هاوڵاتی قەتەر کە نێوانگیری گفتوگۆکان بۆ رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات دەڵێت "گفتوگۆکانی چەند رۆژی رابردوو زۆر هیوابەخش نەبووە". محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر رایگەیاند، ئەو هێشتا گەشتبینە بەڵام کات لە بەرژەوەندییە ئێمەدا نییە. ئەمە دوای ئەوە دێت بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند "سەرەڕای گوشارەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی سوورە لە سەر ئەوەی هێرشی زەمینی بکاتە سەر رەفەح". حەماس ئیسرائیل تاوانبار دەکات بەوەی پێشکەوتن دروست نەبووە لە گفتگوگۆکان بۆ رێککەوتنی ئاشتی. گفتوگۆکان لە قاهیرەی پایتەختی میسر و بە بەشداری بەرپرسانی ئەمەریکا، ئیسرائیل، میسر و قەتەر بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسە راگرتنی جەنگ لە ئارادایە. شێخ محەممەد لە کۆبوونەوەی رێبەرانی دونیا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وتی "گفتوگۆکان لە چەند رۆژی رابردوودا هیوابەخش نەبووە، بەڵام وەک چۆن بەردەوام وتوومە، هەموومان گەشبینین و بەردەوامین لە گوشارەکانمان". سەرۆک وەزیرانی قەتەر هەروەها وتی، ئاگربەست نابێ مەرجدار بکرێتەوە بە رێککەوتنی دوو لایەن لە سەر ئازادکردنی بارمتەکان لە لایەن حەماسەوە. ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمە هەر ئەو دوو ڕییانە کە تێیدا بووین و بە داخەوە لە لایەن هەندێ لە وڵاتەکانەوە خراو بەکار هێنراوەو گەیشتن بە ئاگربەست مەرجدار ئەکرێتەوە بۆ ئازادی بارمتەکانەوە". نتانیاهۆ رایگەیاند، وڵاتەکەی دوای داواکاری جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، وەفدێکی ناردۆتە قاهیرە بۆ گفتوگۆ، بەڵام وتی ئەوان بۆ گفتوگۆی زیاتر نەگەڕانەوە بۆ قاهیرە لەبەر ئەوەی حەماس داواکارییەکانی زۆرەو لە داواکارییەکانیدا تووشی وەهم بووە. حەماس کۆمەڵێک داواکاری هێناوەتە بەرباس کە بریتین لە ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لە گەڵ زیندانییە فەلەستینییەکان، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و کۆتایی جەنگ دوای ئاگربەستێکی ١٣٥ رۆژە لە بەرەکانی جەنگ. رۆژی٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ حەماس بە شێوەی کوت و پڕ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لانیکەم ١٢٠٠ کەسی کوشت و ٢٥٣ کەسی بە بارمتەگرت. ئیسرائیل لە وەڵامدا هێرشی کردە سەر کەرتی غەزە و بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی حەماس لە کەرتی غەزە تا ئێستا زیاتر لە ٢٨ هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و مناڵن بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. نتانیاهۆ رۆژی شەممە ١٧ی شوبات لە کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانیدا لە تەلئەڤیڤ جەختی کردەوە لەسەر ئامانجی خۆیان کە لەناوبردنی حەماسە و وتی، هێزەکانیان تا ئەو کاتەی سەرکەوتنی تەواو بەدەست دەهێنن بەردەوام ئەبن لە جەنگ. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی، ئەوانەی دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رەفەحەن، بە ئاشکرا داوا لە ئیسرائیل ئەکەن جەنگەکە بدۆڕێنیت. نتانیاهۆ هەروەها وتی ، تەنانەت لە ئەگەری رێککەوتن لە سەر بارمتەکان هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام ئەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر رەفەح. ئیسرائیل لە ماوەی جەنگدا و ئەوکاتەی هێرشی ئەکردە سەر باکووری غەزە، داوای لە فەلەستینییەکان ئەکرد پەنا ببەنە رەفەح. ئێستا زیاتر لە ١ میلیۆن و نیو خەلکی فەلەستینی دانیشتووی ئەم شارەن. بەرپرسانی ئیسرائیلی ئەم هەفتەیە رایانگەیاند ئەیانهەوێت هاوڵاتیانی سڤیل بگوازرێنەوە بۆ ناوچەیەکی مرۆڤدۆستانە- ئیسرائیلییەکان ناوچەی "المواصی"یان وەک ناوچەی مرۆڤدۆستانە دیاری کردووە کە ناوچەیەکی بەرتەسکە و بەشی زۆری زەوی کشت و کاڵە.

هاوڵاتی ئەمرۆ شەممە 17/2/2024، "یەحیا سەریع" وتەبێژی سەربازی گروپی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند ، لە رێی ژمارەیەک مووشەکەوە کەشتی نەوت هەڵگری "بۆلۆکس"ی بەریتانیان لە دەریای سوور بە ئامانج گرتووە و توانیویانە بە وردی ئامانجەکەیان بپێکین. هەروەها "سەریع" ئەوەشی راگەیاند ، هەتا ئەو کاتەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەزە رادەگرێت ، حوسییەکان بەردەام دەبن  لە هێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی لە رێی دەریای سوورەوە  کەل و پەل و نەوت بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە . ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە دوێنی هەینی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا پێکانی کەشتییەکی دیکەی بەریتانی لەلایەن حوسییەکانەوە راگەیاند و لەلایەن خۆیشییەوە ژەنەراڵ " براد کۆپەر"ی جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنیکیدا لەگەڵ کەناڵی " سی بی ئێس"ی ئەمریکی رایگەیاند ،" دڵنیاین ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران لە یەمەن ، زانیاری ورد لەسەر هێرش کردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور دەدەنە حوسییەکان ". لەلایەکی دیکەوە کشانەوەی کەشتی "بێهشاد" ی ئێرانی لە دەریای سوور بەرەو جیبوتی ، ئەو گومانەی لای هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا درووست کردووە کە ئەم کەشتییە زانیاری هەواڵگری وردی بە مەبەستی هیرشکردنە سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور بە حوسییەکان داوە. جێی ئاماژەیە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە ، هێرشی حوسییەکانی یەمەنیش بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور دەستی پیکردووە و تا ئێستا نزیکەی 45 کەشتی جۆراوجۆر بە مووشەک و دروون لەلایەن ئەو گروپەوە هێرشیان کراوەتە سەر. لە بەرامبەریشدا هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا چەند بنکە و بارەگایەکی گروپی حوسییەکانی یەمەنیان بوردومان کردووە .

هاوڵاتی  رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز رۆژی هەینی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٤ لە زاری دوو بەرپرسی رۆژئاوایی و کەسێکی پسپۆڕێکی ستراتیژی سەربازی سەر بە سوپای پاسدارانەوە نووسیویەتی، تەقاندنەوەی دوو بۆری غاز لە چەند پارێزگای ئێران کاری ئیسرائیل بووە و بە هۆی ئەو هێرشانەوە خەڵک لە چەند پارێزگای ئێران غازی ماڵانیان پچڕابوو. دوو بەرپرسی رۆژئاوایی هەروەها وتوویانە، تەقینەوەکانی رۆژی پێنجشەممە ١٥ی شوبات لە کارگەیەکی کیمیایی لە شاری قودس کاری ئیسرائیل بووە. رۆژنامەکە نووسیویەتی "ئەم هێرشانە دەرخەری گۆڕانی جیدییە لە جەنگی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە ساڵانێکە لە رێگەی ئاسمانی و زەوی و دەریا و هێرشە سایبرییەکانەوە دەستیان پێکردووە". لە راپۆرتەکەدا نووسراوە، ئیسرائیل لە مێژساڵە دامەزراوە سەربازی و ناوەکییەکانی لە ناوخۆی ئێران کردووەتە ئامانج و زانا و فەرماندە ناوەکییەکانی ئێرانی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران تیرۆر کردووە. هەروەها ئیسرائیل لە پشت ئەو هێرشە سایبریانەوە بوو کە کرایە سەر بەنزینخانەکان لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بە مەبەستی کێشە دروستکردن بۆ دابەشکردنی بەنزین لە ئێران. بەرپرس و لێکۆڵەرەکان بە نیۆیۆرک تایمزیان راگەیاندووە، تەقینەوەکانی ئەم دواییانە بەشێک لە ژێرخانی وزەی ئێران کە پیشەسازی، کارگە و بە میلیۆن خەڵکی مەدەنی پشتیان پێ بەستووەی کردۆتە ئامانج و دەرخەری پەرەسەندنی جەنگی شاراوەیە و بەرەیەکی نوێ لەم جەنگەدا کراوەتەوە. دوا بە دوای تەقینەوەی رۆژی چوارشەممە ١٤ی شوبات کە بۆری غازی لەدوو پارێزگای فارس و چوارەمەحاڵی بەختیاری کردبووە ئامانج، وەزیری نەوتی ئێران ئەو تەقینەوانەی بە تیرۆریستی و تێکدەرانە ناو برد. جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لەمبارەوە وتی " کاتژمێر ١:٠٠ی بەرەبەیان لە لایەن تۆڕێکی تیرۆریستییەوە لە دوو ناوچە هێڵی گواستنەوەی غاز کرایە ئامانج و تەقێندرایەوە".

هاوڵاتی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کوژرانی ئەلێکسی ناڤاڵینی، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا رایگەیاند، فلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بەرپرسیارە لە گیانلەدەستدانی ئەو سەرکردەیەی ئۆپۆزسیۆن. جۆ بایدن، ئەمڕۆ هەینی دوای مردنی ئەو سەرکردەیەی ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پوتن بەرپرسیارە لە کوژرانی ئەلێکسی ناڤالنی وسیستمی رووسیا سیستمێکی دیکتاتۆرانەیە و خەڵکی وڵاتەکە لە ترساندا لەوڵاتانی دیکە دەژین". دەزگای زیندانەکانی رووسیا رۆژی هەینی، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤالنی، سیاسەتمەداری زیندانیکراوی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی راگەیاند. بەپرسانی بەندیخانەکە لەناوچەی یاما، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردووەتەوە، ناڤالنی لەپاش ئەوەی لە پیاسەیەک گەڕاوەتەوە، هەستی بە ناجێگریی لە تەندروستیی خۆی کردووە و دەستبەجێ هۆشی لەدەستداوە، پاش ئەم حاڵەتە، تیمەکانی فریاگوزاریی خێرا گیانلەدەستدانی ئەویان پشتڕاستکردووەتەوە. ناڤالنی تەمەن 47 ساڵ، بە یەک لە "توندترین" رکابەرەکانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا دادەنرا و لەمانگی کانوونی دووەمی 2021ەوە لەگەڵ گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە بۆ رووسیا دەستگیرکراوە و پاشان بەتۆمەتی ئەنجامدانی توندڕەوی 19ساڵ حوکمی زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.  

هاوڵاتی میری کوەیت بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمان بێڕێزی پێ کردووە. ئەمڕۆ هەینی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٤ تەلەفیزیۆنی فەرمیی کوەیت بڵاویکردەوە مەشعەل ئەحمەد جابر سەباح، میری کوەیت بە فەرمانێک پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە، هەروەها ئاماژەی بە هۆکاری سەرەکی هەڵوەشاندنەوەکە نەکردووە. بەپێی ئەو زانیاریانەی رادیۆی فەردا کە میدیاییەکی ئێرانییە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی پەرلەمانی کوەیت یەکێک لە پەرلەمانتارەکان بێڕێزیی بە میری کوەیت کردووە، دواتر داوا کراوە ئەو بێڕێزییە لە پرۆتۆکۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان بسڕێتەوە کەچی نەسڕاوەتەوە، بۆیە کابینەی حکومەت ئامادە نەبووە لە پەرلەمان ئامادە ببێت. بەپێی دەستووری ئەو وڵاتە بێت، هیچ کەس بۆی نییە رەخنە لە میری وڵات بگرێت تەنانەت ئەو کەسانەشی پۆستیان هەیە، هەروەها ئەمە یەکەمجار نییە بە بڕیاری میر پەرلەمانی کوەیت هەڵدەوەشێتەوە، چەندینجاری دیکەش میر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی داوە.    

هاوڵاتی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆیان کرد لەبارەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ته‌لئه‌ڤیڤ بۆسه‌ر شاری ره‌فه‌ح. لە راگەیەندراوێکدا كۆشكی سپی رایگەیاند "جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ میانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا هۆشداری دایه‌ بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر شاری ره‌فه‌ح له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌". وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردووە، كه‌ پێویسته‌ هێرشكردنه‌سه‌ر ره‌فه‌ح له‌ رێگه‌ی پلانێكی تۆكمه‌وه‌ بكرێت و هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی تێیدا پارێزراوبن. پێشتریش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە، پلانێک بۆ راگواستنی دانیشتووانی شاری رەفەح ئامادە بکەن بەر لەوەی هێرشی زەمینی بۆ شارەکە ئەنجام بدەن. شەڕی ئیسرائیل و غەززە بەردەوامی هەیە، تاوەکو ئێستا  نزیکەی 28 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 64 هەزار کەسی دیکەیش برینداربوون، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن فەڵەستینی ئاوارەبوون.

هاوڵاتی  سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو ئەو وڵاتە سەبارەت بە ناتۆ ئیدانە دەکات و دەڵێت "لێدوانەکانی شەرمەزارکەرە". ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند "لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی ناتۆوە گەمژەیی و شەرمەزارکەر و مەترسیدارن". سەرۆکی ئەمەریکا جەختیشی لەوە کردەوە، کە ناتۆ ئەمەریکا و جیهان دەپارێزێت، کە سەرۆکی پێشوو "نایبینێت". دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، کە جۆ بایدن هانی رووسیا دەدات هەرچییەک بیەوێت بیکات بەرامبەر بە هەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ کە "پارەی پێویست بە بودجەی هاوپەیمانییەکە نادات".

هاوڵاتی جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی نەتەوەیی یەکێتیی ئەوروپا، رەخنەی توندی لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا گرت و داوای کرد چەکی کەمتر بدەن بە ئیسرائیل و وتی "نتانیاهۆ گوێ لە کەس ناگرێت و دەیەوێت خەڵک لە غەزە دەربکات. بەڵام بۆ کوێ بچن؟ بچن بۆ مانگ؟" جۆزێپ بۆرێل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا دوای کۆبوونەوەی نافەرمی وەزیرەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ فیلیپە لاتزارێنی، بەرپرسی ناوەندی یارمەتی گەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بە خەڵکی فەلەستین، لە برۆکسل ئەم قسانەی کرد و هەروەها وتیشی "پێویستی لۆژیکی بیربکەینەوە، تائێستا زۆرجار بیستوومانە کە پلەبەرزترین رێبەرەکان و وەزیرەکانی دەرەوەی دونیا هاواردەکەن خەڵکی زۆر کوژراون، بایدن دەڵێت ئەمە زۆر زۆرە. دەی ئەگەر تۆ لە سەر ئەو باوەڕەی خەڵکی زۆر کوژراون، باشتر وایە چەکی کەمتر بدەی بە ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەر بە کوژرانی خەڵک بگریت. ئەمە لۆژیکی نییە". ئاماژەی بەوەشکرد "نتانیاهۆ گوێ لە کەس ناگرێت. دەیانەوێت خەڵک لەوێ دەربکەن، بەڵام بۆ کوێ بچن؟ بچن بۆ مانگ؟ دەیانەوێت ئەم خەڵکە ببەن بۆ کوێ؟ ئەگەر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەسەر ئەو باوەڕەیە خەڵکی زۆر کوژراوە، باشتر وایە بیر لە چۆنیەتی دابینکردنی چەک و چۆڵ بکەنەوە". بۆرێل هەروەها رایگەیاند "ئەمە دوو ڕووییە، هەر دووبارەی بکەنەوە خەڵکانێکی زۆر دەکوژرێن، تکایە ئاگادار بن خەڵکانی زۆر ئەکوژرێن. تکایە خەڵک مەکوژن. بەڵام بەرەوامن لە پڕچەککردنی ئیسرائیل. تکایە هەر قسەکردن بەسە، بە کردەوە شتێک بکەن". ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا مافی بەرگری لە خود بۆ ئیسرائیل بە رەوا دەزانن، دوای ئەوەی نتانیاهۆ وتی دەیەوێت هێرش بکاتە سەر رەفەح بە توندی رەخنەیان لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گرت و زمانی قسەکردنیان گۆڕی. دەیڤید کامێرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی شوبات، لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییە لە هێرشی زەمینی بۆ رەفەح، داوای لە ئیسرائیل کرد هێرشەکانی بۆ سەر ئەم شارە رابگرێت و بەر لە هەر کارێک بە جدی بیر لە دەرئەنجامەکەی بکاتەوە. شەوی یەکشەممە ١١ی شوبات ئیسرائیل رایگەیاند، توانیویانە لە چالاکییەکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا دوو بارمتە ئازاد بکەن، بەڵام بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر رەفح  و بۆمبارانکردنی ئەو شارە لە شەوی یەکشەممەدا لانیکەم ٦٧ کەس کوژران. لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارەی فەلەستینی لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەزەوە پەنایان هێناوەتە رەفەح. بێنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی فەلەستین دەڵیت، ئازادی ئەم دوو بارمتە ئیسرائیلییە ئەوە دەخاتەڕوو تەنها رێگەی گەڕانەوەی بارمتەکان بۆ ماڵەوەیان هێرشی سەربازییە. ئیسرائیل دەڵیت، هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی یەکشەممە بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەزە کە وەک ناوچەیەکی پارێزراو راگەیاندرابوو، بە مەبەستی ئازاد کردنی فێرناندۆ سیمۆن مارمانی ٦٠ ساڵ تەمەنو نۆربێرتۆ لۆئیس هاری ٧٠ ساڵ تەمەن بوو کە بارمتە بوون لای حەماس و جەهادی ئیسلامی. ئەوترێت ئەم دوو بارمتەیە لە قاتی دووەمی بینایەک لە ناوەندی رەفەح دەستبەسەر بوون.  

  هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە رایدەگەیەنێت کۆنگرێسی وڵاتەکەی رێککەوتنی فرۆشتنی ٤٠ فڕۆکەی ئێف ١٦ی بە تورکیا پەسەند کردووە. ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ جێفری فلەیک, باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە رایگەیاند "کۆنگرێسی ئەمەریکا رێککەوتنی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف ١٦ی بە تورکیا پەسەند کردووە، چونکە هیچ سیناتۆرێک لە ماوەی دیاریکراودا پرۆسەکەی هەڵپەنەساردووە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێشەوە".  لە ٢٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ یاسایی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-١٦ بە بەهای ٢٣ ملیار دۆلار بە تورکیا بۆ کۆنگرێس نێردراوە و ماوەی یاسایی کە ١٥ رۆژە بۆ پێداچوونەوە بە یاساکەدا کۆتاییهات و هیچ ناڕەزاییەک بەرامبەر یاساکە نەبوو.  

هاوڵاتی ئەمرۆ شەممە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چوار بەرپرسی ئەمنی لوبنانی بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس بە ناوی "باسل ساڵح" لە شارۆچکەی جدرا ی لوبنانی لە هەوڵێکی کوشتن لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە رزگاری بووە. ئاژانسەکە لە درێژەی هەواڵەکەیدا ئەوەی خستۆتەڕوو کە لە ئاکامی ئەم هێرشەدا سێ ئەندامی بزووتنەوەی حەماس کوژراون و باسل ساڵح ی بەرپرسی تەجنید کردنی چالاکوانەکانی کەرتی رۆژئاوای سەر بە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینیش رزگاری بووە. لە لایەن خۆیەوە رادیۆی سوپای ئیسرائیلی رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیلی کووشتنی گەورە بەرپرسێکی بزوتنەوەی حەماس بووە لەناو قوڵایی خاکی لوبنان. جێگەی ئاماژەیە شارۆچکەی جەدرا دەکەوێتە ناوچەی سەیدای لوبنانییەوەو 60 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیل و لوبنانەوە دوورە. لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە، پشێوی و ئاڵۆزییەکانی سەرسنووری باشووری لوبنان و ئیسرائیلیش گەیشتۆتە لووتکە و تا ئێستا 227 هاوڵاتی لوبنانی کە 166 کەسیان سەر بە چەکدارەکانی حزبوڵای لوبنانین و 27 کەسی دیکەیان هاوڵاتی سڤیلن و 9 سەربازی ئیسرائیلی و شەش هاوڵاتی سڤیلی ئەو وڵآتە لە ئەنجامی بوردوومانەکانی سەر سنووری هەردوو وڵآت کوژراون.

هاوڵاتی ئەمرۆ شەممە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند ، شەوی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی نیستەجێبوون لەناوچەی "دیماس" سێ کەسی سەر بە ملیشیاکانی نزیک لە ئێران کوژراون. هەر لە ڕاگەیاندراوەکەی ڕوانگەی سوریدا هاتووە کە ناوچەی دیماس بە یەکێک لە ناوچە تایبەتەکانی سوریا ئەژمار دەکرێت کە زۆربەی بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵآتەی تێیدا نیشتەجێن . لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریی ڕاگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی شەمە سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی مووشەکی  بۆ سەر ریفی دیمەشق ئەنجامداوە و دژە هەواییەکانی ئەو وڵآتە توانیویانە ژمارەیەک لەو موشەکانە بخەنە خوارەوە و ژمارەیەکی دیکەش بە بێ هیچ زیانێکی گیانی ئامانجەکانیان پێکاوە. جێی ئاماژەیە ئەم هێرشانەی ئیسرائیل دوابەدوای ژمارەیەک هێرشی دیکەی سوپای ئەو وڵاتە دێت بۆ سەر فرۆکەخانەی سەربازی "مۆزە" ی سەربازی لە رۆژئاوای دیمەشق کە چەند بنکەیەکی حزبولای لوبنانی و ملیشیاکانی دیکەی سەر بە ئێران لە خۆدەگرێت.

هاوڵاتی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی هەینی ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لەگەڵ ئەوەی گەیشتە بەیروتی پایتەختی لوبنان، جەختی کردەوە لەسەر پشتوانی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی لە حزبوڵڵای لوبنان و گرووپە میلیشاکانیتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە "بەرەی بەرگری" ناویان دەبەن، هەروەها وتی "ئاسایشی لوبنان کاریگەری هەیە لە سەر ئاسایشی ئێران و ناوچەکە". وەزیری دەرەوەی ئێران لە فڕۆکەخانەی بەیروت لە لایەن نوێنەری حزبوڵڵای لوبنان و حەماس و جەهادی ئیسلامیەوە پێشوازی لێکرا. عەبدوڵڵاهیان لەگەڵ گەیشتنی بە لوبنان و لە فڕۆکەخانەی بەیروت بە میدیاکانی راگەیاند "ئێران بەردەوامە لە پشتیوانییە بەهێزەکەی خۆی لە (بەرەی بەرگری) و (لوبنان) و ئێمە ئاسایشی لوبنان بە ئاسایشی ئێران و ناوچەکە دەزانین". حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە درێژەی قسەکانیدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزەی وەک جینۆساید ناوبرد و وتی "ئیسرائیل بە هیچکام لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە". وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت "تاران واشنگتۆنی ئاگادار کردۆتەوە بە پشتیوانیکردنی لە ئیسرائیل و کوشتاری بەکۆمەڵ خەڵکی فەلەستین و بێگمان ئەم پشتیوانیانە شکستی لێ دەکەوێتەوە". عەبدوڵڵاهیان هەروەها وتی "ئیسرائیل دەیهەوێت ئەمریکا بخاتە ناو زەلکاوی جەنگەوە لە ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی ئێران حزبوڵڵای و بەرەی بەرگری لوبنانی وەک هێزێکی کاریگەر ناوبرد لەم سەردەمەدا کە زۆر وشیارانە خەریکی یارییە و کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی حیزبوڵای لوبنان و ئەرتەش و دەوڵەتی لوبنان". ئەمە سێهەمجارە لە دوای دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل – حەماس وەزیری دەرەوەی ئیران سەردانی لوبنان دەکات. هاوکات ئێوارەی هەینی ٩ی شوبات، حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند "دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی خستووەتە خوارەوە و هێرش کراوەتە سەر تانکێکی ئیسرائیلی. لە بەرامبەردا ئەرتەشی ئیسرائیل رایگەیاند "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل  هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە گوندی مارۆن ئەلرەئس لە باشووری لوبنان و هەروەها هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوە سەربازییەکان لە دوو شاری باشووری لوبنان".

هاوڵاتی ئیسرائیل دەیەوێت لە چەند ڕۆژی داهاتودا هێرشبکاتە سەر ئەو دەروازەیەی لێوەی  هاوکاری مرۆی دەگەیەنرێتە غەززە وئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان وجێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەو بارەیەوە هۆشداری دەدەن. ڤیدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەئێستادا تەنھا دەروازەی گرنگ کە تایبەتە بە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی کەرتی غەززە، تەنھا دەروازەی رەفەحە لەسەر سنوری میسر کە ئێستا بە وتەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بە مەبەستی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی لە شارۆچکەی رەفەح. وتیشی، ئەمریکا لەو بارەیەوە ھۆشداری داوەتە ئیسرائیل لە ھێرشکردنە سەر شارۆچکەی رەفەح کە دەبێتە ھۆی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی، چونکە تەنھا دەروازەیە کە لە رێگەیەوە وڵاتانی جیھان ھاوکارییە مرۆییەکانیان دەگەیەننە کەرتی غەززە، بۆیە پێویستە ئیسرائیل زۆر بە وردی بیر لە بابەتێکی لەو جۆرە بکاتەوە و ژیرانە بڕیار بدات. لەهەمانکاتدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای "X" نوسیویه‌تی، "نیوەی دانیشتوانی غەززە لە ئێستادا له‌ رەفح گیریان خواردوه‌، هیچ شوێنێکیان نییە بچن، رێوشوێنێکی لەو شێوەیە کابوسە مرۆییەكان لە ئێستاوە خراپتر دەکات و دەرئەنجامە ناوچەییەکانی وەسفنەکراو ده‌بێت". هاوکات بەپێی راپۆرتێک کە رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بڵاویکردوه‌تەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لە ئێستاوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر رەفح دەستپێکردوە، هەروەها تانکەکان بۆردومانی رۆژهەڵاتی شارەکەیان کردوە. ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک فەڵەستینی کە لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە لە شەڕ هەڵاتون، لەوێ كۆبونه‌ته‌وه‌ ومیسر ترسی ئەوەی هەیە ئەو  ئۆپەراسیۆنە سەربازییە  ببێتە هۆی لێشاوی فەڵەستینییەکان بۆ ناو نیمچە دورگەی سینا میسر.

هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی بلومینگ ڕایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدان لەپلانیدایە بۆ ڕێگریکردن لە یارمەتییە مرۆی و سەربازییەکانی ئێران بۆ گروپە چەکدارەکان گەمارۆی نەوتی لەسەر ئەو وڵاتە زیاتر بکات، و چالاکوانانیش پێیان وایە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئاژانسی هەواڵی بلوومینگ، رۆژی پێنج شەممە ٨ی شوبات لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توندترکردنەوەی گەمارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی رەنگە ببێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا. چەند سەرچاوەیەکیش بەو ئاژانسەیان وتووە  کۆشکی سپی لەگەڵ زیادکردن و توندترکردنەوەی گەمارۆکاندایە تەنانەت ئەگەرببێتە هۆی دروستبونی قەیران و  بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. چالاکوانی سیاسیش پێیان وایە ئەم هەنگاوەی ئیدارەی بایدن لەکاتی بانگەشەکردن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە دژی بەکاردەهێنرێت.  کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەورەترین پشتیوانی گرووپە میلیشاکان دەدەنرێت لە عێراق و سووریا و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و ئیدارەی بایدنیش لای وایە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئەبێتە هۆی  لاوازبونی ئەو هێزانە.

هاوڵاتی ماوەی هەفتەیەکە چاوەکان چونەتە سەر جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، بەتایبەت کاتێک دێتە سەر باسی روداوەکان و دۆخی ئێستا، "ناوی سەرکردە و شوێنەکان تێکەڵاو دەکات"، ئەوەش بوە بە بەشێک لە گاڵتەجاڕی بەلای نەیارەکانییەوە. ئەندامانی تیمەکەی بایدنیش جەخت لەسەر باشی تەندروستی سەرۆکی ئەمەریکا دەکەنەوە و دەڵێن: مەرج نیە هەمو کات مرۆڤ روداوەکانی لەبیر بمێنێت. جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ میانی گوتارێكدا سه‌باره‌ت به‌ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە و کردنەوەی دەروازەی رەفەح رایگه‌یاند "وەک دەزانن لە سەرەتادا (سیسی) سەرۆکی مەکسیک نەیویست ده‌روازه‌كان بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگە بە هاتنە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بدات، من قسەم لەگەڵ کرد و باوه‌ڕم پێهێنا دەروازەکان بکاتەوە". بایدن له‌ گوتاره‌كه‌یدا عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسری به‌ سه‌رۆكی مه‌كسیك ناوبرد، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا چه‌ند كاتژمێرێك به‌ر له‌و لێدوانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی رایگه‌یاندبوو "مێشكم له‌سه‌ره‌خۆمه‌ و یادگه‌م باشه‌". لە ماوەی رابردودا لە وتارە جیاوازەکاندا، بایدن بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ئەوروپای تێکەڵ کرد، "مردو و ئێستا"، بۆ نمونە وتی،  دوای هەڵبژاردنم بە سەرۆک چومە کۆبونەوەی لوتکەی جی حەوت و بە سەرکردەکانی دیکەم وت کە ئەمریکا گەڕایەوە!، پاشان میتران لە ئەڵمانیا، ببورە فەرەنسا، تەماشای کرد و پرسیاری کرد "تا کەی دەمێنیتەوە؟". بایدن لەم گفتوگۆیەدا ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی ئەوکاتی فەڕەنسای لەگەڵ فرانسوا میتران، سەرۆکی پێشوتری فەرەنسا تیكڵاوکرد، کە دوەمیان لە ساڵی 2017وە مردوە. دووبارەبوونەوەی چەندین جارەی هەڵەکردنی بایدن لەکاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەنووسان یان پێشکەشکردنی گوتاردا، بووەتە هۆی ئەوەی گومان لە توانای بایدن بکرێت بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە و ئەویش تا ئێستا سوورە لە سەر ئەو بڕیارەی. جۆ بایدن دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ، لە ئێستاوە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بەڵام بایدن باس لە دەستکەوتی یاسادانان و سەرکەوتی زۆری لە بوارەکانی ئابووری و سیاسییدا دەکات کە پێی وایە دەبێتە جێی سەرنجی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ راکێشانی دەنگدەران، بە تایبەتی کە ترەمپیش تەمەنی 76 ساڵە و گەنج نییە.