕین بەهۆی مردنی لیانی کچیان چونکە "ئە بارودۆخانە بۆ هیچ خێزانێک ئاسان نییە هەرچەندە ئەندامی تری خێزانەکەیان لێ نزیکبوون بەڵام ئەوان تێکشکابوون." وێنەی فەرمان شێروانی:
مستەفا زاهیدی لەچەند رۆژی رابردوودا میدیای کوردی خەڵکیان بەکەشتیوانێکی ناساوە سەرقاڵ کرد کەگوایە خەڵکی مەهابادەو کوردە، ئەو کەشتیوانە بووەتە یەکەم کورد کەگەشتی بۆشایی ئاسمان بکات، بەڵام دوای بەدواداچوونێکی وردی هاوڵاتی دەرکەوت ئەو ژنە نە کوردەو نە بنەماڵەکەشی خەڵکی مهابادن. یاسەمین موقبیلی ئەو ناوە دیارە بوو کە لەمیدیای کوردیدا بەرچاوکەوت و بەشێکی زۆر لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ماڵپەرو میدیا دیارەکان، ئەم خاتوونەیان بەکورد ناوبرد. بەشێکی زۆر لەمیدیاکان، بە بیستراوو بینراوەوە، بەو میدیایانەوە کە پشتیوانییەکی ماددی گەورەیان لەپشتە، زۆر بەپەلە باسیان لەوەکرد کە ئەم خاتوونە کوردەو خەڵکی مەهابادە. هەواڵەکە جێی گومان بوو چونکە هیچ بەڵگەیەک نەبوو بیسەلمێنێت یاسەمین کوردە، بۆیە هاوڵاتی هەوڵیدا بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات و دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەرکەوت ئەم خاتوونە نە کوردەو نە خەڵکی مەهابادە. ئاژانسی ناسا لەڕۆژی یەکشەممەی رابردوو ٢٦ی ئابی ٢٠٢٣، بڵاویکردەوە کەشتی ئاسمانی سپەیس ئێکس ٧ دراگۆن گەیشتووەتە بۆشایی ئاسمان و لەنگەری لەوێستگەی نیودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان گرتووە. ناسا بڵاویشیکردەوە کەپرۆژەکەیان نزیکەی شەش مانگ دەخایەنێت و بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس کراوە. ناسا باسی لەوەش کرد کەچوار کەشتیوان گەشتەکەیان کردووە کە یەکێک لەوان یاسەمین موقبیلییەو بەنوێنەرایەتی ناسا گەشتەکەی کردووەو ئەو سەرپەرشتی گەشتەکە دەکات. یاسەمینی تەمەن ٤٠ ساڵ پێشتر لەسوپای ئەمریکا وەک فڕۆکەوان خزمەتی کردووەو دواتر لە ٢٠١٧ چووەتە ئاژانسی ناسا. وەک خۆی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی دەڵێت، لەمنداڵییەوە خەونی ئەوە بووە ببێتە کەشتیوانی ئاسمانی. «شتەکە زۆر سەیرە چونکە لەقوتابخانە کاتێک لەکتێبی ساڵنامە هەموان ئەوە دەنووسن کە دەیانەوێت گەورە ببن، ببن بەچی، من نووسیم: کەشتیوانی ئاسمانی». چۆن دەرکەوت یاسەمین کورد نییە؟ بەپێی هەندێک بەڵگە کەدەست هاوڵاتی کەوتووە دەریدەخات کە یاسەمین کورد نییەو بنەماڵەکەشی خەڵکی مهاباد نین، تەنانەت کەسوکاری خۆشی نکۆڵی لەوە دەکەن کەکوردن. یەکێک لەبەڵگەکان کە دەریدەخات وتەی رۆژنامەنووس هەرمان وەتمانییە کە خەڵکی مەهابادەو دەڵێت نازناوی موقبیلی هەرگیز لەمەهاباد بوونی نەبووە. هەرمان وەتمانی لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، « لەماوەی یەک دوو رۆژی رابردوو هەواڵێک بەشێوەیەکی چڕوپڕ بڵاوبووەتەوە کە یەک لەو چوار کەشتیوانەی ناسا ناردویەتییە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان، ئافرەتێکی بەرەچەڵەک کوردو خەڵکی مەهابادە بەناوی یاسەمین موقبیلی. بەپێی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی وردم هەر لەچرکەساتی یەکەمەوە راستی ئەو هەواڵەم بۆ نەسەلماو تەنانەت بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوو تەواو جێی متمانە کامبەخشی باوکی و باپیرو باپیرەگەورەی بەناوی نێعمەتوڵڵا هەر خەڵکی تاران بوون و لەناوچەی نیاوەران نیشتەجێ بوون. نازناوی موقبیلیش لەمەهاباد نەبیستراوە». یەکێکی تر لەبەڵگەکان ئەوەیە کەخودی کەسوکاری یاسەمین نکوڵی لەوە دەکەن کەکوردبن. ئەفشین ئیبراهیمیان، کەچالاکوانێکی شاری مهابادە، پەیوەندی بە پژمان موقبیلی، کەسی نزیکی بنەماڵەی یاسەمین کردووە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا دایک و باوکی یاسەمین بەڕەچەڵەک کوردن، پژمان موقبیلی دەڵێت، «نەخێر کورد نین». بەڵگەیەکی تر کە دەیسەلمێنێت یاسەمین موقبیلی رەچەڵەکی کورد نییە چاوپێکەوتنیکی باوکیەتی لەماڵپەڕی کەنیسەیەک لەئەمریکا. لەماڵپەڕی ST. Pauls Episcopal Church کەماڵپەڕێکی ئایینیەو باس لەنەریتەکانی ئایینی مەسیحیەت کراوە، وتووێژێک لەگەڵ کامی موقبیلی، باوکی یاسەمین کراوە وەک کەسایەتییەکی مەسیحی و قەشەیەکی مەسیحی. کامی موقبیلی دەرباری ژیاننامەی خۆی دەڵێت، «ساڵی ١٩٥١ لەتاران لەبنەماڵەیەکی شیعە دایکبووم، باوکم پزیشک بووەو دایکم پەرەستار بووە. قوناغی سەرەتایی خوێندنم لەخوێندنگەی (کاسۆلیکی رۆمی) تەواوکردووە. دواتر بەشێوەی پیشەییانە بیناسازی و ئەندازیاری بیناسازی خوێندووە. هەر لەتەمەنی لاوییەوە رەحمەتی خودا بەسەریدا باریوە لەگەڵ مەسیحییەت ئاشنا بووە. وەک دیارە کامی موقبیلی جگە لەشوێنی لەدایکبوونی و مەزهەبەکەی هیچ زانیارییەکی تر ناخاتەڕوو کە لەچ نەتەوەیەکە و لەدیمانەکەدا دەڵێت، هەر لەم سەردەمانەدا لەگەڵ فێری کە پێدەچێت کورتکراوەی فریشتە بێت ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، ساڵی ١٩٨٠ و دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانی جێهێشتووەو چووەتە ئەڵمانیا. وەک خۆی دەڵێت، چوار ساڵ لەئەڵمانیا ماوەتەوەو دوو مناڵی بووە بە ناوەکانی کاوەو یاسەمین، کەمتر کاتی خۆی تەرخان ئەکات بۆ ئەو بوارەی کەشارەزایە تێیدا کەمەبەستی تەلارسازییە و دەست دەکات بەخوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بەمەبەستی ئاشنابوونی زیاتر بەعیساو بەدوای خودادا دەگەڕێت وەک پەناگەو هێزێکی پشتیوان. بەپێی چاوپێکەوتنەکە، ساڵی ١٩٨٣ لەسەر بانگهێشتی رێکخراوی تۆلستۆی کە رێکخراوێکی دژە کۆمۆنیستی بوون، کامی موقبیلی لەگەڵ خێزانەکەیدا روو دەکەنە ئەمریکاو لە نیویۆرک نیشتەجێدەبن و لەئێستادا چالاکێکی ئایینی مەسیحییە. پێش ئەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەمریکا، یاسەمین لە ئەڵمانیا لەدایک دەبێت. لەماڵپەڕی ناساو نیویۆرک تایمز بەوردی باس لەژیاننامەی یاسەمین موقبیلی کراوە، هەردوو سەرچاوەکە دەڵێن کە بنەماڵەکەی ئێرانین و خۆی ساڵی ١٩٨٣ لەئەڵمانیا لەدایکبووە. لەهیچ سەرچاوەیەکدا باس لەکوردبوونی ئەم خاتوونەو بنەماڵەکەی نەکراوە. هیچ زانیارییەک لەسەر بنەماڵەو رەچەڵەکی دایکی یاسەمین بەردەست نییە. تەنانەت لەئینستاگرامی خۆشی کەزیاتر لە ٢٦٥ هەزار فۆڵۆوەرسی هەیە، بەهیچ شێوەیەک باس لەکوردبوونی ناکات و باس لەئێرانیبوونی خۆشی نەکردووە. تەنها لەبەشی بایۆکەی نووسیویەتی: دایک، فرۆکەوانی هێزی دەریایی، فرۆکەوانی تاقیکاری و کەشتیوانی ناسا. تاکە سەرچاوە کەباس لەکوردبوونی یاسەمین دەکات دوو سەرچاوەن کەهیچیان باوەڕپیکراو نین و رەنگە هەواڵی میدیا کوردییەکان سەبارەت بە یاسەمین موقبیلی لەم دوو سەرچاوەیەوە هاتبێت. دوو سەرچاوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەستە کە باس لەکوردبوونی یاسەمین موقبیلی دەکەن. یەکەمیان ماڵپەڕی ویکیپیدیایە، کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت وەک سەرچاوەی متمانەپێکراو پشتی پێ ببەسترێت. سەرچاوەیەکی تر کە باس لەکوردبوونی ئەم خاتوونە دەکات، بابەتێکە لە ماڵپەڕی «عصر ایران» لەنووسینی نهال موسەوی کەدووبارە کردنەوەی زانیارییەکانی ویکیپیدیایەو هیچ شتێکی نوێ و سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی تێدا نییە کە بیسەلمێنێت ئەم خاتوونە کوردو مەهابادییە.
هاوڵاتی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە 20 هەزار کەس بەرێگای نایاسایی هاتوونەتە بەریتانیا و هەزار و 671 پەنابەری عێراقیش داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە. بەپێی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، تا سەرەتایی مانگی ئابی ئەمساڵ 20 هەزار و 100 کەس بەشێوەیەکی نایاسایی لەرێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە روویان لە بەریتانیا کردووە. ئامارەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە رێگەی قاچاخ و نایاسایی بۆ بەریتانیا کەمینەکردووە و ئەو یاسا نوێیانەی بەریتانیا دژی کۆچکردنی نایاسایی دەریکردوون نەبوونەتە بەربەست لەبەردەم کۆچبەراندا. دوای دەستبەکاربوونی ریشی سوناک لە کۆتایی ساڵی رابردوو، حکومەتی بەریتانیا چەند یاسایەکی نوێی دەرکرد دژی کۆچکردنی نایاسایی کە گرنگترینیان رێگرتن بوو لەو کەسانەی دەچنە نێو بەریتانیەوە لەرێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە. بەپێی یاساکە، کە هێشتا جێبەجێنەکراوە، ئەو کۆچبەرانە یان دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان یان رەوانەی وڵاتی سێیەم دەکرێن کە رواندایە. بەڵام بەپێی ئامارەکەی حکومەتی بەریتانیا، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا سێ هەزار و 366 پەنابەری ئەفغانی داوای مافی پەنبەرێتییان کردووە و دوای ئەوانیش ئێرانین کە سێ هەزار و 200 کەسن. هاوکات ئامارەکە دەریدەخات کە هەزار و 671 کۆچبەری عێراقی داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە.
هاوڵاتی سەرۆكایەتی فڕەنسا (ئیلیزێ) ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئەفسەرێكی هێزە تایبەتەكانی سوپای فڕەنسا لە كاتی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر بۆ پشتیوانی لە سوپای عێراق كوژراوە. كۆشكی ئیلیزێ لەپەیامێكدا بڵاویکردەوە، "ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، دوێنێ دوشەممە لە عێراق كوژرانی نیکۆلاس مازیری ئەفسەری سوپای فڕەنسای پێگەیشت، كە لە لە ئۆپەراسیۆنێكی دژە تیرۆردا كۆتایی بەژیانی هات". لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئێلیزێدا هاتووە، "سەرۆککۆمار سڵاو لە بوێریی سەربازانی فەرەنسا لە عێراق دەکات و جەختدەکاتەوە لەوەی شان بەشانی عێراق، فەرەنسا پابەندە بە شەڕی دژی تیرۆر." نیکۆلاس دەبێتە سێیەمین سەربازی فەرەنسا کە لەماوەی 11 رۆژی رابردوودا لە عێراق گیانلەدەستبدات. فەرەنسا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی داعش پشتیوانێکی دیاری هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراق بووە.
هاوڵاتی دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بەهۆی وێنەیەکەوە کە لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی ئەمریکا گیراوە حەوت ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە. میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە وتەبێژی کەمپینی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2024 رایگەیاندووە، لەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەکەی دۆنالد ترەمپ، حەوت ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەخشراوە بە کەمپینەکەیان. کەمپینەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆکردنەوەی بودجەیە تا بتوانێت ببێتە بەربژێری سەرەکی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بۆ ساڵی 2024. لە ئێستادا ترەمپ یەکێکە لە کاندیدە لەپێشینەکانی کۆمارییەکان. وێنەکەی ترەمپ پێنجشەممەی رابردوو بڵاوبوویەوە کاتێك لە بنکەیەکی پۆلیس لە شارۆچکەی فوڵتن سەر بە ویلایەتی جۆرجیا دەستبەسەر کرا و وەک تۆمەتبارێک وێنەی گیرا. دەستگیرکردنی ترەمپ بە تۆمەتی هەوڵدانیەتی لە دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2020 لە ویلایەتی جۆرجیا. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جگە لەم تۆمەتە چەندین تۆمەتی تریشی لەسەرە کە یەکێکیان هاندانی لایەنگرانییەتی بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا. ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە لە مێژوودا کە وێنەی تۆمەتباری بگیرێت لە بنکەی پۆلیسدا. بەپێی وتەی وتەبێژی کەمپینەکەی ترەمپ تا ئێستا کەمپینەکایان توانیویەتی 20 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە کە مەبەست لێی یارمەتیدانی ترەمپە بتوانێت ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2024. هاوکات ترەمپ دوای ئازادبوونی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کە پێشتر بە تویتەر ناسرابوو، داوای لە لایەنگرانی کرد کە پارە ببەخشن بە کەمپیەنەکەی لەڕیگەی فرۆشتنی تیشیرتەوە کە وێنەکەی لەسەر بێت. ئەو وێنەیەی دۆناڵد ترەمپ کە حەوت ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە:
هاوڵاتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی روسیا رایگەیاند، لەرێی پشکنینی جیناتییەوە مردنی یەڤگینی پریگۆژین لە روداوی کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکەی رۆژی هەیینی پشتڕاستکراوەتەوە. لە لێکۆڵینەوەی لیژەنەکەدا هاتووە کە یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، مردووە ئەویش دوای ئەوەی کە "پشکنینە جیناتییەکان کۆتاییان هاتووە و ئەنجەماکەی دەریدەخات جیناتی ئەو 10 سەرنشینەی لە فرۆکەکەدا بوون هاوتان لەگەڵ لیستی ناوی ئەو کەسانەی کە لە فرۆکەکەدا پێشتر بڵاوکراونەتەوە." ئاژانسی فرۆکەوانی روسیا پێشتر لیستی سەرنشینەکانی بڵاوکردەوە کە یەکێک لەوانە پریگۆژین بوو. روداوەکە لە هەیینی رابردوو رویدا و تێیدا فرۆکەیەک بە 10 سەرنشینەوە لە هەرێمی تڤێر لە نزیک مۆسکۆ کەوتەخوارەوە. پریگۆژین لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا هەڵمەتێکی ئەنجامدا بۆ دژایەتیکردنی سەرکردە سەربازییەکانی روسیا کە بەپێی وتەی خۆی "شکستیان هێناوە" لە جەنگی روسیا، بەوهۆیەوە چەکدارانی گروپی ڤاگنەری بەرەو مۆسکۆ رەوانە کرد. ئەم هەنگاوەی پریگۆژین بە کودەتا دژی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، لێکدرایەوە.
هاوڵاتی رێکخراوی فیفا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ کارەکانی لویس روبیالس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، سڕ بکات و لە کار دووریبخاتەوە بەهۆی ماچکردنی كچە یاریزانێک لە جامی جیهانی ژنان. بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو ژنانی ئیسپانیا لە یاری کۆتایی جامی جیهانی لە ئینگلەتەرایان بردەوە و دواتر بوونە پاڵەوان، لەکاتی وەرگرتنی ناسناوەکانیاندا، لویس روبیالس باوەش بە هەموویاندا دەکات و ماچیان دەکات، بەڵام لەگەڵ یەکێک لە کچەیاریزانەکان بەناوی جێنی هێرمۆسۆ ماچی لێو دەکات و ئەم کارەشی لەناو ئیسپانیا هەرای نایەوە. روبیالس دەڵێت، ماچەکە دوولایەنە بووە و هەردوکیان رەزامەند بوون لەسەری بەڵام کچە یاریزانەکە ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ماچەکە پێویست نەبووە و رەزامەندی ئەوی لەسەر نەبووە. روبیالس فشارێکی زۆری لەسەر بوو لەلایەن حکومەتی ئیسپانیا و تیمی نیشتمانی ئیسپانیا کە دەستلەکاربکێشێتەوە بەڵام پێداگربوو لەسەر کارەکەی و رایگەیاند هیچ کارێکی هەڵەی نەکردووە. بەهۆی فشارەکانەوە رێکخراوی فیفا بڕیاریدا ماوەی 90 رۆژ کارەکانی روبیالس هەڵپەسێرێت و دووریبخاتەوە تا دادگا دۆسیەکە یەکلایی دەکاتەوە.
هاوڵاتی دوای مردنی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیا فەرمان بە شەڕکەرانی ڤاگنەر دەکات کە سوێندی یاسایی بخۆن و بچنە ژێر فەرمانی سوپای روسیاوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڤلادمیر پوتن فەرمانێکی نوێی دەرکرد و لە رۆژی هەینیدا واژۆی کرد کە دەبێت دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەپێی فەرمانەکە دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی کار بۆ سوپا دەکەن سوێندی یاسایی بخۆن وەک دەربڕینی دڵسۆزی بۆ روسیا و لانەدان لە فەرمانی سەرۆکی وڵات. لە بەشێکی فەرمانەکەدا هاتووە کە ئەوانەی سوێندی یاسایی دەخۆن نابێت لە فەرمانی فەرماندە و سەرکردە باڵاکان دەربچن و پێویستە لەسەریان پەیڕەوی لە بڕیارەکانیان بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەیینی رابردوو یەڤگینی پریگۆژین لە نزیک مۆسکۆ لە تێکشکانی فرۆکەیەکدا لەگەڵ نۆ کەسی تر گیانی لەدەستدا. هێشتا کریملن پشتراستی نەکردووەتەوە کە پریگۆژین مردووە، بەڵام رایگەیاندووە کە ئەوەی رۆژائاوا دەیڵێت "گوایە پریگۆژین بە فەرمانی ئێمە کوژراوە درۆیە" و دەبێت چاوەرێی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بکرێت کە ئاخۆ پریگۆژین لەنێو فرۆکەکەدا بووە یان نا. هاوکات ڤلادمیر پوتن لەکاتی واژۆکردنی فەرمانەکەدا سەرەخۆشی خۆی نارد بۆ خانەوادەی هەموو ئەوانەی لە روداوەکە گیانیان لەدەستدا و دواتر لە دەمی رابردوو قسەی لەسەر پریگۆژین کرد. لە قسەکانیدا ڤلادمیر پوتن رایگەیاند، زانیاری سەرەتایی هەیە کە پریگۆژین و هاوکارەکانی لە ڤاگنەر کوژرابن و ستایشی رۆڵی رپیگۆژینی کرد و دواتریش ئەوەی نەشاردەوە کە چەند "هەڵەیەکی جدی" کردووە. بەپێی وتەی شارەزایانی بواری سەربازی، دەرکردنی ئەو فەرمانە لەلایەن پوتنەوە بۆ گروپی ڤاگنەر و گروپە میلیشیاکانی تر هەنگاوێکی روونە کە سەرۆکی روسیا دەیەوێت بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی وڵاتەوە دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی حوزەیران گروپی ڤاگنەر بە سەرکردایەتی پریگۆژین لە فەرمانی فەرماندە باڵاکان لایاندا و ئۆکرانیان بەرەو مۆسکۆ بەجێهێشت کە ئەم هەنگاوە وەک "کودەتایە" لێکدرایەوە.
هاوڵاتی سێرگێی ریابکۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند ملکەچی فسارەکانی ئەمریکا نابن و بەردەوام دەبن لە پەیوەندیی و هەماهەنگییە سەربازییەکانیان لەگەڵ ئێران. ریابکۆڤ لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ریانووستی روسیا وتی، " وەک روسیا ملکەچی فشارەکانی ئەمریکا نابین، بەردەوام ئەبین لە پەیوەندییە سەربازییەکانمان لەگەڵ ئێران، هیچ شتێک نەگۆڕاوە و هاوکاریمان لەگەڵ ئێران بەردەوام ئەبێت." ئەم وتانەی جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لەکاتێکدایە کە ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ روسیا رابگرێت و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە مۆسکۆ نەفرۆشێت. ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا باس لەوە ئەکەن رووسیا لە جەنگی ئۆکرانیا سوود لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی وەرئەگرێت و کۆمەڵێک بەڵگەشیان بەدەستە، بەڵام تاران نکۆڵی لەوە ئەکات فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بە روسیا فرۆشتبێت.
هاوڵاتی پێریل رامافۆسا، سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوور، لە دوایین رۆژی ١٥ هەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی برێکس لە ژۆهانسبۆرگی پێتەختی ئەفریقای باشوور، رایگەیاند کە داواکاری ٦ وڵات بۆ ئەندامبوون لەم رێکخراوەیە پەسەند کراوە. بە پێی وتەکانی سەرۆککۆماری ئەفریقای باشوور داواکاری هەریەک لە وڵاتانی ئێران، سعوودیە، ئەرژەنتین، ئیمارات، ئەسیۆپیا، میسر لە لایەن پێنج ئەندامی فەرمی ئەو رێکخراوە پەسەند کراوەو بڕیار وایە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە بەفەرمی بەئەندامبوونیان دەست پێ بکات. یەکێکیتر لە بڕیارە گرینگەکانی بەرپرسانی برێکس، دانانی پلاتفۆڕمێکە بۆ بازرگانی هاوبەش و سود وەرگرتن لەدراوە نێودەوڵەتییەکان بەم پێیە وەزیری ئابووری و بانکی ناوەندی وڵاتانی ئەندام راسپێردراو رێکاری گونجاو بۆ دانانی ئەم پلاتفۆرمە بدۆزنەوە. بەکار هێنانی دراوی نەتەوەیی وەستانەوەیە بەرامبەر بە ئەمریکا و ئابووری رۆژئاوا. ئەمریکا بە وردی چاودێری رووداوەکان ئەکات، لەبەر ئەوەی ئەزانێت رووسیا دەیەوێت کۆتایی بە باڵادەست بوونی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییەکان نێودەوڵەتییەکان بهێنێت و سەرەتای ئەم خەونەشی لە برێکسەوە دەست پێکردووە. بەڕازیل، رووسیا، هندستان، چین و ئەفریقای باشوور پێنج وڵاتی دامەزرێنەری رێکخراوی برێکسن کە لە ئێستادا ئەفریقای باشوور سەرۆکایەتی ئەم خولەی کۆبوونەوەکان ئەکات. جگە لە رووسیا، هیچکام لە وڵاتانی ئەندام نایانەوێت دژایەتی دۆلار بکەن. وڵاتانیتر زیاتر بە شوێن ئەوەوەن کە رێگای جیاواز بدۆزنەوە بۆ سیستەمی پاکتاوی بازرگانی و مامەڵەی بازرگانی و سەربەخۆ لە پێوەرە رۆژئاواییەکان. لە سەدا ٤٠ی دانیشتوای گۆی زەوی لە پێنج وڵاتی ئەندامی برێکسن ( بەڕازیل، رووسیا، هێندستان و چین و ئەفریقای باشوور) و ئەم ٥ وڵاتە ٢٥٪ ئابووری دونیایان بە دەستە. چین بە تەنها خۆی ٧٠ لەسەدی ئابووری ئەم جەمسەرە نوێیە ئابوورییە پێک دەهێنێت. هەر ئەمە بووە بە هۆی جێگەی نیگەرانی هێندستان چونکە پێی وایە گەورەکردنەوەی برێکس دەبێت بە هۆی بەهێزتربوونی چین لە باری ئابوورییەوە، بە تایبەت دوای پەیوەستبوونی ئەم ٦ وڵاتە نوێیە کە ئەندامییەتیان پەسەندکراوە. وڵاتانی ئەندامی برێکیس هاوئامانج نین لە پەرەپێدانی ئەم رێکخراوەو هەر وڵاتەی بۆ بەرژەوەندی خۆی دەیەوێت ئەم رێکخراوە گەورەتر بێت. لەکاتێکدا چین بە شوێن ئامانجی بازرگانی و ئابووری تایبەتی خۆیەوەیە لە پەرەپێدان و گەورەکردنەوەی برێکس، ڕووسیا دەیەوێت ئەم رێکخراوە ببێتە جێگرەوەیەک بۆ (جی ٧). گرووپێک کە پێشتر رووسیا ئەندامی بوو و بە (جی ٨) دەناسرا و دوای ئەو رێفراندۆمەی لە ( کریمیا) ئەنجامدارا بە مەبەستی بوون بە بەشێک لە ڕوسیا لە ٢٠١٤، ئەندامیەتی رووسیا هەڵپەسێردرا. لە لایەکیترەوە بەڕازیل و هندستان دەیانەوێت هاوسەنگییەک دروست بێت و سەرۆک کۆماری بەڕازیل لە رۆژی یەکەمی کۆبوونەوەی ژۆهانسبۆرگدا بە ئاشکرا باسی لەوە کرد نایانەوێت دژ بە وڵاتانی پیشەیی بوەستنەوە کە مەبەستی (جی ٧ ) بوو. هێندستانیش خوازیاری دروستبوونی ئەم هاوسەنگیەیە نەک رقەبەرایەتی و ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی رووسیایە. لۆلا داسیلڤا سەرۆک کۆماری بەڕازیل لە قسەکانیدا وتی :" وڵاتەکەی لەم رێکخراوەیەدا مەبەستی نییە دژی (جی ٧) یان ( جی ٢٠) یان ئەمریکا بوەستێتەوە. ئێمە تەنها دەمانەوێ دۆخی ئابووری خۆمان باشتر بکەین. " پانزەهەمین کۆبوونەوەی برێکس رۆژانی ٢٢ و ٢٣و ٢٤ی ئاب، لە ئەفریقای باشوور بەڕێوەچوو و ٦٧ وڵاتی (باشوور) و ئەفریقا بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بانگهێشت کرابوون. برێکس و ئابووری ئێران ئاخۆ ئەندامبوون لە رێکخراوی برێکس ئەتوانێت یارمەتی ئابووری رووخاوی ئێران بدات؟ ئاخۆ ئەندامبوونی ئێران لەم رێکخراوە یارمەتیدەرە بۆ چالاکییەکانی ئەم رێکخراوە ئابوورییە؟ دەربارەی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی باس لە هاوکاری لەگەڵ گرووپی برێکس ئەکات، ژمارەیەک لە ئابووریناسەکان و شارەزایانی پرسی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو بیروباوەڕەن هاوکاریکردنی گرووپی برێکس، بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە یارمەتی ئێران نادات و لەهەمانکاتدا بوونی ئێران لەو گرووپە جگەلەوە خزمەت بەو گرووپە ئابووری- سیاسیە ناکات، رێگرە لەبەردەمیان. شاهین مودەڕس پسپۆڕ و کارناسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لەم بارەوە بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکای وتووە :" برێکس هەوڵیداوە هاوتەریب لەگەڵ گرووپی ٧ بە دامەزراندنی بانکی گەشەی نوێ، مۆدێلێکی گەشەی خۆی پەیڕەو بکات. گەمارۆکان رێگرن لەوەی کە ئێران بتوانێت پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە "برێکس" پەرە پێ بدات، کەوایە لە ئەگەری ئەندامبوونی ئێران لەم گرووپە، جگە لەوەی نابێت بە هۆی باشتربوونی دۆخی ئەم گرووپە، بەڵکوو رێگرە لەوە بتوانێت کارەکانی بە باشی بباتە پێش ". هەر لەم پەیوەندەدا " مەجید گولپوور" کارناسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەربارەی ئەگەری ئەندامبوونی ئێران لە برێکس بە دەنگی ئەمریکای وتووە:" پرسی سووود وەرگرتن لە بازاڕەکانی نزیک بە برێکس، وەهمێکە لە ناو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا دروستبووە. کۆماری ئیسلامی بە هۆی کێشە یاسایی و بانکییەکانەوە، لە برێکسیشدا هیچ دەستکەوت و پێگەیەکی نابێت".
هاوڵاتی ئۆكرانیا نزیك دەبێتەوە لەبەدەستهێنانی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 16، ئەویش وەك هەنگاوێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توانا سەربازیەكانی رووسیا، بەڵام پسپۆڕان و هەواڵگری وڵاتان رایان جیاوازە لەسەر ئەوەی بەكاتێكی كەم یان درێژ كاریگەری دەردەكەوێت یاخود نا. مارك رووتە سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند وڵاتەكەی و دانیمارك ژمارەیەك فڕۆكەی ئێف 16یان داوەتە ئۆكرانیا و ئەو وڵاتەش مەرجەكانی جێبەجێكردووە. وتەكانی رووتە لەمیانی سەردانێكی ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا هات بۆ هۆڵەندا كەڕۆژی یەكشەممەی رابردوو بوو، ئەویش دوای دوو رۆژ بوو لەڕاگەیاندنی رەزامەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دێت بەپێدانی فڕۆكەی ئێف 16 بەهەریەك لەهۆڵەندا و دانیمارك تابیگەیەننە هێزە ئاسمانیەكانی ئۆكرانیا. رەزامەندیەكەی ئەمریكا دوای چەند هەفتەیەك دێت لەداواكاری ئۆكرانیا بەپێدانی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 16 بەهێزە ئاسمانیەكانی وڵاتەكەی و زیلینسكی لەبنكەیەكی سەربازی شاری ئایندهۆڤنی باشوری هۆڵەندا لەگەڵ مارك رووتە فڕۆكەكانی وەرگرت. سەرۆكی ئۆكرانیا باسی لەوەشكرد ژمارەیەك فڕۆكەیان بەدەست گەیشتووەو دوای راهێنانی چەند فڕۆكەوان و ئەندازیارێك هێزە ئاسمانیەكانی وڵاتەكەی لەشەڕی ئۆكرانیا دژ بەڕووسیا بەكاریدەهێنن. بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی، رەزامەندی پێدانی فڕۆكەی ئێف 16 بە ئۆكرانیا لەڕێگەی هۆڵەنداو دانیماركەوە گۆڕانكاری لەشەڕی ئۆكرانیا دروستدەكات و گۆڕانكارییەكەش بەكاتێكی كەم روودەدات، لەكاتێكدا هەژدە مانگە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆكرانیا درێژەی هەیە. ویستی پێدانی فڕۆكەی شەڕكەری ئێف 16 بەئۆكرانیا لەكاتێكدایە چەندین جار ئەو وڵاتە داوایكردووە هێزە ئاسمانیەكەی لەبەرامبەر رووسیا بەهێز بكرێت، لەمدواییەشدا بەبێ بوونی هێزێكی ئاسمانی كاریگەر بەرامبەر رووسیا، ئۆكرانیا توانیویەتی لەڕێگەی درۆنەوە چەند دژە هێرشێك دژ بەڕووسیا ئەنجام بدات، هەرچەندە بەدرێژایی جەنگی ئۆكرانیا هێزەكانی ئەو وڵاتە لەژێر رەحمی بۆمبهاوێژو فڕۆكە جەنگیەكانی رووسیادا بوون، بەڵام لەڕۆژی هەینی رابردووەوە بەپێدانی رەزامەندی لەلایەن ئەمریكاوە بەپێدانی ئەو فڕۆكەیە بەئۆكرانیا چاوەڕواندەكرێت مەیدانی جەنگ لەبەرژەوەندی ئۆكرانیەكان بێت. هەریەك لەحكومەتەكانی هۆڵەنداو دانیمارك لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیەكدا كە لە 11 وڵات پێكهاتووە راهێنان بەهێزە ئۆكرانیەكان دەكەن لەو چوارچێوەیەشدا راهێنان بەچەند فڕۆكەوان و ئەندازیارێكی ئۆكرانی دەكەن بۆ كارپێكردنی فڕۆكەی پێشكەوتووی ئێف16ی دروستكراوی ئەمریكا كە تائێستا زۆر وڵات نەیانتوانیوە ئەمریكا رازی بكەن بەپێدانی ئەو فڕۆكەیە. پێشتر ئەمریكا رەزامەندی نیشاندابوو بەپێدانی چەند تانكێكی جۆری «ئەبرامز» راشیگەیاندبوو شان بەشانی فڕۆكەی ئێف 16 دەتوانێت گۆڕانكاری گەورە دروستبكات لەشەڕی دژ بەڕووسیا لەئۆكرانیا. پێدانی ئەو فڕۆكە پێشكەوتووانە بەئۆكرانیا لەلایەن ئەمریكاوە لەكاتێكدایە، ئەو وڵاتە پشتی بەفڕۆكەی كۆنی مێك 29 و سۆخۆی رووسی دەبەست، بەڵام بەپێچەوانەوە وەك پسپۆڕان دەڵێن فڕۆكەی ئێف 16 جگە لەوەی پێشكەوتووترین تەكنەلۆجیای سەربازی تێدا بەكاهێنراوە توانایەكی وردی هەیە لەبەئامانجگرتنداو فرەجۆریشە. وەزارەتی دەرەوەی دانیمارك جەختیكردەوە رادەستكردنی فڕۆكەی ئێف 16 دوای جێبەجێكردنی مەرجەكان دێت كە لەگەڵ ئەمریكاو هاوبەشەكانیان دایان ناوە. بەشێك لەمەرجەكان كەئاشكراكراون تەنها راهێنانی فڕۆكەوان و ئەندازیارە ئۆكرانیەكان نییە، بەڵكو پێویستە ژێرخانی فڕۆكەكەو خزمەتگوزاری لۆجیستی بۆ دابین بكرێت. لەلایەن خۆیەوە، ئیرینا چۆكرمان پسپۆڕی ئەمنی و ستراتیژی بە سكای نیوزی وتووە: رەزامەندی ئەمریكا بەپێدانی فڕۆكەی ئێف 16 بەئۆكرانیا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت گۆڕانكاری لەدرێژ مەودادا لەشەڕی ئۆكرانیا دروستبكات. چۆكرمان باس لەوەشدەكات هاوبەشانی یەكێتی ئەوروپا كە بەشدارییان لەبەرنامەی راهێنانی فڕۆكەوانە ئۆكرانیەكان بۆ ئێف 16 كردووە بەكرداری دەستیان بەڕاهێنان كردووە، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی رەزامەندی ئەمریكا بكەن لەناردنی فڕۆكەكان. ئەو پسپۆڕە ستراتیژی و ئەمنییە جەختدەكاتەوە بەخستنەگەڕی فڕۆكەی ئێف 16 ئۆكرانیا دەتوانێت بەچەند رێگایەك توانای هێزە ئاسمانیەكانی زیاتر بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای رووسیا و لەو بنبەستیەی پێشوو تێیكەوتبوو دەربچێت. جگە لەو پسپۆڕە ئەمریكییە پسپۆڕانی سەربازی ئەوروپاو هەواڵگری سەربازی ئەو وڵاتانە باس لەوەدەكەن، رادەستكردنی فڕۆكەی ئێف 16 بەسوپای ئۆكرانیا دەتوانێت گۆڕانكاری لەسەر ئاستی مەیدانی دروستبكات و یارییەكە لەبەرژەوەندی كییڤ كۆتایی پێبهێنێت، چونكە وەك چاودێرانی سەربازی دەڵێن دەتوانێت كۆتایی بەو هێرشە بەردەوامانەی رووسیا بهێنێت كە لەڕێگەی ئاسمانییەوە دەیكاتە سەر هێزە سەربازیەكانی ئۆكرانیا لەشارو ناوچە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە. هەرچەندە بەشێك لەپسپۆڕان باس لەوەدەكەن بەپێدانی فڕۆكەی ئێف 16 گۆڕانكاری لەمەیدانی شەڕی ئۆكرانیا و رووسیا روودەدات، بەڵام هەواڵگری بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپا ئاماژە بەوەدەكەن راهێنانی تەواوەتی فڕۆكەوان و ئەندازیارە ئۆكرانیەكان 18 مانگی پێدەچێت، بەوەش پێدانی فڕۆكەكان لەسەر ئاستی نزیك مەودا كاریگەری دروستناكات، لەكاتێكدا ئۆكرانیا هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر سوپای رووسیا دەستپێكردووەو بەدرۆنیش هێرشی كردووەتە سەر چەند شارێكی.
هاوڵاتی بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند ئەگەر هەواڵەکانی مردنی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، راست بن ئەوا نابێت کەس "سەری بسوڕمێت" چونکە کیشە و ناکۆکی لەگەڵ سەرۆکی روسیا هەبووە. ئەیدریەن واتسن، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبووە کە هەواڵەکانی مردنی یەڤگینی پریگۆژینیان بینیووە و "ئەگەر ئەو هەواڵانە پشتراستبکرێنەوە، نابێت کەس سەری بسوڕمێنێت" چونکە ناکۆکی لەگەڵ ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا هەبووە. هاوکات کۆشکی سپی رایگەیاند کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە روداوی مردنی یەڤگینی پریگۆژین ئاگادارکراوەتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ فرۆکەیەک لە نزیک مۆسکۆ کەوتەخوارە و 10 سەرنشینی تێدابوو کە سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا کە یەکێک لەوانە پریگۆژین بوو. چەناڵی تەلێگرامی ڤاگنەر رایگەیاند کە فرۆکەکە لەلایەن بەرگری ئاسمانی روسیاوە تێشکێندراوە. یەڤگینی پریگۆژین لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ هێزی ڤاگنەری لە ئۆکرانیاوە بەرەو شاری مۆسکۆ جوڵاند و هەڕەشەی دەستگیرکردنی سەرکردە سەربازییەکانی روسیای دەکرد بەهۆی شکستیان لە جەنگی ئۆکرانیادا. میدیا جیهانییەکان ئەم کارەی پریگۆژینیان بە کودەتا ناوزەند کرد دژی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی روسیا. هەڵمەتەکەی پریگۆژین تەنها رۆژێکی خایاند و هێزی ڤاگنەر لە مۆسکۆ کشایەوە، دواتر پریگۆژین لەسەر خواستی حکومەتی روسیا رووی لە بیلاروسیا کرد.