ڤانە باهیر باوەڕ ئاگری، نووسەرو مامۆستای زمانی کوردی، کەخەڵکی باکوری کوردستانە، ماوەی دوو ساڵە لەتورکیا هەڵهاتووە بەهۆی ئەوەی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە هەڕەشەی لێکراوە لەسەر ئەوەی وانەی کوردی وەکو زمانی دایک وتووەتەوە، بەڵام لەئێستادا لەهۆڵەندا درێژە بەکارەکەی دەدات و لەنێو خوێندکارەکانیشدا کەسانی تورکی و بیانی هەن کەدەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن. باوەڕ ئاگری لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هاوڵاتی باسی ئەو گرفتانە دەکات لەتورکیا هاتوونەتە بەردەمی و دەڵێت، حکومەتی تورکیا لەڕێگەی هەڕەشەوە دەیەوێت کوردانی «هۆشیارو پێشەنگ بترسێنن و بێدەنگیان بکەن»، تەنانەت ئەگەر مرۆڤی کورد سەربەخۆش بێت، بێ ئەوەی سەر بەڕێکخراوێکی کوردی بێت و رەخنە لەدەوڵەت بگرێت، تووشی هێرش دەکرێت. هاوڵاتی: چۆن بڕیارتدا دەست بەوتنەی زمانی کوردی بکەیت لەتورکیا؟ باوەڕ ئاگری: لەساڵی ٢٠١٤ چوومە خولی زمانی کوردی لەپەیمانگای کوردی لەئەستەنبوڵ، پاشان لەساڵی ٢٠١٩ بڕوانامەی مامۆستاییم بەسەرکەوتوویی وەرگرت و دەستم کرد بەو کارە. هاوڵاتی: ئەزموونی ئێوە وەک مامۆستایەکی کورد لەتورکیا چییە؟ باوەڕ ئاگری: نزیکەی ماوەیەک لەپەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانەی زمانی کوردیم وتەوە. لەو کاتەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا تازە دەرکەوتبوو. پێشتر رووبەڕوو وانەی کوردیمان دەوتەوە، دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە لەهەموو شوێنێک بڵاوبووەوە، ناچار بووین وەک هەموو کەسێک ئەو کارە بکەین و بەئۆنلاین وانەی کوردیمان دەوتەوە. بەم شێوەیە بۆ ماوەیەک لە ژێر چەتری پەیمانگای کوردی ئەستەنبوڵ وانەی کوردیم بەئۆنلاین دەوتەوە. پاشان بەتەنیا وانەی تایبەتم دەدا. ئەمە نزیکەی ساڵێک بوو. لەو نێوەندەدا ڤیدیۆی وانەکانی کوردیشم دروستکردو لەکەناڵی کوردی تایبەت بەخۆم بڵاوم کردەوە کەبینەرەکانی زیاد لە «دە هەزار» کەسی تێپەڕاندووە لەماوەیەکی کورتدا. هەندێک جار ڤیدیۆ دروستدەکەم و لەکەناڵەکەم دایدەنێم. ئەوانەی دەیانەوێت دەتوانن لە یوتیوب کەناڵەکەم بدۆزنەوەو بینەری وانەی کوردی بن. هاوڵاتی: ئایا خوێندکارەکان تەنها کوردن؟ باوەڕ ئاگری: لەم دواییانەدا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زمانی کوردی سەرنجێکی زۆری بۆ دێت. هەردوو کورد و تورک دەیانەوێت فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی بن و بیانییەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی بن. کاتێک بە شێوەی ئۆنلاین وانەم دەگوتەوە، لەنێو خوێندکارەکانمدا خوێندکاری تورک و ئەوروپیم هەبوو. هەندێک لەتورکەکان لەیوتیوب فۆڵۆی کەناڵەکەم دەکەن . هەندێک جار پرسیار دەکەن و منیش وەڵامیان دەدەمەوە. بەکورتی دەکرێ بڵێین جگە لەکورد، بێگانەکان دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن. هاوڵاتی: ئاستەنگەکانی حکومەتی تورکیا چین بۆ ئەوکەسانەی لەبواری زمان و کولتوری کوردی کاردەکەن؟ باوەڕ ئاگری: دەوڵەتی تورکیا هەرگیز نەیهێشتووە کورد بەئاسانی فێری زمانی کوردی ببێت و لەژیان یان بڵاوکراوەی خۆیدا بەکاری بهێنێت. پێشتر فشار لەسەر کورد هەبووەو ئێستاش فشار لەسەر کورد هەیە. زۆرێک لەو دامودەزگایە کوردیانەی کەپۆلی کوردییان دەوتەوە لەسەردەمی ئەم حکومەتەی ئێستادا داخران یان قەدەغە کران. بۆ نموونە دەوڵەتی تورک گۆرانی کوردی قەدەغە دەکات، رێگە نادات ئەکتەرە کوردەکان شانۆگەری کوردی پێشکەش بکەن، رێگە نادات کتێبی کوردی چاپ بکرێت، رێگە نادات فیلمی کوردی فیلم بگیرێت، رێگە نادات کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کوردی بکرێتەوە. رەنگە لەبیرتان بێت کە دەوڵەتی تورکیا چەند ساڵێک لەمەوبەر تەلەفزیۆنی زارۆکی قەدەغە کردو لەمانگی دەستکردی تورک-سات لایبرد. کەناڵی زارۆک، وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، تەنها کاریکاتێری بۆ منداڵان بەرهەم دەهێناو هیچ کارێکی سیاسی نەدەکرد بەڵام حکومەتی تورکیا قەدەغەی کرد. هاوڵاتی: چ ئەزموونێکی خۆتان هەیە کەحکومەتی تورکیا هێرشی کردبێتە سەر پەیمانگای کوردی لەئیستەنبوڵ بۆ خوێندنی کوردی؟! باوەڕ ئاگری: ساڵی ٢٠١٧ لەپەیمانگای کوردی لەئەستەنبوڵ کە لەوکاتەدا خەریکی وانە خوێندنی کوردی بووین، رۆژێک وەک هەمیشە چوومە پۆل سەیرم کرد مامۆستا سامی تان و هاوڕێکانی تر لە دەرگاکەدان. لەو کاتەدا پۆلیسی تورکیا دەرگای پەیمانگاکەیان شکاند و کاغەزەکانیان لێسەندەوە و دەرگاکەیان مۆر کرد. ئەمەم بەچاوی خۆم بینی ئەمەش بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک، بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بڵێت حکومەتی ئاکەپە لەوانی تر باشترە. هاوڵاتی: بەبەراورد لەگەڵ ٢٠ ساڵی رابردوو بەربەستەکان کەم بوونەتەوە یان گۆڕانکاریان بەسەرهاتووە؟! باوەڕ ئاگری: وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، دەوڵەتی تورک هەمیشە ئاستەنگی لەدژی کورد داناوە. بەڵام لەتۆڕه کۆمەڵایەتیەکاندا بەرپرسانی ئاکەپه دەڵێن ئێمه هیچ ئاستەنگێک له بەرامبەر کورد دروست ناکەین و کورد ئازاده بەڵام راست نیە. هاوڵاتی: لەئێستادا لەهۆڵەندا دەژیت، بۆچی تورکیات بەجێهێشت؟ باوەڕ ئاگری: دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی فاشیستە، جگە لەتورک و زمانی تورکی هیچ گەلێک و هیچ زمانێک ناناسێت. سەد ساڵە بەم شێوەیە بووە. بەتایبەت ئەگەر مرۆڤی کورد سەربەخۆ بێت، بێ ئەوەی سەر بەڕێکخراوێکی کوردی بێت و رەخنە لەدەوڵەت بگرێت، تووشی هێرش دەکرێت. لەئێستادا جگە لە کوردە سیاسییەکان، بەسەدان مامۆستا و ئەکادیمیست و پرۆفیسۆری کورد لەزیندانەکانی تورکیا زیندانی کراون، چونکە خەبات بۆ دۆزی کورد دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کەکورد ناتوانێت لەتورکیا بژی. من یەکێکم لەو کەسانەی کە هێرشم کراوەتەسەرو هەڕەشەم لێکراوە. بۆیە، ناچار بووم بڕۆم. هاوڵاتی: چەند جار هەڕەشەتان لێکراوە و لەسەر چی بووە؟! باوەڕ ئاگری: لەژێر ماڵەکەماندا چایخانەیەک هەبوو. پۆلیس هەمیشە لەوێ بوو. ئەوان تەنها بۆ من نەبوون، بەڵکو زۆرجار لەڕێگامدا وەستابوون. رۆژێک تەلەفۆنیان بۆ کردم و داوایان لێکردم بچمە بنکەی پۆلیس و پێیان نەگوتم بۆچی بانگم دەکەن، بەڵام چوومە بنکەی پۆلیسەکە، پێیان وتم گلەیی لەتۆ هەیە. پرسیم کێ گلەیی کردووەو هۆکارەکەی چییە؟ بەڵام وەڵامێکی روونیان نەدایەوە، دواتر پرسیارێکی هاوشێوەم لێکرا، پێت وایە لەتورکیا مافی کورد رێزی لێدەگیرێت یان نا؟ پێکەنیم و پێم وتن ئەگەر رێز لەمافی کورد نەگیرێت، کەواتە بۆ پەیوەندیتان پێوەکردم و منتان هێناوەتە بنکەکە؟ بۆ ئەم پرسیارەش بەپێی بۆچوونی خۆم چەند وەڵامێکم دایەوەو پێم وتن بۆچی ئەو کەسانە ناهێنن کە بەئینگلیزی و عەرەبی یان زمانێکی تر دەنووسن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکەن؟ دیسان وەڵامێکی روونیان نەدایەوە، زۆر روونە کە ئەوان دەیانەوێت کوردانی ئاگادار یان پێشەنگ بترسێنن و بێلایەنیان بکەن. هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەمەیە.
هاوڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، رایگەیاند نایەوێت کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام بدات تاوەکو هێزەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی نەکشێنەوە، دەشڵێت، گروپە تیرۆرستییەکانی ناو سوریا دەستکردی ئەنقەرەن و هەوڵی ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ سوریا بۆ ئەوەیە رەوایەتی بدات بەو "گروپە تیرۆرستیانە". لەدوای هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆککۆماری تورکیا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند جارێک ئاماژەی بەوە داوە کە ویستی کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سوریا هەیە، بەتایبەت لەگەڵ بەشار ئەسەد و رەنگە لوتکەیەکی ئاشتی ببەستن. لەسەر ئەم لوتکەی ئاشتییە بەشار ئەسەد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز رایگەیاند، کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام نادات چونکە "هەوڵی ئەردۆغان بۆ بەستنی کۆبونەوەیەکی لەو جۆرە تەنها ئامانج لێی پێدانی رەوایەتییە بە بوونی هێزەکانی تورکیا لە سوریا." سەرۆکی سوریا ئەوەشی خستەڕوو بەشداری لە هیچ لوتکەیەک ناکات تاوەکو تورکیا هێزەکانی خۆی نەکشێنێتەوە لە سوریا و پاڵپشتی خۆی نەوەستینێت بۆ "گروپە تیرۆرستییەکانی وەک بەرەی نوسرە و ئەحرار شام و گروپەکانی تر کە ناوی تریان هەیە." ئەسەد دەشڵێت، "تیرۆرستان دەستکردی تورکیان و تورکیا هەتا ئێستاش هاوکارییان دەکات" بۆیە نابێت تورکیا بڵێت تیرۆرستان هەڕەشەن بۆ سەر خاکەکەی.
هاوڵاتی بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە دەستی کرد بە گواستنەوەی ژمارەیەک کۆچبەر بۆ کەشتییەکی گەورەی نیشتەجێبوون لە کەناراوەکانی باشوری وڵاتەکە وەک بەشێک لە پلانەکانی بۆ پاشەکەوتکردنی پارە و لابردنی ئەو فشارەی لەسەر هۆتێلەکانە بە هۆی وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی بە قاچاخ دەچنە وڵاتەکەوە. میدیاکانى بەریتانیا بڵاویانکردەوە، ئێوارەى دوێنێ بەریتانیا بڕیارێکی دژی پەنابەران خستە بواری جێبەجێکردنەوە و یەکەم کاروانى پەنابەرانى گواستەوە بۆ ناو کەشتی بیبی ستۆکهۆڵم، کە لەناو دەریادا دەمێنێتەوە وا بڕیارە تا داواى مافی مانەوەیان لەو وڵاتە یەکلایی نەکرێتەوە ئەوا نەتوانن بگەڕێنەوە بەریتانیا. لە ئێستادا 15 کۆچبەر نیشتەجێکراون لە بەلەمی بیبی ستۆکهۆڵمدا هاوکات شێرڵ ئاڤێری، بەڕێوەبەری شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەران لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند لە هەفتەکانی داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر پەنابەر نیشتەجێی بەلەمەکە دەکرێت. هاوکات وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سارا داینس بە سکای نیوزی ڕاگەیاندوە کەشتییەکە پەیامێک دەنێرێت کە بەریتانیا " شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو پێشکەش دەکات بەڵام شاهانە نییە." وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت کۆچبەران بۆ ماوەی سێ بۆ نۆ مانگ لە بەلەمەکەدا نیشتەجێبن تا کاتی یەکلابونەوەی داوای پەنابەریتییان لەو وڵاتە. یەکێکی تر لە ڕێوشوێنەکانی بەریتانیا بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسای بۆ وڵاتەکەی ئەوەیە کۆچبەران دەگوازێتەوە بۆ شوێنە سەربازییە بەکارنەهێنراوەکان و بەلەمەکانی وەک بیبی ستۆکهۆڵمی سێ نهۆمی خۆڵەمێشی لە پۆرتلاند کە دەتوانێت نزیکەی 500 کەس بگرێت و زیاتر لە 200 ژووری نوستنی تێدایە. ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستاشدا بەریتانیا لەگەڵ پێنج وڵاتى ئەفریقا لە دانوستاندان بە مەبەستى دیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانیان، کە ڕوویان لە بەریتانیا کردووە. بە گوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 50 هەزار پەنابەر لە هۆتێلەکاندا دەژین حکومەتی بەریتانیا دەڵێت دەڵێت خەرجی هۆتێلەکان ڕۆژانە زیاترە لە 6 ملیۆن پاوەند (7.6 ملیۆن دۆلار) .
هاوڵاتی رۆژنامەی ساندەی تایمز، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، سوەیلا براڤێرمەن، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، سوپای پاسدران بە " گەرەترین هەڕەشە" لەسەر وڵاتەکەی ئەبینێت. لەم راپۆرتەدا کە ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە سوەیلا براڤێرمەنەوە بڵاویکردۆتەوە دەڵێت :" وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەوە دەترسێت سوپای پاسداران پەرە بە چالاکییەکانی بدات و سیخوڕە ئێرانییەکان خەریکی بەکارهێنانی تاقم و دەستە تێکدەر و خراپکارەکانن بۆ هێرش بۆ سەر نەیاری کۆماری ئیسلامی. ئەم سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوی ببرێت بە سەندەی تایمزی وتووە:" هەڕەشەکانی ئێران زیاتر لە هەرکاتێک ئێمەی نیگەران کردووە. کێشەیەکی گەورەیە لەبەر ئەوەی ئەوان خەریکن هێرشبەرانەتر هەڵسووکەوەت ئەکەن و ویستی زیاتریان هەیە." چەند مانگ لەوە پێش پۆلیسی دژە تیرۆری بەریتانیا رایگەیاند کە ١٥ پلانی تێکدەرانەی تێک شکاندووە کە سەرچاوەکەیان لە ئێرانەوە بووەو ئێران پلانەکەی داڕشتووە.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆسیەتێدپرێس، رۆژی پێنج شەممە ٣ی ئاب، لە راپۆرتێکدا لە دەمی پێنج بەرپرسی پلەباڵای سەربازی ئەمریکاوە رایگەیاند، ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی جێگیرکردنی سەربازەکانی خۆیەتی لە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کاتی پەڕینەوە لە گەرووی هۆرمۆز لە کەنداو. ئەم وتەیەی ئەم بەرپرسە باڵا سەربازیانەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ ناردنی هەزاری کۆماندۆ و سەربازی هێزی دەریایی و مەلەوان بۆ کەنداو لە کەشتی هێرشبەری ( یو .ئێس. ئێس باتان ) و کەشتی ( یو. ئێس. ئێس. کارتەر هاڵ). ئەم پێنج بەرپرسە سەربازییە نەیانویستووە ناویان بڵاو بێتەوە، بەڵام جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەم بارەوە نەدراوەو بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا لە گفتوگۆ و راوێژدان لەگەڵ هاوپەیامنە عەرەبەکانی ئەمریکا لە کەنداو. ئەو بەرپرسە سەربازییانە باسیان لەوە کردووە، مەلەوان و چەکدارە دەریاییەکان، هەرکات لە لایەن کەشتییە بازرگانییەکانەوە داوایان لێ بکرێت، بەهانای کەشتییەکانەوە ئەچن و ئەمنییەتیان دەپارێزن. بەرپرسێکی سەربازی پرۆسەکەی بە پرۆسەیەکی ئاڵۆز ناوبرد و وتی:" جێگیر کردنی سەربازە ئەمریکاییەکان لە سەر هەر کەشتییەکی بازرگانی، پێویستە لە لایەن ئەو وڵاتەوە کە ئاڵاکەی لە سەر کەشتییەکەیە ڕێگە پێدراو بێت و هەروەها ئەو وڵاتەی کە بەناویەوە تۆمار کراوە". ئەم بەرپرسە کە ناوی نەهاتووە ئەڵێت :" تا ئێستە وا نەبوە کە سەربازەکان لە سەر کەشتییەکان جێگیر بن و رەنگە پێویستی بە کات بێت". پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە، براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی جێگیرکراو لە بەحرین لەگەڵ رێبەرانی شەش وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، واتە بەحرەین، کوێت، عوممان، قەتەر، سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کۆبۆوە. هەرچەن لە راگەیاندنی کۆتایی ئەم دانیشتنەدا ئاماژە بەو بابەتە نەکراوە کە رۆژنامەی ئەسۆشەیتێدپرێس باسی ئەکات، بەڵام لەو راگەیاندنەدا باس لەوە کراوە کە "کۆپەر" لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتانە دەربارەی بەهێزکردنی هاوکارییەکانیان و کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و ناوچەییەکان، ڕاو بۆچوونیان گۆڕیوەتەوە. ئەگەر بێتوو ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکرێت و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان جێگیر بکرێن، ئەمە دەبێت بە هۆی ئەوەی ئەمریکا بەرپرسایەتییەکی زۆر بکەوێتە سەرشانی بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی کەشتییە بارهەڵگرەکان و لە هەمانکاتدا رێگرییە لە هەنگاوەکانی ئێران و رووسیا و چین لەم ناوچە دەریاییە. ئەمریکا تەنانەت لە جەنگی ناسراو بە جەنگی نەوت هەلگرەکان، ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هێزە سەربازییەکانی خۆی بەم شێوەیە لەسەر کەشتییە بارهەڵگر و نەوتهەڵگرەکان جێگیر نەکردبوو. لە سەردەمی جەنگی عێراق- ئێران، لە ساڵی ١٩٨٥-١٩٨٨ بە مەبەستی بەرگرتن بە بازرگانیکردن و فرۆشتنی نەوت، هەرکام لە وڵاتانی ئێران و عێراق هێرشیان دەکردە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی یەکتر و ئەمریکا بە مەبەستی پاراستنی بازرگانی لە کەنداو. دوو پاپۆڕی گەورەی " یو.ئێس. ئێس . باتان" و " یو. ئێس. ئێس. کارتەرهاڵ" رۆژی ١٠ی تەمووز بە مەبەستی پاراستنی ئەمنیەتی بازرگانی ئازاد لە گەرووی هۆرمۆز لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران کە هەڕەشەی تێکدان و وەستاندنی بازرگانی ئازاد ئەکات لەم رێگا بازرگانییە نێردراونەتە ناوچەکە. "یو. ئێس. ئێس. باتان" هەفتەی رابردوو لە گەرووی گیبرالتار ( جبل الطارق)ەوە گوزەری کرد بەرەو کەنداو. ئەمریکا لە مانگی رابردوودا بە مەبەستی وەستانەوە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئێران، فڕۆکەی جەنگی (ئەی-١٠)، ( تاندرلێبت -٢)، ( ئێف-١٦) و ( ئێف- ٣٥) و هەروەها پاپۆڕشکێنی (یو.اس.اس. تۆماس هادنەر) ناردۆتە کەنداو. چەند رۆژ لەوە پێش و رۆژی چوارشەممە ٢ی ئاب، سوپای پاسداران نمایشێکی سەربازی لە کەنداوی فارس و لە سێ دوورگەی ( تونبی گەورە، تونبی بچووک، ئەبوومووسا) بەڕێوەبرد ناوی نابوو " نمایشی هێز و ئامادەیی بۆ بەرگری لە ئەمنیەتی کەنداو و سێ دوورگەکە" حسێن سەلامی فەرماندەی سپای پاسداران دەربارەی ئەم نمایشە سەربازییە وتی :" هیچ پێویستێکمان بە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئەوان نییە لە ناوچەکە". هەڵبژاردنی ئەو سێ دوورگەیە (ئەبوومووسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک) بۆ نمایشی سەربازی لەگەڵ ئەوەی پەرچەکردارە بە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، هاوکات وەڵامدانەوەیە بە دانیشتنی ٦ وڵاتی کەنداو و رووسیا دەربارەی خاوەندارێتی ئەم سێ دوورگەیە کە رۆژی ١١ی تەمووز لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو و ناڕەزایەتی گەورەی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتەوە. ئیمارات خۆی بە خاوەنی ئەو ٣ دوورگەیە ئەزانێت و ئێران هەموو گفتگوگۆ دەربارەی خاوەندارێتی ئەو ٣ دوورگەیە رەت ئەکاتەوە.
هاوڵاتی تان كەفێی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری چین رایگەیاند، پێشكەشكردنی هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ تایوان دەستوەردانێكی ئاشكران لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەکەمان. ڕاشیگەیاند، ئەمریكا بە پێشكەشكردنی هاوكاری سەربازی بۆ تایوان، بە ئاشكرا دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی چین دەكات و زیانێكی گەورە بە سەروەری و بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی چین دەگەیەنێت و ئارامی و سەقامگیری لە گەروی تایوان دەخاتە مەترسییەوە، ئێمە دژی ئەمەین و پێویستە رێز لەیەكگرتویی خاكی چین بگیرێت. ئاماژەی بەوەشكرد، پرسی تایوان هێڵێكی سورە لە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چین كە ناتوانرێت تێپەڕێنرێت. وتەبێژی وەزارەتی بەرگری چین وتیشی، "داوا لە ئەمریكا دەكەین هەمو جۆرە هاوكارییەكی سەربازی لەگەڵ تایوان ڕابگرێت و بەردەوامیی لە ڕێگای هەڵە و مەترسیدار ڕابگرێت". ئەوەشی دوپاتکردەوە کە سوپای چین لە نزیكەوە بەدواداچون بۆ دۆخی تایوان دەكات .
هاوڵاتی دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژى سەرۆکایەتى ڕووسیا ڕایگەیاند، لە ئێستادا هیچ هۆکارێک نییە بۆ گفتوگۆکردنى ئاشتى لەگەڵ ئۆکراین، دەشڵێت، هێزەکانی ئۆکراین لە هێرشەکانیان بەو شێوەیە سەرکەوتوو نەبوون، کە پلانیان بۆ دانابوو لە هەمانکاتیشدا سەرجەم هاوکارییە سەربازییەکانى ناتۆ لە ئۆکراین لەناو دەچن . وتەبێژى سەرۆکایەتى ڕووسیا ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا هیچ هۆکارێک نییە بۆ گفتوگۆکردنى ئاشتى لەگەڵ ئۆکراین پێویستە بزانین ئامانجی گفتوگۆکانی داهاتوو لە سعودیە لەبارەی شەڕی ئۆکراینەوە چییە. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتەبێژى سەرۆکایەتى ڕووسیا ئاماژەى بەوەشکرد، هێزەکانی ئۆکراین لە هێرشەکانیان بەو شێوەیە سەرکەوتوو نەبوون، کە پلانیان بۆ دانابوو لە هەمانکاتیشدا سەرجەم هاوکارییە سەربازییەکانى ناتۆ لە ئۆکراین لەناو دەچن باسی لەوەشکردووە، وەک ڕووسیا بە وردی چاودێری گفتوگۆکانی نێوان وڵاتان بەتایبەت سعوودییە دەکەن لەگەڵ ئۆکرانین. جێگەى ئاماژەیە، لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢ـەوە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین دەستی پێکردووە و نزیکەى دوو ساڵە جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە و بەشێکى زۆرى خاکى ئۆکراین لەلایەن سوپاى ڕووسیاوە دەستی بەسەرداگیراوە.
هاوڵاتی بڵاوبوونەوەی نامەیەکی ڕەسمی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، بۆ پەرلەمانی ئێران کە سکاڵای لە کۆریای باشوور کردووە کە ئامادە نییە ٧ میلیارد دۆلار قەرزی ئەم وڵاتە بداتەوە لە میدیاکانی ناوخۆی ئێران دەنگدانەوەی زۆری هەبووە. ئەم نامەیە هەفتەی رابردوو نووسراوەو داوای لە محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کراوە رەشنووسێک ئامادە بکات بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان بانکی ناوەندی ئێران و کۆریای باشوور. بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئێران لە مانگەکانی رابردوودا زۆرجار بانگەشەی ئەوەیان ئەکرد لەگەڵ کۆریا رێککەوتوون بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارەیەی کە لای ئەو وڵاتەیە و بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە ناڕاستبوونی بانگەشەکانیان ئەخاتەڕوو. دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناسراو بە (بەرجام) و توندترکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و کۆریای باشوور بە هۆی ئەو بڕە پارەیەی ئێران کە لە بانکەکانی ئەم وڵاتەدایە و ناتوانن دەستیان پێی بگات، تێکچووە. حەوت میلیارد دۆلار، پارەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە بۆ کۆریای باشوور، کە کۆریا بە هۆی گەمارۆکانەوە ئامادە نییە ئەم پارەیە بۆ کۆماری ئیسلامی بنێریتەوەو ئێرانیش رێگای جیاوازی تاقی کردۆتەوە بۆ ئەوەی ببێتەوە بە خاوەنی پارەکەی. جێگەی ئاماژەیە تا بەر لە چوونە دەرەوەی ئەمرکیا لە بەرجام، کۆریای باشوور یەکێک بوو لە کڕیارە هەمیشەییەکانی نەوتی ئێران. مانگی دەی ساڵی رابردوو، راگەیاندنە حکوومییەکان لە ئێران باسیان لە رێکەوتن کرد بۆ ئازاد کردنی "حەوت میلیارد دۆلار" پارەی ئێران کە لە کۆریای باشوور کە دەستی بە سەردا گیراوە، لە بەرامبەر ئازادکردنی "باقر نەمازی" هاوڵاتی ئێرانی – ئەمریکایی. بەڵام چەند رۆژ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئەم رێککەوتنەی بە ناراست ناوبرد. لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، محەممەد موخەبر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران بە میدیاکانی راگەیاند :" ئەو سەرمایە و پارە بلۆک کراوەکانی ئێران لە هەندێ لە وڵاتەکان ئازاد بووەو لە هەندێ لە وڵاتەکانیش لەوەدایە کە ئازاد بێت و دەستمان پێی بگات". جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران باسی هیچ وڵاتێکی نەکرد، بەڵام رۆژێک پێشتر سەرچاوە دیپلۆماتیکەکانی کۆریای باشوور بە رۆژنامەیەکی ئابووری ئەو وڵاتەیان وتبوو، کۆریا و ئەمریکا بە شوێن مێکانیزمێکدا ئەگەڕێن بۆ ئەوەی ٧ میلیارد دۆلاری ئێران کە لە بانکەکانی کۆریا دەستی بە سەردا گیراوە ئازاد بکەن. دوو هەفتە دوای ئەو هەواڵەی رۆژنامە ئابوورییەکەی کۆریای باشوور، وەزیری دارایی کۆماری ئیسلامی بە گەشبینییەوە باسی لەوە کرد لە داهاتوویەکی نزیکدا و " لە رۆژانی داهاتوو رێگایەک ئەدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەم پارانەی ئێران کە دەستی بە سەردا گیراوە ئازاد بکرێت". بانگەشەکانی بەرپرسانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەربارەی وەرگرتنەوەی ئەم ٧ میلیارد دۆلارە لە کۆریایی باشوور ئەوەندە بڵاو کرایەوە تا وای لێهاتووە میدیاکانی ناوخۆی وڵات وەک "هەواڵی دووبارە" یان " هەواڵ دەرمانی" ناوی دەبەن و بە بێ بنەمای دەزانن. بۆ وێنە مانگی ئەیاری رابردوو رۆژنامەی "تجارت نیوز"لەم بارەوە نووسیبووی :" هەواڵی وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارەیە لە کۆریای باشوور، هەموو مانگێک جارێ بڵاو دەکرێتەوەو دەبێ بە مانشێتی راگەیاندنەکان، بە تایبەت ئەو کاتانەی کە بەهای دراوەکان بەرزی و نزمیان هەیە میدیاکانی سەر بە دەوڵەت دەیانهەوێ بە دووبارە کردنەوەی ئەم بابەتە "هەواڵ دەرمانی" بکەن. جێگەی ئاماژەیە مانگێک لەوە پێش ئەمریکا بڕی ٣ میلیارد دۆلار پارەی ئێران لە بانکەکانی عێراقی ئازاد کرد بەو مەرجەی ئەو پارانە تەنها بۆ بوارە مرۆییەکان و ئەو بوارانەی سزاکانی ئەمریکا نەیگرتوونەتەوە بەکار بهێنرێت.
هاوڵاتی سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد دوای دابەشبوونی یەکێتیی سۆڤیەت ئۆکرانیا وەک "دەوڵەتێکی سەربەخۆ" ناسێندراوە، لەبەرئەوە هەوڵدان بۆ بەئەندام بوونی ئەم وڵاتە بۆ ناو ناتۆ، هەڕەشەی سەرەکيیە بۆ سەر ئاسایشی رووسیا. لە چوارچێوەی لووتکەی رووسیا-ئەفریقا کە لە سانت پیتەرسبۆرگ بەڕێوەدەچێت، پوتین کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەفریقا لەبارەی ئۆکرانیاوە ئەنجام دا. لەو بەشەی کۆبوونەوەکە کە بەرووی راگەیاندندا کراوە بوو، پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە شیکاریان بۆ ئەو پێشنیارانە کردووە کە سەرکۆماری باشووری ئەفریقا، کیریل رامافۆسا مانگی حوزەیران لەبارەی ئۆکرانیا خستیەڕوو. سەرۆکی رووسیا، ئەوەیشی خستەڕوو کێشەی ئۆکرانیا لەلایەن هەندێک هێزەوە وروژێنراوە کە ساڵانێکی زۆرە لە رۆژئاوا خۆیان بۆ جەنگی دژ بە رووسیا ئامادە دەکەن و گوتی: "هەموو شتێکیان کرد بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بکەنە ئامڕازێک بەمەبەستی تێکدانی بنەما ئەمنییەکانی رووسیا، زیانگەیاندن بە پێگەی رووسیا لە جیهان و تێکدانی سەقامگیری دەوڵەتەکەمانە. ئەمە کێشەی یەکەمە". هاوکات سەرۆکی روسیا لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی پەیوەستن بە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، ھەنگاوەکانیان پێچەوانەی نییە، چونکە تەئکید لەسەر رێزگرتن لە وڵاتانی تر دەکات و ئەوانیش ھەر ئەوەیان کردوە، دووپاتیشی کردەوە، کە نابێت پەنا بۆ پێودانگی دژ بە یەک و سزای تاکلایەنە لەسەر حسابی ئەوانی تر ببرێت. لە دوای ھێرشە وێرانکەرەکانی ئەم دواییەی رووسیا بۆسەر خاکی ئۆکراین، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رەخنەی توند ئاراستەی رووسیا کرا و داوای راگرتنی ھێرشەکانی کرا.
هاوڵاتی تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشوتری بەریتانیا رایگەیاند، بەریتانیا لە داهاتودا دەچێتەوە ناو یەکێتی ئەوروپا، چونکە ڕاپرسییەکی نوێ دەریخست کە پشتیوانی بۆ دوبارە ئەندامبونەوە لە یەکێتی ئەوروپا لە بەرزترین ئاستی پێنج ساڵی ڕابردوودا بووە. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای دێڵتاپۆل ڕاپرسییەکی بڵاوکردەوە کە نیشانی دەدات پاڵپشتییەکانیان بۆ دوبارە ئەندامبونەوە لە یەکێتی ئەوروپا زیادیانکردوە، لە دوایین ڕاپرسیی دەرکەوتووە کە 56%ی خەڵک دەنگ دەدەن بۆئەوەی دوبارە بەشداری بکەنەوە ئەگەر ڕیفراندۆمی دووەم ئەنجام بدرێت. نزیکەی 38%ی هاوڵاتیان ڕایانگەیاندوە، دەنگ دەدەن بۆ مانەوە لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش بە ڕێژەی سێ خاڵ کەمیکردوە. لە میانی چاوپێکەوتنێکدا تۆنی بلێر سەبارەت بە پرسیاری ئایا هیچ ئاسۆیەکی واقیعی دەبینێت کە بریتانیا بگەڕێتەوە ناو یەکێتی ئەوروپا یان پەیوەندی بە یەکێتی گومرگی یان تاک بازاڕییەوە بکات، لەوەڵامدا وتویەتی، من باوەڕم وایە لە شوێنێکدا نەوەی داهاتوو بریتانیا دەباتەوە ناو ئەوروپا، دەبێت سەیری ئەوە بکەیت کە چی ڕویداوە".
هاوڵاتی پسپۆڕانی کەشوهەوا لە ئاژانسی ناسا دەڵێن، پێدەچێت مانگی تەممووزی ئەمساڵ گەرمترینی مێژوو بێت، ئەوە لەکاتێکدایە کە پسپۆڕان مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیان بە گەرمترین مانگی حوزەیران لە مێژووی تۆمارکراوی پلەی گەرما داناوە. گافین شمیدت، زانای بواری کەشناسی لە ئاژانسی ناسا لەدیدارێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە لەبەردەم گۆڕانکاریەکی بێ وێنەی کەشوهەواداین لەسەرتاسەری جیهان، بەجۆرێک بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەمریکاو چین و ئەوروپادا ژمارەی پێوانەییان تێپەڕاندوە و بەشێکی ئەم گۆڕانکارییەش پەیوەندی بەدیاردەی نینۆوە هەیە. شمیدت پێشبینی دەکات ئەم شەپۆلە گەرمایەی کە هەیە بەردەوام بێت ئەویش بەهۆی دەردانی غازە گەرمەکان بۆ بەرگەهەوا و پێشدەچێت ساڵی ٢٠٢٤ گەرمتربێت. پسپۆڕانی بواری کەشوهەوا لە ناسا ئاماژەیان بەوە کرد، ساڵی 2023 دەبێتە گەرمترین ساڵ لە مێژووی تۆمارکراودا و هۆشداریشیاندا لەوەی کە ساڵی داهاتوو لە ئەمساڵ گەرمتر دەبێت. بەگوێرەی ناسا، لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەردەوام بەرزبووەتەوە، هۆشداریش لە گەرمبوونی زیاتری زەوی دەدەن.
هاوڵاتی بەگوێرەی رایەگەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023 بڵاوکراوەتەوە، حکومەتی عێراق باڵیۆزی سوید دەردەکات و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ سوید دەپچڕێنێت و رێنمایی وەزارەتی دەرەوە دەکات باڵیۆزی عێراق لە سوید بکشێنێتەوە. وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێنمایی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد بۆ کشانەوەی بەرپرسی کاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید. ئاماژەی بەوەشکردوە، هەروەها داوایەکی ئاراستەی باڵیۆزی سوید لە بەغدا کرد بۆ ئەوەی خاکی عێراق بەجێبهێڵێت، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ دوبارە مۆڵەتی حکومەتی سوید بۆ "سوتاندنی قورئان و سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلامی و سوتاندنی ئاڵای عێراق." هەر ئەمڕۆش باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق کارەکانی هەڵپەسارد، دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندەران ئاگریان لە بینای باڵیۆزخانەکە بەردا. تۆبیاس بلسترم، وەزیرى دەرەوەى سوید ڕایگەیاند: سوتاندنى باڵیۆزخانەى سوید لە بەغداد بە هیچ جۆرێک جێگەى قبوڵکردن نییە و عێراق لە پارێزگاریکردنى نێردە دیپلۆماسییەکانى شکستى هێناوە. ئەو بڕیارەى سوید دواى ئەوە هات بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20-7-2023) خۆپیشاندەرانی لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و سووتاندیان، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی سوید رەزامەندییان داوە ئەمڕۆ، قورئان و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید، بسووتێنرێن. دەستپێکی ئەم زنجیرە ڕوداوانە دوای ئەوە هات رۆژی 28ـی حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوید، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی سووتاند. سەرەڕای ناڕەزایەتیی موسڵمانانی جیهان، حکومەتی سوyد جارێکی دیکە رێگەی بە مۆمیکا و هاوڕێیەکی داوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆپییەکی دیکەی قورئان و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بسووتێنن.
هاوڵاتی خۆپیشاندەران جارێکی دیکە هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەکە و بەشێکیان سووتاند. بەرەبەیانی ئەمرۆ، ژمارەیەک خۆپیشاندەر هەڵیان کوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد و ئاگریان تێبەردا، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دەروەی سوید لەراگەیەنراوێکدا دەڵێت: سەرکۆنەی پەلاماردانی باڵیۆزخانەکەمان و دیپلۆماتکاران و کارمەندانی نێودەوڵەتی دەکەین. دەشڵێت: بەرپرسیارێتی هەر کارێکی نەخوازراو و سەلامەتی دەستەی باڵیۆزخانەکەمان دەخەینە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. جەختیشیکردەوە "ستافی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا باشن". هەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەکە و سووتاندنی لە دوای ئەوەدێت؛ حکومەتی سوید رەزامەندیی لەسەر بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید دەربڕی بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق. هاوکات لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بە توندی ئیدانەی سوتاندنی باڵوێزخانەی سوید لە بەغداد دەکات و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکات. هەموو ئەم ڕوداوانە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا، پەنابەرێكی عێراقی لە سوید بەناوی سەلوان مۆمیكا لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، كۆپییەكی قورئانی سووتاند، ئەمەش كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.
هاوڵاتی بە پێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە :لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو منداڵانەی لە دەریای ناوەڕاستدا لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە، دوو هێندە زیادیکردووە بەپێی ئەو ئامارانی کە دەزگای لوتکە بڵاویکردۆتەوە ، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 دا 289 منداڵ لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست بەرەو ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە. ئەم ژمارەیە دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022 تۆمارکراوە. دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشداوە ،" ئەم ئامارەی شەش مانگی یەکەم زۆر زیاتر لە چاو ساڵانی ڕابردوو، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم ئامارە تەنها ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە تەرمەکانیان دۆزراوەتە ،چونکە زۆرێک لە کەشتی نوقمبووەکان لە دەریای ناوەڕاستدا بێسەرو شوێن بوویان هەیە ڕێژەیەکی زۆریشی منداڵن بۆیە تۆماریان ناکەن." هەر بە پێی ئەو ئامارانەی دەزگاکە بڵاویکردۆتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی 11 هەزار و 600 منداڵ لە دەریای ناوەڕاست پەڕیونەتەوە. هەر بۆیە گیان لەدەستدانی منداڵان لەدەریای ناوەڕاستدا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادیکردووە . هەر بەپێی ئەو ئامارانەی دەست دەزگای لوتکە کەوتوە:لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2023، سێ هەزار و 300 منداڵی دەریای ناوەراستیان بڕیوە، واتە 71%ی سەرجەم ئەو منداڵانەیەکە لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە دەگەنە ئەورووپا ئەم ژمارەیە سێ هێندەیە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.
هاوڵاتی پەرلەمانی بریتانیا پرۆژەیاسایەکی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی لەبارەی کۆچی نایاسایی و پەنابەرانەوە پەسەندکرد و بەگوێرەی یاساکەش، کە تیایدا هەرکەسێک لەڕێگەی کەشتی و بەلەمەوە بگاتە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، ڕاستەوخۆ دیپۆرتدەکرێتەوە. پەسەندکردنی یاساکەی بریتانیا دژ بە کۆچبەران کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەنوێترین کاردانەوەشدا، ڤۆکەر تورک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، فلیپۆ گراندی سەرۆکی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە. یاساکە نیگەرانی رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و کۆچبەرانی لێکەوتووەوە و ئیدانەی دەکەن لە ڤیدیۆ هاوبەشەکەدا هاتووە کە "ئەو یاسایەی بریتانیا رێگری لە پەناخوازان دەکات داواکاری بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی پێشکەش بکەن، هەروەها دەبێتە هۆی دروستکردنی هێزی نوێی دەستبەسەرکردن بەجۆرێک چاودێریی دادوەری لەسەری سنورداربێت". ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەم یاسایە ئەو چوارچێوە یاساییە لەناودەبات کە تاوەکو ئێستا خەڵکێکی زۆری پاراستوە و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی، پەناخوازان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە، لەکاتێکدا رێککەوتنی پەنابەرانی ساڵی 1951 بە راشکاوی دان بەوەدا دەنێت کە دەکرێت پەناخوازان ناچار بکرێن بەشێوەیەکی نایاسایی بچنە نێو وڵاتێکەوە". پەرلەمانی بەریتانیا ئەمڕۆ سێشەممە پڕۆژە یاسایەکی ریشی سوناک سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی پەسەندکرد، کە تایبەتە بە کۆچبەران و ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییە بۆ بەریتانیا، کە بەپێی یاساکە، ئەو کۆچبەرانەی بە قاچاخ پێ دەنێنە خاکی بەریتانیاوە مافی پەنابەرێتیان پێنادرێت. بە پێی زانیاریەکان، بڕیارە پڕۆژەیاسای کۆچی نایاسایی دوای ئەوەی زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا رەوانەی پاشا چارلسی سێیەم دەکرێت بۆ پەسەندکردن و رەزامەندی شاهانەی بریتانیا، دواتریش دەخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی یاساکە، دەتوانرێت سەرجەم پەنابەران دیپۆرتی رواندا بکرێن یاخود بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەڵام لەبەرئەوەی بریتانیا جگە لە ڕواندا، گرێبەستێکی هاوشێوەی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی تردا نییە، بۆیە کۆچبەرەکان رەوانەی رواندا دەکرێن. بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابردوو زیاتر لە ٤٥ ھەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمساڵیش تاکو ئێستا نزیکەی ١٣ ھەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە.