فەرمانگەی فیدراڵیی فڕۆکەوانیی ئەمریکا رایگەیاند، کۆتاییان بە بڕیاری وەستاندنی گەشتەکان هێناوە و فڕۆکەکان بەرە بەرە دەست بە فڕین دەکەنەوە. پێشتر فەرمانگەکە داوای لە هەموو هێڵە ئاسمانییەکان کردبوو، هەموو گەشتە نێوخۆییەکانیان بووەستێنن، چونکە سیستمی پێدانی رێنمایی سەلامەتی بە فڕۆکەوانەکان لەکارکەوتبوو. بە پێی ڕاگەیاندراوێکی فەرمانگەکە، ئێستا گەشتە ئاسمانییەکان لە زۆربەی فڕۆکەخانەکان خەریکە دەستپێدەکەنەوە. وەکو فەرمانگەی فیدراڵیی فڕۆکەوانیی ئەمریکا پێشبینی دەکرد، گەشتە ئاسمانییەکان لە زۆربەی فڕۆکەخانەکان لە دوای کاژێر 9ی بەیانی بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (واتە 5ی ئێوارە بە کاتی هەولێر) دەستیان پێکردنەوە. تەنانەت لە کاتی وەستاندنی گەشتەکانیش لە کاتی هەبوونی کێشە تەکنیکییەکەدا، ئەو فڕۆکانەی لە ئاسمان بوون، رێگەیان پێ درابوو گەشتەکەیان تەواوبکەن و بگەنە شوێنی مەبەستیان. کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە تویتێکدا باسی لەوە کرد، بایدن لە لەکارکەوتنی سیستمی فەرمانگەی فیدراڵیی فڕۆکەوانی ئاگادارکراوەتەوە، هێشتا هیچ بەڵگەیەک لەسەر هەبوونی هێرشی سایبەری نییە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا داوای کردووە لێکۆڵینەوە بکرێت. فەرمانگەکەش باسی لەوە کردوه، کاردەکات بۆ وەگەڕخستنەوەی سیستمکە، کە فڕۆکەوانەکان لە مەترسییەکان و گۆڕانی رێکارەکانی فڕۆکەخانەکان ئاگاداردەکاتەوە. لە تویتێکی فەرمانگەکەدا هاتبوو: "فەرمانگەی فیدراڵیی فڕۆکەوانی کاردەکات بۆ وەگەڕخستنەوەی سیستمی رێنموونیکردنی ئەرکە ئاسمانییەکان، دوای ئەوەی کە لەکارکەوت. ئەگەرچی هەندێ لە کردارەکانی دەستیان پێکردووەتەوە، بەڵام هێشتا کارەکانی سیستمی نیشتمانیی کایەی ئاسمانی، سنووردارن." لای خۆیەوە جۆبادین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند: تا نازانین هۆکاری ڕاوەستانی گەشتەکان چیە
هاوڵاتی شەبنەم كۆرور فینجانجی سەرۆكی كۆمەڵەی پزیشكانی توركیا كە بە تۆمەتی هاوكاریكردنی پەكەكە دەستگیركرابوو دوای زیاتر لە دوو مانگ و نیو لە زیندان ئازاد كرا. فینجانجی لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە هۆی لێدوانێكی لەبارەی بڵاوبوونەوەی دیمەنێكی ڤیدیۆیی گەریلاكانی پەكەكەوە دەستگیركرا كە لە ڤیدیۆكەیا دەردەكەوێت ژمارەیەك گەریلا بەهۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیاییەوە شەهید بوون. فینجانجی رایگەیاندوو، بەكارهێنانی چەكی كیمیایی تاوانە و پێویستە شاندێكی سەربەخۆ سەردانی ناوچەكانی شەڕ بكات و لێكۆڵینەوە بكات. دواتر پەكەكە ناسنامەی ١٧ گەریلای بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد كە بە چەكی كیمیایی شەهیدكراون. لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردووشدا پەكەكە جارێكی دیكە ناسنامەی ١١ شەهیدی بڵاو كردەوە كە بە چەكی كیمیایی شەهید كراون. دەسەڵاتدارانی توركیا بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و قەدەغەكراویان رەتكردووە و رایانگەیاند،ئەوەی باسی ئەم پرسە دەكات پێویستە هاوڵاتیبوونی توركیای لێوەرگیرێتەوە و دادگایی بكرێت. بۆیەش داواكاری كۆماری ئەستەنبوڵ داوای سەپاندنی زیاتر لە دوو ساڵ سزای زیندانی بۆ فینجانجی بڕیەوە. بەڵام ئەمڕۆ دادگای سزا قورسەكانی ئەستەنبوڵ بڕیاری بێتاوانی فینجانجیدا و ئازاد كرا.
هاوڵاتی بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕوسیا، شەوی ڕابردوو گروپی واگنێری بەکرێگیراوی ڕوسیا کۆنترۆڵی شاری سولدەر-ی ڕۆژهەڵاتی کردووە دێنیس پوشیلین، سەرۆکی هەرێمی دەنێتسک بە کەناڵی یەکی رووسیای راگەیاند، هێزەکانی رووسیا ناوەندی شاری سۆلێداریان لە هەرێمی دەنێتسک کۆنترۆڵکردووە. پوشیلین ئەوەی خستوەتەروو، کە ناوەندی سۆلیدار لەژێر کۆنترۆڵی یەکەی ڤاگنەردایە و لەهەموو لایەکەوە گەمارۆیان داوە و، دوێنێ بەیانیش گوندی (باخموتسک) کە دەکەوێتە دەوروبەری سۆلێدار لە باکووری خۆرهەڵاتی ئاڕتیمۆڤسک ئازادکراوە. لەهەمان کاتدا کیڤ ڕایگەیاند هێزەکانیان بە بەهێزی ناوەتەوە هەروەها، ئەم شارە ناوەندێکی گرنگی گواستنەوەیە، تۆڕێک لە ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن پێیدا تێدەپەڕێت، کە لە رێگەیەوە هاوکاری پشتیوانی سەربازی بۆ هێزە ئۆکرانییەکان لە دۆنباسدا دابین دەکرد. ئەمەشلە کاتێکدایە فەرماندە ڕووسییەکان گرتنی سۆلداریان کردۆتە ئامانجێکی سەرەکی لە هەڵمەتەکەیاندا بۆ گرتنی شاری ستراتیژی نزیکی باخموت و ناوچەی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا
سەرەڕای ناکۆکییەکانیان و گرژبونەوەی پەیوەندییەکانیان، ئاستی هەنارەدەی ئەڵمانیا بۆ ئێران بەرز دەبێتەوە و رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی رەخنە لە بەرلین دەگرێت کە زیاترین رێژەی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپای بۆ ئێران تۆمار کردوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە ئاستی هەناردەی کاڵا لە ئەڵمانیاوە بۆ ئێران بەراورد بە پێش سەرهەڵدانی نارەزایەتییەکان 12.7٪ زیادی کردوە. رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردوە بەهای هەناردەی کاڵای ئەڵمانیا بۆ ئێران گەیشتوەتە زیاتر لە یەک ملیارد و 500 ملیۆن دۆلار لە 11 مانگدا کە بەراورد بە رابردو و پێش سەرهەڵدانەکانی ناڕەزایەتییەکان بەشێویەکی بەچاو زیادی کردوە. لە بەرامبەردا بەهای هەناردەی کاڵای ئێران بۆ ئەڵمانیا لەو 11 مانگەدا گەیشتوەتە نزیکەی 280 ملیۆن دۆلار و ئەوەش بەرزبونەوەیەکی ئەوتۆی بەراورد بە رابردو بەخۆیەوە نەبینیوە. لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی جۆرۆسەلیم پۆست ئاشکرای کردوە ئەڵمانیا لە 26 وڵاتی دیکەی ئەوروپا زیاترین کاڵای بۆ ئێران هەناردەکردوە و دەبێتە یەکەم هاوبەشی ئابوریی ئێران لە ئەوروپا. رۆژنامەکە نوسیویەتی: ئەگەرچی ئەڵمانیا توندترین هەوڵویستی دژی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران دەربڕیوە و دوجار باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی دژی سێدارە و سەرکوت بانگهێشت کردوە بەڵام ئاستی بازرگانیی بەشێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ ئەو وڵاتە بەرز کردوەتەوە.
هاوڵاتی 80یەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گۆڵدن گلۆب لە بێڤەرلیی هیڵس لە کالیفۆرنیای ئەمریکا بەڕێوەچوو و ئەمساڵیش ژمارەیەک ئەکتەر، دەرهێنەر و هونەرمەند خەڵاتەکانیان بردەوە. رێوڕەسمەکە بە رۆیشتنی دەرهێنەر و ئەکتەر و سینەماکاران بەسەر فەرشی سوور دەستیپێکرد. گەڕانەوەی گۆڵدن گڵۆب بۆ سەر شاشەکانی تەلەڤزیۆن گرنگیێکی تایبەتی هەبوو، ساڵی 2022 بەهۆی بایکۆتی سی ئێن بی سی بۆ رووماڵکردنی رێوڕەسمەکە بینەرێکی زۆری لەدەستدا، خەڵاتەکان لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە راگەیێندران، ساڵێک پێشتریش و لە 2021 بەهۆی کۆرۆناوە رێوڕەسمەکە بە ئۆنلاین بەڕێوەچوو، لە 2020یش هەر بەهۆی کۆرۆناوە رێوڕەسمەکە بەڕێوەنەچوو. خەڵاتی گۆڵدن گلۆب بۆ یەکەم جار لەلایەن کۆمەڵەی رۆژنامەڤانیی دەرەوەی هۆڵیوود لە ساڵی 1944 پێشکێشکراوە. ناوی براوەکانی ئەم خولەی خەڵاتەکە: - باشترین ئەکتەری یاریدەدەر: کی هوی کوان شوێنی لەدایکبوون: ڤێتنام ساڵی لەدایکبوون: 1971 ناوی فیلم Everything Everywhere All at Once - باشترین خانمە ئەکتەری یاریدەدەر: ئەنجلینا باسێت شوێنی لەدایکبوون: نیویۆرک ساڵی لەدایکبوون: 1958 ناوی فیلم: Black Panther: Wakanda Forever - باشترین ئەکتەری یاریدەدەری زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان - میوزیکی یان کۆمیدی: تایلەر جەیمس شوێنی لەدایک بوون: نیویۆرک ساڵی لەدایکبوون: 1992 ناوی زنجیرە: Abbott Elementary - باشترین خانمە ئەکتەری زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان - میوزیکی یان کۆمیدی: کوینتا برونسۆن شوێنی لەدایکبوون: فێلادلفیا ساڵی لەدایکبوون: 1989 ناوی زنجیرە: Abbott Elementary - باشترین ئەکتەری مۆشن دراما: ئەوستن بەتڵەر شوێنی لەدایکبوون: کالیفۆرنیا ساڵی لەدایکبوون: 1991 ناوی فیلم: Elvis - باشترین ئەکتەری فیلمە مۆشنە میوزیکی یان کۆمیدییەکان: کۆلین فارێڵ شوێنی لەدایکبوون: ئیرلەندا ساڵی لەدایکبوون: 1976 ناوی فیلم: The Banshees of Inisherin - باشترین خانمە ئەکتەری فیلمە مۆشنە میوزیکی یان کۆمیدییەکان: میشێل یۆو شوێنی لەدایکبوون: مالیزیا ساڵی لەدایکبوون: 1962 ناوی فیلم: Everything Everywhere All at Once - باشترین خانمە ئەکتەری مۆشن- زنجیرە دراما: زیندایا مارێ شوێنی لەدایکبوون: کالیفۆرنیا ساڵی لەدایکبوون: 1996 ناوی زنجیرە: Euphoria - باشترین خانمە ئەکتەری مۆشن دراما: کەیت بلانچێت شوێنی لەدایکبوون: ئوسترالیا ساڵی لەدایکبوون: 1969 ناوی فیلم: Tár باشترین فیلمی بیانی: Argentina, 1985 جۆر: دراما و مێژووی هەڵسەنگاندی ماڵپەڕی IMDB 7.7/10 باشترین سیناریۆ: The Banshees of Inisherin جۆر: کۆمیدی و دراما هەڵسەنگاندی ماڵپەڕی IMDB 7.8/10 باشترین دەرهێنەر: ستیڤن سپیلبێرگ شوێنی لەدایکبوون: ئۆهایۆ ساڵی لەدایکبوون: 1946 فیلمی: The Fabelmans باشترین ئەکتەری زنجیرە دراما: کیڤن کۆستنەر شوێنی لەدایکبوون: کالیفۆرنیا ساڵی لەدایکبوون:1955 زنجیرە: Yellowstone باشترین زنجیرە درامای تەلەڤزیۆنی: House of the Dragon هەڵسەنگاندی ماڵپەڕی IMDB 8.5/10 دەرهێنان: گریگ یەیتانیس باشترین فیلمی کۆمیدی و میوزیکی: The Banshees of Inishirin هەڵسەنگاندی ماڵپەڕی IMDB 7.8/10 دەرهێنان: مارتن مەکدۆنە باشترین فیلمی درامایی: The Fabelmans دەرهێنان: ستیڤن سپیلبێرگ
هاوڵاتی ئەمڕۆ باڵوێزخانەی تۆکیۆ و سیئۆل لە چین ڕایانگەیاند، وڵاتی چین لە تۆڵەی ئەو ڕێکار وڕێگریە توندانەی کە لەلایەن وڵاتانی ژاپۆن وکۆریای باکورەوە خراونەتە سەر گەشتیارە چینیەکان، پێدانی ڤیزەی کورتخایەنی بە گەشتیارانی هەردوو وڵاتەکە ڕاگرتووە. هوکات باڵوێزخانەی چین لە سیئۆل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، پێدانی ڤیزای کورتماوە بۆ هاوڵاتیانی کۆریای باشور رادەگرین، وتیشی جاریکی دیکە پێدانی ڤیزە ڕیکدەخەینەوە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ هەڵگرتنی ئەو سنوردارکردانە جیاکاریەی سەر هاوڵاتیانی کۆریای باشور. بەهەمان شێوە باڵوێزی چین لە تۆکیۆ ڕایگەیاند، ڤیزەی کورت ماوە بۆ هاوڵاتیانی ژاپۆن ڕادەگیرێت، هەروەها هیچ زانیاریەکی لەبارەی لابردنی ئەو سنوردارکردنە نەخستە ڕوو. ئەمەش لەدوای سنوردارکردن و ڕێکارە توندەکانی هەردوو وڵاتی ژاپۆن وکۆریای باشور دێت، بەجۆرێک ژاپۆن لەمانگی ڕابردوو مەرجی پشکنینی " پی سی ئاڕ" بە ٧٢ کاتژمێر بەر لە گەشتکردن وپشکنینی نێگەتیڤی کۆرۆنا لەکاتی گەیشتنە ژاپۆن بەسەر گەشتیارانی ژاپۆندا سەپاند، هاوکات کۆریای باشوریش سنوردارکردنی ڤیزا و پشکنینی کۆرۆنای خستە سەر گەشتیارانی چین.
ئێران هاوڵاتییەکی بەلجیکی بە چوار تۆمەتی هاوکاریی ئەمریکا و سیخوڕیی بۆ وڵاتانی نەیاری کۆماری ئیسلامی و سپیکردنەوە پارە و قاچاخچێتی سزای 40 ساڵ زیندانیی و 500 هەزار دۆلار قەرەبو و لێدانی 74 قامچی بەسەردا سەپاندا. میدیای ئێران بڵاویان کردوەتەوە؛ ڤێندێ کاستیل، هاوڵاتییی بەلجیکا کە پیشەی کارمەندی فریاگوزاریی بوە لە وڵاتەکەی و لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕیی دەستگیرکراوە لە لایەن دادگاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە و تا 20 رۆژی دیکە مافی دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە سزاکانی هەیە. پێشتر بەجیکا ئاشکرای کردبو کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت ئەو هاوڵاتییە دەستگیرکراوی بەلجیکا وەک بارمتە بەکاربهێنێت لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەسەدوڵا ئەسەدی دیپلۆماتکاری ئێرانی کە بە تۆمەتی دانانی بۆمب و تەقینەوە لە کۆبونەوەیەکی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵق. کاستیل کە تەمەنی 41 ساڵە زستانی ساڵی رابردو لە ئێرانەوە دەستگیر کرا لە کاتێکدا ئەو هاوڵاتییە بەلجیکییە بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەک خۆبەخش هاوکاریی وڵاتەکەی کردوە لە بومەلەرزە و روداوە سروشتییەکاندا.
هاوڵاتی بەرپرسانی ئاگادار لە مەشقپێدان وپێدانی سیستەمی موشەکی پاتریۆت بە ئۆکرانیا ڕایانگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو بە زوترین کات دەست ئەکەن بە مەشقکردن بە سەربازانی ئۆکرانیا. مەشقپێکردنی سەربازانی ئۆکرانیا لەسەر سیستەمی پاتریۆت لە ناوچەی فۆرت سیل لە ئۆکلاهۆما دەبێت، ئەم مەیدانە یەکێکە لەو چوار بنکە بنەڕەتیەی سوپای ئەمریکا کە ڕاهێنان و مەشقی سیستەمی موشەکی تێدا ئەنجام ئەدات. لەبارەی ماوە و کاتی ڕاهینانەکەوە لۆرا کوپەر، جێگیری وەزیری بەرگری بۆ ڕووسیا وئۆکرانیا وئۆراسیا ڕایگەیاند، ماوەی مەشقپێکردنی سەربازە ئۆکرانیەکان لەسەر ئەو سیستەمە ئاڵۆزەی پاتریۆت نزیکەی چەند مانگێک دەخاێنێت. بۆ سیستەمی پاتریۆت، ئەمریکا یەک پاتری بۆ ئۆکرانیا دابینکردووە کە ئامێری بەرهەمهێنانی کارەبا وکۆمپیوتەر وسیستەمی کۆنتڕۆڵکردنی پەیوەندی و یەک لانچەری لەگەڵدایە. هەروەها پاتریەکە دەتوانێت لەلایەن ٩٠ سەربازەوە بەکاربێت وکاری لەسەر بکرێت. رووسیا دوابەدوای پێدانی سیستەمی موشەکی پاتریۆت بە ئۆکرانیا و ڕاهێنانی سەربازانی ئۆکرانی لەلایەن ئەمریکاوە ڕایگەیاند، ئەنجامە پێشبینی نەکراوەکان هەڕەشەیەکی دیکەن لەسەر پەرەسەندی جەنگەکە. ئەمریکا دوای سەردانەکەی ڤۆلۆدمێر زێلنسکی بۆ واشنتن و کۆبونەوەی لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆتایی مانگی کانوونی دوەمدا بڕیاریدا سیستەمی موشەکی پاتریۆت بدات بە ئۆکرانیا.
هاوڵاتی وەزیری بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند ئەتۆم قەڵغان و دڵنیاییدەری سەرەكی پاراستنی یەكپارچەیی خاك و سەروەریمانە. سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری روسیا لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری روسیا بە ئاماژەدان بەوەی كە یەكێك لە لەپێشترینەكانیان بۆ 2023 پێشخستنی توانای جەنگی سوپای روسیایە. شۆیگو رایگەیاندوە: بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ ئۆپراسیۆنەكانی سوپاكەمان دەكەین لە ئۆكرانیاو سوریا، ئەم هەڵسەنگاندنانە بۆ بەرنامەی مەشق و راهێنانی كارمەندانمان و ئامادەكارییەكان بۆ دابیكردنی پێداویستیە سەربازییەكان بەكار دەهێنین. وەزیری بەرگریی روسیا بە ئاماژەدان بەوەی كە بەردەوامی دەدەن بە سیانی ئەتۆمی كە خۆی دەبینێتەوە لە فڕۆكەی ستراتیجیی، موشەكی بالیستیی كیشوەربڕ رایگەیاند: ئەتۆم قەڵغان و دڵنیاییدەری سەرەكی پاراستنی یەكپارچەیی خاك و سەروەریمانە، توانای هێزە ئاسمانییەكانی روسیا بە فڕۆكە جەنگییەكان و فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانیشەوە زیاد دەكەین.
هاوڵاتی وهزارهتی دهرهوهی ئهمریكا ههڕهشهی له چین كرد كه ئهگهر هاوكاری ئهمنی ڕووسیا بكات، یان یارمهتی ڕووسیا بدات بۆ خۆدزینهوه له سزاكان، ئهوا "تێچووهكان له ئهستۆ دهگرێت". وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئهمریكا نێد پرایس دوێنێ دووشهممه له كۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا وتی: ئێمه به سهرنجهوه بهدوای ئهو بڕیارانهدا دهگهڕێین كه چین له وهڵامی ههر داواكارییهكی ڕووسیا بۆ هاوكاری ئهمنی دهیگرێتهبهر. وتییشی، واشنتۆن "به ڕوونی جهختی لهسهر" دهسهڵاتدارانی چین كردووهتهوه، لهنێویاندا له میانی كۆبوونهوهی سهرۆكهكانی ههردوو وڵات له بالی له مانگی نۆڤهمبهری ساڵی ڕابردوودا، كه "تێچووی" دروست دهبێت ئهگهر "چین بڕیار بدات به خۆدزینهوه له سزاكانی ئهمریكا به بهردهوامی یان دابینكردنی یارمهتیی ڕووسیا یارمهتی بدات". هاوكاری ئهمنی" كه له كاتی ململانێكان له ئۆكرانیا بهكاردههێنرا. له وهڵامی پرسیارێكدا سهبارهت بهوهی ئایا چین هیچ هاوكارییهكی سهربازی به ڕووسیا دهدات یان نا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی واشنتۆن وتی كه ناتوانێت "هیچ ههڵسهنگاندنێكی نوێ بكات" لهو بارهوه، ئەوەشی وت، واشنتۆن ههنگاو دهنێت ئهگهر ئهو جۆره بابهتانه دهستنیشان بكرێن. ئهمریكا پێشتر ڕایگهیاندبوو كه چاودێریی نهكردووه له پێدانی هیچ هاوكارییهكی سهربازی بۆ ڕووسیا لهلایهن چینهوه
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند؛ كۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆریست و ستەمکارە کاتی ئەوەیەی لەگەڵ ئەمریکا وهاوپەیمانان بەرەیەکی فراوان دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بگیرێتەبەر. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە لە کاتی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامانی لۆبیی وڵاتەکەی رایگەیاند؛ چاوەڕێی کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی پرسی بەرەنگاربونەوەی ئێران تاوتوێ بکەن. نەتانیاهۆ وتوی: زیاتر لەهەمو کات ئەمریکا و ئیسرائیل کۆکن لەسەر روبەڕوبونەوەی ئێران لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا چونکە بە هەوڵی ژنان و پیاوانی بوێری ئێران جیهان بۆی دەرکەوت کۆماری ئیسلامی تیرۆریست و ستەمکارە. لێدوانەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە تا ئێستا وەزیری بەرگریی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایانگەیاندوە کاری سەرەکیی حکومەتی نوێی ئیسرائیل بەرەنگاربونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و لایەنگەرە چەکدارەکانیەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
داواکارى گشتیی ئێران پۆلیسى وڵاتەکە رادەسپێرێت بە توندترین شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ژنانە بکەن کە لە شوێنە گشتییەکان و لەناو شاردا سەرپۆش لادەبەن و پابەندی باڵاپۆشیی نابن. ئاژانسى هەواڵى مێهر نیوز بڵاوى کردەوە؛ عەبدولسەمەد خورم ئابادى، جێگرى داواکارى گشتى ئێران بۆ کاروبارى چاودێرى دادگاکان پۆلیسى راسپاردەوە بۆ ئەوەی بە توندترین شێوە سزاى ئەو کەسانە بدەن کە بێ سەرپۆش وگونجاوبونی جلەوبەرگەکانیان لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەون. ئەو بەرپرسەی ئێران وتویەتی؛ بە پێی یاساکانی ئەو وڵاتە لادانى سەرپۆش تاوانى ئاشکرایە و لە حاڵەتى رودانیشیدا بەپێى یاساى ئەو وڵاتە دەستگیر دەکرێن و بە توندى مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بە پێی یاساکانی سەرپۆش لە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر کەسێک لە لایەن پۆلیسەوە بەو تۆمەتە دەستگیر بکرێت سزای مادیی و زیندان و دورخستنەوە دەیگرێتەوە و هاندانیشی بۆ لابردنی سەرپۆشی کەسانی دیکە سزاکانی قورستر دەبێت و لە کاری حکومیی دور دەخرێتەوە. بڕیارەکەی داواکاری گشتیی ئێران لە کاتێکدایە پێشتر ژینا ئەمینی بەهۆی مامەڵەی توندی پۆلیس بە بیانوی سەرپۆش و نەگونجابونی گیانی لەدەستدا و ئەوەش گەورەترین ناڕەزایەتیی میژوی ئەو وڵاتەی لێکەوتوەتەوە.
هاوڵاتی لە نووسینگە تایبەتەکەی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کۆمەڵێک "بەڵگەنامەی نهێنی"ی دەوڵەت دۆزرانەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو کاتەی کە جۆ بایدن جێگری سەرۆک بووە. راوێژکارێکی جۆ بایدن بەناوی ریچارد ساوبەر، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە نووسینگەکەی پێشووی جۆ بایدن-دا "ژمارەیەکی کەم بەڵگەنامەی نهێنی" هەن کە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٧ کاتێک جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە. ریچارد ساوبەر باسی لەوەش کرد کە بەڵگەنامەکان لە دووی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا و لە دۆڵابێکی کلیلدراودا دۆزراونەتەوە و راستەوخۆ دوای دۆزینەوەی بەڵگەنامەکانیش، پەیوەندی بە پارێزەرە تایبەتەکانی جۆ بایدن، کۆشکی سپی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەرشیڤی نیشتمانیی دەوڵەت کردووە و بەرپرسانی کۆشکی سپی دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو بەڵگانە کردووە. - پێشتر جۆ بایدن، دۆناڵد ترەمپ-ی بە هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی تۆمەتبار کردبوو لە لایەکی دیکەشەوە سەرکردەکانی پارتی کۆماریی کاردانەوەیان لەهەمبەر دۆزینەوەی بەڵگەنامەی نهێنی لە نووسینگەکەی جۆ بایدن نیشان دا لە کاتێکدا پێشتر جۆ بایدن رەخنەی لە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ گرتبوو کە لە خانووەکەی فلۆریدایدا بەڵگەنامەی نهێنی دۆزرابووەوە. جێگەیباسە،کاتێک لە هەشتی ئابدا، کارمەندانی "'FBI" لە ماڵەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نهێنییان دۆزییەوە، جۆ بایدن رەخنەی لە ترەمپ گرت و رایگەیاند: "چۆن دەکرێت کەسێک بەو ئەندازەیە لە ئاست بەرپرسیارییەتییەکان خەمسارد بێت".
بانکی نیشتیمانیی سویسرا لە ساڵی رابردودا گەورەترین زیان تۆمار دەکات کە لە یەک سەدە و نیوی ئەو ولاتە هاوشێوەی نەبوە . بە پێی راپۆرتی سەرەتایی ساڵی 2022 کە بانکی نیشتیمانیی وڵاتی سویسرا بڵاوی کردوەتەوە کە لە ساڵی رابردودا بانکەکە 143 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتوە و ئەوەش بە گەورەترین زیانی 155 ساڵی رابردوی وڵاتەکە لەقەڵەم دەدرێت. راپۆرتەکە هۆکاری ئەو زیانە گەورەیەی گەڕاندوەتەوە بۆ دابەزینی بەهای پشکەکان و دابەزینی بەهای دراوی فرانکی سویسری بەرامبەر دراوەکانی دیکەی جیهان. بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەوە، حکومەتی سویسرا خۆی بەدورگرتوە لە وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەک لە بانکی نیشتیمانیی وڵاتەکەی لە کاتێکدا لە ساڵی رابردودا شەش ملیارد و 500 ملیۆن دۆلاری لە بانکەکە وەرگرتبو.
هاوڵاتی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتوەکان دەریخست، چینی پارێزەری ئۆزۆن بە خێرایی چاک ئەبێتەوە،ئەمەش لەماوەی ٤٣ ساڵدا ئەو بۆشاییە گەورەیەی لەسەر ئاستی ناوچەی جەمسەری باشور درووستبووە بەتەواوی چاک دەکاتەوە. ڕاپۆرتەکە ڕۆژی دوو شەممە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی کەشناسی ئەمریکی لە شاری دینڤەر خرایە ڕوو وباسی لێوەکرا، بەپێی ڕاپۆرتەکە بەرەوپێشچوونی چاکبونەوەی ئۆزۆن وردە وردە بەردەوامە، هەروەها تا ساڵی ٢٠٤٠ ئاستی چڕی ئۆزۆن ناگەڕیتەوە ئەو دۆخەی کە پێش ساڵی ١٩٨٠ هەیبوو؛ لەگەڵ ئەوەشدا بۆ چاکبونەوەی چینی ئۆزۆن لەئاستی جەمسەری باکورد کاتێکی زیاتری پێویستە وتاساڵی ٢٠٤٥ دەخاێنێت. هاوکات پۆل نیومان، سەرۆکی هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەکە ودۆخی ئۆزۆن ڕایگەیاند، ئێمە گۆڕانکاریەکان وچاکبونەوەی کونەکانی ئۆزۆن دەبینین، هەروەها چینەکانی وەک ستراتۆسفیر کەدەکەونە سەروو چینی ئۆزۆنەوە ئەوانیش گۆڕانکاریان تێدا دەرکەوتووە. لەبارەی ئەو کونە گەورەیەی چینی ئۆزۆن لەسەر ئاستی جەمسەری باشور، ڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە چاکبونەوەی ئەو کونەی ئۆزۆن تا ساڵی ٢٠٦٦ دەخاینێت. ئەم هەڵسەنگاندنەی دۆخی ئۆزۆن و ئاستی بەرەوپێشچوونی چاکبونەوەکەی هەر چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، ئەم هەڵسەنگاندنەی ئەمساڵ وڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەریخست کە پڕۆسەی چاکبونەوەی ئۆزۆن پێشکەوتنی بەخۆوە دیووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ماوەی ٣٥ ساڵە وڵاتانی جیهان ڕێکەوتنیکیان ئەنجامداوە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەهێنان وکردنە دەرەوەی گازە ژەهراویەکان بۆناو چینی بەرگەهەوا. چینی ئۆزۆن بەرزیەکەی لە ناو بەرگەهەوادا ٣٠کیلۆمەترە، ئەو چینەی بەرگەهەوا زەوی لەتیشکە زیانبەخشەکان دەپارێزێت، ئەو تیشکانە مەترسی تەندرووستی لەسەر مرۆڤ درووست ئەکەن لەوانەس شێرپەنجەی پێست.