بەهۆی بارانی بەخوڕەوە دەیان کەس لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستدا

2 مانگ لەمەوپێش



مەهران رەمەزان

هاوڵاتی، سلێمانی

بەهۆی گەردەلوول و بارانی بەخوڕ لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان 35 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیش برینداربوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، سدیقوڵڵا قوڕەشی، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن و رۆشنبیری ویلایەتی نەنگەرهار، رایگەیاند، بەهۆی گەردەلوول و بارانی بەخوڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لانیکەم 35 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەروەها ژمارەیەکی زۆر بەو هۆیەوە بریندار بوون.

دەشڵێت، لەنێو مردووان و بریندارەکاندا ژن و منداڵ هەن، هەروەها زریانەکە چەندین موڵک و بەروبوومی ناوچە جیاجیاکانی ویلایەتەکەی لەناوبردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەنێو مردووان پێنج ئەندامی یەک خێزان هەبوون، کە بەهۆی داڕمانی سەربانی ماڵەکەیان لە ناوچەی 'سورخ روود' گیانیان لەدەستداوە، هەروەها چوار ئەندامی دیکەی خێزانەکەش بریندار بوونە.

لەم بارەیەوە، ئەمینوڵڵا شەریف، بەرپرسی نەخۆشخانەی ناوچەیی لە نەنگەرهار باسیلەوەکردووە، 207 کەسی بریندار لە جەلال ئابادی پایتەختی ویلایەتەکە و ناوچەکانی دراوسێیەوە بۆ تیمارکردن گواستراونەتەوە و دەیان کەسیش لە دانیشتووانی ناوچەکە لە نەخۆشخانەکانن بۆ بەخشینی خوێن بە بریندارەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار