هاوڵاتی لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی ئەمڕۆ بە 72 سەرنشینەوە لەسەر رێڕەوی فڕین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پۆخارا لە نیپاڵ بەلایەنی کەمەوە 64 کەس تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە. بەرپرسێکی حکومی نیپاڵ بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ی ڕاگەیاند ، لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پۆخارا لە نیپاڵ بەلایەنی کەمەوە 64 کەس تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە. وتیشی لەو 72 کەسە چواریان تیمی ناو فڕۆکەکە بوون و و 68 سەرنشینی تێدابوو . هاوکات، گوتەبێژی هێلی ئاسمانی ڵێیتی، سودارشان بەرتولا گوتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی نیپاڵ بڵاویکردەوەتەوە، کە ٣٧ کەس لە سەرنشینەکان پیاو بوون و ٢٥ یان ژن بوون و سێ منداڵ و سێ کۆرپەلە لە فڕۆکەکەدا بوون . وتیشی هێزەکانی شارستانی لە گەڕان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ٨ سەرنشینەکەی دیکە بەڵام هیوایان لەدەستداوە کە بە زیندوی بیان دۆزنەوە. هەروەها دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی نیپاڵ ڕایگەیاند کە 53 کەس لە سەرنشینان و هەر چوار کارمەندی ناو فڕۆکەکە نیپاڵی بوو و پانزدە هاوڵاتی بیانیش لە فڕۆکەکەدا هەبوون. لە ناو سەرنشینە بیانییەکان پێنجیان هیندی بوون، چواریان ڕووسی بوون و دووانیان کۆری بوون. ئەوانی تر هاوڵاتی ئوسترالیا، ئەرجەنتین، فەڕەنسا و ئیرلەندا بوون.
ئامارەکانی بانکی ناوەندیی روسیا ئاشکرای دەکەن ئاستی یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتەکە لە کۆتا مانگی ساڵی رابردودا بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. بانکی ناوەندیی روسیا ئەوەی خستوەتەڕو کە لە مانگی 12ی ساڵی رابردودا ئاستی یەدەگی دراوی بیانی بە رێژەی 14.7 ملیارد دۆلار زیادبونی بەخۆیەوە بینیوە و یەدەگی دراوی بیانیی، گەیشتوەتە 581.9 ملیارد دۆلاری ئەمریکی. بانکی ناوەندیی روسیا جەختیش دەکاتەوە؛ لە هەفتەی یەکەمی مانگی یەکەمی ئەمساڵدا یەدەگی دراوی بیانی 4.5 ملیار دۆلار زیادیکردوە. ئەمە لەکاتێکدایە؛ وڵاتانی رۆژئاوا بە چەندین رێکاری جیاواز دەیانەوێت سنورێک بۆ داهات و تواناکانی روسیا دابنێن، لەو چوارچێوەیەشدا نرخیان بەسەر نەوت و غازی روسیادا سەپاندوە. نزیکەی 11 مانگە روسیا لە هێرشەکانی دژی ئۆکرانیا بەردەوامە و ئەوەش زیانی ئابوریی زۆری بۆ ئەو دوو وڵاتە لێکەوتوەتەوە بەڵام بە پێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی روسیا ئەو وڵاتە لە روی ئابورییەوە گەشەی بەوخۆیەوە بینیوە.
هەڵاوسانی ژاپۆن دەگاتە بەررترین ئاستی زیاتر لە 40 ساڵ رابردو و داهاتی زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەکەش کەم دەبێتەوە. بانکی ناوەندیی ژاپۆن ئاشکرای دەکات هەڵاوسانی ئابوریی وڵاتەکەی لە ساڵی 2021ەوە روی لەبەرزبونەوە کردوە و لە 3.7٪ بۆ 4٪ بەرز بوەتەوە و ئەوەش زیاترین هەڵاوسانی 41 ساڵی رابردوە. بانکەکە ئاماژەی بەوە کردوە کە پێشبینی دەکرێت هەڵاوسانی ئابوریی ژاپۆن بەرزبونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ لە کۆتایی ئەمساڵدا بگاتە 10٪. بانکی ناوەندیی ژاپۆن رونی کردوەتەوە ئاستی توانای کڕینی دانیشتوانی وڵاتەکە مانگانە 0.2٪ کەم بوەتەوە و هاوکات ئاستی هەناردە و هاوردەش کەمی کردوە و هەمو ئەمانەش وای کردوە گەشەی ئابوریی بەرزبونەوە بەخۆیەوە نەبینی. لە راپرسییەکی ئابوریدا 63٪ی بەشداربوانی خەڵکی ژاپۆن رایانگەیاندوە؛ لە سالی 2021ەوە داهات و سامانی ئابورییان کەمی کردوە و تەنها 3.7٪ لە دانیشتوانی وڵاتەکە وتویانە داهاتیان بەرز بوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی ژاپۆن تایمز بڵاوی کردوەتە؛ ئەگەرچی وڵاتەکە توانیویەتی ئاستی گەشەی ئابوریی بۆ دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی 2020ی وڵاتەکە بەرز بکاتەوە بەڵام کێشە ئابورییەکان چارەسەر نەکراون. ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە ساڵانە کەمترین رێژەی هەڵاوسانی ئابوریی هەیە و لە ساڵی 1982 تا ئێستا یەکەمجارە هەڵاوسانی 4٪ی تۆمار دەکات.
هاوڵاتی نیوزلەندا بەهۆی قەدەغەکردنی سیستەمی قەفەزی ستونی ناوبراو بە " قەفەزی باتری" کە قەفەزێکی بچوک وستونیە بۆ بەخێوکردنی مریشک، ڕووبەڕووی قەیرانی هێلکە بۆتەوە لەسەرانسەری وڵاتدا و ناتوانێ پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە. بەهۆی جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە، فرۆشتنی هێلکە لە مارکێتەکاندا ڕێژەکەی سنوردارکراوە و لەزۆربەی فرۆشگاکاندا هێلکە نەماوە، هاوکات درووستکردنی شیرینیە تایبەتەکانی نیوزلەنداش تێچووەکانیان بەرزبۆتەوە لەوانەش شیرینی بەناوبانگی پاڤلۆڤا، هەروەها نرخی جوملەی هێلکە دووقات بەرزبۆتەوە. مایکڵ بووکس، بەڕێوبەری جێبەجێکاری فیدراسیۆنی بەرهەمهێنانی هێڵکە لە نیوزلەندا دەڵێت، لە ئیستادا بەپێی خواستی بازاڕ هێلکە لەبازاڕەکاندا نیە، هەروەها ئاماژە بەوە دەدات بۆ بەرهەمهێنانی هێلکەی پێیوست پێویستمان بە ٣.٩ ملیار مریشکی هێلکەکەر هەیە، بەڵام لە ئێستادا تەنها ٣.٥ ملیار مریشکی هێلکەکەرمان هەیە. هاوکات بەهۆی قەیرانەکەوە بەشێک لە دوکانی شیرینیەکان پەنایان بردۆتە بەر ڕاوکردن بۆ ئەوەی بتوانن هێلکەی پێویست بۆ درووستکردنی شیرینیەکانیان پەیدا بکەن، بەشێکیشیان دەستیانکردووە بە کڕینی مریشکی خۆماڵی، بەهۆی بڕیارەکەوە خواست لەسەر کڕینی مریشکی هێلکەکەر لەڕیگەی ئۆنلاینەوە زیادی کردووە و نرخەکەشی چەند هێندە بەرزبۆتەوە. قەیرانی هێلکە بەجۆرێک کاریگەری خستۆتە سەر بازاڕ کە پێش بڕیارەکەی حکومەت بۆ قەدەغەکردنی بەخێوکردنی مریشک لەو سیستەمە ستونیە بچوکەدا، نرخی مریشکی هێلکەکەر ١٨ دۆلاری نیوزلەندی بووە بەڵام لە ئێستادا نرخەکەی بۆ ٨٠ دۆلاری نیوزلەندی زیادی کردووە. سیستەمی قەفەزی باتری، سیستەمێکی بچوک و بەناویەکداچووە کە مریشکەکان تێیدا دائەنرێن بەمەبەستی بەرهەمهێنانی هێلکە وبەرهەمی زیاتر، قەبارەکەی تەنها بەهێندەی پەڕەیەکی " ئەی فۆڕ " دەبێت و ئەمەش بە تاوان و پێشێلکردن وزیانگەیاندن بە مریشکەکان حساب دەکرێت. حوکمەتی نیوزلەندا لەم مانگەدا بڕیارەکەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ بڕیارەکەی دەرکردبوو و قۆناغ بە قۆناغ بڕیارەکەی جێبەجێ دەکرد، هاوکات جگە لە نیوزلەندا وڵاتانی ئیسرائیل، مەکسیک، کەنەدا، بەریتانیا ئەو سیستەمەیان قەدەغەکردووە بۆ گەشەکردنی مریشک.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی تەندروستی نیشتیمانی چین ڕایگەیاند، تەنها لەماوەی مانگی ڕابردوودا نزیکەی شەش هەزار کەس بە کۆرۆنا و حاڵەتەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە، هەروەها وتیشی ئەمانە تەنها ئاماری ئەوکەسانەن کە لەنەخۆشخانە تۆمارکراون، واتە دەکرێت ژمارەکە زۆرتربێت ئەگەر ئەوکەسانەش تۆماربکرێن کە لە ماڵەوە گیانیان لەدەست داوە. بەپێی ڕاگەێندراوی کۆمسیۆنی تەندروستی، ٥ هەزار وپێنج سەد وسێ کەس بەهۆی سستی و لەکارکەوتنی سیەکانیانەوە گیانیان لەدەست داوە، نزیکەی ٥ هەزار و چوارسەد نەخۆشیش بەهۆی حاڵەتەکانی دیکەی پەیوەست بەکۆرۆنا کە نەخۆشەکان لەگەڵیا نەخۆشی دیکەیان هەبووە گیانیان لەدەست داوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەماوەی مانگی کانوونی دووەمەوە کە چین ڕێکارە توندەکانی پەیوەست بە کۆرۆنای هەڵگرت لەناو وڵاتەکە، هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی بەرزبونەوەی حاڵەتاکانی کۆرۆنا ڕانەگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ڕیکخراوی تەندرووستی جیهانی و وڵاتانی دیکەی جیهان داوای زانیاری وئامارەکانی تووشبوونیان لە چین دەکرد. لەبارەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا بەو ڕێژەیە، جیاو یاهوی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەندروستی نیشتمانی ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەکان پێدەچیت ئەمە کۆتاین ڕێژەی بەرزبوونەوەی کۆرۆنا بێت لە چین، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە ٢٣ی مانگی کانوونی دووەمدا لە لوتکەدا بووە و ڕۆژانە نزیکەی ٢ ملیۆن ونیو کەس تووشی ڤایرۆسەکە بووە، لەکاتێکدا لەڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بەڕیژەی ٪٨٥ ژمارەی تووشبوان دابەزیوە وتەنها ٤٧٧ حاڵەت تۆمارکراوە. بەرزبونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا ومردن بە کۆرۆنا لەکاتێکدایە کە لە دوای لابردنی ڕێکارە توندەکانی کەرەنتینە وکردنەوەی سنورەکانی چینەوە، چەندین وڵات ڕێکاری تەندروستی توندیان لەبەرامبەر گەشتیارە چینیەکان گرتەبەر بەهۆی بەرزبونەوەی تووشبوانی کۆرۆنا لەچین؛ ئەوەش کاردانەوەی چینی لێکەوتەوە وبەدوایدا پێدانی ڤیزەی بەچەند وڵاتێک بۆماوەیەکی نادیار ڕاگرت.
هیوا خدر، ئەندامی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا لەم بارەوە ڕایگەیاندوە، 12ی ئهم مانگه، لەناوچەی چەشمێ سەر بەشاری ئیزمیر 56 كۆچبهر لەسەر بەلەمێکی چارۆکەداردا دەستگیرکران، کە بەنیازبون بەرەو ئیتاڵیا بڕۆن لەناو كۆچبهرهكانیشدا هاوڵاتیەکی تورکی دەستگیرکرا كه بۆ مەبەستی داواکردنی مافی پەنابەرێتی لەگەڵ كۆچبهرهكان ڕۆیشتبوو. لەناوچەی چەشمێ سەر بەشاری ئیزمیر 26 كۆچبهری دیكه دهستگیركران ئاماژهی بهوهشكردوه، ههر لەناوچەی چەشمێ سەر بەشاری ئیزمیر 26 كۆچبهری دیكه دهستگیركران، کە بەنیازبون بە بەلەمی چوپ بپەڕنەوە بۆ یۆنان، هاوكات 40 كۆچبهری دیكه رزگاركران كه لەلایەن یۆنانەوە دیپۆرتکرابونەوە. لەناوچەی مەندەریس 27 كۆچبهر لەسەر بەلەمێکی چوپدا ڕزگارکران کە لەلایەن یۆنانەوە دیپۆرتکرابونەوە. ئەو وتی ،له 11ی ئهم مانگهدا، لەناوچەی مەندەریس 27 كۆچبهر لەسەر بەلەمێکی چوپدا ڕزگارکران کە لەلایەن یۆنانەوە دیپۆرتکرابونەوە، ههروهها لە ناوچەکانی سەفیری هیسارو چەشمێ 59 كۆچبهر رزگارکران کە لەلایەن یۆنانەوە نێدراونەتەوە. لهماوهی رۆژی 9 تاوهكو 12ی ئهم مانگه 98 كۆچبهر له لەناوچەی ئایڤاچەک سەر بەشاری چەنەکاڵێ رزگاركران كهلهلایهن هێزهكانی یۆنانهوه ڕوانەی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 14ی1ی 2023، لە ئۆپەراسیۆنێکی تیمەکانی فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای کیلیس، لە دیوی باکووری کوردستان کەسێكی سووری کەپێشتر لە شاری ئەستەڵبوڵ دەژیاو تەمەنی 22ساڵه دەستگیرکرا کە هەوڵیدا بوو ڕابکات بەڕێگەی قاچاخ. دەستگیرکراوەکە، . ناوی "ع. هـ"ـە و لەڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی2022 تەقەی له خوشکەکەی بەناوی (خەدیجە) کردوه لە گەڕەکی چیفتلیغی لەئەستەمبوڵ کەمناڵێکی له باوەش دابووه لەشەقامی ئۆردو ڕۆیشتوە . پاش ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنێکی فەرماندەیی جەندرمەی کیلیس دەستگیرکرا، رەوانەی دادگا کرا و بە بڕیاری دادگا خرایە زیندانەوە. خەدیجە خاوەنی سێ مناڵە ، گولـلەیەک بەر سەری کەوت و بە سەختی برینداربوو. دوای ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. تەقەکەرەکە لە شوێنی رووداوەکە ڕایکردبوو.
جارێکی دیکە بەهای دراوی ئەلیکترۆنیی بیتکۆین روی لە بەرزبونەوە کرد و بەهاکەی بەرێژەی 5% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی. جیاواز لە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە بەهای بیتکۆین روی لە بەرزبونەوە کرد و بەرزترین ئاستی لەماوەی زیاتر لە دو مانگی رابردودا تۆمارکرد بەهای هەر بیتکۆینێک دەگاتە تا کاتژمێر (16:50) بە کاتی هەرێمی کوردستان گەیشتە زیاتر لە 20 هەزار و 889 دۆلاری ئەمریکی. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە سەرەتای مانگی 11ی ساڵی رابردوەوە بەهای بیتکۆین دابەزینێکی کەموێنەی بەخۆیەوە بینی و بەوهۆیەشەوە پلاتفۆڕمی (ئێف تی ئێکس) مایەپوچبونی خۆی راگەیاند. بەرزبونەوەی بەهای بیتکۆین هاوکاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی پێنوێنی پشکی کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا لە بۆرسەکانی جیهاندا.
هاوڵاتی سهرۆك وهزیرانی بریتانیا رایگهیاند، سهركۆنهی لەسێدارەدانی "بێبەزەییانە و ترسنۆکانە"ی عەلی رەزا ئەکبەری هاوڵاتی بریتانی-ئێرانی دەکات، کە بەیانی ئەمڕۆ بەتۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ بریتانیا" لەسێدارەدرا. ڕیشی سوناک، سهرۆك وهزیرانی بەریتانیا له تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی تویتهر نوسیویهتی، "من بە لەسێدارەدانی عەلی رەزا ئەکبەری هاوڵاتی بریتانی- ئێرانی لە ئێران توشی شۆک بوم". ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئەمە کارێکی بێبەزەییانە و ترسنۆکانە بو لەلایەن ڕژێمێکی بەربەرییەوە ئەنجامدرا، کە هیچ رێزێک بۆ مافی مرۆڤ و گەلەکەی نیه، بیرکردنەوەکانم لەگەڵ هاوڕێ و خێزانی عەلی رەزادایە". ئەمەشدوای ئەوەهات بەیانی ئەمڕۆ ئێران عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشووتری بەرگریی وڵاتەکەی کە خاوەن وڵاتینامەی بەریتانی و ئێرانی بوو، بە "تاوانی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا" لە سێدارەدا.
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات واشنتۆن مەرجی بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16ی بە تورکیا راگەیاندوە. رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاوی کردوەتەوە؛ ئەمریکا بە تورکیای راگەیاندوە ئەو وڵاتە نابێت ئاستەنگ بۆ وڵاتانی سوید و فینلەندا دروست بکات بۆ ئەندامبونیان لە وڵاتانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ). بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئەمریکا جەختی لەوە کردوەتەوە لە ئەگەری نەمانی ئاستەنگ و دژایەتییەکانی تورکیا بۆ ئەندامێتیی دو وڵاتەی ئەوروپا لە ناتۆ، فڕۆکەی نەوەی نوێی ئێف 16 رادەستی تورکیا دەکرێت. تورکیا لە ساڵی 2021 داوای 40 فرۆکەی جەنگیی جۆری پێشکەوتوی ئێف 16ی لە ئەمریکا کردبو کە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی واشنتۆن لەسەر فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە بە ئەنقەرە رانەگەیەنراوە. تورکیا بۆ دەربڕینی رەزامەندیی بۆ ئەندامبونی سوید و فینلاند لە ناتۆ داوای لەو دو وڵاتە کردوە ژمارەیەک نەیاری وڵاتەکەی رادەست بکەنەوە و بە پێچەوانەوە ئەنقەرە رزای نابێت ئەو دو وڵاتە ببنە ئەندامی ناتۆ. پێشتر فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرک کۆماری تورکیا وتبوی، وڵاتەکەی ناتوانێت گڵۆپی سەوز بۆ ئەندامێتی سوید لە ناتۆ هەڵبکات لە کاتێکدا ستۆکهۆڵم رێگە بە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)و لایەنگرانی دەدات بەبیانوی دیموکراتی لەسەر خاکەکەی چالاکی جۆراوجۆر لە دژی تورکیا ئەنجام بدەن. ئەو وتبوی سوید پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبوە کە لە رێکەوتنی سێ قۆڵیدا داویەتی، هەربۆیە بە ئەندامبونی سوید لە ناتۆ جگە لە خەون هیچی دیکە نابێت و ئەنقەڕە چاوەڕوانیی لە سوید و فینلەندا ئەوەیە پابەندی ناوەڕۆکی ئەو بەڵێننامە سێقۆڵییە ببن کە لەگەڵ وڵاتەکەیدا لەسەری رێککەوتون.
ئەمڕۆ هەینی، 13ی1ی 2023، ئاژانسی پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا - فرۆنتێکس رایگەیاند، لە ساڵی 2022دا لانیکەم 330 هەزار کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی چوونە نێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپاوە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەداوە "ئەمە دووەم ساڵە لەسەریەک ژمارەیەکی بەرزی هاتنی نایاسایی کۆچبەران تۆمار بکرێت"؛ دەشڵێت، سووریاییەکان، ئەفغانستانییەکان و توونسییەکان 47٪ـی کۆی کۆچبەرانی ساڵی 2022 پێکدەهێنن کە چوونەتە نێو 27 وڵاتەکەوە. دەربارەی ڕێژەی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕویان لە ئەورووپا کردوە،فرۆنتێکس دەڵێت، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە سووریاوە بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ئەوروپا بۆ ساڵی 2022 گەیشتووەتە 94 هەزار کەس. بەگوێرەی ئاژانسەکە، 45٪ـی کۆچبەران رێگەی رۆژئاوای وڵاتانی بەڵتیکیان گرتووەتەبەر کە بە پلەی یەکەم دێت. فرۆنتێکس باسی ئەوەشی کردوه کە ژنان کەمتر لە یەک لەسەر دەی کۆچبەران پێکدەهێنن و منداڵانیش 9٪ـی کۆی
هاوڵاتی لە کاتێکدا بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە ویلایەتی کالیفۆرنیا رۆژئاوای وڵاتەکە بەردەوامە، لە ئەلاباما و ویلایەتەکانی باشووری ئەو وڵاتە، زریان بووەتە هۆی دروست بوونی زەرەر و زیانی گەورەو پارێزگاری ویلایەتی ئەلاباما لە ئەمریکا، کای ئایڤی ئاشکرای کرد کە بەهۆی ئەو زریانەی باشووری رۆژهەڵاتی ئەمریکای گرتووەتەوە، لانیکەم شەش کەس لەو ویلایەتەدا گیانیان لەدەستداوە. پارێزگاری ویلایەتی ئەلاباما، کای ئایڤی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر راگەیەندراوێكی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی: "بەداخەوەم بۆ گیانلەدەستدانی شەش هاووڵاتیی لە ئەلاباما لەو زریانەی کە ویلایەتەکەمانیان گرتووەتەوە". ئایڤی هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕیوە و باسی لەوەش کردووە کە ئاشنای رەوشی کەشوهەوای ویلایەتەکەن و بەسەر ئەم دۆخەدا زاڵ دەبن. پارێزگاری ویلایەتی ئەلاباما دۆخی لەناکاوی لە ژمارەیەک ئەو ناوچانە راگەیاند کە دەکەونە ژێر زۆرترین کاریگەری زریانەکانەوە. بارانی بەخۆڕ و بای بەهێز زیانی زۆریان بە خانووی ویلایەتەکانی جۆرجیا، میسیسیپی و ئەلاباما گەیاندووە و بوونەتە هۆی ئەوەی کە دەیان هەزار کەس بێ کارەبابن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە لە ئەنجامی هەڵوێستەکانی بەریتانیا و دژایەتیەکانی لەندەن دژی ڕووسیا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ٣٦ بەرپرسی کابینەکەی، هەروەها چەندین ڕۆژنامەنوسی بەریتانیاش دەخاتە لیستی ڕەشەوە. وزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، ئاماژەی بەوەکردووە بەریتانیا لەگەڵ واشنتن بەردەوامن لە هەڵوێستەکانیان دژ بەڕووسیا وپەرەدان بە " ڕوسۆفۆبیا"، هەربۆیە چەندین وەزیری سەر بەکابینەی ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا خراونەتە لیستی ڕەشی ڕوسیاوە، کە لەناویاندا ژمارەیەک ڕۆژنامەوان و بەرپرسی جێبەجێکردنی یاسا وئەمنیشیان تێدایە. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، بانگەشەکان وگوتارەکانی بەریتانیا وئەمریکای بە پڕوپاگەندە لە قەڵەم داوە وڕایەگەیاندووە بەریتانیا دژایەتی خەڵکی ڕووسیا و نەتەوەکەی دەکات، هەروەها ڕۆژئاوا ناتوانێ لە حوکمەتی نازی ئۆکرانیا تێبگات. هەروەها لەمیانەی بەیاننەماکەدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا رایگەیاندووە کە هەڵوێستەکانی بەریتانیا کە دژ بە ڕووسیا ونەتەوەکەی گرتویەتیە بەر بەبێ وەڵآم نامێننەوە،وتیشی بەریتانیا بەبێ هیچ هۆکار وبیانویەک هەموو گفتوگۆیەکی بنیادنەر لەگەڵ ڕووسیا رەت ئەکاتەوە. ئەم سزایانەی ڕووسیا بۆ سەر بەریتانیا لەکتێکدایە کە سەرەتای دەستپێکی جەنگی داگیرکاری ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا وئەمریکا چەندین سزای سەختیان بەسەر ڕوسیا وبەرپرسە سیاسی و سەربازیەکانی ڕووسیادا سەپاندووە، هاوکات هەموو جۆرە هاوکاری و پاڵپشتیەکیان بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە لە جەنگی دژ بە ڕووسیا، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن بەریتانیاوە چەندین بازرگان وسیاسەتمەدار خراونەتە لیستی سزاکانی بەریتانیاوە کە لەناویاندا یاریدەدەری پوتین و هاوسەری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەیە.