هاوڵاتی لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کوژران. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی قاهیرە، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی نیسانی 2024 لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، بەناوەکانی (حازم، ئەمیر و محەمەد) و سێ لە نەوەکانی کوژران و کوڕێکی دیکەشی بریندارە. لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکانی و نەوەکانی بە ئیسماعیل هەنییە درا کە لەئێستادا لە قەتەرە، لەدوای نیستنی هەواڵەکە هەنییە وتی "سوپاسی خوا دەکەم کە شەرەفی شەهیدبوونی کوڕەکانم و هەندێک لە نەوەکانمی پێم بەخشی، منداڵەکانم هاوشێوەی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەزە مانەوە و هەموو خەڵکی غەزە قوربانی زۆریان داوە". وتیشی "ئیسرائیل بە کوشتنی منداڵی سەرکردەکان، ناتوانێت ورەی فەڵەستینییەکان بۆ بەگریکردن لە دۆزە رەواکەیان بشکێنێت و ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 کەس لە خانەوادە و کەسوکارەکەی کوژراون و ئەوانیش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هاوڵاتییانی دیکەی فەڵەستینی نەبووە". وەزارەتی تەندروستی غەزە رایگەیاندووە، لە ئەنجامی دەستدرێژی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 122 شەهید و 56 بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا ژمارەیەک قوربانی لەژێر داروپەردوو و لەسەر رێگەیان ماون و تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگریی شارستانی ناتوانن بگەنە دەستیان.
هاوڵاتی رۆژی سێ شەممە ٩ی نیسان جۆن کێربی وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، رایگەیاند ئەگەر ئێران خوازیاری ئاگربەستە لە جەنگی غەزە، پێویستەفشار بخاتە سەر حەماس . قسەکانی جۆن کێربی سەبارەت بە فشارخستنەسەر حەماس لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە کاتێکدایە بەگوێرەی هەواڵێکی سابرین نیوز، کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا بە ئەمریکای وتووە بە مەرجێک دەستبەرداری تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل ئەبێت کە جەنگی غەزە رابگیردرێت و ئاگربەست بکرێت. سابرین نیوز کە ناوەندێکی هەواڵی سەر بە گرووپی مقاومەی عێراقە و بە زمانەکانی فارسی و عەرەبی هەواڵ و زانیارییەکان بڵاو ئەکاتەوە، دواتر ئەم هەواڵەی لە پەیج و کەناڵی تایبەتی تێلگرامی خۆی سڕییەوە. هاوکات دوا بە دوای هیرشی رۆژی ١ی نیسانی ئیسرائیل بۆ سەر بینایی کۆنسولگەری کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کە بەو هۆیەوە لانیکەم ٧ ئەندامی پلەباڵای سوپای پاسداران کوژران، کۆماری ئیسلامی ئێران باس لە تۆڵەسەندنەوە ئەکات و ئیسرائیل کەوتۆتە دۆخی ئامادەباشییەوەو باڵیۆزخانەی خۆیان لە بەشێک لە وڵاتان داخستووە.
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل دەڵێت "هێرشدەکەینە سەر ساری رەفەح"، ئاماژە بەوەشدەکات ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٤ بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند "وادەیەک بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح دیاری کراوە کە دوا پەناگەی فەلەستینییە ئاوارەبووەکانە لە غەزە"، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وادەکەی ئاشکرانەکردووە. ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکی وردم لەسەر دانوستانەکانی قاهیرە پێگەیشت، ئێمەش ماندوونەناسانە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، لە پێش هەموویان ئازادکردنی هەموو بارمتەکانمان و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تەواو بەسەر حەماسدا". شاری رەفەح لە باشوری غەزە، جگە لە دانیشتوانەکەی خۆی، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار ئاوارەی غەزە و باکووری شارەکەی تێدایە.
هاوڵاتی هێزەکانی ڕوسیا لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی کە لە ئۆکرانیادا هێرشی کردۆتە سەر لە پێشڕەویدایە و سەرۆکی ئۆکرانیاش داوای هاوکاری لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات. بە پێی زانیارییەکانی میدیاکانی ڕوسیا، هێزەکانی رووسیا لە بەرەی جەنگی ئەڤدیڤکاوە بەردەوامن لە پێشڕەویکردن بەرەو رۆژئاوای باکووری شارۆچکەی ڤۆدیان، نزیک شارۆچکەی ناتالیۆڤا بوونەتەوەو لە ٧٥٠ مەتری یەکەم بینای شارەکەدان. لە رۆژئاوای باخمووتیش باس لەوە ئەکرێت هێزەکانی رووسیا توانیویانە شارۆچکەی بۆگدانۆڤکا کۆنتڕۆڵ بکەن و بەرەو باکووری رۆژهەڵاتی شاری چاسیڤ یار لە پێشڕەوییدان و پاشەکشەیان بە هێزەکانی ئۆکراین کردووە لەو ناوچەیە. سوپای رووسیاش ڕایگەیاندووە لیوای ٩٨ی ئاسمانی ئیڤانۆڤ لە سنورەکانی شارەکەدا بەردەوامە لە جەنگ و ژمارەیەک بنکەی هێزەکانی ئۆکراین کۆنتڕۆڵکراوەو پاشەکشەیان بە هێزەکانی ئۆکراین کردووە. جێگەیباسە پێشتر هێزەکانی رووسیا توانیبوویان هێرش بکەنە سەر یەکەم بینای شارۆچکەی تێرنی لەسەر رووباری زێربێتس، کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای دۆنتێکسکەوە. ئەم پێشڕەوییەی ڕوسیا لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی ئۆکرانیا لە کاتێکدایە سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەکات یارمەتی بدەن بۆ بەهێزکردنی، بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی . ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، رۆژی شەممە ٦ی نیسان لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئۆکرانیا رایگەیاند "ئەگەر هێزەکانی رووسیا هاوشێوەی مانگی رابردوو هەموو رۆژێک هێرش بکەنە سەر ئۆکراین، رەنگە مووشەکەکانمان تەواو بێت و هاوبەشەکانی کیێڤ ئاگاداری ئەم بابەتەن". لە لایەکیترەوە رۆژی یەکشەممە ٧ی نیسان رووسیا ئۆکراینی بەوە تۆمەتبارکرد کە هێرشێ کرۆتەوە سەر وێستگەی ئەتۆمی (زایۆپۆرتا) لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراین کە لە لایەن رووسیاوە کۆنتڕۆڵکراوەو ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش داوای لە لایەنەکان کرد کە خۆیان بەدوور بگرن لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
هاوڵاتی خێزانی یەکێک لەو هاوڵاتییە فەڕەنسییانەی لە ئێران دەستبەسەرن بە کۆکردنەوەی واژوو هەوڵدەدات هۆشیاری بڵاوبکاتەوە لەسەر دۆخی خوشکەکەی و لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ئەو زیندانەی خوشکەکەی تێدایە جهەنمە و ئەشکەنجە دەدرێت. نۆئێمی کۆهلێر، خوشکی سیسیل کۆهلیرە کە زیاتر لە ٧٠٠ رۆژە لەگەڵ هاوسەرەکەی بەبێ دادگایکردن لە ئێران دەستبەسەرە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆ فەردا باسی لەوەکردووە کە بەشی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین وەک جەهەنەم وایە. نۆئێمی دەڵێت، " سیسیل کۆهلێر و ژاک پاریس (خوشک و هاوسەری خوشکەکەی) لەگەڵ ئەوەی ئەشکەنجە دەدرێن ، ئێستا هەرکامەیان لە ژوورێکی ٩ مەتری لەگەڵ کەسانیتر دەستبەسەرن و کەسەکان بەردەوام دەگۆڕدرێن هەروەها لە ژوورەکەدا ، جێگای خەو، شوێنیپیسای و تەنانەت کورسیەکی لێ نییە. " لە ئێستادا لە ئێران شەش زیندانی فەڕەنسی هەیە و لەناویاندا سیسیل کۆهلێر مامۆستا و چالاکوانی مەدەنی و هاوژینەکەی ژاک پاریس، مامۆستای خانەنشین کراوی فەرەنسین کە بە ڤیزەی گەشتیاری سەردانی ئێرانیان کردبوو لە ڕۆژی ١ی پێنجی ٢٠٢٢ دەستگیرکران و گواسترانەوە بۆ زیندانی ئەڤین. ئەو دوو هاوڵاتییە فەڕەنسییە بە تۆمەتی پیلانگێری دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و بێ ئەوەی دادگایی بکرێن دەستگیرکراون. هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا خوشکەکەی سیسیل باسی لەوەشکردووە کە سیسیل کۆهلێر و ژاک پاریس ناتوانن ئازادانە پەیوەندی بە بنەماڵەکەیانەوە بکەن و باسی دۆخی تەندروستی خۆیان بکەن. سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفونییەکانیش کە دەیکەن دەڵێت، ئەوان زۆر کەم و کورت پەیوەندیمان پێوە ئەکەن و مانگی ١ جار و بەڕێکەوت تەلەفۆن بۆ یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەمان ئەکەن هاوکات کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ تەلەفۆنکردن، هیچکات پێش بینی ئەوە ناکرێت کەی تەلەفۆن ئەکەن. ماوەی قسەکردنیان زۆر کورتە و نزیک ٥ خولەکە و کۆنتڕۆڵکراوە. بەشی ٢٠٩ ی زیندانی ئێڤین لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە ئەچێت و لە ئێستادا جگە لە هاوڵاتی کورد و ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەری خۆپیشاندانەکانی بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی و چەندین هاوڵاتی بیانی شەش هاوڵاتی فەڕەنسیشی تێدا دەستبەسەرە .
هاوڵاتی دوای ئەوەی لە ٧ ی مانگی ١٠ ی ٢٠٢٣ دا بزوتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەرباشوری ئیسرائیل لە دەروازەی ئیرزی کە دەکەوێتە باکووری کەرتی غەززەوە شەڕی نێوان هەردوولا دەستیپێکرد و تائێستا زیاتر لە ٣٣ هەزار کەس لە غەززە کوژراون کە بەشێکی زۆری ژن و منداڵن. .شەڕی ئیسرائیل و حەماس بۆ ماوەی شەش مانگە بەردەوامەو بە یەکێک لە وێرانکەرترین و کوشندەترین شەڕەکانی سەدەی ۲۱ دادەنرێت لە ئێستاشدا بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو کەرتە ئاوارە بوون و بەشێک ی زۆری بەرەو شاری ڕەفەح لە لە باشوری غەزە هەڵهاتوون نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت بەهۆی ڕێگەنەدان بە چونە ناوەوەی خواردن و یارمەتییە مرۆییەکان جگە لە جەنگ قەیرانی نەخۆشی و برسێتی لەو کەرتە هەڵیداوە هاوکات ژمارەیەکی کەم لە فەڵەستینییەکان توانیویانە ناوچە گەمارۆدراوەکان بەجێبهێڵن. بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵی ئەی پی بڵاویکردۆتەوە ئامارەکان بەم شێوەیەن: ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەی مردوون لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل ؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینییانەی لە غەزە کوژراون : 33،137 ژمارەی منداڵ کە لە غەززە کوژراون : زیاتر لە 13 هەزار کەس ژمارەی ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلییانەی کە کوژراون: نزیکەی 1200 کەس ژمارەی ئەو فەيڵستینییانەی کە لە کەناری ڕۆژئاوا (west bank) کوژراون : 456 ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوە کردووە کە، وەزارەتی تەندروستی غەزە جیاوازی لە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و حەماس ناکات لە کاتی هەژمارکردنی کوژراوەکاندا ، بەڵام دەڵێت ژنان و منداڵان نزیکەی دوو لەسەر سێی کوژراوەکان پێکدەهێنن. ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنی و بیانییانەی لە ئیسرائیل کوژراون لە حەوتی ١٠ دا:٧٨٠ ژمارەی کارمەندانی فریاگوزارییە سەرەتاییەکان کە لە ئیسرائیل لە ٧ی مانگی ١٠ دا کوژران: ٦٢ هاوڵآتیانی مەدەنی کە بە درێژای سنورەکانی باکوری ئیسرائیل کوژراون: ٩ کارمەندانی فیریاگوزاری سەرەتای کە لە غەززە کوژراون: ٢٢٤، جگە لەو ژمارەیە ٣٠ ی کارمەندی دیکەش لە کاتی دەوامی ڕەسمییاندا کوژراون ژمارەی کارمەندانی تەندروستی کە لە غەززە کوژراون: ٤٨٤ ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە لە غەززە کوژراون: ٩٥ ژمارەی سەربازی ئیسرائیل / حەماس ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون: زیاتر لە ١٣ هەزار ( ئامارەکە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردۆتەوە ) . ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە خاکی غەززەدا کوژراون: ٢٥٦ ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە ٧ی ١٠ دا کوژراون : ٣١٤ ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی بە درێژای سنورەکانی باکوری غەززە کوژراون لە ٧ی ١٠ ەوە تا ئیێستا: ١١ کەرتی مرۆی: ٪ ٥٥.٩ ی تەواوی باڵەخانەکان تێکشکێنراون ٪٦٠ ی ماڵەکان بە تەواوی تێکشکێنراون ٪٩٠ ی خوێندنگاکان تێکشکێنراون ژمارەی ئەو نەخۆشخانانەی تا ئێستا ماوەو لە ناونەچووە ١٠ دانەیە لە کۆی ٣٦ دانە ژمارەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی کە ڕوبەڕوی قەیرانی نەبوونی خۆراک بونەتەوە بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ١.١ ملیۆنە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەخوار تەمەنی دوو ساڵەوەن و توشی کەمی خۆراک و بەدخۆراکی بوون ٪٣١ ڕێژەی ئەو خوێندکارانەی کە دەستیان بە خوێندن ناگات ٪١٠٠ ژمارەی ئەو مزگەوتانەی بەتەواوی ڕوخاون: ٢٢٧ ژمارەی ئە وکەنیسانەی ڕوخاون: ٣ ژمارەی بریندارەکان؛ ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون: ٧٥ هەزار و ٨١٥ ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی لە کەناری ڕۆژئاوا برینداربوون : ٤،٧٥٠ ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون : ١٥٤٩ ژمارەی هاوڵاتییانی مەدەنی ئیسرائیلی کە لە سەرەتای جەنگەکەوە بریندار بوون : ٤،٨٣٤ ژمارەی ئەو کەسانەی بەبارمتە گیراون لە لایەن حەماسەوە لە سەرەتای جەنگەکەدا لە ٧ی مانگی ١٠ ی ٢٠٢٣ :٢٥٣ ژمارەی ئەو بارمتانەی ئازادکراون: ١٢٣ ژمارەی ئەو بارمتانەی کە لە ئێستادا لە ژیاندان و مردنیان پشتڕاستنەکراوەتەوە: ٩٨ ژمارەی ئەو بارمتانەی کە مردنیان پشتڕاستکراوەتەوە: ٣٦ جێگەیباسە لە نوێترین پێشهاتەکانی جەنگەکەدا ئەمڕۆ یەکشەممە وتەبێژێکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هەموو هێزە زەمینییەکانیان لە باشووری غەززە کشاندوونەتەوە، جگە لە یەک لیوا هاوکات روون نییە کشانەوەکەی سوپای ئیسرائیل لە باشووری غەززە، دەبێتە هۆی دواکەوتنی ئەو هێرشەی پێشتر ئیسرائیل بڕیاری لێدابوو بۆسەر رەفەح بەمەبەستی لەنێوبردنی حەماس. کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری غەززە لەکاتێکدایە کە میسر ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل لای حەماس.
هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەممە ئاژانسی نیمچە فەرمی " تەسنیم"، لە زاری "یەحیا رەحیم سەفەوی" راوێژکاری "عەلی خامەنەیی" رابەری کۆماری ئیسلامی ئیران بڵاویکردەوە، لە ئێستا بەدواوە هیچ یەک لە باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە جیهاندا پارێزراو نین. ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە لە یەکی نیسانی 2024دا ئیسرائیل هیرشێکی ئاسمانی بۆ سەر کونسولییەی ئیران لە ناو جەرگەی دیمەشقی پایەتەختی سوریا ئەنجامدا و لە ئاکامدا ژمارەیەک فەرماندە و کەسایەتی پلە باڵای سوپای پاسدارانی ئێران کوژران. دوابەدوای هێرشەکەش کۆماری ئیسلامی ئێران بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد و سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند:" لەکات و ساتی گونجاودا تۆڵە دەکەینەوە". دوابەدوای هەرەشەکانی ئێران سوپای ئیسرائیل سەرجەم سەربازەکانی خستە حاڵەتی ئامادە باشییەوە. جێی ئاماژەیە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولییەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق ، حەوت ئەندامی پلە باڵای سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژران کە لە ناویاندا هەریەکە لە "موحەمەد رەزا زاهیدی" فەرماندەی سوپای قودس لە سوریا و لوبنان و "موحەمەد هادی رەحیمی" دەبینران.
هاوڵاتی هاوکات لەگەڵ داواکاری ئۆکرانیا لە هاوپەیمانەکانی بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆ خارکیڤ، دووەمین شاری گەورەی ئۆکراین لانیکەم ٧ کەس کوژراون". ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، رۆژی شەممە ٦ی نیسان لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئۆکرانیا رایگەیاند "ئەگەر هێزەکانی رووسیا هاوشێوەی مانگی رابردوو هەموو رۆژێک هێرش بکەنە سەر ئۆکراین، رەنگە مووشەکەکانمان تەواو بێت و هاوبەشەکانی کیێڤ ئاگاداری ئەم بابەتەن". ئولێ سینیهۆبۆڤ، پارێزگاری خارکیڤ وتی "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممەی رووسیا بۆ سەر ئەو شارە لانیکەم ١ کەس کوژراوەو ٣ کەس برینداربوون". پارێزگاری خارکیڤ ئاماژەی بەوەشداە، بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە لە درەنگانی شەوی شەممە ٦ کەس کوژراون و ١١ کەس برینداربوون. خارکیڤ نزیکە بە سنوورەکانی رووسیا و لەم مانگانەی دواییدا زۆرجار لەلایەن رووسیاوە هێرش کراوەتە سەر ئەو شارە. ئەندرێ یێرماک، بەرێوەبەری نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا بە گۆڤاری پلیتیکۆ-ی رایگەیاند "وادیارە خارکیڤ بووە بە ئامانجی رووسیا لەم بەهارەدا"، هەروەها وتی، سەرۆک کۆمار زێلێنسکی، جەختی کردووەتەوە کە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناوچەکە زۆر گرینگە و هاوبەشەکانی ئۆکراین ئەتوانن لەم ڕووەوە یارمەتیمان بدەن. ئیڤان ڤێدۆرۆڤ، سەرۆکی شارەوانی ملیتۆپۆل، لە ناوچەی زاپۆریژیا لە کەناڵی فەرمی خۆی لە تێلگرام رایگەیاند "بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆ بەندەری "ئۆدسا" لە دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە ٦ ی نیسان، لانیکەم ١ کەس کوژراوەو چەند کەس بریندار بوون و رووسیا بە مووشەکی بالستیک هێرشی کردۆتە سەر ئەم بەندەرە". سەرۆکی شارەوانی ملیتۆپۆل هەروەها رایگەیاند "رووسیا رۆژی شەممە هێرشی کردۆتە سەر دامەزراوە پیشەسازییەکانی ئۆکراین لەشاری زاپۆریژیا لە باشووری ئۆکراین ، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە". ئیڤان ڤێدۆرۆڤ دەڵێت "بەهۆی هێرشەکانی شەوی هەینی رووسیا بۆ سەر ئەو شارە ٤ کەس کوژران و ٣١ کەس بریندار بوون". هەروەها بەپێی زانیارییەکان، رۆژی هەینی ئۆکراین بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی ئاسمانی رووسیا لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە و رووسیا لەو بنکەیەدا فڕۆکەی جەنگی سۆخۆی جێگیرکردووە کە بەهێزترین فڕۆکەی جەنگی رووسیایە. لە لایەکیترەوە و بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی "دەیلی تێلگراف"ی بەریتانی کە رۆژی شەممە ٦ی نیسان بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی رووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر چەند شوێن لە ئۆکراین چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، ئەمە لە حاڵێکدایە بەکارهێنانی هەرجۆرە چەکێکی کیمیایی بە پێی کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکان لەجەنگدا قەدەغەیە.
هاوڵاتی رادیۆی سوپای ئیسرائیل بلاویکردەوە، لە دوای چوار مانگ جەنگی بەردەوام لە کەرتی غەزە هێزەکانی فیرقەی 98ی ئەو سوپایە بە تەواوی لە خان یۆنس کشاونەتەوە. لە درێژەی هەواڵەکانی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە کە "بۆ یەکەمین جار و لە دوای دەسپێکی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل لە دژی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە ، هێزەکانی ئەو وڵاتە لەو کەرتە کشاونەتەوە و فیرقەی 98 یش لە دوای چوار مانگ جەنگی بەردەوام بە هەر سێ لیواکەیەوە لە دوای کۆتایی هاتنی چالاکییە سەربازییەکانیان لە خان یونس هاتوونەتە دەرەوە". لە ئێستاشدا تەنها "لیوای ناحال" لە کەرتی غەزە ماونەتەوە کە باشوور و باکووری کەرتی غەزەیان جیاکردۆتەوە. لە لایەن خۆیەوە سوپای ئیسرائیلی رایگەیاند لە دەسپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە تاکو ئێستا 604 فەرماندە و سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون و لە بەرامبەریشدا توانیویانە 12 هەزار چەکداری سەر بە بزوتنەوەی حەماس بکوژن. جێگەی ئاماژەیە ئەمرۆ شەش مانگ بەسەر دەسپێکی ئەو جەنگەدا تێدەپەرێت .
هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە دۆڵی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان. ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی لوبنانییەوە رایگەیاند "شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر فێرگەی راهێنانی سەربازی حزبوڵڵای لوبنان لە گوندی (جەنتا) هاوسنوور لەگەڵ سوریا". هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بنکە و دامەزراوەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە شاری "سەفرا" نزیک شاری " بعلبک" لە رۆژهەڵاتی لوبنان. هێرشەکانی ئیسرائیل چەند کاتژمێر دوای ئەوە هات کە حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی " هێرمیس"یان لە ئاسمانی لوبنان خستۆتە خوارەوە. حزبوڵڵای لوبنان لە راگەیاندنەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، هەر شەوی رابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە جۆری هێرمسی ٩٠٠یان خستۆتە خوارەوە.
هاوڵاتی دوای کوشتنی حەوت کارمەندی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە غەززە بە فشاری ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیل بڕیاریدا دەروازەی ئیرزی لە باکووری کەرتی غەززە بکاتەوە کە هەمان ئەو دەروازەیە بوو چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لێیەوە هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل. ئاژانسی هەواڵی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردەوە، شەوی پێنجشەممە، لەدوای پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، کابینەی ئەمنی ئیسرائیل کۆبووەوە و بڕیاریاندا دەروازەی ئیرز لە باشووری ئیسرائیل و باکووری غەززە بکەنەوە، تاوەکو هاوکاری مرۆیی بگاتە دەست غەززەییەکان. ئەو بڕیارەی ئیسرائیل لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بایدن بۆ نەتەنیاهوو دێت، کە هۆشداری پێدابوو گەر بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت ،ئەمریکا ناچاردەبێت سیاسەتی پاڵپشتیکردنی خۆی بۆ ئیسرائیل بگۆڕێت. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کۆشکی سپی بڵاویانکردۆتەوە لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا بایدن هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر کارمەندانی ڕێکخراوەو مرۆییەکان لە غەزە بە " قبوڵنەکراو" ناودێر کرد و داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێی کرد بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی. هاوکات وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئەدرێن واتسن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەمەریکا ئامادەیە لەگەڵ حکومەتەکانی ئیسرائیل و ئوردن و میسر و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە مرۆییەکاندا کاربکات بۆ دڵنیابوون لەوەی هاوکارییەکان لە سەرانسەری غەزەدا دەگاتە هاوڵاتیانی مەدەنی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا. فشارەکانی سەر ئیسرائیل تا دێت زیاد دەکات بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەزە کە زیاتر لە 33 هەزار کەسی تا ئێستا کوشتووە هاوکات کوژرانی حەوت کارمەندی فریاگوزاری ڕێکخراوە خێرخوازییەکان لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر دێر ئەلبەلا لە ناوەڕاستی غەزە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بووە هۆی زیادکردنی توڕەیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵآتانی ڕۆژئاوا. دەروازەی ئیرز، یەکێک بوو لەو خاڵە سنووریانەی چەکدارانی حەماس لە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی پار، هێرشیانکردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی باشووری ئیسرائیل و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوشت و لانیکەم 250 کەسی دیکەشیان بە بارمتەگرت. جێگەیباسە تائێستا دیار نییە ئیسرائیل بڕیارەکە جێبەجێ دەکات و دەروازەکە دەکاتەوە، بەڵام لەدوای بڕیارەکەی ئیسرائیل، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازی لە بڕیارەکە کرد. هەر لەم بارەیەوەو سەبارەت بە گرنگی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە دانیشتوانی غەززە ،لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و بانکی جیهانی هۆشداری دەدەن کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەزە کە ژمارەیان دەگاتە 2.3 ملیۆن کەس " لە لێواری برسێتیدان و تەواوی دانیشتوانی غەززە ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک و بەدخۆراکییەکی توند دەبنەوە." هەروەها نزیکەی 1.7 ملیۆن کەس لە ماڵەکانی خۆیان لە غەزە ئاوارە بوون، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
هاوڵاتی بەهۆی هێرشی هێزەکانی سوپای داد "جەیش العدل" بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە شارەکانی "سەرباز"، "راسک" و "چابەهار" لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ١١ کەس لە هێزە سەربازییەکان کوژراون. بەپێی راپۆرتی "ئێرنا" ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی، لەم هێرشەدا کە کاتژمێر ١٠ی شەوی چوارشەممە ٣ی نیسان دەستی پێکرد و بە شێوەی هاوئاهەنگ و هاوکات لە ٣ شار ئەم هێرشانە کراون، ١١ کەس لە هێزە سەربازییەکانی حکوومەت کوژراون . لە هەمانکاتدا ١٦ کەس لە ئەندامی "جیش العدل" لەم هێرشانەدا کوژراون. جیش العدل، گروپێکی سەربازی سوننە مەزهەبی بەلوچن کە خۆیان بە پارێزەی مافە ئایینزایی و نەتەوەییەکانی نەتەوەی بەلووچ ئەزانن لە ئێران و لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەک چالاکی سەربازییان دژی حکوومەت ئەنجامداوە. کۆماری ئیسلامی ئەم گرووپە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناو دەبات کە بنکەکەیان لە پاکستانە. بەپێی راگەیاندنی "جیش العدل" تا پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، پێکدادانەکان هەر بەردەوام بووەو بۆ زیاتر لە ١٠ کاتژمێر لە ناو شاردا جەنگ بووە.
هاوڵاتی بەپێی ئەو هەواڵانەی کە میدیاکان لە ناوخۆی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کۆمەڵێک لافیتە لە ناو شاری تاران بڵاو کردووەتەوە و کە وێنەی پێنج فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی لە سەر دانراوە و کە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران و لە سەری نووسراوە تۆڵە ئەکەینەوە. ئەم لافیتانە لە لایەن "سوپای قودس"ەوە لە ناو تاران دامەزراون جگە لە زمانی فارسی بە زمانی " ئینگلیزی" و "عێبری" لە سەری نووسراوە تۆڵە ئەکەیەوە. لەم لافیتانەدا وێنەی یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری، هێرزی هالێڤی، بەرپرسی گشتی سوپا و هەروەها فەرماندە باڵاکانی هێزی دەریایی و ئاسمانی ئیسرائیل دەبینرێت، میدیاکان لە ناوخۆی ئێران باس لەوە ئەکەن ئەم لافیتانە بەرامبەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتانە دانراوە کە پەیوەندیان هەیە لەگەڵ ئیسرائیل. وتەبێژێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانای ئیسرائیل لە وتووێژ لەگەڵ تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشنال" دەربارەی کارلێکی ئێران بەرامبەر ئەم لافیتانە وتوویەتی "هیچ کارلێکێکمان نییە". رۆژی دووشەممە بە هۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بینایەکی نزیک لە باڵێۆزخانەی ئێران، ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، لەوانە محەمەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا و لوبنان لە سوپای قودس کوژران. عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی رۆژی سێشەممە ٢ی نیسانی ٢٠٢٤ هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی کرد، هەروەها ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەمانشێوە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد و تؤلەسەندنەوەی بە مافی خۆیان زانی. حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی باڵیۆزی سویسرا وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بانگکراوەتە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و "لایەنەکانی هێرشی تیرۆریستی و تاوانی رژیمی ئیسرائیل روون کراوەتەوە و جەخت کراوەتە لەوەی ئەمریکا بەرپرسە لەم هێرشانە و ئەمریکا دەبێت وەڵامدەرەوە بێت". بەشی فارسی پەیجی فەرمی بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆمێنتدا بۆ وەزیری دەرەوەی ئێرانی نووسیوە "چیت هەیە بە خۆمی بڵێ".
هاوڵاتی دوای هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کە بوو بە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران، وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی سویسرای وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران بانگکرد. حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی نیسانی ٢٠٢٤ لە تۆڕی کۆمەڵاتی ئێکس رایگەیاند "پەیامێکی گرینگمان بۆ ئەمریکا وەک پشتیوانی رژێمی زایۆنیستی ناردووە". بە وتەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، لەم بانگکردنەدا کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بووە، " لایەنەکانی هێرشێ تیرۆریستی و تاوانی رژیمی ئیسرائیل روون کراوەتەوە و جەخت کراوەتە لەوەی ئەمریکا بەرپرسە لەم هێرشانە و ئەمریکا دەبێت وەڵامدەرەوە بێت". ئەمە لە حاڵێکدابە ماڵپەڕی "ئێکسیووس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە کە نەیویستووە ناوی ببرێت نووسیویەتی ئەمریکا بە ئێرانی راگەیاندووە، ئەوان ئاگاداری ئەم هێرشانە نەبوون و دەستیان نەبووە لەم هێرشانەی کە لە لایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە سەر کۆنسوولگەری ئێران لە دیمەشق. ئێکسیووس لەم بارەوە نووسیویەتی:" ئەم پەیامە دەرخەری ئەوەیە کە جۆباید و دەوڵەتی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق ببێت بە هۆی پەرەسەندنی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا و عێراق بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە". هاوکات نووسینگەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشێ نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئەم ئەنجومەنە درەنگانی شەو دەربارەی هێرشەکەی رۆژی دووشەممە کۆبۆتەوەو ئەو کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆمار و بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایش بەڕێوەچووەو بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە دواتر ئەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. رۆژی دووشەممە ٢ی نیسان بە هۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق نزیک بە باڵیۆزخانەی ئێران ٧ ئەندامی پلە باڵای سوپای پاسداران لەوانە محەمەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سوریا و لوبنان لە سوپای قودس کوژران. حوسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە سوریا، بە تەلەفزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی راگەیاند، جگە لەو حەوت ئەفسەرە باڵایەی سوپا، شەش کەسیتر کوژراون کە بە هاوڵاتی سووری ناوی بردوون. ناوەندی هەواڵی جەماران، محەمەد رەزا زاهیدی وەک فەرماندەیەکی پێشتری هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران و یەکێک لە فەرماندە چالاکەکانی هێزی قودسی سوپای پاسداران ناساندووە کە فەرماندەیی سوپای قودسی لە سوریا و لوبنان بە ئەستۆ بووە. بەرپرسانی حکومەتی ئێران هێرش بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی ئەو حەوت فەرماندە باڵایەی سوپای بە پێشێلکاری ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو دەبەن و نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆبوونەوەی خێرای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە. بەرپرسانی ئێرانی چی دەڵین؟ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیامێکی نووسراوەییدا محەمەد رەزا زاهیدی وەک فەرماندەیەکی باڵای سوپای قودس ناوبرد کە لەم هێرشەدا کوژراوەو هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و نووسی :" ئیسرائیل بە دەست رۆڵە نەترس و دلێرەکانی ئێمە سزا دەدرێت و ئەوان لەم تاوانەی خۆیان و تاوانە هاوشێوەکانیان پەشیمان دەبنەوە". خامنەیی لە پەیامەکەی خۆیدا شتێکی زیاتری دەربارەی جۆری سزادانەکە نەوتووە و تەنها ئەوە بووە کە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردووە. ئیبراهیم رەئیسی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق وەک "تیرۆری کوێر" ناوبرد و هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و وتی "ئەم تاوانانە بێ وەڵام نابێت". ئیسرائیل زۆربەی کاتەکان ئەم جۆرە هێرشانە ناگرێتە ئەستۆ و لە هەمانکاتدا ناشڵێت کە کاری ئەوان نەبوەو بە زۆری بێدەنگە هەڵدەبژێرین. رۆژی دووشەممە دانیەل هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەربارەی ئەم هێرشانە رایگەیاند دەربارەی ئەو شتانەی لە میدیاکاندا باس دەکرێت سەبارەت بەم هێرشە هیچ ناڵێت و سوپای ئیسرائیل لە ئێستادا تەنها خۆی بۆ جەنگی غەزە تەرخان کردووەو هەوڵ ئەدات ئامانجەکانی خۆی لەم جەنگە بپێکێت و سەرکەوتوو بێت لەم جەنگەدا. بەمەشەوە ماڵپەڕی ئێکسیووس لە زاری بەرپرسێی باڵای ئیسرائیلییەوە نووسیویەتی، سوپای ئەمریکا ئامادەیە بەرامبەر هەرچەشنە هێرشێکی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی کۆمااری ئیسلامییە وەک وەڵام دانەوە بەم هێرشەی کراوەتە سەر کۆنسولگەری ئێران لە دیمەشق و دەزانین کە ئێرانییەکان دەیانهەوێت تۆڵە بکەنەوەو ئێمەش لە ئامادەباشیداین. کۆبوونەوەی فەماندەکانی سوپا و هێزە فەلەستینییەکان کراوەتە ئامانج دوا بە دوای هێرشەکەی رۆژی دووشەممە ١ی نیسان،رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئیسرائیلی و بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران کە چاودێری هێزەکانی سوپای قودس ئەکات ، نووسی:" هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کۆنسولگەری کۆماری ئیسلامی لە دیمەش کۆبوونەوەیەکی کردە ئامانج کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی ئەمنی و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و میلیشیا فەلەستینییەکان گفتگووگۆیان ئەکرد دەربارەی جەنگی غەزە. نیویۆرک تایمز لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، ژمارەیەک لە فەماندە پلەبااکانی جیهادی ئیسلامی فەلەستین و ژمارەیەک لە میلیشیاکانی غەزە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەیوە پشتیوانی ئەکرێن، لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەدا ئامادە بوون لەو بینایەی کە کرایە ئامانج لە لایەن ئیسرائیلەوە. سوپای پاسدارانن تەنها ئاماژەی بە ناوی ٧ کەس داوە کە لە هێرشەکەی دیمەشقدا کوژراوەو ناوی کەسیتری نەبردووە کە لە ناو کوژراوەکاندا بێت. بەڵام باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق ئاماژەی بەوە داوە ٦ کەسیتر کوژراون، هەرچەند ئەو بە هاوڵاتی سووری ناوی بردوون. زیاد نخالە، سکرتێری گشتی جیهادی ئیسلامی فەلەستین، حەوتووی رابردوو هاوکات لەگەڵ سەفەری ئیسماعیل هەنییە، کەسی یەکەمی مەکتەب سیاسی حەماس بۆ تاران، بانگکرابوو بۆ تاران بۆ گفتووگۆ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و هاوئاهەنگ بوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی جەنگی غەزە. چوار بەرپرسی ئیسرائیلی کە داوایان لە نیۆیۆرک تایمز کردووە ناویان نەبات، وتوویانە کە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو بینایە کاری ئیسرائیل بووە، بەڵام ئەوەیان رەت کردۆتەوە کە ئەو بینایە شوێنێکی دیپلۆماسی بێت. ئەم بەرپرسانە وتوویانە ئەو بینایە بە دەستی سپای پاسدارانەوە بووەو چالاکییەکانی سوپای پاسداران لەوێوە پلانی بۆ داڕێژراوە، بۆیە ئامانجێکی سەربازی رەوا بووە. لە ئەمریکا ، کارن ژان پییەر، وتەبێژی کۆشکی سپی بە میدیاکانی راگەیاندووە، جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی راپۆرتەکانە دەربارەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کۆنسولگەری ئیسرائیل لە دیمەشق . بە پێی راپۆرتی میدیاکانی سوریا، مووشەکەکان لە ئیسرائیلەوەو لە بەرزاییەکانی "گوڵان"ەوە هاوێژراون و قەڵغانی مووشەکی سوریا ژمارەیەک لە مووشەکەکانی خستۆتە خوارەوە، بەڵام ئەو مووشەکانەی کە ئامانجەکەیان پێکاوە بووە بە هۆی وێرانبوونی بیناکە و کوژران و برینداربوونی هەموو ئەو کەسانەی لەو بینایەدا بوون. ئیسرائیل لە چەند ساڵی رابردوودا و بە تایبەت دوای دەستپێکی نائارامییەکانی سوریا، چەندین جار بنکە و شوێنی هێزەکانی نزیک بە ئێرانی کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بینایەکی سەر بە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئیسرائیلەوە بکرێتە ئامانج ئەمەش ئەکرێت دەرخەری ئەوە بێت کە ئیسرائیل دەیهەوێت پەرە بە هێرشەکانی بدات دژی ئێران و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریا.
هاوڵاتی سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، پێش هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر هۆڵی کۆنسێرت لە نزیک مۆسکۆ لە ٢٢ی ئازار، ئێران رووسیای ئاگادار کردبووە. رۆژی ٢٢ی ئازار هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر هۆلێكی کۆنسێرت لە رووسیا نزیکەئ ١٤٤ کەس کوژران و چەکدارانی داعش بەرپرسایەتی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ. بەپێی راپۆرتێک کە رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئێران چەند رۆژ پێش هێرشەکە رووسیای ئاگادار کردووەتەوە بەوەی کردەوەیەکی تیرۆریستی گەورە لەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت. سەرچاوەیەک بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، چەند رۆژ پێش هێرشە تیرۆریستیەکە لە رووسیا، تاران کۆمەڵێک زانیاری دەرباری ئەگەری هێرشێکی تیرۆریستی گەورە لە رووسیا ، خستبووە بەردەم مۆسکۆ و ئەو زانیاریانەی لە لێکۆڵینەوە لەو کەسانە بە دەست کەوتبوو کە دەستیان بووە لە تەقینەوەکانی کرمان. لە مانگی کانوونی دووەمدا و لە ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، تەقینەوەیەکی تیرۆریستی لە کرمان روویدا و لانیکەم ١٠٠ کەس کوژران و سەدان کەس بریندار بوون و چەکدارانی داعش بەرپرسایەتی هێرەکەی گرتە ئەستۆ.