یاساكەی كورد بۆ گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان دەنگی لەسەر نەدرا
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیاربوو لەبەرانبەر تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری كەسێتیی كە شیعە داوای دەكات و ناڕەزایەتیی لەسەر دروستبووە، یاسای گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ خاوەنەكانیان پەسەند بكرێت كە كورد داوای دەكات، بەڵام دەنگی لەسەر نەدراو دواخرا بۆ ئەوكاتەی رێككەوتنی لەسەر دەكرێت.
یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوەی عێراق لەبارەی خاوەندارێتیی زەوییە كشتوكاڵییەكان كە خواستی فراكسیۆنە كوردییەكانی لەسەر بوو، لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەدراو دواخرا بۆ كاتێكی تر.
لەبارەی دواخستنی دەنگدان لەسەر یاساكە، موهەیمن حەمدانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر پیكهاتەی عەرەبی كەركوك سوپاسی هەریەكە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی (لایەنە شیعەكانی پەرلەمانی عێراق)و حزبی تەقەدومی محەمەد حەلبوسی و حزبی سیادەی خەمیس خەنجەرو عەزمی موسەننا سامەڕایی كرد، هەڵوێستی ئەم لایەنانەی بۆ راوەستان دژی پەسەندكردنی یاساكە بە "هەڵوێستی نیشتمانی" ناوبرد.
بەپێی قسەی ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی كوتلەی توركمانیی لە پەرلەمانی عێراق، دواخستنی دەنگدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکان بە رەزامەندی هەردوو کوتلەی کوردو تورکمان بووە، بۆ ئەوەی لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا بگەنە رێککەوتن.
هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی ماددەی ١٤٠ـی دەستورە، ئەمڕۆ چووە ناو پەرلەمان و كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ موحسین مەندەلاوی سەرۆكی پەرلەمان و شاخەوان عەبدوڵای جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان و نوێنەرانی پارێزگای كەركوك كرد، ئەمە بۆ تاوتوێكردنی پەسەندكردنی یاساكەو ئاگاداربوون لە بۆچوونە جیاوازەكان.
بەگوێرەی زانیارییەكان، جگە لە كۆبوونەوەكەی عامری، لەسەر هەمان پرۆژە یاسا كۆبوونەوەیەكی تری لە نوسینگەی موحسین مەندەلاوی كراوە، بەڵام هێشتا وردەكاریی گفتوگۆكان ئاشكرا نەكراون.
ئەمەش لەکاتێکدا شیعەكان بەنیازن لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، هەمواری یاسای باری كەسێتیی عێراق تێپەڕێنن، هەموارێك كە رێگە بە بەشودانی كچانی تەمەن (٩ ساڵ) دەدات، ئەمە ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی شەقام دروستكردووە، بۆ كۆنترۆڵی ناڕەزایەتییەكان لەناو پەرلەماندا، دوو ئۆفەریان پێشكەشی كوردو سوننە كردووە، ئۆفەرەكەی سوننە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای (لێبوردنی گشتیی)، ئۆفەرەكەی كورد دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵەكان بۆ خاوەنەكانیان، ئەوانەی كە هەندێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی (هەڵوەشاوە) دەیانگرێتەوە، ئەمە خواستی كوردی لەسەرە، بەتایبەتی لە كەركوك ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی كورد لەم یاسایە سودمەند دەبن.
هەروەها جێگەی ئاماژەیە، تەنیا لە كەركوك بەهۆی بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی رژێمی پێشووەوە، دەست بەسەر زیاتر لە ١٣٠ هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی كورددا گیراوە.
ئەم بڕیارانەی بەعس لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٩ دەرچوون و بە پلەی یەكەم ئامانج لێیان گۆڕینی دۆخی دیمۆگرافیا بووە لە ناوچە جێناكۆكان.