هەپەگە ناسنامەی سێ شەهیدی ڕاگەیاند

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی تەمووزی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی سێ شەهیدی ڕاگەیاند، کە لە 30ی حوزەیرانی 2024 شەهیدبوون و دەشڵێت، "وەک هەڤاڵانیان بەڵێن دەدەین، کە ئەو تێکۆشانەی ئەوان ڕادەستی ئێمەیان کردووە بگەیەنینە سەرکەوتن و وەڵامێکی بەهێز بدەینەوە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی قڕکەر-کۆلۆنیالیست و هێڵی خیانەت".

هەپەگە دەڵێت، لە 4ی تەمووزی 2024 بە ڕاگەیاندراوێک زانیاریی ئەوەمان بڵاوکردەوە، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر گۆڕەپانی سەری مەتینا سێ هەڤاڵمان شەهیدبوون، لە ئەنجامی هێرشەکانی دوژمندا هەڤاڵانمان نەوال مێردین، ژیان ڕێدور و دژوار کەلەش شەهیدبوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، هەڤاڵانمان نەوال، دژوار و ژیان کە دڵیان بە ئاواتی کوردستانی ئازادەوە لێیدەدا و بێ دوودڵی تێکۆشان، بوونە دوایین نوێنەرانی گەنجانی کوردی شکۆمەند و هۆشیاری ئازاد، لە هەموو ساتەکانی ژیانیاندا بەبێ ئەوە ڕێگە بە داگیرکەری و خیانەت بدەن، بە تەواوەتی خۆیان لەپێناو ئازادیی گەلەکەماندا بەخت کرد و بۆ تێکۆشانی ئازادیی سڵیان لە هیچ قوربانیدانێک نەکردەوە.

هێزەکانی پاراستنی گەل لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، بێگومان ئەوان دەبنە بەردی بناغەی کوردستانی ئازاد و سەرکەوتوو، بە شەهیدبوونی خۆیان بوونە هێمای تێکۆشان بۆ هەموو هەڤاڵانمان و گەلەکەمان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، وەک هەڤاڵانیان بەڵێن دەدەین، کە ئەو تێکۆشانەی ئەوان ڕادەستی ئێمەیان کردووە بگەیەنینە سەرکەوتن و وەڵامێکی بەهێز بدەینەوە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی قڕکەر-کۆلۆنیالیست و هێڵی خیانەت، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بە تایبەتی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شکۆمەندی هەڤاڵانمان نەوال، دژوار و ژیان و سەرجەم گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین.

هەپەگە ناسمانەی ئەو شەهیدانەی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:

ناسناو: دژوار کەلەش

ناو و پاشناو: سەردار دوشەرگە

شوێنی لەدایکبوون: ئامەد ناوی

دایک- باوک: بەحریە- فەخری

کات و شوێنی شەهیدبوون: 30ی حوزەیرانی 2024 مەتینا

ناسناو: ژیان ڕێدوور

ناو و پاشناو: دارشین موسا

شوێنی لەدایکبوون: شام

ناوی دایک- باوک: فاتمە- محەمەد عەلی

کات و شوێنی شەهیدبوون: 30ی حوزەیرانی 2024 مەتینا

ناسناو: نەوال مێردین

ناو و پاشناو: نوودەم کورت

شوێنی لەدایکبوون: ئیزمیر

ناوی دایک- باوک: فەیروز-شاکر

کات و شوێنی شەهیدبوون: 30ی حوزەیرانی 2024 مەتینا

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار