هاوڵاتی ئەمرۆ شەممە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند ، شەوی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی نیستەجێبوون لەناوچەی "دیماس" سێ کەسی سەر بە ملیشیاکانی نزیک لە ئێران کوژراون. هەر لە ڕاگەیاندراوەکەی ڕوانگەی سوریدا هاتووە کە ناوچەی دیماس بە یەکێک لە ناوچە تایبەتەکانی سوریا ئەژمار دەکرێت کە زۆربەی بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵآتەی تێیدا نیشتەجێن . لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریی ڕاگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی شەمە سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی مووشەکی  بۆ سەر ریفی دیمەشق ئەنجامداوە و دژە هەواییەکانی ئەو وڵآتە توانیویانە ژمارەیەک لەو موشەکانە بخەنە خوارەوە و ژمارەیەکی دیکەش بە بێ هیچ زیانێکی گیانی ئامانجەکانیان پێکاوە. جێی ئاماژەیە ئەم هێرشانەی ئیسرائیل دوابەدوای ژمارەیەک هێرشی دیکەی سوپای ئەو وڵاتە دێت بۆ سەر فرۆکەخانەی سەربازی "مۆزە" ی سەربازی لە رۆژئاوای دیمەشق کە چەند بنکەیەکی حزبولای لوبنانی و ملیشیاکانی دیکەی سەر بە ئێران لە خۆدەگرێت.

هاوڵاتی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی هەینی ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لەگەڵ ئەوەی گەیشتە بەیروتی پایتەختی لوبنان، جەختی کردەوە لەسەر پشتوانی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی لە حزبوڵڵای لوبنان و گرووپە میلیشاکانیتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە "بەرەی بەرگری" ناویان دەبەن، هەروەها وتی "ئاسایشی لوبنان کاریگەری هەیە لە سەر ئاسایشی ئێران و ناوچەکە". وەزیری دەرەوەی ئێران لە فڕۆکەخانەی بەیروت لە لایەن نوێنەری حزبوڵڵای لوبنان و حەماس و جەهادی ئیسلامیەوە پێشوازی لێکرا. عەبدوڵڵاهیان لەگەڵ گەیشتنی بە لوبنان و لە فڕۆکەخانەی بەیروت بە میدیاکانی راگەیاند "ئێران بەردەوامە لە پشتیوانییە بەهێزەکەی خۆی لە (بەرەی بەرگری) و (لوبنان) و ئێمە ئاسایشی لوبنان بە ئاسایشی ئێران و ناوچەکە دەزانین". حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە درێژەی قسەکانیدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزەی وەک جینۆساید ناوبرد و وتی "ئیسرائیل بە هیچکام لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە". وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت "تاران واشنگتۆنی ئاگادار کردۆتەوە بە پشتیوانیکردنی لە ئیسرائیل و کوشتاری بەکۆمەڵ خەڵکی فەلەستین و بێگمان ئەم پشتیوانیانە شکستی لێ دەکەوێتەوە". عەبدوڵڵاهیان هەروەها وتی "ئیسرائیل دەیهەوێت ئەمریکا بخاتە ناو زەلکاوی جەنگەوە لە ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی ئێران حزبوڵڵای و بەرەی بەرگری لوبنانی وەک هێزێکی کاریگەر ناوبرد لەم سەردەمەدا کە زۆر وشیارانە خەریکی یارییە و کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی حیزبوڵای لوبنان و ئەرتەش و دەوڵەتی لوبنان". ئەمە سێهەمجارە لە دوای دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل – حەماس وەزیری دەرەوەی ئیران سەردانی لوبنان دەکات. هاوکات ئێوارەی هەینی ٩ی شوبات، حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند "دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی خستووەتە خوارەوە و هێرش کراوەتە سەر تانکێکی ئیسرائیلی. لە بەرامبەردا ئەرتەشی ئیسرائیل رایگەیاند "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل  هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە گوندی مارۆن ئەلرەئس لە باشووری لوبنان و هەروەها هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوە سەربازییەکان لە دوو شاری باشووری لوبنان".

هاوڵاتی ئیسرائیل دەیەوێت لە چەند ڕۆژی داهاتودا هێرشبکاتە سەر ئەو دەروازەیەی لێوەی  هاوکاری مرۆی دەگەیەنرێتە غەززە وئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان وجێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەو بارەیەوە هۆشداری دەدەن. ڤیدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەئێستادا تەنھا دەروازەی گرنگ کە تایبەتە بە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی کەرتی غەززە، تەنھا دەروازەی رەفەحە لەسەر سنوری میسر کە ئێستا بە وتەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بە مەبەستی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی لە شارۆچکەی رەفەح. وتیشی، ئەمریکا لەو بارەیەوە ھۆشداری داوەتە ئیسرائیل لە ھێرشکردنە سەر شارۆچکەی رەفەح کە دەبێتە ھۆی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی، چونکە تەنھا دەروازەیە کە لە رێگەیەوە وڵاتانی جیھان ھاوکارییە مرۆییەکانیان دەگەیەننە کەرتی غەززە، بۆیە پێویستە ئیسرائیل زۆر بە وردی بیر لە بابەتێکی لەو جۆرە بکاتەوە و ژیرانە بڕیار بدات. لەهەمانکاتدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای "X" نوسیویه‌تی، "نیوەی دانیشتوانی غەززە لە ئێستادا له‌ رەفح گیریان خواردوه‌، هیچ شوێنێکیان نییە بچن، رێوشوێنێکی لەو شێوەیە کابوسە مرۆییەكان لە ئێستاوە خراپتر دەکات و دەرئەنجامە ناوچەییەکانی وەسفنەکراو ده‌بێت". هاوکات بەپێی راپۆرتێک کە رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بڵاویکردوه‌تەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لە ئێستاوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر رەفح دەستپێکردوە، هەروەها تانکەکان بۆردومانی رۆژهەڵاتی شارەکەیان کردوە. ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک فەڵەستینی کە لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە لە شەڕ هەڵاتون، لەوێ كۆبونه‌ته‌وه‌ ومیسر ترسی ئەوەی هەیە ئەو  ئۆپەراسیۆنە سەربازییە  ببێتە هۆی لێشاوی فەڵەستینییەکان بۆ ناو نیمچە دورگەی سینا میسر.

هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی بلومینگ ڕایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدان لەپلانیدایە بۆ ڕێگریکردن لە یارمەتییە مرۆی و سەربازییەکانی ئێران بۆ گروپە چەکدارەکان گەمارۆی نەوتی لەسەر ئەو وڵاتە زیاتر بکات، و چالاکوانانیش پێیان وایە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئاژانسی هەواڵی بلوومینگ، رۆژی پێنج شەممە ٨ی شوبات لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توندترکردنەوەی گەمارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی رەنگە ببێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا. چەند سەرچاوەیەکیش بەو ئاژانسەیان وتووە  کۆشکی سپی لەگەڵ زیادکردن و توندترکردنەوەی گەمارۆکاندایە تەنانەت ئەگەرببێتە هۆی دروستبونی قەیران و  بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. چالاکوانی سیاسیش پێیان وایە ئەم هەنگاوەی ئیدارەی بایدن لەکاتی بانگەشەکردن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە دژی بەکاردەهێنرێت.  کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەورەترین پشتیوانی گرووپە میلیشاکان دەدەنرێت لە عێراق و سووریا و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و ئیدارەی بایدنیش لای وایە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئەبێتە هۆی  لاوازبونی ئەو هێزانە.

هاوڵاتی ماوەی هەفتەیەکە چاوەکان چونەتە سەر جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، بەتایبەت کاتێک دێتە سەر باسی روداوەکان و دۆخی ئێستا، "ناوی سەرکردە و شوێنەکان تێکەڵاو دەکات"، ئەوەش بوە بە بەشێک لە گاڵتەجاڕی بەلای نەیارەکانییەوە. ئەندامانی تیمەکەی بایدنیش جەخت لەسەر باشی تەندروستی سەرۆکی ئەمەریکا دەکەنەوە و دەڵێن: مەرج نیە هەمو کات مرۆڤ روداوەکانی لەبیر بمێنێت. جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ میانی گوتارێكدا سه‌باره‌ت به‌ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە و کردنەوەی دەروازەی رەفەح رایگه‌یاند "وەک دەزانن لە سەرەتادا (سیسی) سەرۆکی مەکسیک نەیویست ده‌روازه‌كان بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگە بە هاتنە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بدات، من قسەم لەگەڵ کرد و باوه‌ڕم پێهێنا دەروازەکان بکاتەوە". بایدن له‌ گوتاره‌كه‌یدا عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسری به‌ سه‌رۆكی مه‌كسیك ناوبرد، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا چه‌ند كاتژمێرێك به‌ر له‌و لێدوانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی رایگه‌یاندبوو "مێشكم له‌سه‌ره‌خۆمه‌ و یادگه‌م باشه‌". لە ماوەی رابردودا لە وتارە جیاوازەکاندا، بایدن بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ئەوروپای تێکەڵ کرد، "مردو و ئێستا"، بۆ نمونە وتی،  دوای هەڵبژاردنم بە سەرۆک چومە کۆبونەوەی لوتکەی جی حەوت و بە سەرکردەکانی دیکەم وت کە ئەمریکا گەڕایەوە!، پاشان میتران لە ئەڵمانیا، ببورە فەرەنسا، تەماشای کرد و پرسیاری کرد "تا کەی دەمێنیتەوە؟". بایدن لەم گفتوگۆیەدا ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی ئەوکاتی فەڕەنسای لەگەڵ فرانسوا میتران، سەرۆکی پێشوتری فەرەنسا تیكڵاوکرد، کە دوەمیان لە ساڵی 2017وە مردوە. دووبارەبوونەوەی چەندین جارەی هەڵەکردنی بایدن لەکاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەنووسان یان پێشکەشکردنی گوتاردا، بووەتە هۆی ئەوەی گومان لە توانای بایدن بکرێت بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە و ئەویش تا ئێستا سوورە لە سەر ئەو بڕیارەی. جۆ بایدن دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ، لە ئێستاوە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بەڵام بایدن باس لە دەستکەوتی یاسادانان و سەرکەوتی زۆری لە بوارەکانی ئابووری و سیاسییدا دەکات کە پێی وایە دەبێتە جێی سەرنجی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ راکێشانی دەنگدەران، بە تایبەتی کە ترەمپیش تەمەنی 76 ساڵە و گەنج نییە.

هاوڵاتی سەرەرای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەردەوامی دووپاتیکردۆتەوە کە ئێران پاڵپشتیکەرێکی سەرەکی حوسییەکانی یەمەنە و پشتگیری لۆجیستییان دەکات، لەگەڵ ئەمانەشدا دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەزە و فراوانبوونی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر پاپۆرە بازرگانییەکانی دەریای ناوەراست، ئەمریکا راستەخۆ پەنجەی تۆمەتی بۆ ئێران بە تێوەگلانی لەو هێرشانە دریژنەکردووە. بەڵام  دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریکا "دی ئای ئەی " کە تایبەتە بە پێدانی  زانیاری بە  وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" ، لەسەر  پێگە ئەلکترۆنییەکەی وردە کاری یارمەتییەکانی ئێرانی بۆ گروپی حوسییەکانی یەمەن خستۆتەڕوو بە پێدانی موشەکی بالیستی کورت مەودا و مامناوەند و موشەکی کرۆز. هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە ئەم یارمەتییانە لە ساڵی 2015 ەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە. هەر لە راپۆرتەکەی "دی ئای ئەی" دا هاتووە کە لە نێوان ساڵەکانی 2023 – 2024 سوپای ئەمریکا رێی بە 18 کەشتی ئێرانی کە چەک و مووشەک و درون و دژە تانکی بۆ گروپی حوسییەکانی یەمەن دەگواستەوە گرتووە. هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە حوسییەکان لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور  مووشەکی "عاسفی" بالیستی و موشەکی "قودسی4" یان بەکارهێناوە کە هەردوو موشەکەکە لەلایەن ئیرانەوە دروست کراوە. هەروەک چۆن گروپەکە لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر فرۆکە ئەمریکییەکانی نزیک یەمەن و خەلیجی عەمان موشەکی " شاهین"یان بەکارهێناوە. جێی ئاماژەیە ئەم زانیاریانە لە کاتێکدا خراونەتەڕوو کە ئەمریکا و بەریتانیا لە ماوەکانی پێشوودا چەند هێرشێکی هاوبەشیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی گروپی حوسییەکانی یەمەن بە مەبەستی بەرگرتن و کەمکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور ئەنجامدا.  

هاوڵاتی  ئەمرۆ پێنجشەممە ئاژانسی هەواڵی " ئین بی سی" لە زاری شەش بەرپرس و راوێژکاری ئیسرائیلی رایگەیاند، کە ئیسرائیل ئامادەیە  لە بەرامبەر ئازاد کردنی سەرجەم بارمتەکانی لەلای بزووتنەوەی حەماس، ڕێگە بە دەرچوونی "یەحیا سنوار" ی سەرۆکی ئەو بزووتنەوەیە بدات بۆ وڵاتێکی دیکە. ئاژانسەکە لە زاری ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیانەش ئەوەی بڵاو کردەوە، ئەم بیرۆکەیە رێگە لەبەرامبەر هاتنە کایەی حوکمدارییەکی تازە لە کەرتی غەزە خۆش دەکات. ئەم قسانەش  لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی غەزە بەردەوامەو دیپلۆماتکار و نێردە تایبەتەکانی ئەمریکا و قەتەر و میسر هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ کۆتایی هاتن بە جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی خستۆتە گەڕ کە پێی ناوەتە مانگی پێنجەمەوە. هەر لەم چواچێوەیەشدا "ئەنتۆنی بلینکن" ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، "بنیامین نەتانیاهۆی" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی لە هەر کردەوەیەک کە ئاگری ناوچەکە زیاتر فراوان بکات ئاگادار کردەوە و رایگەیاند، "هێشتا دەرفەتی وتووێژ و دانوستان ماوە". جێی ئاماژەیە ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوای قبوڵ نەکردنی پێشنیارەکەی بزوتنەوەی حەماسەوە هات کە داوای کردبوو لە چوارچێوەی ئاڵوگۆری دیلەکاندا ، بۆ ماوەی چوار مانگ جەنگ لە کەرتی غەزە رابگیرێت و لەلایەن "بنیامین نەتانیاهۆی" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە ئەو پێشنیارە رەت کرایەوە و بە پێشنیارێکی خەیاڵی ناوی هێنا. ماوەی پێنج مانگە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە دوای پەلامارەکەی 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 ی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بە بارمتە گرتنی دەیان هاوڵاتی ئیسرائیلی و گواستنەوەیان بۆ ناو کەرتی غەزە و شوێنەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئەو بزوتنەوەیە بەردەوامە و رۆژ بە رۆژیش ئاگری جەنگەکە بەرفراوانتر دەبێت و بە ڕای چاودێرە سەربازی و سیاسییەکان رەنگە ئاگری ئەو جەنگە هەموو ناوچەکە بگرێتەوە ، بەتایبەتیش لەدوای هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە ، باڵەکانی سەر بە ئێران لە دەریای سوور و ناوچەکانی سوریا و عیراق  هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە چڕتر کردۆتەوە و لە باشووری لوبنانیش حزبوڵا ماوە ماوە موشەکبارانی ناو خاکی ئیسرائیل دەکات.

هاوڵاتی  وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هێزەکانیان دەبوو وەڵامی هێرشەکان بدەنەوە، ئاماژە بەوەشدەکات لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردووەوە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانیان بەردەوامی هەیە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەدوای هێرشەکەی ئەمشەوی شاری بەغدا کە ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی مشتەل کرایە ئامانج و دوو سەرکردەی حزبوڵڵای عێراقی و دوو پاسەوانیان کوژران، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هێزەکانمان لە ناوچەکە دەبوو وەڵامی هێرشەکان بدەینەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر هێزەکانمان لە عێراق و سوریا و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە". وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت "ئێمە نامانەوێت ئاڵۆزی لە ناوچەکە دروست ببێت و ئەمەریکا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەرامبەر ئاسایشی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ئاگربەست کۆتایی بە گرژییەکان دەهێنێت". ئەمشەو چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایانکرد لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە، هەروەها بەشێک لە میدیا عێراقییەکانی دیکە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کراوەتە ئامانج و چوار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی تێدا بووە. هاوکات میدیای کەتائبی حزبوڵڵای عێراقی ڕایگەیاندووە "ئەبو باقر ئەلساعدی و ئەرکان ئەلعلیاوی، کە دوو فەرماندەی حزبوڵڵان و بەرپرسن لە گواستنەوەی چەک و ئۆپەراسێۆنەکانی دەرەوە، لە هێرشەکەی ناوچەی مەشتەلدا کوژران".  

هاوڵاتی نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، یاسای بودجەی عێراق بەوجۆرە نییە كێشەكان چارەسەر بكات، ئاماژە بەوەشدەکات هێرشەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان بووەتە رووداوێكی هەفتانە. جێنین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق راپۆرتی وەرزانەی خۆی لە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک خوێندەوە و ڕایگەیاند "یاسای بودجەی عێراق بەوجۆرە نییە كێشەكان چارەسەر بكات، هەروەها پێویستە هەرێمی کوردستان بودجەی پێویستی پێبگات بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابینبکات". ئاماژەی بەوەشکرد "هێرشەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان بووەتە رووداوێكی هەفتانەو دووبارە دەبێتـەوە". لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق وتی " تائێستا دووجار هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان دواخراوە". لە کۆتایی وتارەکەیدا جێنین پلاسخارت داوای بەخشینی کرد لە پۆستی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و سوپاسی گەلی عێراقی کرد کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو هاوکاری بوون لە ئەنجامدانی کارەکانی.

هاوڵاتی رۆبێرت وود، جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە وێڕای بەرپەرچدانەوەی قسەی نوێنەری رووسیا دەربارەی هێرش بۆ سەر هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا و عێراق وتی " ئەم هێرشانە پێویست بوو و لەگەڵ یاسای بەرگری لە خۆماندا دەگونجا و لەو چوارچێوەیەدا بوو". بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا کە لە سەر داواکاری رووسیا رێکخرابوو، نوێنەری ئەمەریکا ڕایگەیاند "رۆژی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، هێرش کرایەسەر هێزەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە سوریا و دیمەشق، ئەم هێرشانە پێویست بوون و گونجاو بوون لە گەڵ یاسای بەرگری لە خود و بە پێی مادەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دران". جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی هێنایەوە بیری بەشداربووان کە کەمتر لە هەفتەیەک پێش هێرشەکەی ئەمەریکا، رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازی "تاوەری ٢٢"  لە ئۆردۆن و نزیک بە سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریە، بەو هۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و نزیک بە ٤٠ سەرباز برینداربوون. رۆبێرت وود، لە وەڵامی قسەکانی نوێنەری رووسیادا جەختیکردەوە رووسیا بە پێش گریمانەیەکی نادروستەوە داوای ئەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە و دەڵێت "ئەمەریکا پاساوی نەبووە بۆ هێرش بۆ سەر عێراق و سوریا، لە حاڵێکدا ئەم هێرشانە بە پێی یاسای نەتەوەیی ئەمەریکا، پێویست و گونجاو بوون". هەروەها جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا جەختی کردەوە کە هێرشەکانی عێراق و سوریا، جیاوازە لە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن کە ئاسایشی بازرگانی دەریاییان لە دەریای سوور خستووەتە مەترسییەوە. رۆبێرد وود هەروەها خەختیکردەوە "ئەمەریکا لە حاڵێکدا دەخوازێت ناکۆکییەکانی غەززە ئارام بکاتەوەو ناخوازێت جەنگەکە لە ناوچەکە پەرە بستێنێ و بەرنامەی نییە بەوەی راستەوخۆ بچێتە جەنگەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەڵام بەرگری لە هێزەکانی ئەکات لە بەرامبەر هەر هێرشێکدا کە بکرێتە سەری". رووسیا رۆژی دووشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوخۆی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، هێرشی کردووەتە سەر عێراق و سوریا. واسیلی نەبێنزا، باڵیۆزی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا کە لە لایەن رووسیاوە داوا کرابوو وتی "ئەمەریکا هیچ پاساوێکی نییە بۆ هێرش بۆ سەر عێراق و سوریا".

هاوڵاتی ساڵێک دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و سوریا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 56 هەزار کەس، یەک لە سێ منداڵ کە بەهۆی کارەساتەکەوە بێ ماڵ بوون، هێشتا لە پەناگەی کاتیدا دەژین. ئاژانسی هەواڵی میدڵ ئێست ئای لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە دوای بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا لە پەناگەکاندا دەژین بڵاویکردۆتەوەو دەڵێت، نزیکەی 660 هەزار منداڵ لەو ناوچانەی بە بومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتبوو ئاوارە بوون و ناچاربوون لەناو  کەمپەکان و ژێر چادرگەکان ژیان بکەن. وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەو روداوە کاریگەری لەسەر نزیکەی 2.6 ملیۆن منداڵ هەبووە. ئەسلی تەمەن نۆ ساڵ خەڵکی ئادیامان لە تورکیا بە ڕێکخراوی  STCی تایبەت بە منداڵانی  ڕاگەیاندوە کە دوای ساڵێک لە ڕوداوەکە تا ئێستاش لەگەڵ دایک و باوکیدا لە چادردا دەژین  . هاوکات بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەشێکی زۆری منداڵانی کاریگەری ڕوداوەکە لە تورکیا و سوریا ڕووبەڕووی کێشەی تەندروستی و دەروونی بونەتەوە ، لەوانە دڵەڕاوکێی پەیوەندیدار بە کارەساتەکەوە. نزیکەی لە سەدا 70 ی منداڵانیش لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەت لە سوریا  توشی "خەمۆکی " بوون و، لە سەدا 30 یشیان توشی دڵەڕاوکێ  بوون و توانای خەوتنیان نەماوە. سەبارەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش ڕیکخراوی  STCی تایبەت بە منداڵان ڕایگەیاند، لە سەدا 85 ی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە کێشەیان هەیە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان و هاوڕێ و مامۆستاکانیان بەهۆی ئەزموونی بوومەلەرزەکەوە و زەبری دەرونی لێیداون. لە 6ی شوباتی 2023 دوو بومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەڕەش روویاندا و زیانیان بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان، سێ پارێزگای تورکیا و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیاند.

هاوڵاتی ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز، لە دوایین ژمارەی خۆیدا راپۆرتێکی دەبارەی گەمارۆکانی ئێران بڵاوکردووەتەوە و تیادا هاتووە، کۆماری ئیسلامی دوو بانکی "لۆیدز" و "سەنتەندێر"ی بەریتانی بەکارهێناوە بۆ خۆدزینەوە لەگەمارۆ ئابوورییەکان و گواستنەوەی پارە. ئەم بڵاوکراوەیە ئاماژەی بەوەداوە، کۆمەڵێک بەڵگەیان دەست کەوتووە کە هەندک لە ئەژمارە بانکییەکانی ئەم دوو بانکە گەورەیە، سەر بە پیشەسازی پێترۆکیمای ئێرانە کە گەمارۆی لەسەرە. فایننشاڵ تایمز نووسیویەتی، خاوەنی ئەم ئەژمارە بانکییانە لە ژێر ناوی کۆمپانیایەکی بەریتانیدا کە نووسینگەکەی لە لەندەنە و لە ڕاستیدا سەر بە کۆمپانیای بازرگان پێترۆکیمیای ئێرانە، کە لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆی خراوەتە سەر، پارەیان بۆ ئێران گواستووەتەوە و خەریکی سپیکردنەوەی پارەبوون.  

هاوڵاتی درەنگانی شەوی شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٣،  ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشی ئاسمانیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەمەن. ئەم هێرشانە بە پشتیوانی هەریەک لە وڵاتانی ئۆسترالیا، بەحرەین، کەنەدا، دانیمارک، هۆڵەندا و نیوزیلەند ئەنجام دراون. بەپێی ڕاگەیاندنی هاوبەشی ئەم هەشت وڵاتە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا ٣٦ خاڵ لە ١٣ شوێن لە یەمەن کراوەتە ئامانج. لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دەربارەی ئەم هێرشە وتی "لەم ئۆپەراسیۆنەدا دامەزراوەکان و کۆگای چەک و چۆڵ و شوێنەکانی هاویشتنی مووشەک و سیستمی بەرگریی ئاسمانی حوسییەکان کراوەتە ئامانج". میدیاکانی سەر بە حوسییەکان لەم بارەوە ڕایانگەیاند "لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە هێرش کراوەتە سەر ناوچەکانی نەهزەتین و عەتان لە باشووری سەنعای پایتەخت، هەروەها چەند ناوچەیەک لە زوممار و ئەلبەیزا و ئەلحەجە". ناوەندی هەوڵی فەرمی فەرەنسا لە زاری چەند کەسێکی نزیکی رووداوەکانەوە وتویەتی، دەنگی تەقینەوەی گەورە لە سەنعا بیستراوە. هێرشەکانی شەوی شەممە دوای ئەوە هات کە رۆژی پێشتر ئەمەریکا بنکەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە سوریا و عێراق کردە ئامانج و زیانی زۆری لێکەوتەوە. ئەمریکا لەم هێرشانەدا بۆ یەکەمجار کەڵکی لە فڕۆکەی بۆمب هاوێژی B1  وەرگرت کە لە تەکساسەوە هەستابوونەوە.   ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەربارەی هێرش بۆ سەر حووسیەکان رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە پشتیوانی ئۆسترالیا، بەحرەیین و کەنەدا و دانیمارک و هۆڵەندا و نیوزیلەند هێرش کراوەتە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە یەمەن. لەم راگەیاندنەی سێنتکۆمدا هاتووە، هێرشەکانی کاتژمێر ١١:٣٠ شەو بە کاتی یەمەن ئەنجام دراون و ٣٦ خاڵ لە ١٣ شوێن کراونەتە ئامانج. وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەمبارەوە رایاگەیاند "هێرش بۆ سەر حووسییەکان، کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەو مەبەستە بووەکە تواناکانیان کەم بکەینەوە لە هێرشکردن بۆ سەر کەشتییەکان و نەتوانن ببن بە هۆی نائارامی ناوچەکە". وەزیری بەرگری ئەمەریکا وتیشی، ئەم هێرشانە پەیامێکی ڕوونە بۆ حوسییەکان، ئەگەر بەردەوامبوون لە هێرش بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، زیانی زیاتریان پێ ئەگەیەنین و سزای قورستر ئەدرێن. ئێمە بۆ بەرگری کەسەکان و هەروەها بازرگانی ئازاد لە یەکێک لە سەرەکیترین رێگاکانی دەریایی دونیا هیچ دوو دڵ نین و هەموو هێزی خۆمان ئەخەینە گەڕ. لە بەرامبەردا، محەمەد ئەلبخەتی، ئەندامی مەکتەب سیاسی حووسییەکان لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا رایگەیاند، ئەوان بەردەوام ئەبن لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل. یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکان لەمبارەوە رایگەیاند، ئەم هێرشانە بێ وەڵام نابن و بێگومان هێرشکەرەکان سزا دەدرێن و ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانی لە حووسییەکان و هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا ئێمە پاشگەز ناکاتەوە لە پشتیوانیمان لە خەڵکی غەزە.

هاوڵاتی دوای هێرشەكانی  به‌ره‌به‌یانی شه‌ممه‌ی ئه‌مریكا بۆسه‌ر عێراق و سوریا، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات سنورێك بۆ گرژییه‌كان دابنێن. ئەمڕۆ شەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان نیگەرانی خۆی لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەکە لە دوای هێرشەكانی ئەمەریکا بۆ سەر سوریا و عێراق نەشاردە و داوای کرد كە رێوشوێنە جددی بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی، بە پێگەی سپۆتنیکی راگەیاندوە: دوای هێرشكردنە سەر عێراق و سوریا لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان نیگەرانە لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكان. به‌ره‌بەیانی ئەمڕۆ شەممە، له ‌كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ بنكه‌ی "تی-22"ی سنوری ئوردن، ئه‌مریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گروپ و میلیشیاكان‌ له‌ عێراق و سوریا ده‌ستیپێكرد. ئه‌مریكا به‌ 125 موشه‌ك، 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و موشەکیشی لەو دوو وڵاته‌ خاپور كرد  و گورزه‌كان له‌ عێراق بووه‌هۆی كوژرانی 16 كه‌س و برینداربوونی 25ی دیكه‌.

هاوڵاتی ئاژانسی فەرمی کۆریای باکوور ڕایگەیاند ، سوپای وولاتەکەیان لە کەناراوەکانی خۆرهەڵاتی کۆریای باکوور، بەمەبەستی بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانیان چەند مووشەکیکی کرۆز و زەوی بە هەوایان تاقیکردووەتەوە. ئەمرۆ شەمە کۆریای باکوور ڕایگەیاند "رۆژی هەینی ڕابردوو، چەند مووشەکێکی کرۆزی بە  کڵاوەی جەنگی نوێ تاقیکردۆتەوە و هەروەها جگە لە هاویشتن و تاقیکردنەوەی مووشەکەکان، چەند موشەکیکی دیکەی دژە فرۆکەی تازەشی بۆ یەکەمینجار بەکارهێناوە و لە بە ئامانجگرتنی خاڵە دیاریکراوەکانی تاقیکردنەوەکە سەرکەوتووبوون". هەروەها ئاژانسەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە ئەم تاقیکردنەوانە بەشێکن لە چالاکییە ئاساییەکانی ئاژانسی بەرەپێشبردنی بەرگری سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی وولات ، بە مەبەستی پێشخستنی تەکنەلۆژیای سیستمی چەکی تازە و زانینی ئەدای کار کردن و وردی لە بەئامانجگرتنی ئەو خاڵە دیاریکراوانەی کە لەکاتی پێویستدا دیاری دەکرێن و هیچ پەیوەندییەکی بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە نییە . جێی ئاماژەیە ئەم تاقیکردنەوەیە، تەنها لەدوای سێ رۆژ لە تاقیکرنەوەکەی  موشەکی کرۆزی "بولهواسال ی ٣-٣١ " لەلایەن سوپای کۆریای باکوورەوە دێت و ئەمەش وای لە دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆریای باشوور کردووە کە بە وردی چاودێری دۆخەکە بکەن و سوپاکەیان بۆ هەرئەگەرێکی چاوەروان نەکراو خستۆتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە.