ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز: بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر سوپای ئەمریکا لە عێراق
4 مانگ لەمەوپێش
مەهران رەمەزان
هاوڵاتی، سلێمانی
بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان میلیشیا چەکدارەکانی عێراق هێرشیانکردە سەر سوپای ئەمەریکا لە بنکەی عەین ئەسەد.
ئەمڕۆ چورشەممە، 17ی تەمووزی 2024، دوو سەرچاوەی سەربازی عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کە میلیشیا چەکدارەکانی عێراق بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژكراو بنكەی سەربازی "عەین ئەسەد"ی ئاسمانیان كردووەتە ئامانج، كە میوانداری هێزەكانی ئەمریكا و نێودەوڵەتیەكانی كردووە لە خۆرئاوای وڵات.
سەرچاوەکان ئەوەشیان بۆ ئاژانسەکە خستۆتەڕوو، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هاوكات بەرپرسێكی سەربازی عێراقیش لەم بارەیەوە ئەوەی ئاشکرا کردووە، سیستمی بەرگری ئاسمانی فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی لە نزیكی بنكەكە خستووەتە خوارەوە.
ئەم هێرشەی میلیشیا چەکدارەکانی عێراق لە کاتێکدایە بۆ سەر بنکە عەین ئەسەد، کە چاوەڕەوان دەكرێت لەم رۆژانەدا وەفدێكی سەربازی باڵای عێراق سەردانی واشنتۆن بكات، بۆ درێژەدان بە گفتوگاكان لەبارەی كۆتایهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات.
جێگەی ئاماژەیە، کە ئەوە بەیەكەم هێرش دادەنرێت بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، لە سەرەتای مانگی شوباتی رابردووەوە، كە لەو كاتەوە گروپە چەكدارە شیعەكانی هاوپەیمانی ئێران هێرشەكانیان بۆ سەر سوپای ئەمریكا راگرتووە.