وەزارەتى دارایی: داوای خەرجکردنی ئەو 36 ملیار دینارەمان کردوە کە لە مووچە بڕابوو

کاتژمێرێک لەمەوپێش



وەزارەتی دارایی و ئابوری لەڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت:  هەر کەموکوڕییەک لە مووچە یان نەناردن یان لێبڕین لە مووچەی هەرێم لە ( ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣ ) روویدا بێت وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی موچەی کانوونی دووەم رامانگەیاند بەغداد موچەی چەند مانگێکی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامی سەنگەری نەناردووە


راگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.
سەبارەت بەمووچەی مانگی کانوونی دووەم و دوای گەیشتنی تەمویلەکە لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کەموکوڕیەوە ، لێرە و لەوێ چەندین لێکدانەوە و تۆمەتی ناڕاست ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم کراوە، بە پێویستمان زانی وەك وەڵامێك بۆ ئەو تۆمەتانە جەخت لەم ڕاستییانەی خوارەوە بکەینەوە.

١- بۆ ئەوانەی کە لەیادیان چووە ماوەی سێ ساڵە بەپێی یاسای بوودجەی ( ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣ ) مووچەی هەرێمی کوردستان تێکڕا لەبەغداوە خەرج کراوە، واتە هەر کەموکوڕییەک لەمووچە یان نەناردن یان لێبڕین لە مووچەی هەرێم لەو سێ ساڵە ڕویدا بێت وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.

٢- لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەک وەزارەتی دارایی یەکەم لایەن بووین کە ڕامانگەیاند کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە ( ٣٦ ) ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی ئەو مانگە بڕیوە و نەیناردووە کە بریتییە لە مووچەی چەند مانگێکی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامی سەنگەر، ( بۆ نموونە خانەنشین هەیە ١٢ مووچەی وەرنەگرتووە بەڵام تەنها یەک مووچەی بۆ هاتووە، کەمئەندامانی سەنگەر پێویست بوو دوو مووچە وەربگرن یەکێكیان مووچەی مانگی ١٠ ی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مووچەی مانگی یەکی ئەمسال بەڵام تەنها یەک مووچەیان بۆ هاتووە).

٣- بەپێی نووسراوی ژمارە( ٣٦٦ ) لە بەرواری ( ٢٠٢٦/١/٢٧ ) داوای خەرجکردنی بڕی ( ٢٨١،١٢٥،٤٧١،٢١٦ ) دووسەد و هەشتا و یەک ملیار و سەد و بیست و پێنج ملیۆن و چوارسەد و حەفتا و یەک هەزار و دووسەد و شازدە دینارمان بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خەرج کردووە، کە بڕی ٣٦ ملیارەکەشی لەگەڵە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕی ( ٢٤٤،٧٦٤،٦٠٦،٣٥٧ ) دوو سەدو چل و چوار ملیار و حەوت سەد و شەست و چوار ملیۆن و شەش سەد و شەش هەزار و سێ سەد و پەنجا و حەوت دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی ناردووە.

٤- وەزارەتی دارایی بەدواداچوون بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی ( ١٢ ی شوباتی ٢٠٢٦ ) نووسراوی دووەممان بە ژمارە ( ١١٦٤/٤/٧ ) ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە و داوای خەرجکردنی بڕی ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٨٥٩ ) دینارمان کردووە وەک تەواوکاری تەمویلی مووچە و شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەم.

٥- بەبیر هەموو ئەو کەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەهێنینەوە کە بەشێوەی ناڕەوا هێرش دەکەنە سەر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بوختان و تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە دەبێت چاوەڕێ بن ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە لە پێناو سەلماندنی ڕاستییەکان.

لە کۆتاییشدا بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین ئەو لایەنەی داکۆکی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە لە بەغدا و هەموو مەحفەلەکانی تردا بەشانازیەوە تەنها حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی لایەنی سەرەکی و بنچینەیی بوون پێش هەموو کەس و لایەنەکانی تر.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٢ ی شوباتی ٢٠٢٦
هاوپێچ
١- نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارە ( ٣٦٦ ) لە (٢٠٢٦/١/٢٧ ) تایبەت بە خەرجکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی.
٢-نووسراوی ژمارە ( ٣٣٢٣ ) فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بەخەرجکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی.
٣- نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارە ( ١١٦٤/٤/٧ ) لە بەرواری ( ٢٠٢٦/٢/١٢ ) بۆ خەرجکردنی تەواوکاری مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار