بۆچی لە بەریتانیا ئاژاوە دروست بووە؟
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئامادەكردنی/كاوەڕەش
دوابەدوای هێرشێكی دڕندانەو کوشندە، بۆسەر كڵاسێكی سەماكردنی منداڵان، لەشارۆچكەی ساوسپۆرتی باکووری ئینگلتەرا، كەتێیدا سێ کچی منداڵ لەلایەن هەرزەكارێكی بەڕەگەز بیانیەوە كوژران و چەندینی دیكەش زامداركران، نائارامیی و ئاژەوەگێڕیی بەدوای خۆیدا هێنا، کەبەریتانیا لەماوەی زیاتر لەدە ساڵدا بەخۆیەوە نەبینیوە.
توندوتیژییەکان، لەسەرتاسەری شارو شارۆچكەكانی ئینگلتەرا و ئێرلەندای باکوور، تەشەنەیان سەند.
پۆلیس ڕایگەیاندوە; بەهۆی زانیارییە هەڵەکان، لەڕێگای ئۆنلاین و تۆڕەكۆمەڵاتیەكانەوە، گروپە ڕاستڕەو و دژەكۆچبەرەكان، خەڵكیان هانداوە بۆ هاتنەسەرشەقام و گردبونەوە و ئاژاوەگێڕیی.
لە ٢٩ی تەمموزدا، سێ كچی منداڵ بەناوەكانی بیەبی کینگ، تەمەن شەش ساڵ و ئێلسی دۆت ستانکۆمب، تەمەن حەوت ساڵ و ئەلیسدا سیلڤا ئەگویار، تەمەن نۆ ساڵ، لەچالاکییەکی سەما و یۆگادا لەسەنتەری تایلۆر سویفت، بەچەقۆ کوژران و هەشت منداڵی دیکەو دوو کەسی گەورەش بریندار بوون.
هەرلەو ڕۆژەدا پۆلیس ڕایگەیاند، کەگەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵانیان دەستگیرکردووە، كەهێرشەكەی ئەنجام داوە، بەڵام وەك كارێكی تیرۆرستی مامەڵەلەگەڵ ڕووداوەکەدا ناکەن.
دواتر ڕاستەوخۆ و دوای هێرشەکە، هەواڵەكە بەبەربڵاویی و ناڕاست لەسەر لاپەڕەكانی سۆشیال مێدیا، بەدرۆ گریمانە بڵاوبۆیەوە، بێ پشت ڕاستكردنەوەی فەرمی دەربارەی ناسنامەی بكوژەكە.
گروپە توندڕەو دژەكۆچبەرەكان، وەها هەواڵەكەیان بڵاكردبۆوە، كە گوایە هێرشبەرەكە پەناخوازەو لەساڵی ٢٠٢٣، بەبەلەم گەیشتووەتە بەریتانیا، وەبەناوێکی هەڵەخۆی لەقەڵەم داوەو دەنگۆی بێ بنەماش هەبوو، کەباس لەوە دەکرا کەموسڵمانە.
هەموو ئەو هەواڵە فەیك و بێ بنامایانە، بوونەهۆی جوڵانی هەستی سەدان هەزار كەسی توندڕەو دژ بەكۆچبەر، بەرامبەر موسڵمانەكان لەبەریتانیا.
*سەرهەڵدانی ئاژەوەگێڕییەكان
بەرلە ئاژەوەگێڕییەكان، پۆلیس داوای لە خەڵک کردووە "گریمانە و زانیاریی درۆینە" بڵاونەکەنەوە.
هەرچەندە دەزگا مێدیا فەرمیەكان بڵاویانكردەوە، كەهێرشبەرەكە خۆی لەدایك بووی هەرێمی وێڵسە لەبەریتانیا، بەڵام لەدایك و باوكێكی كۆچبەری خەڵكی ڕواندا لەدایك بووە.
ئێوارەی دواتر، زیاتر لەهەزار کەس بەشدارییان لە ئاگادارییەکدا کرد بۆ هاوخەمی كەس و كاری قوربانییەکان لەساوسپۆرت ڕێكخرابوو.
دواتر ڕێڕەوی توندوتیژی گرتەبەرو لەنزیک مزگەوتێکی ناوچەکە ئاژەوەگێڕیی سەریهەڵدا.
خۆپیشاندەران بەخشت و بوتڵ و بەرد، هێرشیان كردە سەر مزگەوتەكەو هەوڵی سوتاندنیان دابوو، هەرچەندە بەشێك لەنوێژخوێن و ئیمامی مزگەوتەكە، لەژوورەوە گیریان خواردبوو.
سەرباری ئەوەش، هێرشیان كردە سەر پۆلیس و ئۆتۆمبێلێکی جۆری ڤانی پۆلیس ئاگری تێبەردرا و ٢٧ ئەفسەریش بەهۆی زامداربونەوە، گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
*كێین ئەوانەی دەستیان لەگردبوونەوەكان هەبووە؟
مارک ئیستۆن، ڕیپۆرتەری کاروباری ناوخۆی بی،بی،سی، ڕاگەیاندوە، شەوی هەینی كاتێك ئەو لەشاری سەندەرلاند بوو، ئاژاوەگێڕو توندڕەو ڕاستڕەوەكان، هێرشیان کردووەتە سەر پۆلیس و ناوەندێکی ڕاوێژکاری تەنیشت بنکەیەکی پۆلیس، دواترئاگریان تێبەرداوە، بەوەشەوە نەوەستاون بتڵ و بەردو داریان گرتۆتە یەكێك مزگەوتەكانەوە.
هەرئەو شەوەش، چەندین كەسی چەۆ كێش و دەمامكدار، بەشێك لەدوکان و ماركێتیان تاڵان کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕاگەیاندنكارە، لەو گربونەوانەدا، بەشێك لەخێزانەکانیشی بینیوە كەتەنانەت منداڵی كەم تەمەنیان لەگەڵ بووە بەئاڵای سانت جۆرجەوەو بەشداربوون، سەرباری ئەوەش كەسانی كەم ئەندامیش لەسەر كورسی كەمئەندامی لەو توندوتیژیانە تێ ئاڵاون.
لەبەرارمبەر ئەو هێرش و كاری تێكدەرانەی ڕەگەزپەرست و دژە كۆچبەرەكان، بەشێك لەڕەوەندی ئاسیایی لەشوێنی ئاینی و مزگەوتەكان گردبوونەوە، بۆ پاراستنی بیناو پەرستگاكان.
بەڵام پۆلیس ڕایگەیاندوە; كەئەوە ئەركی ئەوان نیەو لێگەڕێن پۆلیس كاری خۆی ڕاپەڕێنێت، تا توندو تیژیەكان زیاتر پەرە نەستێنێت.
هەرچەندە هیچ ڕاگەیاندنێك ئاماژەی بەڕەوەندی كوردی نەداوە وەك گروپی پارستنی شوێنە ئاینیەكان، بەڵام بەشێك ڕەوەندی كورد، لەشارو شارۆچكەكان و لەمزگەوتەكانی خۆیان گردببونەوە بەبیانوی پاراستنی بینای مزگەوتەكان.
سەرباری ئەوەش، وەك لەچەند گرتە ڤیدیۆكدا بڵاوبۆتەوە، ژمارەیەك ماركێت و دووكانی سەرتاشی نەتەوەكانی ئاسییای دەسوتێندرێن یاخود تاڵان دەكرێن، كەلەنێویاندا هی كوردەكانیش هەیە.
*پۆلیس و حوكمەت چۆن ڕووبەڕوویان بوونەوە؟
بەپێی ڕاگەیاندنی پۆلیس تاڕۆژی هەینی ٩ی ئاب، نزیکەی ٦٠٠ کەس دەستگیرکراون و زیاتر لە ١٥٠ کەسیش تۆمەتباركراون، لەنێویاندا منداڵانی تەمەن ١١ ساڵ هەیە.
سەرۆكوەزیرنی بەریتانیا، بەتوندی ئیدانەی ئەو ڕووداونەی کردووە کە ناوی بردوون بە "تاڵانچیە ڕاستڕەو توندڕەو" هاوكات بەڵێنی داوە، هەموو تۆمەتباران ببرێنە بەردەم دادگا و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
سەرۆكوەزیران ئاماژەی بەوەش داوە، هەركەسێك بەهەر هۆکارێک یاخود پاڵنەرێك، ببێتە هۆكاری نائارامیی و بەشداری لە توندوتیژیدا بكات، ئەگەر بەشێوەی ئۆنلاینیش بێت، پەشیمان دەبێتەوەو ئێمە ڕووبەڕووی یاسای دەكەینەوە.
حکومەتیش ڕایگەیاندووە، كەهێزێكی تایبەتی لەئەفسەرانی پسپۆڕ خستۆتە حەڵاتی ئامادەباشیەوە، بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی ئەو پشێوییە.
وەدەزگاكانی پۆلیسیش، زانیاری هەواڵگری لەسەر گروپە توندئاژووەكان كۆدەكەنەوەو هاوبەشی پێ دەکەن.
ئاماژەش بەوەدراوە، حوكمەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیاش کاردەکات، بۆ دڵنیابوون لەلابردنی زانیاری هەڵە و زانیاری ناڕاست لەسەر تۆڕە كۆمەڵاتیەكان.
*تەقینەوەی شەقام لەمانگی هەنگوینی سەرۆكوەزیرانی نوێیدا
سەرهەڵدانی ئاژاوەگێڕی و هێرشی ڕاستڕەو و دژەكۆچبەرەكان هاوكات بوولەگەڵ دەستبەكاربونی سەرۆكوەزیرانی نوێی بەریتانیا و دەسەڵاتداریەتی پارتی كاری بەریتانیا.
ئەمەش تاقیكردنەوەیەكی پڕ زەحمەتە، بۆسەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، كەڕووبەڕووی دەبنەوە، لەکاتێکدا ئاژاوەگێڕەكان هەڕەشەی دەرچوون لەکۆنتڕۆڵ دەكەن، دەسەڵاتداران خۆپێشاندەران، بە ئاژاوەگێڕو، جەردەو چەقۆكێش ناو دەبەن.
سەرۆك وەزیران، پەیامێكی توندی ئاڕاستەی ئاژاوەگێڕان كردووەو ڕایگەیاندوە، كەدەسەڵاتی تەواو دراوە بەهێزە ئەمنییەكان، بۆ دەستگیركردنی ئەوانەی كاری شەڕەنگێزی و پەلاماردەری ئەنجام دەدەن، تا ببرێنە بەردەم دادگا.
هاوكات سەرۆك وەزیران وتی، ئەركی ئێمەیە كەسەلامەتی گیانی هەموو خەڵكی بەریتانیا بپارێزین، بێ جیاوازی ڕەگەزیی و ئاینی ونەتەوەی، بەتایبەتیش ڕەوەندی موسڵمانەكان، كەئێستا ڕاستەوخۆ هێرشیان دەكرێتەسەر.
بۆلەم كاتەدا ئاژاوەگێڕی سەریهەڵدا؟
هەرچەندە پشێویەكانی ئەم جارە، دوای كوشتن و برینداركردنی چەندین منداڵ، لەلایەن هەرزەكارێكی بەڕەگەز بیانیەوە، بۆتە سەرهەڵدانی هێرش و تاڵانی بەشێك لەشارو شارۆچكەكانی بەریتانیا، بەڵام ئەو هێرشە ڕەگەزپەرستیانە مێژوو باگراوندی لەمێژینەیان هەیە، هەرلەهەڵوێستی سیاسیانەی بەشێك لەپارتەكانی نێو دەسەڵاتی ڕابردوو و ئێستای پارلەمان و چەند پارتێكی دیكەی بچوكی دژەكۆچبەرو موسڵمانەكان، كەبۆتە هۆی خرۆشانی خەڵك و شەقامی بەریتانیا.
تانەنەت ئەگەربێت و بەم زوانەش كۆتای بەو پشێیوە بهێندرێت، لەداهاتودا هیچ گەرەنتیەك نیە بەهۆكارێكی دیكە سەرهەڵ نەداتەوە. چ بەپێچەوانەوە بێت واتا كۆچبەرەكان و بیانیەكان پشێویی ئاژاوەگێڕی و تاڵانی بكەن، یاخود خەڵكی نەژاد پەرست وتوندڕەوەكان دەژەكۆچبەران.
تەنانەت ساڵی ٢٠١١ بەهۆی كوشتنی گەنجێكی ڕەشپێستی تەمەن٢٩ساڵ، بەناوی مارك دۆگان، لەلایەن پۆلیسی لەندەنەوە، بەشێكی زۆری ڕەوەندی بیانیی و ێەفریقای دەستیانكرد بەخۆپێشاندان و بوونە هۆی سەرهەڵدانی ئاژاوەگێڕی هێرش و تاڵانیەكی مەزن، كەلەمێژووی چەندین دەیەیی بەریتانیادا وێنای نەبووە.
پێكدادانی كولتورەكان لەبەریتانیا *
زۆرجار بەهۆی بەریەكەوتنی پۆلیس و ڕەوەندی بیانی، گردبونەوەو خۆپێشاندانی شەڕانگێزیی لەبەریتانیا سەرهەڵدەدات.
كاتێك دەیان كەسی ئاسییای لەشاری مانچستەر بەتاوانی دەستددێژیی و فریودانی كچانی خوار تەمەنی یاسایی سزاو زیندانی كران، سەدان كەس لەڕەوەندی بیانی و بەتایبەت پاكستانی، گردبونەوەو خۆپێشاندانی ناڕەزییان دەربڕی و ئەو سزایانەیان بەدادپەروارانە نەدەزانی، واهایان لەقەڵەم دەدا، كەئەوان كراونەتە ئامانج، بەهۆی ڕەچەڵەكی ئاینیی و كولتورییەوە.
تەنانەت چەند ڕۆژێك بەرلەسەرهەڵدانی دواین ئاژەوەكانی هەفتەی ڕابردوو، بەشێك لەڕەوەندی ئاسیایی لەناوچەی ڕەشۆم، لەشاری مانچستەر هێرشیان كردبوە سەربنكەی پۆلیس، بەهۆی ئەوەی لەفڕۆكەخانە مانچەستەری بەریتانیا، پۆلیس و چەند گەنجێكی پاكستانی پێك هەڵدەپژێن و پۆلیس بەشەق لەسەری گەنجێك دەدات، دوای ئەوەی دووگەنجە پاكستانییەكە لەسێ پۆلیس دەدەن و یەكێكیان زامداردەكەن.